هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته له هه‌رێم ده‌كرێت؟
2020-06-25 21:36:52
هاوار محەمەد*
له دونیای پێشكه‌وتودا یه‌كێك له بنه‌ما گرنگه‌كانی دیموكراسی ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پاك و بێگه‌رده، به تایبه‌تیش ئه‌و وڵاتانه‌ی كه خه‌رمانی دیموكراسیان پڕ ئه‌زمونه، و ئالیه‌تی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات به ڕێگای ئاشتی به‌ڕێوه ده‌به‌ن، له كاتی بونی هه‌ركێشه‌و گرفتێكدا ببێته ئاسته‌نگ له به‌رده‌م به‌ڕێوه‌چونی كاروباری ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك، كه له ئه‌نجامی گرفتی سیاسی یان ئابوری و په‌ككه‌وتنی حكومه‌ت دێته ئاراوه، په نا ده‌برێته به‌ر بژارده‌ی هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته.
هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته چیه؟
هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته بریتیه له پڕۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن كه به‌ر له واده‌ی دیاریكراوی سروشتی و یاسایی خۆی به‌ڕێوه ده‌چێت، به هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان به پێ ی ڕێكاره یاسایی و ده‌ستوریه‌كان له پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسی یان ئابوریه‌كان كه له ئه‌نجامدا حكومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌گه‌ن به بنبه‌ست .
كه‌واتا به پێ ی ئه‌م پێناسه‌یه له كاتی په‌نا بردن بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته پێویسته سه‌ره‌تا په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه .
ڕێكاره یاسایه‌كانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان
بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌م بژاردانه‌ی لای خواره‌وه هه‌یه :
به پێ ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره (1) ساڵی 2005 ی هه‌مواركراو، ماده‌ی (10) بڕگه‌ی چواره‌م له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه:
1- ئه‌گه‌ر پتر له نیوه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ده‌ستیان له كار كێشایه‌وه.
2- ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی (45) ڕۆژدا له بانگهێشت كردنی بۆ كۆبونه‌وه‌ی خولی هه‌ڵبژاردن، ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامان به ده‌ست نه‌هات.
3- ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان متمانه‌ی به ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ، له سێ پێكهاته‌ی وه‌زاری جیاوازی یه‌ك به دوای یه‌كدا نه‌دا.
4- ئه‌گه‌ر سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان گۆڕاو، خولی هه‌ڵبژاردنیش شه‌ش مانگ یان كه‌متری مابو.
جگه له‌م ڕێكاره یاساییانه‌ی كه ئاماژه‌مان پێكرد بۆ به‌ڕێوه‌چونی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته چه‌ند بنه‌مایه‌كی گرنگ هه‌یه گه‌ره‌كه ڕه‌چاو بكرێت له‌وانه:
ا- بڕیاری ده‌سته جه‌معی لایه‌نه سیاسیه كان .
ب- زه‌مینه سازی دارایی .
ج- زه‌مینه‌سازی كۆمه‌ڵایه‌تی جێگیربوونی بارودۆخی ته‌ندروستی گشتی
د- زه‌مینه سازیه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن .
ئه‌گه‌ر له ڕووی تێڕامانێك بۆ ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه بكه‌ین له هیچ ڕوێكه‌وه ئاماده‌سازی نیه به تایبه‌ت له كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان و عیڕاق و ناوچه‌كه‌و جیهان به گشتی گیرۆده‌ی په‌تای كۆرۆنایه ته‌نانه‌ت وڵاتێكی زلهێزی وه كو وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا سه‌رقاڵی ئه‌وه‌یه جێگره‌وه‌یه‌ك دابڕێژێ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی داهاتو كه بڕیاره له 3 ی نۆڤه‌مبه‌ری ئه‌م ساڵ به‌ڕێوه بچێت، ئه‌گه‌ر بێت‌و بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه هه‌ر به‌م شێوه‌یه بێت یان زیاتر ته‌شه‌نه بكات.
له ڕوانگه‌ی ئه‌م شیكردنه‌وه‌ی باسمان كرد ده‌گه‌ینه ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ی له ئێستادا بژارده‌ی سازدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته نا واقیعیه‌و ئه‌وانه‌ی داوای ده‌كه‌ن یان دیراسه‌ی ووردیان نه‌كردوه یان له ڕووی سایكۆلۆژیاوه ده‌یانه‌وێت خۆیان له پێگه‌یه‌كی به هێزه‌وه نمایش بكه‌ن كه‌م و كورتی و كێشه‌كانی تری خۆیان به‌مه په‌رده‌پۆش بكه‌ن.
*مامۆستا ی زانكۆ و ئه‌ندامی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی (پ.د.ك) .