Draw Media

دەروێش و تەریقەت، حیزب و سەرۆک!

دەروێش و تەریقەت، حیزب و سەرۆک!

2020-07-11 20:14:33


جەعفەر عەلی
هەمووان دەزانین موریدان و دەروێشان، سەر بەو دونیایەن، کە هایدیگەر بە بوونی ناڕەسەن ناویدەبات، واتە بوونێک لە دەرەوەی بوون و ئامادەبوونی خۆیدا وەک سوبێکتێک، وەک مرۆڤێکی ئازاد و بیرکەرەوە. ئەو بوونەی تەنیا دەتوانێ لە رێی ئەویدییەوە بیربکاتەوە و وەک تاکێک هەم هێزی بیرکردنەوەی دۆڕاندووە، هەم لەوە دەرچووە بیربکاتەوە.
کاتێک قسە لە تەریقەت دەکرێ، پێویستە لەو راستییە بە ئاگا بین، کە ئەم دیاردەیە ئەزموونێکی رۆحی قوڵە، ئەوانەی لەو دونیا رۆحانیەدا دەژین وایدەبینن، کە ماوەی دابڕاوی نێوان کەسی سۆفی (المتناهی Eternal) و خودا (اللامتناهی (Immortal کورت دەکاتەوە و بگرە ئەو ماوەیە دەسڕێتەوە. دەروێش لە خۆشەویستییەکی رەها بۆ خودا و ملکەچییەکی رەها بۆ شێخی تەریقەتدا دەژی، تا دەگاتە حاڵەتێک کە ویلیام جەیمس ناویدەنێت: "حاڵەتی لە گۆکەوتن"، واتە حاڵەتێک کە کەسی سۆفی، یان دەروێش دەباتە دۆخی توانەوەی تەواو لە ئەویدی و دۆخی بێئاگایی لەوەی کە سوبێکتێکە و دەتوانێ بیربکاتەوە. ئەمەش رێک ئەو دۆخەیە کە مرۆڤ لە دەرەوەی دونیای فیکری دینی و تەریقەتیشدا لە رێی پۆشینی بەرگی ئایدیۆلۆژیاوە گیرۆدە و گرفتاری دەبێت.
لە کۆمەڵگەیەکدا کە هۆشیاری کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی نزمدا بێت، مەترسییەکە بە تەنیا لەوەوە نایەت کە دەسەڵاتی نەریتی و رێبەرانی رۆحانی پانتایی بیرکردنەوەمان دابپۆشێت، بەڵکو لەوەشەوە دێت، کە بەشێکی گرنگ لە نوخبەی خوێندەوار و هەڵگرانی بڕوانامە و قەڵەم بە دەستانی ئێمەش دەبنە بەشێک لەو لەشکرەی کە بە دەیان فرسەخ لە بیرکردنەوە دووردەکەونەوە، لێرەدا کاتێک بیرکردنەوە ئامادەیی نابێت، رۆشنبیر و مامۆستای زانکۆ و دکتۆر و ئەندازیار و ئەندام پەرلەمان و وەزیر و خوێندکار و... هتد، وەکیەک بەڵام بە شێوە و فۆرمی جیاواز، دەبنە دەروێش، هەر یەکە و شێخی تایبەتی خۆی و تەکیە و خانەقای تایبەت بەخۆی دەبێت.
شێخێک رۆحانی و ئەویدی عەلمانی، شێخێک سەلەفی و ئەویدی ئیخوانی. گرنگ ئەوەیە شێخ دەبێتە سیمبول بۆ مانادان بە ژیانی ئەوانیدی، ئەوانیدی لە رێگەی شێخەوە نەبێت ناتوانن شوناس بە خۆیان بدەن، واتە هەمووان وەکیەک بوونێکی نائامادە و ونن، هەمووان وەکیەک خودێکی ئامادەن بۆ وەرگرتن و خەزنکردنی ئەو وشە و رستانەی لە دەرەوەی خۆمانەوە و لە زاری شێخی گەورەوە دێتە دەرەوە. شێخایەتی ئەگەرچی سەر بە دونیای رۆحانی و دینییە، بەڵام عەلمانیانی کورد بە هەموو هێزیانەوە لە تەکیە و خانەقاوە گواستیانەوە بۆ بارەگاکانی حیزب و لە شێخانی تەریقەتیشەوە بۆ سەرۆک و سکرتێر و رێکخەر و ئەمیر و ئەمیندار.
کورت و پوخت گرفت بە تەنیا لە بوونی دەروێشی رۆحانیدا نییە، بەڵکو لە گواستنەوەی ئەو فیکر و ئایدیۆلۆژیایەدایە بۆ دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر دەستی خوێندەوار و عەلمانیانی کورد، کاتێک حیزب دەبێتە تەریقەت و سەرۆکی حیزبیش شێخی تەریقەت!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand