چیا عەباس کاک نەوشیروان لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا بۆ گۆڕان لە کەرکوک باسی لەوە کرد کە دەسەڵات درۆ و دراوی بەدەستەوە ماوە. زیاتر لە دە ساڵ دوای ئەم لێدوانە بەناوبانگە و زیاتر لە سێ ساڵ دوای وەفاتی کاک نەوشیروان دالە ناشرینەکانی کوردایەتی ئەم سەردەمە لە زیادبوندان، ئاماژەی زەقن بۆ ئاڵۆزی و دژواری دۆخی سیاسی و حوکمرانی و ئیفلیجی دیموکراسی. لە بیرمە لە گەڵ سەرهەڵدانی شۆرشی ئەیلولدا تەمەنی خۆم و هاورێکانم لە دوازدە ساڵ تێنەدەپەری، ئەو سەردەمە وەک خوێندکارێک لە قۆناغی مامناوەندی رۆژانەمان هەبو، ئەوەی بەندە دە فلس بو، دواتر بە هەزار شەرەشەق کرا بە پانزە فلس. لەو پارەیە هەفتەی جارێک بە برێک یارمەتی دایکم بلیتێکی سینەمام دەکری، هاوکاتیش رۆژانە بەشی پارویەکی بەلەزەتی قاورمەی نۆک بە کەوەرەوە لە بەر دەم قوتابخانەی گۆیژە و ئەزڤەنیەک و چەند تاکە جگەرەیەکیشی دەکرد. لەو تەمەنەدا لایەنگری یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوم و یەک دو ساڵی خایاند تا بوم بە ئەندام، بۆ ئەندامیەتیش ئابونەی مانگانە چل تا پەنجا فلس بو و ئەوەشم لە رۆژانەکەم دەدا. جاران بە دارا دو داری دی و دۆی دادە و و دەنگی دەهۆڵی پارشێو و درۆ و دەلەسە و درەندەیی دوژمن و دڵ‌پاکی و دڵسۆزی خەلک و دەنگە دلێرەکەی رادیۆی شۆرش چاومان بە کوردایەتی کرانەوە، لە گەڵ شۆرشی هەڵسانەوەی دوای شکستی شۆرشی ئەیلولیش دەستە دلێرە گەنجەکانی گەل سەر لە نوێ تۆوی ئومێدیان چاندەوە. نیو سەدە دواتر کە ئێستا دەکات دزی و درۆ و دەلەسە و دراو و دورویی و درەندەیی و دارمان و داکشان و دێوزمەیی و دێرینی ساختە و بن دیوار و دەڵاڵی کۆیلەی سیاسەت و بازرگانی و دژواری داد و خزمەتگوزاریەکان و دۆشینی خەڵک و ..... تاد بونەتە بەشێک لە خەسڵەتەکانی ئەم دۆخەی تێیدا دەگوزەرێین. جاران پەرلەمانمان نەبو، ویژدان و باوەر و پاکی پەرلەمانمان بون و خەڵکی بە ئەمەک وێرای درندەیی دوژمن بوێرانە چاودێری کار و رەفتاریان دەکرد، جاران شانازیمان بە سەرکردە و رابەرەکانمانەوە دەکرد و پشت و پەنامان بون، ئێستا خاوەنی پەرلەمان و بەناو دیموکراسین و سەرکردە و رابەرەکان بچوک بونەتەوە بۆ سەرکردەی حزب و جەمسەر و تاقم و گروپەکانیان. لە مێژە، شەش سەدە پێش میلاد، لە ئەسینا کەرەستەکانی دیموکراسی دارێژران، لەو ساتەوە چەمکی دیموکراسی گۆرانکاری گەورەی بەسەردا هاتوە، لە ناوچەکەمان تەوژمی دیموکراسی پاش روخاندنی دیواری بەرڵین بەرپابو، بەهۆی گەڵیک هۆکاری مێژویی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسەوە ئەو تەوژمە سەرەتاییە رەونەق و بەهاکانی زۆر کاڵبونەتەوە. بەتەنیشت هەر پرۆسەیەک و سیستەمێکی بەناو دیموکراسی دیکتاتۆرێک، شێخێک، ئەمیرێک، بنەماڵەیەک، لەشکرێک و ئایین و مەزهەبێك چنگیان بەتوندی لە گەردنی دیموکراسی چەقاندوە. ونستۆن چەرچڵ دەرباری دیموکراسی گوتویەتی: باشترینە لە سیستەمە خراپەکانی دنیادا. لای رۆژئاوا دیوکراسی بۆتە نەریتێکی مێژویی، لە ناوچەکەمان و لای خۆمانیش وەهمێکە، وەهمێکە شاگردەکانی حزب و دەسەڵات لە پەرلەمان وێناکێشی دەکەن بێئەوەی توانیبێتیان لە نزیکەی سی ساڵدا گەردنی دیموکراسی لە چنگەکانی دەسەڵات قورتار بکەن. ئەمە مانای ئەوە نیە کاری باشیان نەکردبێت، مەخابن پاکژکردنی جۆگەلە و باریکە روبار بون، ئاوەکە لە سەرچاوە چۆن بوە هەر دێت و دەروات. شکستی گەورەی پەرلەمانی کوردستان گەیشتۆتە لوتکە چونکە بۆ هەمو ئەو دالانەی رەوشی کوردستان هاتون یاسایەکیان بە ناوی چاکسازی خەتم کردوە، یاسایەک خۆی لە قەرەی سەرچاوەی ئاوە لیخن و لێڵەکە نەداوە، هاتون خەتاکەیان خستۆتە ئەستۆی مەجرای جۆگەلە و باریکە روبار و ئاوە مەنگەکان.
عەلی کەریمی ئیتر دەبێ هەر وابێ، کاتێک لە وڵاتێکی بێ ساحێبیی وێران و بێ شوان و دایک و باب، دەوڵەتمداری و بەڕێوەبردن و کوێخای وڵات، دەکەوێتە دەستی خەڵکانی کاڵفام، ماستاوچی، موستەفید، موزایدەچی و دەروێشی بنەماڵە و شێت و شەیدای عانە و باخ و ڤێلا و تڕۆمبێلی دەیان دەفتەر دوڵاری، سروشتی دەبێ دۆم کە کەڵاش بۆ خۆی بکات چی لێ دەردەچێت؟! ڕوانینێکی سەر پێیی بەسەر وڵاتانی ئەم سەر عەرزە زۆر بە سانایی بۆمان دەردەخەن؛ ڕۆژانی پشوو لە زۆربەی وڵاتان چۆن و بە چ عەیارە و پێوانەیەک و دوای مشت ومڕی لایەنەکانی ناو پەرلمان، چۆن ولەبەرچی دیاریی دەکرێت. لە ناوەڕاستی هەشتاکان ئاگادار بووم، بۆ ڕۆژی نەتەوەیی سوید ، چەند ساڵ لەسەر یەک گفتوگۆ و ململانێ بوو لە نیوان خەڵک و حیزبەکانی ئەم وڵاتە، پەرلمان کۆ دەبووەوە ئەرێ ئەم رۆژە، وا بزانم شەشی پووشپەر دەکات، بکرێتە پشوو و بۆنەی فەرمی یان نا؟! زۆری خایاند و چەند ساڵێک لە پەرلمان بیرۆکەکە سەر نەدەکەوت، دەیانگوت ڕۆژانی پشوو زۆرە و نابێ وڵات داخرێت و چەرخی ئابووری وڵات بەم بۆنانەوە دوا کەوێت. لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا ١٠ ڕۆژ، کاندا ١١، سوید و زۆربەی وڵاتانی ئەورپا لە نێوان ١٠ بۆ ١٢ ڕۆژیان هەیە، لە وێتنام تەنیا ١٠ ڕۆژ و هەرچی وڵاتانی لاتین ئەمریکایە کە بە تەمبەڵی و زۆرتری پشوو بە ناوبانگن، کولومبیا کە زۆرترینە ١٨ ڕۆژ و مکزیک کەمترینە ٧ ڕۆژیان هەیە، ئاڕژانتین و شیلی ١٥ ڕۆژ و برازیل ١٢ ڕۆژ. ئیتر زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان لە نێوان ٧ بۆ ١٨ ڕۆژ پشووەکانی فەرمیان بە دەستور و بریاری کۆ و پەرلمان دیاری کردووە. لە وڵاتانی دەورووبەری خۆمان تورکیا ١٥ ڕۆژی لە ساڵدا هەیە. ئێران ئەم وڵاتە بوو تا ئەمڕۆ زۆرترین پشووی ساڵی هەبوو، ٢٧ ڕۆژ بە فەرمی پشووی کارمەندان و خەڵک بوو. ئەمڕۆ لە ناکاو تەنیا بە بریاری حکومەتێکی فاشڵ و دوور لە خەڵک، بەبێ حیسێبکردنێک بۆ پەرلمان، ڕۆژی مردنی مستەفا بارزانی کە زۆر زیاتر لە نیوەی خەڵک نە تەنیا لەسەری هاوڕا نین، بەڵکو بە نەیاری خۆیان و بە سەرکردەیەکی فاشل و شکست‌خواردووی دەزانن و پێیان وایە زۆرتر لە غەمی کوڕان و بنەماڵەکەی خۆیدا بووە تاکوو ڕەشوڕووتی وڵاتەکەی و شۆڕشێکی پانزەبیست ساڵی بە ئاشبەتاڵکردن دا، کرایە پشووی فەرمی بۆ هەموو هەرێم. ڕۆژانی پشووی هەرێمی کوردستانێکی بێ بەهرە و مەسرەفی و تەنیا پشت بەستوو بە فڕۆشی نەوت، تاقە شتێکی کە دەتوانێ کوردستان بەرێتە کتێبی گێنیسی جیهانی، ژمارەی ڕۆژە پشووەکانێتی کە بوو بە ٣٨ ڕۆژی فەرمی و دەیانی بندیواریش! لە وڵاتێک کە هیچ لەبەرچاوگرتنێک بۆ ئیش و دەوامی کرێکار و کارمەندەکانی نەکرێت و لە دیوەخانان بریار بدرێت کرێكار و ژنان و پیاوانی میری چەند سەعات کار بکەن و چەند ڕۆژی ساڵ بەدەست بەتاڵی لە ماڵدا بمێنەوە و بیر لە گەشەی ئابووری و وەبەرهێنان نەکرێتەوە، زۆر دیارە ئەم وڵاتە هەر دەبێ خەونی سەربەخۆیی و ئیرادەی نەتەوەیی ببینێت. زۆر زوڵمە کوردستان بەم دەردە بەرین و حاڵی جوتیار و کرێکارمان ئاوا بە زەڵیلی بێ و دەوڵەتمدارانی جێی پێکەنین و هیچ لەباراندا نەبوو، چارەنووسی ئەم میللەتەیان بە دەستەوە بێت! ئیتر مادام تەنانەت لەم پرسەش هیچ حیسێبێکیان بۆ پەرلمان و ڕای خەڵک نەکرد، باش وایە دەرگای ئەم هۆڵە گاڵە درێت و هەرچی هەیە بگەڕێتەوە بۆ دیوەخانەکەی سەری ڕەش و ڕۆژانی پشووی سەرۆکی پەرلمان و پەرلمانتارانیش بکرێتە ٣٦٥ ڕۆژ!
مەریوان وریا قانع (٢) ڕقبوونەوە لە خود، یاخود ”خودنەفرەتیی“، لە ئەدەبیاتی سیاسیی و لە بواری سایکۆلۆژیای دەستەجەمعیدا دیاردەیەکە بە توندی بە مێژووی جولەکە و بە پەیوەندیی جولەکەکان لەگەڵ خودی خۆیندا گرێئەدرێت. جولەکەکان وەک ھەڵگریی ئەم پەیوەندییە تایبەتە دەبنێرێن، ئەگەرچی دیاردەی ”ڕقبوونەوە لە خود“ شتێک نییە تایبەتی بە جولەکە بەتەنھا. لە ڕاستیدا بەردەوامیی ئەم دیاردەیە بۆ ماوەیەکی درێژ لە مێژووی جولەکەکاندا و بە تایبەتی لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەمەوە تا سەردەمی جەنگی جیھانی یەکەم، لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیادا لە کێشەیەکی دەرونییەوە دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە ڕۆحیەتی تایبەت، بۆ زیھنیەت و عەقڵیەت، بۆ ئەو شتەی بە ئینگلزیی پێیدەگوترێت ”مێنتا‌ڵیتی“، Mentality. بێگومان دیاردەی ”ئەنتی سامیتیزم“، واتە ”دژە جولەکە بوون“، دیاردەیەکی دێرینە و ڕەگوڕیشەکانی بۆ ململانێی دینیی نێوان جولەکەکان و مەسیحییەکان دەگەڕێتەوە. لە سەردەمی مۆدێرندا، بە تایبەتی لە سەدەۆ نۆزدەھەم و ھاتنەکایەی زانستی بایۆلۆژیا و لەدایکبوونی داروینیزمدا، ئەم دژە جولەکەبوونە دەگۆڕێت بۆ ڕاسزیم و نەژادی جولەکە، وەک نەژادێکی سامی، بە نەژادێکی نزم ناودەبرێت. لە سەردەمی نازیەتی ئەڵمانیدا ئەم ڕاسیزمە دەبێتە بنەمای داڕشتنی پلانی لەناوبردنی یەکجارەکیی و سڕینەوەی نەژادی جولەکە لە ئەوروپادا. بەڵام ئەمە ھەموو فۆرمەکانی ئەنتی سامیتیزم، یان دژەجولەکەبوون، نییە. نووسەرە جولەکاکان خۆیان باس لە فۆرمێکی زۆر تایبەتی دیارەی ”دژە جولەکەبوون“ دەکەن کە بریتییە لە: ”دژەجولەکەبوونی جولەکەیە بەرامبەر بە جولەکە خۆی“، Jewish antisemitsim. و ھەندێکجاریش وەک ”دژەجولەبوونێکی داپۆشراو“ وێنایدەکەن، Disguised antisemites. لە کتێبی ”سێکس و کاراکتەر“دا نووسەری جولکە ڤاینینگەر دەنووسێت ”تاڵترین ئەنتی سامیتیزم، ئەو جۆرەیە کە لەناو جولەکەکان خۆیاندا ئەیاندۆزینەوە“. (Gilman 1986, pp. 293–294) ئەم ڕقبوونەوەیەی جولەکە لە جولەکەبوون و ئەم خودنەفرەتییە بە تایبەتی لە ئەڵمانیای سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەھەم و تا سەردەمی دوای جەنگی جیھانی یەکەم، دەردەکەوێت. بەشێکە لە مێژووی جولەکەکانی ئەڵمانیا، بە تایبەتی لە سەدەی نۆزدەھەم و سەدەی بیستەمدا. بە جۆرێک لە سەردەمی جەگی جیھانی یەکەم و دوای جەنگەدا ئەم نەفرەتکردنەیە لە خود. لەدایکبوونی چەمکی ”جولەکەی خودنەفرەت“، ، “self-hating Jew”،، جولەکەیەک کە ڕقی لە خۆیەتی، بەو سەردەمەوە گرێئەدرێت. لە ئەڵمانیادا ژمارەیەکی بەرچاو لە جولەکە ئەڵمانەکان جولەکەبوونیان وەک ئافەت و بەڵا، یان وەک نەفامیی و گەمژەبوون وێنادەکەن و بەو شێوەیەش مامەڵەیدەکەن. جولەکەبوونیان وەک ھەستکردن بە ئیھانەکردن بینیوە، زۆریان بە ئیھانەیان زانیوە بە جولەکە بناسرێن. جولەکەبوون وەک لەکەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و دینیی و وەک پەڵەیەکی دینیی پیس بینوە کە پێویستە لە خۆیانی بکەنەوە و بیسڕنەوە. تەنانەت شاعیرێکی وەک ھێنریش ھاینە، کە دینەکەی خۆی گۆڕیبوو بۆ پرۆتستانی، پێیوابە کە جولەکەبوون جۆرێکە لە لەعنەت. ئەم نەفرەتکردنە لە خود بەشێکە لە ئەدەبیاتی جولەکە و تەنانەت لە تیورە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانیش. لە دیدی شارەزایانی ئەم بوارەدا ئەم خودنەفرەتییە لای جولەکەکان ھەم دیاردەیەکی تاکەکەسیی و ھەم دیاردەیەکی دەستەجەمعیی بووە. لە ئاستە دەستەجەمعییەکەیدا لە دژایەتیکردن و ناشیرین‌کردنی بەشێک لە جولەکە بەرامبەر بە بەشێک لە جولەکەکانی تردا بەرجەستەیە. بۆ نموونە ڕقی بەشێک لە جولەکەکانی ئەڵمانیا لە جولەکەکانی پۆڵەندا و جولەکەکانی تری ئەوروپای خۆرھەڵات. یان جولەکە ئۆرتۆدۆکسەکان بەرامبەر بە جولەکە ڕیفۆرمخوازەکان. تیۆدۆر لێسینگ، Theodor Lessing، یەکێکە لەو نووسەرانەی لە ساڵانی سی سەدەی بیستەمدا ئەم دیاردەی خودنەفرەتییەی تیوریزەکردوە. ئەم نووسەرە خودنەفرەتی جولەکە وەک ئاکارێکی پاسۆلۆژیی و وەک جۆرێک لە عوساب دەبینێت، acute pathology of psychosis..و وەک دەرەنجامی کەمینەبوون و مەنفیبوونی چەندین سەدەی جولەکەکان مامەڵەیدەکات، کە بەسەریەکەوە دۆخێک دروستدەکەن جولەکەکان ھیچ شکۆیەک بەرامبەر بە خۆیان و لەناو مێژووی خۆیاندا نەبینن. ھیچ ھەستێکیشیان بە بوونی نرخێک بۆ خۆیان نەبێت و ڕێزگرتنیان لە خۆیان لە پلەیەکی ھێجگار نزمدا بێت. چەندان سەدەش لە ئەنتی سامیتیزم وادەکات ئەو دۆخی خودنەفرەتییە ببێت بە دیاردەیەکی سایکۆ پاسۆلۆژیی و لە فۆرمی بیمارییەکی نەفسیی دەستەجەمعیدا ئامادەبێت.ھاوکات لێسینگ ئەم خودنەفرەتییە وەک نەخۆشییەکی کولتورییش وێنادەکات و گرێیئەدات بە ”تەماھیکردنێکی پڕ موبالەغەوە لەگەڵ فەرھەنگی باڵادەست و بەناوەکیکردنی پێشداوەرییەکانی ئەو فەرھەنگە باڵادەستەوە“ ((Gilman 1986). باوەڕیشی وایە ئەم دیاردەیە زیاتر لەناو ئەو خوێندەوار و نووسەر و ڕۆشنبیرانەدا ئامادەیە کە خۆیان وەک کەسانی تواوە و ئامێزانبوو بە فەرھەنگە باڵادەستەکانی سەردەمەکانی خۆیان دەزانن. لەم خودنەفرەتیەدا جولەکەکان ھەموو ئەو بەدبەختیی و نەھامەتیانەی لە مێژوودا بەسەریاندا ھاتوە، خستۆتە ملی جولەکە خۆی و جولەکەیان لەو نەھامەتییانە بە بەرپرس زانیوە. پێشیان وایە جولەکەکان پێویستە لەسەر ئەو چارەنووسە تاڵەی ھەینابووە، تەنھا لۆمەی خۆیان بکەن. ھەستکردنی بەردەوام بە ترس و ھەستکردن بە بچوکیی لە بەرامبەر ئەوانیتردا، کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەم خودنەفرەتیەن. لەگەڵ دروستبوون و ھاتنەکایەی دەوڵەتی نەتەوەشدا لە ئەوروپا، لە کۆتاییەکانی سەدەی ھەژدەھەمەوە، ئیتر مەسەلەی دروستکردنی ”دانیشتوانێکی لێکچوو“، یان ”ئامێزانبوون“ بەمانای ئیندیماجکردن، دەبن بە بابەتی سەرەکیی و وا چاوەڕوان دەکرێت جولەکەکان ببنە بەشێک لەو دانیشتوانە تازەیە کە دروستدەبێت. ئەم دۆخە جولەکەکان، بە تایبەتی لە ئەڵمانیادا، بۆ دوو بەرە دابەشدەکات. یەکەمیان ئەو بەرەیەیە کە لەگەڵ تواندنەوە و ئامێزانبووندابون لەناو ئەو چوارچێوە تازانەدا، دووەھمیان ئەوانە کە دەیانویست شێوە ژیان و ئاین و زمان و کەلەپوری خۆیان بپارێزن. خودنەفرەتیی جولەکە، بەرھەمی ئەو بەشەی جولەکەکانە کە لەگەڵ تواننەوە و ئامێزنبوونی جولەکەدابوون لەناو ئەو کۆمەڵگا تازانەدا، بێگوێدانە کێشەی بڵاوبوونەوەی ڕاسیزم و بەھێزبوونی زاتری ئەنتی سامیتیزم. لە سەرێکی ترەوە ”خودنەفرەتیی“ جولەکە، وەک شارەزایانی ئەم بوارە دەڵێن، دەرەنجامی تێکەڵبوونی ”خودڕەخنەیی“ جولەکەکانیشە بە وێنەی جولەکە وەک نەزان و گەمژە و بەڵا. وێنەیەک لە سەدەی نۆزدەھەمەوە جولەکەکان بەرامبەر بەیەکتری زیاتر و زیاتر ھەیانبووە. واتە بەشێکی ئەم ڕقبوونەوەیە لە خود و ئەم نەفرەتە لەوەی کە تۆ کێیت، لەو ھەڵوێستە ڕەخنەییەوە دێت کە مرۆڤ بەرامبەر بە خودی خۆی ھەیەتی، بەڵام ڕەخنەیەک کە سنووری ڕەخنەکردنی تێپەڕاندوە و گۆڕاوە بۆ ڕقبوونەوە لە خود. لەم ساتەدا ئیتر ڕەخنەگرتن لەوەدەکەوێت ڕەخنەگرتن لە خود بێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ ڕق و نەفرەتێکی سایکۆلۆژیی و سیاسیی لە خود خۆی. ڕەخنەیەک تێکەڵبووە بە ڕوانینێکی زۆر نزم بۆ خود و بە بەکەم و سوک و نوقسان تەماشاکردنی خۆی. ئەم فۆرمە لە سنووربەزاندنی ڕەخنەگرتن لە خود، ئەو ژێرخانە سایکۆلۆژیی و سیاسییەیە کە خودنەفرەتیی لەسەر دروستدەبێت.
دانا نه‌قی جه‌نگی ساردی نوێ سه‌ره‌تایه‌كی نوێیە بۆ دابه‌شكردنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و داهاتووی ناوچه‌كه، یٔه‌م شه‌ڕه‌ی یٔێستا ته‌نها شه‌ڕی دوو جه‌مسه‌ر و خاوه‌نهێزەکان نیه به‌ڵكو له نێوخۆی یٔه‌م ململانێیه‌دا شه‌ڕی ساردی نێوان سعودیه و یٔێرانه، له‌لایه‌ك شه‌ڕی یه‌كلابوونه‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌به به‌سه‌ر به‌ره‌ی شیعه و سوننه‌دا. وه‌ك ده‌بینین شه‌ڕ و یٔاڵۆزییه‌كان رۆژ به‌رۆژ وڵاتانی ناوچه‌كه له لێواری مه‌رگ و قات و قڕی نزیك ده‌كاته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك كه ناتوانرێت به چه‌ندین ده‌یه‌ی تر بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ سه‌رده‌می پێش به‌هاری عه‌ره‌بی. یٔه‌وه‌ی جێگه‌ی قسه له‌سه‌ر كردنه، هیلالی سوننه و هیلالی شیعه‌یه، به سه‌ركردایه‌تی سعودیه و یٔێران.هیلالی شیعی له باشوری عیراقه‌وه ده‌ستپێده‌كات بۆ سوریا و یٔێران، لوبنان و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی كه‌نداوی عه‌ره‌ب. په‌یوه‌ندی نێوان یٔێران و سوریا هۆكاره‌كه‌ی ته‌نها مه‌زهه‌بی شیعه نیه، به‌ڵكو یٔه‌م هۆكارانه‌ی خواره‌وه‌ش رۆڵ ده‌بینن تیایدا : - كاتی جه‌نگی عیراق-یٔێران، باوكی به‌شار یٔه‌سه‌د په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدا باش نه‌بوو له‌هه‌مان كاتدا یٔه‌سه‌د هاوكاری یٔێرانی ده‌كرد. - هه‌ردوو وڵات (یٔێران-سوریا) به یٔێستاشه‌وه رێگا ناده‌ن به ته‌واوه‌تی بكه‌ونه ژێر ره‌حمه‌تی یٔاسایشی یٔه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی. وه هیلالی سوننی له دوای دروستبوونی داعشه‌وه به ته‌واوه‌تی جوگرافیای دیاره كه له سعودیه‌وه بۆ توركیا، باشوری رۆژاوای عیراق، یٔه‌رده‌ن، میسر و به‌شێك له كه‌نداوی عه‌ره‌بی. به‌مه‌ش رۆژ به رۆژ چالاك ده‌بن بۆ رێگاگرتن له قه‌ڵه‌مڕه‌وی شیعه له‌لایه‌ك و هه‌روه‌ها له دوژمنی له‌مێژینه‌یان كه یٔیسرایٔیله. وه‌كو بینیمان له دوو ساڵی رابردوودا په‌یوه‌ندی رێككه‌وتنی سیاسی و بازرگانی نێوان سعودیه و میسر به ته‌واوی رۆیشته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه. یٔه‌وه‌ی گرنگه هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین كورده، به‌تایبه‌تی كوردی عیراق كه بۆ ماوه‌ی یست و نۆساڵه نیمچه ده‌وڵه‌ته و خاوه‌نی جوگرافیایه‌كی باش‌و سه‌رچاوه‌یه‌كی سرووشتی ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌كو نه‌وت و غازە یٔه‌وه‌ش بووه‌ته جێگای تێڕامانی رووسیا و یٔه‌مریكا. گرنگه سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد له دوای ئەم قەیرانی ئابوری و کرۆنایە بیر له یٔاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و خاك و یه‌كتر قبوڵكردن و باشكردنی بارودۆخی میلله‌ت بكه‌نه‌وه نه‌وه‌ك یٔاڵۆزكردنی دۆخه‌كه كه دۆخێكی یٔارامه له چاو زۆرینه‌ی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
ئارام سەعید سیاسەتی سی سالی رابردوی هەرێم بریتیە لە خولانەوە لەناو بازنەیەکی بۆش دا هەمیشە هەر قەیرانیک دەردەکەویت لە کۆتاییدا دەرئەنجامێک دەردەخەن کە خەتای هاولاتیە، تەماتەی کوردی بە نمونە. جوتیاران خۆپیشاندانیان کرد لەسەر ساخ نەبونەوەی بەروبومەکانیان، وەزیر لەجیاتی چارەسەر و پلانی ئێستا‌و داهاتوو، لەرووی زانستیەوە باسی کرد و وتی کە ئەوتەماتەیە بۆ دۆشاو ناشێت، دواتر چەندین چاو‌دێر و رۆژنامەنوس کەوتنە خۆ کە مەبەستی ئەوە نەبوە بەڵکو ئەوەیە کە تێچونەکەی زۆرە ،پاشان هەندێکی تر وتیان دەستی کار گرانە، پلانی باش نیە بۆ بەرهەم هێنان، جوتیاران بێ پلان کاریان کردوە، لە کاتێکدا خۆی هەموو ئەمانە بەرپرسیاریتی وەزارەتی کشتوکاڵە چارەسەری کات،بەڵام بەهەموو شێوەیەک هەوڵ دەدرێت لۆمەی جوتیاران بکریت کە بەبێ بەرنامە بەرهەمیان هێناوە، ئەم هەنگاوە پێمان دەڵیت کە سیاسیی ئەم وڵاتە دان نانێن بە هەڵەکانیانا و پێ دەچێت دان نان بە هەڵەدا لە سیاسەتی ئەم دەڤەرەدا نەبێت و ئەوەش بەشی زۆری کارەساتەکەیە، کە تا ئیستا یەک وەزیرمان نەبینی لەم قەیرانە قولەدا دەست لەکاربکێشێتەوە لەبەرئەوەی شەرم و حەیا نەماوەو کەس ئامادە نیە داوای لێبوردن بکات لە سیاسەتی هەڵەی خۆی، چ ئەوانەی ئێستا چ ئەوانەی سالانی رابردوو. کە شەرم نەما ئیتر ئەبێت یەکێک بدۆزنەوەو لۆمەی بکەن لەسەر ئەو هەلەیە. دەگەڕێن بۆ یەکێک یان گروپێک کە تاوانەکەی بخەنە پاڵ و لێی دەرچن، لە کوردستاندا ئەوەش ئاسانە یەکێتی دەیخاتە پال پارتی،پارتی یەکیتی تۆمەتبار دەکات، پاشان ئۆپۆزیسیۆن دەیخاتە پاڵ دەسەڵات و دەسەڵات دابەش بون و لەناوخۆیاندا یەکتر تاوانبار دەکەن و لە ژێرەوە کاردەکەن بۆ ئەوەی بیخەنە ئەستۆی بێ پلانی جوتیاران، لێرەوە بازنەیەک دروست دەکەن کە جوتیاران تیایدا دەخولێنەوەو لەناو ئەو هەموو وەڵامانەدا وون دەبن... ئەگەر دەرئەنجامەکەش بەرێکەوت دەرکەوت کە کۆمپانیای زەبەلاحی وڵاتانی دراوسێ رێگر بووە لەوەی تەماتەی خۆماڵی نەکرێت بە دۆشاو، یان حکومەت نەیتوانیوە هاوردەی ئەو بەروبومانە راگرێت کە لە ناوخۆ هەیە ئەوا نە دەسەڵاتی قەزایی هەیە لێیان بپرسێتەوە نە پارلەمان، لەو حالەتەشدا لێی دەردەچن نەداوای لیبوردن دەکەن نە سزاش دەدرێن. لێرەدا مەسەلەکە تەنها کشتوکاڵ و وەزیرەکەی نیە ئەوە تەنها نمونەیەکە،بەڵکو ئەم قەیرانە هەموو وەزارەتەکان و سەرۆکی حکومەتی ئێستا و حکومەتەکانی پێشوش دەگرێتەوە، سیاسەتی نەوت و داهاتی ناوخۆ لەبازنەی گەورەتردا دەخولینەوەو هاوڵاتیان گێژ کردوە بەو هەموو خولانەوەیە لەبازنەی بۆشدا. زانایانی دەرونناس و کۆمەڵناس پێیان وایە شەرم و حەیا لەسەر ئاستی تاکە کەس زۆر گرنگە بۆ مرۆڤ و گۆڕانکاری باش دروست دەکەن، ئەوکاتەی بەرپرسێکی سیاسی شەرم و حەیا دەیگرێت و داوای لێبوردن لەهەڵەیەکی رابردوی دەکات زۆر گرنگ دەبێت. نەمانی شەرم لە سیاسەتدا واتە شەرمکردن لەوەی سیاسیەکان ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکردوە، هەرەشەیەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، هەرەشەیە بۆسەر سەروەری یاسا، گرنگە سیاسی بزانیت کە شەرمکردن دەرفەتی گەورەی دەداتێ بۆ فێربوون، بۆیە لوتبەرزی و خۆ بەگەورە زانین لەبەردەم هاوڵاتیدا ئاکامی خراپتری دەبێت و متمانە لەدەست دەدەن. سیاسی لەم هەریمە لەجیاتی شەرمکردن لە هەڵەکانی خۆی پەنا دەبات بۆ شەرمەزارکردنی بەرامبەرەکەی کە ئەمەش بەکارهێنانی شەرمە وەک چەکێک بەڵام بۆ بەرامبەر نەک بۆ خۆی.
سەرتیپ وەیسی له سه‌ره‌تای دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنی حه‌قیقی و گه‌شه‌كردنی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، وامانزانی ئه‌و بزوتنه‌وه نوێیه شان به‌شانی ئه‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی له به‌رده‌ستماندایه و بۆ هه‌تا هه‌تایه ژیانمان ده‌گۆڕێ، به یه‌كجاری له كۆڵ ده‌سه‌ڵاتی و پارتی و یه‌كێتیی ده‌بینه‌وه، ژیانێكی جوانتر و حكومڕانییه‌كی باشتر ده‌هێنینه كایه‌وه. سه‌ركه‌وتنی گۆڕان وه‌ك یه‌كه‌م ئه‌زموونی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه و خۆپیشدانه‌كانی حه‌ڤده‌ی شوبات و وڵاتانی دیكه و كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موومان له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك، وه‌ك ئامرازێكی گرینگی دروستكردنی رای گشتیی و به سه‌نترالكردنی ده‌نگه ناره‌زاییه‌كان، ئاماژه‌یه‌ك بوو كه هه‌موو كه‌س له شوێنی خۆیه‌وه له به‌رامبه‌ر ئه‌و نا عه‌داله‌تی و ده‌سه‌ڵاته ده‌وه‌ستێته‌وه، چیتر كه‌س وا هه‌ست نا‌كات ته‌نهایه. به‌داخه‌وه ئه‌و حه‌ماسه‌ت و خۆشییه، دواتر بووه خه‌م و ناخۆشی، چونكه نه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و نه كه‌س و لایه‌ن و ناوه‌نده رۆشنبیرییه‌كانیش، نه تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیش، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له دروستكردنی كۆ ده‌نگییه‌ك، له پێناو باشتركردنی حكومڕانی و جوانكردنی خه‌باتی سیاسی، به‌ڵكو بووه هۆی دروستبوونی ناكۆكی زیاتر و به‌رته‌وازبوون و بێ هیوای زیاتر. هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئێره‌یان پڕكرد له پاڵه‌وانی خه‌یاڵی و خه‌ڵكی پڕ دڵ له كینه و رق، جه‌مسه‌رگیری و دووركه‌وتنه‌وه‌ی زیاتریان دروستكرد. دوای شكستی ئه‌زموونی گۆڕان، هه‌موو ده‌نگه‌كان به په‌رته‌وازه‌یی و به‌بێ به‌رنامه هاتنه فه‌یسبوك، ئه‌مه‌ش رێگه‌ی خۆشكرد بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری ناڕاست و پڕوپاگه‌نده و ته‌شهیر ناوزردان. ئێستا ئاسانترین شت ئه‌وه‌یه له لایه‌ن هاوڕێكانی دوێنێی ئۆپۆزسیۆن له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌خوین و ناشرین بكرێی. دوای شكستی ئۆپۆزسیۆن، خه‌ڵكه رۆشنبیر و ناوه‌نده دیموكراتی و ئازادیخوازه‌كان هه‌مووی ئیهمال كران، ئێستا گشتمان له فه‌یسبوكین، به‌ڵام به دۆست و نه‌یار كه‌سمان له‌گه‌ڵ یه‌كدا هاوڕانین، گفتووگۆكانمان هه‌مووی سه‌ری كێشاوه بۆ جوێن و ته‌شهیر و توڕه‌بوون. وای لێهاتوووه هه‌مووان بوونه‌ته مڕۆڤی هه‌رزه‌كار و ئالی، ڕۆڵی مرۆڤ جوان و راسته‌قینه و پسپۆڕه‌كان نه‌ماوه، قسه له‌سه‌ر هه‌موو شتێك ده‌كه‌ین به‌س ئه‌و بابه‌ته و پسپۆڕیانه نه‌بێت كه كاری خۆمانه. گفتووگۆكانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمان به‌جۆڕێك ساده و ساكار بۆته‌وه، شوێنێك نه‌ماوه بۆ گفتووگۆی جدی و قوڵ، ئێستا ئێمه بۆ ئه‌وه لێره‌ین قسه له‌سه‌ر یه‌كتری بكه‌ین نه‌ك قسه له‌گه‌ڵ یه‌كتری بكه‌ین. ڤیگه‌رو كه‌سه دیاره‌كانی میدیای نوێ و توڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوونه‌ته خه‌ڵكی شه‌لاتی و جونێو فرۆش. حكومه‌ت و په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و دادوه‌ر و حزب و هه‌رچی توێژه، هاتۆته تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و شوێنی حه‌قیقی كاری خۆیان جێهێشتووه. له‌و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی هه‌رچی بڵاوده‌كرێته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ڤێری فای بكرێت، یاخود پشتڕاستبكرێته‌وه شه‌یری ده‌كه‌ین، یاخود بۆچوونی خۆمان له‌سه‌ر ده‌ده‌ین و جاروباریش به لایك و كۆمێنت په‌یام بۆ یه‌كتری ده‌نێرین. له‌و زه‌ڵكاوه‌ی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی شوێنێك نه‌ماوه بۆ خه‌ڵكه ژیر و جوانه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگا، هه‌رچی له‌وێیه كاریگه‌ره به‌و دۆخه‌ی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی دروستكراوه؟!!! ئه‌و فه‌وزاو پاشا گه‌ردانیه‌ی كه ئێستا هه‌یه، ته‌نها به چه‌ند ساڵێكی كه‌م له پاش دروستبوونی گۆڕان هه‌ستیپێكرا، چه‌ند كه‌سێكیش ئاماژه‌یان به خراپی ئه‌و رێگه و سیاسته كردبوو، ته‌نانه‌ت به نوسین و قسه‌ش نه‌وشێروان موسته‌فایان ئاگاداكرده‌وه، به‌ڵام دواین قسه‌كانی ناوبراو له‌وباره‌یه‌وه ئه‌وه‌بو، كه تازه دره‌نگی كردووه و ئه‌و میلله‌ته‌ش ئه‌وه‌ندی زیاتری پێ هه‌ڵناستێت.
جەعفەر عەلی هەمووان دەزانین موریدان و دەروێشان، سەر بەو دونیایەن، کە هایدیگەر بە بوونی ناڕەسەن ناویدەبات، واتە بوونێک لە دەرەوەی بوون و ئامادەبوونی خۆیدا وەک سوبێکتێک، وەک مرۆڤێکی ئازاد و بیرکەرەوە. ئەو بوونەی تەنیا دەتوانێ لە رێی ئەویدییەوە بیربکاتەوە و وەک تاکێک هەم هێزی بیرکردنەوەی دۆڕاندووە، هەم لەوە دەرچووە بیربکاتەوە. کاتێک قسە لە تەریقەت دەکرێ، پێویستە لەو راستییە بە ئاگا بین، کە ئەم دیاردەیە ئەزموونێکی رۆحی قوڵە، ئەوانەی لەو دونیا رۆحانیەدا دەژین وایدەبینن، کە ماوەی دابڕاوی نێوان کەسی سۆفی (المتناهی Eternal) و خودا (اللامتناهی (Immortal کورت دەکاتەوە و بگرە ئەو ماوەیە دەسڕێتەوە. دەروێش لە خۆشەویستییەکی رەها بۆ خودا و ملکەچییەکی رەها بۆ شێخی تەریقەتدا دەژی، تا دەگاتە حاڵەتێک کە ویلیا‌م جەیمس ناویدەنێت: "حاڵەتی لە گۆکەوتن"، واتە حاڵەتێک کە کەسی سۆفی، یان دەروێش دەباتە دۆخی توانەوەی تەواو لە ئەویدی و دۆخی بێئاگایی لەوەی کە سوبێکتێکە و دەتوانێ بیربکاتەوە. ئەمەش رێک ئەو دۆخەیە کە مرۆڤ لە دەرەوەی دونیای فیکری دینی و تەریقەتیشدا لە رێی پۆشینی بەرگی ئایدیۆلۆژیاوە گیرۆدە و گرفتاری دەبێت. لە کۆمەڵگەیەکدا کە هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی نزمدا بێت، مەترسییەکە بە تەنیا لەوەوە نایەت کە دەسەڵاتی نەریتی و رێبەرانی رۆحانی پانتایی بیرکردنەوەمان دابپۆشێت، بەڵکو لەوەشەوە دێت، کە بەشێکی گرنگ لە نوخبەی خوێندەوار و هەڵگرانی بڕوانامە و قەڵەم بە دەستانی ئێمەش دەبنە بەشێک لەو لەشکرەی کە بە دەیان فرسەخ لە بیرکردنەوە دووردەکەونەوە، لێرەدا کاتێک بیرکردنەوە ئامادەیی نابێت، رۆشنبیر و مامۆستای زانکۆ و دکتۆر و ئەندازیار و ئەندام پەرلەمان و وەزیر و خوێندکار و... هتد، وەکیەک بەڵام بە شێوە و فۆرمی جیاواز، دەبنە دەروێش، هەر یەکە و شێخی تایبەتی خۆی و تەکیە و خانەقای تایبەت بەخۆی دەبێت. شێخێک رۆحانی و ئەویدی عەلمانی، شێخێک سەلەفی و ئەویدی ئیخوانی. گرنگ ئەوەیە شێخ دەبێتە سیمبول بۆ مانادان بە ژیانی ئەوانیدی، ئەوانیدی لە رێگەی شێخەوە نەبێت ناتوانن شوناس بە خۆیان بدەن، واتە هەمووان وەکیەک بوونێکی نائامادە و ونن، هەمووان وەکیەک خودێکی ئامادەن بۆ وەرگرتن و خەزنکردنی ئەو وشە و رستانەی لە دەرەوەی خۆمانەوە و لە زاری شێخی گەورەوە دێتە دەرەوە. شێخایەتی ئەگەرچی سەر بە دونیای رۆحانی و دینییە، بەڵام عەلمانیانی کورد بە هەموو هێزیانەوە لە تەکیە و خانەقاوە گواستیانەوە بۆ بارەگاکانی حیزب و لە شێخانی تەریقەتیشەوە بۆ سەرۆک و سکرتێر و رێکخەر و ئەمیر و ئەمیندار. کورت و پوخت گرفت بە تەنیا لە بوونی دەروێشی رۆحانیدا نییە، بەڵکو لە گواستنەوەی ئەو فیکر و ئایدیۆلۆژیایەدایە بۆ دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر دەستی خوێندەوار و عەلمانیانی کورد، کاتێک حیزب دەبێتە تەریقەت و سەرۆکی حیزبیش شێخی تەریقەت!
دانا رەشید ئەردۆگان لەم ماوە دوور‌و درێژەی حوکم کردنی بە قۆناغ کاری لەسەر هەم سیاسەتی نێودەوڵەتی کردوە هەم سیاسەتی رۆژهەڵات ، لە لایەکی تریشەوە ئیشی لەسەر کوالیتی عەقڵیەتی ناوچەکان کردوە ، سەرەتا دەبێ بوترێت ئەوروپاو ئەمەریکا رۆڵی زۆریان گێرا بۆ هاتنە سەر کاری ئاک پارتی و تێکشکاندنی حکومەتی بەرەیی تورکیا ،کە جۆرێک لە بلانسی هێزو بریاردان و تا رادەیەکیش دیمۆکراسیەتی هەڵبژاردنی راگرتبوو ، کە هەمیشە ئەگەر سەرۆک وەزیران پارتێک بوایە ئەوا سەرۆک کۆمار پارتێکی تر دەبوو ، بە هاتنی ئاک پارتی دەسەڵات بوو بە یەک حیزب و لەناو حیزیشدا لە کەسێکدا چڕ بوەوە ، بۆ ئەمە هەموو هاورێ نزیکەکانی ئەردۆگان کە زامنی ئەم هەڵکشانەی بوون ، باجی تەفرەخواردنی خۆیان دا‌و لە حیزب و دەسەڵات دوور خرانەوە ،وەک عبدوڵا گویل ، داود ئۆغڵو ، باباجان و چەند کەسی تر ، ئەردۆگان بەوە ناوبرا کە پیاوێکی پچوکە بەڵام خەونێکی گەورە دەبینێ ، بۆ ئەم خەونەش کە خەونی گێرانەوەی دەسەڵاتی ئیپراتۆری عوسمانی یە ، کە خۆی لە سنورێکی جوغرافی فراواندا دەبینێتەوە ،بە هاوکاری دەوڵەتانی گەورە شانۆگەری ئینقلابی ساز دا‌و بەمەش دەسەڵاتی سەربازیشی بۆ خۆی قۆرخ کرد، لە مەعمەعەی سیاسەت و هاوکێشە جەنگی و ئابوریەکاندا ، هەم یاری کردوە و هەم یاریشی پێ کراوە ، هەروەک چۆن فرۆکەیەکی روسی خستە خوارەوە و دوای ئاڵۆزی بە سەفقەیەکی ئابوری و سەربازی فرۆشتیەوە بە پوتین ، بە یارمەتی دانی رەمزی کەرتی غەزە لە فەلەستین ، گرژی لەگەڵ ئیسرائیل دروست کرد لە سنورە ئاویەکان و دوایش بە سەفقەیەکی ئابوری و پێدانی سنورە ئاویەکان بۆ تەراتێنی ئیسرائیل بێ دەنگی کرد ، بە پلانی کوشتنی رۆژنامە نوسی عەرەب خاشوقچی ،گرژی لەگەڵ ئەمەریکا دروست کرد‌و دوایی بە سەقەیەکی ئابوری خامۆشی کرد ، ئەمە بە تێکڕا کارکردنی ئەردۆگان بوە لە ناو دەوڵەتە گەورەکان بۆ دژایەتی مەسەلەی کورد ، چۆن ئیسرائیلی بێ دەنگ کرد کاتێ پشتیوانی لە دروست بوونی کیانی کوردی دەکرد بە ئیعلامی ، چۆن روسیای بێلایەن کرد کاتێ کوردی رۆژئاوای لە هاوکێشە سەربازی و سیاسیەکان لە سوریا بە تەرەفی بەهێز ناو دەبرد ، چۆن ئەمەریکای لە رۆژئاوا کشاندەوە تا خۆی هێرش بکاتە سەر کوردەکان بیان کوژێت ، ئاوا مەسەلەی کوشتنی خاشوقچی دروست کرد ، ئەردۆگان لە ناو تورکیا‌و رۆژهەڵات جۆرێکی تر کاری کردوە ، هەڵبەتە دیوی رۆژهەڵات زۆر جیاوازە ، بە دوو جۆر کاری لەسەر کوێر کردنی عەقڵی مرۆڤ و کۆمەڵگە کردوە ، چۆن لەگەڵ حکومەتی مورسی لە مصر رێک کەوتبوو بۆ گرێدانی مصر بە تورکیاوە ،بۆ ئەمەش دەستیان لە کوشتنی قیپتیەکانی مصر و سوتاندنی کەنیسەکانیان نەدەپاراست،کاتێ گەورەترین کەنیسەی قیپتیەکانیان سوتاند کە هەزاران ساڵ بوو بە پێوەبوو ، مورسی هیچ کاردانەوەیەکی نەبوو ، بە روخانی مورسی ئەردۆگان لە رۆژهەڵات دەستێکی بەهێزی شکا ، ئێستە گەرەکێتی لە لیبیا ئەو بەرنامە قێزەونە تەواو بکات ، کارکردنی لەسەر بە تایبەت کورد و تورکە راسستە قەومچیەکان ، مەسەلەی بوونی دەسەڵاتێکی ئیسلامی و چەسپاندنی شەرعی دین و گەراندنەوەی یان دروست کردنەوەی سوڵتانی عوسمانی و خۆشی یەکەم سوڵتانی بێت ، ئەتوانم بڵێم زۆرایەتی کوردی عەقڵ کوێری مسوڵمانی لەگەڵدایە ، بۆ نمونە هەرچی مرۆڤی کوردی ئیسلامیە چ لە ناو خاکی باکوری کوردستان یان لە باشوری کوردستان ، بە دڵ پشتیوانی لێ دەکات ، هەروەک چۆن حیزبەکان وەک یەکگرتوی ئیسلامی بە ئاشکرا پشتیوانی دەکات ، بۆ ئیسلامیەکان خاک و وڵات و سەروەری و ئەم شتانە قیمەتی یەک توری نی یە ، هێندەی دەخوازن دەسەڵاتێک بیتە کایەوە ، شەرعی دین بچەسپێنیت ، جا ئەو دەسەڵاتە داعش بێت یان ئەردۆگان بێت ، یان قاعیدە بێت یان هەر جیهەتێکی تر ، هەرچی دەروێش و شێخ و تەکێ و خانەقاو کەسانی تەریقەتی هەیە لەگەڵیدان چونکە ئەمانە یەک کەس بە عینوانی شیخ دەیان بزوێنێ ، شیخ لەگەڵ ئەردۆگان بەرژەوەندی گرێ داوە ، حیزبەکانی تریش وەک پارتی و یەکێتی و ئەوانی تر بە ناوی سیاسەتەوە گرێدراوی سیاسەتەکانی ئەردۆگانن، واتە بە رێژەیەکی ترسناک مرۆڤگەلی کوردی لە بەرکێدایە ، لە ناو تورکیشدا دەزانێ چۆن کار لەسەر عەقڵی کوێری راسستی بکات ، کە پەیوەستە بە جۆری پەروەردەی خێزانی کۆمەڵگەی تورک ، چۆن کوردەکان قەتڵی عام بکات چۆن دژی خواستەکانیان بێ ،ئەمە مەرجی دەنگ پێدانەوەی تورکێکی راسستە بۆ هەر سەرۆکێک و هەر پارتێک ، لێرەوە ئاگری یاریەکە خۆش دەکریت ، باشوری کوردستان نەک هەر ئیمانی بە سەربەخۆیی و خاک و هیچ شتێک نەماوە بەڵکو جیهانی کورد بوون لە باشور لەمپەری راست بۆ ئەوپەری چەپ بوە بە پارەو خۆ دەوڵەمەند کردن ، واتە باشور بوە بە بازاڕی فاحیشەی سیاسی و بازرگانی ، باکور خەبات و کارێکی زۆر دەکرێت بۆ بە هۆش هێنانەوەی عەقڵیەتی کورد ، ئەوە زیندانەکان شاهێدی دەدەن و بەدەست هێنانی ٪ ١٣ دەنگی پارتێکی بەرەیی کوردی گەواهی دەدات ، رۆژئاوا ئەوە دەبینرێت چۆن لەناو کوانوی ئاگردا مقاوەمەی مانەوە دەکات ، باشور ئەو حەوشەیەیە بۆ ئەردۆگان و تورک کە کورد‌و کوردستانی تێدا دەشکێنیت ، باشور رزگار نەکرێت ئەردۆگان فرسەخ بە فرسەخ لە سەرکەوتنی خۆی و بە هەتا هەتایی شکاندنی کورد‌و کوردستان نزیک دەبێتەوە .
ئومێد قه‌ره‌داخی ته‌سه‌وف رزگاربونه له عه‌شقی دنیا و رووكردنه عه‌شقی ئیلاهیه، جێهێشتنی چێژی مادییه له‌پێناو گه‌یشتن به چێژی روحیدا ، هه‌وڵدانه بۆ گه‌یشتن به پله‌یه‌كی باڵا له رۆحانیه‌ت، بۆ ئه‌مه‌ش تاك له رێگای زیكر و ته‌هلیله‌وه، له رێگای تێڕامان و كۆمه‌ڵێك ئه‌زموونی روحییه‌وه تێكه‌ڵ به‌عشقی ئیلاهی ئه‌بێت، له نێو ئه‌و عه‌شقه‌دا ده‌گاته پله‌یه‌ك هه‌ندێك له سوفیه‌كان پێده‌ڵێن فه‌نابوون، جه‌وهه‌ره‌كه‌ی فه‌نابوونی خوده له‌نێو عه‌شقی ئیلاهیدا ،یان تا ئه‌و سنوره‌ی سوفی ده‌چێته دۆخێكه‌وه ، له ژیانی مادی داده‌بریت و ئه‌بێت به به‌شێك له مه‌عشوقه‌كه‌ی كه زاتی خودا خۆیه‌تی ، بوونی خۆی له نێو بوونی ئه‌ودا ده‌بینیته‌وه ، بوونی ئه‌ویش له نێو بوونی خۆیدا مه‌نسوری حه‌لاج یه‌كێك له دیارترین ئه‌و سوفیانه‌ی له‌م باره‌یه‌وه به‌روونی دواوه ، ئه‌و ئه‌ڵێت (أنا من أهوی ومن أهوی أنا ،نَــحــنُ روحــانِ حَـڵنـا بَـدَنـا، فــــــإژا أبصرتنی أبصرته، وإژا أبصــــــــرته كان أنـــا) واته ( من ئه‌وكه‌سه‌م ئاره‌زووی ئه‌كه‌م، ئه‌وكه‌سه‌ی ئاره‌زووی ئه‌كه‌م منم ، ئێمه دووگیان بووین چوینه ناو یه‌ك لاشه ، ئه‌گه‌ر من ببینی ئه‌وت بینیوه ، ئه‌گه‌ر ئه‌و ببینی ئێمه‌ت بینیوه ) له‌به‌ر ئه‌م بۆچۆن و مه‌قامه روحیانه‌یه به‌رده‌وام ته‌سه‌وف و فه‌لسه‌فه‌كه‌ی له‌لایه‌ن ته‌وژمی سه‌له‌فی و نه‌قڵگه‌رایی مێژوی ئیسلامه‌وه رووبه‌رووی گرفت و كێشه بونه‌ته‌وه، ده‌ركه‌وتنی ته‌ریقه‌تیش له بنه‌ره‌تدا رێگایه‌كه بۆ رێكخستن و به كۆمه‌ڵایه‌تیكردنی ئه‌زموونی خوداپه‌رستی ته‌سه‌وف ، بۆ توانه‌وه له نێو روحانیه‌تدا، به‌ڵام له قۆناغه‌كانی دواتردا، به بڕوای من دوو گرفتی سه‌ره‌كی له نێو ته‌ریقه‌تدا رویداوه، یه‌كه‌میان ؛ لادانی جیاواز له ریبه‌رایه‌تی ته‌ریقه‌تدا رویداوه ، رابه‌رانی ته‌ریقه‌ت كه‌وتونه‌ته په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز و به‌رژه‌وه‌ندخوازانه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا، به پێچه‌وانه‌ی به‌هاكانی ته‌سه‌وفه‌وه ، ته‌ریقه‌تیان وه‌ك ئامرازی به‌دیهێنانی خۆشگوزه‌رانی به‌كارهێناوه ، به درێژایی میرنیشینی بابان ته‌ریقه‌تی قادری وه‌ك دامه‌زراوه‌ی ئایینی فه‌رمی ده‌سه‌ڵات رۆڵی بینیوه و رابه‌رانیشی له په‌یوه‌ندییه‌كی ئۆرگانی به‌هێزدابوون له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا، له‌كاتێكدا بنه‌مای گرنگی ته‌سه‌وف به‌جێهیشتنی ده‌سه‌لاته، بایه‌خدانێكی ته‌واوه به ره‌هه‌نده روحیه‌كه‌ی ئینسان ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بوو ، كاتێك مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی له هێندستانه‌وه گه‌رایه‌وه سلێمانی له ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكی كه‌مدا هه‌زاران موریدی بۆ په‌یدا بوو ، چینی هه‌ژار و جوتیار و كه‌مده‌رامه‌ته‌كان له ده‌وری كۆبوونه‌وه، كاتێك میرنیشینی بابان روخا ، شێخ و خه‌لیفه‌كانی ته‌ریقه‌ت له‌په‌یوه‌ندی به‌هێزدابوون له‌گه‌ڵ فیئوداله‌كان و خاوه‌ن زه‌وییه‌كان و به‌گه‌كان ، به بڕوای من تێوه‌گلانی شێخ و خه‌لیفه‌كانی ته‌ریقه‌ت له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی چینه كۆمه‌ڵایه‌تیه باڵاده‌ست و هه‌ژموونگه‌ره‌كان، لێدانێكی توند بوو له پێگه‌ی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌ریقه‌ت ، گرفتی دوه‌میشیان ئه‌وه‌بوو؛ ئه‌زمونكردنی روحی له نێو ته‌ریقه‌تدا ورده ورده گۆرا بۆ نمایش، بۆ روكه‌شگه‌رایی ، ئه‌مه له كاتێكدا ئه‌زموونی رۆحی، تێكه‌لبوون به خۆشه‌ویستی خودا ئه‌زموونێكی ته‌واو په‌نهان و نهێنیه ، ،ئه‌زموونێكی تاكه‌كه‌سییه، هه‌ڵقه‌ی زیكر و ته‌هلیله‌شبه كۆمه‌ڵایه‌تیكردنی ئه‌زموونی روحی نیه،به‌ڵكو له نێو ئه‌و ئه‌ڵقه‌یه‌دا هه‌ر كه‌سه ئه‌زمونیك ئه‌كات ، له جیاتی ئه‌مه نمایشی و و به روكه‌شكردنی ئه‌زموونی روحی گه‌شه‌ی كرد ، ئه‌م دوو هۆكاره رۆژ به رۆژ دۆخێكی وای دروستكرد مۆدێلی ئایینداری ناو ته‌ریقه‌ت ، سۆفیگه‌ری ببێ به دیارده‌یه‌كی نامۆ ، پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی خۆی له ده‌ستبدات ، ئه‌گینا ، هیچ فۆرمێكی ئایینداری به‌قه‌د ته‌سه‌وف و ته‌ریقه‌ت له نێو كوردا ره‌سه‌ن و ریشه‌داكوتراو نیه ، به‌قه‌د ئه‌و په‌یوه‌ندیدار نیه به مێژوو ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌وه ، ته‌نانه‌ت باوه‌رم وایه ده‌ركه‌وته‌ی رۆحی نه‌ته‌وه‌یی كورد له ئاییندا له نێو ته‌ریقه‌تدا خۆی مانیفیست كردوه ، هه‌ردوو ته‌ریقه‌تی قادری و نه‌قشبه‌ندی دوو ده‌ركه‌وته‌ی كوردبوونن له‌نێو ئاییندا ، له‌گه‌ڵ پاشه‌كشه‌ی ته‌ریقه‌ت ، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیدان به روكه‌شگه‌رایی له نێو ته‌سه‌وفدا و كاڵبونه‌وه‌ی ئه‌زموونكردنی عه‌شق و رۆحانیه‌تی ئایینی ، له‌گه‌ڵ تێكه‌لبوونی ته‌ریقه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندگه‌رایی، بۆشاییه‌كه‌ی گه‌وره دروست بوو ، سه‌ره‌نجام ئه‌و بۆشاییه مۆدیڵی ئایینداری ئیخوانی و سه‌له‌فی پڕیكرده‌وه، ئه‌م دوو مۆدێله له ئایینداری هیچیان له كوردستان بونیان نه‌بوه و به ته‌واوی هاورده‌ی ولاتانی میسر و بیاباننشینی عه‌ره‌بی بوون ، ئایینداری ته‌ریقه‌ت په‌یوه‌ست بوونێكی روحی و بێ به‌رژه‌وه‌ندییه ، به‌ڵام ئایینداری ئیخوانی و سه‌له‌فی په‌یوه‌ستبوونێكی پڕ له به‌رژه‌وه‌ندی و هه‌ڵپه و ته‌ماعی دنیاییه ، ئایینداری ته‌ریقه‌ت ئایندارییه‌كی نا توندوتیژ و نا هه‌ژموونگه‌ره ، له‌كاتێكدا ئایینداری ئیخوانی و سه‌له‌فی ئایینداریه‌كی توندوتیژ و هه‌ژموونگه‌ره ، پڕن له توندوتیژی سونبولی و فیزیكی به‌رانبه‌ر ئه‌ویدی جیاواز، ئاماده‌كارییه‌كی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆیه بۆ جیهاد، ئاینداری ته‌ریقه‌ت دوورن له ته‌ماعی سیاسی و هه‌ڵپه‌ی حوكم ، له‌كاتێكی ئاینداری ئیخوانی و سه‌له‌فی جه‌وهه‌ره‌كه‌ی ته‌ماعی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتخوازیه ، ئاییندارانی ته‌ریقه‌ت شتێكیان ناوێ زیاتر له ئازادی خۆیان ، به‌ڵام هه‌میشه ئاینداری ئیخوانی و سه‌له‌فی شتیكی زیاتر له ئازادی خۆیان ئه‌وێ، هه‌میشه له هێرشدان بۆداگیركردنی هه‌موو رووبه‌ری گشتی كۆمه‌ڵگا، ئایینداری ته‌ریقه‌ت یه‌كێكه له ده‌ركه‌وته‌كانی كوردبوون له نێو ئاییندا ، ره‌نگ و بۆن و به‌رامه‌یه‌كی ره‌سه‌نی كورده‌واریانه‌یه ، له‌كاتێكدا ئایینداری ئیخوانی و سه‌له‌فی ته‌عبیره له رۆحی بێگانه ، ره‌نگدانه‌وه‌ی ناسنامه و بوون و مێژووی عه‌ره‌به، ئایینداری ته‌ریقه‌ت یه‌كێكه له ده‌ركه‌وته‌كانی كوردبوون و به رۆحی كورد ئاشنایه ، له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه گۆران وێنه‌یه‌كی شیعری جوانی بۆ ئه‌مه كێشاوه و ئه‌ڵێت ده‌خیلت بم؛ ده‌سا به‌و لاوک و ئای ئای و حه‌یرانه، شه‌پۆلی زه‌وقی میللی پڕ ده‌روونی مات و چۆڵم که! له "بێتهۆڤن" گه‌لێ زیاتر به ڕۆحم ئاشنای وه‌ڵا ده ئه‌ی ده‌روێش؛ سکاڵایه‌ک له‌گه‌ڵ ڕۆحی کڵۆڵم که!
ماردین ئیبراهیم سامۆیل هانتیگتن له کتێبه‌که‌یدا 'پێکدادانی شارستانێتییه‌کان' ده‌وڵه‌تی تورکیا وه‌کو 'ده‌وڵه‌تێکی دادڕاو' وه‌سف ده‌کات؛ مه‌به‌ستیشی له‌وه‌یه که تورکیا به قووڵی کێشه‌ی ناسنامه‌ی هه‌یه، پشتی کردۆته مه‌که و برۆکسلیش وه‌ری ناگرێت. به‌ڵام ئه‌وه سه‌رده‌مێک بوو و ڕابرد. جاران تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی ببێته گه‌وره‌هێزێکی هه‌رێمی هه‌ژمووندار هه‌موو قورسایی خۆی خستبووه سه‌ر ئه‌وه‌ی له یه‌کێتی ئه‌وروپادا قبوڵ بکرێت و ئینجا له‌و ڕێگه‌یه‌وه هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ڕکابه‌ره هه‌رێمییه نه‌ریتییه‌کانی خۆیدا بسه‌پێنێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه به‌رده‌وامانه‌ی تورکیا به‌ر دیواری ڕه‌قی مه‌رجه‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا که‌وتن و تورکیا نه‌یتووانی ستاندارده گشتییه‌کانی ئه‌وروپا و به‌های ئه‌وروپا بۆ مه‌سه‌له‌ی مافه‌کانی مرۆڤ جێبه‌جێ بکات، بۆیه دوواجار ده‌ستی له برۆکسل شوشت و بایدایه‌وه بۆ ناوچه‌که. ئه‌مجاره‌یان تورکیا ڕووی له مه‌که نییه به‌ڵکو به خه‌ونی ئیمپراتۆریای دێرینه‌وه ده‌یه‌وێت خۆی ببێته مه‌که. ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی هێزه‌وه هه‌ژموونێکی ته‌واو به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا بکات و پاشان ئه‌وروپا وه‌کو هێزێک قبووڵی بکات. که‌واته وه‌رچه‌رخانی تورکیا وه‌رچه‌رخانێکی قووڵ و ستراتیجییه و گوزارشت له پرۆژه‌یه‌کی دوورمه‌ودا ده‌کات که به ته‌نیا ڕه‌هه‌ندێکی سیاسی نییه به‌ڵکو ڕه‌هه‌ندێکی 'که‌لتووری و شارستانیشی' هه‌یه، به‌ڵام هه‌م که‌لتووری و هه‌م شارستانی له که‌وانه‌دا چونکه شارستانێتی ئیسلامی له ئێستادا چیدی شارستانی ئیسلامی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست نییه و به‌م دۆخه‌وه ئه‌م شارستانێتییه نا‌تووانێت هیچ شتێکی مانادار و به نرخ پێشکه‌ش به مرۆڤایه‌تی بکات، بۆیه وه‌رچه‌رخانی تورکیا وه‌رچه‌رخانێکی توندتر ده‌بێت بۆ ئه‌و ڕه‌گوڕیشه فاشتستییانه‌ی خۆی که سه‌رجه‌می ده‌وڵه‌ت و دیسکۆرسی سیاسی و فه‌رهه‌نگی زاڵی تورکی له‌سه‌ر بنیاد نراوه. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه که ساڵانێکه ده‌ستی پێکردووه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک ده‌بێت به هه‌مان سروشتی ده‌وڵه‌تی نوێی تورکیاوه به‌ڵام به چنگ و نینۆکێکی ئیسلامییه‌وه. تورکیا چیدی منه‌تی به ئه‌وروپا نابێت و خۆی ناچار نابینێت گوێ به مه‌رجه‌کانی مافی مرۆڤی ئه‌وروپا بدات، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی ده‌یبینین ده‌وڵه‌تێکی بێچاوڕوو ده‌بێت که بۆ سه‌لماندنی خۆی پشت به هێز و ملهوڕی ڕووت ده‌به‌ستێت. ..... له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا کاتێک ڕۆشنبیران و ده‌سته‌بژێری ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌هۆش خۆیان دێنه‌وه له‌پڕ هه‌ست ده‌که‌ن زۆر له ئه‌وروپا و ڕه‌وتی شارستانێتی نوێ دوواکه‌وتوون، دوواتر که ئیمپراتۆریا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ناوچه‌که دروست ده‌بن و ده‌وڵه‌تی نوێی تورکیاش له‌لایه‌ن ناسیونالیزمی تازه ڕسکاوی تورکییه‌وه دروست ده‌کرێت. ئه‌و ده‌وڵه‌ته تازه‌یه که توانای نابێت جیاوازییه‌کانی ناو هه‌ناوی خۆی قبوڵ بکات، ڕاسته‌وخۆ ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ری قوتابخانه‌ی ئه‌ڵمانی بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌ت له‌و کاته‌دا. به‌شی زۆری ئه‌و که‌سانه‌ی راهێنانیان به سوپای تورکی کردووه له ئه‌ڵمانیاوه هاتوون و زۆربه‌یان تۆوه سه‌ره‌تاییه‌کانی نازیزمن و بڕوایان به‌وه‌یه که ئیتنیسیتی ده‌بێت بڕبڕه پشتی ده‌وڵه‌ت بێت. کۆمه‌ڵه‌ی ئیتیحاد و ته‌ره‌قی و که‌مال ئه‌تاتورک ئه‌و بیرۆکه‌یه گه‌ڵاڵه ده‌که‌ن که دوواکه‌وتنی تورک به‌هۆی ئیمپراتۆریای عوسمانییه‌وه بووه بۆیه به توندی دژی عوسمانییه‌کان و دژی فیکره‌ی خه‌لافه‌ت ده‌بن. له ڕێگه‌ی دروستکردنی سوپایه‌کی تۆکمه‌وه پایه‌کانی ده‌وڵه‌تێکی به‌هێز داده‌مه‌زرێنن که تیایدا ئه‌و ده‌وڵه‌ته به زه‌بری هێز و توندوتیژی باز به‌سه‌ر هه‌موو جیاوازییه ئیتنیی و ئاینییه‌کاندا ده‌دات و هه‌وڵی توواندنه‌وه‌ی هه‌موویان ده‌دات له‌ناو بۆته‌ی ڕه‌گه‌زی تورکی باڵاده‌ست. ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌ر هه‌مان ئه‌و مۆدێله‌ی ده‌وڵه‌تی نازی ئه‌ڵمانی و ده‌وڵه‌تی فاشی ئیتالی و ژاپۆنی ئه‌و کاته‌یه، به‌ڵام به زۆر هۆکار و له‌ناویاندا هۆکاری ده‌ره‌کی ئه‌مه‌ریکا له‌لایه‌ک و سۆڤییه‌ت له‌لایه‌کی تره‌وه نازیزم و هاوپه‌یمانه‌کانی له جه‌نگدا ده‌دۆڕێن و ئه‌وروپا ڕێڕه‌وێکی دیکه وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام فاشیزمی تورکی ده‌مێنێته‌وه. له‌و کاته‌وه تاکو ئێستا هه‌ر که‌س و حیزبێک هاتبێته سه‌ر حوکم له تورکیا سروشتی ده‌وڵه‌ت نه‌گۆڕاوه که ستراکتۆرێکی فاشییانه‌ی هه‌یه. مۆدێرنیتی یه‌که‌مجار له ڕێگه‌ی تازه‌بوونه‌وه‌ی سوپاوه دێته ناو تورکیا. توێژی سیاسی و ڕوناکبیری تورکیا کاتێک که‌ڵکه‌ڵه‌ی گه‌یشتنه‌وه به ئه‌وروپا ده‌که‌وێته سه‌ریان، بیر له‌وه ده‌که‌نه‌وه چۆن ده‌ستییان به چه‌ک و تفاقی جه‌نگی بگات، له به‌رامبه‌ردا پرۆژه‌یه‌کی جدی و تۆکمه نییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نوێبوونه‌وه‌یه ببێته پرۆژه‌یه‌کی عه‌قڵی و زانستی و دیموکراسیی لیبڕاڵ. ئه‌و پرۆژه‌یه که پرۆژه‌ی توواندنه‌وه ونکوڵیکردنی جیاوازییه‌کانی ناو تورکیایه هه‌ر هه‌مووی به‌سه‌ر جه‌سته و ڕۆحی ئه‌و ده‌سته و گروپانه‌دا ده‌رووات که دژایه‌تی ئه‌و ئه‌سیمیله‌یشتنه - تواندنه‌وه و ئاوێزانکردنی به‌تۆپزی- ده‌که‌ن که به‌شه هه‌ره زۆره‌که‌ی ئه‌و زه‌بره به‌ر کورد ده‌که‌وێت. ..... گۆڕینی بینای کڵێسا به مزگه‌وت هه‌ندێکجار له ئه‌وروپادا ڕوویداوه و هه‌میشه ئه‌و گۆڕانکارییه وه‌کو بابه‌تێکی شاره‌وانی و ئاسایی وه‌رگیراوه، هه‌ندێکجاریش له هیندستان بینای مزگه‌وتی چۆڵکراو یاخود ئاوه‌دان، کراوه به په‌رستگا یاخود ڕوخێنراوه و پاڵنه‌ری ئایدیۆلۆجی له پشت بووه به‌تایبه‌ت له‌و کاتانه‌دا که حیزبی به‌ها‌راتا جاناتای ڕه‌گه‌زپه‌رست له‌سه‌ر حوکم بووبن. ئه‌م گۆڕینه‌ی مۆزه‌خانه‌ی دێرین و مێژوویی ئایا سۆفیاش بۆ مزگه‌وت به پاڵنه‌ری ئایدیۆلۆجی ده‌کرێت و نیشانه‌ی شکستی تازه‌بوونه‌وه‌ی تورکیایه و هه‌مووان ده‌زانن تورکیا له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه بۆ مزگه‌وت په‌کی نه‌که‌وتووه، به‌ڵام تورکیای هه‌ژار له ڕووی کلتووریه‌وه زۆر پێویستی به مۆزه‌خانه‌یه‌کی ئاوا گرنگ هه‌یه. ئه‌و پرۆژه‌یه پرۆژه‌یه‌کی ئایدیۆلۆجییه بۆیه زۆرکه‌س خۆیان سه‌خڵه‌ت کردووه به عه‌لی قه‌ره‌داخیشه‌وه که له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ و له‌شکرکێشییه قسه ناکات به‌ڵام له‌و بابه‌ته‌دا تویته‌ری خۆی گه‌رم کردووه. ئه‌و پیاوه گوزارشته له که‌وتنی ڕۆحی و خۆبه‌که‌مزانینی مرۆڤی کورد و باسی ئه‌وه ده‌کات که له‌سه‌رده‌می 'شه‌ڕی خاچپه‌رسته‌کان'دا له ئه‌نده‌لووس مزگه‌وت ڕوخێنراوه که ئه‌وه دروستکردنی ته‌پوتۆزه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ ڕاستییه‌که نه‌بینێت. پرۆژه‌ی ئه‌ردۆگان هه‌ر هه‌مان پرۆژه‌ی ناسیونالیزمی تورکییه که له قوڵاییدا فاشیستییه به‌ڵام وه‌ک چۆن ده‌یه‌وێت له ئاستی هێز و نوێنه‌رایه‌تی ده‌وڵه‌تدا خۆی بکاته ڕه‌مزی ئه‌و ده‌وڵه‌ته، ئاواش ده‌یه‌وێت له ئاستی سیمبول و مانای ڕه‌مزیدا و له ڕێگه‌ی ده‌ستکاریکردنی زۆر شت‌دا شۆڕه‌سوواره‌که‌ی هه‌ر خۆی بێت، ئه‌نجامه‌که‌ش گۆڕانی فۆرمی ده‌وڵه‌ت و له هه‌مان کاتدا مانه‌وه‌ی ستراکتۆره فاشیستییه‌که‌یه‌تی.
سامان وەستا بەكر پێویست بوو حیزبە کوردییەکان لە دوای ساڵی ١٩٩١ و پاشانیش حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک شۆڕشی گەلێکی ژێردەستەکراو ماف زوەتکراو لە هەموو هەل و مەرجێکا کار و کرداری بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی قوڵترین ئاڵوگۆڕی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی چینە زەحمەتکێش و خەڵکانی تینوی ئازادی و سەربەخۆییا بووایە. هەر لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە هەنگاونانی لێبڕاوانە و بنەڕەتییانە لە لادێ و شارەکانی کوردستانا زۆر پیویست بوو، جێبەجێ کردنی یاسای چارەسەرکردنی کشتوکاڵ و کێشەی زەوی وزار ئەبوایە یەکێک لە کارە سەرەتاییەکانی حکومەت بووایە، چونکوم حکومەتەکانی عێراق وە بەتاینەتیش بەعسییەکان بە ڕاوگواستنەوەی لادێکان بۆ ناو شار‌و ئەنفال کردنیان توانیان کە خەڵکی لادیكان لە بەرهەمهێنێکی چالاکەوە بگۆڕی بۆ بەرخۆرێکی ماندوو. کارنەکردن بۆ ئاوەدانکردنەوەی لادێکان و هاوکاری نەکردنی حکومەت لە گەڕانەوەی خەلکە ئەنفال و ڕاگوێزراوەکان و ساز نەکردن و تەیار نەکردنی ئەو خەلکە زۆرە لە بەرژەوەندی ئابوری هەرێم یەکیکە لەهەرە هەلە ستراتیجییەکانی ڕاپەرینەکەی ساڵی ١٩٩١ کە ئیستا خەلک و حکومەت باجەکەی ئەیەن. هەر کۆمەڵگەیەک لادێ و گوند نشینی نەمێنێ، ئەوا بەشێک لە کلتوری و بۆماوەیی و داب و نەریتە ڕەسەنەکانی ئەفەوتێ و بەشێکی هەرە گەنگی کۆڵەکەی ئابوری و پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانی لەدەستئەیات. بێئاگای و گوێنەدانە توانا و بەهرە ناوخۆییەکان، یەکێکیترە لە هەلەکانی دوای ڕاپەڕین، بەجۆرێک هەر لەسەرەتای ڕاپەڕینەوە زۆرترین و بەهرەی ناوخۆی وڵات ئاوارەی وڵاتە جیاجیاکانی جیهان بوون، چونکوم نە حیزب نە حکومەت هیچ بەرنامەیەکیان نەبوو بۆ برەودان بەو توانا ناخۆییانە بەسودی وڵات و کۆمەڵگە. خێزان و کۆمەڵگە و حکومەت و وڵات وزەیەکی زۆر‌و ماندووبوون و داهاتێکی زۆر ئەبەخشن تا نەوەیەک بێتە بەرهەم، نەوەی تازە پێگەشتووش هەنگاو بە هەنگاو کۆی کۆڵەکەکانی خێزان و کۆمەڵگە و وڵات بەڕێوەبردن ئەگرێتە ئەستۆ و کۆی تواناکانی ئەخاتە خزمەت ولات، بەڵام کاتێ حکومەتێکی بێئاگاو خەم سارد گرنگی بەو توانا ناوخۆییە نەیات کە ساڵانێک پاش ماندووبوون هاتونەتە بەرهەم و هەلی کاری گونجاو ژیانێکی شایستە و شکۆی دەستبەر نەکات و سەرەنجام وڵات بەجێبهێڵن و ئیتر وڵات گرنگترین سامانی مرۆی خۆی لەدەستئەیات و پاشهاتێکی نەخوازراو لە سەرجەم کایەکانی بەڕێوەبردنا بەڕوونی هەستی پێئەکرێ. گرنگیدان بە چەند ناوچەیەکی دیاریکراو و شوێن نیشتەجێی و بەرپرسە باڵاکان و لەبیرکردنی هەندێ ناوچەیتر، هەڵەیەکی خۆکرد و بەرنامەی حیزبی و جێبەجێکاری حکومەتە، بەجۆرێک شارێکی گەورەو ئاوەدانی وەک سلێمانی کە پێش ڕاپەڕین پاکترین و خاوێنترین شاری عێراق بوو، مەخابن لەدوای ڕاپەڕینەوە کەمترین خزمەتگوزاری تیاکراوە و هیچ پرۆژەیەکی ستراتیژی ئەوتۆی تیانەکراوە کە شایانی باسکردنبێت و بگرە شەقامی سەد مەتریشی پێڕەوا نابینرێ و ئەم حکومەت بە حکومەتی ئەسپێرێ. پشتگوێ خستنی ناوچەیەک و گرنگیدان بە ناوچەیەکیتر ناتەبای و ڕقی لێدێتە بەرهەم و پێچەوانەکەشی ئاشتی و تەبای. دروستنەکردنی شەقامی دوو سایتی و نەبەستنەوەی شار‌و گوند‌و شاخ بەیەکەوە هۆکارێکە کە خەڵکی ناوچە دوورە دەستەکان ڕوو لە شار بکەن و نەگەڕێنەوە، شاریش لەبری بەرهەمی ناوخۆی ئەو ناوچانە پشت بە هاوردەو خۆراک و پۆشاکی ئەودیووی سنورەکان ببەستێ. لێنەپرسینەوە لە چۆنیەتی سەرفکردنی پارەی پرۆژەکان، کەمتەرخەمی و بگرە ئاسانکاریش بۆ بەڵینەدەراکان لە چۆنییەتی سەرفکردنی پارەی پرۆژەو چۆنایەتی کارەکانیان و لەوێشەوە بۆ گیرفانی بەرپرسەکان، یەکێکیترە لە هەڵە و مخۆرکەی ناوخۆیی. ئاخر لە چ وڵاتێکی تری دنیایا هێندەی هەرێمی کوردستان بەپرسی حیزبی بازرگان و خاوەن کۆمپانیا و نەخۆشخانەو کارگە و هاوردەکەری شمەکی بیانی و هەناردەکەری پارەی وڵاتی بۆ بانکەکانی دەرەوەی وڵات تیایە؟ خستەبەردەستی کەرتی گشتی بە "کەرتی تایبەت"، بەلام کەرت تایبەت بەواتا ناسراوە جیهانییەکەی نا بەڵکو کەرتێکی تایبەتی زۆر تایبەت و جیاواز لە هەموو ئەو هێما و خەسڵەتانەی کە ئەو کەرتەی پێئەناسرێتەوە، کە ئەکرێ بە "کەرتی تایبەتی حیزب و بەرپرس و خێزانی سیاسی" ناوزەندبکرێ. "کەرتی تایبەتی حیزب و بەپرس و خێزانی سیاسی" بۆتە مشەخۆر و گەنەی وڵات، ئەمانە هەرچی تەندەرو بازرگانی و هاوردە هەیە بە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی خۆیان سپاردوەو هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتیشیان تووشی ئیفلیجی و فەوتان کردووە ، بەڵکو ئەگەر لێرەو لەوێش هەندێک هەوڵی بازرگانی و پێشەسازیش هەبێ ئەوا ئەمان بوونەتە "دەرەبەگبەش"ی هەموو بازرگانەکان و بۆ ڕێگەدان بەکارکردنیان ئەبێ بەشی هەرە گەورەی قازانج بۆ ئەمانبێت، ئەوەش وائەکات بازرگان و مقاول و پیشەسازکار گرنگی بە کوالێتی نەیا تا ئەویش بڕیک قازانج بکات، سەرنجامیش خەڵکی باجەکەی ئەیات هەم لە خراپی کوالیتی و هەم لە گرانی شمەکیش. کۆنترۆڵ کردن و حکومکردنی هەرێم بۆ دوو ناوچەی جوگرافی لەلایەن دوو حیزبەوە. کۆنترۆڵ کردنی هەندێ ناوچەی ناو ئەو دوو جوگرافیە دابەشکراوەش لەلایەن بەرپرس و مەکتەب سیاسی و عەسکەرییەکانی ئەو دوو حیزبەوە، بەجۆرێک ئەو بەرپرسانە نەک هەر حساب و بۆ یاسا و ڕێسا و حکومەت و حکومداری مەدەنی ناکەن، بەڵکو لەناو خودی حیزبەکەی خۆشیانا کەس ناتوانێ لێیان بپرسێتەوە و بگرە هەندێک لەو بەرپرسانە هەر بەهۆی دەستەبەسەراگرنی ئەو ناوچانەوە لە حیزبا هێڵراونەتەوەو خودی حیزبیش ناوێرێ هیچیان بەرامبەر بکات لەترسی لە دەستدانی ئەو ناوچانە، کە نەوەکو ئەو بەرپرسانە زویربن و خۆیان ڕادەستی حیزبەکەی ئەولابکەن و بەوجۆرەش حیزبەکە ناوچەیەکی جوگرافی بە خەڵک و خاکەوە لەدەستبدات! ئەم دیاردە ناشرین و نامەدەنییەش بۆتە هۆکاری دروست بوونی چەندین پێشێلکاری یاسایی، کە دەسەڵاتی حکومەت بەمەرجی بەرپرس و خواستی ئەو حوکمڕانە حیزبی و عەشایەریانە تیا جێبەجێبکرێ، ئەمەش هۆکارێکە کە بۆتە لەمپەڕ بۆ یەکسانی و دادپەروەری و حکومڕانی مەدەنی و مەشروع غایب و چەپەک بێت. جیاوازی چینایەتی زۆر لەنێوان بەپرسە حیزبی و بازرگانە سیاسیەکان و سەرمایەدارانی بنەماڵە و کەسە نزیک و گوێڕایەڵەکانیان و خەڵکی ئاساییا بە شێوەکی ترسناک دروست بووە. چینی یەکەم زۆربەیان ئەوانە بوون کە لە سەردەمی شاخا تەنها پۆشاکێکی خاکی و چەکیکی سادە بە شانیانەوە بوو، دوای هاتنەخوارەوەیان بۆ ناو شار لە ئێستایا پۆشاکەکانیان باشترین براندی جیهانی و خورادنەکانیان هەمە جۆر‌و ماڵ و ئۆتۆمبیلەکانیان های کلاس و پارەی گیرفانیان هێندەی بانکێک لەخۆئەگرێ. مەخابن چینی دووەمیش شکۆی بە جۆرێک برندراو شکێنراوە کە بە ئاشکرا ئەگری هاواری ئازاری برسێتی سکی ئەکات. ئێستا هەم حیزب و هەم حکومەتیش پاڵپشتی و متمانەی زۆرینەی خەڵکی لە دەستداوە و گومانیش ئەکرێت کە کۆتای‌یان هەر لەسەر دەستی هەمان ئەو خەڵکەبێ کە بەدەستی خۆیان سەریانخستن و کردیانن بەسەردار و سەروەر، بەڵام ئاماژەکان بۆ کۆتاڕێ و چیرۆکەکانی مێژوو ئەگێڕنەوە، کە ئەگەر ئەو بەرپرسە نا بەرپرسانە چاک و پاک نەبن دوور نیە هەر هەمان خەڵک بیانکەن بە لاشەیەکی بێ سەر.
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج سه‌ردانی ماڵی كه‌یوان كاوه‌م كرد ، ئه‌و كوڕه‌ی خۆی و هاوسه‌رو مناڵه‌كانی له چه‌ند رۆژی رابردودا به‌ر په‌لاماری دڕندانه‌ی فڕۆكه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا كه‌وتن و خۆی و هاوسه‌رو هه‌ردو مناڵه‌كه‌ی بریندار بوون، جگه له شه‌هید بوونی خه‌باتگێڕێكی دژی سته‌م و نادادی و بریندار بوونی چه‌ند كه‌سێكی تر ، كه‌یوان بۆ بژێوی خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی له كونه‌ماسی ماركێتێكی داناوه ، ئه‌و به پاره‌ی ماركێته‌كه‌ی ده‌یویست ژیانێكی ئاسوده‌و شایسته به مرۆڤ بژین ، هاوسه‌ری كه‌یوان په‌یمان تالیب تاهیر له و په‌لاماره دڕندانه‌یه‌دا قاچێكی به‌ته‌واوه‌تی له ده‌ست دا‌و قاچه‌كه‌ی دیكه‌شی له سێ شوێنه‌وه شكاوه ، په‌یمان بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر بكه‌وێته‌وه سه‌ر پێ جگه له‌وه‌ی پێویستی به چه‌ندین نه‌شته‌ر گه‌ری یه ، تازه قاچێكیشی بۆ هه‌تا هه‌تا ده‌بێته قاچی ده‌سكرد و نابێته‌وه خاوه‌نی پێیه‌كه‌ی خۆی ، په‌یمان ئه‌و ئێواره‌یه‌ی ئێمه رۆیشتین له نه‌خۆشخانه‌ی شاره‌وه گوازرابوه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌نوه‌ر شێخه بۆ نه‌شته‌رگه‌ری كه‌یوانیش له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له ته‌ك كه‌س و كاره‌كه‌یدا چیرۆكی په‌لاماره‌كه‌یان ده‌گێڕایه‌وه ، هێژوانی كوڕیشیان سه‌رقاڵی یاری بوو ، هێژوان تا ئێستا سه‌ری به‌ستراوه‌و هه‌میشه‌ی خوشكی كه یه‌ك ساڵ له هێژوانی شه‌ش ساڵه گه‌وره تره، ئێستا هه‌میشه له ماڵی نه‌نكێتی و خێزانه‌كه به ته‌واوه‌تی پرش و بڵاو بوونه‌ته‌وه ، هه‌میشه‌و هێژوان بۆیه له یه‌ك دور خراونه‌ته‌وه چونكه زۆر یاری و ده‌ستبازی ده‌كه‌ن و ره‌نگه ئه‌وه‌ش ببێته هۆی ئازار بۆیان، كه‌یوان ده‌ڵێت " من خه‌می خۆم نیه خه‌می په‌یمان و هێژوانمه " ئه‌و به دڵی پڕه‌وه باسی دۆخی په‌یمانی هاوسه‌ری ده‌كات له كاتێكا خۆیشی دارشه‌قه‌كانی به ته‌نیشت خۆیه‌وه داناوه ، ئه‌و ده‌ڵێت ئێمه تازه نابینه‌وه خێزانه ئارام و ته‌ندروسته‌كه‌ی پێش رودانی كونه‌ماسی ، ئه‌و باس له‌وه‌ش ده‌كات هێشتا وه‌ك پێویست نه‌هاتونه ته ده‌نگیانه‌وه‌و ته‌نانه‌ت سه‌رۆك كۆماری عیراق خۆی خه‌ڵكی سلێمانیه‌و ئه‌و خێزانه‌ش خه‌ڵكی هه‌مان شارن ، كه‌چی تا ئێستا هه‌واڵی نه‌پرسیوون . ئیتر كه‌س قاچه‌كانی په‌یمان ناداته‌وه ، به‌ڵام لانی كه‌م ئه‌مان هێشتا له ژیاندان ، له كاتێكا فڕۆكه‌ی توركی ته‌نها له یه‌ك دوو ساڵی رابردودا 28 هاوڵاتی سڤیلی له باشوری كوردستان ره‌شه كوژ كردوه ، دوای 14 رۆژ له روداوه‌كه‌ی كونه ماسی كه‌یوان هێژوانی كوڕی دێنێته ته‌ك خۆیه‌وه دایده‌نێت و به من ده‌ڵێت تۆ بڵێی ئه‌و بۆردومانه بۆ ئاینده‌ی هێژوان جێی مه‌ترسی نه‌بێت ؟، كه ده‌بینم هێژوان راده‌كات و یاری ده‌كات ده‌ڵێم هیوام وایه به زووترین كات ئه‌م خانه‌واده‌یه پێكه‌وه كۆبنه‌وه
د.ئاراس محەمەد ساڵح هەموو زمانێک لە ڕیگەی ئالۆگۆڕی بازرگانی و ئاین و دراوسێیەتی و کاریگەری ژیاریەوە چەندین وشەو زاراوەی زمانەکانی تری تێکەڵاو دەبێت و زیاتر دەولەمەند دەبێت، زمانی کوردیش لەو سروشتە بەدەر نیە، وشەکانی وەک (تەکێ، خانەقا، صۆفی، دەروێش، شێخ)و چەندانی تر، لە ڕێگەی ئاین و تەریقەتە تەسەوفیەکانەوە تێکەڵاوی زمانی کوردی بووە، پاشان مشتوماڵ کراوەو بووە بە بەشێک لە زمانە ڕەسەنەکە. یەکێک لەو وشانەی لە ڕیگەی تەریقەتە تەسەوفیەکان بە تایبەتی تەریقەتی قادریەوە هاتووەتە ناو زمانی کوردی، وشەی (دەروێش)ـە، هەندێک ڕیشەی ئەم وشە دەگێڕنەوە بۆ زمانی فارسی، دەروێش لە زمانی فارسی‌دا ئەو کەسەیە دەرگاو دەرگا ئەکات و لە دەرگای ماڵان دەدات، لە زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکیدا هەر دەروێشە. مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ لە (فەرهەنگی خاڵ)دا، ئەڵێت: دەروێش کەسێکە کە بەڕاستی خوا پەرست بێت، بە بەشی ئەو (خوا) دابکەوێ، دەروێشی: خواپەرستی و بە بەشی ئەو (خوا) داکەوتن. (فەرهەنگی خاڵ: ل٢٥٠). مام هەژاری موکریانی لە فەرهەنگی (هەنبانەبۆرینە)دا، ئەڵێت: دەروێش: عەوداڵ، بێ ماڵ و حاڵ، ڕەبەن، مریدی تەریقەتی قادری بە پرچ، (درویش: مرید گریقت قادریە). (هەنبانەبۆرینە: ل٣١٣). ئەوەی تێبینی ئەکرێت: هیچ یەکێک لەم دوو نوسەرە ناڵێن: (دەروێش) کوردی نیە، هەروەکو مامۆستا هەژار لە فارسیشدا نوسیویەتی (درویش) کەواتە فارسیشە. هەندێ بۆچوونیش هەیە کە باس لەوە دەکەن کە وشەی دەروێش ڕیشەی لە ناو زمانی کوردی‌دا هەیە، لە شێوەزاری هەورامیدا هاتووە، هەڵگرانی ئەم بۆچوونە پێان وایە (دەروێش) وشەیەکی ماچۆگۆیە، هەورامی ئیستایەو لە (دەیرواچ- یان دەیر وێش) واتە وشەیەکی لیکدراوی کۆنە کەهەورامیەکان بەوانەیان گوتوە کە لە (دەیر- معبد- خەڵوەت-چلانە) دا ماونەتەوەو خواپەرستیان کردووە، لە فۆلکۆری هەورامیدا هاتووە: (چی خودای نەکەردا دێوانەو دەیری تو بەینە پەی لایم، عاقیبەت خەیری)، هەربۆیە بەهەندێ لەدەروێشەکانیش وتراوە دێوانە، واتە: ئەوانەی کە لە دەیردا دەمێننەوە کەهاتنەدەرەوە قسەکانیان هی مەعبەدە، یان ئەوانەی کە لەناو کۆمەڵدان و قسەو مامەڵەیان وەک هی کەسانی ناو پەرستگاو دەیرەکان وایە، ئیتر لەسەر زمان دەیرواچ بوەتە دەیروەش و دواتر بووتە دەرویش. (مەحوی) شاعیر لە دێڕە شیعرێکیدا ئاماژەی بە (دەیر) کردووەو (دەیر) لای مەحویش هەمان واتای هەورامی هەیە، وەکو ئەڵێت: دیارم دەیری عیشقە، جێ بە سوتن بێ لەوێ دەگرم کە من مشتێ چڵ و چێوم، بەچی بم، کەڵکی کێ دەگرم هەندێکیش پێیان وایە ئەم وشە لە (دریوز)ی زمانی ساسانیەوە هاتووە، (دریوز) واتە: کەسێک کە لە دەرگای ماڵان ئەدات و گەدایی ئەکات، لە فارسی کۆنیش هەمان مانای هەیە، پاشان بەهۆی گۆڕانی دەنگەکان بووەتە دەروێش. (دەر یۆز- دەروێش). لە زاراوەدا دەروێش: ئەو کەسەیە وازی لە دنیاداری هێناوەو بە ژیانێکی سادە ڕازی بووەو کونجی قەناعەتی گرتووە، هەروەها دەبێت شوێنکەوتووی یەکێک لە تەریقەتەکانی قادری و ڕیفاعی و مەولەوی بەکتاشی و سەنوسی بێت. لە کوردستاندا دوو تەریەقەتی سۆفیگەری سەرەکی هەبووە، قادری و نەقشبەندی، تەریقەتی نەقشبەندی بە شوێنکەواتوانی خۆیان ئەڵێن: (صۆفی)، (دەروێش) تایبەتە بە تەریقەتی قادریەوە، هەروەکو خانەقا تایبەتە بە نەقشبەندی و تەکێ بە قادریەوە. لەگەڵ بڵاوبونەوەی تەریقەتی قادری لە کوردستاندا، وشەی (دەروێش) تێکەڵاوی زمان و فۆلکلۆری کوردی بووە، وەکو لە پەندو قسەی نەستەقی کوردی‌دا هاتووە: (خێر بەخوێش نەک بە دەروێش) واتە: هەتا خزم و کەسی نزیک هەبێت، دروست نیە خێر بە کەسانی بێگانە بکرێت، لێرەدا (دەروێش) وەک (استعارە) بۆ کەسانی دوور‌و بێگانە بەکارهاتووە، هەروەها وتراوە: (دەروێشی و بەخۆشی) واتە هەژاری و دڵخۆشی، گرنگ نیە هەژاربیت، ئەوەی گرنگە دڵت خۆش بێت. هەروەها لە پەندێکی تردا هاتووە: (دەروێش دۆخواز بێت، دۆ زۆرە)، واتە: کەسێک لە هەوڵی پەیداکردنی شتێکدا بێت، هەر دەستی دەکەوێت. لە قسەی نەستەقدا هاتووە: (نانی دەروێشی) یان (شۆربای دەروێشی) لەبەر ئەوەی دەروێش هەموو کات خەڵکی هەژار بووەو خواردنی سادەی خواردووە، بە هەموو خواردنێکی سادە ئەوترێت خواردنی دەروێشی، کورد ناڵێ: بابچین لە ماڵی ئێمە خواردنێکی سادە بخۆین، وەک خوازە (استعارە) ئەڵێت: ئەچین لە ماڵی خۆمان نانێکی دەروێشی، یان شۆربایەکی دەروێشی ئەخۆین، ئەم گوتەیە زۆر کات بۆ تەوازع لەلایەن خاوەن ماڵەوە بەکارهاتووە. یان ئەڵێن: (خوا نانێکی دەروێشی داوە) ئەم قسە نەستەقە زیاتر باوکێکی دنیادیدە بە مناڵەکانی ئەڵێت، کە ئەملاولا بکەن و سەرەڕۆبن، لە ڕووی ئامۆژگاریەوە باوکیان ئەڵێت: ڕۆڵە خوا نانێکی هەژارانەی داوە لێمان تێکمەدەن، با بە بێدەنگی بیخۆین. لە ئاخاوتنی ڕۆژانەی کوردی‌دا ئەڵێن: (زۆر دەروێشە) یان (کابرایەکی دەروێشە). واتە: زۆر بێئاگایە لە دنیا، ئاگای لە سیاسەت و ڕۆشنبیری نیە، هەروەها بۆ خاکی بوون و سادەیی دەوترێت: (فڵان کەس دەروێشە) واتە: کەسێکی سادەو خاکیەو پێویستی بە شتی گەورە و گرانبەها نیە. دەروێش کەسێکی دابڕاو بووە لە دنیا‌و زۆر بێ ئاگا بووە لە گۆڕان و پێشهاتە سیاسی و فەرهەنگیەکان، تەنها لە خەڵوەتدا سەرقاڵی قیامەت و زیکرو یادی خوا بووە، تێکەڵاوی کۆمەڵ نەبووە، هەربۆیە بەهەموو کەسێکی نەزان و بێ ئاگا لە دنیا ئەڵێن: دەروێش. وشەی دەروێش و زۆر زاراوەو وشەی تەسەوف و تەریقەت لەناو هونەرو فۆلکلۆری کوردی‌دا ڕەنگی داوەتەوە، ئەمەیش بەڵگەی تێکەڵاوبوونی کۆی گشتی کۆمەڵی کوردیە لەگەڵ تەریقەتە تەسەوفیەکان و کەلتورو هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی دەوروێش و سۆفیەکاندا، لە گۆرانی فۆلکلۆری کوردی‌دا هاتووە: ڕیشەکەم تاشی پرچەکەم لە بێخ، تۆبەو تەریقەت ناردمەوە بۆ شێخ ڕیشەکەم تاشی پرچەکەم لە بێخ، بەرماڵم قەد کرد، ناردەمەوە بۆ شێخ. ئەو کەسانەی بوونەتە دەورێش لەسەر دەستی شێخێک تۆبەیان کردووەو بڕیاریانداوە نزیک هیچ حەرامێک نەکەونەوە، ئەم گۆرانیانە کەسێک بۆ (یاری) وتوە، واتە: وامەزانە بوومەتە دەورێش و وازم لە خۆشەویستی تۆ هێناوە، ئاگاداربە لە پێناوی تۆدا، وازم لە دەروێشی هێناوەو (ڕیش و پرچ و بەرماڵ) کە نیشانەی دەروێشیە، هەموویم ناردەوە بۆ شێخ، هەمووی لە پێناوی (یار)دا. لێرەدا زیادەگۆیی(مبالغە)ی زۆریشی تێدایە، کە هیچ شتێک ناتوانێت دەروێش لە ڕێبازی دەروێشی پاشگەز بکاتەوە، بەڵام عەشق و ئەڤین ئەو کارەی کردووە. هەروەها لە گۆرانی میللی‌دا هاتووە: (بە ماچ و دوو ماچ هیچت ناێشێ... کردمان نانێ بوو، دات بە دەروێشێ). ئەم جۆرە گۆرانیانە لێدوانە لەگەڵ یاردا، ئەگەر ڕوومان بدەیتێ و بێ دڵیمان نەکەیت هیچ زەرەر ناکەیت، هەروەکو خێری ئەو نانە وایە داوتە بە دەروێشێکی گەدا. لە شێوەزاری هەورامیدا هاتووە: (کەشکۆڵ هورگیروو ، ملوو دەرویشی دماو باڵاکەیت وەشیم پەی چیشی). لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا بەشێک لە هونەرمەندە نوێیەکان، لە گۆرانیەکانیاندا ئاماژەیان بە هەندێ زاراوەو وشەی دەروێشی و سۆفیگەری کردوە، یەکێک لەوانە ئەڵێت: ئاگرێ لە دەروونمە ڕازێکی سەوداییە بوومە سۆفی خەڵوەتی ئەو عەشقە خوداییە چاوم بینایی نەما کەچی هەر چاوەڕێتە ڕێگای تۆ ئەگرمە بەر دایم سەرم لە ڕێتە یەکێ پێم دەڵێ دەروێشە یەکێ پێم دەڵێ شێتە من خۆم بێلانەم کەچی ئەو دڵەم لانە و جێتە لێرەدا (عاشق) خۆی چواندوە بە دەروێش، چۆن هەموو کات دەروێشەکان عەوداڵی دەرگای شێخ و ڕێگەی حەقیقەتن، منیش بەهەمان شێوە ڕێگەی عەشقی تۆم گرتوەتەبەرو بومەتە دەروێشی ڕێگای عەشقی یار. گۆرانیبێژی ناسراو، سەید محەمەدی سەفایی، لە گۆرانیەکیدا ئەڵێت: ڕیشەكەم تاشی پرچەكەم لەبێخ بەرماڵ و تەزبیحم، ناردەوە بۆ شێخ وتم یا شێخ گیان من تۆبە ناكەم بەڵكو تا جوانم یەكێك پەیاكەم لێرەدا هونەرمەند ئاماژە بە (ڕیش و پرچ و بەرماڵ و تەزبیح) دەکات، کە کەرەستەی دەروێشین، شێخ‌یش ڕابەری کۆڕی دەروێشە، عەشق و دەروێشی پێکەوە کۆنابنەوە، هەربۆیە دەبێت لە پێناوی عەشقدا واز لە دەروێشی بهێنیت و کەرەستەی دەروێشی بنێرێتەوە بۆ شێخەکەی. هەروەها لە فۆلکلۆردا هاتووە: یاخوا شێخ نەمرێ بۆ دین زەرەرە با دەروێش بمرێت ڕێگەی لەبەرە. دەروێشی ناکەم فێری فێڵەبم دڵداری ئەکەم هەر جاحێڵەبم دەروێشی و پابەند بوون بە ڕێنمویەکانیەوە، کارێکی قورسە، تەرکی دنیا‌و دابڕان لە جەنجاڵیەکانی، پشتکردنە جوانی و خۆشیەکانی ژیان، بەهەموو کەس ناکرێت، هەربۆیە لە فۆلکلۆری کوردی‌دا لە زمانی دەرویشەکانەوە وتویانە: دەروێشی نـاکـەم بـاری گرانە دەروێش قابیلی شای کەسنەزانە گۆرانبێژێکی تر لە دێڕە شیعرێکدا ئەڵێت: بۆ خانەقای چاوەکانت ئەبم بە دەروێش و سۆفی بەناوی تۆ زکر ئەکەم ئەگەر پێشم بڵێن شێتی هەروەها لە گۆرانی میللی‌دا هاتووە: ماڵ لە مەریوان، دڵ لە دەروێشان دیتنت خاسترە، لە ئاخ هەڵکێشان. ڕەوشی دەروێشی و سۆفیگەری و زاراوەکانیان، لەم پەند و قسە نەستەق و دەقە شیعریە فۆلکلۆریانەداو، چەندین دەق و وتەی بە توێکڵی تری کوردی‌دا هاتووە، هەموو ئەمانە بەڵگەی ئاوێزان بوونی کۆمەڵی کوردیە لەگەڵ جیهانی دەروێشی و عیرفانی و خەڵوەت و کەلتوری سۆفیگەریدا.
پەیكار عوسمان ئەو هەرچییەكبێ، لە هەموو حاڵەتێکا تۆ هەر گاڵتەی پێئەکەیت و هەر جوێن و ڕقی بەسەرا ئەبارێنیت. دەی لێرەدا خەلەلەکە تۆیت نەك ئەو. کێشەکە تەنیا نەبوونی سەقافەتی یەکترقبوڵکردنە لای تۆوە، نەك جۆری جەهلەکەی ئەو. چونکە جەهلی ئەو هەرچییەکبێ و هەرچۆنێکبێ "ئەگەر بۆ خۆیەتی"، هێشتا هەر بچوکترە لە جەهلەکەی تۆ بە پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن، کە هەر بۆ خۆت نیەو بۆ گیانی ئەوانیتریشە! ڕەنگی ئەو هەرچییەکبێ، کاتێ ڕەنگی تۆ ناسڕێتەوە، ئەو بەشێکە لە ڕەنگاوڕەنگی و جوانیی دنیا. بەڵام کاتێ تۆ بە بیانووی جوانکردنی دنیاوە، ڕەنگی ئەو بسڕیتەوەو بتەوێ لە وێنەکە دەریکەیت، لەڕاستیدا ئەمەیانە کە ناشرینکردن و تێکدانی هارمۆنی دنیایە نەك ئەوەی ئەو! تۆ وا لە پێشکەوتن و نوێگەری گەیشتوویت، کە ئەو وەکو تۆبێت، یەعنی کە خۆی نەبێ و ببێ بە تۆ. دەی لێرەدا کۆنەپەرستییە شەخسییە بێوەیەکەی ئەو کێشەکە نیە. تازەپەرستییە شمولی و شەڕەنگێزەکەی تۆ کێشەیە. چونکە ئەو نەهاتووە تۆ بکا بە دەروێش، تۆ هاتووی ئەو بکەی بە خۆت. ئەو نەهاتووە شمشێرەکەی لە تۆ بدا، تۆیت بێڕەحمانەو جەلادانە شمشێرەکەی زمانت لەو ئەدەیت! هەموو فۆڕمەکانی ناهۆشیاری و گەمژەکردن و دیلکردنی ئینسان شایەنی ڕەخنەو قسەلەسەرکردنن. بەڵام قسەیەك کە ڕەچاوی یەکترقبوڵکردن بکاو سەرنەکێشێ بۆ سڕێنەوە. چونکە کە چویتە ناوچەی سڕینەوە، ئیتر لە خەتی ڕەخنە لاتداوەو تۆش دیل و گەمژەو دەروێشی فکرەکەی خۆتیت. لێرەشدا ئەوەی کە پێویستی بە هیمەتی هۆشیاریی و ئازادبوونە لەلایەن تۆوە، خۆتیت نەك ئەو! هەموومان بەجۆرێك لە جۆرەکان دەروێشین و هەمووشمان پێویستمان بە هۆشیاریی و ئازادبوونە. (بەڵام هۆشیاریی بە بت و دۆگماکەی خۆت. ئازادبوون لە بت و دۆگماکەی خۆت.) نەکئەوەی خۆت عەقڵدۆگمایەکبیت و گەڕ لە دۆگمای ئەوانیتر بئاڵێنیت! نەكئەوەی خۆت، تا ئەوپەڕی تەقدیس بتی خۆت تەقدیسکەیت و خەریکی شکاندنی بتی ئەوانیتربیت! نەكئەوەی خۆت، تا بینەقاقات لە ئایدۆلۆژیایەکا چەقیبێت و بەتەمابیت ئەوانیتر ئازاد‌و هۆشیاربکەیتەوە! ئەو شەڕەی لەگەڵ بتی ئەویتر ئەیکەیت شەڕە لەپێناو بتەکەی خۆت نەك شەڕی ئازادی. شەڕی زیاترکۆیلەبوونە نەك شەڕی ئازادبوون. ئاخر کە لە بتی ئەویتر ئەدەیت، لێرەدا هەم بتی خۆتت فەرامۆشکردوە، هەم ئەویش ئەخەی بەڕقاو دەمارگیرتری ئەکەیت لەسەر بتەکەی خۆی. یەعنی لەمجۆرە لە شەڕەدا دایمە هەردو بتەکە براوەو پارێزراون و ئێمەش بەرئەبینە یەکتریی و ئەدۆڕێین. (ئا ئەمەیە کە ئێمە لەگەڵ یەکتردا ئەیکەین و ناویشمان ناوە ئازادیخوازی و شەڕی ئازادی)! لەڕاستیدا تا شەڕەکانت لەگەڵ ئەودابێ و لەدەرەوەی خۆتدابێ، تۆ هێشتا لەناو کۆیلەییدایت. ئازادبوونی تۆ لەوێوە دەستپێئەکات، کە شەڕەکانت بهێنیتە ناو خۆت و لێرەدا ئیتر، هەم تۆ بیرێك لە بتی خۆت ئەکەیتەوەو هەم بوارێك بەویش ئەدەیت بیرێك لە بتی خۆی بکاتەوە. لەبری شەڕیش هەردوکتان ئەکەونە ناو ئاشتی و ئازادییەوە! هۆشیاریی سڕینەوەی هیچ ڕەنگێك نیە، بەڵکو سڕینەوەی "فکری سڕینەوە"ی ناو هەموو ڕەنگەکانە لە بەرژەوەندی پێکەوەژیان. هۆشیاریی سڕینەوەی هیچ شتێکی دەرەوەی تۆ نیە. سڕینەوەی ڕق و بتی ناو خۆتە. ئاخر کە بتت هەبوو ڕقت ئەبێ و کە ڕقت هەبوو عەقڵت نابێ و کە عەقڵت نەبوو ئەکەویتە ناو جەهلەوەو کە چویتە ناو جەهلەوە ئیتر تۆ خۆت لەناو کۆیلەییدایت و لە کۆیلەیی ئەو گەڕێ! ئازادبوون سڕینەوەی هیچ ڕەنگێك نیە، تەنیا سڕینەوەی "حەزی سرینەوەیە" لەناو خۆتداو ئازادبوونتە لە کۆتی ئەم حەزە، کە هەمیشە لە جەهل فریوی ئایدۆلۆژیاوە دێ و تۆ وائەزانیت لە هۆشیارییەوە هاتووە! ژیانیش خودی پێکەوەژیانەو ئێمە تا نەگەین بە پێکەوەژیان ناگەین بە ژیان. پێکەوەژیانیش لە یەکترقبوڵکردنەوە دێ و یەکترقبوڵکردنیش بەگدانە بۆ لای خۆت و وازهێنانە لەو. ئەوقبوڵکردن لە خۆتقبوڵکردنەوە دێت. تۆ تا لە دەرەوەی خۆتدابیت، هێشتا خۆتت قبوڵنەکردوە، بۆیە ئەویش قبوڵناکەیت! کە گەڕایتەوە ناو خۆت، ئیتر لەوە تێئەگەیت کە تۆ هەر بەقەت خۆتیت نەك بەقەت هەموو وێنەکە، بۆیە ئەویش قبوڵئەکەیت و دەس لە سڕینەوەی هەڵئەگریت. بەپێچەوانەوە تا لە دەرەوەی خۆتدابیت، ئیتر خۆتت لێئەبێ بە هەموو وێنەکە، بۆیە هەوڵی سرێنەوەی ئەو ئەدەیت. هۆشیاریی لەناو خۆتدایەو هەر بۆ ناوەوەش ئەتهێنێتەوە. ئایدۆلۆژیا لە دەرەوەدایەو هەر بۆ دەرەوەش ئەتبا. ئێمە بەقەت نان و ئاو پێویستمان بە بیرکردنەوەی ڕەخنەییە، بیرکردنەوەی ڕەخنەییش ئەگەر نیشانەیەکی هەبێت، هەر ئەوەیە ڕقاوی و برینارکەرو شەڕەنگێز نیە. هەرئەوەیە کە بۆ ڕۆشنکردنەوەی حەقیقەتێکە نەك بۆ ڕەشکردنی شتێك. هەر ئەوەیە کە بۆ هەموومانەو بۆ پێکەوەژیانە، نەك بۆ شەڕو بردنەوەی ئەم و دۆڕانی ئەو. بەرامبەر ئەو هەموو سوکایەتییەکەی کە پێتان کرا، من لە ئێستاوە تاکو سێ ڕۆژی تەعزێکەتان تەواوئەبێ، دەروێشی تەکێ و تەریقەتی ئێوەم. ئاخر ئەم چەن ڕۆژە، نادەروێشێکم نەبینی قسەتان پێبڵێ، هەرچی تانەی لە ئێوەدا، خۆی بەجۆرێكی تر دەروێشەو فەرقەکە هەر ئەوەیە، ئێوە دەروێشی ڕاستگۆ‌و بەئیرادەو بێ مەسڵەحەتن لەسەر تەریقەتی خۆتان. بەڵام ئەوان دەروێشی مەسڵەحەتچی و بێ ئیرادەو درۆزنن لەسەر تەریقەتی خۆیان. ئێوە هەرچی ئەکەن لە دڵسافی خۆتانەوەیە، بەڵام زۆرێك لەو قسانەی کە پێتان وترا لە دڵڕەشییەوەبوو!
پشتیوان زاهیر ئەوەی ئێستا بە خۆڕایی دەست سلێمانی كەوتووە، رەنگە وڵاتانی تر بەپارە بیكڕن، ناشتنی تەرمی كەسایەتییەكی وەك شێخ محەمەدی كەسنەزانی لە سلێمانی كە تەریقەتەكەی خاوەنی هەزاران شوێن كەوتەیە لە جیهاندا گرنگترین دەستكەوتە بۆ كەرتی كەشتوگوزاری شارەكە. ساڵانە عیراق داهاتی زۆری دەست دەكەوێت بەهۆی زیارەتكارانی یٔێرانی و وڵاتانی تر بۆسەر مەزاری حەسەن و حسێن لە نەجەف و كەربەلا، هەروەها یٔیمامەكانی سامەڕا، یٔەوە وڵاتانی تری وەك سعودیە و قودس و ڤاتیكان و هندستان هەرباس مەكە لەو رووەوە چ داهاتێك كۆدەكەنەوە. نابێت دەمارگیری دینی و دژە دینی وا بكات بكەوینە قسە وتن بە شوێنكەوتوانی شێخ، چونكە یٔەستەمە بڕوا هێنان بە كەسێك كە گەیشتبێتە ئەو ئاستەی بتوانێت شیر‌و چەقۆ لە هەستیارترین شوێنەكانی جەستەی خۆی بدات. ناشبێت پێمانوابێت مۆركی شار بەمجۆرە مەزارانە تێك دەچێت، بەپێچەوانەوە یەكێك لە خەسڵەتەكانی شار لە هەموو دونیادا بوونی كەرتی جۆراو جۆری گەشت و گوزارە، لە مەزارەوە تا مۆزە خانەو نادی و پەیكەر سازی و باڕو دیسكۆش. سلێمانی پایتەختی میری بابان و شێخ مارفی نۆدێ، ئینجا سێكوچكەی نالی و سالم و كوردییە، كە ئەمانە لە حوجرەكان خوێندوویانەو فەقێ و عارف و مورید بوون، بۆ پایتەختی دەروێشانیش نەبێت؟ بۆ پێمان ناخۆشبێت هاوڵاتیەكی هیندی و پاكستانی و شوێنكەوتانی شێخی كەسنەزانی لە هەموو دونیادا ئیتر سلێمانی بناسن و بێن سەردانیشی بكەن؟ راستە هاتنی یٔەم لێشاوەی دەروێش و شوێنكەوتانی شێخی كەسنەزانی لە مەرزەكانەوە رەنگە بۆ ئەم كاتی پەتای كۆرۆنایە كاریگەری خراپی هەبێت، بەڵام بۆ ئایندەی دوای كۆرۆنا، دەبینین ئەمجۆرە هاتنە بە لێشاوە بۆ شارێكی وەك سلێمانی ساڵانە بەردەوام دەبێت و سوودی ئابوری و كەلتوری دەبێت، بەشێك دەبێت لەگەشەپێدانی كەرتی گەشتوگوزارو كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازار دەبێت. لە روانگەی ترەوە بۆ گلەیی لە دەروێشان بكرێت؟ كە بۆ شێخەكانیان حاڵیان لێ هاتوەو ستایشیان سنور دەبەزێنێ. ئەی بۆ ناپرسن ئۆرگانە مۆدێرنەكان! كە خۆی لەحزبی سیاسی و ئۆرگانی كۆمەڵی مەدەنی دەبینێتەوە لەدوای راپەڕینەوە حزبە كوردییەكان فرسەخ فرسەخ بەرگی فكری و رەخنەو هێزی بیر‌و باوەڕیان فڕێداو بەتەواوی كاریان لەسەر ئەوەكرد كە لایەنگرانیان دەروێشانە كار بۆ شەخس و گروپ بكەن و وەلائیان بۆ ئەم كەس و ئەو كەس و تاك و گروپ هەبێ. دەروێش بە فۆرمە ئاینیەكەی نا، بەمانا بەرژەوەندی ویست و خۆپەرستیەكەی لە حزبەكاندا هەیە. نمونەی بەرجەستەش خۆ هەموومان لەكاتی مردنی سەرۆكاكاندا تا ئاستی قوڕپێوانمان بینی. لێرەوە پەیامم بۆ حكومەتی كوردستان ئەوەیە، گرنگی بە كەرتی مەزارەكان بدات نەك هەر بۆ شێخ و پیاوانی ئاینی، بەڵكو مەزاری سیاسی و شاعیر‌و كەسایەتییە دیار‌و بەناوبانگەكانیش بكات بە نیشتمانی، بۆئەوەی چاوی گەشتیار زیاتر بەلای خۆماندا رابكێشین. سلێمانی ئەو كاتە شارە كە هەموو فۆرمەكانی كۆمەڵ تێیدا خۆیان ببیننەوە. سلێمانی وەك نیشتمانی فرە رەنگی سیاسی و كەلتوری با فرە رەنگی یٔاینی و تەریقەتی و بیر‌و باوەڕیش بێت. لە چوارچێوەی یاسا‌و پارستنی ئازادیە كەسی و گشتیەكان. لەم روانگەوە بۆ هەر رووداوێك توێژینەوە پێویستە مردنی كەسایەتی باڵای تەریقەتی قادری و لێكەوتەكانی هەڵگری زیاتر لە خوێندنەوەیەكن، منی نوسەریش لەم گۆشە نیگایەوە بۆ سلێمانی و كوردستان ئەم بیر‌و رایەم بەگرنگ زانی.
