Draw Media

"دالەکانی" دۆخی کوردستان و وەهمی دیموکراسی

"دالەکانی" دۆخی کوردستان و وەهمی دیموکراسی

2020-07-13 17:29:22


چیا عەباس

 

کاک نەوشیروان لە هەڵمەتێکی هەڵبژاردندا بۆ گۆڕان لە کەرکوک باسی لەوە کرد کە دەسەڵات درۆ و دراوی بەدەستەوە ماوە.
زیاتر لە دە ساڵ دوای ئەم لێدوانە بەناوبانگە و زیاتر لە سێ ساڵ دوای وەفاتی کاک نەوشیروان دالە ناشرینەکانی کوردایەتی ئەم سەردەمە لە زیادبوندان، ئاماژەی زەقن بۆ ئاڵۆزی و دژواری دۆخی سیاسی و حوکمرانی و ئیفلیجی دیموکراسی.
لە بیرمە لە گەڵ سەرهەڵدانی شۆرشی ئەیلولدا تەمەنی خۆم و هاورێکانم لە دوازدە ساڵ تێنەدەپەری، ئەو سەردەمە وەک خوێندکارێک لە قۆناغی مامناوەندی رۆژانەمان هەبو، ئەوەی بەندە دە فلس بو، دواتر بە هەزار شەرەشەق کرا بە پانزە فلس. لەو پارەیە هەفتەی جارێک بە برێک یارمەتی دایکم بلیتێکی سینەمام دەکری، هاوکاتیش رۆژانە بەشی پارویەکی بەلەزەتی قاورمەی نۆک بە کەوەرەوە لە بەر دەم قوتابخانەی گۆیژە و ئەزڤەنیەک و چەند تاکە جگەرەیەکیشی دەکرد.
لەو تەمەنەدا لایەنگری یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوم و یەک دو ساڵی خایاند تا بوم بە ئەندام، بۆ ئەندامیەتیش ئابونەی مانگانە چل تا پەنجا فلس بو و ئەوەشم لە رۆژانەکەم دەدا.
جاران بە دارا دو داری دی و دۆی دادە و و دەنگی دەهۆڵی پارشێو و درۆ و دەلەسە و درەندەیی دوژمن و دڵپاکی و دڵسۆزی خەلک و دەنگە دلێرەکەی رادیۆی شۆرش  چاومان بە کوردایەتی کرانەوە، لە گەڵ شۆرشی هەڵسانەوەی دوای شکستی شۆرشی ئەیلولیش دەستە دلێرە گەنجەکانی گەل سەر لە نوێ تۆوی ئومێدیان چاندەوە. 
نیو سەدە دواتر کە ئێستا دەکات دزی و درۆ و دەلەسە و دراو و دورویی و درەندەیی و دارمان و داکشان و دێوزمەیی و دێرینی ساختە و بن دیوار و دەڵاڵی کۆیلەی سیاسەت و بازرگانی و دژواری داد و خزمەتگوزاریەکان و دۆشینی خەڵک و ..... تاد بونەتە بەشێک لە خەسڵەتەکانی ئەم دۆخەی تێیدا دەگوزەرێین.
جاران پەرلەمانمان نەبو، ویژدان و باوەر و پاکی پەرلەمانمان بون و خەڵکی بە ئەمەک وێرای درندەیی دوژمن بوێرانە چاودێری کار و رەفتاریان دەکرد، جاران شانازیمان بە سەرکردە و رابەرەکانمانەوە دەکرد و پشت و پەنامان بون، ئێستا خاوەنی پەرلەمان و بەناو دیموکراسین و سەرکردە و رابەرەکان بچوک بونەتەوە بۆ سەرکردەی حزب و جەمسەر و تاقم و گروپەکانیان.
لە مێژە، شەش سەدە پێش میلاد، لە ئەسینا کەرەستەکانی دیموکراسی دارێژران، لەو ساتەوە چەمکی دیموکراسی گۆرانکاری گەورەی بەسەردا هاتوە، لە ناوچەکەمان تەوژمی دیموکراسی پاش روخاندنی دیواری بەرڵین بەرپابو، بەهۆی گەڵیک هۆکاری مێژویی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسەوە ئەو تەوژمە سەرەتاییە رەونەق و بەهاکانی زۆر کاڵبونەتەوە. بەتەنیشت هەر پرۆسەیەک و سیستەمێکی بەناو دیموکراسی دیکتاتۆرێک، شێخێک، ئەمیرێک، بنەماڵەیەک، لەشکرێک و ئایین و مەزهەبێك چنگیان بەتوندی لە گەردنی دیموکراسی چەقاندوە.
ونستۆن چەرچڵ  دەرباری دیموکراسی گوتویەتی: باشترینە لە سیستەمە خراپەکانی دنیادا.
لای رۆژئاوا دیوکراسی بۆتە نەریتێکی مێژویی، لە ناوچەکەمان و لای خۆمانیش وەهمێکە، وەهمێکە شاگردەکانی حزب و دەسەڵات لە پەرلەمان وێناکێشی دەکەن بێئەوەی توانیبێتیان لە نزیکەی سی ساڵدا گەردنی دیموکراسی لە چنگەکانی دەسەڵات قورتار بکەن.
ئەمە مانای ئەوە نیە کاری باشیان نەکردبێت، مەخابن پاکژکردنی جۆگەلە و باریکە روبار بون، ئاوەکە لە سەرچاوە چۆن بوە هەر دێت و دەروات.
شکستی گەورەی پەرلەمانی کوردستان گەیشتۆتە لوتکە چونکە بۆ هەمو ئەو دالانەی رەوشی کوردستان هاتون یاسایەکیان بە ناوی چاکسازی خەتم کردوە، یاسایەک خۆی لە قەرەی سەرچاوەی ئاوە لیخن و لێڵەکە نەداوە، هاتون خەتاکەیان خستۆتە ئەستۆی مەجرای جۆگەلە و باریکە روبار و ئاوە مەنگەکان.             

 

  
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand