سلێمانی و شارو شێخ
2020-07-10 14:57:40
پشتیوان زاهیر
ئەوەی ئێستا بە خۆڕایی دەست سلێمانی كەوتووە، رەنگە وڵاتانی تر بەپارە بیكڕن، ناشتنی تەرمی كەسایەتییەكی وەك شێخ محەمەدی كەسنەزانی لە سلێمانی كە تەریقەتەكەی خاوەنی هەزاران شوێن كەوتەیە لە جیهاندا گرنگترین دەستكەوتە بۆ كەرتی كەشتوگوزاری شارەكە.
ساڵانە عیراق داهاتی زۆری دەست دەكەوێت بەهۆی زیارەتكارانی یٔێرانی و وڵاتانی تر بۆسەر مەزاری حەسەن و حسێن لە نەجەف و كەربەلا، هەروەها یٔیمامەكانی سامەڕا، یٔەوە وڵاتانی تری وەك سعودیە و قودس و ڤاتیكان و هندستان هەرباس مەكە لەو رووەوە چ داهاتێك كۆدەكەنەوە.
نابێت دەمارگیری دینی و دژە دینی وا بكات بكەوینە قسە وتن بە شوێنكەوتوانی شێخ، چونكە یٔەستەمە بڕوا هێنان بە كەسێك كە گەیشتبێتە ئەو ئاستەی بتوانێت شیرو چەقۆ لە هەستیارترین شوێنەكانی جەستەی خۆی بدات.
ناشبێت پێمانوابێت مۆركی شار بەمجۆرە مەزارانە تێك دەچێت، بەپێچەوانەوە یەكێك لە خەسڵەتەكانی شار لە هەموو دونیادا بوونی كەرتی جۆراو جۆری گەشت و گوزارە، لە مەزارەوە تا مۆزە خانەو نادی و پەیكەر سازی و باڕو دیسكۆش.
سلێمانی پایتەختی میری بابان و شێخ مارفی نۆدێ، ئینجا سێكوچكەی نالی و سالم و كوردییە، كە ئەمانە لە حوجرەكان خوێندوویانەو فەقێ و عارف و مورید بوون، بۆ پایتەختی دەروێشانیش نەبێت؟ بۆ پێمان ناخۆشبێت هاوڵاتیەكی هیندی و پاكستانی و شوێنكەوتانی شێخی كەسنەزانی لە هەموو دونیادا ئیتر سلێمانی بناسن و بێن سەردانیشی بكەن؟
راستە هاتنی یٔەم لێشاوەی دەروێش و شوێنكەوتانی شێخی كەسنەزانی لە مەرزەكانەوە رەنگە بۆ ئەم كاتی پەتای كۆرۆنایە كاریگەری خراپی هەبێت، بەڵام بۆ ئایندەی دوای كۆرۆنا، دەبینین ئەمجۆرە هاتنە بە لێشاوە بۆ شارێكی وەك سلێمانی ساڵانە بەردەوام دەبێت و سوودی ئابوری و كەلتوری دەبێت، بەشێك دەبێت لەگەشەپێدانی كەرتی گەشتوگوزارو كاریگەری راستەوخۆی لەسەر بازار دەبێت.
لە روانگەی ترەوە بۆ گلەیی لە دەروێشان بكرێت؟ كە بۆ شێخەكانیان حاڵیان لێ هاتوەو ستایشیان سنور دەبەزێنێ. ئەی بۆ ناپرسن ئۆرگانە مۆدێرنەكان! كە خۆی لەحزبی سیاسی و ئۆرگانی كۆمەڵی مەدەنی دەبینێتەوە لەدوای راپەڕینەوە حزبە كوردییەكان فرسەخ فرسەخ بەرگی فكری و رەخنەو هێزی بیرو باوەڕیان فڕێداو بەتەواوی كاریان لەسەر ئەوەكرد كە لایەنگرانیان دەروێشانە كار بۆ شەخس و گروپ بكەن و وەلائیان بۆ ئەم كەس و ئەو كەس و تاك و گروپ هەبێ. دەروێش بە فۆرمە ئاینیەكەی نا، بەمانا بەرژەوەندی ویست و خۆپەرستیەكەی لە حزبەكاندا هەیە. نمونەی بەرجەستەش خۆ هەموومان لەكاتی مردنی سەرۆكاكاندا تا ئاستی قوڕپێوانمان بینی.
لێرەوە پەیامم بۆ حكومەتی كوردستان ئەوەیە، گرنگی بە كەرتی مەزارەكان بدات نەك هەر بۆ شێخ و پیاوانی ئاینی، بەڵكو مەزاری سیاسی و شاعیرو كەسایەتییە دیارو بەناوبانگەكانیش بكات بە نیشتمانی، بۆئەوەی چاوی گەشتیار زیاتر بەلای خۆماندا رابكێشین.
سلێمانی ئەو كاتە شارە كە هەموو فۆرمەكانی كۆمەڵ تێیدا خۆیان ببیننەوە. سلێمانی وەك نیشتمانی فرە رەنگی سیاسی و كەلتوری با فرە رەنگی یٔاینی و تەریقەتی و بیرو باوەڕیش بێت.
لە چوارچێوەی یاساو پارستنی ئازادیە كەسی و گشتیەكان. لەم روانگەوە بۆ هەر رووداوێك توێژینەوە پێویستە مردنی كەسایەتی باڵای تەریقەتی قادری و لێكەوتەكانی هەڵگری زیاتر لە خوێندنەوەیەكن، منی نوسەریش لەم گۆشە نیگایەوە بۆ سلێمانی و كوردستان ئەم بیرو رایەم بەگرنگ زانی.