نوێ بوونەوەکەی یەکێتی و چەند سەرنجێک!
2020-06-28 07:36:19
كەمال رەئوف
• لەدوای گۆنگرەی یەکێتی کەناوی "نوێ بوونەوە"ی لێنرابوو، دەبوو یەکەم کاری هاوسەرۆکەکانی یەکێتی، رادەستکردنەوەی بینای مەکتەب سیاسییەکەیان بوایە، کە موڵکی وەزارەتی پەروەردەیە، ئاخر ناکرێت ئەو هەموو ساڵە یەکێتی حاکمی یەکەمی ئەم ناوچەیە بێت و بەشی ئەوە زەوی و موڵکی نەبێت کە مەکتەب سیاسییەکەی لە بینایەکی پەروەردەدا بێت و لەناو ئەو بینایەوە گفتوگۆی چاکسازی بکرێت و بەڵینی و نوێ بوونەوە بدرێت.
• کەس نییە نەزانێت کە ساڵانێکی زۆرە غەدر لە سلێمانی ئەکرێت، بۆیە هەق وابوو یەکێتی دوای کۆنگرە هەنگاوی یەکەمی ئەوە بوایە لەئیدارەی سلێمانی کە لەبندەستی خۆیەتی، گۆرانکاری ریشەی بکات و و بەشەفافیەت داهاتی ئەم ناوچەیەی بخستایەتە روو، دەستی لەبازار و زانکۆ تێکەڵ کردنی ئیشی حزب و حکومەت هەڵگرتایە تا جیاوازی خۆی لەگەڵ پارتی لێرەوە نیشانبدایە و ئەوکاتە لامەرکەزیەتی پێشنیار بکردایە، نەک بەشێوازە کلاسیکییەکەی ململانێ کە بەردەوام پارتی تیدا براوە بووە.
• ئێستا لەم دۆخەدا کە ڤیرۆسی کۆرۆنا تەنگی بەخەڵک هەڵچنیوە، سێکتەری تەندروستی بن دەستی قەڵەمرەوی یەکێتی لەپەرێشان خراپترە، سەرباری لەخۆبوردەی کارمەندانی تەندروستی ودکتۆرە بەرێزەکان و کەفائەتی زۆر، کەچی تەندروستی سلێمانی واحاڵیان خراپ بووە، تەنانەت ناتوانن پشکنینی پێویست بۆ بەرکەوتوەکان بکەن، لەبەرامبەردا هاوسەرۆکەکانی یەکێتی هیچ بەرپرسیارێتیەکیان نەخستۆتە سەرشانیان، کەدەکرا لەرێگەی گەرانەوەی بەشێک لەداهاتی سنورەکان و داهاتی کۆمپانیاکانیان، دۆخەکەیان بگۆریایەو بەدەستپێشخەری یەکێتی کە ساڵانێکی زۆرە پشکی گەورەی کۆنترۆڵکردنی ئەو داهاتەی لەلایە، بەبرێکی بەرچاو لەبەخشتنی پارە، هەڵمەتی نیشتمانی کۆکردنەوەی کۆمەکیان بکردایە، هاوشێوەی ئەوەی پێشتر بۆ نەخۆشخانەی هیوا و چەند پرۆژەیەکی تر کرابوو.
• هەموو لایەک بەسەرکردەکانی پارتی و یەکێتیشەوە خۆیان باشتر لەخەڵک دەزانن، کە حکومەتی هەرێم، نە ئەوساو نەئێستاش، لەسەرهیچ شتێک، لەجەوهەردا یەک دەست و یەک دەم ویەک هەڵوێست نەبوون، تەنها لەسەر پشک و بەشکردنی دەسەڵات وداهات نەبێت، بەلەبەرچاوگرتنی کەموزۆری پشکەوە لەنێوانیاندا. یەکێتی ئەوکاتە ئەیتوانی فشارێکی کۆمەڵایەتی لەدەرەوەی چوار چێوەی حزبییەوە لەسەرشێوازی حوکمرانی پارتی دروست بکات، کە دوای کۆنگرە خاڵی وەرچەرخانی دروست بکردایەو دەستی خۆی بەهەموو کەموو کورتیەکانەوە بۆ خەڵک بخستایەتە روو، تا چیتر بزنس و سیاسەت تێکەڵ نەکرێت و جیاوازی ئیدارەی قەڵەمرەوی دروست بکردایە ودژی گەندەڵی هەنگاوی عەمەلی هەڵبگرتایە.
• سەرکردایەتی نوێی یەکێتی دەبوو مەرجی سەرکەوتنی نوێ بوونەوەی دوای کۆنگرەیان ببەستایەتەوە، بەرادەی ئاستی سەرکەوتنیان لەئاشتکردنەوە و نزیک کەوتنەوەیان لەخەڵک و دروستکردنی گۆرانکاری لەدۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک، نەک بەسەرخستنی کۆمەڵێک وگۆرانکاری لەخیتاب لەگەڵ پارتی، چونکە گەر یەکێتی بروای بەکاری ئایندە و هەستانەوەی خۆی هەیە، دەبوو ئەوەبکات چونکە ئەوە رێگا دروستەکە بوو، دەبوو بەشێنەی و مەحکەمی بەئیرادەوە، لێرەوە هەنگاوی هەڵبگرتایە بۆ نوێ بوونەوەکەی، نەک بە گرتنەبەری هەڵوێستی پەرچەکردار لەبەرامبەر ئەوانی دی.