Draw Media

كێ قاچه‌كانی ئه‌داته‌وه‌ 

كێ قاچه‌كانی ئه‌داته‌وه‌ 

2020-07-11 08:04:40


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
سه‌ردانی ماڵی كه‌یوان كاوه‌م كرد ، ئه‌و كوڕه‌ی خۆی و هاوسه‌رو مناڵه‌كانی له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا به‌ر په‌لاماری دڕندانه‌ی فڕۆكه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا كه‌وتن و خۆی و هاوسه‌رو هه‌ردو مناڵه‌كه‌ی بریندار بوون، جگه‌ له‌ شه‌هید بوونی خه‌باتگێڕێكی دژی سته‌م و نادادی و بریندار بوونی چه‌ند كه‌سێكی تر ، كه‌یوان بۆ بژێوی خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی له‌ كونه‌ماسی ماركێتێكی داناوه‌ ، ئه‌و به‌ پاره‌ی ماركێته‌كه‌ی ده‌یویست ژیانێكی ئاسوده‌و شایسته‌ به‌ مرۆڤ بژین ، هاوسه‌ری كه‌یوان په‌یمان تالیب تاهیر له‌ و په‌لاماره‌ دڕندانه‌یه‌دا قاچێكی به‌ته‌واوه‌تی له‌ ده‌ست داو قاچه‌كه‌ی دیكه‌شی له‌ سێ‌ شوێنه‌وه‌ شكاوه‌ ، په‌یمان بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر بكه‌وێته‌وه‌  سه‌ر پێ‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێویستی به‌ چه‌ندین نه‌شته‌ر گه‌ری یه‌ ، تازه‌ قاچێكیشی بۆ هه‌تا هه‌تا ده‌بێته‌ قاچی ده‌سكرد و نابێته‌وه‌ خاوه‌نی پێیه‌كه‌ی خۆی ، په‌یمان ئه‌و ئێواره‌یه‌ی ئێمه‌ رۆیشتین له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شاره‌وه‌ گوازرابوه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌نوه‌ر شێخه‌ بۆ نه‌شته‌رگه‌ری كه‌یوانیش له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ ته‌ك كه‌س و كاره‌كه‌یدا چیرۆكی په‌لاماره‌كه‌یان ده‌گێڕایه‌وه‌ ، هێژوانی كوڕیشیان سه‌رقاڵی یاری بوو ، هێژوان تا ئێستا سه‌ری به‌ستراوه‌و هه‌میشه‌ی خوشكی كه‌ یه‌ك ساڵ له‌ هێژوانی شه‌ش ساڵه‌ گه‌وره‌ تره‌، ئێستا هه‌میشه‌ له‌ ماڵی نه‌نكێتی و خێزانه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی پرش و بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ ، هه‌میشه‌و هێژوان بۆیه‌ له‌ یه‌ك دور خراونه‌ته‌وه‌ چونكه‌ زۆر یاری و ده‌ستبازی ده‌كه‌ن و ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ش ببێته‌ هۆی ئازار بۆیان، كه‌یوان ده‌ڵێت " من خه‌می خۆم نیه‌ خه‌می په‌یمان و هێژوانمه‌ "  ئه‌و به‌ دڵی پڕه‌وه‌ باسی دۆخی په‌یمانی هاوسه‌ری ده‌كات له‌ كاتێكا خۆیشی دارشه‌قه‌كانی به‌ ته‌نیشت خۆیه‌وه‌ داناوه‌ ، ئه‌و ده‌ڵێت ئێمه‌ تازه‌ نابینه‌وه‌ خێزانه‌ ئارام و ته‌ندروسته‌كه‌ی پێش رودانی كونه‌ماسی ، ئه‌و باس له‌وه‌ش ده‌كات هێشتا وه‌ك پێویست نه‌هاتونه‌ ته‌ ده‌نگیانه‌وه‌و ته‌نانه‌ت سه‌رۆك كۆماری عیراق خۆی خه‌ڵكی سلێمانیه‌و ئه‌و خێزانه‌ش خه‌ڵكی هه‌مان شارن ، كه‌چی  تا ئێستا هه‌واڵی نه‌پرسیوون .
ئیتر كه‌س قاچه‌كانی په‌یمان ناداته‌وه‌ ، به‌ڵام لانی كه‌م ئه‌مان هێشتا له‌ ژیاندان ، له‌ كاتێكا فڕۆكه‌ی توركی ته‌نها له‌ یه‌ك دوو ساڵی رابردودا 28 هاوڵاتی سڤیلی له‌ باشوری كوردستان ره‌شه‌ كوژ كردوه‌ ، دوای 14 رۆژ له‌ روداوه‌كه‌ی كونه‌ ماسی  كه‌یوان هێژوانی كوڕی  دێنێته‌ ته‌ك خۆیه‌وه‌ دایده‌نێت و به‌ من ده‌ڵێت تۆ بڵێی ئه‌و بۆردومانه‌ بۆ ئاینده‌ی هێژوان جێی مه‌ترسی نه‌بێت ؟، كه‌ ده‌بینم هێژوان راده‌كات و یاری ده‌كات ده‌ڵێم هیوام وایه‌ به‌ زووترین كات ئه‌م خانه‌واده‌یه‌ پێكه‌وه‌ كۆبنه‌وه‌ 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand