داکۆکیکردن لە تیرۆریست پاکانەکردنە بۆ تیرۆر
2020-03-29 12:13:56
د. رەفیق سابیر
دەوڵەتی نەرویج دوای ساڵانێک زیندانیکردنی تیرۆریستی ئیسلامی مەلا کریكار، بڕیاری دا ئەو رادەستی دەوڵەتی ئیتالیا بکات، تا لەوێش، بە تومەتی تیرۆر، دادگایی بکرێت.
مەلا کرێکار پێشتر لە کوردستان بەرپرسی رێکخراوی تیرۆریستیی جوندولئیسلام و ئەنسارولئیسلام بوو. خەڵکی کوردستان، هێشتا تاوانی دڕندانە و کەموێنەی ئەو رێکخراوانە و مەلا کرێکاریان، لەبیرە. ئەوان، بە فەتوای مەلای تیرۆر، دەیان پێشمەرگە و کەسانی تریان، شەهید کرد و تەنانەت بە زیندوویی سەری چەندانیان، لە گوندی خێڵی حەمە) پەڕاند و ویستیان کولتووری سەربرین لە کوردستاندا بڵاو بکەنەوە. لە بەرامبەر ئەم بڕیارەی دەوڵەتی نەرویج، سەرکردەی هەر سێ حیزبی ئیسلامی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و بزوتنەوە، بە بێ لەبەرچاوگرتنی تاوانی ئەو گەورە تیرۆریستە، بە بێ حیسابکردن بۆ هیچ بەهایەکی سیاسی، ئەخلاقی، ئینسانی و نیشتمانی، شین و شەپۆر بۆ مەلای تیرۆر دەکەن و بریاری ناردنی مەلا کرێکار بۆ دادگاییکردن لە ئیتاڵیا، مەحکوم دەکەن. ئەوان هەموو جیاوازی و ناکۆکیی نێوانیان فەرامۆش کردووە و پێکەوە، وەک هاوڕێ و هاوباوەڕ، چوونەتە پاڵ مەلا کرێکار. ئەم هەڵوێستە پڕشورەییەی سەرکردەی کۆمپانیا ئیسلامییە سیاسییەکانی کوردستان، دەیسەلمێنێت کە ئەو تیرۆ و تاوان و کوشتارەی کرێکار ئەنجامی داوە، لای ئەوان کارێکی رەوای ئاینییە، یان لەوانەیە لە رێگای خوادا و رەنگە لەجیاتی هەموو مسوڵمانان کرا بێت، بۆیە چاو لەم تاوانە گەورانە دەپۆشنن. هەروا، ئەم هەڵوێستە، کە سوکایەتییە بە ژیان و خوێنی قوربانیانی تیرۆری ئیسلامی، دەری دەخات کە ناوەرۆکی ئایدیۆلۆجییە سیاسییە ئاینییەکەیان (کە غەزا و سەپاندنی شەریعەت وکوشتن، یان کۆیلەکردنی غەیرەمسوڵمانە) هاوشێوەی یەکن. چونکە ناوەرۆکی ئایدیۆلۆجیای ئیسلامی سیاسی، وەک هەموو ئایدۆلۆجییە نادیموکرات و دیکتاتۆرییەکان، لەوە پێک هاتووە، کە هیچ دیاردەیەکی لەخۆی جیاواز، قبووڵ ناکات. لەمەش ترسناکتر، بە پشتبەستن بە سورەتی ئەنفال و ئەلتەوبە و چەندان تێکستی تری ئیسلامی، ماف بە خۆی دەدات دەست بەسەر ماڵی غەیرە مسوڵمان و (کافران)دا بگرێت، ژن و کچ و منداڵیان، وەک دەستکەوت و غەنیمەت، بە حەڵاڵ بزانێ و وەک کۆیلەی سێکس بەکاریان بهێنێت و وەک کاڵایەکیش بیان فرۆشێت.
لێرەوە دەکرێ لەوە بگەین کە بۆچی هێزە ئیسلامییەکان و سەدان مەلای دەنگگەورە، لە بەرامبەر تاوانەکانی مەلا کرێکار و هاورێیانی دەنگیان گیرابوو! بۆچی و بە پێی کام شەرع و باوەڕ و ئاین پاکانەیان بۆ کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان و فرۆشتن کۆیلەکردنی ژن و کچ و کوڕی ئێزیدی دەکرد، ئەوانیان بە کافر ناو دەبرد. دواجار لاموایە کاتی ئەوە هاتووە کە لە ئایدیۆلۆجیستانی غەنیمەت و کۆیلەکردنی غەیرە مسوڵمان بپرسین:
ئایا لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هیچ فەلسەفە، ئاین، ئایدیۆلۆجیا، کولتوور و ئەخلاقێک بووە و هەیە، کە رێگە بدات، کەسی لەخۆت جیاواز بە کوشتن و سەربڕین واز لێ نەهێنیت، بەڵکو ژن و منداڵەکانیشی زەوت بکەیت و وک کۆیلە بیانفرۆشیت؟! ئەمەش جیاوازییەکی گرنگی نێوان ئایدیۆلۆجیای سیاسیی ئیسلامی و هەموو ئایدۆلۆجییە فاشیست و ناسیۆنالیست و سێکولارە دیکتاتۆرییەکانە.
ئەم شیوەنەی، هەرسێ مەلای سیاسی (کە بە شیوەنی مەلاکرێکار ناوی دەبەم) دەیگێڕن، بۆ من ئەوە دەسەلمێنێ، ئیسلامی سیاسی، هەر ناو و رەنگێکی هەبێت، ماسکدار بێت، یان بێماسک و چەندیش پێک ناکۆک بن، ئەوان، ئەندامی یەک جەستەن، هەر یەکێکیان ئازاری پێ بگات، ئەوی تریان ژان دەکات و هاواری لێ هەڵدەاستێ.
دەکرێت ئەم شێوەنەی، هەرسێک بەرپرسانی ئیسلامی سیاسی، لە کوردستان، وەک ئەم ژان و هاوارە ببینین.
٢٨-٣-٢٠٢٠