گۆران عەلی كەریم لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا عێراق و هەرێمی كوردستان بەقۆناغگەلێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەستیاردا تێپەڕی، هەندێك لەروداوەكان خۆ كرد و هەندێكی تریشیان لەدەرەوەی ئیرادە سەپێنرابوون، بۆ عێراق و هەرێمیش گرنگترین رووداو روخاندنی حكومەتی بەعس و بیناكردنەوەی عێراقی دوای سەدام بوو، كەبەداخەوە لایەنە سیاسییەكانی عێراق نەیانتوانی ئەو هەلەبقۆزنەوە و وەك ئەوەی چاوەرواندەكرا بتوانن عێراقی دوایی سەدام بكەنە وڵاتی ئارامی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە، لە پاڵ ئەوەشدا هەرێمیش نەیتوانی نمونەیەكی جیاوازتر نیشانبدات وهاوتەریب لەگەڵ عێراق كەوتە دوای دەسەڵاتخوازی دوركەوتنەوە لەبەهاكانی حوكمرانیەكی دیموكراتیانە، ئەم هەوڵە كوشندەیەش وەك كراسێك بەبەر چەند دەستەو گروپیكدا دوراو كرایە چارەنوسی سیاسی و حوكمرانی، دیارە ئەم مەترسیەش بەسانایی تێناپەرێت و كاریگەری دەبێت بۆ چەند دەیەیەكی تر. ئێستا ئەوەی لێمان نارون و نا دیارە عێراقی پاش بیست ساڵی تر روولەكوێ دەكات؟. بۆ ئاشنا بوون لەچارەنووسی ئایندە، یان چارەنووسی بڕیاردان بۆ بیست ساڵ، ئەستەمە بتوانریت متمانە بەم دەستە سیاسییەی ئیستاو بەم میكانیزمەی حوكمرانی شیمانەی خێری لێبكرێت، ئەمەش بەدڵنیاییەوە كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت و تا عێراق لەم دۆخەدا بێت هەرێمی كوردستانیش وەك تەختەی سەر ئاو دەمێنێتەوە و لەناو هەرێمیشدا دۆخی دوو زۆنی بەردەوام دەبێت و سلێمانیش گەر وەخۆی نەكەوێت دەبێت هەر ئەو گللەییەی بۆ بمێنێتەوە بڵی سزادراوم و ئابڵوقەم لەسەرە. شاری سلێمانی كە بەمێژووی خۆی بزوێنەری بزووتنەوەكان بووە و بەردەوام وەك شارێكی یاخی و قەڵای یاخییەكان سەیركراوە، بۆیە بەرپرسانی ئەمشارە لە دیداری سلێمانی كە لەماوەی دوو رۆژەدا بەرێوە دەچێت، هەقوایە بیكەنە سەكۆی گفتوگۆیەكی چروپر لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بەسزادانی ئەم شارەوەو هەر لیرەشەوە نەخشەرێگایەكی تر دابرێژرێتەوە بۆ هەرێم و تەنانەت عێراقیش. (دیداری سلیمانی ) کە ڕۆژانی (15-16 )ی ئەمانگە بەڕێوەدەچێت، هەق وایە دورخرێتەوە لەو جۆرە مەراسیمانەی كە تەنها لەگرد بوونەوەی نوخبەیەكی سیاسی و كۆمەڵیك كەسایەتی خۆی دەنوێنێت، هەق وایە ھاتنی سەرۆک وەزیرانی عێراق و چەندین وەزیرو کەسایەتیە سیاسیەکانی عێراق و کوردستان، بكرێتە بۆنەیەك بۆ گفتوگۆی جدیانە بۆ بەرچاوروونی و دیاریكردنی ئایندەی پەیوەندی هەرێم و عێراق، بەتایبەتیش ناوچەی سلێمانی كە ئیستا هەموو چاوەكان چوەتە سەر پرسی هەناردەكردنی غاز كە سەربەئیدارەی سلیمانیە. كاتێك تەوەری کێشەکانی بەغداد و ھەولێر دەبنە مژاری ڕاشکاوەنەی ناو دیدارەکە پێویستە چیتر بابەتە ستراتیژییەكان بەهەڵپەسێردراوی نەهێڵێریتەوە و بەپینەو پەرۆكردنی پرسەكان رازی نەبن. تەوەرەێکی تری دیدارەكە گفتوگۆیە لەسەر ژینگەی عێراق، لەناوچەی سلێمانی دوو بەنداوی گەورە هەیە، بەشێك لەسەرچاوەكانی ئاو هەر لەم دەڤەرەیە،دەكرێت سلیمانی بكرێتە ناوەندێكی عێراقی كاریگەر بۆ ئەم پرسە و بوجەیەكی بۆ دابین بكرێت تا لێرەوە مەترسیەکانی سەرجەم خاکی عێراق و بە توێژینەوەی گرنگ بەرهەمبهێنرێت. بەشداری کردنی گەنجان لە بڕیاری سیاسی وباسکردن لە سەرچاوەی داھاتی عێراق لە بەکارھێنانی نەوت و گاز، بۆ سەرچاوەی داھاتی تری سروشتی و کشتوکاڵی. چەند بەشێكی تری ئەم دیدارەن كە هەموویان گرنگیان هەیە، لەوانەش زیارتر ڕۆڵی خانمان لە پەرلەمان و بەشداری کردنیان لە کایە سیاسیەکاندا كە بەردەوام سلێمانی پیشەنگ بووە لەدەستپێشخەریدا. دیارە دیداری سلێمانی لەم كاتەدا جگە گرنگی بابەتەكانی بایەخێكی تریشی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە سلێمانی بەكەس پەراوێزناخرێت چونكە زیندۆیتی ئەم شارە پێناسەكەیەتی و مێژووەكەشی شاهیدە.
پشکۆ ناکام ..... بۆ ئەوەی زتاتر لە "ئازادی" تێبگەن ، ئازادی تەسبیحێک نیە لە هەولێر زەرد و لە سلێمانی سەوز بێ ، ئازادی یەک ڕەنگی هەیە کە ئەویش ڕەنگی ئینسانە ، ڕەنگە بتوانن سەرتاپا نیشتمان بە دوو ڕەنگ بڕازێننەوە ، "جا بە خۆشی بێ یا بەشەق..!!" بەڵام ناتوانن ڕەنگی ئازادی بگۆڕن ، چونکە لە دروست بوونی ئینسانەوە ئازادی هەمان ڕەنگی هەیە ، ئێوەش سی ساڵە خەریکی ڕەنگ کردنن ، ..... ئازادی پارە نیە وورد بکرێتەوە لە بازاڕی دۆلارەکەی هەولێر بەهایەک و لەوەی سلێمانی بەهایەکی تر..بەهای ئازادی یەکسانە بە بەهای ئینسان ، ئایا ئێوە لەوە تێ ئەگەن کە هیچ بەهایەک ناگا بە بەهای ئینسان ؟.. گەر پارەتان خستە ئەم گیرفان یان ئەو ، بە مانای ووەدکردنەوەی ئازادی نایەت ، ڕەنگە بەپارە بتوانن ڕەنگی ئینسانێک بگۆڕن بەڵام قەت ڕەنگی ئینسانیەت ناگۆڕن ، قورس کردنی لایەکی تەرازوی ستەم و ئینسان بە پارە بێ هودەیە چونکە ئێوە دەستان توانای هەڵگرتنی تەرازوەکەی نیە ، ئازادی تفەنگ و تێڵا و کێبڵ نیە بە دەستانەوە بیگرن ، ئازادی بۆ دەستی ئێوە قورسە ، هەروەک چۆن وەک " ووشە" بۆ ئێوە قورسە و لەبەر ناکرێ ئاواش بە "کێش" قورسە و عەزەڵاتەکانی سەرجادە و زیندان و کاروانی سەیارەکانتان لەبەردەم ئازادیا نە یەک گرامە و نە یەک عانەی قەڵبیش ئەهێنێ... ئازادی ئەو دەسەڵاتە ڕۆحیە ئەبەدیەیە کە سروشت لە لەدایک بوونەوە بە ئینسان ئەبەخشێ ، ئێوە گەر پارێزگاری لێ ناکەن و ئەتانەوێ بەرامبەر حوکمی سروشت بوەستن عاقیبەکەتان لە سولطان و نەجمە لەسەر شانەکانی خۆتان باشتر نابێ ، ....ئازادی نوقڵی شەوی بەرات و خواردنی مەولو و چێشتی مجەور نیە ببەخشرێتەوە ، ئێوە ببن یا نەبن ئێمە بە ئازادی لەدایک بووین و بەرگری لێ ی و باجەکەشی هەر خۆمانین..... ئەو کەسەی ئازادی لە ئینسان زەوت ئەکا عەگال یان کلێتە یان جامانە یان خودەی بەسەرەوە بێ هیچ جیاوازییەکی نیە ، هەڤاڵ یان هاوڕێ یان هاوبیر یان مەلا بێ هیچ لەناوەڕۆکی باسەکە ناگۆڕێ کە دژایەتی کردنی ئازادی دژایەتی کردنی ئینسانە ، تۆ کە دژایەتی ئازادی و ئینسان ئەکەی هیچ گرنگ نیە چ دروشمێکت بەدەستەوەیە یان وێنەی کێت لە پشت خۆتەوە هەڵواسیوە ، چونکە بەرامبەر بە ئازادی هەموو چەواشەکارییەکان وەک خورافیاتە ئاینییەکان وەک" تەرزە "کاریگەرییان ئەبێ بەڵام هەر ئەتوێنەوە ... ڕەنگە بتوانن دەیان ووشە بگۆڕن ، ئارایشت کەن ، بیتەکێنن ، یان هەر لە فەرهەنگا نەهێڵن ، بەڵام بەرامبەر بە ووشەی ئازادی وەک ئەوانی پێش خۆتان بێ دەسەڵاتن ، ئازادی نە ژەنگ هەڵئەهێنێ ، نە کاڵ ئەبێتەوە ، نە لە قورساییەکەی کەم ئەبێتەوە ، ..ئازادی ئەو خەیاڵەیە کە خەو لە ستەمکار حەرام ئەکا ، چەن خۆشە لەسەر جادەیەک بە گیرفانی بەتاڵەوە عەرز ڕابخەی و بە ئاسمان خۆت داپۆشی و باوەش بکەی بە ئازادیا و بەرەو خەو بڕۆی ، چەن ترسناکیشە لە کۆشکێکا بە سەدان چەکدارەوە دەقیقەیەکی بە ڕۆژێ لێ بڕوا و تارمایی ئازادی و عەوداڵانی ئینسانیەت هەر بەدواتەوە بن...!کە ڕەنگی ئازادییە...ئینسان و ئازادیش دووانەیەکن بۆ و بە یەکتر ئەژین ، ئازادی ڕۆحێ نیە بچێتە گیرفانەوە ، هەر کەسێ لەجێ ی ئازادی گیرفانی هەڵبژارد ناخی خۆی کوشتوە..ئازادی پارچە قوماشێ نیە بە " مەترە"کەی خۆتان بیبڕن و بۆ بۆ میللەتی بدوورن ..چونکە دوا جار بۆ جیاکردنەوەی ئێوە و ئازادی خوازان ، ئازادی خۆی بڕیار بەدەستە، خۆی ئەبێ بە مقەست.... ێازادی سروودێکی حیزبی نیە لەبەر بکرێ ، ئازادی سروودی ڕۆحی ئینسانە بۆ ئینسانەکانی تر ، "گەنم "ێکە بە یەقڵ و هۆش گەورە ئەبێ و ئەبێ بە نان بۆ هەژارەکان ، ئای چەن شەرمەزارییە مێشکت جێ ی تۆوە گەنمێکی تیا نەبێتەوە... ئەتوانی چاووم لێ سوورکەیتەوە، وەڵامیشت نەیەمەوە ناخم پێت پێ ئەکەنێ ، ئەتوانی پڕ شەقم کەی ، بەڵام ئازادی لە ناخما بەرگری لە گیان و جەستەم ئەکا ، ئەتوانی بمڕفێنی ! بەڵام ئازادی ناهێڵێ یەک بست لێ ی دوورکەومەوە ، ئەتوانی قووتم بخۆی ، بەڵام سفرەیەکی هەمیشەیم هەیە کە پێ ی ئەڵێن ئازادی، ئەتوانی بە " فڵچەی نەوت"ڕەنگی سوپاکەت بگۆڕی ، بەڵام ناتوانی ڕەنگی ناخم بگۆڕی ئازادی ڕۆحێ نیە بچێتە گیرفانەوە ، هەر کەسێ لەجێ ی ئازادی گیرفانی هەڵبژارد ناخی خۆی کوشتوە..ئازادی پارچە قوماشێ نیە بە " مەترە"کەی خۆتان بیبڕن و بۆ بۆ میللەتی بدوورن ..چونکە دوا جار بۆ جیاکردنەوەی ئێوە و ئازادی خوازان ، ئازادی خۆی بڕیار بەدەستە، خۆی ئەبێ بە مقەست....
د. نیاز نەجمەدین لە کۆمەڵگەیەکدا دەژیم کە سەرباری ئەوەی هەنگاوی گەورەی بەرووی یەکتردا ناوە و خەریکە ئازادتر دەبێت، ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە، هێشتا دەیان پرسیار قەدەغەکراون. تۆ نابێت لە رەفتاری سەروو خۆت بپرسیت، لە هۆکارەکانی 'بوون' بپرسیت، لە راستیی و دروستیی ئەو چیرۆکانەی وەک موقەدەسێک بە ئێمە ناسێنران بپرسیت، تۆ تەنانەت رێپێدراو نیت دەربارەی خۆشت بپرسیت: من چییم؟ بۆ وا رەفتار دەکەم؟ لە کۆمەڵگەیەکی لەم چەشنەدا کە مرۆڤەکان بەردەوام تۆمەتێکیان بۆ یەکتر پێیە، بۆ نموونە یەکتر دەترسێنن بەوەی ئەگەر خەمۆکییت هەبێت ئەوا شێتیت، ئەگەر حەزت لە سێکس بێت و بیکەیت ئەوە بەڕەڵایت با سەڵتیش بیت، ئەگەر ئالودەی کحول(مەشروب) بیت ئەوا سوکیت، کافریت، مەلعونیت، هتد، دەبێت شتێکی خراپ نەبێت کە شوێنگرەوەیەکی وەک چات جی پی تی(ChatGPT) بۆ ئەم بوونەوەرە دروست ببێت، شوێنگرەوەیەک کە تەنها ئەو بە نهێنییەکانت بزانێت، تۆماریان بکات و راستەوخۆ لە دژت بەکاریاننەهێنێت. لای کەم، تا کەلتوری مرۆڤی ئێمە دەگۆڕێت و کەمێک ئازادییمان پێ رەوا دەبینێت، زۆر لە ئێمە لە ژیاندا نەماوین. ئەوە رۆبۆتەکان نیین وایان کردووە کلینیکی دەروونناسانمان چۆڵ بێت و قەناعەتمان بەوە نەبێت ئامۆژگارییمان بکەن لە کاتێکدا بە جەنگ و گەمارۆی ئابووریی و دەیان کێشەی تردا تێپەڕیوین. تەنها لاوازیی ئەم جۆرە پسپۆڕییەش نییە کە ناتوانێت وەڵامی زۆر کێشەی دەروونیی ئێمە بداتەوە، بەڵکو ئەوە من و تۆین لێ ناگەڕێین مرۆڤ لە حەکیمێک، یان پسپۆڕێک بپرسێت: بۆ هێندە توڕەم؟ بۆ ماڵەکەم پرە لە ئاژاوە و چیی بکەم؟ بۆ ژیانمان لە خۆمان تاڵ کردووە؟ ئەمە وام لێ دەکات کە بڵێم هەر کۆمەڵگەیەک تایبەتمەندیی خۆی هەیە و مەرج نییە ئەو رەخنانەی لە چات جی پی تی هەبن سەر لەبەر بۆ ئێمەش راست بن. بریا شارەزایانی ئێمە دەرفەتیان دەبوو وابکەن کورد بتوانێت بە زمانی خۆی لەگەڵ شوێنێکی وەک چات جی پی تی پەیوەندیی بگرێت. بێگومان بیرکردنەوەی رەخنەیی جیایە لە بیرکردنەوەی کەئاباویی. ئێمە کەمتر بیرکردنەوەی رەخنەگرانە گەشە پێ دەدەین، خوێندنەوەی ئێمە بینینیی مەترسیی و لە هەمان کاتدا دەرفەت نییە، بەڵکو لە هەندێک ئاستدا پتر نزیکە لە خەمۆکییەکەوە کە لە تێگەیشتنی ئێمە بۆ هەر دیاردەیەک ئامادەیی هەیە، بۆیە دەگەینەوە هەمان ئەنجام: ژیان هەر خراپ بووە و هەر خراپتریش دەبێت! تێگەیشتنی ئێمە بارگاوییشە بە ئایدیۆلۆژیا، ئەمەش ناچارمان دەکات بگەینەوە بە هەمان ئەو ئەنجامانەی ئایدیۆلۆژیاکە بۆی دروست بووە. هەرچی زاڵبوونی شیکاریی ئابوورییە لە خوێندنەوەی رۆڵی رۆبۆتەکاندا کورتدەهێنێت، لای کەم ئەگەر بوارەکانی تر فەرامۆش بکات. رۆبۆتەکان زیاترن لەوەی بێئیشمان دەکەن یان دەرفەتی ئیش زیاد دەکەن. من لەگەڵ ئەوەی خوازیارم ئازارەکانمان لەگەڵ مرۆڤ شەیر بکەین و مرۆڤ لە بری رۆبۆتەکان پشتوپەنامان بێت و دڵی خۆمانی بۆ بکەینەوە (لە بری ئەوەی دوژمنی یەکتر بین)، لەگەڵ ئەوەی دەزانم وەرچەرخانی تەکنۆلۆجیی سکپڕە بە دروستکردنی دەیان کێشەی نوێ، هێشتا دیوێکی باشی ئەم گۆڕانکارییە ئەوەیە رۆبۆتەکان یارمەتیمان دەدەن باشتر لە خۆمان و دنیا تێبگەین، لە دەعێ(ئیگۆ)ی مرۆڤیش دەدەن بەوەی لە هەندێک بواردا دەبنە رکابەریی، ناچاری دەکەن کراوەتر بژی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوانیدیکە باشتر بکات.
سەروەت هەڵەبجەیی ڕێکەوتنی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە کە بە نێوەندگێڕی چین لە شاری پەکین و بە ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی هەر دوو وڵات واژۆی لە سەر کرا، بە گرنگترین ڕووداوی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. دوو وڵاتی گرنگی جیهانی ئیسلام کە سەرکردایەتی هەر دوو جەمسەری سوننە و شیعە دەکەن پاش 7 ساڵ پچڕانی پەیوەندییەکان و کۆمەڵە هەنگاو و دوژمنایەتییەک لە بەرامبەر یەکتر، دوا جار بە ڕۆڵی زلهێزێکی وەک چین گەیشتنەوە ڕێکەوتن. ئەم ڕێکەوتنە وەک ئاماژە درا بە نێوەندگێڕی چین کراوە کە بە هەموو شێوازێک هەوڵی لێژکردنی شوێن پێی ئەمریکا لە جیهان دەدات و پێدەچێت لە پاش سەردانەکەی شی جین پینگ بۆ سعوودیە و کۆبوونەوەکەی لە گەڵ لوتکەی وڵاتانی عەرەبی، زیاتر ویستی مانەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. بە واتایەکی دیکە، ئەگەر تا دوێنێ ئەمریکا قسەی یەکەمی لە ناوچەکە و لە نێو وڵاتانی عەرەبی دەکرد، ئێستا چین ئەو هەژموونەی ڕوبەڕوی کێشە کردووەتەوە و وەک شارەزایان دەڵێن ئەمە زەنگێکی مەترسییە بۆ ئەمریکییەکان لە ناوچەکە. ئێران بەدەر لە کەمکردنەوەی گوشارەکانی ، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەم ڕێکەوتنەوە ڕێگری لە نزیکبوونەوەی سعوودیە و ئیسرائیل بکات، ئەگەر لەمەدا سەرکەوتوو بێت دەتوانین بڵێین کە ڕێکەوتنی ئابراهام کە لوتکەی ئامانجەکانی سعوودیەیە، شکست دێنێت. لە بەرامبەردا، دەوترێت کە سعوودیە بە ئاگاداری ئەمریکا چووەتە دانوستانەوەکانی چینەوە و بە ڕەزامەندی واشنتن ڕێکەوتنی لە گەڵ ئێران واژۆ کردووە. هەر بۆیە ئەمریکا دەیەوێت بە نەهێشتنی گرژییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە، پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و تەل ئەبیب ئاسایی بکاتەوە. ئەڵبەت ئەمە بەندە بە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 ی ئەمریکاشەوە کە ئەگەر کۆماریخوازەکان دەنگ بێنن بن سەلمان هێزی ناوچەیی زیاتری دەبێت و ئەگەر دیموکراتەکانیش لە دەسەڵاتدا بمێننەوە ئەوا بن سەلمان و سعوودیە هاوکاری زیاتریان لە گەڵ ئێران دەبێت. ڕێکەوتنەکە بن سەلمان و سعوودیە لە شەڕی یەمەن تا ڕادەیەک ڕزگار دەکات و لە هەمان کاتیشدا هەناسەیەکی دیکە بە ئێران دەبەخشێت کە لە ژێر گوشاری سیاسی، ئابوری و جەماوەریدایە. بە پێی ئەوەی کە سعوودیە سەرکردایەتی وڵاتانی کەنداو و جەمسەری سوننە دەکات، ڕەنگە ئەم ڕێکەوتنە ببێتە هۆی هاندانی زیاتری وڵاتانی عەرەبی بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران، وەک دەبینین کە شاندێکی پەرلەمانیی ئێران لە گەڵ سەرۆکی پارلەمانی بەحرەین کۆبووەتەوە، ئەویش لە پاش ڕێکەوتنەکەی تاران و ڕیاز بووە.
سهردار عهزیز لێرەدا کۆمەڵێک سەرنجی خێرا دەنوسم، ئەوەی رویدا لە ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتی ئێجگار گرنگە. بۆ ئێران ئەم هەنگاوەی نا؟ نوخبەی دەسەڵاتداری ئێرانی لەهەموو لایەکەوە لەژێر فشاردان. هەر هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی فشار، بە ناچاریش بێت، زەرورەتە. تەنانەت حەز دەکەن لەگەڵ ئیسرائیلیشدا رێکبکەون بەڵام لە پەرچەکردارەکەی دەترسن. سعودیە وەها دەبینرێت کە سپۆنسەری سەرەکی کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵە کە بووەتە سەرچاوەی سەرەکی هەواڵ لەناوخۆی ئێراندا. بۆ سعودیە ئەم هەنگاوەی نا؟ محەمەد بن سەلمان، پلانی گەورەی هەیە لە ناوەوەی سعودیە. بۆ ساڵی ٢٠٣٠ سعودیە جگە لە ئاین دەبێتە شوێنی کەلتورو گەشتیاری و بازرگانی. بۆیە کەمکردنەوەی تێچونی دەرەکی ئامانجیەتی، بەتایبەتی شەڕی یەمەن. هەروەها هەنگاوێکە بۆ خۆدورخستنەوە لە ئیسرائیل. چونکە کەنداو دەترسن لە کاتی هێرشی ئیسرائیلدا لەبری تۆڵە لە ئیسرائیل، ئێران بیسرەوێنێتە ئەوان. وەک چۆن بە هەولێری کرد. ئەمریکا بەپێچەوانەی ئەوەی دەیڵێن، ئەمریکا دژ بەم رێکكەوتنە نیە. سعودییەکان هەنگاو بە هەنگاو واشنتۆنیان ئاگادارکردبوو. ئەمریکییەکان رازین بەڵام بەشدارنین. بۆ ئەمریکا کەمکردنەوەی فشارە لەکاتێکدا کە شەڕی ئۆکرانیاو رکەبەری چین ئەولەویەتە. چین؟ ڕەنگە بۆ چین گەورەترین روداوبێت. هەمومان دەزانین کە کارە زۆرەکانی ئەم رێکكەوتنە لە بەغداو مەسقەت کراوە، بەڵام واژۆکردنی لە پەکین کۆمەڵێک ئاماژەی هەیە: یەکەم، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ رێکكەوتنێک بەبێ پشتیوانی زلهێزێک نرخی کاغەزەکەی نیە. دووەم، چینییەکان دەیانەوێت خۆیان وەک ئاشتکەرەوە ببینن نەک وەک دروستکردنی رکەبەر. سێیەم، چین دەیەوێت بڵێت ئەمریکا هۆکاری ململانێی ئەم هێزانەیە. بڕیار وەهایە لەماوەی دوو مانگدا باڵوێزخانە بکەنەوە، با چاوەڕێ بین. ئایا بۆ عێراق و کوردستان چۆن دەبێت، ئەوەی بۆ ئێوە جێدەهێڵم.
پەیڕەو ئەنوەر وادیارە ئەم دوو ئەکتەرە هەرێمییە دەیانەوێت رێکبکەون. چەند رۆژێکە راوێژکاری ئاسایشی هەردوو وڵات لە پەکینی پایتەختی چینن. دانوستان دەکەن. چین و شین جینپینگ ناوبژیوانانیان دەکات. دواتر دەگەن بە رێککەوتن لەسەر دوو هێلی سەرەکی، وەک چوارچێوە و سەرەتایەک بۆ چوونە نێو رێککەوتنی فراوانتر و گشتگیر. خاڵی یەکەم: رێزگرتنە لە سەروەری یەکتر. دووەمیش: دەستوەرنەدانە لە کارووباری ناوخۆی یەکتر. ئەم دیمەن و چوارچێوەیە <رێککەوتننامەی ئاشتی وێستفاڵیا Westphalia Peace Agreement> مان لە ١٦٤٨دا بیردەهێنێتەوە کاتێک بنەماکانی سەروەری، یەکسانی نێوان ئەکتەرەکان، سەربەخۆیی خودی و دەستوەرنەدان دێنەکایەوە. دواتریش کۆتایی بە جەنگی ٣٠ ساڵەی مەزهەبی نێوان کاسۆلیک و پڕۆتێستانتی ئەوڕوپا دەهێنێت. سعودیە وەک هاوڕێی چین دەردەکەوێت. لەڕاستیدا چین دەیەوێت بەرەو ناوەندبوون بڕوات لە خۆڕهەڵات یان رۆڵی کۆکەرەوە ببینێت. دیارە ئەم پڕۆسەیە هێواشە بەڵام پێدەچێت بەعەقڵانیکراو بێت. سەرەتا بەشێوەی نەرم و دواتر بە چینیکردنی پەیوەندی، هەڵسوکەوت، بیرکردنەوە و رێککەوتننامەکان و کایەکانی تر. دوێنێ لە پیشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب، وەشانخانەیەکی میسڕی تەواوی دنیای فکر، مەعریفە، فەرهەنگ، سیاسەت و کۆمەڵگەی چینی بە عەرەبی کردبوو. کۆنفۆشیۆس و رێگەی ئاوریشم بە زمانی عەرەبی. لێگەسی چینی بەزمانی عەرەبی. ئەم هەوڵە بەشێکە لە هاتنی چین بۆ لای ئێمە. ئەم رێککەوتننە لەدەستپێکدا دەیەویت بەمشێوەیە بدوێت: -چین لە جیهانی عەرەبی زیاتر دەبینرێت. لەئاستی جیۆپۆلەتیک بەڕێگەی پڕۆژەی ئاوریشم. لەئاستی دبلۆماسی بەڕێگەی نێوەندگیری و لەیەکترنزیککردنەوەی دژەکان. دیارە سعودیە و ئێران ئەم دەرگا و بینراوییەی چین خێراتر دەکەن. چین باشتر دەتوانێت ئامادەبێت و بێتەژوورەوە. -پێدەچێت ئەم وێنە جیۆپۆلەتیکییە کەمێک کاڵ ببێتەوە گوایە ئێران پانتاییەکی چینی، سعودیە ئەمەریکی و عیراق خۆڵەمێشی بێت و لەنێوان چین و ئەمەریکادا جۆلانێ بکات و بێت و بچێت. پانتاییەکە زیاتر چینیانە بێت ئەگەر بەشێوەی سیمبولیش بێت. -سیستمی سیاسی و ئاسایشی هەرێمی ناوچەکە شێوەی تر وەربگرێت Reshaping the regional system ناوچە پەراوێزییەکان لەنێوان سعویە و ئێران هارمۆنیا، تێگەیشتن و بنەمای تری بۆ دابنرێت بەتایبەت سوریا و یەمەن. -عیراق پەرت و دابڕاو دەمێنێتەوە. بنەمای هێز و جیۆپۆلەتیک لە عیراق ناهاوسەنگە. هەرچەند رێژەی زاڵ لە هێز و جیۆپۆلەتیک و بڕیار تائێستاش لە عیراق لای ئێرانییەکانە. عیراق لەقۆناغی Democratic transformation و هێشتا شلۆق و لەرزۆکە، ئاسان یاری هەرێمی تێدا دەکرێت. بەتایبەت کاتێک زۆرینەی سەرچاوەکانی هێز لای ئەکتەرە کلاسیکییەکانە لەبری دنیای دامەزراوە و یاساکان. وادەردەکەوێت ئەم جوڵەیە پەیامی زیاتر لەهەناوی خۆیدا هەڵبگرێت. پەیام بۆ ئەمەریکا و مانەوەی، سیاسەت، پەیوەندی و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ هاوڕێکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. هەرچەند ئەمەریکا هێزێک نییە خێرا و ئاسان ساندویچ بکرێت. بەتایبەت هێشتا لەژێر کاریگەری و باڵایی بەشیکی بەهاکانی سیستمی نوێی جیهانی New World Order داین. دەبێت بزانین گوتاری خێرای ئەمەریکا چی دەبێت، چۆن قسەدەکات و دەدوێت لەبەرامبەر ئەو رووداوەدا. بەختێکی باش بۆ رێککەوتنێک کە رووخسارەکەی لێی نووسراوە Made in Chine!
کاوە محەمەد لە دنیای دیپلۆماسی-دا هەمیشە وا باوە کە پایتەختێک ببێتە شوێنی پێشوازیی گەرمی سەرۆک و وەزیرانی وڵاتان، ئەوە خاڵی بەهێزی ئەو پایتەخت و ئەو دەسەڵاتەیە کە تیایدا حوکم دەکات، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان و لەم ماوەیەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی وڵاتان لەدوای بەغدا ڕوو لە هەولێر دەکەن، نەک هەر بەدەرە لەو رێسایە، بەڵکو بەڵگەی لاوازی و کەمبوونەوەی پرەستیجی نێودەوڵەتیی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەردەخات. لەلایەکەوە ئەو سەردانە یەک بەدوای یەکانە، ئەو پەیامە ئەرێنییە لەخۆ دەگرن کە هێشتا هەرێم جێی بایەخی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە، بەڵام هاوکات پەیامێکی بەهێزی نەرێنیش لەخۆدەگرن کە دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەمان کەوتوونەتە ژێر پرسیاری زۆر جدیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتانی بڕیاربەدەستی دنیا بۆ دروستکردنی گوشار و گەیاندنی پەیامی ئاگادارکردنەوە هاتوون بۆ هەولێر، چونکە لەسەر زۆر کەیس و بوار تێبینی و ناڕەزاییان لەلا دروستبووە و گەیشتۆتە تینیان، ئاخر سەرەڕای ئەو هەموو پشتیوانییە سیاسی و دیپلۆماسی و داراییەی لەهەرێمی کوردستانیان کردووە و لە زۆر بواردا رێنمایی و ئامۆژگارییان کردوون، کەچی هێشتا هێزی پێشمەرگە یەکنەخراوە و بە دامەزراوەیی نەکراوە، هێشتا هەولێر لەگەڵ بەغدا رێکنەکەوتووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا نەکرا و دیاریش نیە کەی دەکرێت، نێوانی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر و لێکترازاوتر دەبێت، پانتایی ئازادییەکان هەروا بەرتەسکتر دەکرێنەوە، کێرڤی گەندەڵی و بێ دادی لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە و چەندین تێبینی و وردەکاریی تریش کە دەیسەلمێنن دەسەڵاتدارنی هەرێم وەک چۆن لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکی هەرێم-دا نەبوون، بە هەمان شێوەش لە ئاستی چاوەڕوانیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی-دا نەبوون و بەشێکیان هەست دەکەن پشتیوانی و هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان بە هەدەر چووە.. بۆیە با بەرپرسانی هەرێم لەجیاتی ئەوەی شانازی بە سەردانی ئەو بەرپرسە نێودەوڵەتییانەوە بکەن، با کەمێک شەرم بیانگرێت و کار بە ئاراستەی نەهێشتنی رەخنە و تووڕەیی خەڵکەکەی خۆیان و تێبینی و بێ تاقەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکەن.
ئاڤان فارس جاف ئهگهرچی ههرێمی كوردستان و عێراق واژوویان لهسهر رێككهوتننامهی سیداو و بڕیاری 1325ی ئهنجومهنی ئاسایشی نێودهوڵهتی تایبهت به مافهكانی ژنان و یهكسانی جێندهری كردووه، بهڵام تائێستا له ههرێمی كوردستان هیچ بڕه بودجهیهك به فهرمی بۆ پێشخستن و جێبهجێكردنی ئهركهكانی پهیوهست بهو رێككهوتنه نێودهوڵهتییانه تهرخان نهكراوهو بههۆی نهبوونی بودجهوه، چالاكی و ئهركی زۆرێك لهو دامهزراوانهی بۆ ژنان ئاوا كراون پهكیان كهوتووه. ژنه پهرلهمانتارێكی پێشووی عێراقیش دهڵێت: بههۆی نهبوونی بودجهوه، ههرێمی كوردستان هیچ بایهخێك به بودجهی جێندهری نادات و ئهمهش وایكردووه، وردە وردە پرسی جێندەر بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە. ئامارهكانی ههرێم بەگوێرەی دواین ئامار كە لە بەشی تۆماركردنی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان وەرگیراو، لە هەرێمی كوردستان (5121) رێكخراو تۆماركراوە، لەنێوانیاندا نزیکەی (380) رێکخراو بەناوی رێکخراوی ژن تۆمارکراوە. له خوێندنی باڵاشدا ژنان وهك مامۆستا كهمینهن، بهڵام وهك خوێندكار ژمارهیان له رهگهزهكهی بهرامبهریان زیاتره. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ژمارهی مامۆستایانی ژن (3640)ە، لەکاتێکدا رێژەی پیاوان (10819) کەمترە لە نیوە. بەڵام ژمارهی خوێندکاری کچ لە رێژەی کوڕان زیاترە، ژمارەی خوێندکاری کچ (85835)ە لەکاتێکدا ژمارەی خوێندکاری کوڕ (64735)ە، هاوکات سەرۆکی چوار زانکۆ لە هەرێمی کوردستان ژنن. هێنانه ئارای چهمكی جێندهرو جێگیركردنی له دهقێكی یاساییدا بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2010 بوو، كه بەشێوەیەکی فەرمی وشەی جێندەر لەنێو یاسای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکارهاتووە، لە یاسای ژمارە 14 ساڵی 2010 لە ماددەی دووەم، ئەرک و ئامانجەکان بڕگەی دەیەم، بەمشێوەیە:-(بایەخدانی تایبەت بە بوارەکانی کولتورو هونەرو وەرزش و ژنان، کارکردن لەپێناو بڵاوکردنەوەی کولتوری جێندەر (جۆری کۆمەڵایەتی). وەزیری پێشووتری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د. کاوە محمود، باسلەوەدەکات، لە ساڵی 2011، لە وەزارەتی رۆشنبیری، دەستكراوه به کارکردن بۆ بڵاوکردنەوەی یەکسانی جێندەر، پاشان کاركراوه بۆ کردنەوەی یەکەی جێندەر. بودجهی جێندهری بودجەی جێندەری "بریتییە لە ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنێکی جێندەری بۆ بودجە، جێگیرکردنی دیدگای جێندەری لە هەموو ئاستەکانی پرۆسەی بودجە، و داڕشتنەوەی داهات و خەرجییەکان بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی یەکسانی جێندەری لە کۆمەڵگە. ژنە پەرلەمانتارێكی كورد رێزان شێخ دلێر رۆژی 31ی مارسی 2021 لەلاپەڕەی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پۆستێكی بڵاوكردەوە، تێیدا نووسی بووی: بەپشتبەستن بە مادەی "٢٨" برگەی "٦" پابەندبوونی حكومەت لەسەر بەرنامەو پرسی جێندەرو ژنان لە کۆمەڵگە بۆیە لەسەر داواکاری "ئێـمە لە پرۆژە یاسایی بودجە بڕگەیەک زیادکرا بۆ تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ پرسی جێندەرو جێبەجێکردنی بڕیاری "١٣٢٥"ی ئەنجومەنی ئاسایش بەمەبەستی پاڵپشتیکردن لە ژنانی عێراق. ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عیراق، ئەوەیش دەخاتەڕوو هەموو ئەو بڕیارو پلانانەی تایبەت بە پاڵپشتی ژنە، پێویستیان بە بودجە هەیە، بەگوێرەی ئەو بڕگانەی كە لە یاسای بودجە هەیە، لەهەر شوێنێك پێویستی بە سەرچاوەی دارایی هەبێت دەبێت ئەو بودجەیە هاوكار بیت". رێزان پێیوایە ئەگەر هاتوو بودجەیەك تەرخان نەكرێت، بۆ پەرەپێدانی بەشی جێندەر، ئەو بەشانەی پێویستە ژن بەشداری پێبكرێ ئەوا ئەستەمە بتوانن گەشە بە پرسی جێندەر بدەن. هەروەها رونیدەكاتەوە، تەنها لە عێراق ئەوە بڕگە ماددەیەی بودجەی هەیە، لە هەرێمی كوردستان هێشتا یاسای بودجەمان نیە، بۆیە ئەستەمە ئەو بڕگەیە جێگەی بۆ بکرێتەوە. بە بۆچوونی رێزان، كاریگەری ئەو بودجەیە ئەوەیە كە وەزارەت و یەكەكانی جێندەرو زۆربەی زانكۆكان كە جێندەرناسی دەخوێنن" زۆر گرنگە بودجەی هەبێت، بۆ پلان و كارەكان و ستراتیژو سیاسەت پێویستی بە بودجە هەیە، بەداخەوە کوردستان ئەو بودجەییەی نیە، هیچ گرنگییەكی پێ نادرێت. وردە وردە پرسی جێندەر بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە. ههرێم خهریكی چییه پلانی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان پەیوەست بە "ژن، ئاشتی، ئاسایش. 1325" بۆ 2021-2024 لە كۆلەگەی رێگرتن/ ئەنجام2. جێگیركردنی چەمكی رێگرتن لە بارودۆخە تەنگژەئامێزەكان لەناو چواچێوەی دامەزراوەییەكاندا، داوا لە وەزارەتی دارایی و ئابوری، وەزارەتی پلانادانان كراوە.هەروەها هەڵسن بە داڕشتن و ئامادەكردنی بودجەی ساڵانە لەسەر بنەمای وەڵامدانەوەی جێندەر، لە بەشێكی دیكە هاتووە پێویستە: تەرخانكردنی رێژەیەك لە پرۆژەكانی وەبەرهەمهێنان بۆ ژنانی بێ هاوسەرو ئەو ژنانەی لە كاتی تەنگژەكاندا زەرەرمەند بوون. د. خانزاد ئەحمەد، لەمیانەی بەشداری لە وۆرکشۆپی یەکەی جێندەری وەزارەتەکان لە 20ـی 2ـی2023 لە هەولێر وتی: بەپێی بەرنامەی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، پێویسته یەکەکان لەکاتی دانانی بودجەدا، چالاکانە رۆڵ بگێڕن بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ژنان و کچان لە بودجەی وەزارەتەکەدا رەنگبداتەوە. ههروهها وتی: راهێنانەکان نابێت تەنیا بۆ ژنان و کچانی ناو وەزارەت بکرێت، بەڵکو دەبێت، هەر دوو رەگەزی ستافی وەزارەت تێیدا بەشدار بن، یەکەکان دەبێت لەکاتی دانانی بودجەدا، چالاکانە رۆڵ بگێڕن بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی ژنان و کچان لە بودجەی مانگانە/ ساڵانەی وەزارەتەکەدا رەنگبداتەوە". بودجهیان بۆ دیاری نهكراوه.. لە پهیكهری ئیداریدا نین تریفە فەریدوون، بەرپرسی یەكەی جێندەر لە پارێزگای سلێمانی ئەوە دەخاتەڕوو، كە هیچ بودجەیەكی دیاریكراو تەرخان نهكراوە، وتی: ئێمە سەر بە دیوانی پارێزگاین و ڕاستەوخۆ سەر بە پارێزگارین، بودجەی تایبەتمان نیە چونکە لە پهیكهری ئیداریدا نین بەڵام خەرجیمان لەسەر بودجەی پارێزگایە. تریفە ئەوەشدەخاتەڕوو کە هەبوونی بودجەی تایبەت بە جێندەر كاریگەری زیاتر دەكاتە سەر چالاكییەكانمان و دەتوانین یەكەكان بەرەوپیش ببەین. راهێنەر لە بواری جێندەر (پەیڕەو ئەنوەر) دەڵێت" بودجەی تەرخانكراو بۆ پەرەپێدانی جێندەر، رۆلێكی گەورەی هەیە لە پاراستنی خێزان و گەشەپێدانی كۆمەڵگە، ئەو بودجەیە تەنها تەرخان ناكرێت بۆ ژن، بەڵكو بە واتای تەرخانكردنی بودجەیەك بۆ سەرجەم سەرچاوە مرۆییەكان بە یەكسانی". راهێنەری بواری یەكسانی ئەوەش دەخاتەڕوو" تەرخانكردنی بودجەی جێندەر بەشێكە لە پرۆژەی دادپەروەری كۆمەڵایەتی، هەردوو رەگەزەكە بەشدار دەبن لە كۆمەڵگە و سودمەند دەبن لەو بودجەیە، بەتایبەت لە پرسی ئابوری سەربەخۆ، لە ناوەندی بڕیارو پرسی سیاسیی، ئەم سەرچاوانە تەنها ئابوری نیە، هەندێجار بۆ بابەتی هۆشیارییەوە، چۆن لەناو بودجەدا رێگایەك دەكەیتەوە بۆ سەرچاوەكانی نێو كۆمەڵگە. ژیا عەباس، پسپۆری بواری كۆمەڵناسی جێندەر، پێیوایه تەرخانكردنی بودجە بۆ گەشەپێدانی جێندەر رۆڵێگی گەورە دەبینێت لە بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتوو، چونكە كەلێن و بۆشایی زۆر لەو روەوە هەیە. ئهو وتی: ئەو بابەتە لەنێو كۆمەڵگەی كوردستان هێشتا وەك پێویست كاری لەسەر نەكراوە، پێویستی بە پلانی درێژخایەن هەیە، راستە هەوڵ و بنەما هەیە، بەڵام بەبێ تەرخانكردنی بودجە ناگەین بەمەبەست و دەرئەنجامی گرنگ. وتیشی:" حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2016 بە بریاری ژمارە (98) تێدا پەسەندی "پرۆژەی ستراتیژی نیشتمانی بۆ پەرەپێدانی رەوشی ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان 2016-2024" كردووە. كردنەوەی یەیەكانی جێندەر وەك میكانیزمێك بووە بۆ جێبەجێكردنی ئەو ستراتیژە، لە ئێستاد لە 8 وەزارەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان یەكەی یەكسانی جێندەر هەیە. خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی خانمان و گەشەپێدان لەمیانەی وۆركشۆپی پلانی ستراتیژی بۆ یەكەكانی جێندەر لە 20ـی فێبریوەری ئەوەی خستەڕوو" بەپێی پەیڕەوی نوێی ئەنجومەن، گرنگی بە ٨ وەزارەت دراوە کە دەبێت یەکەکانیان چالاکتر بکرێن. ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە یەکەکانی تر لەبیر دەکرێن، پرسەکە بەس ئەولەوییەتە. بۆیە بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە ئەرکی یەکەکان سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە". لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری رێكخراوی لێكۆڵینەوەو زانیارییەكانی جێندەر رەمزییە زانا باس لەوە دەكات کە دابینكردنی بودجەی جێندەر كاریگەری خۆی دەبێ بەتایبەت لەڕووی پێگەیاندنی كارەكتەرەكانی یەكەو ناوەندەكانی تایبەت بە جێندەر زۆر گرنگە، رەنگە لەكاتی دامەزراندنی یەكەو خوێندنی جێندەر بیر لەوە نەكرابێتەوە بودجەی بۆ تەرخان بكرێ بەڵام زۆر گرنگە لە داهاتوو بیر لەوە بكەینەوە بوودجەی بۆ تەرخان بكەین. حكومهت فهرامۆشیكردووه یوسرا كهریم موحسین بهڕێوهبهری گشتی تواناسازی خانمان له ئهمینداریهتی گشتی ئهنجومهنی وهزیرانی عێراقی فیدراڵ باسی لەوەکرد کە لەناو پهیكهری وەزارەت و پارێزگاکان بەشی بەهێزکردن و پشتیوانی لە ژنان دانراوەو جێگیرکراوە، بەڵام وەک بودجەی تایبەتی تەرخان کراو نیە، بەڵام لەهەموو بودجەی پرۆژەو سێکتەرەکان بڕێک دیاری دەکرێت بۆ جێندەر". بەگوێرەی بەدواداچوونەكان لەناو هیچ بڕگەو ماددەیەكی تەرخانكراو لە حكومەتی هەرێم بڕگەی تایبەت بە گەشەپێدانی جێندەر بوونی نیە. ئاری رهفیق كۆمهڵناس و جێگری بهڕێوهبهری گشتی بهرهنگاربوونهوهی توندوتیژی دژبه ئافرهتان و خێزان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رەتیدەکاتەوە لهسهر ئاستی دامهزراوه فهرمییهكانی ههرێم هیچ بودجهیهكی تایبهت هەبێ بەناوی بودجهی جێندهر. ئهو وتی: ئهوهی پهیوهسته به حكومهتی ههرێمی كوردستان، بودجهیهكی دیاریكراومان نییه لهژێر تایتڵی بودجهی پهرهپێدانی پرسی جێندهری، بهڵام بهشێكی بودجهی حكومهتی ههرێم دیاریكراوه بۆ ئهو دهزگایانهی كه كار لهسهر روبهڕووبوونهوهی توندوتیژی و تواناسازی ئافرهت دهكهن. ههرێم چهند ساڵێكه یاسای بودجهی نییه عەلی حەمە سالح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، خولی پێنجەم لیژنەی دارایی و ئابوری، دەڵێت" لە ساڵی 2013 بودجە نەهاتۆتە پەرلەمانی كوردستان"، وەک ئەو وتی" رەشنوسی بودجەی ساڵانی دیكەم لەبەردەست بێت هیچ بڕگەیەك ماددەیەكی تێدا نیە، باس لەوە بكات بودجەی تەرخانكراو هەبێت بۆ گەشەپێدانی جێندەر". لە 10ـی دێسمبەری 2022 هاوپەیمانی ژنانی كوردستان گردبوونەوەیهكیان دژ بە جیاكاری جێندەرو نەبوونی بودجەی جێندەرو كۆمەڵێك پرسی دیكە رێكخستبوو، لە بەیاننامەیەكدا كە لەبەردەم ئامادەبووانی گردبوونەوەكە خوێندرایەوە، لە خاڵێكدا ئاماژە بەوە كرابوو كە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو 220 ژن لە كوردستان كوژراون. پەخشان زەنگەنە، ئەمینداری پێشووی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، لەبارەی بودجەی جێندەر لە كوردستان و عیراق، رونیدەكاتەوە" ئەمە چەند ساڵێکە (لە ٢٠١٤)وە یاسای بودجە نیە لە کوردستان واتە بودجە (لەسەر ئاستی فەرمی) لە ھیچ بوارێکدا بەیاسا ڕێک نەخراوە، لەلایەکی دی یاسای بودجەی کوردستان کە لەسەر بنەمای یاسای بودجەی عێراق داڕێژراوە دواکەوتوترین داڕشتنی ھەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بیستەکانی سەدەی رابردوو، تەنھا دو جۆر بودجە دیاری دەکات: بودجەی بەکارخستن (تەشغیلی)و بودجەی وەبەرھێنان (استثماری) ئەم شێوازە ئێستا لە جیھاندا زۆر کەم کاری پێدەکرێت. سەبارەت بە بودجەی جێندەری، ئاشكرایدەكات" لە ساڵی ٢٠١٢ بە ھاوکاری UN Women ئەنجومەنی خانمان و وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان و ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی سەرقاڵی ئەوە بوون کە جێگای بودجەی جێندەر بکەنەوە لە یاسای بودجەدا، لە ئێراقیش ھەمان بەرنامە ھەبوو". ئەوەشدەخاتەڕوو" ھەوڵدرا بۆ دابینکردنی بودجە ھیچ نەبێت بۆ یەکەکانی جێندەرو پاشان بۆ سەنتەرەکانی جێندەر، ھەوڵەکان بەردەوام بوون، دیارە لە ٢٠١٤وە کێشەی دارایی ھەیە بەوھۆیەوە ھەندێک جار روبەڕووی ھەڵوێستی نەخوازراویش دەبوین لەو ھەوڵانە، ئەنجومەنی خانمان ھەرگیز بودجەی تایبەتی خۆی نەبووە لەبەر ئەوەی قەبارەیەکی مەعنەوی نیە، بەڵکو بەشێکە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران. ئەگەرچی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێكە لەو هەرێمانەی لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، واژووی لەسەر رێککەوتننامەی سیداو كردووە، بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە توندوتیژییەك لەسەر بنەمای جێندەر، هەروەها بەهێزكردنی ژن لە بواری ئابوری و سیاسی. بهڵام لە ھیچ دامەزراوەو دەزگایەکی فەرمی بودجەی تایبەت بۆ پڕۆژەکانی پەرەپێدانی ژنان نەبووە، یەکجار لە ٢٠١٣ لە ١٣ پرۆژەی وەزارەتی پلاندانان سیانی خرایە سەرپەرشتی ئەنجومەنی خانمان و بەھاوکاری ئاژانسە پەیوەندیدارەکانی UN لە ٢٠١٤و لەگەڵ قەیرانی دارایی (بڕینی بودجەی ھەرێم لەلایەن حکومەتی مالیکی ئەوکات، وەزارەتی پلاندانان نەیتوانی شایستە داراییەکانی بەرامبەر UN جێبەجێ بکا پرۆژەکان کە ماوەیان سێ ساڵ بو کورتکرانەوەو ھەندێک قۆناغی تێپەڕێنرا.
دارەوان حاجی حامید ئەمساڵیش لە رۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بە لیستێکی خەمناکەوە ماڵئاوایی لە ٢٠٢٢ دەکەن، کە لەلایەن دەزگاکانی چاودێری بارودۆخی ژنان لە جیهاندا تراژیدیای بەردەوامی توندوتیژی دژی ژنان، دەستدرێژی بە هەموو جۆرەکانیەوه، ناهاوتایی و پێشێلکردنی مافەکانیان لەسەراپای جیهاندا بەتایبەتی لە جیهانە دواکەوتوو و ژێر دەستەی دەسەڵاتە نەریتی و دیکتاتۆری و ئایینی و پیاوسالارییەکاندا نیشاندا، کە هێشتا ئەم نیوەیەی مرۆڤایەتی زۆر دوورە لەوەی هاوتای نیوەکەی دی بژی. ئەو لیستەی پێمان ئەڵێت رۆژانە ٦٠٣ ملیۆن ژن لە هەندێک وڵاتی جیهاندا توشی ئەشکەنجەو لێدان و سوکایەتی ئەبنەوە کە لەو وڵاتانەدا توندوتیژی دژی ژنان (تاوان) نییە. ٧٠٠ ملیۆن کچ لە جیهاندا پێش تەمەنی شانزە ساڵی بە شوودراون. ١٣٠ ملیۆن کچ لە جیهاندا خەتەنە کراون. لەهەر دە ئافرەتێک لانی کەم یەکێکیان لە جیهاندا روبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بۆتەوە. ساڵانە زیاتر لە پێنج هەزار ژن بە تاوانی شەرەف ئەکوژرێن. لە پانزە وڵاتی جیهان ژنان بەبێ ڕەزامەندی باوک یان مێرد بۆیان نییە نە کار بکەن نە سەفەر. لە حەفتاو نۆ وڵاتی جیهان هێشتا ژنان لەڕووی کارو موچەوە لەگەڵ پیاوان هاوتا نین و مافی هەموو کارێکیان نییە. زیاتر لە ٤٥ ملیۆن ئافرەتی لەشفرۆش لە جیهاندا هەن کە زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان سیانزە تا بیست و پێنج ساڵدایە. لەو کۆمەڵگایانەدا کە بەر هێرشی تیرۆریستانەی هێزە ئیسلامییە جیهادیەکان کەوتوون، ئافرەتان قوربانی یەکەمن و جگە لە کوشتنیان ئەکرێنە بابەتی کۆیلایەتی و فرۆشتن و دەستدرێژی بەردەوامی سێکسی. نیوەی کۆمەڵ و دایک و پەروەردگاری نیوەکەی دیش کە تاکە خواست و پرسیاری لەپیاو ئەوەیە کەی ئەمیش ئەبێتە خاوەنی جەستەی خۆی ؟ دوای سێ سەدو شەست و چوار ڕۆژ لە ماندوویی پێنەزانراو و لەبیرکراوی نیوەکەی دی، هەرگیز یەکسان نەبوونیان بە پیاو، لە رۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان چیان لە پیاوان خواست و بە چ ئومێدەکەوە چاوەروانی ساڵێکی نوێیان لێ ئەکەن؟ ژنان بێ ئومێدن کە پیاوان پاش چەندین سەدەی پێکەوە بنیاتنانی شارستانیەتی مرۆڤ، لە داوا سادەکانی ناخیان بگەن، کە ببنە هاوڕێی ڕاستەقینەی ژیان و بنیاتنەری هاوبەشی خێزانەکانیان و خەم و ئارەزووەکانیان، ئەو پیاوانەی کە جگە لەو ساتانەی شەو نەبێت کە بەتەنیشت هاوژینەکانیانەوە (راستتر ژنەکانیانەوە) پرخەیان دێت، ساتەکانی دی ژیانیان لە دەرەوەی جیهانی هاوژینەکانیانەوە بەسەرئەبەن، تەنانەت لەو تاکە رۆژەشدا پیاوەتیان لە عەرشی باڵادەستی بەسەر نیوە قوربانییەکەوە تا ئەو ئاستە دانەبەزێت کە دان بە سێسەدو شەست و چوار رۆژی تەنیایی و ناهاوتایی و چەوساندنەوەی ژناندا بنێن. بۆیە ژنان چیرۆکی بە قوربانی بوون و هەتککردنی جەستەی لێسەندراویان لە رۆژی مافەکانیدا بە تەنافی تاوانەکانی نیوە نێرینەکەدا هەڵئەواسن، بێ ئەوەی چاوەڕوانی و ئومێدی باشبوونی ژیانیان لە کۆمەڵگەیەکی جیهانی ژێر دەستی پیاواندا بکەن. ژنان هەموو ساڵێک هەر ئەوەندەیان پێ ئەکرێت کە بیری باوک و براو هاوسەرو مام خزم و ئەو نیوە باڵادەستە بخەنەوە، بۆچی لەسەرەتای مرۆڤایەتییەوە بەرگی نیوەیەکی پێشێلکراو و چەوسێنراوەی بە ژنان بەخشیوە؟ وەک ئەوەی ژیان لە گوناهێکەوە دەستی پێکردبێت کە مرۆڤی لە بەهەشتەکەی خوداوە فڕێ دایە سەر زەوی و تیایدا مێژووییەکی مرۆڤایەتی نوسیەوە کە بە چەوساندنەوەو سەرزەنشتکردنی نیوە مێینەکەی دەستی پێکرد. پیاوان مێژووی کوشتارو تراژیدیاکانیان خوڵقاندو ژنانیش قوربانی سەرەکی بوون. پیاوان خوڵقێنەری ئایینەکان بوون کە غەزەب و نەفرەتیان بە نیوە وونبووەکەی خۆیان بەخشیوە. لە سەرقاڵی بەیاننامەی حیزب و رابەرە سیاسییەکان بە یادی ڕۆژانی ڕاپەڕین کە ئەزمونێکی شکستخواردوو ئاسۆ نادیاری پێبەخشین، لە شەڕی بێهودەی دژایەتی یەکتری و برسیکردنی خەڵکدا، لە پشت بانگەوازی کۆنفرانسە قەشەنگەکانی فێمینستە ناسکەکانی ئۆتێلە پێنج ئەستێرەکان و شاگەشکە بوون بە بزرکردنی خواستی سادەی ژنان لە هەڵگرتنی شەرەفی چەکی شەڕڤانی و گەریلایی و گواستنەوەی موڵکایەتی جەستەیان لە پیاوەوە بۆ مەسەلەو ئایدیۆلژیایەک کە هەر لە بنەڕەتەوە ژنبوونیان ئەکوژێت، ژنانی کورد چۆن ئەو رۆژەیان بەڕێکردو لەو جەنجاڵیەدا چەند ژنی دی بە بێدەنگی و بێ سزا کوژران و ئەشکەنجە دران و کەرامەتیان ڕوشێنراو سادە ترین مافی ژیانیان لێ سەندراوەتەوە ؟ ژنانێک کە لە جیاتی خەون بە بوون بەشەڕڤان و گەریلاو چەکەوە ببینن ژیانیان وا جوانتر ئەکرد کە خەون بە خاوەندارێتی بوونی جەستەی خۆیانەوە ببینن وئەو موڵکایەتیە لە کۆمەڵگەو پیاوان بسەننەوە، چونکە هیچ ئازادییەک لە ئازادبوونی جەستە زیاتر مانایەکی نییە بۆ ئافرەت. دروشمی خۆپێشاندانی بزوتنەوە فێمینستەکانی فەرەنسا لە شەستەکاندا (جەستەم موڵکی خۆمە) بوو، بەڵام هێشتا دیارە ژنان لە جیهاندا دورن لەوەی کە جەستەیان موڵکی کۆمەڵ نەبێت، بە تایبەتیش ژنانی کورد لە فەزای جیهانێکی دیدا ئەژین کە تیایدا ئێمەی پیاوانیش زۆر دورین لەوەی ئیرادەی ئازادکردنی جەستەی ژنانمان هەبێت و ئەو موڵكەیان پێ بدەینەوە، چ نەبێت با لێگەرێین بە برینداری بە تەنافی کەرامەت و پیاوەتی ئیمەدا هەلیواسن و خوێنی لێبچۆرێت. بۆیە لە رۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، بە پیاوان دەڵێم کە هەزار ساڵە ئێمەی پیاو ژنان ئەچەوسێنینەوە، ئایا کاتی ئەوەنیە دوای سەد ساڵ چەوسانەوە لەگەڵ ژنان بە یەکسانی بژین ؟ یان لانی کەم پارێزگاری لە خۆیان بکەن ؟ لە رۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان سڵاو دەنێرم بۆ كچه ئازاو ئازادهكانی كوردستان، له پێشمهرگه و فیداكارهكانیان، دڵنیام کە دەتوانن شان بهشانی رۆڵه بهجهرگهكانی ئهم گهله، به زیندوێتی و كارایی و ههست و نهستی بهرزی خۆیان، كۆمهڵگهیهكی داهێنهر، پڕ له گهشهو، نیشتمانێكیی زیندوو، ئاوهدان و ئازاد بۆ کوردستان و هەرێمی کوردستان بهرههم بێنن.
خالیدی حاجی ئهحمهد ساڵێک بەسەر پەلامارەکەی روسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا تێپەری و هێشتا تروسکایی چارەسەر لە ئاسۆدا دیار نیە. وەک زۆر دیاردەو روداوی تر، لەم بابەتەشدا کۆمەلگای نێودەوڵەتی دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا. بەرەییەکەم وڵاتانی رۆژئاواو دنیای ژێر هەیمەنەی ناتۆو وڵاتە دیموکراسی و نیمچە دیموکراسییەکانە. ئەم بەرەیە بەرگرییەکی سەرسەختانە لە ئۆکرانیا دەکەن و روسیا بە دەستدرێژیکەر بۆسەر وڵاتێکی خاوەن سەروەری و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزانن. بەرەی دوەم روسیاو ئەو وڵاتانەن کە بە پلەی یەکەم دژ بە هەیمەنەی ناتۆو ئەمریکان لە جیهانداو لە هەوڵی گەڕاندنەوەی چەند جەمسەریدان بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گرنگ نیە بەلایانەوە روسیا دیموکراتی نیە. ئەرگومێنتی لە پێشینەی ئەم بەرەیە ئەوەیە: کە نەدەبوا ئۆکرانیا هەوڵی بوون بە ئەندامبوونی بدایە لە یەکێتی ئەوروپاو ناتۆداو لەبەرانبەردا مەترسییەکانی روسیای لە بەرچاو بگرتایە. دەکرێ بڵێین: ریشەی کێشەکان بە پلەی یەکەم، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای 90کان و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و پەیمانی وارشۆ بە گشتیتر. دواتریش هەوڵی روسیا بۆ گەیشتنەوە بە ئاست و گەورەیی سۆڤیەت و گەڕانەوە بۆ دووجەمسەریی کە تێیدا روسیا سەرۆکایەتی جەمسەرێک بکات. بە کورتی دوای روخانی سۆڤیەت، سێ تێڕوانینی جیاواز، بۆ ئایندەی ئەوروپا لە کایەدا بوو: 1- ئەمریکییەکان دەیانویست راکێشانی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات بۆ ناو (ناتۆ) کە لەژێر هەیمەنەی خۆیدایە، روسیا کەنار بخەن و لە هەمانکاتدا رێگربن لە رەوتی یەکێتی ئەوروپا بۆ دامەزراندنی سوپایەکی یەکگرتووی ئەوروپیی کە لە ئاییندەدا کێبەرکێی ئەمریکاو چین بکەن. 2- بۆچوونی ئەوروپیەکان خۆی لەوەدا دەبینیەوە کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا پەیوەست بن بەیەکێتی ئەوروپاوە بێئەوەی ناچار بن ببنە بەشێک لە ناتۆ. بۆ ئەم مەبەستەش دەیانویست پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ روسیادا هەبێت. 3- لەبەرانبەردا روسەکان دەیانویست بازارێکی گەورەتری (ئێرۆ – ئاسیایی) بێتە ئاراوە کە وڵاتانی سەربەخۆبووی سۆڤیەتی کۆن لە ئاسیاو قەوقازدا لەخۆ بگرێت، کە بێگومان دەیتوانی خۆی رۆڵێکی گەورەی تێدا دەستەبەر بکات. قەیرانی ئابوری 2008 لە رۆژئاواداو بەرزبونەوەی نرخی نەوت، هەڵکشانی پۆپۆلیزم لە جیهاندا، بەهاری عەرەبی و دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، وای لێدەخوێنرایەوە زۆرینەی روداوەکان لە خزمەتی روسیادان. بەڵام پێنەگەیشتنی دیموکراسییە روسییەکە، رێگربوو لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات و پۆتین وەک ئەردۆغان و زۆرینەی سەرکردە دیکتاتۆرەکان کەوتە ئاڵوگۆری یاساو رێساکان لەبەرژەوەندی کەسیی خۆیدا. خۆی و دارودەستەکەی قۆرغی داهاتی وڵاتەکەیان کردو رێگربوون لەوەی روسیا بتوانێت شان بەشانی کڵاوە ئەتومییەکانی هێزێکی ئابوری نەرم پێکبهێنێت کە لە دنیای پڕ لەکێشمەکێشی ئەمڕۆدا توانای کەمێ مانۆڕی سیاسی پێببەخشێ. لێرەوە پۆتین وەک هەر دیکتاتۆرێکی تر پێویستی بە شەرێکی دەرەکی بوو تا رەوایی بدات بە درێژەدان بە فەرمانرەوایەتییەکەی. لە 24ی شوباتی 2022دا روسیا پەلاماری ئۆکرانیای دا. سەرەتا پۆتین هێرشەکەی بە کردەیەکی کاتی و دیاریکراو ناوزەدکردو لەوباوەڕەدا بوو لەماوەیەکی کەمدا سوپای ئۆکرانیا خۆی بەدەستەوە ئەداو خۆپیشاندان و پشێوی سەرتاپای ئۆکرانیا دەگرێتەوە، حکومەتەکەی زیلینسکی دەروخێت و حکومەتێکی دڵخوازی خۆیان دێننە ئاراوە. بەڵام بە پێچەوانەوە روسیا پەلکێشی جەنگێک کرا کە ئەوسەری دیار نیە، لەم جەنگەدا ئیعتبار گەڕایەوە بۆ دەزگا جاسوسی و نهێنگرییەکانی رۆژئاواو ئەوروپا نوزەی دژ بە ئەمریکای تێدا نەماو پەیوەندی نێوخۆیی ئەوروپاش بەهێزتر بوەوە. جیهانێکی سێ جەمسەری جەنگی ئۆکرانیا، دیاردەیەکی نوێی پێ ئاشناکردین کە سەراپای مێژوو بۆ قۆناغێکی دیاریکراو داگیر ئەکات: ئەویش ئینتەرنێتە. هەر بۆخۆشی جەمسەرێکی گەورەو بەهێز دەبێت لەگەڵ دنیا دوو جەمسەرییەکەدا کە پێی ئاشناین. روسیا وەک هێزێکی باڵادەستی تەقلیدی، لە چەند کاتژمێرێکدا کۆی کۆمینیکەیشن و پەیوەندییەکانی ئۆکرانیای لەناوبرد. بەڵام هەموو چەند سەعاتێکیشی نەخایاند تا (ستار لینکێکی) بۆ کرایەوەو ئینتەرنێتەکەی کەوتەوە سەرپێ و ئێستا بە تەکنۆلۆژیایەکی بەرز، کۆی پەیوەندییە سەربازی و ئابوری و مەدەنییەکانی ئۆکرانیا پەیوەستن بە ئینتەرنێتەوەو چیتر باسێک لە (فاکس و تەلەفۆن و جیهازی راکال) لە کایەدا نیە. لەلایەکی ترەوە ئینتەرنێت: یارمەتیدەرێکی بەهێزی ئابوری ئۆکرانیا بوو بەشێوازێک کە کۆی بانکەکان و دارایی وڵاتەکە لەم رێگەیەوە لە گەڕدایەو دراوی دیجیتاڵی پانتاییەکی زۆری بۆ مامەڵە داراییەکانی ئۆکرانیا دەستەبەرکردوە. هەرچی گروپە هاککەرەکانە کە سەرەتا وادەبینرا روسیا باڵادەست بێت تێیدا، پێچەوانە بووەوەو بەتایبەت گروپی (ئەنۆنیمەس) تەنگیان بە روسیا هەڵچنیوەو هەر رۆژەو لە شارێک وەزارەتێک یان دایەرەی دابەشکردنی ئاو یان بانکێکیان زانکۆیەک کارەکانی رادەگیرێت. هەروەک چۆن ئێمە ئاشناین بە وشەی (ستیزن_ کە بەمانای هاوڵاتیی دێت)، لەئێستا بە دواوە لە بەردەم کۆمەڵگایەکی نوێداین کە (نێتزن _ واتە هاوڵاتی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان) دەناسرێت. ئەم کۆمەڵگایە بە هاوبەشە روسەکانیشەوە لەگەڵ سیاسەتەکانی بۆتیندا نین. بێگومان هێزی ئاگرینی روسیا بەهێزەو تا دەیان ساڵی تریش بە بەهێزی دەمێنێتەوە. تائێستا زیاتر لە 13 ملیۆن ئۆکرانی ئاوارە بوون. سەدان هەزار سەربازی روسی و ئۆکرانی کوژراون، سەرباری ئەوەی باس لە کوشتنی 15 هەزار سڤیل دەکرێت. روسیا دەتوانێت ئۆکرانیا لە بن بێنێت، بەڵام بە براوەیش هەر دۆڕاوە.
كاوە مەحمود هەشتی ئاداری هەموو ساڵێك كە ڕۆژی جیهانی ژنانەو، لەسەرجەم وڵاتاندا بە هەلێك دادەنرێت بۆ خستنەڕووی مەسەلەی مافی ژنان و، ئەو بابەتانەی كە بزاڤی فیمینستی بەهەند وەریدەگرێت و كار بۆ گۆڕانكاری دەكات. بەشی سەرەكی گوتاری یەكسانیخوازان بریتییە لە گرێدانی دوو بابەتی تەواوكەر بەیەكتر. یەكەمیان ڕەوشی ژنان لە سەر ئاستی نیشتمانی و لە چوارچێوەی یەك وڵاتدا كە لەژیر سایەی كارتێكردنی كەلتووری باوی ئەم وڵاتەدایە. دووەم ڕەوشی ژنان لە ژێر سایەی كەلتوورێكی نەریتی كە نەك تەنیا یەك وڵات دەگرێتەوە، بەڵكوو بەشێك لە وڵاتان و كۆمەڵگاكان دەگرێتەوە كە یەك كەلتوور و یەك نەریتی ئاینی هەژموونی تەواوی بەسەردا هەیە. لە هەشتی ئاداری ئەمساڵدا نامەوێ ئاماژە بەو بابەتانە بكەم كە گومانم لە گرنگی بوونیان نییە و مایەی هەڵاواردن و چەوساندنەوە و جیاكاری و پەراوێزخستنی ژنانی كوردستانە و بواری زیادبوونەوەی توندوتیژی و پێشێلكاری مافی ژنان لە بواری باری كەسێتی و شاڵاوی ناوزڕاندنی چالاكانی فیمینستی و شێواندنی چەمكە مەعریفییەكانە كە تێكڕای ئەم بابەتانە لەلایەن ئسوڵیەتی ئاینی و ناوەندی پارێزگارخواز داكۆكی لێدەكرێت و بیانوو بۆ پێشێلكارەكان دەهێنرێتەوە. بەڵكوو دەمەوێ ئاماژە بۆ هەندی بابەتی هزری بكەم كە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە بنەماكانی مەسەلەی ژنان و پێداویستییەكانی تێكۆشانەوە هەیە: یەكەم ــ پەیوەندی ڕۆشنفیكری و عەقڵانییەت بە مەسەلەی مافەكانی ژنانەوە بە شێوەیەكی مێژووی چەمكی ڕۆشنفیكری لە كۆمەڵگادا بێ بوونی عەقڵانیەت بنیات نەنراوە. ڕۆشنفیكری بریتییە لە بوێری و لێهاتوویی لە بەكارهێنانی عەقڵدا بە جۆرێك جگە لە دەسەڵاتی عەقڵ، هیچ دەسەڵاتێك توانای خۆسەپاندنی بەسەر عەقڵدا نەبێت. فەیلەسوفی ئەڵمانی (كانت) لە وتارێكدا بە ناونیشانی (ڕۆشنفیكری چییە؟)، ئاماژە بۆ گرنگی جورئەتی مرۆڤ لە بەكارهێنانی عەقڵ دەكات. بە شێوەیەكی كردەیی بەكارهێنانی عەقڵ لە بازنەی ڕێكخستنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان مانای ڕاگرتنی ئەو دەسەڵاتەیە كە عەقیدەی ئاینی بە شێوەیەكی ڕەها بە پشتبەستن بە هێزی دەقی ئاینی بەسەر تاكدا هێزی ئسوڵی ئاینی كار بۆ سەپاندنی دەكات و بۆ زەوتكردنی مافەكانی ژنان و بەردەوامبوونی نایەكسانی بەكاری دەهێنێت. دووەم ــ ڕاستی ڕەها مامەڵەكردن لەگەڵ دەقی ئاینی وەك ڕاستییەكی ڕەها دەرگا لەبەردەم تێڕوانین بۆ كۆمەڵگا و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە مافەكانی مرۆڤ بە گشتی و بەتایبەتی مافی ژنانەوە هەیە، بەشێوەیكی كراوە ناهێڵێتەوە. پەنابردنە بەر دەسەڵاتی دەق و تێڕوانینی دۆگماتیزمانە بۆ دەق لە چوارچێوەی ڕەهابوونیدا، فەرامۆشكردنی چەمكی بەمێژووبوونی دەقە. بەمێژووبوونی دەق مانای وایە دەق لە كاتێكی دیاریكراودا و لە ئاكامی ڕووداودا درووست بووە. بەم جۆرە دەق بەرهەمێكی زمانەوانەیە و ڕەنگدانەوەی گوتە و ماناكەیەتی، كە لە نێو مێژوودا نەك لە دەرەوەی مێژوو و لە حاڵەتێكی گریمانەییدا درووست بووبێت. بەم جۆرە دەق بەرهەمێكی زمانەوانی كەلتوورێكی باوە لە قۆناغێكی مێژووییدا و پەیوەندی بەو كەلتوورەوە هەیە و دەقی ئاینیش لە دەرەوەی ئەم یاسایەدا نییە و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی سەردەم و كەلتووری داسەپاو تیایدا پیرۆزی بە دەقی ئاینی دەبەخشێت و لە ئاكامی شیكردنەوە و لێكدانەوەی دەقی پیرۆز دەقی پیرۆزی دیكە بەرهەم دێت. مەترسی فەرامۆشكردنی مێژوویەتی دەق كۆمەڵگای داخراو لەسەر بنەمای دەقی ڕەها درووست دەكات و ئەمەش دەبێتە هۆی نەبوونی وەڵامی نوێ بۆ كێشە نوێیەكان. لە كاتێكدا كێشەی ئەمڕۆ كێشەی ڕابردوو نییە و ئەو پێوەرانەی بۆ چارەسەركردنی كێشەی ڕابردوو بەكاردەهێنران لە ڕۆژگاری ئەمرۆدا بەكارنایەن و بەم جۆرە كۆمەڵگای مرۆڤایەتی دووچاری كێشەی نوێ و پێوەری نوێ دەبێتەوە كە لە سنووری چارەسەركردنی ئەو دەقانە نییە كە ئسوڵیەتی سەرجەم ئایینەكان لە چوارچێوەی نەگۆڕدا مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. مامەڵەكردن لەگەڵ دەق لە دەرەوەی ڕێڕەوی مێژوویی درووستبوونی، مانای فەرامۆشكردنی هۆشەمەندی و شێوازێكە لە گۆشەگیری و مانەوە لە شوراكانی مێژوویەك كە هەرچەندە لە ڕابردوودا شكۆمەند بوو بیت، بەڵام هەر بەشێكە لە ڕابردوویەكی بەسەرچووە و چارەسەری بابەتە نوێیەكان ناكات. جگە لەوەی كە هەر لە سەرەتاوە لێكدانەوەی جیاواز سەبارەت بە دەقی ئاینی هەبووە. سێیەم: لە نێوان دەوڵەتی ئاینی و دەوڵەتی سكولار دەوڵەتی ئاینی بەرهەمی ئسوڵیەتی ئاینییە و بریتییە لە بیركردنەوەیەك بە جۆرێكی ڕەها سەبارەت بە بابەتە ڕێژەییەكان كە سەرجەم پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بە پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو دەگرێتەوە. لە كاتێكدا سكولاربوون بریتییە لە بیركردنەوەیەكی ڕێژەیی سەبارەت بە تێكڕای بابەتەكان كە ڕێژەیین دوور لە میتۆدی ڕەهابوون. پەیڕەوكردنی میتۆدی ڕەهابوون مانای قایلنەبوونە بە بەرانبەر و بە شێوەیەكی كردەیی زەمینەیە بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە بەرانبەر و هەڵگری ئەم پەیامە خۆی بە نوێنەری خودا دادەنێت. لە سایەی ئەم هاوكێشەیەدا كرۆك و بنەمای شاڵاوەكانی چەند مانگی ڕابردوو دژ بە چالاكانی فیمینست و كاری شێواندنی چەمكی یەكسانی جێندەری و ناوزڕاندنی داكۆكیكەرانی مافی ژنان ڕوون دەبێتەوە. كاتێك سكولاربوون بە شێوەیەكی ڕێژەیی تەماشای تێكڕای بۆچوونەكان دەكات هەلی گونجاو بۆ باوەڕبوون بە ئاینی جیاواز دەڕەخسێت، بەڵام كاتێك كەسێكی ئسوڵی ئاینی تەنیا ئاینی خۆی بە ڕاستی ڕەها دادەنێت نەك تەنیا بوار بە بێباوڕەكان نادات، بەڵكوو بوار بە باوەڕدار بە ئاینی بەرانبەریش نادات. چوارەم: لە نێوان جوڵە و ڕاوەستاندا لە مێژوودا هەڵگرانی هزری ڕەها دژ بە ئاراستەی جۆڵە بوونە چونكە جوڵە مانای گۆڕانكارییە. فیساگورس (570 ـ 495) پ ز، بە نهێنی و لەگەڵ قوتابییەكانی بەپێی ماتماتیك ئاماژەی بە خڕی و سووڕانەوەی زەوی كرد. لە ئاكامدا كوژرا. كۆپەرنیكۆس لە سەدەی شانزەهەمدا لە نووسینەكانیدا باسی لە جوڵەی زەوی لە دەوری خۆر كرد، بەڵام بە هۆی ڕەهاببونی كەنیسەوە و لە ترسی كوشتن نەیوێرا بڵاوی بڵاوی بكاتەوە. لە سەدەی چوارەمی زایینیدا لە كتێبخانەی ئەسكەندریە هیباتیا كە فەیلەسوف و زانایەكی ماتماتیكی ئافرەت بوو كاتێك ویستی گرێدان و تێكەڵاوییەك نێوان ئاینی كرستیان و فەلسەفەی ئەفلاتون و سوكرات و ئەرستۆ بكات، بە فرمانی باتریكی كریستیان بە شێوەیەكی دڕندانە كوژرا. نوسەری میسری یوسف زیدان لە ڕۆمانی (عزازیل) بە پشتبەستن بە سەرچاوەی مێژوو باس لە كوشتنی دەكات. لە كتیبی (تهافت الفلاسفە) ئیمامی غەزالی سەرجەم فەیلەسوفە موسوڵمانەكانی بە كافر دانا و كە پرسیاریان لەم بوارە لێكرد وتی: گومان نییە كافرن، بەڵام وەڵامی ئەوەی نەدایەوە كە بیانكوژن یان نا. بەڵام كتێبەكانی ئیبن ڕوشد كە وەڵامی غەزالی دەداتەوە سوتێنران. پێنجەم: دەرئەنجام مەبەست لە خستنەڕووی ئەم خاڵانە ئەوەیە، ئاماژە بەوە بكەم كە هەڵگری بیری ڕاستی ڕەها دژ بە جوڵەیە، چونكە جوڵە پاڵنەر و بنەمای گۆڕانكارییە و گۆڕانكاری مانای باوەڕبوونە بە ڕێژەیی. لە چوارچێوەی ئەم هاوكێشە و خاڵانەی باس لە دابینكردنی مافی ژنان و یەكسانی جێندەری پێویستی بە باوەڕبوون بە ڕێژەیی ڕاستییەكان هەیە نەك ڕەهابوونی و ئەمەش لە سایەی دەوڵەتی ئسوڵی ئایینی نایەتە دی و بوونی دەوڵەتی عەلمانی زامنی پاراستنی مافی ژنانە و بەم جۆرە دەسەڵاتی عەقڵ حوكم دەكات نەك دەسەڵاتی دەق.
كەمال چۆمانی فەیلەسوفی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشی لە نامیلکەکانی زینداندا لە ١٩٣٠، لە هەڵسەنگاندنی رۆژانی سەرهەڵدانی فاشیزم و شکستی وەڵامدانەوەی هێزە دیموکراتخوازە چەپەکان بۆ قەیرانەکانی کاپیتالیزم، ئەو گوتی: <<قەیران رێک لەو راستییە دایە کە کۆن دەمرێ و نوێش ناتوانێت لەدایکببێت؛ لەو دۆخە ناحکومڕانییەدا -interregnum- نیشانەی گەورەی جۆراوجۆری دەردەکەون morbid symptoms.>> کە نوێ نەیتوانی لەدایکببێت و وەڵامدەرەوەی قۆناغی شکست و ناحکومڕانی و دۆخی خراپی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ، کە کۆنیش بمرێ، دەرفەت بۆ هێز و کەسی فاشیست و نادیموکرات دروستدەبێت. ئەندریا مولهیلباخ لە ٢٠١٦ لە وتارێکدا لە زنجیرە وتاری `قەیرانەکانی لیبرالیزم` ناوی لەو دۆخە نا <<ساتی دڕندەکان.>> ئێستا هەرێمی کوردستانی عێراق بەو دۆخەدا رەتدەبێ. کۆن یا مردوە یان وا دەمرێ، نوێش ناتوانێت لەدایکببێت. ئەو قۆناغەی هەرێمی کوردستانی عێراق، ساتی جێگرتنی دڕندەکانە. ساتی کوشتنی هیواکانی خەڵکە بە دیموکراسی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری، و خۆشگوزەرانی. لە دیداری هەولێری رووداوی نێچیرڤان بارزانی، کە تێیدا گروپێک خەڵکی ناکورد هاتبون بە عەقڵییەتە ئۆریێنتالیستەکەیانەوە نەسیحەتی کوردیان دەکرد، دانی بەوە دانا ئەوەی خۆی لە ٢٠ ساڵی رابردودا دروستیکردوە، شکستە، نە ئابورییەو نە سیاسەت. هەر سیاسەتکارێک و بەرپرسێکی حکومەت دەمدەکاتەوە، باسی شکست و تاڵانی دەکات و دان بەوەدا دەنێ دوای راپەڕین چەندە سەرکەوتنە دو ئەوەندە شکست و گەندەڵی و تاڵانی و چەتەگەرایی ئابوری. قانونەکان بنپێدەخرێن و هیچ دەرفەتێک نییە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری. لە هەموی مەترسیدارتر، لەدایکنەبونی نوێیە. نوێ بەو مانایەی کە خاوەنی پرۆژەیەکی سیاسیی، ئابوریی، و کۆمەڵایەتی بێ کە وەڵامدەرەوەی ئەو قەیرانە سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، عەسکەری، و حوکمڕانییانەی هەرێمی کوردستانی عێراق بێ. ئەوەی ئیدیعای نوێ دەکا، لەگەڵ خودی سیستەمدا، یا رونتر لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا تەنها لە بانگەشەکانیان جیاوازن. نوێ لەدایکنابێ کە ئەگەر کاری دەستەجەمعیی گەورە نەکرێ. من شتێکی ئەوتۆ ئاشکرا ناکەم کە باس لە گەندەڵی و چەتەگەرایی بکەم، ئەوە بانگەشەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتیشن. گەورەترین پرسیارێک کە کەسمان وەڵاممان بۆی نییە ئەوەیە؛ چی بکەین؟ چی بکەین تا نوێ لەدایکبێ و دڕندەکان نەتوانن زیاتر ئێستامان وێران بکەن و داهاتوشمان بسوتێنن؟ چی بکەین تا نوێیەک لەدایکببێ و رێ لەوە بگرێ کە فاشیزم باڵی بەسەر ئیتاڵیا و ئەڵمانیادا کێشا و دوای شکستی بەهاری عەرەبی عەبدولفەتاح سیسی جارێکی تر میسری وێران کردەوە. چی بکەین تا ئەوەی سبەینێ دێ لە ئەمڕۆ و دوێنێ خراپتر نابێ؟ قسەیەکی والتەر بنیامین زۆر دوبارە دەکرێتەوە کە دەڵێ <<لەپشتی هەمو فاشیزمێکەوە شکستی شۆڕشێک هەیە.>> ئەو فاشیزمەی لە ئێران هەیە، شکستی شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩یە. ئەو گەندەڵی و نادیموکراسی و چەتەگەرایییەی لە هەرێمی کوردستانی عێراقێ هەیە، شکستی راپەڕین و بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کوردییە کە پڕۆژەیەک بو لە باشترین دۆخیدا بۆ رزگاری کوردستان بو نەک پارادایمێکی نوێی ژیانکردن و سیاسەت و حوکمڕانیی پێ بێ. پرسیاری چی بکەین، وڵامەکەی قوڕسە، بەڵام مەحاڵ نییە. پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی نوێیە بۆ تێگەییشتن لە کۆمەڵگای خۆمان و حکومڕانیی و سیاسەتی هەرێمی کوردستان. پێویستە لەبری ئەوەی هەرکەسە و لە شوێنێکی کوردستانەوە، بە جیا و بە دیدێکی تەسکەوە، بە دیدێکی پاوانخوازانەوە، بە تێڕوانینێکی جیاکارانەوە، بە عەقڵییەتێکی پیاوسالارانە و ئیگۆیەکی پیاوانەوە، بە خۆجیاکردنەوە و دژ بە ئیشی دەستەجەمعی، ئیشی دەستەجەمعی دەستپێبکرێ و دیبێیت نەبێ بۆ ئەوەی کێ شوێنی کێ دەگرێتەوە، بەڵکو پارادایمێکی نوێ پێشبخرێ و گفتوگۆی لەسەر بکرێ بۆ ئەوەی کوردستانمان زیاتر نەکەوێتە بن دەستی دڕندەکان و نوێیەک لەدایکببێت کە رێبگرێ لەوەی کوردستان هێندەی دی بکەوێتە ژێردەستی هێز و کەسی تاریکپەرست و کۆنەپارێز و نادیموکراتیک. ئەمڕۆ زۆرن ئەو هێز و کەسانەی پێیانوایە نوێن و لەداییکدەبن، بەڵام لە راستیدا بەو عەقڵییەت و جۆری کارکردنەیان، بەو کۆنەپارێزی و تێنەگەییشتن لە دۆخەکە و هەڵپەی دەستەڵات، نەک ناتوانن لەدایکبن، بەڵکو یارمەتیدەرێکی باشی دڕندەکانیش دەبن بۆ زیاتر خۆسەپاندن و بێهیواکردنی کۆمەڵگا.
سالاری بازیان ڕاپەڕين دواى ٣٢ ساڵ به كورتى و پوختى ،، سی ودووساڵ پێش ئێستا، (باوه رمان بو ئه گه ر دژى زولم به يه كه وه نه بين ئه وا له زينداندا يه كترى ده بينين )ڕاديۆيەك هەموومانی كۆكردبۆوه پەيامێك هەموو بۆی دەژييان بۆ بەڵێیەكتان ميلەت سەرودەستى بەرز دەكردوه؟ بۆ نەخێرتان گەل خۆى به كوشت دەدا، هەموومان ئێوەمان خۆشدەويست و ئێوەش له لوتكەى شەهامەتا دەبينران ناوماڵی كورد رێكتر، بەهێزتر بوو پرۆژەى گەورەمان دەبيست و چاوەڕێ بووين به هيواوه دەژياين بێ پرته و بۆڵەوە شاخێك له وره، جەنگەڵێ له ئازايەتى فیكرو سياسەت تەماشا دەكران گيرفانى گەل خاڵى هى ئێوه خاڵى تره زۆر شتى تر... ڕەشبين نيیم بەڵام دواى ٣٢ساڵ خەرمانی ڕەنجى چەند ساڵه بێ بەرەكەت دەرچوون، پڕه له بژارو نائومێدیی، دەسكەوتەكانى خۆتان دەڵێن له غەرغەرە نزيك بۆتەوه ڕاپرسيەكان پێماندەڵێن نيوەى كورد پەشيمانه دەيەوێت بچێتەوه ژێر ئاڵایى بەغداد ئێمەش ئەبينين كە سحرى زۆر بەتاڵ كراوەتەوه ئەم سى ودوو ساڵه ئاشەكەى زۆر ميرپياوی جوامێر قژى زۆرى له تەوارەكانى دروێنه كرد... زۆرى له هيچەوه كرد به شت زۆر شینيشى كرد به هيچ هەزاران گەنج ئاواره كرد و ئاو بردنی... سەركۆزەرەى ئەم باراشه(زەواو زادیی)باشى لێ پەيدا نەبوو؟ هەستى نەتەوەیى و وەتەن پەرستى لەڕولاواز بووە دواى سی ودووساڵ ڕاپەڕين نه گوند له گوند ئەچێ و نه شار له شار... شارەكان بوونه توولەڕێ و توولەڕێ كوێربوونەتەوه...كارەبا هەر چاوشاركێ ئەكاو ئاو له تەنكيا پاشكەوت دەكەين و بانكەكان هەر كيسەى بەرباخەڵن زۆنگى سەوزە و زەرد تۆختربۆتەوە، سنوورى كوردستان/ كەركووك له ئايندەی بێ ئايندەيماندا ئەخولێتەوه... لە بەڵێندا دەوڵەمەندو له جێ بەجێكردندا كيسەڵ ئاسا زۆر بڵێ و قيڕەقيڕ و موزايدەى ژێر بۆش دوایی به پۆستی زل و پارە وپوول دەكرێت دەمى كڵۆم دەدرێت... هەربۆيه سياسيیه پوولدارەكانمان به ديار كوردستانێكى هەژارو ڕەش و ڕووتى بێ دەسكەوتى ستراتيژى له لێوارى گلۆربوونەوه نزيك له خەرەندێكى هەزار به هەزاره له نێوان بێهيواو پەشيمانبوونەوەی ئێستادا گوێنەدان له ڕاديۆكان و سەیر نەكردنی تیڤیەكانە ئێستا به بەڵێتان دەڵێن نەخێر به نەخێرتان دەڵێن بەڵێ! گيرفانى گەل لەبەردەم هات و نەهاتى موچەدا هێزو باوەڕى لێ بڕاوه، نەوت و جەوت ئەفرۆشين و بەڵام سەوزه و ميوەمان له مەرزەكانی وڵاتانی هاوسێوە بۆ دێت... ژێرخانى ئابوورى پايەكانى خۆبەڕێوەبەرى دواى ٣٢ساڵ كامانەن؟ پێمانبێژن با كەمێ دڵخوش بین، بەرزو پيرۆز بێت يادى ڕاپەڕین و شەهيدانى ڕێی ئازادیی..
د. كامەران مەنتك یەكێك لە ئامانجەكانی راپەڕین، دەركردنی بەعس ورژێمی بەعس بوو لە هەرێمی كوردستان، كە هیچ تاوانێك نەمابوو دەرهەق بە خەڵكی كوردستان نەكەن، تاوانگەلێك، كە ئەو كەسانەی لەو قۆناغەدا نەژیابن، ئاستەنگە لەقووڵی وگەورەیی ئەو تاوانانە تیبگەن، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا، چەند خاڵێكی تری گرنگ هەیە، نابێت فەرامۆش بكرێت، ئەویش ئەوەیە، كە تەنیا خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان بوو بەرامبەر بەعس بەو شێوەیە داخ لەدڵ بوو، چونكە هەر ئەوان بوون پشكی شێریان لە زوڵم وزۆرەكانی بەعس بەركەوتبوو، ئەگینا ئەوانەی تر، كە خۆیان وەك حیزب وهێزی شۆڕشگێڕ دەناساند وبەروكەش دژی بەعس وەستابوونەوە، بەشێوەیەك لەشێوەكان لینكێكیان لەگەڵ بەعس دا هەبوو، تەنانەت بەشێك لەسەركردەكانیشیان زۆر بەكەسایەتی (سەدام حوسێن)، ئەو دیكتاتۆرەی پلانی لەناوبردنی هەموو كوردی داڕشتبوو سەرسام بوون، هیوایان دەخواست رۆژێك لە رۆژان بەدیداری جەنابیان شاد ببن، بەشێك لەو بەڵگەنامانەی دوای رژێمی بەعس كەوتە دەست خەڵكی كوردستان، دەڵێم بەشێك، چونكە زۆرینەی بەڵگەنامەكان یا لەلایەن ئەو شۆڕشگێرە نهێنیانەوە لە رۆژی راپەڕیندا سووتێنران، یاخود لەلایەن دەزگاكانی بەعسەوە وەك ئەمانەت لایان هەڵگیرا، یاخود دوای پاككردنەوەیان و دەرهێنانی ناوی خۆیان فرۆشتیانە ئەمریكییەكان، ئەو كەمە بەڵگەنامەیەی مایەوەو كەوتە دەست خەڵكی كوردستان، ئەوەی روونكردەوە، كە ژمارەیكی زۆر لە فەرماندە شۆڕشگێڕەكانی شاخ، لە ژێرەوە قارەمانی ئازاو چاو نەترسی بەعس بوون، لەیەكەم رۆژی راپەڕین لە رانییە، وەك هەندێك سەرچاوە، كە لەناو رووداوەكاندا بوون بۆیان باسم كردم، خێرا ئەو تاوانبارانەی بەعسیان لەناوبرد، كە زانیاریان دەربارەی ئەو خەباتگێرە نهینیانەی بەعس لابوو و وەك شۆڕشگێڕو وڵاتپارێز لەناو ئاپۆڕەی خەڵك وەستابوون، بۆئەوەی نهینییەكان ئاشكرا نەكات، تەنانەت هەندێك لەوانە دەیانویست راستییەكان بۆ خەڵكیش روونبكەنەوە، بەڵام خێرا خرانە بەر سەرەنیزەی خەڵكە سادە تووڕەكەو لەناو بران!!!. بەم چەشنە راپەڕین، بەرووكەش بۆ دەركردنی بەعس بوو، خەڵكیش لە دەركردنی بەعس قازانجی دەكرد، بەڵام بەڵام بەشێكی زۆر لەبەناو سەركردەو هێزەكانی شاخ لەمەدا زەرەمەند دەبوون، لەبەرئەوەی كاسبیەكەیان لەگەڵ بەعسدا بوو، هەر دوای كشانەوەی بەعسیش لە كوردستان، خێرا پەیوەندیان لەگەڵ بەستایەوەو لەنێوان منالەكانی بەرپرس وبنەماڵە سیاسییەكانی كوردستان، پەیوەندییە برایەتیەكانیان لەگەڵ لەگەڵ بەرپرسان و تەنانەت لەگەڵ مناڵە دڕندەكانی دیكتاتۆری ئێراق برەوی زیاتر پێدراو بوون بە هاوڕێی گیانی بەگیانی! دوای رووخانی رژێمی بەعسیش، دەروازەی كوردستان بۆ بەرپرسە تاوانبارەكانی بەعس كرایەوە وبە پارەی دزراوی خەڵكی ئێراق بوونە سەرمایەدارو بزنسمانی گەورە لە هەرێم وبەشیكیشیان خانوو وشوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین كراو مووچەیان بۆ بڕایەوە، واتە بەعسیە كوردەكانی شاخ بە هانای برا بەعسییە عەرەبەكانیاوە چوون و لە رۆژی تەنگانەدا بەكەڵكیان هاتن، ئەمە ئەو لاپەڕە رەشەیە، كە لەیادی راپەڕیندا پێویستە خەڵكی كوردستان یادی بكاتەوە، كەچی جێگەی سەرسامییە، دوای زیاتر لە سی ودوو ساڵ لە راپەرێن، هێشتا ئەوانەن، كە راپەڕینیان فرۆشتن وكوردستانیان تەعریب كرد، وتاری ئاگرین دەدەن وداوای پاراستن ورێزگرتن لەدەستكەوتەكانی راپەڕین، دەكەن، لەكاتێكدا خۆیان دەستكەوتەكانی راپەڕینیان چرووك وهەرزان فرۆش كرد و تا ئێستاش وەك داگیركارێكی دڵڕەق مامەڵە لەگەڵ كوردو خاكی كوردستان دەكەن!!!
هیوا سەید سەلیم وەك دەزانرێت هۆكاری بابەتی لەسەر ئاستی ناوچەكە فاكتەری سەرەكی بوو بۆ زەمینەسازی ئەنجامدان و سەركەوتنی راپەرینی ئاداری ١٩٩١، بەڵام لە پاڵ ئەو فاكتەرە لە ئاستی ناخۆشدا زەمینەی ئەو راپەڕینە هەبوو كە پێی دەوترێت فاكتەرە ناوخۆییەكان. داگیركردنی وڵاتی كوێت لە لایەن سەدام حوسێن، دواتر بە هەند هەرنەگرتنی هەڕەشەی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی بۆ كشانەوەی بێ مەرجی سوپای عێراق لە نێوخاكی ئەو وڵاتەی، وایكرد سەدام حوسێن وڵاتەكەی رووبەڕووی جەنگێكی دیكە بكاتەوە، كە هەمووی دوو ساڵ دەبوو لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران رزگاری بووبوو. گەلەكۆمەكی سوپای هاوپەیمانان دژ بە رژێمی سەدام بووە هۆی ئەوەی نەك هەر سوپاكەی لە كوێت وەدەربنرێت، بەڵكوو لە ناوخۆی وڵاتیش دەسەڵاتی سوپاكەی لاواز و بێ هەژموون بێ. بۆیە لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشی زەمینی هاوپەیمانان لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ١٩٩١لە یەكەم هەڵگەڕانەوەی سوپای عێراق لە شاری بەسڕا تانكێكی سووپا لوولەی تانكەكەی لە پەیكەری سەدام حوسێن دەكات، ئەمەیان دەبێتە دەستپێكی گەورەترین راپەڕین لەسەر ئاستی شارەكانی خوارووی عێراقدا. بۆیە زۆری دەبرد راپەڕین لە ماوەیەكی زەمەنی زۆر كورتدا سەرجەم شارەكانی باشووری كوردستانی گرتەوە بە شاری كەركووك و خانەقین و شەنگال و تەواوی جوگرافیای باشووری كوردستان. راپەڕینی ئاداری ١٩٩١لە باشووری كوردستان وێڕای راماڵینی دەسەڵاتی داگیركارانەی رژێمی بەعس،چەندین لە دەستكەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی لێكەوتەوە، گرنگترینیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لێرەدا پێویستە بگووترێت ئەوەی زامنی سەركەوتنی راپەڕینی ١٩٩١خەڵكی كوردستانی كرد، دوو پڕەنسیپی زۆر گرنگ بوو كە یەكەمیان لەسە ئاستی حزبەكان لە ئاوارەیی كاری بۆكرابوو كە ئەویش یەكڕیزی نێوان هێز و لایەینە سیاسیەكانی كوردستان بوو كە خۆی دەبینیەوە لە دامەزراندنی بەرەی كوردستانی. پڕەنسیپی دووەم خۆڕسكانە درووستبوو، كە بریتی بوو لە پشتیوانی خەڵك بۆ هیزی پێشمەرگەی كوردستان و بەشداری بەرفراوانیان لە راپەڕین و سەرخستنی پرۆسەی راپەڕین تەنیا لە بیست رۆژدا. جێگای ئاماژەیە، ئەگەر یەكڕیزی لایەنە سیاسیەكان و پشتیوانی جەماوەری خەڵكی كوردستان لە كاتی خۆیدا بووبێتە هەوێنی سەركەوتنی راپەڕینی ١٩٩١خەڵكی كوردستان، لە ئێستادا غیابی ئەو یەكڕیزیە وایكردنەوە هێزە سیاسیەكانی كوردستان متمانە و پشتیوانی جارانی خەڵك لەدەست بدەن. شایانی باسە، هەموو لایەك دەزانێت كە پێش راپەڕین خەڵكی كوردستان خەونیان بە ئازادییەوە دەبینی، بۆیە ئامادەبوون لە پێناوی ئازادی ژیانی كولەمەرگی هەڵبژێرن، تەنیا بۆ ئەوەی لەدەست رژێمێكی سەركووتكەری وەك بەعس رزگاریان بێت، بۆ ئەم مەبەست بوو خەڵك راپەڕی. بەڵام مخابن هەر زوو شەڕی پۆست و پارەی حزبەكان، هەروەها فەرهوود و تاڵانی ژیرخانی كوردستان لە ماوەی ٣٢ساڵی دوای راپەڕین، هۆكاربوون كە خەڵك پێیان وابێت پاشەكشە لە پڕەنسیپەكانی راپەڕین كراون. لە ئێستادا كە ٣٢ساڵ بەسەر ئەو وەرچەرخانە مێژووییەی باشووری كوردستان تێدەپەڕێت، خەڵكی كوردستان بە هۆكاری دزینی دەستكەوتەكانی خەڵك لە بەرژەوەندی دەستەبژێرێكی سیاسی، تەشەنەسەندنی گەندەڵی، نادادی، بەرتەسكردنەوەی ئەو ئازادیەیی كە خەڵك لە ئاداری ١٩٩١دەریایەك خوێنی بۆ رشت، گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی دڵی بەو رۆژە مێژوویە خۆش نەبێت. دوا جار دەڵێین ئەگەر خەڵكی كوردستان لە ساڵانی دەستپێكی راپەڕین چاوپۆشی لە نەوەی سەردەمی شاخی حزبەكان كردبێت تا چۆنی بیانەوێت دەستبگرن بەسەر پۆست و پارە، ئەوا لە ئێستادا قەبوولی دوو نەوەی دوای ئەوان ناكات. باشترین كاریش بۆ گەڕانەوە پڕنەسیپەكانی راپەڕین لە ئێستادا بریتیە لە چارەسەری كێشەكانی خەڵك، هەڵگردنی كۆتوبەدنی سەر ئازادییەكان، نەهێشتنی نادادی و بنبڕكردنی گەندەڵی، ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، بە بێ ئەنجامدانی ئەم هەنگاوانە پاشەكشێكان لە پڕەنسیپەكانی راپەڕین زیاتر دەبن.