ئایە بەرهەم ساڵح بێ دەنگە؟
2020-06-26 09:36:02
د.حلمی رەسول رەزا
* دۆخە نێو دەوڵەتی و هەرێمایەتیەکان بە شێوەیەک ئالۆزە، وای لێهاتوە، پیشبینی کردن بۆی دەچێتە قاڵبی فاڵگرتنەوە، کەواتە بێ سێ و دوو پێویستە ئەکادیمیانەو واقیعبینیانە لێکدانەوەی بۆ بکرێت. ئەوەشی گومانی تێدا نیە بەرهەم ساڵح سەرۆکی قۆناغێکی پڕ گرفت و کێشمەکێشی عێراقە، هەر لە دروست بوونی خۆپیشاندانەکان و پاشان داتەبینی دۆخی ئابوری و لە هەموانیش بەڵاتر بڵاوبونەوەی پەتا جیهانیەکەیەو و گرفتی ئابوری کە عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی گرفتاری دەستی ئەو نەخۆشیانەیە، ئەمە ئەگەر فشارە نێو دەوڵەتی و هەرێمایەتەکانی لێ دەربکەین. دکتۆر بەرهەم لەسەرەتای دەستبەکاربونیەوە خاوەن دیدو دونیا بینی خۆی بوە بۆ کێشە کەڵەبوەکان و ویستویەتی عێراق لە پاشکۆیایی بێنێتە دەرو رێگربێت تا نەبێتە گۆڕەپانی پێکدادادنی زلهێزو هێزە هەرێمەیەتیەکان و بە ئاشکراش لە بۆنە نێو خۆی و نێو دەوڵەتیەکاندا ئەمەی بە گوێی سەرجەم وڵاتاندا داوە.
کەواتە، وەک کۆسیستەم بەرهەم ساڵح داینەمۆی ئەو سیاسیەتەیە کە ئێستا عێراق گرتویەتیە بەرو هێدی هێدی وای کردوە بەزاندنی سنوری عێراق و سەروەریەکەی بەرێتە نێو یاسا نێو دەوڵەتیەکان و لەو رێگایەوە چارەیەکی بۆ بدۆزێتەوە، نەک بە هاژو هوژی نێو میدیاکان، دیارە بەسروشتی خۆی ئەو کەسێکی پۆپۆلیست نیەو حەز بە هەرا نانەوە ناکات، وەک پیاوێکی دەوڵەتمەدارو لێهاتوی ناوچەکە گەرەکێتی ململانێکان خاو بکاتەوەو سەرجەم گەلانی عێراق لەو نەهامەتیە دەرباز بکات کە یەخەی پێگرتوە، بۆیە سەیرە کەسێکی خۆ بەئەکادیمی زان، لە سەنگەری پۆپۆلیستیەوە هەڵوزێستەکانی ئەو شیبکاتەوە.
* سەبارەت بەوەی بێ دەنگە لە ئاست مافەکانی گەلی کورد بە شێوەیەکی گشتی، دکتۆر بەرهەم لە رۆژی دەست بەکاربوونی سەرۆکی هەرێمدا لە هەولێر، وەک سەرۆک کۆماری عێراق و لە بۆنەیەکی رەسمیدا بەرامبەر نوێنەری ولاتان و بالیۆزەکانیان و لە نێویاندا وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەوەی بە گوێی جیهاندا نا، لە تەک پرسە گەورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەبێ چارەسەرکردنی کێشەی رەوای کورد، زەحمەتە رۆژهەلاتی ناوین سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێ، ئەگەر ئەم ناوچە جوگرافیە گەرەکێتی بە ئارامی و پێکەوە ژیان ژیانی بۆ بچێتە سەر، پێویستە چارەسەری کێشەی کورد بکرێت.
* ئەو سەردەمەی بەرهەم ساڵح سەرۆک وەزیرانی کوردستان بوو، بە گەواهیدانی یارو نەیار، یەکێک بوو لە سەردەمە پڕ بەرهەمەکان و سەقامگیری و ئاوەدانی جگە لە چەند رووداوێکی دروست کراو نەبێت، کە پاشان بۆ خەلکی ژیر روون بوەوە، چ سەردەمێکی زێڕین بوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو کاری دەکرد، نەیگوت ولات دەکەم بە بەهەشت و بەسەر کەسیشدا نەیفرۆشتەوە، و لە کۆتایی دەسەڵاتەکەیشیدا، نەک قەرزار نەبوو، قاسەیەکی پڕ پارەشی بۆ بەجێهشتن، ئەوانەی ئەو سەردەمە لە گەڵیدا وەزیر و گزیرو کاربەدەست بوون، خۆیان بەو دەسکەوتانەوە بادەداو بزەی سەرکەوتنیان دەکرد، گەر دەوترێت ئەوکاتە پارەی بەغداد زۆر بووەوە نرخی نەوت باش بووە ئەوا پاش و پێش ئەویش نەوت نرخی هەر باش بووەو عێراقیش پارەی هەرناردوە.
* ئێستا جۆرەها کێشەو گرفت لەم هەرێم و عێراقەدا هەیە، هەرێم قەرزارە، مووچەی پێ نادرێت، داهات شەفاف نییە، هەمووان وەکو شەیتان وێنای یەکتری دەکێشن، لە فەیسبووکدا هیچ نەماوە سوکایەتی پێ نەکرێت، کەچی دەبینرێ لەژێر برۆوە و بەناوی قسەی نەستەقەوە لەو هەموو مالوێرانیەی بەسەر ئەم گەلەدا هێنراوە هەندێک بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان و رازیکردنی ئەوی دی، دەیانەوێت ملی کاک بەرهەم بادەدەن و بە جۆرێک لە جۆرەکان دەیانەوێت هەموو کێشەو گرفتەکان بکەنە ئەستۆی ئەو، بێ ئەوەی ئەو پاڵەوانانە بتوانن شتێکی جدی لەسەر دۆخی ئێستای کوردستان بڵێن، لە کاتێکدا ئەو وەک سەرۆک کۆماری عێراق شەوو رۆژی خستۆتە سەر یەک بۆ ئەوەی دۆخەکە لەوە ئالۆزتر نەبێت، سەیرەکەش لەوەدایە، ئەوانەی جار جار چرنوک دەگرن، وەک مانگە شەو دۆخەکەیان لێوە دیارەو دەزانن چ پارسەنگێک راگیراوە بۆ ئەوەی هەمووان بەناو یەکتری نەکەون.
*هاتنە دەنگی حکومەتی عێراق لەبەرامبەر پێشێلکاریە هەرێمایەتیەکان کە ئێستا رێچکەیەکی یاسایی بە خۆیەوە بینیوە، بۆیەکەم جارە لە مێژووی عێراقی دوای رژێمی کۆن، بەغداد ئەوەندە توند بێت لەسەر سنور بەزاندن و پەلاماردانەکانی تورکیا، میدیا جیهانیەکان سەرنجی زۆریان داوەتە هەڵوێستەکانی بەغداد لەو بارەیەوە، ئەمە وێرای ئەوەی هەنگاوی ئایندەش رووکردنە نەتەوەیەکگرتوەکانە بەشێوەی فەرمی، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەم پرسە زیاتر پەیوەستە بە وەزارەتی دەرەوەو ئەنجومەنی وەزیرانەوە.
ئەمانە هەمووی داینەمۆکەی بەرهەم ساڵح ە، بەڵام ئەو وەک کەسێکی مەدەنی کە پارە تەخشان و پەخشان ناکات بۆ کەناڵە میدیاییەکان، وەها وێنا دەکرێت بێ دەنگەو پاڵی لێداوەتەوە. بۆیە ئەوانەی پێیان وایە بەرهەم ساڵح بێ دەنگە، دەیانەوێ لە ژێر برۆوە رەماش و ئاماژە بنێرن بۆ ئەوانی دی کە ئێمە سەرۆک کۆمار بە ناسەرکەوتوو لە قەڵەم دەدەین، و دە ئێوەش رەحمێک بەم بێ کارییەی ئێمە بکەن.