گۆڕینی مۆزه‌خانه‌ی ئایا سۆفیا بۆ مزگه‌وت شکستی پرۆژه‌ی مۆدێرنیتی
2020-07-11 12:30:10
ماردین ئیبراهیم
سامۆیل هانتیگتن له کتێبه‌که‌یدا 'پێکدادانی شارستانێتییه‌کان' ده‌وڵه‌تی تورکیا وه‌کو 'ده‌وڵه‌تێکی دادڕاو' وه‌سف ده‌کات؛ مه‌به‌ستیشی له‌وه‌یه که تورکیا به قووڵی کێشه‌ی ناسنامه‌ی هه‌یه، پشتی کردۆته مه‌که و برۆکسلیش وه‌ری ناگرێت. به‌ڵام ئه‌وه سه‌رده‌مێک بوو و ڕابرد. جاران تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی ببێته گه‌وره‌هێزێکی هه‌رێمی هه‌ژمووندار هه‌موو قورسایی خۆی خستبووه سه‌ر ئه‌وه‌ی له یه‌کێتی ئه‌وروپادا قبوڵ بکرێت و ئینجا له‌و ڕێگه‌یه‌وه هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ڕکابه‌ره هه‌رێمییه نه‌ریتییه‌کانی خۆیدا بسه‌پێنێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه به‌رده‌وامانه‌ی تورکیا به‌ر دیواری ڕه‌قی مه‌رجه‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا که‌وتن و تورکیا نه‌یتووانی ستاندارده گشتییه‌کانی ئه‌وروپا و به‌های ئه‌وروپا بۆ مه‌سه‌له‌ی مافه‌کانی مرۆڤ جێبه‌جێ بکات، بۆیه دوواجار ده‌ستی له برۆکسل شوشت و بایدایه‌وه بۆ ناوچه‌که. ئه‌مجاره‌یان تورکیا ڕووی له مه‌که نییه به‌ڵکو به خه‌ونی ئیمپراتۆریای دێرینه‌وه ده‌یه‌وێت خۆی ببێته مه‌که. ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی هێزه‌وه هه‌ژموونێکی ته‌واو به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا بکات و پاشان ئه‌وروپا وه‌کو هێزێک قبووڵی بکات. که‌واته وه‌رچه‌رخانی تورکیا وه‌رچه‌رخانێکی قووڵ و ستراتیجییه و گوزارشت له پرۆژه‌یه‌کی دوورمه‌ودا ده‌کات که به ته‌نیا ڕه‌هه‌ندێکی سیاسی نییه به‌ڵکو ڕه‌هه‌ندێکی 'که‌لتووری و شارستانیشی' هه‌یه، به‌ڵام هه‌م که‌لتووری و هه‌م شارستانی له که‌وانه‌دا چونکه شارستانێتی ئیسلامی له ئێستادا چیدی شارستانی ئیسلامی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست نییه و به‌م دۆخه‌وه ئه‌م شارستانێتییه نا‌تووانێت هیچ شتێکی مانادار و به نرخ پێشکه‌ش به مرۆڤایه‌تی بکات، بۆیه وه‌رچه‌رخانی تورکیا وه‌رچه‌رخانێکی توندتر ده‌بێت بۆ ئه‌و ڕه‌گوڕیشه فاشتستییانه‌ی خۆی که سه‌رجه‌می ده‌وڵه‌ت و دیسکۆرسی سیاسی و فه‌رهه‌نگی زاڵی تورکی له‌سه‌ر بنیاد نراوه. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه که ساڵانێکه ده‌ستی پێکردووه گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک ده‌بێت به هه‌مان سروشتی ده‌وڵه‌تی نوێی تورکیاوه به‌ڵام به چنگ و نینۆکێکی ئیسلامییه‌وه. تورکیا چیدی منه‌تی به ئه‌وروپا نابێت و خۆی ناچار نابینێت گوێ به مه‌رجه‌کانی مافی مرۆڤی ئه‌وروپا بدات، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی ده‌یبینین ده‌وڵه‌تێکی بێچاوڕوو ده‌بێت که بۆ سه‌لماندنی خۆی پشت به هێز و ملهوڕی ڕووت ده‌به‌ستێت.
.....
له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا کاتێک ڕۆشنبیران و ده‌سته‌بژێری ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌هۆش خۆیان دێنه‌وه له‌پڕ هه‌ست ده‌که‌ن زۆر له ئه‌وروپا و ڕه‌وتی شارستانێتی نوێ دوواکه‌وتوون، دوواتر که ئیمپراتۆریا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ناوچه‌که دروست ده‌بن و ده‌وڵه‌تی نوێی تورکیاش له‌لایه‌ن ناسیونالیزمی تازه ڕسکاوی تورکییه‌وه دروست ده‌کرێت. ئه‌و ده‌وڵه‌ته تازه‌یه که توانای نابێت جیاوازییه‌کانی ناو هه‌ناوی خۆی قبوڵ بکات، ڕاسته‌وخۆ ده‌که‌وێته ژێر کاریگه‌ری قوتابخانه‌ی ئه‌ڵمانی بۆ دروستکردنی ده‌وڵه‌ت له‌و کاته‌دا. به‌شی زۆری ئه‌و که‌سانه‌ی راهێنانیان به سوپای تورکی کردووه له ئه‌ڵمانیاوه هاتوون و زۆربه‌یان تۆوه سه‌ره‌تاییه‌کانی نازیزمن و بڕوایان به‌وه‌یه که ئیتنیسیتی ده‌بێت بڕبڕه پشتی ده‌وڵه‌ت بێت. کۆمه‌ڵه‌ی ئیتیحاد و ته‌ره‌قی و که‌مال ئه‌تاتورک ئه‌و بیرۆکه‌یه گه‌ڵاڵه ده‌که‌ن که دوواکه‌وتنی تورک به‌هۆی ئیمپراتۆریای عوسمانییه‌وه بووه بۆیه به توندی دژی عوسمانییه‌کان و دژی فیکره‌ی خه‌لافه‌ت ده‌بن. له ڕێگه‌ی دروستکردنی سوپایه‌کی تۆکمه‌وه پایه‌کانی ده‌وڵه‌تێکی به‌هێز داده‌مه‌زرێنن که تیایدا ئه‌و ده‌وڵه‌ته به زه‌بری هێز و توندوتیژی باز به‌سه‌ر هه‌موو جیاوازییه ئیتنیی و ئاینییه‌کاندا ده‌دات و هه‌وڵی توواندنه‌وه‌ی هه‌موویان ده‌دات له‌ناو بۆته‌ی ڕه‌گه‌زی تورکی باڵاده‌ست. ده‌وڵه‌تی تورکیا هه‌ر هه‌مان ئه‌و مۆدێله‌ی ده‌وڵه‌تی نازی ئه‌ڵمانی و ده‌وڵه‌تی فاشی ئیتالی و ژاپۆنی ئه‌و کاته‌یه، به‌ڵام به زۆر هۆکار و له‌ناویاندا هۆکاری ده‌ره‌کی ئه‌مه‌ریکا له‌لایه‌ک و سۆڤییه‌ت له‌لایه‌کی تره‌وه نازیزم و هاوپه‌یمانه‌کانی له جه‌نگدا ده‌دۆڕێن و ئه‌وروپا ڕێڕه‌وێکی دیکه وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام فاشیزمی تورکی ده‌مێنێته‌وه. له‌و کاته‌وه تاکو ئێستا هه‌ر که‌س و حیزبێک هاتبێته سه‌ر حوکم له تورکیا سروشتی ده‌وڵه‌ت نه‌گۆڕاوه که ستراکتۆرێکی فاشییانه‌ی هه‌یه.
مۆدێرنیتی یه‌که‌مجار له ڕێگه‌ی تازه‌بوونه‌وه‌ی سوپاوه دێته ناو تورکیا. توێژی سیاسی و ڕوناکبیری تورکیا کاتێک که‌ڵکه‌ڵه‌ی گه‌یشتنه‌وه به ئه‌وروپا ده‌که‌وێته سه‌ریان، بیر له‌وه ده‌که‌نه‌وه چۆن ده‌ستییان به چه‌ک و تفاقی جه‌نگی بگات، له به‌رامبه‌ردا پرۆژه‌یه‌کی جدی و تۆکمه نییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و نوێبوونه‌وه‌یه ببێته پرۆژه‌یه‌کی عه‌قڵی و زانستی و دیموکراسیی لیبڕاڵ.
ئه‌و پرۆژه‌یه که پرۆژه‌ی توواندنه‌وه ونکوڵیکردنی جیاوازییه‌کانی ناو تورکیایه هه‌ر هه‌مووی به‌سه‌ر جه‌سته و ڕۆحی ئه‌و ده‌سته و گروپانه‌دا ده‌رووات که دژایه‌تی ئه‌و ئه‌سیمیله‌یشتنه - تواندنه‌وه و ئاوێزانکردنی به‌تۆپزی- ده‌که‌ن که به‌شه هه‌ره زۆره‌که‌ی ئه‌و زه‌بره به‌ر کورد ده‌که‌وێت.
.....
گۆڕینی بینای کڵێسا به مزگه‌وت هه‌ندێکجار له ئه‌وروپادا ڕوویداوه و هه‌میشه ئه‌و گۆڕانکارییه وه‌کو بابه‌تێکی شاره‌وانی و ئاسایی وه‌رگیراوه، هه‌ندێکجاریش له هیندستان بینای مزگه‌وتی چۆڵکراو یاخود ئاوه‌دان، کراوه به په‌رستگا یاخود ڕوخێنراوه و پاڵنه‌ری ئایدیۆلۆجی له پشت بووه به‌تایبه‌ت له‌و کاتانه‌دا که حیزبی بههاراتا جاناتای ڕه‌گه‌زپه‌رست له‌سه‌ر حوکم بووبن. ئه‌م گۆڕینه‌ی مۆزه‌خانه‌ی دێرین و مێژوویی ئایا سۆفیاش بۆ مزگه‌وت به پاڵنه‌ری ئایدیۆلۆجی ده‌کرێت و نیشانه‌ی شکستی تازه‌بوونه‌وه‌ی تورکیایه و هه‌مووان ده‌زانن تورکیا له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه بۆ مزگه‌وت په‌کی نه‌که‌وتووه، به‌ڵام تورکیای هه‌ژار له ڕووی کلتووریه‌وه زۆر پێویستی به مۆزه‌خانه‌یه‌کی ئاوا گرنگ هه‌یه. ئه‌و پرۆژه‌یه پرۆژه‌یه‌کی ئایدیۆلۆجییه بۆیه زۆرکه‌س خۆیان سه‌خڵه‌ت کردووه به عه‌لی قه‌ره‌داخیشه‌وه که له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ و له‌شکرکێشییه قسه ناکات به‌ڵام له‌و بابه‌ته‌دا تویته‌ری خۆی گه‌رم کردووه. ئه‌و پیاوه گوزارشته له که‌وتنی ڕۆحی و خۆبه‌که‌مزانینی مرۆڤی کورد و باسی ئه‌وه ده‌کات که له‌سه‌رده‌می 'شه‌ڕی خاچپه‌رسته‌کان'دا له ئه‌نده‌لووس مزگه‌وت ڕوخێنراوه که ئه‌وه دروستکردنی ته‌پوتۆزه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ ڕاستییه‌که نه‌بینێت.
پرۆژه‌ی ئه‌ردۆگان هه‌ر هه‌مان پرۆژه‌ی ناسیونالیزمی تورکییه که له قوڵاییدا فاشیستییه به‌ڵام وه‌ک چۆن ده‌یه‌وێت له ئاستی هێز و نوێنه‌رایه‌تی ده‌وڵه‌تدا خۆی بکاته ڕه‌مزی ئه‌و ده‌وڵه‌ته، ئاواش ده‌یه‌وێت له ئاستی سیمبول و مانای ڕه‌مزیدا و له ڕێگه‌ی ده‌ستکاریکردنی زۆر شت‌دا شۆڕه‌سوواره‌که‌ی هه‌ر خۆی بێت، ئه‌نجامه‌که‌ش گۆڕانی فۆرمی ده‌وڵه‌ت و له هه‌مان کاتدا مانه‌وه‌ی ستراکتۆره فاشیستییه‌که‌یه‌تی.