بەشداریکردن لەحکومەتدا ئاوا نابێت!
2020-06-26 10:27:10
شیلان رؤوف
حکومەتى سیستەمى پەرلەمانى وهاوشێوەکانى لەسادەترین پێناسینیدا، ئەو دەزگایەیە کەبەشێوازى گروپ ووەکو یەک تیم کاردەکات لەپێناو جێبەجێکردن وبەدیهێنان وخستنە واقیعى ئەو بەرنامەیەى کەهەوێنى پێبەخشینى متمانە بووە پێى لەلایەن پەرلەمانەوە، هەڵسەنگاندنى کارەکانى حکومەت ولێپێچینەوە لێى لەسەر بنەماى ئەو بەرنامەیە دەبێت کەلەلایەن پەرلەمانەوە وهەر لەسەرەتاوە متمانەى پێبەخشراوە، کەواتە دەزگایەک بوونى نابێت بەناوى حکومەت ئەگەر زۆرینەى پەرلەمانى لەگەڵدا نەبێت وپشتگیرى نەکات بەبەردەوامى، لەهەر کاتێکدا حکومەت پشتیوانى زۆرینەى پەرلەمانى لەدەست بدات ئەوا متمانە پێبەخشینەکەش کۆتایى پێدێت ودەبێت حکومەت دەست لەکاربکێشێتەوە وحکومەتێکى نوێ پێکبهێنرێت کەبتوانێت متمانەى زۆرینەى پەرلەمانى مسۆگەر بکات، هەربۆیە بەرپرسیارێتى وەزیرەکانى حکومەت بەرپرسیارێتیەکى هەماهەنگکاریى ودەستەجەمعیە سەربارى ئەوەى هەر وەزیرێک خۆى بەتەنها بەرپرسە لەو وەزارەتەکەى کەپێى سپێردراوە.
ئەم بەرپرسیارێتیە هەماهەنگکاری ودەستەجەمعیە کۆمەڵێک ئەرک لەسەرشانى تاک بە تاکى ئەندامانى حکومەت دروست دەکات، لەگرنگترینیان ئەمانەن:
1) سەرجەم بڕیارەکانى حکومەت بەزۆرینە دەردەچن، ئەمە ئەگەر نەکرا بەکۆى دەنگ بێت، کەزۆرینەشى بەدەست هێنا ناوزەند دەکرێت بەبڕیارى حکومەت وکۆى حکومەت بەرپرسیاریەتیەکەى هەڵدەگرێت هەر وەکو ئەوەى لەبنچینەدا بڕیارەکە بەکۆى دەنگ دەرکرابێت.
2) پارێزگاریکردن لەبەنهێنى هێشتنەوەى گفتوگۆکانى ناو کۆبونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران، چونکە ئەوەى گرنگە بڕیارەکەیە کەبەزۆرینە دەردەچێت لەکۆتایدا وهەر ئەم بڕیارەشە کەشوێنەوارى یاسایى لەسەر بنیاد دەنرێت، نەک ئەوەى چى گوترا وچى گوزەرا وچى نەگوترا وچى دەبوو بگوترایە و بکرایە..... .
3) بەرگریکردن لەسیاسەتى حکومەت وبڕیارەکانى ئەرکى کۆى وەزیرەکانى پێکهێنەرى حکومەتە.
4) دوورکەوتنەوەى وەزیر لەهەر ڕەفتار وگوفتارێک کەشەرمەزارى بۆ سیاسەتى حکومەت دروست بکات لەبەردەم پەرلەمان وهاوڵاتیاندا.
5) ئەبێت ڕەفتار وگوفتارى وەزیر کۆک وگونجاو بێت لەگەڵ سیاسەتى گشتى وئاڕاستەى حکومەتدا.
6) وەزیر بەرپرسیارە لەکۆى سیاسەت وبڕیار وڕەفتارەکانى حکومەت کەئەندامە تیایدا، خۆ ئەگەر ڕەزامەند نیە وباوەڕى پێى نییە دەتوانێت دەستلەکاربکێشێتەوە وبەشێک نەبێت لێى، ئەگەریش دەستی لەکارنەکێشایەوە ناتوانێت خۆی لەبەرپرسیارێتى قوتار بکات بەبیانووى ئەوەى جەنابى وەزیر قسە وڕەخنەى هەبووە لەسەر فڵان بڕیار وفیسارى تر یان دەنگى پێنەداوە یان دژى بووە یان .....، بگرە دەبێت بەرگریشى لێبکات، چونکە هەتا ئەو ڕۆژەى ئەندامە بەرپرسیارێتى کۆى سیاسەتى حکومەتى ئەکەوێتە ئەستۆ، ڕۆژى دەستلەکارکێشانەوەى ڕۆژى پچڕانى زنجیرەى بەرپرسیارێتیە لەئەستۆى.
پێویستە ئەوە ڕوون بێت، لەسیستەمى پەرلەمانیدا زۆرینەى پەرلەمانى وحکومەت سەنگەریان لەیەکترى نەگرتووە، بەڵکو هاوکار وهەماهەنگ وتەواوکەرى یەکترن، بەواتایەکى تر زۆرینەى پەرلەمانى تەنها لەڕێگەى حکومەتەوە ئەتوانێت بەرنامەى هەڵبژاردنى خۆى جێبەجێ بکات، ئەو بەرنامەى هەڵبژاردنەى زامنى دەنگى زۆرینەى دەنگدەرانى بۆکردووە لەهەڵبژاردندا، حکومەتیش هەر لەڕێگەى پەرلەمانەوە دەتوانێت بەرنامە متمانە پێبەخشراوەکەى جێبەجێ بکات. خۆ ئەگەر حکومەتەکەش زادەى زۆرینەى ڕەها وبەهێزى پەرلەمانى نەبێت بەڵکو حکومەتى بنکە فراوان وزادەى هاوبەشیکردنى دوو پارت یان سێ پارت یان زیاتر بێت وهەموویان پێکەوە گوزارشت لەزۆرینەى پەرلەمانى بکەن لەپەرلەماندا وەک ئەوەى هەرێمى کوردستانى تێدایە، ئەوا ئەم پارتە هاوپەیمانانە بێگومان کۆمەڵێک بنەماى سەرەکى وگشتى هاوبەش لەنێوانیاندا هەبووە کەکۆیکردوونەتەوە، ئەگەر نا چۆن حکومەت پێکهات! خۆ ئەگەر هەر بەڕاست ودوور لەسیناریۆ حکومەت ولایەن وپارتە پێکهێنەرەکانى زۆرینەى پەرلەمانى ناکۆکن ئەوا حکومڕانى لەبەردەم دوو بژاردەدا دەبێت، یەکەمیان لێسەندنەوەى متمانەیە لەحکومەتى ئێستا ومتمانە بەخشین بەحکومەتێکى نوێ کەکۆک وگونجاو بێت لەگەڵ زۆرینەى پەرلەمانیدا وگوزارشتى تەواوەتى لێبکات تاوەکو بتوانن پێکەوە هەڵبکەن وکاربکەن. بژاردەى دووەمیان بریتییەلە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان ودووبارە پەنا بدرنەوە بۆ دەنگى خەڵک لەهەڵبژاردنێکى پێشوەختدا (بێگومان بەئومێدى بێخەوشى هەڵبژاردنەکە!) ئەوکاتیش دەنگدەران یەکلایبکەنەوە کێ و کام لایەن مافى نوێنەرایەتى کردنیانى هەیە لەڕێگەى پێبەخشینى زۆرینەى دەنگەکانیانەوە.
لەناو شارى هەولێردا دوورى نێوان باڵەخانەى پەرلەمان وباڵەخانەى حکومەتى هەرێمى کوردستان تەنها چەند مەترێکە، ناکرێت وناگونجێت بڕیارێک کەلەحکومەتەوە دەردەچێت لەناو باڵەخانەى حکومەتدا تۆ لەگەڵى بیت، بەڵام لەدەرەوەى باڵەخانەکە بانگەشەى دژایەتى بڕیارەکە بکەیت، بەڕاستى ناکرێت تیمى حکومەتت لەگەڵ بڕیارەکە بن بەڵام لەدوورى چەند مەترێکەوە تیمى پەرلەمانت بانگەشەى دژایەتى بڕیارەکە بکەن، نە ئەرکى پەرلەمان ئەمەیە ونە کارى پەرلەمانتارى ئاوا دەبێت، ئەگەر ئەمە لەئەنجامى نەزانین وبێ ئاگایى وتێنەگەیشتن بێت لەکارى پەرلەمانى ئەوا بەڕاستى کارەساتە، خۆ ئەگەریش بەئاگایى وپلان ومەبەست بێت لەپێناوى هەڵخەڵەتاندن وگەوجاندن وشێواندنى ڕاستیەکان لەپێش چاوى کۆمەڵگادا وبەتایبەت بۆ ڕاکێشانى هەست وسۆزى هاوڵاتیانى دەرەوەى پارت ولایەنە سیاسیەکان ولەبابەتى موچەشدا بۆ سەرگەرمکردن ودابەشکردنى توێژى موچەخۆران بێت ئەوا کارەساتەکە گەورەترە.
لەچیرۆکى شکستى ئەم کابینەیەدا هەموو لایەنە پێکهێنەرەکان بەشدارن چ لایەنى سەرەکى پێکهێنەرى حکومەت، چ هاوبەشى دەسەڵات وفەرمانڕەوایى چەندین ساڵەى، چ ئۆپۆزسیۆنى دوێنێ وهاوبەشى ئەمڕۆى دەسەڵات، بۆیە ڕەخنە وناڕەزایى وهاوارکردن وئەم جۆرە شتانە بەرامبەر بڕیارێکى حکومەت کەخۆت دروستکەر وپێکهێنەر وهاوبەش وهاوپەیمان بیت تیایدا هیچ لەدۆخى شکستەکە ناگۆڕێت وباشترى ناکات، بەڵکو شکستەکە فراوانتر وگەورەتر دەکات، لەشکستى حکومڕانیەوە شۆڕی ئەکاتەوە بۆ شکست لەمۆڕاڵ وسەرجەم بەها وپێگە وپایەکانى ئەم کۆمەڵگایەدا، هەربۆیە زۆر بەسادەیى بەشداریکردن لەحکومەتدا ئاوا نابێت، هەروەکو چۆن حکومڕانیش ئاوا نابێت.