Draw Media

وێنەكان بەرنە ئەنجومەنی ئاسایش 

وێنەكان بەرنە ئەنجومەنی ئاسایش 

2020-06-27 07:38:15


 لەتیف فاتیح فەرەج 
1
ئەم دەسەڵاتە بەڕادەیەك پێشمەرگەی سوك و بێ‌ بایەخ كردووە ،تەنانەت پاشكوشتنی خەڵكی سڤیل و وێرانكردنی ژیانی خەڵكیش پێشمەرگەو وەزارەتەكەی ئازایەتی ئەوەیان نیە بەیاننامەیەك دەربكەن ، هەر ئەو پێشمەرگەیەی كە رۆژگارێك شەڕی سوپای تورك و پاسدارو سوپای عیراقی دەكرد ، ئێستا بەرانبەر كوشتنی میللەتەكەی نقەی لێوە نایەت ، من نازانم جەنابی وەزیرو وەزارەتەكەی ئیشیان چیە ئەگەر نەتوانن بە توركیا بڵێن تا ئێرەو بەس .
2
لە وەڵامی سەرۆكایەتی كۆماردا حامی ئاكسۆی وتە بێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا چەند درۆی شاخدار دەكات كە لە راستیدا ئەوە ئەركی نوسەرێك نیە بە كوردی ئەم سەرنجە لە سەری بدات ، ئەو دەڵێت ئێمە هەرگیز خەڵكی سڤیلمان نەكردوەتە ئامانج ، باشە درۆو بێ‌ ئاكاری بەو رادەیە ئەوە كەس نیە وێنەو ناوی قوربانیەكانی بۆ بنێرێت ، هەروەها دەڵێت سوپا قارەمانەكەمان هەڵبەت هەموو دەزانین ئێڤ 16و ناتۆو بێدەنگی دنیا نەبێت سوپای ترسنۆكی توركیا لە ناو ئەنكەرەش ناتوانێ‌ شەڕی گەریلا ئازادیخوازەكانی كورد بكات .
3
هۆشیار زێباریدەڵێت ئەمە جینۆسایدە توركیا دەیكات ، ئەم قسەیە هەم راستە هەم زۆر گرنگە ، بەڵام پێویستە هەمان قسەی هۆشیار زێباری لە تویت دەربچێت و ببرێتە ناو كۆبوونەوەی مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی پارتیەوە ، ئەمە ئەگەربتوانن كۆبنەوە ویەكتر ببینن، زێباری دەبێت بە سەرۆكی پارتی بڵێت ئەوە جینۆسایدە تورك دەیكات ، ئەوەشی پێبڵێت كە خەڵكی بادینان رایان وایە توركیا لە سەر داوای سەرۆكی پارتی و پارتی بۆ سەركوتی كورد هاتوە ، بە تایبەت دوای خۆپیشاندانەكانی دهۆك و دواتر .
4
هەڵوێستی جوامێرانەی حكومەتی هەرێم لە ئێستادا بەرانبەر توركیا نەبێدەنگیە نەبەیاننامە دەركردن ، ئەوان ئەگەر دەیانەوێت بە گژ توركیادا بچنەوە هیچ نەكەن تەنها نەوتەكە بۆ یەك هەفتە رابگرن ، ئێ‌ نەوت بۆ بڕوات كە لە ساڵێكا حكومەت نەتوانێ‌ دوو مانگ بە ڕێكی موچە بدات ،هەر هیچتان پێناكرێت نەوتەكە رابگرن ، ئەو نەوتەی هەموو خێرو بێرەكەی دەچێتە بەركی ئەردۆغان و دەورو بەرەكەیەوەو تەنانەت گەلی توركیش وەك گەلی كورد زیانی زیاتر لێدەبینێ‌ تا ئەوەی سودێكی هەبێت .
5
ئێ‌ باشە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی ، ئەگەر وەزیری پێشمەرگە كە یەكێتیە نەتوانێ‌  كونسڵی توركیا بانگ بكات و پێی نەڵێت ئێوە مناڵ و ژن دەپێكن ، ئیتر چاوەڕێی چیتان لێبكرێت ؟.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand