Draw Media

پرسی ئه‌نفال له‌ كابینه‌ی نۆدا

پرسی ئه‌نفال له‌ كابینه‌ی نۆدا

2023-04-13 16:44:35


بارام سوبحی

له‌ماوه‌ی زیاتر له‌ چوار ساڵی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا، وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، له‌ چه‌ند وێستگه‌یه‌كدا كه‌مته‌رخه‌می گه‌وره‌ی به‌رامبه‌ر به‌ پرسی ئه‌نفال نواندوه‌، لێره‌دا هه‌ندێكیان وه‌كو نموونه‌ باس ده‌كه‌ین:

1. له‌ هاوینی (2019)دا ده‌ست به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌ سه‌ماوه‌ كرا كه‌ روفاتی (171) ئه‌نفالكراوی تێدابوو، دوای ته‌واوبوونی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كه‌، له‌ مانگی شوباتی (2020)ه‌وه‌ ئه‌و روفاتانه‌ له‌ دادپزیشكی به‌غدان و تائێستا نه‌هێنراونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌رێم. ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا له‌دوای روخانی رژێمی به‌عسه‌وه‌ تائێستا روفاتی ته‌نها (1669) ئه‌نفالكراو هێنراوه‌ته‌وه‌ بۆ كوردستان (838 روفات بۆ چه‌مچه‌ماڵ، 392 روفات بۆ گۆڕستانی دێ‌ بنه‌ له‌ رزگاری، 358 روفات بۆ دوكان، 81 روفات بۆ تۆپزاوا)، واته‌ روفاتی كه‌متر له‌ (1%) قوربانیانی ئه‌نفال هێنراوه‌ته‌وه‌. له‌كاتێكدا زیاتر له‌ (300) گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له‌ عێراقدا دۆزراونه‌ته‌وه‌.

2. له‌ مانگی ئه‌یلولی (2020) به‌ فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ ئه‌مه‌ریكاوه‌ شه‌ش ملیۆن به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌عس كه‌ پێكهاتبوو له‌ (11) ملیۆن لاپه‌ڕه‌ كه‌ له‌ (6420) سندوقدا پۆلێنكرابوو، راده‌ستی حكومه‌تی عێراق كرایه‌وه‌. ئه‌و به‌ڵگانه‌ كۆی تۆماره‌كانی به‌عسه‌ له‌ماوه‌ی ساڵانی (1968 - 2003). ئه‌و به‌ڵگانه‌ له‌ ده‌می روخانی رژێمی به‌عسدا، له‌لایه‌ن ده‌زگای یاده‌وه‌ری عێراق كه‌ نوسه‌رو لێكۆڵه‌ر كه‌نعان مه‌كیه‌ به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا. له‌ ساڵی (2007) دوای تێكچونی ره‌وشی ئه‌منی به‌غداو به‌مه‌به‌ستی پاراستنی، ره‌وانه‌ی زانكۆی (ستانفۆرد) له‌ ویلایه‌تی كالیفۆرنیا كرا. تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم یان وه‌زاره‌تی شه‌هیدان به‌ فه‌رمی داوای وه‌رگرتنی كۆپیه‌ك له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌یان نه‌كردوه‌ كه‌ بێگومان زانیاری به‌نرخیان تێدایه‌، به‌نده‌ تائێستا سێ‌ كتێبم بینیوه‌ له‌باره‌ی ئه‌و به‌ڵگانه‌وه‌ كه‌ له‌ زمانی ئینگلیزییه‌وه‌ ته‌رجه‌مه‌ی عه‌ره‌بی كراون.

3. پارله‌مانی فه‌ره‌نسا له‌ (27/11/2021) ره‌تیكرده‌وه‌ تاوانی ئه‌نفال به‌ جینۆساید بناسێنێت. كه‌چی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان به‌ نوسراوی ژماره‌ (197 له‌ 7/11/2022) داوای له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردوه‌ ره‌زامه‌ندی ده‌رببڕێت له‌سه‌ر خه‌رجكردنی بڕی (378.600) یۆرۆ به‌ چوار قۆناغ بۆ گرێبه‌ستی نێوان وه‌زاره‌ت و ده‌زگای دانپێدانانی كۆمه‌ڵكوژی كوردو ده‌زگای (KG lobby Center) به‌مه‌به‌ستی كاركردن بۆ دانپێدانانی كۆمه‌ڵكوژی كورد له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام له‌وكاته‌وه‌ تائێستا هیچ كارو چالاكییه‌كی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌و دوو ده‌زگایه‌ تایبه‌ت به‌ پرسی ناساندنی جینۆسایدی كورد له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌. جگه‌له‌وه‌ی ئه‌و دوو ده‌زگایه‌ نه‌ ماڵپه‌ڕێكی فه‌رمییان هه‌یه‌ نه‌ په‌یجێك له‌ فه‌یسبووك!

4. وه‌زاره‌تی شه‌هیدان به‌ نوسراوی ژماره‌ (91 له‌ 16/6/2022)و وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری پارله‌مان به‌ نوسراوی ژماره‌ (10297 له‌ 18/7/2022)، ره‌تیانكرده‌وه‌ چه‌مچه‌ماڵ به‌ پایته‌ختی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بناسێنن، له‌كاتێكدا سنوری چه‌مچه‌ماڵ به‌ هه‌ر سێ‌ قۆناغی (2 و 3 و 4)ی ئه‌نفال كه‌وتوه‌، ته‌نها سه‌د گوندی سنوره‌كه‌ پێنج هه‌زار ئه‌نفالكراویان هه‌یه‌. هه‌ر له‌م سنوره‌ (3200) وارسی شه‌هید هه‌یه‌.

5. له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ كه‌س هه‌ن رزگاربووی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانن، له‌بری دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌ بۆیان و به‌گه‌ڕخستنیان له‌ ناوه‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بۆ ناساندنی پرسی ئه‌نفال، كه‌چی سه‌رۆكایه‌تی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ نوسراوی ژماره‌ (11957 له‌ 30/9/2021) كه‌ ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كردوه‌، ره‌زامه‌ندی داوه‌ له‌سه‌ر خه‌رجكردنی مینحه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ بڕی یه‌ك ملیۆن و دوو سه‌د هه‌زار دینار به‌ دوو مانگ جارێك بۆیان خه‌رج بكرێت!

ئه‌مه‌ سه‌ربرده‌یه‌كی پوختی كارو چالاكییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی دیوان و وه‌زاره‌ته‌كانی شه‌هیدان و كاروباری پارله‌مان و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ له‌باره‌ی پرسی ئه‌نفاله‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand