دارەوان حاجی حامید  ئەمساڵیش لە رۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بە لیستێکی خەمناکەوە ماڵئاوایی لە ٢٠٢٢ دەکەن، کە لەلایەن دەزگاکانی چاودێری بارودۆخی ژنان لە جیهاندا تراژیدیای بەردەوامی توندوتیژی دژی ژنان، دەستدرێژی بە هەموو جۆرەکانیەوه‌، ناهاوتایی و پێشێلکردنی مافەکانیان لەسەراپای جیهاندا بەتایبەتی لە جیهانە دواکەوتوو و ژێر دەستەی دەسەڵاتە نەریتی و دیکتاتۆری و ئایینی و پیاوسالارییەکاندا نیشاندا، کە هێشتا ئەم نیوەیەی مرۆڤایەتی زۆر دوورە لەوەی هاوتای نیوەکەی دی بژی. ئەو لیستەی پێمان ئەڵێت رۆژانە ٦٠٣ ملیۆن ژن لە هەندێک وڵاتی جیهاندا توشی ئەشکەنجەو لێدان و سوکایەتی ئەبنەوە کە لەو وڵاتانەدا توندوتیژی دژی ژنان (تاوان) نییە. ٧٠٠ ملیۆن کچ لە جیهاندا پێش تەمەنی شانزە ساڵی بە شوودراون. ١٣٠ ملیۆن کچ لە جیهاندا خەتەنە کراون. لەهەر دە ئافرەتێک لانی کەم یەکێکیان لە جیهاندا روبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بۆتەوە. ساڵانە زیاتر لە پێنج هەزار ژن بە تاوانی شەرەف ئەکوژرێن. لە پانزە وڵاتی جیهان ژنان بەبێ ڕەزامەندی باوک یان مێرد بۆیان نییە نە کار بکەن نە سەفەر. لە حەفتاو نۆ وڵاتی جیهان هێشتا ژنان لەڕووی کارو موچەوە لەگەڵ پیاوان هاوتا نین و مافی هەموو کارێکیان نییە. زیاتر لە ٤٥ ملیۆن ئافرەتی لەشفرۆش لە جیهاندا هەن کە زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان سیانزە تا بیست و پێنج ساڵدایە. لەو کۆمەڵگایانەدا کە بەر هێرشی تیرۆریستانەی هێزە ئیسلامییە جیهادیەکان کەوتوون، ئافرەتان قوربانی یەکەمن و جگە لە کوشتنیان ئەکرێنە بابەتی کۆیلایەتی و فرۆشتن و دەستدرێژی بەردەوامی سێکسی. نیوەی کۆمەڵ و دایک و پەروەردگاری نیوەکەی دیش کە تاکە خواست و پرسیاری لەپیاو ئەوەیە کەی ئەمیش ئەبێتە خاوەنی جەستەی خۆی ؟ دوای سێ سەدو شەست و چوار ڕۆژ لە ماندوویی پێنەزانراو و لەبیرکراوی نیوەکەی دی، هەرگیز یەکسان نەبوونیان بە پیاو، لە رۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان چیان لە پیاوان خواست و بە چ ئومێدەکەوە چاوەروانی ساڵێکی نوێیان لێ ئەکەن؟ ژنان بێ ئومێدن کە پیاوان پاش چەندین سەدەی پێکەوە بنیاتنانی شارستانیەتی مرۆڤ، لە داوا سادەکانی ناخیان بگەن، کە ببنە هاوڕێی ڕاستەقینەی ژیان و بنیاتنەری هاوبەشی خێزانەکانیان و خەم و ئارەزووەکانیان، ئەو پیاوانەی کە جگە لەو ساتانەی شەو نەبێت کە بەتەنیشت هاوژینەکانیانەوە (راستتر ژنەکانیانەوە) پرخەیان دێت، ساتەکانی دی ژیانیان لە دەرەوەی جیهانی هاوژینەکانیانەوە بەسەرئەبەن، تەنانەت لەو تاکە رۆژەشدا پیاوەتیان لە عەرشی باڵادەستی بەسەر نیوە قوربانییەکەوە تا ئەو ئاستە دانەبەزێت کە دان بە سێسەدو شەست و چوار رۆژی تەنیایی و ناهاوتایی و چەوساندنەوەی ژناندا بنێن. بۆیە ژنان چیرۆکی بە قوربانی بوون و هەتککردنی جەستەی لێسەندراویان لە رۆژی مافەکانیدا بە تەنافی تاوانەکانی نیوە نێرینەکەدا هەڵئەواسن، بێ ئەوەی چاوەڕوانی و ئومێدی باشبوونی ژیانیان لە کۆمەڵگەیەکی جیهانی ژێر دەستی پیاواندا بکەن. ژنان هەموو ساڵێک هەر ئەوەندەیان پێ ئەکرێت کە بیری باوک و براو هاوسەرو مام خزم و ئەو نیوە باڵادەستە بخەنەوە، بۆچی لەسەرەتای مرۆڤایەتییەوە بەرگی نیوەیەکی پێشێلکراو و چەوسێنراوەی بە ژنان بەخشیوە؟ وەک ئەوەی ژیان لە گوناهێکەوە دەستی پێکردبێت کە مرۆڤی لە بەهەشتەکەی خوداوە فڕێ دایە سەر زەوی و تیایدا مێژووییەکی مرۆڤایەتی نوسیەوە کە بە چەوساندنەوەو سەرزەنشتکردنی نیوە مێینەکەی دەستی پێکرد.                    پیاوان مێژووی کوشتارو تراژیدیاکانیان خوڵقاندو ژنانیش قوربانی سەرەکی بوون. پیاوان خوڵقێنەری ئایینەکان بوون کە غەزەب و نەفرەتیان بە نیوە وونبووەکەی خۆیان بەخشیوە. لە سەرقاڵی بەیاننامەی حیزب و رابەرە سیاسییەکان بە یادی ڕۆژانی ڕاپەڕین کە ئەزمونێکی شکستخواردوو ئاسۆ نادیاری پێبەخشین، لە شەڕی بێهودەی دژایەتی یەکتری و برسیکردنی خەڵکدا، لە پشت بانگەوازی کۆنفرانسە قەشەنگەکانی فێمینستە ناسکەکانی ئۆتێلە پێنج ئەستێرەکان و شاگەشکە بوون بە بزرکردنی خواستی سادەی ژنان لە هەڵگرتنی شەرەفی چەکی شەڕڤانی و گەریلایی و گواستنەوەی موڵکایەتی جەستەیان لە پیاوەوە بۆ مەسەلەو ئایدیۆلژیایەک کە هەر لە بنەڕەتەوە ژنبوونیان ئەکوژێت، ژنانی کورد چۆن ئەو رۆژەیان بەڕێکردو لەو جەنجاڵیەدا چەند ژنی دی بە بێدەنگی و بێ سزا کوژران و ئەشکەنجە دران و کەرامەتیان ڕوشێنراو سادە ترین مافی ژیانیان لێ سەندراوەتەوە ؟ ژنانێک کە لە جیاتی خەون بە بوون بەشەڕڤان و گەریلاو چەکەوە ببینن ژیانیان وا جوانتر ئەکرد کە خەون بە خاوەندارێتی بوونی جەستەی خۆیانەوە ببینن وئەو موڵکایەتیە لە کۆمەڵگەو پیاوان بسەننەوە، چونکە هیچ ئازادییەک لە ئازادبوونی جەستە زیاتر مانایەکی نییە بۆ ئافرەت. دروشمی خۆپێشاندانی بزوتنەوە فێمینستەکانی فەرەنسا لە شەستەکاندا (جەستەم موڵکی خۆمە) بوو، بەڵام هێشتا دیارە ژنان لە جیهاندا دورن لەوەی کە جەستەیان موڵکی کۆمەڵ نەبێت، بە تایبەتیش ژنانی کورد لە فەزای جیهانێکی دیدا ئەژین کە تیایدا ئێمەی پیاوانیش زۆر دورین لەوەی ئیرادەی ئازادکردنی جەستەی ژنانمان هەبێت و ئەو موڵكەیان پێ بدەینەوە، چ نەبێت با لێگەرێین بە برینداری بە تەنافی کەرامەت و پیاوەتی ئیمەدا هەلیواسن و خوێنی لێبچۆرێت. بۆیە لە رۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، بە پیاوان دەڵێم کە هەزار ساڵە ئێمەی پیاو ژنان ئەچەوسێنینەوە، ئایا کاتی ئەوەنیە دوای سەد ساڵ چەوسانەوە لەگەڵ ژنان بە یەکسانی بژین ؟ یان لانی کەم پارێزگاری لە خۆیان بکەن ؟ لە رۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان سڵاو دەنێرم بۆ كچه‌ ئازاو ئازاده‌كانی كوردستان، له‌ پێشمه‌رگه‌ و فیداكاره‌كانیان، دڵنیام کە دەتوانن شان به‌شانی رۆڵه‌ به‌جه‌رگه‌كانی ئه‌م گه‌له‌، به‌ زیندوێتی و كارایی و هه‌ست و نه‌ستی به‌رزی خۆیان، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داهێنه‌ر، پڕ له‌ گه‌شه‌و، نیشتمانێكیی زیندوو، ئاوه‌دان و ئازاد بۆ کوردستان و هەرێمی کوردستان به‌رهه‌م بێنن.


خالیدی حاجی ئه‌حمه‌د ساڵێک بەسەر پەلامارەکەی روسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا تێپەری و هێشتا تروسکایی چارەسەر لە ئاسۆدا دیار نیە. وەک زۆر دیاردەو روداوی تر، لەم بابەتەشدا کۆمەلگای نێودەوڵەتی دابەشبووە بەسەر دوو بەرەدا. بەرەییەکەم وڵاتانی رۆژئاواو دنیای ژێر هەیمەنەی ناتۆو وڵاتە دیموکراسی و نیمچە دیموکراسییەکانە. ئەم بەرەیە بەرگرییەکی سەرسەختانە لە ئۆکرانیا دەکەن و روسیا بە دەستدرێژیکەر بۆسەر وڵاتێکی خاوەن سەروەری و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەزانن. بەرەی دوەم روسیاو ئەو وڵاتانەن کە بە پلەی یەکەم دژ بە هەیمەنەی ناتۆو ئەمریکان لە جیهانداو لە هەوڵی گەڕاندنەوەی چەند جەمسەریدان بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گرنگ نیە بەلایانەوە روسیا دیموکراتی نیە. ئەرگومێنتی لە پێشینەی ئەم بەرەیە ئەوەیە: کە نەدەبوا ئۆکرانیا هەوڵی بوون بە ئەندامبوونی بدایە لە یەکێتی ئەوروپاو ناتۆداو لەبەرانبەردا مەترسییەکانی روسیای لە بەرچاو بگرتایە. دەکرێ بڵێین: ریشەی کێشەکان بە پلەی یەکەم، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای 90کان و هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت و پەیمانی وارشۆ بە گشتیتر. دواتریش هەوڵی روسیا بۆ گەیشتنەوە بە ئاست و گەورەیی سۆڤیەت و گەڕانەوە بۆ دووجەمسەریی کە تێیدا روسیا سەرۆکایەتی جەمسەرێک بکات. بە کورتی دوای روخانی سۆڤیەت، سێ تێڕوانینی جیاواز، بۆ ئایندەی ئەوروپا لە کایەدا بوو: 1- ئەمریکییەکان دەیانویست راکێشانی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات بۆ ناو (ناتۆ) کە لەژێر هەیمەنەی خۆیدایە، روسیا کەنار بخەن و لە هەمانکاتدا رێگربن لە رەوتی یەکێتی ئەوروپا بۆ دامەزراندنی سوپایەکی یەکگرتووی ئەوروپیی کە لە ئاییندەدا کێبەرکێی ئەمریکاو چین بکەن. 2- بۆچوونی ئەوروپیەکان خۆی لەوەدا دەبینیەوە کە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا پەیوەست بن بەیەکێتی ئەوروپاوە بێئەوەی ناچار بن ببنە بەشێک لە ناتۆ. بۆ ئەم مەبەستەش دەیانویست پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ روسیادا هەبێت. 3- لەبەرانبەردا روسەکان دەیانویست بازارێکی گەورەتری (ئێرۆ – ئاسیایی) بێتە ئاراوە کە وڵاتانی سەربەخۆبووی سۆڤیەتی کۆن لە ئاسیاو قەوقازدا لەخۆ بگرێت، کە بێگومان دەیتوانی خۆی رۆڵێکی گەورەی تێدا دەستەبەر بکات. قەیرانی ئابوری 2008 لە رۆژئاواداو بەرزبونەوەی نرخی نەوت، هەڵکشانی پۆپۆلیزم لە جیهاندا، بەهاری عەرەبی و دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا، وای لێدەخوێنرایەوە زۆرینەی روداوەکان لە خزمەتی روسیادان. بەڵام پێنەگەیشتنی دیموکراسییە روسییەکە، رێگربوو لە دەستاودەستکردنی دەسەڵات و پۆتین وەک ئەردۆغان و زۆرینەی سەرکردە دیکتاتۆرەکان کەوتە ئاڵوگۆری یاساو رێساکان لەبەرژەوەندی کەسیی خۆیدا. خۆی و دارودەستەکەی قۆرغی داهاتی وڵاتەکەیان کردو رێگربوون لەوەی روسیا بتوانێت شان بەشانی کڵاوە ئەتومییەکانی هێزێکی ئابوری نەرم پێکبهێنێت کە لە دنیای پڕ لەکێشمەکێشی ئەمڕۆدا توانای کەمێ مانۆڕی سیاسی پێببەخشێ. لێرەوە پۆتین وەک هەر دیکتاتۆرێکی تر پێویستی بە شەرێکی دەرەکی بوو تا رەوایی بدات بە درێژەدان بە فەرمانرەوایەتییەکەی. لە 24ی شوباتی 2022دا روسیا پەلاماری ئۆکرانیای دا. سەرەتا پۆتین هێرشەکەی بە کردەیەکی کاتی و دیاریکراو ناوزەدکردو لەوباوەڕەدا بوو لەماوەیەکی کەمدا سوپای ئۆکرانیا خۆی بەدەستەوە ئەداو خۆپیشاندان و پشێوی سەرتاپای ئۆکرانیا دەگرێتەوە، حکومەتەکەی زیلینسکی دەروخێت و حکومەتێکی دڵخوازی خۆیان دێننە ئاراوە. بەڵام بە پێچەوانەوە روسیا پەلکێشی جەنگێک کرا کە ئەوسەری دیار نیە، لەم جەنگەدا ئیعتبار گەڕایەوە بۆ دەزگا جاسوسی و نهێنگرییەکانی رۆژئاواو ئەوروپا نوزەی دژ بە ئەمریکای تێدا نەماو پەیوەندی نێوخۆیی ئەوروپاش بەهێزتر بوەوە. جیهانێکی سێ جەمسەری جەنگی ئۆکرانیا، دیاردەیەکی نوێی پێ ئاشناکردین کە سەراپای مێژوو بۆ قۆناغێکی دیاریکراو داگیر ئەکات: ئەویش ئینتەرنێتە. هەر بۆخۆشی جەمسەرێکی گەورەو بەهێز دەبێت لەگەڵ دنیا دوو جەمسەرییەکەدا کە پێی ئاشناین. روسیا وەک هێزێکی باڵادەستی تەقلیدی، لە چەند کاتژمێرێکدا کۆی کۆمینیکەیشن و پەیوەندییەکانی ئۆکرانیای لەناوبرد. بەڵام هەموو چەند سەعاتێکیشی نەخایاند تا (ستار لینکێکی) بۆ کرایەوەو ئینتەرنێتەکەی کەوتەوە سەرپێ و ئێستا بە تەکنۆلۆژیایەکی بەرز، کۆی پەیوەندییە سەربازی و ئابوری و مەدەنییەکانی ئۆکرانیا پەیوەستن بە ئینتەرنێتەوەو چیتر باسێک لە (فاکس و تەلەفۆن و جیهازی راکال) لە کایەدا نیە. لەلایەکی ترەوە ئینتەرنێت: یارمەتیدەرێکی بەهێزی ئابوری ئۆکرانیا بوو بەشێوازێک کە کۆی بانکەکان و دارایی وڵاتەکە لەم رێگەیەوە لە گەڕدایەو دراوی دیجیتاڵی پانتاییەکی زۆری بۆ مامەڵە داراییەکانی ئۆکرانیا دەستەبەرکردوە. هەرچی گروپە هاککەرەکانە کە سەرەتا وادەبینرا روسیا باڵادەست بێت تێیدا، پێچەوانە بووەوەو بەتایبەت گروپی (ئەنۆنیمەس) تەنگیان بە روسیا هەڵچنیوەو هەر رۆژەو لە شارێک وەزارەتێک یان دایەرەی دابەشکردنی ئاو یان بانکێکیان زانکۆیەک کارەکانی رادەگیرێت. هەروەک چۆن ئێمە ئاشناین بە وشەی (ستیزن_ کە بەمانای هاوڵاتیی دێت)، لەئێستا بە دواوە لە بەردەم کۆمەڵگایەکی نوێداین کە (نێتزن _ واتە هاوڵاتی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان) دەناسرێت. ئەم کۆمەڵگایە بە هاوبەشە روسەکانیشەوە لەگەڵ سیاسەتەکانی بۆتیندا نین. بێگومان هێزی ئاگرینی روسیا بەهێزەو تا دەیان ساڵی تریش بە بەهێزی دەمێنێتەوە. تائێستا زیاتر لە 13 ملیۆن ئۆکرانی ئاوارە بوون. سەدان هەزار سەربازی روسی و ئۆکرانی کوژراون، سەرباری ئەوەی باس لە کوشتنی 15 هەزار سڤیل دەکرێت. روسیا دەتوانێت ئۆکرانیا لە بن بێنێت، بەڵام بە براوەیش هەر دۆڕاوە.


كاوە مەحمود هەشتی ئاداری هەموو ساڵێك كە ڕۆژی جیهانی ژنانەو، لەسەرجەم وڵاتاندا بە هەلێك دادەنرێت بۆ خستنەڕووی مەسەلەی مافی ژنان و، ئەو بابەتانەی كە بزاڤی فیمینستی بەهەند وەریدەگرێت و كار بۆ گۆڕانكاری دەكات. بەشی سەرەكی گوتاری یەكسانیخوازان بریتییە لە گرێدانی دوو بابەتی تەواوكەر بەیەكتر. یەكەمیان ڕەوشی ژنان لە سەر ئاستی نیشتمانی و لە چوارچێوەی یەك وڵاتدا كە لەژیر سایەی كارتێكردنی كەلتووری باوی ئەم وڵاتەدایە. دووەم ڕەوشی ژنان لە ژێر سایەی كەلتوورێكی نەریتی كە نەك تەنیا یەك وڵات دەگرێتەوە، بەڵكوو بەشێك لە وڵاتان و كۆمەڵگاكان دەگرێتەوە كە یەك كەلتوور و یەك نەریتی ئاینی هەژموونی تەواوی بەسەردا هەیە. لە هەشتی ئاداری ئەمساڵدا نامەوێ ئاماژە بەو بابەتانە بكەم كە گومانم لە گرنگی بوونیان نییە و مایەی هەڵاواردن و چەوساندنەوە و جیاكاری و پەراوێزخستنی ژنانی كوردستانە و بواری زیادبوونەوەی توندوتیژی و پێشێلكاری مافی ژنان لە بواری باری كەسێتی و شاڵاوی ناوزڕاندنی چالاكانی فیمینستی و شێواندنی چەمكە مەعریفییەكانە كە تێكڕای ئەم بابەتانە لەلایەن ئسوڵیەتی ئاینی و ناوەندی پارێزگارخواز داكۆكی لێدەكرێت و بیانوو بۆ پێشێلكارەكان دەهێنرێتەوە. بەڵكوو دەمەوێ ئاماژە بۆ هەندی بابەتی هزری بكەم كە ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە بنەماكانی مەسەلەی ژنان و پێداویستییەكانی تێكۆشانەوە هەیە: یەكەم ــ پەیوەندی ڕۆشنفیكری و عەقڵانییەت بە مەسەلەی مافەكانی ژنانەوە بە شێوەیەكی مێژووی چەمكی ڕۆشنفیكری لە كۆمەڵگادا بێ بوونی عەقڵانیەت بنیات نەنراوە. ڕۆشنفیكری بریتییە لە بوێری و لێهاتوویی لە بەكارهێنانی عەقڵدا بە جۆرێك جگە لە دەسەڵاتی عەقڵ، هیچ دەسەڵاتێك توانای خۆسەپاندنی بەسەر عەقڵدا نەبێت. فەیلەسوفی ئەڵمانی (كانت) لە وتارێكدا بە ناونیشانی (ڕۆشنفیكری چییە؟)، ئاماژە بۆ گرنگی جورئەتی مرۆڤ لە بەكارهێنانی عەقڵ دەكات. بە شێوەیەكی كردەیی بەكارهێنانی عەقڵ لە بازنەی ڕێكخستنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان مانای ڕاگرتنی ئەو دەسەڵاتەیە كە عەقیدەی ئاینی بە شێوەیەكی ڕەها بە پشتبەستن بە هێزی دەقی ئاینی بەسەر تاكدا هێزی ئسوڵی ئاینی كار بۆ سەپاندنی دەكات و بۆ زەوتكردنی مافەكانی ژنان و بەردەوامبوونی نایەكسانی بەكاری دەهێنێت. دووەم ــ ڕاستی ڕەها مامەڵەكردن لەگەڵ دەقی ئاینی وەك ڕاستییەكی ڕەها دەرگا لەبەردەم تێڕوانین بۆ كۆمەڵگا و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە مافەكانی مرۆڤ بە گشتی و بەتایبەتی مافی ژنانەوە هەیە، بەشێوەیكی كراوە ناهێڵێتەوە. پەنابردنە بەر دەسەڵاتی دەق و تێڕوانینی دۆگماتیزمانە بۆ دەق لە چوارچێوەی ڕەهابوونیدا، فەرامۆشكردنی چەمكی بەمێژووبوونی دەقە. بەمێژووبوونی دەق مانای وایە دەق لە كاتێكی دیاریكراودا و لە ئاكامی ڕووداودا درووست بووە. بەم جۆرە دەق بەرهەمێكی زمانەوانەیە و ڕەنگدانەوەی گوتە و ماناكەیەتی، كە لە نێو مێژوودا نەك لە دەرەوەی مێژوو و لە حاڵەتێكی گریمانەییدا درووست بووبێت. بەم جۆرە دەق بەرهەمێكی زمانەوانی كەلتوورێكی باوە لە قۆناغێكی مێژووییدا و پەیوەندی بەو كەلتوورەوە هەیە و دەقی ئاینیش لە دەرەوەی ئەم یاسایەدا نییە و پەیوەندیی كۆمەڵایەتی سەردەم و كەلتووری داسەپاو تیایدا پیرۆزی بە دەقی ئاینی دەبەخشێت و لە ئاكامی شیكردنەوە و لێكدانەوەی دەقی پیرۆز دەقی پیرۆزی دیكە بەرهەم دێت. مەترسی فەرامۆشكردنی مێژوویەتی دەق كۆمەڵگای داخراو لەسەر بنەمای دەقی ڕەها درووست دەكات و ئەمەش دەبێتە هۆی نەبوونی وەڵامی نوێ بۆ كێشە نوێیەكان. لە كاتێكدا كێشەی ئەمڕۆ كێشەی ڕابردوو نییە و ئەو پێوەرانەی بۆ چارەسەركردنی كێشەی ڕابردوو بەكاردەهێنران لە ڕۆژگاری ئەمرۆدا بەكارنایەن و بەم جۆرە كۆمەڵگای مرۆڤایەتی دووچاری كێشەی نوێ و پێوەری نوێ دەبێتەوە كە لە سنووری چارەسەركردنی ئەو دەقانە نییە كە ئسوڵیەتی سەرجەم ئایینەكان لە چوارچێوەی نەگۆڕدا مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. مامەڵەكردن لەگەڵ دەق لە دەرەوەی ڕێڕەوی مێژوویی درووستبوونی، مانای فەرامۆشكردنی هۆشەمەندی و شێوازێكە لە گۆشەگیری و مانەوە لە شوراكانی مێژوویەك كە هەرچەندە لە ڕابردوودا شكۆمەند بوو بیت، بەڵام هەر بەشێكە لە ڕابردوویەكی بەسەرچووە و چارەسەری بابەتە نوێیەكان ناكات. جگە لەوەی كە هەر لە سەرەتاوە لێكدانەوەی جیاواز سەبارەت بە دەقی ئاینی هەبووە. سێیەم: لە نێوان دەوڵەتی ئاینی و دەوڵەتی سكولار دەوڵەتی ئاینی بەرهەمی ئسوڵیەتی ئاینییە و بریتییە لە بیركردنەوەیەك بە جۆرێكی ڕەها سەبارەت بە بابەتە ڕێژەییەكان كە سەرجەم پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بە پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو دەگرێتەوە. لە كاتێكدا سكولاربوون بریتییە لە بیركردنەوەیەكی ڕێژەیی سەبارەت بە تێكڕای بابەتەكان كە ڕێژەیین دوور لە میتۆدی ڕەهابوون. پەیڕەوكردنی میتۆدی ڕەهابوون مانای قایلنەبوونە بە بەرانبەر و بە شێوەیەكی كردەیی زەمینەیە بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە بەرانبەر و هەڵگری ئەم پەیامە خۆی بە نوێنەری خودا دادەنێت. لە سایەی ئەم هاوكێشەیەدا كرۆك و بنەمای شاڵاوەكانی چەند مانگی ڕابردوو دژ بە چالاكانی فیمینست و كاری شێواندنی چەمكی یەكسانی جێندەری و ناوزڕاندنی داكۆكیكەرانی مافی ژنان ڕوون دەبێتەوە. كاتێك سكولاربوون بە شێوەیەكی ڕێژەیی تەماشای تێكڕای بۆچوونەكان دەكات هەلی گونجاو بۆ باوەڕبوون بە ئاینی جیاواز دەڕەخسێت، بەڵام كاتێك كەسێكی ئسوڵی ئاینی تەنیا ئاینی خۆی بە ڕاستی ڕەها دادەنێت نەك تەنیا بوار بە بێباوڕەكان نادات، بەڵكوو بوار بە باوەڕدار بە ئاینی بەرانبەریش نادات. چوارەم: لە نێوان جوڵە و ڕاوەستاندا لە مێژوودا هەڵگرانی هزری ڕەها دژ بە ئاراستەی جۆڵە بوونە چونكە جوڵە مانای گۆڕانكارییە. فیساگورس (570 ـ 495) پ ز، بە نهێنی و لەگەڵ قوتابییەكانی بەپێی ماتماتیك ئاماژەی بە خڕی و سووڕانەوەی زەوی كرد. لە ئاكامدا كوژرا. كۆپەرنیكۆس لە سەدەی شانزەهەمدا لە نووسینەكانیدا باسی لە جوڵەی زەوی لە دەوری خۆر كرد، بەڵام بە هۆی ڕەهاببونی كەنیسەوە و لە ترسی كوشتن نەیوێرا بڵاوی بڵاوی بكاتەوە. لە سەدەی چوارەمی زایینیدا لە كتێبخانەی ئەسكەندریە هیباتیا كە فەیلەسوف و زانایەكی ماتماتیكی ئافرەت بوو كاتێك ویستی گرێدان و تێكەڵاوییەك نێوان ئاینی كرستیان و فەلسەفەی ئەفلاتون و سوكرات و ئەرستۆ بكات، بە فرمانی باتریكی كریستیان بە شێوەیەكی دڕندانە كوژرا. نوسەری میسری یوسف زیدان لە ڕۆمانی (عزازیل) بە پشتبەستن بە سەرچاوەی مێژوو باس لە كوشتنی دەكات. لە كتیبی (تهافت الفلاسفە) ئیمامی غەزالی سەرجەم فەیلەسوفە موسوڵمانەكانی بە كافر دانا و كە پرسیاریان لەم بوارە لێكرد وتی: گومان نییە كافرن، بەڵام وەڵامی ئەوەی نەدایەوە كە بیانكوژن یان نا. بەڵام كتێبەكانی ئیبن ڕوشد كە وەڵامی غەزالی دەداتەوە سوتێنران. پێنجەم: دەرئەنجام مەبەست لە خستنەڕووی ئەم خاڵانە ئەوەیە، ئاماژە بەوە بكەم كە هەڵگری بیری ڕاستی ڕەها دژ بە جوڵەیە، چونكە جوڵە پاڵنەر و بنەمای گۆڕانكارییە و گۆڕانكاری مانای باوەڕبوونە بە ڕێژەیی. لە چوارچێوەی ئەم هاوكێشە و خاڵانەی باس لە دابینكردنی مافی ژنان و یەكسانی جێندەری پێویستی بە باوەڕبوون بە ڕێژەیی ڕاستییەكان هەیە نەك ڕەهابوونی و ئەمەش لە سایەی دەوڵەتی ئسوڵی ئایینی نایەتە دی و بوونی دەوڵەتی عەلمانی زامنی پاراستنی مافی ژنانە و بەم جۆرە دەسەڵاتی عەقڵ حوكم دەكات نەك دەسەڵاتی دەق.


كەمال چۆمانی فەیلەسوفی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشی لە نامیلکەکانی زینداندا لە ١٩٣٠، لە هەڵسەنگاندنی رۆژانی سەرهەڵدانی فاشیزم و شکستی وەڵامدانەوەی هێزە دیموکراتخوازە چەپەکان بۆ قەیرانەکانی کاپیتالیزم، ئەو گوتی: <<قەیران رێک لەو راستییە دایە کە کۆن دەمرێ و نوێش ناتوانێت لەدایکببێت؛ لەو دۆخە ناحکومڕانییەدا -interregnum- نیشانەی گەورەی جۆراوجۆری دەردەکەون morbid symptoms.>> کە نوێ نەیتوانی لەدایکببێت و وەڵامدەرەوەی قۆناغی شکست و ناحکومڕانی و دۆخی خراپی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ، کە کۆنیش بمرێ، دەرفەت بۆ هێز و کەسی فاشیست و نادیموکرات دروستدەبێت. ئەندریا مولهیلباخ لە ٢٠١٦ لە وتارێکدا لە زنجیرە وتاری `قەیرانەکانی لیبرالیزم` ناوی لەو دۆخە نا <<ساتی دڕندەکان.>> ئێستا هەرێمی کوردستانی عێراق بەو دۆخەدا رەتدەبێ. کۆن یا مردوە یان وا دەمرێ، نوێش ناتوانێت لەدایکببێت. ئەو قۆناغەی هەرێمی کوردستانی عێراق، ساتی جێگرتنی دڕندەکانە. ساتی کوشتنی هیواکانی خەڵکە بە دیموکراسی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری، و خۆشگوزەرانی.  لە دیداری هەولێری رووداوی نێچیرڤان بارزانی، کە تێیدا گروپێک خەڵکی ناکورد هاتبون بە عەقڵییەتە ئۆریێنتالیستەکەیانەوە نەسیحەتی کوردیان دەکرد، دانی بەوە دانا ئەوەی خۆی لە ٢٠ ساڵی رابردودا دروستیکردوە، شکستە، نە ئابورییەو نە سیاسەت. هەر سیاسەتکارێک و بەرپرسێکی حکومەت دەمدەکاتەوە، باسی شکست و تاڵانی دەکات و دان بەوەدا دەنێ دوای راپەڕین چەندە سەرکەوتنە دو ئەوەندە شکست و گەندەڵی و تاڵانی و چەتەگەرایی ئابوری. قانونەکان بنپێدەخرێن و هیچ دەرفەتێک نییە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری.  لە هەموی مەترسیدارتر، لەدایکنەبونی نوێیە. نوێ بەو مانایەی کە خاوەنی پرۆژەیەکی سیاسیی، ئابوریی، و کۆمەڵایەتی بێ کە وەڵامدەرەوەی ئەو قەیرانە سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، عەسکەری، و حوکمڕانییانەی هەرێمی کوردستانی عێراق بێ. ئەوەی ئیدیعای نوێ دەکا، لەگەڵ خودی سیستەمدا، یا رونتر لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا تەنها لە بانگەشەکانیان جیاوازن. نوێ لەدایکنابێ کە ئەگەر کاری دەستەجەمعیی گەورە نەکرێ. من شتێکی ئەوتۆ ئاشکرا ناکەم کە باس لە گەندەڵی و چەتەگەرایی بکەم، ئەوە بانگەشەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتیشن.  گەورەترین پرسیارێک کە کەسمان وەڵاممان بۆی نییە ئەوەیە؛ چی بکەین؟ چی بکەین تا نوێ لەدایکبێ و دڕندەکان نەتوانن زیاتر ئێستامان وێران بکەن و داهاتوشمان بسوتێنن؟ چی بکەین تا نوێیەک لەدایکببێ و رێ لەوە بگرێ کە فاشیزم باڵی بەسەر ئیتاڵیا و ئەڵمانیادا کێشا و دوای شکستی بەهاری عەرەبی عەبدولفەتاح سیسی جارێکی تر میسری وێران کردەوە. چی بکەین تا ئەوەی سبەینێ دێ لە ئەمڕۆ و دوێنێ خراپتر نابێ؟ قسەیەکی والتەر بنیامین زۆر دوبارە دەکرێتەوە کە دەڵێ <<لەپشتی هەمو فاشیزمێکەوە شکستی شۆڕشێک هەیە.>> ئەو فاشیزمەی لە ئێران هەیە، شکستی شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩یە. ئەو گەندەڵی و نادیموکراسی و چەتەگەرایییەی لە هەرێمی کوردستانی عێراقێ هەیە، شکستی راپەڕین و بزوتنەوەی رزگاریخوازیی کوردییە کە پڕۆژەیەک بو لە باشترین دۆخیدا بۆ رزگاری کوردستان بو نەک پارادایمێکی نوێی ژیانکردن و سیاسەت و حوکمڕانیی پێ بێ. پرسیاری چی بکەین، وڵامەکەی قوڕسە، بەڵام مەحاڵ نییە. پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی نوێیە بۆ تێگەییشتن لە کۆمەڵگای خۆمان و حکومڕانیی و سیاسەتی هەرێمی کوردستان. پێویستە لەبری ئەوەی هەرکەسە و لە شوێنێکی کوردستانەوە، بە جیا و بە دیدێکی تەسکەوە، بە دیدێکی پاوانخوازانەوە، بە تێڕوانینێکی جیاکارانەوە، بە عەقڵییەتێکی پیاوسالارانە و ئیگۆیەکی پیاوانەوە، بە خۆجیاکردنەوە و دژ بە ئیشی دەستەجەمعی، ئیشی دەستەجەمعی دەستپێبکرێ و دیبێیت نەبێ بۆ ئەوەی کێ شوێنی کێ دەگرێتەوە، بەڵکو پارادایمێکی نوێ پێشبخرێ و گفتوگۆی لەسەر بکرێ بۆ ئەوەی کوردستانمان زیاتر نەکەوێتە بن دەستی دڕندەکان و نوێیەک لەدایکببێت کە رێبگرێ لەوەی کوردستان هێندەی دی بکەوێتە ژێردەستی هێز و کەسی تاریکپەرست و کۆنەپارێز و نادیموکراتیک.  ئەمڕۆ زۆرن ئەو هێز و کەسانەی پێیانوایە نوێن و لەداییکدەبن، بەڵام لە راستیدا بەو عەقڵییەت و جۆری کارکردنەیان، بەو کۆنەپارێزی و تێنەگەییشتن لە دۆخەکە و هەڵپەی دەستەڵات، نەک ناتوانن لەدایکبن، بەڵکو یارمەتیدەرێکی باشی دڕندەکانیش دەبن بۆ زیاتر خۆسەپاندن و بێهیواکردنی کۆمەڵگا.


سالاری بازیان  ڕاپەڕين دواى ٣٢ ساڵ به كورتى و پوختى ،، سی ودووساڵ پێش ئێستا، (باوه رمان بو ئه گه ر دژى زولم به يه كه وه نه بين ئه وا له زينداندا يه كترى ده بينين )ڕاديۆيەك هەموومانی كۆكردبۆوه پەيامێك هەموو بۆی دەژييان بۆ بەڵێیەكتان ميلەت  سەرودەستى بەرز دەكردوه؟ بۆ نەخێرتان گەل خۆى به كوشت دەدا، هەموومان ئێوەمان  خۆشدەويست و ئێوەش له لوتكەى شەهامەتا دەبينران  ناوماڵی كورد رێكتر، بەهێزتر بوو پرۆژەى  گەورەمان دەبيست و چاوەڕێ بووين  به هيواوه دەژياين بێ پرته و بۆڵەوە شاخێك له وره، جەنگەڵێ له ئازايەتى فیكرو سياسەت  تەماشا دەكران گيرفانى گەل خاڵى هى ئێوه خاڵى تره  زۆر شتى تر... ڕەشبين نيیم بەڵام دواى ٣٢ساڵ خەرمانی ڕەنجى چەند ساڵه  بێ بەرەكەت دەرچوون، پڕه له بژارو نائومێدیی، دەسكەوتەكانى خۆتان دەڵێن له غەرغەرە نزيك بۆتەوه ڕاپرسيەكان پێماندەڵێن  نيوەى كورد پەشيمانه دەيەوێت بچێتەوه ژێر ئاڵایى بەغداد ئێمەش ئەبينين كە سحرى زۆر بەتاڵ كراوەتەوه ئەم سى ودوو ساڵه ئاشەكەى زۆر ميرپياوی جوامێر قژى زۆرى له تەوارەكانى دروێنه كرد... زۆرى له هيچەوه كرد به شت زۆر شینيشى كرد به هيچ  هەزاران گەنج ئاواره كرد و ئاو بردنی... سەركۆزەرەى ئەم باراشه(زەواو زادیی)باشى لێ پەيدا نەبوو؟ هەستى نەتەوەیى و وەتەن پەرستى لەڕولاواز بووە دواى سی ودووساڵ ڕاپەڕين نه گوند له گوند ئەچێ و نه شار له شار... شارەكان بوونه توولەڕێ و توولەڕێ كوێربوونەتەوه...كارەبا هەر چاوشاركێ ئەكاو  ئاو له تەنكيا پاشكەوت دەكەين و بانكەكان هەر كيسەى بەرباخەڵن  زۆنگى سەوزە و زەرد تۆختربۆتەوە، سنوورى كوردستان/ كەركووك  له ئايندەی بێ ئايندەيماندا ئەخولێتەوه...  لە بەڵێندا دەوڵەمەندو له جێ بەجێكردندا كيسەڵ ئاسا  زۆر بڵێ و قيڕەقيڕ و موزايدەى ژێر بۆش  دوایی به پۆستی زل و پارە وپوول دەكرێت دەمى كڵۆم دەدرێت... هەربۆيه سياسيیه پوولدارەكانمان به ديار كوردستانێكى هەژارو ڕەش و ڕووتى بێ دەسكەوتى ستراتيژى  له لێوارى گلۆربوونەوه نزيك له خەرەندێكى هەزار به هەزاره  له نێوان بێهيواو پەشيمانبوونەوەی ئێستادا گوێنەدان له ڕاديۆكان و سەیر نەكردنی تیڤیەكانە ئێستا به بەڵێتان دەڵێن نەخێر به نەخێرتان دەڵێن بەڵێ! گيرفانى گەل لەبەردەم هات و نەهاتى موچەدا  هێزو باوەڕى لێ بڕاوه، نەوت و جەوت ئەفرۆشين و بەڵام  سەوزه و ميوەمان له مەرزەكانی وڵاتانی هاوسێوە بۆ دێت... ژێرخانى ئابوورى پايەكانى خۆبەڕێوەبەرى دواى ٣٢ساڵ كامانەن؟ پێمانبێژن با كەمێ دڵخوش بین، بەرزو پيرۆز بێت يادى ڕاپەڕین و شەهيدانى ڕێی ئازادیی..


د. كامەران مەنتك   یەكێك لە ئامانجەكانی راپەڕین، دەركردنی بەعس ورژێمی بەعس بوو لە هەرێمی كوردستان، كە هیچ تاوانێك نەمابوو دەرهەق بە خەڵكی كوردستان نەكەن، تاوانگەلێك، كە ئەو كەسانەی لەو قۆناغەدا نەژیابن، ئاستەنگە لەقووڵی وگەورەیی ئەو تاوانانە تیبگەن، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا، چەند خاڵێكی تری گرنگ هەیە، نابێت فەرامۆش بكرێت، ئەویش ئەوەیە، كە تەنیا خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان بوو بەرامبەر بەعس بەو شێوەیە داخ لەدڵ بوو، چونكە هەر ئەوان بوون پشكی شێریان لە زوڵم وزۆرەكانی بەعس بەركەوتبوو، ئەگینا ئەوانەی تر، كە خۆیان وەك حیزب وهێزی شۆڕشگێڕ دەناساند وبەروكەش دژی بەعس وەستابوونەوە، بەشێوەیەك لەشێوەكان لینكێكیان لەگەڵ بەعس دا هەبوو، تەنانەت بەشێك لەسەركردەكانیشیان زۆر بەكەسایەتی (سەدام حوسێن)، ئەو دیكتاتۆرەی پلانی لەناوبردنی هەموو كوردی داڕشتبوو سەرسام بوون، هیوایان دەخواست رۆژێك لە رۆژان بەدیداری جەنابیان شاد ببن، بەشێك لەو بەڵگەنامانەی دوای رژێمی بەعس كەوتە دەست خەڵكی كوردستان، دەڵێم بەشێك، چونكە زۆرینەی بەڵگەنامەكان یا لەلایەن ئەو شۆڕشگێرە نهێنیانەوە لە رۆژی راپەڕیندا سووتێنران، یاخود لەلایەن دەزگاكانی بەعسەوە وەك ئەمانەت لایان هەڵگیرا، یاخود دوای پاككردنەوەیان و دەرهێنانی ناوی خۆیان فرۆشتیانە ئەمریكییەكان، ئەو كەمە بەڵگەنامەیەی مایەوەو كەوتە دەست خەڵكی كوردستان، ئەوەی روونكردەوە، كە ژمارەیكی زۆر لە فەرماندە شۆڕشگێڕەكانی شاخ، لە ژێرەوە قارەمانی ئازاو چاو نەترسی بەعس بوون، لەیەكەم رۆژی راپەڕین لە رانییە، وەك هەندێك سەرچاوە، كە لەناو رووداوەكاندا بوون بۆیان باسم كردم، خێرا ئەو تاوانبارانەی بەعسیان لەناوبرد، كە زانیاریان دەربارەی ئەو خەباتگێرە نهینیانەی بەعس لابوو و وەك شۆڕشگێڕو وڵاتپارێز لەناو ئاپۆڕەی خەڵك وەستابوون،  بۆئەوەی نهینییەكان ئاشكرا نەكات، تەنانەت هەندێك لەوانە دەیانویست راستییەكان بۆ خەڵكیش روونبكەنەوە، بەڵام خێرا خرانە بەر سەرەنیزەی خەڵكە سادە تووڕەكەو لەناو بران!!!. بەم چەشنە راپەڕین، بەرووكەش بۆ دەركردنی بەعس بوو، خەڵكیش لە دەركردنی بەعس قازانجی دەكرد، بەڵام بەڵام بەشێكی زۆر لەبەناو سەركردەو هێزەكانی شاخ لەمەدا زەرەمەند دەبوون، لەبەرئەوەی كاسبیەكەیان لەگەڵ بەعسدا بوو، هەر دوای كشانەوەی بەعسیش لە كوردستان، خێرا پەیوەندیان لەگەڵ بەستایەوەو لەنێوان منالەكانی بەرپرس وبنەماڵە سیاسییەكانی كوردستان، پەیوەندییە برایەتیەكانیان لەگەڵ لەگەڵ بەرپرسان و تەنانەت لەگەڵ مناڵە دڕندەكانی دیكتاتۆری ئێراق برەوی زیاتر پێدراو بوون بە هاوڕێی گیانی بەگیانی! دوای رووخانی رژێمی بەعسیش، دەروازەی كوردستان بۆ بەرپرسە تاوانبارەكانی بەعس كرایەوە وبە پارەی دزراوی خەڵكی ئێراق بوونە سەرمایەدارو بزنسمانی گەورە لە هەرێم وبەشیكیشیان خانوو وشوێنی حەوانەوەیان بۆ دابین كراو مووچەیان بۆ بڕایەوە، واتە بەعسیە كوردەكانی شاخ بە هانای برا بەعسییە عەرەبەكانیاوە چوون و لە رۆژی تەنگانەدا بەكەڵكیان هاتن، ئەمە ئەو لاپەڕە رەشەیە، كە لەیادی راپەڕیندا پێویستە خەڵكی كوردستان یادی بكاتەوە، كەچی جێگەی سەرسامییە، دوای زیاتر لە سی ودوو ساڵ لە راپەرێن، هێشتا ئەوانەن، كە راپەڕینیان فرۆشتن وكوردستانیان تەعریب كرد، وتاری ئاگرین دەدەن وداوای پاراستن ورێزگرتن لەدەستكەوتەكانی راپەڕین، دەكەن، لەكاتێكدا خۆیان دەستكەوتەكانی راپەڕینیان چرووك وهەرزان فرۆش كرد و تا ئێستاش وەك داگیركارێكی دڵڕەق مامەڵە لەگەڵ كوردو خاكی كوردستان دەكەن!!!


   هیوا سەید سەلیم  وەك دەزانرێت هۆكاری بابەتی لەسەر ئاستی ناوچەكە فاكتەری سەرەكی بوو بۆ زەمینەسازی ئەنجامدان و سەركەوتنی راپەرینی ئاداری ١٩٩١، بەڵام لە پاڵ ئەو فاكتەرە لە ئاستی ناخۆشدا زەمینەی ئەو راپەڕینە هەبوو كە پێی دەوترێت فاكتەرە ناوخۆییەكان. داگیركردنی وڵاتی كوێت لە لایەن سەدام حوسێن، دواتر بە هەند هەرنەگرتنی هەڕەشەی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی بۆ كشانەوەی بێ مەرجی سوپای عێراق لە نێوخاكی ئەو وڵاتەی، وایكرد سەدام حوسێن وڵاتەكەی رووبەڕووی جەنگێكی دیكە بكاتەوە، كە هەمووی دوو ساڵ دەبوو لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران رزگاری بووبوو. گەلەكۆمەكی سوپای هاوپەیمانان دژ بە رژێمی سەدام بووە هۆی ئەوەی نەك هەر سوپاكەی لە كوێت وەدەربنرێت، بەڵكوو لە ناوخۆی وڵاتیش دەسەڵاتی سوپاكەی لاواز و بێ هەژموون بێ. بۆیە لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشی زەمینی هاوپەیمانان لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ١٩٩١لە یەكەم هەڵگەڕانەوەی سوپای عێراق لە شاری بەسڕا تانكێكی سووپا لوولەی تانكەكەی لە پەیكەری سەدام حوسێن دەكات، ئەمەیان دەبێتە دەستپێكی گەورەترین راپەڕین لەسەر ئاستی شارەكانی خوارووی عێراقدا. بۆیە زۆری دەبرد راپەڕین لە ماوەیەكی زەمەنی زۆر كورتدا سەرجەم شارەكانی باشووری كوردستانی گرتەوە بە شاری كەركووك و خانەقین و شەنگال و تەواوی جوگرافیای باشووری كوردستان. راپەڕینی ئاداری ١٩٩١لە باشووری كوردستان وێڕای راماڵینی دەسەڵاتی داگیركارانەی رژێمی بەعس،چەندین لە دەستكەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی لێكەوتەوە، گرنگترینیان هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان. لێرەدا پێویستە بگووترێت ئەوەی زامنی سەركەوتنی راپەڕینی ١٩٩١خەڵكی كوردستانی كرد، دوو پڕەنسیپی زۆر گرنگ بوو كە یەكەمیان لەسە ئاستی حزبەكان لە ئاوارەیی كاری بۆكرابوو كە ئەویش یەكڕیزی نێوان هێز و لایەینە سیاسیەكانی كوردستان بوو كە خۆی دەبینیەوە لە دامەزراندنی بەرەی كوردستانی. پڕەنسیپی دووەم خۆڕسكانە درووستبوو، كە بریتی بوو لە پشتیوانی خەڵك بۆ هیزی پێشمەرگەی كوردستان و بەشداری بەرفراوانیان لە راپەڕین و سەرخستنی پرۆسەی راپەڕین تەنیا لە بیست رۆژدا. جێگای ئاماژەیە، ئەگەر یەكڕیزی لایەنە سیاسیەكان و پشتیوانی جەماوەری خەڵكی كوردستان لە كاتی خۆیدا بووبێتە هەوێنی سەركەوتنی راپەڕینی ١٩٩١خەڵكی كوردستان، لە ئێستادا غیابی ئەو یەكڕیزیە وایكردنەوە هێزە سیاسیەكانی كوردستان متمانە و پشتیوانی جارانی خەڵك لەدەست بدەن. شایانی باسە، هەموو لایەك دەزانێت كە پێش راپەڕین خەڵكی كوردستان خەونیان بە ئازادییەوە دەبینی، بۆیە ئامادەبوون لە پێناوی ئازادی ژیانی كولەمەرگی هەڵبژێرن، تەنیا بۆ ئەوەی لەدەست رژێمێكی سەركووتكەری وەك بەعس رزگاریان بێت، بۆ ئەم مەبەست بوو خەڵك راپەڕی. بەڵام مخابن هەر زوو شەڕی پۆست و پارەی حزبەكان، هەروەها فەرهوود و تاڵانی ژیرخانی كوردستان لە ماوەی ٣٢ساڵی دوای راپەڕین، هۆكاربوون كە خەڵك پێیان وابێت پاشەكشە لە پڕەنسیپەكانی راپەڕین كراون. لە ئێستادا كە ٣٢ساڵ بەسەر ئەو وەرچەرخانە مێژووییەی باشووری كوردستان تێدەپەڕێت، خەڵكی كوردستان بە هۆكاری دزینی دەستكەوتەكانی خەڵك لە بەرژەوەندی دەستەبژێرێكی سیاسی، تەشەنەسەندنی گەندەڵی، نادادی، بەرتەسكردنەوەی ئەو ئازادیەیی كە خەڵك لە ئاداری ١٩٩١دەریایەك خوێنی بۆ رشت، گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی دڵی بەو رۆژە مێژوویە خۆش نەبێت. دوا جار دەڵێین ئەگەر خەڵكی كوردستان لە ساڵانی دەستپێكی راپەڕین چاوپۆشی لە نەوەی سەردەمی شاخی حزبەكان كردبێت تا چۆنی بیانەوێت دەستبگرن بەسەر پۆست و پارە، ئەوا لە ئێستادا قەبوولی دوو نەوەی دوای ئەوان ناكات. باشترین كاریش بۆ گەڕانەوە پڕنەسیپەكانی راپەڕین لە ئێستادا بریتیە لە چارەسەری كێشەكانی خەڵك، هەڵگردنی كۆتوبەدنی سەر ئازادییەكان، نەهێشتنی نادادی و بنبڕكردنی گەندەڵی، ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، بە بێ ئەنجامدانی ئەم هەنگاوانە پاشەكشێكان لە پڕەنسیپەكانی راپەڕین زیاتر دەبن.


هەندرێن شێخ راغب سێ رۆژی دیكە، یادی راپەڕینە، كە 5/3/1991 لە شاری رانیە، كورد دژی بەعس راپەڕی بۆ دروستكردنی كوردستانێكی ئازادو دیموكراس‌و دوور لە ستەم، كەچی دوای سی‌و دوو ساڵ رێك سێ رۆژ پێش ئەم یادە، لە پایتەختی كوردستان؟؟ باوكێك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاسایشی كوردی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە كوڕەكەیان بە شێوەی بەعسیانە ئەشكەنجە داوەو بوتڵیان پێ هەڵگرتووەو كارەبایان لێداوەو گونیان تەقاندووە. بەبۆچونی من ئەم رووداوە پێویستی بەوەیە بێ دەنگ نەڕوات، ئەگەر پەرلەمان ئیرادەیەكی ماوە؟ ئەوا پێویستە لەدانیشتنێكیدا قسە لەسەر ئەم كەیسە بكات، ئەنجومەنی ئاسایش و دەزگا ئەمنیەكان بانگهێشت بكات، سەرۆكایەتی هەرێم بەدواداچوونی هەبێت، لەوەش لە پێش تر ئەوەیە كە سەرۆكایەتی حكومەت قسەی خۆی هەبێت، وردەكاری ئەم روداوە بۆ رای گشتی بخاتە روو. چونكە گەنجی كورد بە دەستی دامەزراوەی كوردی بەمجۆرە ئەشكەنجە بدرێت، مانای وایە ئێمە هێشتا لە خاڵی سفر داین. دەمێكە بۆچونم وایە، راپەڕین تەواو نەبووە، راستە دامودەزگای بەعس نەما، بەڵام كولتورو عەقڵ و دنیابینی بەعس لە دەماری كورد زیندووەو رەفتاری پێ دەكات. راپەڕین قۆناغی دیكەی ماوە كە دەبێت تەواو بكرێن، ئەگەر پێشمان وابێت لەیادی راپەڕین دژ بە هەبوونی هەرێم بوەستینەوە، ئەوا گەیشتنە بە خاڵی كۆتایی هاتنی قەزیەی كوردو پرسیارێكی زۆر جددیشە كە بۆچی نەوەیەكی بێ ئینتما بەم جۆرە دروست بووە؟ ئەمە لەخۆوەنیەو هۆكاری زۆری هەیە، هەندێك جار شكستی ئۆپۆزسیۆن مەترسی دار ترە لە شكستی دەسەڵات، چونكە شكستی پڕۆژەی ئۆپۆزسیۆن یەكسانە بە دروست كردنی دنیایەكی نا ئومێدو بێ متمانەو بێ ئاسۆ. نەوەی ئێستا لە دەسەڵات تووڕەیەو لە ئۆپۆزسیۆن نائومێدە. نائومێدیش مەترسیدارترە لە توڕەبون. لە یادی راپەڕیندا، جێگای بێ هیوایی گەورەیە قسەمان لەسەر ئەوە بێت كە گەنجێك لە زیندانەكانی دەسەڵاتی كوردی ئەشكەنجەی دڕندانە درابێت، ئەگەر تەنانەت داعشیش بێت، مادام لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدایە پێویستە پارێزەری هەبێت و بە شێوەیەكی دادوەری و یاسایانە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، جیاوازی ئێمەو داعش ئەوەیە، داعش خەڵك سەردەبڕێت و دەیكوژێت و ئەشكەنجەی دەدات، بەڵام ئێمە خاوەن دامەزراوەو سەرۆكایەتیەكان و دەیان جۆر دەزگاین كە بانگەشەی سیستەمێكی دیموكراسی‌و نیشتمانی دەكەین. راپەڕین خەونی كوردە بۆ دروست كردنی كیانێكی ئازادو دیموكراس‌و پێشكەوتوو. بەم هەموو برینەوە لەناو جەستەی ئەم كیانە، لەبەردەم داهاتوویەكی باش دا نین، بۆیە راستكردنەوەی ئەم جۆرە رەفتارانە، دەمانخاتە سەر رێگایەكی دروست، ئەگەر وا نەكەین لەبەردەم برینی زیاتر وەستاوین‌و یادێكی نیشتمانی وەك راپەڕین دەبێتە بۆنەیەك بۆ ئازاردانی خۆمان و توڕەیی زیاتر لای نەوەكانی ئێستا‌و سبەینێ.


رێبین هەردی کەس هیچی پێ سەیر نیە، کەس توشی شۆک نابێت. کە دەوترێت ٣٠٠ ملیار دزراوە، کەس بەلایەوە سەیر نیە، بگرە بڕوای وایە ژمارەکە لەوەش زیاترە و نەزانراوە. کەس بە هەواڵی کوشتن، فڕاندن، ئەتک کردن سەری ناسوڕمێت، چونکە بڕوایەکی تەواوی بەوە هەیە ئەمە دەرهەق بەو هێزانەی هەن زۆر سروشتیە و بگرە گەر بۆیان بکرێت لەشەڕ لەگەل خەڵکا چەکی کیمیایشیان هەبێت بەکاری دێنن.  گەر رۆژێکیش ئەو  چەکەیان هەبێت و بەکاریان هێنا، دیسان کەس شۆک نابێت و دەڵین چاوەڕەانکراەوە. کەنعان مەکیە لە کۆماری ترسا باسی ئەوەی کردبوو کەس لەعێراقدا بە درۆی سیاسیەکان شۆک نابێت، چونکە لەبنەڕەتەوە قەناعەتی وایە سیاسەت بریتیە لە درۆ و کەسی سیاسیش واتە درۆزن. لەبەرئەوە دەرکەوتنی درۆی سیاسی هیچ کەس شۆک ناکات.  شۆک کاردانەوەیەکی دەروونیە بەرامبەر شتێک کە هەرگیز چاوەڕێی ناکەیت ڕووبدات، بەلام گەر تۆ پێشوەخت و پێش ڕودانەکە، سەقفی چاوەڕوانی ڕوداوی خراپت بێ سنوور بێت، ئەوا هەرگیز توشی شۆک نابیت.  ئەو باوکەی باسی ئەشکەنجەی کوڕکەی دەکات و دڕندانەترین شێوازەکانی ئەشکەنجەی کوڕکەی باس دەکات، کەس توشی سەرسوڕمان ناکات، چونکە زۆر پێشوەخت لە خەیاڵی خۆیدا ئەوەی داناوە کە هەموو ئەم کارانە دەکەن. دەمێکە لە خەیاڵی هەریەکێکماندا ئەوە هەیە کە لە ژورە تاریکەکانی ئەشکەنجەدا چی ڕوودەدات، ئەگەرچی نە دیومانە و نە بە ئاشکرا باسکراوە.  هاوڕێیەکی ئیسلامیم جارێک بۆی باسکردم یەکێک لەو ئەشکەنجێ‌نەی بەرامبەر ئەو کەسانە کراوە کە بە تۆمەتی تیرۆر گیراون، لێدانی گونە بە چەکوش!!!!  ڕەنگە بەراستی ئەمە ڕووی نەدابێت. بەس لە خەیاڵی ئێمەدا ڕویداوە و ڕوو دەدات. لەبەرئەوە گەر ڕۆژیک بە بەڵگەوە و فلیمەوە ئەو ئەشکەنجە دڕندانەیە بیبنین، هیچ لامان سەیر نابێت.  ڕۆژێک لای کاک نەشیروانی بەهەشتی بووم و بەرنامەیەکی تەلەفیزێۆن بوو قسەی لەگەل خەڵک دەکرد. یەکێکیان گوتی ئەمانە دزن. سەدان ملیار دۆلاریان دزیوە. کاک نەوشیروانی بەهەشتی رووی تێکردم و بە پێکەنینەوە گوتی ڕێبین ئەزانی خەڵکی ئێمە زۆر لە ماتماتیکا خراپە، نازانیت ملیار چەند زۆرە، و سەدان ملیاریش چ ژمارەیەکی زەبەلاحە. دوای هەر خۆی گوتی کێشە ئەوەیە خەڵکی ئێمە چاوەڕێی خراپترین شت دەکات و متمانەی بەهیچ نەماوە. لەبەر ئەوە هاواری و قسەکانی ئەو باوکە نە داواکاری گشتی نە دادگا نە بەرپرسیار و  نە هیچ ڕێکخراوێک و نە تەنانەت هاوڵاتیش شۆک ناکات. ئەمە ئەو ((شتە سروشتیەیە))کە هەموو چاوەڕێی دەکەین.  هانا ئارنێت لە پێشەکی مرۆڤەکانی سەردەمی تاریکیدا قسەیەکی برێخت دێنێتەوە کە زۆر بۆ ئەم دۆخەی ئێمە دەست دەدات ( کاتێک تەنیا نادادپەرەری هەیە و هیچ بێزاریەکیش نیە). کەس بەدەزگا و ڕێکخراو و مرۆڤەکانەوە هیچیان پێ سەیر و نامۆ نیە، و بگرە هێشتا ئەوەی ڕوودەدات و دەیبیستن، شتێکی بچوکە لەو خراپیەی هەموان چاوەڕێی دەکەن. لەدۆخێکی وادا ئەوەی وێران دەبێت و بووە هەر دەزگاکان نین، بەلکو هەموو ئەو مرۆڤانەن کە لەدەزگاکان و دەوروبەری دەزگاکاندا دەژین.


ئارام سەعید  پرسیاری جەوهەری سەبارەت بە دروستبونی گۆڕان!  ئەگەر لاپەرەکان هەڵبدەینەوە زۆر گوتاری نایاب و جوان دەبینین لەسەر ئەوەی گۆڕان بۆ دروست بوو،چۆن سەریهەڵدا؟ بەرنامەکانی و تێروانین و دونیابینی گۆڕان چی بوو، بۆخۆم لەنزیکەوە ئەو کەسانەم بینیوە کە قوربانیان داوەو خەونی گەورەیان هەبوە بە گۆڕینی دۆخی کوردستان و بونیادنانی حوکمڕانیەکی باش، رەنگە شاهیدی زۆر لەهەنگاوەکانی گۆڕان بوبێتم، بۆیە من نامەوێت بچمەوە سەر ئەو تێروانینانە و خوێندنەوەی پێشوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان. لەسیاسەتدا هەمیشە دەگوترێت کە ئەنجام گرنگە، واتە ئەوەی هێزێکی سیاسی پێی دەگات و ژمارەی ئەو کورسیانەی بەدەستی دەهێنێت دەتوانێت نزیکی بکاتەوە لەوەی کاریگەر بێت و گۆرانکاری دروست بکات... رەنگە ئەم شیکردنەوەیەی من هەندیک پێی نیگەران بن یان بەهەڵەی بزانن، بەڵام دەتوانن ئەوانیش پێچەوانەکەی بسەلمێنن.  سەرەتای گۆڕان بە سەرکردایەتی و دەستپێشخەری کاک نەوشیروان بوو،هەرگیز ناتوانین نکوڵی لە تواناکانی کاک نەوشیروان بکەین، کە تیروانینی ستراتیژی و قوڵیی هەبوو بۆ هەرێم و ئایندەی، کەسایەتیەکی گرنگی میژووی خەباتی سیاسی کوردایەتی بوو، نوسەرێکی بەتوانا بوو، سیاسیەکی راشکاو دڵسۆزبوو، هەندێک جار ئەو ئەودڵسۆزیەی بە وتەی توند دەردەبڕی و هەندیک وەک توڕە وەسفیان دەکرد بەڵام لە راستیدا تورەبونەکانی لە دڵسۆزیەوە بوو بۆ برواکانی خۆی.  راستە هەرگیز کاک نەوشیروان تەنیا نەبوو، هەمیشە کۆمەڵێک هاوڕی و کەسی نزیک لێوەی بەشداربون لەگەڵیی و قوربانی گەورەیان داوە، دواتر کە باڵی ریفۆرم بریاریان دا بێنە ناو گۆڕانەوە بوون بە بەشێکی چالاک لە بزوتنەوەکە و کاک نەوشیروان پێی دەگوتین پەلەمەکەن لە هاتنی ئەوان؟ ئەگەر بێنە ناو گۆڕانەوە هەر ئەبنەوە بە مەکتەبی سیاسی بەسەرگەنجەکانەوە!  بۆئەوەی بچمە ناو باسەکەوە گرنگە هەندێک لەسەر مێژووی پێشوی کاک نەوشیروان و مام جەلال بڵێم، لەسالانی شەستەکاندا کاتێک ئیبراهیم ئەحمەد و باڵی مەکتەبی سیاسی لە پارتی جیابونەوە هەرچەندە سەرکردەی دیاری ئەو جیابونەوەیە ئیبراهیم ئەحمەد بوو بەڵام ئەو باڵە بە جەلالیەت ناسرا بەهۆی کاریگەری و چالاکیی مام جەلالەوە، ئیتر لەوکاتەوە جەلالیەت بووە رێبازێک کەبەرامبەرپارتی وەستایەوە و بە ڕێبازی مەلایی ناو دەبرا. ئیتر سەرکردەکانی شۆڕش شانازیان بەمەلای و جەلالیەوە دەکرد.  کاک نەوشیروان لە گۆڕاندا هاوسەنگی نێوان هەردوو لایەنی کادرە کۆنەکانی یەکێتی و گەنجە تازەکانی راگرتبوو ستراتیژ و هەڵویستەکان زۆربەی لەلایەن خۆیەوە دادەرێژرا، هەرچەندە پرس و ڕای زۆر دەکرد بەڵام بڕیاڕی کۆتایی لای خۆی بوو. دەیویست زۆرترین کاریگەری دروست بکات و بزوتنەوەیەکی بەهێز پێک بهێنێت و لەم خەونەدا دەیان و سەدان سەرکردەو و سەدان هەزار هاوڵاتی ئومیدیان لەسەر هەڵچنی کە خەونەکانیان بێتە دی تەنانەت بەشێکی زۆریش لە سەرمایەدارەکان بروایان وابوو ئەو گۆرانکاریە دەکرێت و پشتیوانیان کرد.  بەدرێژایی ئەو ماوەیەی گۆڕان دروستبوو نە مام جەلال توانی یەکیتی بهێنیتەوە مەیدان وەک پێشوو نە کاک نەوشیروان توانی بزوتنەوەی گۆڕان بەبەهێزی بهێڵێتەوە، هەربۆیە هەردولا هاوپەیمانیەتیان لەگەل پارتی تاقیکردەوە دژی یەکتر بەڵام دەرئەنجام دەگەرانەوە لای یەکتر... کاک نەوشیروان بەلایەوە گرنگ بوو مام جەلال گوێی لێ بگرێت چونکە بەشی زۆری وازهێنانی کاک نەوشیروان لەیەکێتی ئەوەبوو ماوەیەکی زۆر بوو مام جەلال گوێی لە سەرنجەکانی نەدەگرت لەسەر یەکێتی و جەلالیەت، کاک نەوشیروان لەمام جەلال توڕەبوو، یاخی بوو بەلام هەرگیز ڕقی لێی نەبوە و زۆر جار لە قسەکانیدا ئەوە بەدی دەکرا.    لەجەوهەردا کاک نەوشیروان دەیویست مام جەلال توڕە بکات، دەیویست نیگەرانی بکات بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوەنەبوو لە ئێسقانی بدرێت، پێی وابوو مام جەلال لە مەبدەئی جەلالی دووردەکەوێتەوەو هەوڵی دەدا بەسەختی بەرگری لە جەلالیەت بکات. کاک نەوشیروان وابیری دەکردەوە کەیەکێتی نابێت نزیک بیتەوە لە بیرکردنەوەی پێشوی مام جەلال  کەئەویش مەلایی بوو، بەم پێەیەش دەتوانین بڵێین کاک نەوشیروان جەلالیتر بوو، دەیویست مام جەلال بگەڕێتەوە بۆ جەلالیەت و پێکەوە کاربکەن.   لە کۆتاییەکاندا بریاریان دا دابنیشن و قسەبکەن جاریکی تر پێکەوە کاربکەن کەئەویش بەر لە دواسەفەری مام جەلال بۆ بەغدا و نەخۆشکەوتنی یەکتریان بینی و بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کاک نەوشیروان باسی دەکرد لەسەر زۆر خاڵ رێکەوتبون چونکە مام جەلال جاریکی تر بێ ئومێد بوەوە لەپارتی و بریاری دا بەرەیەکی بەهێز لەبەرامبەر پارتیدا دروست بکات کە دەکرێت رێکەوتنی دەباشان سەرەتای ئەو هەنگاوە بووبێت....  کەسێتی هەردوو سەرکردە کاری کردبوە سەر هەیکەل وپێکهاتەی یەکێتی هەمیشە لەهەڵویستەکاندا و سیاسەت دارشتنیاندا دەستوپەنجەیان بەشیوەیەک دیاربوو ئەگەر یەکێکیان بریارێکی بدایە یان هەلوێستێکی بنواندایە  بێ ئەوی تر هەست دەکرا جۆرێک لە نوقسانی بەدی دەکریت دێمەوە سەر ئەوەی لەدوای وازهێنانی کاک نەوشیروان هەمیشە مام جەلال بۆشایی جێگای کاک نەوشیروانی پێوە دیاربوو، بەپێچەوانەشەوە کاک نەوشیروانیش هەمیشە مام جەلالێکی پێویست بوو....


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج  1 ئه‌كرێت یه‌ك ملیۆن ساڵی سیاسیه‌ك ، چه‌ند رۆژێك یان چه‌ند مانگێك یان ساڵێك یا دوو ساڵ بێت و هپچی تر ، كاتێك سیاسیه‌ك له‌ توڕه‌یدا ده‌ڵێت یه‌ك ملیۆن ساڵی تر ، ناكرێت میدیاو نه‌یارانی ئاشتی ئه‌و ملیۆن ساڵه‌ ساڵ به‌ ساڵ حساب بكه‌ن وسیاسیه‌كه‌ ناچاری ئه‌وه‌ بكه‌ن ، ساڵ به‌ ساڵ چاوه‌ڕێی تێپه‌ڕینی ساڵێكی تر بێت ، بافڵ و لاهور به‌ر له‌وه‌ی هاوسه‌رۆك بن ، ئامۆزان ، خه‌ڵكی یه‌ك شارن ، هاوزمانن، هاوحزبن، ره‌نگه‌ ده‌یان هاوی دیكه‌ش هه‌بێت كه‌ خۆیان ده‌یزانن، هه‌وڵدان بۆ تێكدانی زیاتری په‌یوه‌ندیه‌كه‌یان ، جا حزبی تر بیكات یان میدیا جۆرێكه‌ له‌ بێئاكاری سیاسی . هه‌ر بۆ بیرخستنه‌وه‌ حاجی قادری كۆی ده‌فه‌رموێ‌  له‌ به‌ر حیزه‌ بخۆیی و ناته‌بایی  له‌ ژێری حیزی حیزان بونه‌ دۆشه‌ك  2 من په‌یامه‌نوسراوه‌كه‌ی لاهوریش و قسه‌كانی بافڵیشم گوێ‌ لێبوو ، واز له‌ نیه‌ت و بانگه‌وازه‌ ئاشتیانه‌كه‌ی بافڵ بێنن ، بۆ پارتی و هه‌موو لایه‌نه‌كانی تر ، هه‌ڵبه‌ت ده‌رهه‌ق رۆژئاوای كوردستان و په‌كه‌كه‌ش قسه‌ی دڵسۆزانه‌ی كرد ، گه‌لۆ له‌ هه‌ر كوێ‌ زیاتر ناو ماڵی یه‌كێتی ، نێوانی لاهورو بافڵ ،سلێمانی پێویستیان به‌ ئاشتیه‌ ،ئێ‌ ده‌كرێ‌ ئه‌و ئاشتیه‌ش بكرێت ، بۆ ئاشتی له‌ گه‌ڵ هه‌موو نه‌یارێك ئاسان بێت و له‌گه‌ڵ ده‌ستێكی دیكه‌ی خۆت قورس ، جا خۆ شۆڤاران لێگه‌ڕابان گۆڕان و یه‌كێتیش ده‌بوونه‌وه‌ یه‌ك . 3 پشتبه‌ستنی لاهور به‌ بڕیاری دادگاكه‌ی هه‌ولێر هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی پێشتری ئه‌و سفر ده‌كاته‌وه‌ له‌ سه‌ر ده‌ستوه‌ردانی سیاسی له‌ دادگا ، له‌ دۆسیه‌ی زیندانیانی بادینان و دۆسیه‌كانی تردا كه‌ پێشتر ئه‌و قسه‌ی له‌ سه‌ر كردوون ،ئه‌مه‌ش كێماسیه‌كی گه‌وره‌یه‌ ، چیرۆكی به‌ردانی ئه‌وانه‌ی له‌ غالب محه‌مه‌دیان داو ناردنه‌وه‌یان بۆ كۆشكی بلورین ، له‌ سه‌ر ده‌ستی قوباد تاڵه‌بانی ، ئه‌وه‌ش كێماسیه‌كی هه‌ره‌ مه‌زنه‌ و تۆ كه‌ ئه‌وه‌ بكه‌یت ده‌بێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌بی بێنه‌ سه‌ر خۆتیش ، له‌ هه‌مان ئه‌و رۆژه‌ی بافڵ له‌ هه‌ولێر قسان ده‌كات ، بابایه‌كی به‌دبه‌ختی كورد ، كه‌ مناڵه‌كه‌ی بتڵی تێبڕاوه‌ ، له‌ پێناو جه‌رگه‌كه‌یدا به‌ قوڕگی پڕ گریانه‌وه‌ ، هاشا له‌ دینه‌كه‌شی ده‌كات ، كه‌چی كه‌س له‌و باره‌یه‌وه‌ هیچ ناڵێت .بتڵ تێبڕین كوشتنی میله‌تێكه‌ به‌ گشتی ، ئێستا ده‌بوو سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت بكه‌رانی ئه‌و كاره‌یان سه‌ر تاشیباو له‌ ناو شار گڕیاندابا ، هه‌ر له‌ به‌ر ناوهێنانی دیموكراسی له‌ حزب و په‌یڕه‌ودا، هیواداریشم ئه‌و باوكه‌ ناچار نه‌كرێت بڵێت رادیۆ بوو . 4 بۆ ئه‌وه‌ی چیرۆكی سزادان و سوكایه‌تی ته‌واو بێت ، پێویسته‌ سیاسیه‌كان راستگۆبن له‌وه‌ی كه‌ ده‌یڵێن .


ژوان ئەحمەد  بە بۆنەی كۆچی دوایی بارزانیەوە نزیك بە شەست ساڵە، ناكۆكی دوو رەوتی سیاسی ئەم میللەتە دەهاڕێت، هەر سەردەمێكیش بە فۆرمێكی نوێ ناكۆكیەكان سەرهەڵدەدات‌ و سەردارانیشی فیگەرێكی نوێن..  لەم شەست ساڵەدا، دوو شۆرشی گەورە كراوە، كورد بە هەوراز‌ و نشێوی زۆردا رۆیشتوە، بەشێكی بچوك لە ئامانجی شۆڕشەكان بەدیهاتوە، بەشی گەورەی هێشتا لە بەردەمدا ماوە ، بەداخێكی گەورەشەوە، هێشتا ئومێدی بەدیهێنانیان زۆر كەمە، ئەگەر ئەستەمیش نەبێت. ئەمرۆ یادی كۆچی دوایی مەرحوم مەلا مستەفای بارزانی یە، بەڵام مەلا مستەفا لە هەموان زیاتر وەتاق كەوتوە، خەریكە یادەوەریەكانی شۆرشەكەشی هێند لە یەك گۆشەوە باس دەكریـَت، هەر لەبیر دەچنەوە. مەلا مستەفا بە هەموو خاڵە گەش‌ و خامۆشەكانیەوە، سەركردایەتی شۆڕشێكی گەورەی كردوە، سیمبوڵی شۆڕش بوە لە رابردودا، ئێستاش لەجێی حەقی خۆیەتی. سەركردە تەنیاكان هەر بە تەنیا مەلا مستەفا نیە كە تاك و تەنیا ماوە، جگە لە پارتیەكان نە كەس باسی دەكات و نە كەس سەردانی گڵكۆكەی دەكات و نە كەسیش ئەیەوێ نەوەكانی لەبارەی سەربوردەی مەلا مستەفاوە هیچ ببیستن. ئێستا سەركردەكانی تریش بونەتە ڕێبواری ئەو رێگایەی كە مەلا مستەفای پیا رۆیشتوە، خەریكە هەمویان وەتاق دەكەون و لە سایەی دەسەڵاتی نەوەكانیانەوە، لەبەرچاوی خەڵك خراپ دەكرێن. دوێنێ‌ و ئێستای میراتگرەكانی، سەركردە گەورەكانی شۆرشیان زێدە ناشرین كردوە‌ ، ئێستاش دەكرێ، بە پێخۆری دنەدانی ناكۆكیەكان. تائێستاش وازییان لێناهێنن ناو‌و  روحیان ئاسودە بێت، هەندێك پێیان وایە دەتوانن بە جوڵەی سیاسی ئەم پیاوانە بكەنە فیگۆری تاك ‌و تەنهای شۆرش‌و بەرخودان. لەكاتێكد فیگەری گەورە میللەتە كە ئێستا زویر بوە لە میراتگرەكانی مەلا مستەفا و مام جەلال و نەوشیروان مستەفا. بهێڵن خەڵك ناوە گەورەكانی شۆڕشی خۆش بوێ.. بهێڵن یەكێتیەك مەلا مستەفای لەبەر شۆرشەكەی‌ پارتیەك مام جەلالی لەبەر خەباتەكەی‌  ئەوانی دیش نەوشیروانیان لەبەر قەڵەم و مێژووەكەی خۆش بوێ. خۆش ویستنی مەلا مستەفا و مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، بە یادكردنەوە‌ و پەیكەر دروست كردن و وێنە دانان و شاباش كردن‌و سەپاندن‌ و دروست كردنی جۆرەها چیرۆك نابێ، بەڵكو بە حوكمڕانیەكی جوان ‌و خزمەتگوزار دەبێت. خەڵك ئەوانەی بەو جۆرە خۆش دەوێ كە: مەسعود بارزانی خاڵی كۆكەرەوە بێت نەك گومڕایی و ناكۆكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەموو هەرێم بێت، نەك باوكێكی جوان و دەوڵەمەند بێ بۆ كوڕە نازدارەكەی مەسرور بارزانی نەوەی مەلا مستەفا خزمەتی خەڵك بكات، نەك خەمی یەكەم و كۆتایی دروست كردنی كورەكەی خۆی بێت بافڵ تاڵەبانی، سەری كردە بێت بۆ كورد و یەكێتی، نەك شەیدای دەنگی زوڕنای ستایشی ماستاوچیەكان و دەهۆڵ لێدەرە چاپلوسەكان بێت، ئەو پاشخانە گەشە پێ بدا كە تاڵەبانی باوك جێیهێشتوە. قوباد تاڵەبانی كوڕی مام جەلال لە خزمەتی خەڵكدا بێت، هەموو هەفتە و مانگێك بازاڕ بەسەربكاتەوە و بزانێت لە بازار چ باسە، نەك تەنیا لە بانگەشەدا بیری ئەوەی بكەوێتەوە. كورانی نەوشیروان مستەفا، گۆڕان دەربێنن لەو بازاڕە سیاسیەی تیایا بوە بە دوكانێك لاچەپەك كە جۆرەها سەودای گوماناوی تیا دەكرێت. واز لە گرد بێنن نەك بیكەنە تاكە ستراتیژی مانەوەی بزوتنەوەكە ئەمرۆ درەنگە بۆ ئەوەی وابكەن خەڵك باوك ‌و باپیرتانی خۆش بوێ، ئەمە تەنیا بۆ باوك‌و باپیرتان نیە، بەڵكو بۆ ئەوەیە خۆشتان وەك ناوێكی جوان بچنە ناو لاپەرەكانی مێژوەوە، نەك وەك كاربەدەستێكی شكستخواردو و ناوتان بنوسرێت‌و خەڵك رقی لە ئێوە و باوكیشتان بێت.. پارەتان زۆرە، بەڵام متمانەتان كەم، هاوكێشەكە پێچەوانە بكەنەوە، خەڵك پارەی زۆر و ئێوەش متمانەیەكی زۆر و سەرمایەیەكی كەمتان دەبێت، بەڵام دەمێننەوە، رێزتان دەگیرێت، خۆشەویست دەبن كارەكە ئاسانە، بەڵام لەخۆبوردوویی گەرەكە بیرتان بێت بە هەرسێ خێزان و حزبەكە، جێی متمانەی لەسەدا 25 ی خەڵكی كوردستان نین، بەڵام هێشتا سەردارن.. تێ دەگەن، یان چاوەروانی تێگەیشتنی ترن!!؟؟


عەلی كەریمی لە دنیای سیاسەت و مرۆڤایەتی و پڕ لە ئەخلاق، ڕەوایە و باوە کە کەسێك، لایەنێک یان حیزب و سەرکردەیەک تووشی هەڵە و شکستی گەورەی بێقەرەبوویی دەبێتەوە بە سەزای دەگەیەنن یانکی خۆی دێ و سەخترین سەزا بەسەر خۆیدا دەسەپێنێت. ڕەزا پەهلەوی کوڕی حەمەڕەزا شای ئێرانی ٤٤ ساڵ پێش دوای ئەم هەموو ساڵە و بە تاڵانبردنی ملیونان دوڵار پارە و سەروەتی خەڵکی هەژار و بێدەرەتانی گەلانی ئێران و ژیانێکی پڕ لە خۆشگوزەرانی و عەیاشی و پاڵدانەوە، بە بێ خۆپێگەیاندنێک و کەمێک وەرگرتنی عیلم و شەهادە و هزر و مەعریفە، بە بێ ئەوەی تاقە جارێک بێت و بڵێت؛ کە باب و باپیرم ئەم زوڵم و زۆرەیان لە خەڵک دەکرد؛ من منداڵ بووم و هیچم نەدەزانی و شەریکی جنایەتەکانی ئەوان نیم و قبووڵی ناکەم، هاتووە لە ژێر سێبەری شۆڕشەکەی "ژینا"ی کچە کورد سەری هەڵێناوەتەوە و داوای شازادەگی و فەرمانڕەوایی تەواوی ئێران دەکات! دەبێ بڵێم چ چەرمەڕوویەکە ئەوانە و مەداحەکانیان دێن و لەسەر جادەکانی بە خۆێن سووری ژیناکان، ڕێ و شوێنمان بۆ دادەنێن و بە ڕۆژی ڕووناک خەریکن شۆڕشەکەمان داگیر دەکەن و خۆیانی لێدەکەنە خاوەن. وەرن با پێی بڵێین باب و باپیری تۆ بە هەزاران ڕۆڵە و سەرکردە و کچ و کوڕانی ئێمەیان کوشت و گوند و شارەکانیان وێران و قەلاچۆ کرد و بە سەتان لاوی خوێنگەرمی ئێمەیان لە زیندانەکانیاندا داڕزاند و سەقەت کرد، بە دەیان سەرکردەیان لە ساڵانی چلەکاندا لە بن بەرد و هەرداندا بە فیشەکی ژاندەرمە چڵکنە سواڵکەر و بەرتیلخۆرەکانیان جوانەمەرگ کرد. بۆ پێت وایە وا زوو فەرامۆشی دەکەین و دێین و بەیعەتت پێدەکەین، ئەگەر زۆر بەخشندە و بە لوتف و مێهرەبان بین دەبێ زۆر مەمنوون بی بە حوکمی منداڵ بوونی ئەوکاتت  لێت ببورین و دڵمان گەورە بێت کە وەک هاووڵاتێک بە بێ ئیزندانی تەداخول لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵات لە قوژبنێکی ئەم ئێرانەدا بژی. دەبێ فێر بی کەمترین شت کە یەک تاوانبار و شکستخواردووی سیاسەت دەبێ بیکا وازهێنانە لە سیاسەت! یانکوو پەرستوویەکی مەداحی ئاخوندەکان دێت و ئەمرۆکە زیاتر لە دایکی "ژینا" خۆی دەکاتە "مەسیح" ی مێهرەبان و خاوەندار و هەر وەک مەداحەکانی عاشوڕا و تازییەبارانی ئیمام حوسێن ڕۆژ تا ئێوارە هەرچی مایکە دەیگرێ و بە چەشنی ئاخوندە ڕەوزە خوێنەکان قیژە و هەرایەتی بە دەنگێکی نارەسەنی پڕ لە مزایدە و خۆ دەرخستن و پۆپۆلیستی لە شەڕی وەرگرتنی پۆستی بالای دواڕۆژییدایە لە حکومەتە سەرئاوەکەی پەهلەوی! دەبێ ڕێ خۆشکرێت بۆ هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ لە سەر جادەکاندا خوێن دەڕێژن و جیهانبینی زۆر جیاوازیان هەیە لە هەموو ئێمەی پیاوانی دۆێنێ. ڕێ و شوێن نە کێشرێت بۆ ئەوانەی زیاتر لە ٤٤ ساڵە نەماندیون و نایانناسین، گەر دەمانهەوێت لە پشتیان بین و کورەی خەباتیان گەرمتر بکەین و ئەگەر ڕاست دەکەین لە دڵسۆزیی بۆیان وەرن هەموو بە یەکەوە بەرەی فراوانی یەکگرتووی کوردی چێ بکەین و دڵی کۆمەڵانی خەڵک خۆش بکەین!


د. نوری‌ تاڵه‌بانی‌   پەپێی قانوونی كاتی بەرێوەبردنی دەوڵەتی عێراق لە ماوەی گواستنەوە، چەند هەڵبژاردنێك لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەبوو ئەنجام بدرێن پێش كۆتایی مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2005.  ئەو هەڵبژاردنانە لەلایەن دەزگایەكی تایبەت سازدەكران: "كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق"، بەندە سەرۆكی ئەو كۆمسیۆنە بووم لە هەرێمی كوردستان، لێرە زۆر بە كورتی چەند تێبینییەك لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەو هەڵبژاردنە دەخەمە بەرچاو، بەتایبەتی لەم رۆژانەدا باس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێم دەكرێت.    ئەو كۆمسیۆنە دەزگاێكی عێراقی بوو، ئەندامەكان و ستافەكەی حكومەتی عێراق دەستنیشانی دەكردن و دەسەڵاتێكی فراوانی هەبوو لە ڕووی رێكخستن و سەرپەرشتیكردنە سەر ئەو  هەڵبژاردنە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، لە ئامادەكردنی لیستی ناوی دەنگدەرانەوە تا دوا قۆناغەكانی و بڵاوكردنەوەی ئاكامەكانی.   كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق بە بریاری ژمارە 92 ی ساڵی 2004 دامەزرابوو، بە ئیمزای (پۆڵ برێمەر)، بەرێوەبەری گشتی دەسەڵاتی مەدنی لە عێراق، دەبوو پێش كۆتایی مانگی حوزەیرانی 2004 هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.  ئەم بریارە حوكمی قانوونی پێدرابوو، بۆیە ئەنجومەنی ئەو كۆمسیۆنە دەیتوانی رێنما و كاررای پێویست بۆ رێكخستنی ئەو پرۆسەیە دەربكات، هەروەها بۆ شیكردنەوەی بەندەكانی ئەو بریارو قانوونانەی پەیوەندیان بە هەڵبژاردنەوە هەبوو.  ئەو كۆمسیۆنە هەموو پێداویستیەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنی بۆ دابین كرابوو، هەرچەندە پێداویستیەكانی ئوفیسەكانی لە هەرێمی كوردستان مەیەسەر نەكرابوون، چونكە بوجدەی تایبەتی بۆ تەرخان نەكرابوو، بەڵام چەند دەزگایەكی نێو دەوڵەتی و دەوڵەتی كۆمەكی مادی و پشتگیری مەعنەوی پێشكەشی دەكرد.   لە (پێشەكی) بریاری 92 دا هاتبوو "ئەنجومەنی حوكم لە عێراق"، بە هاوكاریی نوێنەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان و"پۆڵ برێمەر"، ئەم بڕیارە ئامادە دەكرێت، كەواتە سێ‌ دەسەڵاتی جیاواز بەشدارییان لە ئامادەكردن و پەسەندكردنی ئەو بڕیارە كردبوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی كوردستان.  كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دەبوو پەیڕەو بە هەموو ئەو قانوون و بڕیارانەی پەیوەندیان بە هەڵبژاردنەوە هەبوو لە عیراق بكات، بە تایبەتی قانوونی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق لە ماوەی گواستنەوە، كە وەكو دەستوورێكی كاتیی بۆ عێراق تەماشا دەكرا. بڕیاری ژمارە 92 چەند مەرجێكی دانابوو لەبارەی چۆنیەتی دەستنیشانكردنی ئەو كەسانەی دەبنە ئەندامی ئەو كۆمسیۆنە، دەبوو هەموویان عێراقی بن، ڕابوردوو پاك بن، شارەزا و خاوەن پیشە بن، سەر بە هیچ پارتێكی سیاسی نەبن تا بتوانن ئەركەكانی سەر شانیان بە بێلایەنانە و بە شێوەێكی ڕاست و دروست ئەنجام بدەن.     جگە لەو دوو  قانوونەی سەرەوە، چەند بڕیارێكی تر بە ئیمزای "پۆل برێمەر" بڵاوكرانەوە لە مانگی حوزەیرانی 2004 پەیوەندی راستەوخۆیان بە هەڵبژاردنەوە هەبوو، بە تایبەتی ئەو قانوونەی تایبەت بوو بە قانوونی پارت و قەوارە سیاسیەكان، لەبارەی چۆنیەتی بەشداریكردنیان لەو هەڵبژاردنانە.  ئەو قانوونانە هەموویان كاتیی بوون، بۆ ماوەیەكی دیاری كراو كاریان پێ‌ دەكرا، پێیان دەوترا (ماوەی گواستنەوە)، تا ئەو دەمەی هەڵبژاردن لە عێراق ئەنجام دەدرا.  لە پاش هەڵبژاردنی (ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی)، دەبوو ئەو ئەنجومەنە حكومەتێك بۆ عێراق دەستنیشان بكات.  بڕیاربوو ئەو ئەنجومەنە پرۆژەی دەستوورێكی هەمیشەیی بۆ عێراق ئامادە بكات، ئەو كەسانەی بەشدارییان لە ئامادەكردنی ئەو پرۆژە دەستوورە دەكرد مەرج نەبوو ئەندامی ئەو ئەنجومەنە بن، كەسانی شارەزا و پسپۆر لە قانوون بەشدارییان لەو كارە كرد، لەلایەن ئەو ئەنجومەنەوە دەستنیشان كران.  لە پاش پەسەندكردنی پرۆژەی دەستووری هەمیشەیی عێراق لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی، پرۆژەكە خرایە دەنگدان، قبووڵكردنی ئەو دەستوورە بووە هۆی لەكارخستنی ئەو هەموو بڕیار و قانوونە كاتیانەی تا ئەودەمە كاریان پێ‌ دەكرا.    ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی دەیتوانی قانوونی تازە بۆ سازدانی هەڵبژاردن لە عێراق پەسەند بكات، ئەو هەڵبژاردنەی لە مانگی دیسەمبەری 2005 ئەنجامدرا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی، بەپێی ئەو قانوونە تازەیە رێكخرا.  ئاماژە بۆ ئەو پرنسیپێە تازانە دەكەم لەو بڕیار و قانوونانەدا هاتبوون بۆ سازدانی هەڵبژاردن لە عیراق و هەرێمی كوردستان لە مانگی یەكی 2005.  جگە لە قانوونی ژمارە 92 ی ساڵی 2004 تایبەت بە دامەزراندنی (كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق) و كاركردنی، چەند قانوونێكی تر ئاماژەیان بۆ دەكەم.   بەپێی بریاری "ژمارە 92"، دەسەڵاتێكی فراوان بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان درابوو، دەیتوانی ڕێنمایی تایبەت بۆ ریَِكخستن و چاودێری كردنی هەڵبژاردنەكان دەربێنێ‌، بەمەرجێك گونجاوبن لە گەڵ پێوارە نێو دەوڵەتیەكاندا.  ئەو كۆمسیۆنە دەزگاێكی سەربەخۆ بوو، حكومەتی عێراق یان لایەنێكی سیاسی تر نەیدەتوانی دەست بخاتە ناو كارەكانیەوە، بەڵام كۆمسیۆن دەیتوانی داوای راوێژكاری لە دەزگا نێو دەوڵەتیەكان بكات، بە تایبەتی دەزگای نەتەوە یەكگرتووەكان.   دەسەڵاتەكانی ئەو كۆمسیۆنە لەم خاڵانەی خوارەوە كۆكرابوونەوە: 1. بڕیاردان لەسەر دامەزراندن و دەستكاری كردنی ئەو لیستانەی دەكرانە بنەما بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان و پەسەندكردن و دابەشكردنی ئەو لیستانە و ئاگاداری كردنیان.  بۆ ئەم مەبەستە، كۆمسیۆن لیستی (خۆراك وەرگرتنی) كردبووە بنەما بۆ سازدانی ئەو هەڵبژاردنانە.  كەم وكورتی لەو لیستانەدا هەبوو، كۆمسیۆن پرۆسەیەكی تایبەتی دانابوو بۆ چاككردنەوەیان، لە یەكی مانگی یانزە دەست بە ئەنجامدانی كرا.  بەپێی ئەو پرۆسەیە هەموو سەرەك خێزانێك فۆرمێكی تایبەتی وەردەگرت لەڕێگای وەكیلی خۆراك لە ماوەی مانگی تشرینی دووەمی 2004.  ئەگەر هەڵە یان كەمو كورتی بەدی بكرابا لەو فۆرمانە، دەبوو سەرەك خێزان بچێتە بنكەی تۆماركردن، لە چەند جێگاو شوێنێك دەستیان دەكەوت، ناوی ئەو جێگایانە بە هۆی دەزگاكانی راگەیاندنەوە بڵاودەكرانەوە، مەبەست ئەوەبوو ئەو هەڵەو كەمو كورتیانە چاكبكرێن.  بەم شێوەیە ناوی سەرەك خێزان و ئەندامانی خێزانەكەی، كە نەدەبوو لە 18 ساڵ كەمتر بێ‌، دەچوە سەر لیستی ناوی دەنگدەران.  2. ڕێكخستن و پەسەندكردنی ناوی ئەو پارت و قەوارە سیاسیانەی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەكان دەكرد.  هیچ پارت و لایەنێكی سیاسی نەیدەتوانی بەشداریی لە هەموو، یان لە یەكێ‌ لەو هەڵبژاردنانە بكات ئەگەر ئەو كۆمسیۆنە ڕێگای پێ‌ نەدابا.  كومسیۆن پابەند نەبوو بەو قانوونانەی دانرابوون بۆ ڕێكخستنی پارتە سیاسیەكان، دەیتوانی ڕێگا بە ڕێكخراوێك بدات بەشداری لەو هەڵبژاردنانە بكات، هەتا ئەگەر پێشتر ئیجازەی دامەزراندنی وەرنەگرتبێ.  3. ڕێكخستن و پەسەندكردنی ناوی ئەو پاڵێوراوانەی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەكان دەكرد، بە پێی ئەو مەرجانەی لەلایەن قانوونەوە دەستنیشان كرابوون.  پێویست بوو كەسی پاڵێوراو تەمەنی لە 30 ساڵ كەمتر نەبێ‌، بڕوانامەی ئامادەیی یان هاوتا بەو بڕوانامەی هەبێ‌، نەدەبوو پێشتر ئەندامی حیزبی بەعس بێت بە پلەی ئەندام (فیرقە)، یان لە یەكێ‌ لە دەزگا سەركوتكرەكانی رژێم كاری كردبێ‌، یان لەسەر حیسابی ماڵی گشتی لەخۆرا دەوڵەمەند بووبێ‌.  لەم بارەوە خەڵك دەیانتوانی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنكان لە بەغدا بكەن سەبارەت بەو زانیارانەی هەیانبوو لەبارەی پاڵێوراوان، بە مەرجێك ڕاست و دروست بن، پاش ئەوەی ناوی پاڵێوراوان بڵاودەكرانەوە. 4. پەسەندكردنی ناو و دەسەڵاتی ئەو دەزگاو كەسانەی چاودێری هەڵبژاردنەكان دەكەن، لەگەڵ دیاری كردنی دەسەڵاتی كارمەندەكانی هەڵبژاردن و ئەو كەسانەی لەو پرۆسەیە كاریان دەكرد، بە چاودێرانیشەوە. 5. ڕێكخستنی لیستی دەنگدەران و شێوەی دەنگدانیان لەو رۆژەی هەڵبژاردن ئەنجامدەدرا، كە بە 30 مانگی كانوونی دووەمی 2005 دیاری كرابوو. 6. بڕیاردان لەسەر ئەو گازندەو سكاڵایانەی پەیوەندیان بە هەڵبژاردنەوە هەبوو لە هەموو  قۆناغەكانی هەڵبژاردندا. 7. پەسەندكردن و بڵاوكردنەوەی ئاكامەكانی هەرسێ‌ هەڵبژاردنەكان. ئەنجومەنی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق باڵاترین دەزگای هەڵبژاردن بوو لە عێراق، پێكهاتبوو لە (نۆ) ئەندام، بەڵام دوانیان هەرچەندە بەشداریان لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنەكە دەكرد، مافی دەنگدانیان نەبوو، یەكێكیان نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بوو، ئەوی تر كارگێڕی گشتی كۆمسیۆن بوو.   جگە لە قانوونی ژمارە 92 و قانوونی بەڕێوەبردنی كاتیی دەوڵەتی عێراق لە ماوەی گواستنەوە، چەند قانوونێكی تر پەیوەندیان بە هەڵبژاردنەوە هەبوو، كۆمسیۆن دەبوو پەیڕەویان پێ‌ بكات بەتایبەتی: یەكەم: بڕیاری ژمارە 96ی ساڵی 2004 لەبارەی هەڵبژاردنەكان لە عێراق.  ئەم قانوونە چەند پرەنسیپێكی تازەی تێدابوو، وەكو ئەو مەرجەی دانرابوو بۆ بەشداری كردنی خانمان لە هەڵبژاردنەكان وەكو پاڵێوراو.  پەپێی ئەو قانوونە، رێژەی ژمارەی پاڵێوراوی ئافرەت لە لیستەكان نەدەبوو لە 25%  كەمتر بێت، بۆیە لانی كەم ناوی پاڵێوراوێكی ژن دەبوو لە پاش ناوی دوو پاڵێوراوی پیاو لە لیستەكە هەبێت.  هەر بەپێی ئەو  قانوونە، عێراق كرابووە یەك ناوچەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی.  ئەم پرەنسیپە كاتی خۆی ئەنجومەنی حوكم لە عێراق پێشنیازی كردبوو.  هەرێمی كوردستان بە سنووری پێش رزگاركردنی عێراق، (لە مانگی ئاداری 2003)، بە یەك ناوچەی هەڵبژاردن دانرابوو.  بریاری ژمارە 96، سیستەمی "هەڵبژاردنی رێژەیی" پەسەندكردبوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، بەپێی ئەو بڕیارە، تاكە كەس دەیتوانی خۆی بپاڵێوێ‌، بەڵام دەبوو پێشەكی وەك قەوارەێكی سیاسی خۆی ناونووس بكات و كومسیۆن پەسەندی بكات.  بەڵام تاكە كەس نەیدەتوانی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن بكات بەو شێوەی پارت و قەوارە سیاسیەكان دەیانكرد، هەروەها نەیدەتوانی ململانێ‌ لەگەڵ ئەوان بكات بۆ بەدەستهێنانی دەنگەكان لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم و تێكرای پارێزگاكان.  بەپێی سیستەمی بازنەیی، هەڵبژاردن لەسەر ئاستی ناوچەی بچوكتر ئەنجام بدرابا، تاكە كەس گەر ناسراو بووایا دەیتوانی مڵمڵانێی هەڵبژاردن لەگەڵ پارتە سیاسیەكان و ڕِێكخراوانی تر بكات.   لەبەر ئەوەی قانوونی بەرێوەبردنی كاتیی دەوڵەتی عێراق لە ماوەی گواستنەوە ڕێگای نەدابوو بە دەستكاری كردنی سنووری ئیداری پارێزگاكان تا ئەو دەمەی "ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی" هەڵدەبژێردرێ، ناوچە تازە رزگاركراوەكانی كوردستان بەشدارییان نەكرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، قەزاكانی چەمچەماڵ و كەلار و كفری و دوز، كە لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە ساڵی 1976 لە كەركوك دابڕابووون, بەشدارییان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نەكرد.   ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی (275) ئەندام بوون، ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەغدای لێ‌ بەدەربێ‌، (41) ئەندام بوون، ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان (111) ئەندام بوون، بەپێی بڕیاری ئەو پەرلەمانە لە 20ی تشرینی دووەمی 2004.  بڕیاری ژمارە 97 ی ساڵی 2004 تایبەت بوو بە پارت و قەوارە سیاسیەكان، مەبەست لە (قەوارەی سیاسی) ئەو پارت و ڕێكخراوە سیاسیانە بوو.  بەپێی ئەو بڕیارە، ئەو قەوارە سیاسیانە دەیانتوانی هاوكاری یەكتر بكەن و پەیمان لە نێوخۆیاندا ببەستن بۆ پێكەوە كاركردن و یەك لیستی هەڵبژاردنیان هەبێ‌.  زۆر جاران ئەو جۆرە هاوپەیمانیەتیە لە نێو ئەو پارتە سیاسیانەی لە بیروباوەڕدا لە یەكەوە نزیكبوون مۆردەكرا، بەم شێوەیە دەیانتوانی دەنگی لایەنگرانیان كۆ بكەنەوە.   ئەو قەوارە سیاسیانەی پەسەند دەكران لەلایەن كۆمسیۆنەوە، كە تاقە كەسانی لێ‌ بەدەردەكرا ، دەیانتوانی خانووبەرە بكڕن، یان بە كرێی بگرن و هەموو كارێكی تر بكەن پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەبێ‌، بەڵام بەپێی ئەو ڕێنماییانەی لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیۆنەوە پەسەند كرابوون.  هەموو  قەوارە سیاسیەكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە بە یەك چاو تەماشادەكران، وەكو یەك پشتگیریان لێ‌ دەكرا.  قەوارە سیاسیەكان دەبوو پابەند بن بە قانوون و بڕیار و هەموو ئەو ڕێنمایانەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان پەسەندی كردبوون.  ئەگەر قەوارەێكی سیاسی كارێكی بكردبا بە پێچەوانەی ئەو بڕیار و ڕێنماییانە بووایا، بەرپرسیار دەبوو، ئەگەر هەبوو تووشی سزادان بێت.  سەرەتا ئاگادار دەكرا نابێ‌ ئەو جۆرە كارانە بكات بە پێچەوانەی قانوون و ڕێنماییەكانی كۆمسیۆن بن، ئەگەر لەسەرپێچی كردنی ئەو ئیلتزاماتانە بەردەوام بووایا، كۆمسیۆن دەیتوانی سزای پارە بخاتە سەری، پاشان بڕیای ڕاگرتنێ‌ كارەكانی بدات، ئەگەر بەردەوام بووایا لەسەر كارە ناقانوونیەكانی، كۆمسیۆن بۆی هەبوو ئیجازەی بەشداری كردنی ئەو قەوارە سیاسیە لە هەڵبژاردن وەربگرێتەوە، بۆی نەبوو بەشداری لە هەڵبژاردن بكات.  ئەم بڕیارانە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بوون.  ئەو قەوارە سیاسیەی سزا دەدرا، دەیتوانی داوای چاوگێرانەوە لەو بڕیارەی كۆمسیۆن بكات لەلای دەزگاێكی قانوونی، پێكهاتبوو لە سێ‌ دادوەری پایە بەرز، لەلایەن (ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە) لە عێراق دەستنیشان كرابوون.  ئەگەر قەوارەێكی سیاسی لە كاتی هەڵبژاردندا بەندێ‌ لە بەندەكانی قانوونی سزادانی پێشێلكردبا، كۆمسیۆن دەیتوانی داوا لە دەزگای دادوەری بكات لێكۆڵینەوەی قانوونی لە گەڵدا بكات. هیچ قەوارەێكی سیاسی نەیدەتوای پەیوەندی بە هێزێكی چەكداری، یان بە میلیشیاوە بكات،  نەدەبوو یارمەتی دارایی لە هێزێكی چەكداری، یان لە میلیشیایەك وەربگرێ‌.  قەوارە سیاسیەكان دەبوو پابەند بن بە قانوونەكانی عێراق، بە تایبەتی ئەو قانوونانەی پەیوەندییان بە كۆبوونەوەی گشتیەوە هەبوو.  هەروەها نەدەبوو ئەو قەوارە سیاسیانە هانی كەس بدن بۆ ئەنجامدانی كاری توندو تیژی، یان بڵاوكردنەوەی بیرێك یان كارێك ڕق و كینەی لێ‌ پەیدا بێت، یان ببێتە هۆی ترساندن و تۆقاندنی خەڵكی تر.  هەموو  قەوارە سیاسیەكان نەدەبوو پشتگیری لە كاری تێرۆریستی بكەن، یان كارێكی وابكەن ببێتە هۆی بەكارهێنانی توندو تیژی لەلایەن كەسانێكی كەوە. پێویست بوو قەوارە سیاسیەكان سەرچاوەی دارایی خۆیان ڕوون بكەنەوە بۆ ئەندامان و ئەو كەسانەی پشتگیرییان لێ‌ دەكردن، دەبوو شێوەی كاركردنیان لەگەڵ چۆنیەتی دەستنیشانكردنی سەرۆكەكەیان بخەنە بەرچاو.  كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕێنمایی تایبەتی لەم بارەوە بڵاو كردبووەوە، دەبوو قەوارە سیاسیەكان پەیرەوی بكەن.             ئەو هەڵبژاردنانە لە سەرەتای ساڵی 2005 ئەنجام دران، سێ‌ جۆر بوون:   یەكەم: هەڵبژاردنی "ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی"، ئەركە سەرەكیەكانی لەم سێ‌ تەوەرە كۆكرابوونەوە: 1. دیاری كردنی حكومەتێكی تازە بۆ عێراق لەسەر ئاستی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی، چونكە لە لایەن پەرلەمانێكی هەڵبژێردراوە دەستنیشان كرابوو. 2. ئامادەكردنی پرۆژەی دەستووری هەمیشەیی بۆ عێراق، ئەوە گرنگترین ئەركی ئەو ئەنجومەنە بوو.  سەنگی سیاسی لایەنە سیاسیەكانی ناو ئەو ئەنجومەنە لە شێوەی دیاری كردنی ئەندامانی ئەو لیژنەیە دەردەكەوت.   3. ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێ‌ لەلایەن ئەو حكومەتەی ئەو ئەنجومەنە باوەڕی پێدەدا.  ئەم ئەنجومەنە لە مانگی دیسەمبەری 2005 هەڵبژێرا، پرۆژەی دەستووری عێراق ئەو پەسەندی كرد. ئەركەكانی پەرلەمانی نوێی هەرێمی كوردستان گرنگ بوون، ئەو پەرلەمانە دەبوو ڕۆڵی خۆی ببینێ‌ لە چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری هەمیشەیی عێراق، لەبەر ئەوەی بە ناوی گەلی كوردستانەوە داوای ئەو مافانەی دەكرد.  پەیوەندی هەرێمی كوردستان بە حكومەتی ناوەندی عێراق لە دەستووری هەمیشەیی دەستنیشان دەكرا، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەبوو چالاكانە بەشداری لە ئامادەكردن و داڕشتنی ئەو دەستوورە بكات.  چەند سالێكَ بوو پەرلەمانی هەرێم نەیدەتوانی ئەركەكانی سەرشانی جێبەجێ‌ بكات، بەڵام پێویست بوو پەرلەمانی تازەی هەرێم رۆلێكی باشتر ببینێ‌ بۆ یەكخستنەوەی هەردوو ئیدارەكە و لكاندنی ناوچە تازە ئازادكراوەكان بە هەرێمی كوردستان. هەڵبژاردنی ئازاد دەبوو قبووڵی ئاكامەكانی بكرێت، هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارییان تێدا دەكرد كێشەو ئاستەنگی بۆ دروست نەكەن.  دیموكراسیەت و هەڵبژاردن هەر دروشم نین، ئەو لایەنانەی زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمانیان بەدەست دەهێنا دەیانتوانی حكومەتێكی یەكگرتوو لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانی پێكبێنن.  ئەمە یەكێك بوو لە ئاواتەكانی گەلەكەمان، پێویست بوو هەموولایەك كاری بۆ بكردبا.  ئاكامەكانی ئەو هەڵبژاردنانە هەرچی بووایا مانای ئەوە نەبوو كۆتایی بە ژیانی سیاسی ئەو لایەنانە هاتووە، لەبەر ئەوەی زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمانی بە دەست نەهێناوە!  ئەو هەڵبژاردنانە كاتی بوون، پاش ماوەێكی تر هەڵبژاردنی دی دەكران.  سەبارەت بە (ئەنجومەنی نیشتمانی عێراقی) ماوەكەی دیاری كرابوو، چونكە لە مانگی دیسەمبەری 2005 دەبوو هەڵبژاردنێكی تر بكرێت، ئەگەر پرۆژەی دەستووری هەمیشەیی عێراق پەسەند بكرابا.  لە هەرێمی كوردستان دەبوو هەڵبژاردنی تر بكرێت پاش ئەوەی ناوچە تازە رزگاركراوەكانی كوردستان دەگەڕانەوە باوەشی هەرێم، چونكە ئەو پەرلەمانە دەبوو پاش ماوەێكی تر بڕیاری لەسەر بدات.  كەواتە ئەو پەرلەمانە نوێنەرایەتی هەموو خەڵكی كوردستانی نەدەكرد، چونكە نوێنەرایەتی نزیكەی لە % 40 ی خەڵكی كوردستانی دەكرد، ئەوانی دی بەشداریان نەكردبوو لەو هەڵبژاردنە.  هەمان بۆچوون دروست بوو لەبارەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، چونكە ئەوانیش پاش ئەوەی سنووری ئیدارییان چاك دەكرایەوە، ناوچە تازە رزگاركراوەكان دەخرانە سەر سنووری ئیداری پێش ساڵی 1976، دەبوو هەڵبژاردنێكی تر بكرێت لەسەر ئاستی سنووری ئیداری تازەی ئەو پارێزگایانە.  بۆ نموونە، ئەو چوار قەزایەی تا ئەو كاتە لەسەر سنووری پارێزگای كەركوك نەبوون، دەبوو پاشان بخرێنە سەری، بۆیە پێویست بوو هەڵبژاردنێكی تر بكرێت لەسەر ئاستی سنووری تازەی كەركوك.  بە نیسبەت ئەو  قەزا و ناحیانەی لە دەڤەری بادینان لەسەر سنووری ئیدارەی دهۆك نەبوون، كاتێ‌ ئەو ناوچانە دەخرانەوە سەر ئیدارەی تازەی ئەو دوو پارێزگایە، دەبوو هەڵبژاردنی تازە ئەنجام بدرێت.     دكتۆر نوری تاڵەبانی، سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2005  


 فارس نەورۆڵی  پرۆسەی هەڵبژاردن کۆی پرۆسەی دیموکراتی نیە، بەڵکو پایەیەکە لە پایەکانی دیموکراتی، بەڵام پایەیەکی گرنگ.  پرۆسەی هەڵبژاردن ڕێگایەکە بۆ گۆڕینی ئیدارەی حکومەتەکان بەبێ توندوتیژی و زیان گەیاندن بە پایە یاساییەکانی حکومەت. واتە پرۆسەی هەڵبژاردن هۆکاری سەقامگیری سیاسییە، هەر چەندە لە ووڵاتانی جیهانی سێ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  دیموکراتییەتی ڕاستەقینە بوونی نییە! بەڵام لە ساڵی (١٩٩٢)وە لە کوردستان پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام درا و لێرەوە هەرێمی کوردستان بووە جێی ئومێدی جیهان و ناوچەکە، چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرا ببێتە نمونەیەکی باڵای دیموکراتی لە ناو چەکەدا.  سەرەڕای تێبینی و کەم و کورتی، بەڵام جێگای ئومێدی ئازادیخوازانی کورد و جیهان بوو لەهەمان کاتدا ئەو پرسیارەی لای نەیارانی کورد دروست کرد بوو کە ئەم نەتەوەیە سەرەڕای ئەو هەموو ستەم و چەوسانەوەیە کە لە سەریەتی چۆن توانیان پانتاییەک بۆ دیموکراتی دروست بکەن.   ئێستا هەرێمی کوردستان لەئەنجامی ناکۆکی حیزبەکان توشی چەقبەستویی سیاسی بووە، یەکێک لەڕێگاکانی ڕزگار بوون لەم چەقبەستوییە ئەنجام دانی هەڵبژاردنە، بەڵام لەسەر هەڵبژاردنیش وەک هەموبابەتەکانی دیکە حیزبەکان نەگەشتونەتە ڕێککەوتن بۆ ئەنجام دانی هەڵبژاردن. ئەمەش وایکردوە پرۆسەی سیاسی هەرێم لە بری ئەوەی جێگای پرسیاری گەورەبێت بەداخەوە کەوتوەتە ژێر پرسیار! ئەمەش بوەتە هۆی نیگەرانی دۆستانی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیشدا تا ئەو جێگایەی پلاسخارت چەند جارێک هۆشداری داوە کە پێویستە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.   پرسیارەکە ئەوەیە هەموو حیزبەکان دەڵێن دەبێ هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوە بچێ و چیتر لە تەک دواکەوتنیدا نین. ئایا کێیە نایەڵێ هەڵبژاردن بکرێت؟ لەکاتێکدا چەپ و ڕاست دەڵێن دەبێ هەڵبژاردن بکرێت. وەڵامەکەی جێدێڵم بۆ حیزبەکان و بۆ خەڵک . کەواتە پێویستە حیزبەکان بۆپاراستنی سومعەی سیاسی هەرێم ووتەکان بکەنە کردار و کاتێک دیاری بکەن بۆ هەڵبژاردن نەترسن لەوەی کێ کورسی زیاد دەکات و کێ دەنگەکانی کەم دەکات چونکە دواجار چارە نوسی هەرێم لە حیزب و لە کورسییەکانی پەرلەمان گەورەتر و گرنگترە.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand