کوردبوون
2020-06-26 12:19:59
رێبین هەردی
تۆ چیت؟ من کوردم
خۆ ترسنۆک نیت؟ حاشا نەبەردم
چی تۆی لەناوبرد؟ دوودڵی و نیفاق
چۆن ڕزگار ئەبی؟ هەر بە ئیتیفاق
هەردی باوک بۆی دەگێڕاینەوە کە لە سیەکانی سەدەی رابردوودا کاتێک فایەقە فەنی(واتە فایەق بێکەس) ئەبیت بە ماموستا لەیەکێک لە قوتابخانەکانی چەمچەماڵ، دەبینێت چی قوتابی پۆلەکەیەتی کە لێیان دەپرسێت ئێوە چین دەڵێن ئێمە تورکین...چەند مامۆستایەکی تورک لە قوتابخانەکە وانەیان گۆتۆتەوە و هەموو خوێندکارانیان وا فێر کردووە کاتێک ئەو پرسیارەیان لێدەکرێت وا وەلام بدەنەوە کە ئەوان تورکن..بێکەسێ گەورە کە ئەمە دەبینێت ئەو شیعرە دادەنێت بۆ مناڵان و بەسەر هەموو قوتابیاندا دەیسەپێنێت کە دەبێت هەموو لەبەری بکەن و ئەوەی لەبەری نەکات لە وانەکەیا دەرناچێت.
مرۆڤ هەر کە ئەم چیرۆکە دەبیستێت ئەتوانێت مەزەنەی ئەوە بکات گەر فایەقە فەنی توشی ئەو ئەزموونە نەبوایەو مناڵانی کوردی نەدیایە کە خۆیان بەتورک دەزانن، ڕەنگە هەرگیز ئەو شیعرەی نەنوسیایە کە وابزانم تا ئێستاش لە وانەی خوێندنی کوردیدا بە خوێنداکاران دەگوترێتەوە.
ئەریک فرۆم لە کتێبە نایابەکەیدا لەسەر ڕەگوریشە شەڕانگێزی دووجۆر توندوتیژی لەیەک جیادەکاتەوە..جۆرێکیان توندتیژیەکی هێرشکەرە کە دژ بە ژیان و بە حاڵەتی نەخۆشی دەزانێت و جۆرێکیشیان بەرگریکەری ژیانە و بۆ مانەوە و پاراستنی ژیان و ئازادی، بە پێویستی دەزانێت. رەنگە هەمان شت بۆ ناسێۆنالیزمیش راست بێت. ناسێۆنالیزمێک کە هێرشکەرە بۆ سەر ژیان و ئازادی خەڵکی تر و ناسێۆنالیزمێکیش کە بەرگریکەرە لە بوون و ئازادی خۆی. هەمیشەش ئەوە ناسێۆنالیزمی هێرشکەرە ناسێۆنالیزمی بەرگریکەر دروست دەکات. پرسی بوونی نەتەوەیی و ئازادیەکانی تەنیا لەو کاتانەدا دەبنە کێشە و پرسیاری سەرەکی مرۆڤ کە دەکەونە بەر هەڕەشە..بەس گەر هیچ هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئەو بوونە نەبێت، نەکەس بیر لە نەتەوە و نە لە پرسیارەکانی دەکاتەوە. سەردەمێک لینین لەسەر کاغەز باشترین چارەسەر بۆ ئەم پرسە خستە ڕوو کە زوربەی مارکسیەکانی دوایی هەر فەرامۆشیان کرد: مافی چارەی خۆ نوسین بۆ هەمو نەتەوە و گەلێک..رێگەی کۆتایهاتن بە ناسێۆنالیزم تەنیا بەیەک ڕێگەدا دەڕوات سەلماندی مافەکانی و نەهێشتنی هیچ هەڕەشەیەک لەسەر مافە نەتەوەییەکان. رێگەی کۆتایهانی ناسێۆنالیزم بە نکوڵیکردن و سەرکوتکردن و پەلاماری نەتەوەدا ناڕەوات، بەلکو بە دانپیانان و دەستەبەرکردنی مافەکانیدا دەروات. تا هێرشیش بۆسەر ئەو مافانە بەردوام بێت، ناسێۆنالیزمی بەرگریش بەردەوام دەبێت و راناوەستێت.
تورکیا دوژمنە سەرەسەختەکەی کوردە کە لەگەڵ ئەوەشدا دەیان و سەدان جار دەستی رێکەوتن و برایەتی بۆ راکێشراوە، بەڵام ئەنجامەکەی هەمیشە پەلامار و نکوڵیکردن بووە لە مافەکانی..ئەردۆگان وتێتی باشتیرن کورد ئەوەیە کە مردووە..کەوابوو پێچەوانەکەشی دەبێت راست بێت خراپترین کورد ئەوانەن کە ماون..کاتێک کەسێک ئمە بروایەتی دەولەتێکی گەورەی بەو هەموو چەک و تفاق و لەشکرەوە دکەوێتە دەست، دەبێت چاوەرێ بکەین چ تاوان و دەستدرێژەیەک ئەنجام دەدات. مێژووی بەرگری کوردیش بەو چەک و کەرەسە کەمانەی لەبەردەستی دایە، لەهەموو ڕوویەکەوە جێگەی شانازیەکی گەورەیە… ئێمە لەو گەلانەین کە شانازی بەو بەرگریەوە دەکەین کە گەرچی ڕەنگە زوربەی شەرەکان بدۆڕێنین و سەدان و هەزرانمان شەهید بن، بەلام شانازی دەکەین کە هەر بەردەوامین و ئیرادەی مانەوە و بەرگریمان بە درێژای دەیان و سەدان سال نەشکاوە...براوە نین. بەلام لەناو نەچوین و هەموو ئەو زەبرە کوشەندانەش بەر گەلەکەمان کەوتووە، نەیتوانیووە وای لێبکات دەست لە داواکاری مافەکانی هەڵبگرێت...ئەم مێژووە بە هەموو تاڵی و ناخۆشیەکانیەوە جێگەی شانازین.
بەڵام ئەوە رەفتاری داگیرکەر نیە بێزار و توڕەت دەکات، ئەوە ترسی باڵادەستی چەک و کەرەسەی ئەو نیە کە نائومێدت دەکات، تەنانەت ئەوە بێدەنگی دنیاش نیە کە سەیرکەری ئەو هەموو تاوان و کوشتارەن و هیچ ناڵێن...ئەوەی لە ناخەوە ..زۆر لە ناخەوە تورە ونائومێدت دەکات، نەک بێدەنگی بەڵکو هاوکاری ئەو کوردانەیە کە دەستی داگیرکەر زیاتر و زیاتر بۆ کوشتار دەکەنەوە...ئەوەی کوشەندەیە خیانەت و ناپاکی ئەو برا و کەسانەی خۆتە کە هەرگیز چاوەڕێ نەبووت ناپاکیت لێ بکەن. ئەمەشە هەموومان نائومێد و بێزار و توڕە دەکات.
گەر ناپاکی و خیانەتی براکان نەبێت..لە کوێ و چۆن فرۆکەیەکی تورکی دەتوانێت سەیارەیەکی لە سەیرانگەیەکی دەوری سلێمانیدا بکاتە ئامانج و ئامانجەکەش بپێکێت؟ گەر سیخوڕی خۆیی نەبێت، ئەو ماشینە چۆن دەبینرا و دەکرایە ئامانج؟
چاوەڕوانیەکانی ئێمە گەورە نیە...کەس داوای خستنە خوارەوەی فرۆکەکان ناکات، کەس داوای رێگەگرتن لە بومباران ناکات (چونکە دەزانین بە ئێمە ناکرێت) داواکەی ئێمە زۆر سادەتر و کەمترە: هیچ نەبێت هاوکاری مەکەن، سیخۆرەکان بدۆزنەوە و رێگە لە ناپاکی ناوخۆمان بگرن..بێدەنگیش بن قەینا، بەس کە قسەتان کرد شەرمەزار و ڕوو ڕەشمان مەکەن..هیچی تر نا.