سەرکەوتنی ئیتاڵیا بەسەر کۆرۆنا ئاسان نەبوو
2020-06-25 15:32:24
شوان سدیق - ئیتاڵیا
چوار مانگ تێدەپەڕێ بەسەر کۆرۆنا لەوڵاتی ئیتاڵیا ڕەوشی ئێستا بەراورد بە سێ مانگی دوومانگی ڕابردوو ژیان لەم وڵاتە ئاسایی بۆتەوە، دەرگای ماڵ و بازاڕ و پارکەکان کراونەتەوە، بەسیستەمێکی خۆپارێزی.
ڕۆژی ١٢ی مارس جوسێپێ کۆنتی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بەگەل و دانیشتوانی ئیتاڵیای ڕاگەیاند: بەناچاریەوە ئەم بڕیارەمانداوە، بۆیە دەبێ ھەموومان پێکەوە لەماڵ بمێنینەوە، تکایە ئەگەر لەماڵەوە نەبین، ژیانمان پارێزراو نابێ کۆرۆنا ھەڕەشەیەکی جدیە بۆ سەر کۆمەڵگەکەمان!
پڕیاری داخستنی تەواوی ئیتاڵیا لە ١٢ی مارس دەستی پێکرد پاشان لە١٨ی ئایار بەبڕیاری حکوومەت باڕو کافتریاو ھەندێ شوێنی دیکە کرانەوە.
دوا بەدوای ئەوەیش پاولا دێ میکێلی، وەزیری
گواستنەوەو گەیاندن ڕایگەیاند: ٣ی مانگی شەش ھەموو فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی وڵات کراوەدەبن".
سەرکەوتنی ئەم وڵاتە بەسەر قەیرانەکە بەئاسانی تێنەپەڕی لە سەرەتای کوارێنتێنەکردنی وڵاتەکە ئیتاڵییەکان ترسیان لێ نیشت ڕووبەڕووی برسێتی و ژیانێکی سەخت ببەنەوە بەتایبەتی ئەوانەی توانای ئابووریان خراپبوو چونکە ناکرێ ھاوڵاتییان لەژوورەوە بکرێن و بژێوی ژیانیان خراپ بێ بەڵام بەردەوام حکوومەتەکەی کۆنتێ جەختی لەسەر ئەوە دەکردوە، کە ناھێڵن ھاوڵاتییان بکەونە بارودۆخێکی دژوار.
جۆسێپێ کۆنتی سەرۆکوەزیران کەم ڕۆژێک زۆربەی ئێواران لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لایڤی دەکردەوەو لەسەر بارودۆخی ئیتاڵیا قسەی دەکرد.
یەکێک لەقسەکانی کۆنتێ ئەوەبوو "ئیتاڵییەکان جاران قوربانیان بۆ ئیتاڵیا دەداو لەپێناویدا دەمردن، بەڵام دەبێ ئێستە ئیتاڵیا لەپێناو ئیتاڵییەکان قوربانی بدات".
ئەم قسانەی "کۆنتێ" مایەی دڵخۆشی بوو بۆ ئیتاڵییەکان لەگەڵ ئەوەیش ھاوڵاتیان، متمانەی تەواویان بەسیاسییەکان نییەو داوای کرداریان دەکرد.
ھەر ئەو بێ متمانەییە بەسیاسییەکان لەم وڵاتە وایکردوە، ھەرجارەو ھەڵبژاردن بکرێ حزبێک لەدەسەڵات بھێننە خوارەوە، یان لاوازی بکەن.
ئەمەیش وایکردوە ھیچ حزبێک لە ئیتاڵیا ناتوانێ زۆربەی دەنگەکانی ٦٣٠ کورسی پەرلەمانی مسۆگەر بکات.
لەخوولی پێشوو پارتی دیموکراتی چەپ زۆرینەی کورسیەکانی لەدەست بوو بەڵام لەدوا ھەڵبژاردن خەڵک سزای ئەو حزبەیانداو ڕوویانکردە ناسیۆنالیزم و ڕاسیست و پارتە پۆپۆلیستییەکان، ھەرچەندە ئێستە پارتی پێنج ئەستێرەی پۆپۆلیستی کەزۆرترین کورسی پەرلەمانی ھەیە بەناچاری لەگەڵ پارتی دیموکراتی چەپ حکوومەتێکی لاوازیان لەبەرامبەر ئۆپۆزیسیۆنێکی بەھێزی ٢٧٢ کورسی پێکھێناوە.
بەڵام جیاوازی ئەم کابینەیە ئەوەیە سەرۆکوەزیران کەسێکی سەربەخۆیە ئەمەیش ھەندێ باوەڕی لای ئیتاڵییەکان دروستکردوە، کە "جۆسێپێ کۆنتێ" کارەکانی بەباشی بەڕێ بکا و ڕووی ئەوەی ھەیە بێتە نێو ھاوڵاتیان و ڕووبەڕووی تەشھیر و ناڕەزای نەبێتەوە.
مەرجی سەرەکی سەرکەوتن، بەسەر کۆرۆنا ئەوەیە دەبێ دەسەڵات زاڵ بێ بەسەر ھەژاریداو نەھێڵێ خەڵک بێ نان و خزمەتگوزاری بن، ئەوکاتەیش دەسەڵات پلانی ھەبوو بۆ ئەمە دەتوانێ داوا لەخەڵک بکات لەماڵ مبێننەوە.
پاش چەند ڕۆژێک لەھەڵکشانی ئامارەکانی کۆرۆنا حکوومەت بڕیاریدا بەھاوکاریەکی ٦٠٠ ئیرۆی بۆ ئەوکەسانەی کاریان لەدەستداوە، ئەم ھاوکاریەیش ھەموو کەسێک دەیتوانی بەپێی سیستەمی ئۆنلاین و لەچوار چێوەی مەرجەکاندا پڕی بکاتەوە.
پاشان ھەندێ ھاوکاری تریش لەڕێگەی شارەوانی شارو شارۆچکەکان خرایە خزمەتی ھاوڵاتییانی کەم دەرامەت وەک پێدانی فۆڕمی خۆراک ھەرکەسێک وەری بگرتبیایە لەمارکێتەکان چی پێویستبایە دەیتوانی ھەڵیبگرتبایە.
لەم ماوەی کۆرۆناو قەدەغەی ھاتوچۆکردیش بەڵام لە نێوشارەکان بەبڕیاری حکوومەت بەردەوام بانک و مارکێت و دەرمانخانەکان کرابوونەوە.
ھێڵی گواستنەوەی ھاتووچۆی پاسیش لەنێو شاردا تا درەنگانی شەو ھاتووچۆکردن بۆ ھاوڵاتییان بەبێ بەرامبەر خزمەتیان پێشکەش دەکرد!
بۆ ئەو پەنابەرانەیش لەنێو کەمپەکان بوون ھاتوچۆکردنیان لێ قەدەغە کرا، لەبەرامبەردا تەواوی خزمەتگوزاریەکانیان بۆ دابینکرا، چونکە حکوومەت بەھەستیاریەوە مامەڵەی لەگەڵ کۆچبەرانی نێو کەمپەکان دەکرد لەبەر ئەوەی ئەگەر کۆرۆنا لە ھەر کەمپێک بڵاوبوایەتەوە قوربانی زۆری لێ دەکەوتەوە.
ئێستە پاش ئەوەندە مانگە تەواوی وڵاتەکە بەگشتی کراوەتەوە ھاتووچۆ لەنێوان ھەرێمەکاندا ئاسایی بۆتەوە بەئۆتۆمبێل و پاس و شەمەندەفەر و فڕۆکەیش. ھاوڵاتیان ھاتووچۆ دەکەن.
بەگشتی ئێستە حکوومەت کاری خۆی دەکات، تەواوی وڵاتەکەی بەیەک پاکێجی ھاوبەش بەناوی "کۆڤید دیچەنۆڤێ _ کۆڤید نۆزدە" ڕێکخستووە.
لەنێو بازاڕ و دەرمانخانەکانیش ھەموو پێداویستیەکی خۆپارێزی ھەیە بەنرخێکی گونجاو بۆنموونە بەبڕیاری فەرمی لەپێش دەرمانخانەکان نووسراوە "دەمامک بە ٥٠ سەنت واتە دووان بەیەک ئێورۆ". بەڵام سەرەتای سەرھەڵدانی کۆرۆنا بەو نرخە دەست نەدەکەوت.
ئەرکی ھاوڵاتیانیشە خۆیان بپارێزن، ئێستە ئیتاڵییەکان ئەم ھەستی بەرپرسیارێتیەیان بەھەند وەرگرتووە، پێش کۆرۆنا کۆبوونەوەو تا درەنگانێ شەوە ئاھەنگیان دەگێڕا ئێستە ئەمە گۆڕاوە، یان زۆر کەمبۆتەوە.
ئیتاڵییەکان، وەک شتێکی کەلتووری ھەرکات یەکیان ببینیبایە لەبری تەوقەکردن یەکیان ماچ دەکرد ئێستە ماچ و تەوقەو ماچکردنەکەی جارانیش زۆر کەمبۆتەوە یان نەماوە!
گەیشتنی ئیتاڵیاو دانیشتوانی ئیتاڵیاو حکوومەتەکەی "جۆسێپێ کۆنتێ" بەم ڕۆژە ئاسان نەبوو ئەوەی لەم مایەوە بەرچاوت دەکەوت بەرپرسانی ئیتاڵی بەردەوام لەسەر ھێڵ بوون چۆن بتوانن وڵاتەکە لە قەیرانی کۆرۆنا ڕزگار بکەن، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەیش "لویجی دی مایۆ" زۆرترین کات لەسۆشیال مێدیاو مێدیاکان دەبینران ھانی کۆمەڵگەکەیان دەدا تەنیا ئارام بگرن و پابەندی ڕێنمایەکان بن، ئەوان ھەموو کارێک دەکەن، بۆ دەربازبوونی ئیتاڵیا لەو قەیرانەی تێی کەوتووە.
ھەرچەندە حکوومەتی ئیتاڵی لەئاست داواکاری گشتی خەڵکدانەبووە، پبشتریش بەڵام لەم زەمەنی کۆرۆنایە ھەوڵی خۆیانیاندا بۆ دەربازبوونی ئیتاڵیا ئەمەت لەچاوی سەرۆکوەزیرانەکەوە دەبینی کەدەیەوێ بەئیتاڵییەکان بڵێ "خەمتان نەبێ"
لەماوەی ئەم چوارمانگە چوارجار سەرۆکوەزیران بەجیا ڕۆیشتووەتە بەردەم ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پیران.
کۆنتێ بەردەوام لەنێو ھۆڵەکانی ئەم دوو دامەزراوە، ڕووبەڕووی ڕەخنەو بۆتەوەو ئەویش بەرگری لەخۆی کردوە.
ئێستە بڵاوبوونەوەی کۆرۆناڤایرۆس زۆر جیاوازە لەگەڵ ڕابردوو ماوەی چەند ڕۆژێکە لە کۆی ھەر ٢٠ ھەرێمەکەی وڵات لە ١٦ ھەرێمی ئیتاڵیا ھیچ حاڵەتێکی نوێی کۆرۆنا تۆمار نەکراوە.
ئەماری ڕۆژانەش زۆر دابەزیوەو دۆخەکە بەجیاوازیەکی زۆر گۆڕاوە. بۆنموونە ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە لەئیتاڵیا تەنیا ١٩٠ حاڵەتی نوێ تۆمارکراوە.
کۆی گشتی قوربانیانی کۆرۆنا ڤایرۆس لە ئیتاڵیایش تا ئێستە بەم شێوەیە:
توشبووان: ٢٣٩،٤١٠ کەس
چارەسەرکراو: ١٨٦،١١١ کەس
گیان لەدەستدان: ٣٤،٦٤٤ کەس