سهردار عهزیز پرۆژەیەک لە ئارادایە کە کەنداوی عەرەبی بە تورکیاوە ببەستێت لەڕێگای هێڵی شەمەندەفەرو ڕێگای خێرا. ڕۆژی شەممە لە کۆشکی کۆماریی لە بەغدا کۆنفراسێکی تایبەت بە وەزیرانی گواستنەوە لەنێوان وڵاتانی کەنداو و ئوردن و تورکیادا بەسترا. ئەم ڕێگایە چەندین ناوی هەبوو، بەڵام لەدوا سەردانی محهمهد شیاع سودانی بۆ ئەنکەرە، ئەردۆگان پرۆژەکەی ناو نا ڕێگای گەشە. ڕێگای گەشە ناوێکی گشتی بریقەداری بێناوەڕۆکە. هەمومان دەزانین کە گەشە بەشێکە لە خیتابی پارتی دادو گەشەپێدان. هەروەها وەک مێژوی ئەو پارتە دەریخست کە وەک جێگرەوەی دیموکراسی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەم ڕێگایە لە چەندین ئاستدا کاریگەریی هەیە لەسەر ناوچەکەو کوردستان. لەم نوسینەدا سەرەتا باس لە واقیعیبوونی ڕێگاکە دەکەین، پاشان لە ئەگەری بوونیدا چۆن دەبێت، ئینجا کاریگەری لەسەر کوردستان. لەگەڵ گەشەی چیندا دیاردەیەک هاتە ئاراوە، کە دەتوانین بە ژێرخان بەرامبەر دەزگا ناوی بەرین. بەو مانایە مۆدێلی چینی، هەروەها تورکیش بەتایبەتی لەسەردەمی ئیسلامییەکاندا، خەسڵەتێک لەخۆی دەگرێت کە مۆدێلی ڕۆژئاوایی کێشەی هەیە بەدەستیەوە، ئەویش ئاسانی بونیادنانی ژێرخان. وڵاتانی وەک چین و تورکیا، کە خاوەنی تەکنەلۆجیاو دەستی هەرزان و دۆخێکی تایبەتن لە نەبوونی مافی کرێکارو ئینشورانس و دڵنیایی و زۆر بواری تر وەهایکردووە کە بتوانن پرۆژەی ژێرخانی گەورە ئەنجام بدەن بە هەرزانترو خێراتر لە وڵاتانی تری ڕۆژئاوا. لە ڕۆژئاوا بەهۆی بوونی دەستی کاری گران و دڵنیایی و گرانی دراو و زۆر بواری تر ئەنجامدانی کاری ژێرخانی زۆر سەخت دەکات. ئەم ئاسانییە بۆ ژێرخان زیانێکی گەورەی داوە لە دەزگا. چونکە ئەم وڵاتانە نایانەوێت دەزگاکان دروست بن، یان خەمی دروستبوونی دەزگاکانیان نیە. لای ئەم وڵاتانە، پرسی ژینگە، مافی مرۆڤ، دڵنیایی جۆری و زۆر بواری تر گرنگ نیە. هەروەها لە ڕێگای ئەم پرۆژانەوە دەسەڵاتداران دەیانەوێت سۆزو سەرنجی خەڵک ڕابکێشن لەکاتێکدا مافەکانیان لێ وەردەگرنەوە. پرۆژەی گەشەی عێراق لەنێوان هەردوو چین و تورکیادایە. عێراق دەیەوێت لەهەردوو وڵات سودمەندبێت. لە ئاستێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە چین یان ئاسیا بە ئەوروپاوە دەبەستێت، کە زۆرێک لە چاودێران وەهای دەبینن کە بانگەشەیەکی بێ بنەمایە. چونکە بڕی بازرگانی چینی لەگەڵ ئەوروپادا هێندە زۆرە ناتوانرێت لە ڕێگای بەندەرێکی لاچەپی وەک بەندەری فاوەوە بکرێت. تەنها لە یەک ساڵدا زیاتر لە بیست ملیۆن حاوییە (کۆنتەینەر) لە چین دەگوێزرێتەوە بۆ ئەوروپا، جگە لە ڕێساکانی قازانج و سود، ئەو کۆمپانیایانە بە هیچ یاساو ڕێسایەکەوە پابەند نابن. بەڵام گریمان پرۆژەکە لەئاستی پێکەوە گڕێدانی ئاسیاو ئەوروپا بایەخی نیە بەڵام لە ئاستی هەرێمیدا بایەخی دەبێت. پێش ئەوەی بێین بۆ ئەم ڕەهەندە هەرێمییەی یەکێک لە ڕەخنەکان ئاڕاستەتی ئەم پرۆژەیە دەکرێت پرسی ئەنجام نەدانی جەدوایە. لەڕاستیدا پرسی ئەنجامدانی ئەم جەدوایە دراوه بە کۆمپانیایەکی زۆر بچوکی ئیتالی کە لەلایەن خێزانێکەوە بەڕێوەدەبرێت لە ڕۆما. ئەم لاوازی جەدوایە وەها دەکات کە گومانی گەندەڵی یەکەم گومان بێت بەرامبەر ئەم پرۆژەیە. عێراق وەک یەکێک لە هەرە گەندەڵترین وڵاتانی دونیا زۆربەری زۆری پرۆژەکانی یان وەهمین یان سەرچاوەی گەندەڵین، بۆیە گومانی گەندەڵی دەبێت گومانی یەکەم بێت دەربارەی ئەم پرۆژەیە. ئێمە دەزانین کە هەتا پرۆژەی گەورەبێت ئەگەری گەندەڵی گەورەترە. نەبوونی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی وردی ئابوریی بۆ پرۆژەکەو گوماناویبوونی کۆمپانیای لێکۆڵەر، زیاتر گومانی گەندەڵی زیاد دەکات. کێ لە پرۆژەکە سودمەند دەبێت؟ ئەگەر ئەو ئەگەرەی کە دەڵێت بازرگانی ئاسیا بە ئەوروپاوە دەبەستێت وەک خیتابێکی فریودان وەربگرین، ئەوا دەبێت بیر لە ڕەهەندە ئیقلیمییەکانی بکەینەوە. پرۆژەکە تورکیاو کەنداو بەیەکەوە دەبەستێت. هەردوولا چەندین کاڵایان هەیە کە دەتوانن لەگەڵ یەکتردا بیگۆڕنەوە. کەنداو کە توانای کشتوکاڵی نیەو هەروەها عێراق بەتایبەتی باشور کە توانای کشتوکاڵی نامێنێت، بەهۆی کەمیی ئاو و گۆڕانی ژینگە لە داهاتوودا، ئەوا دەبنە بازاڕێکی باشی خۆراکی تورکی. ئەمە سەرباری کاڵاکانی تورکیا کە جۆریان باشترەو نرخیان کەمترە لە کاڵاکانی تر. تورکیا پێویستی بە غازو نەوت و بەربومەکانی پیترۆکیمیاوییە کە عێراق پلانی هەیە بەرهەمیان بهێنێت. پێکەوەگردانی کەنداو و تورکیا لەڕێگای تورکیاوە، وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ دوورخستنەوەی تورکیا لە ڕوسیا، کە بەلای ڕۆژئاواو هەنگاوێکی گونجاوە. تەنها بیر لە گرنگی بازاڕی ڕوسی بکەرەوە بۆ ساغکردنەوەی بەروبومی تورکی. بۆ تورکیا هەنگاوێکی جیوپۆلەتیکی گرنگە بۆ گەیشتن بە قوڵایی عەرەبی، بەتایبەتی ئەو پانتاییەی کە وزەو پارەی زۆری تیادایە. ئەم فاکتە جیوپۆلەتیکییە هەمیشە پاڵنەرێکی تورکیا بوو بۆ ڕێگریکردن لە بەهێزبوونی هەرێم و دروستبوونی ڕۆژئاڤا، چونکە بوونی هەرێم و ڕۆژئاڤا پێکەوە دابڕانێک لەنێوان تورکیاو قوڵایی عەرەبیدا دروست دەکات. کەواتە پێش هەموان تورکیا سودمەندە کە کاڵاکانی بە وزە دەگۆڕێتەوە. عێراق پلانی وەهایە کە سەد هەزار دەرفەتی کار برەخسێنێت. ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە. بەڵام ئەم ژمارانە لەسەر هیچ بنەمایەکی زانستی پشتڕاست نەکراونەتەوە. وەک گوتمان کۆمپانیا ئیتالییەکە هەتا ئێستا تەنها لە بواری پاڵاوگەدا کاری کردوە. ئالنگارییەکان چین؟ یەکەم، لەبەر هۆکاری ئەمنی و ڕێگرییکردن لە بوژانەوەی کوردستانی باکور هێڵی شەمەندەفەر لە ناوچە کوردییەکاندا نیە یان زۆر خراپە. ئایا تورکیا چۆن ئەم پرسە چارەسەر دەکات، بە دانانی پارێزەر بۆ هێڵەکان کە تێچووی پرۆژەکە زۆر زیاتر دەکات یان پرسی کورد چارەسەر دەکات، کە لە ئێستادا چاوەڕوان نەکراوە. دووەم، لەسەرتاپای عێراق هێڵی شەمەندەفەری نوێ و تایبەت بە گواستنەوەی شەمەندەفەری تەنکەریی لەگەڵ ڕێگای خێرای های وەی بوونی نیە. لە عێراقدا دروستکردنی پرۆژەکان بە پشک و پشکێنە کۆمپانیا تایبەتەکانی گروپ و حیزب و میلیشیاکانە. ئەمەش کار دەکات سەر بڕی تێچون و جۆری پرۆژە. سێیەم، ڕێگاکە بە هەرێمدا تێدەپەڕێت لەشاری زاخۆ بە مەودای چوار کیلۆمەتر. ئەگەر هەوڵبدرێت لە کوردستان بە دورر بگیرێت، ئەوا نابێتە ڕێگایەکی ئابوری بەڵکو دەبێت به ڕێگایەکی سیاسی. لەم دۆخەدا دەبێت، بە سوریادا تێپەڕێت، هەروەها سوپای عێراقی بگاتە سەر سنور، تورکیا بێتە ناو سوریاوە، دەسەڵاتی ڕۆژئاڤا دووربخرێتەوە، سوریا بهێنرێتە ئەو ناوچەیە. بەڵام لەم دۆخەدا ئەمریکا ناڕازییە، چونکە دەبێتە هۆی شکانی ئابلۆقەی سەر ئەسەد، هەروەها دابینکردنی ئەمنی سەختتر دەبێت. هەموو ئەمانە دەرخەریی ئەوەن کە هیچ کۆمپانیایەکی گواستنەوەی جیهانیی نیە کە بیەوێت ئەم هەموو سەرکێشییە بکات. هەروەها بازاڕەکانی ئەوروپا ناتوانن پشت بە ڕێگایەکی وەها ببەستن کە هێندە ڕێگریی و کێشەی هەبێت. وەک لە کۆنگرەکەدا دەرکەوت سوریا پێداگریی دەکات لەوەی کە ئەم پرۆژەیە بۆ بەندەرەکانی ئەو بڕوات، لەم دۆخەدا تورکیا دژ دەبێت و بەهیچ جۆرێک نابێتە ڕێگایەکی جیهانیی، وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، لەبەر دۆخی شەڕو ناسەقامگیریی و ئابلۆقەی سوریا. ئیماراتییەکان داوا دەکەن ڕێگایەکە ببەسترێتەوە بە هێڵی شەمەندەفەری کەنداوەوە. ئەگەر هەنگاوێکی وەها بنرێت ئەوا مانای وەهایە هەموو پرۆژەی بەندەری فاو لاوەکی و کەم سود دەبێت. لە هەمانکاتدا ئێرانییەکان دەیانەوێت شەلەمچە بە بەسرەوە ببەستنەوە. ئایا ئەم پرۆژەیە بۆ کورد چی دەگەیەنێت؟ یەکەم، هاتنی پرۆژەکە ئەگەر مەبەست لێی سەقامگیریی بێت، ئەوا دەبێت کوردیش لێی سودمەندبێت، چونکە هەرچەندە بە هەولێردا تێناپەڕێت، بەڵام لێیەوە دوور نابێت. تەنها سلێمانی لەم پرۆژەیە بەدوور دەبێت. بەڵام ئەوەی هەستی پێدەکرێت کە تورکیا هەندێک پرسی ئاسایشی دەبەستێتەوە بەم پرۆژەیەوە بە تایبەتی پرسی کامپی مەخمورو شەنگال، کە ڕێگاکە بە نزیکیاندا تێدەپەڕێت. ئەوەی لە کۆنفرانسەکەدا بینیمان زیاتر نمایشکردنی ئایدیایەک بوو، هەموو بەشداربوان لە هەڵسەنگاندنی ئەوەدان کە چۆن لێی سودمەندبن. ئایا پرۆژەکە دەتوانێت هەموان سودمەند بکات؟
كاوه مهحمود- سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان ماراتۆنی ململانێ سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی دەوڵەتی عێراقدا، بەشێکە لە ناکۆکی سیاسی سەبارەت بە شوناسی پرۆسەی سیاسیی، کە بیست ساڵ بەسەریدا تێپەڕیوەو دەقەکانی دەستوری ساڵی 2005ی دەوڵەتی عێراق، نەک بەڕوونی توانای یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نەبووە، بەڵکو بەشێکی تەواوی ماددەکانی خودی ئەو دەستوورە لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا جێبەجێنەکراوە. سیناریۆی باسکردنی ماف و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە سایەی حوکمی دەوڵەتی فیدڕاڵیدا، لەسەرەتاوە بە زنجیرەی ناڕەزاییەکان دژ بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە دەستپێدەکات و، دواتر دوای هەر دانوستانێکی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم، کە کار بگاتە ڕێکكەوتنی سیاسی، ئەوا مارتۆنی ونکە دروستکردن لە جێبەجێکردنداو هەڵوەشاندنی ڕێکكەوتننامەکان سەرهەڵدەدا، هەروەک بابەتی ناردنی پشکی دوو سەد ملیارەکەی ساڵانی پێشتر، کە لە ساڵێکدا دوو یان سێ جار دەنێردراو، کاتێکیش سەرۆک وەزیران قایل دەبوو، وەزیری دارایی لەمپەری دادەناو، مەسەلەکەش دەگەیشتە کۆسپدانانی بەڕێوبەرێکی گشتی و بەرپرسی بانک و، دەرەئەنجام ئەندامێکی پەرلەمانی نەتەوەو تایفەی زۆربە لە دادگای ئیتحادی سکاڵای دەکردو، بڕیارەکانی دادگای ئیتحادیش وەک چەکوشی ئامادەکراو بەسەر هەرێمی کوردستاندا بەرزدەکرایەوە. سیناریۆی ئەمجارەی پشکی هەرێم لە بودجەی عێڕاقدا دوای بڕیاڕی دادگای پاریس، ڕێکكەوتنی هەردوو حکومەتی عێڕاق و حکومەتی کوردستانی لێهاتەکایەوەو، هەرچەندە حکومەتی هەرێم دانبەوەدانانێت، کە بڕیاری دادگای پاریس و ڕێکكەوتنی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوت کە تائێستا نەفرۆشراوەو، پشکی هەرێم پاشەکشەیەو، کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا لەوەدەچێ بەو پاشەکشەیەش قایل نەبن و، لەسەر ڕێبازی کارکردن بۆ سەپاندنی خولیای ناوەندیتی ڕەها لە حوکمی دەوڵەتی عێراق بەردەوامن و، ئەمجارەش حکومەتی ناوەند هەروەک ڕەفتاری جارانیان، لەسەرەتاوە بەوپەڕی پشوودرێژی دانوستان دەکات و لەچوارچێوەی هاوسەنگی هێزەکان و بە ڕهچاوکردنی فشاری جۆراجۆریش ڕێکكەوتن دەکات، بەڵام کاتێک کار دەگاتە جێبەجێکردن، مانۆڕەکان لە لێژنە تایبەتمەندییەکان و لە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکات و، کار بۆ بڕگە لادان و بڕگە زیادکردن دەکرێت، هەروەک لە قانونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان سەبارەت بە هەڵبژاردن لە کەرکوک کردیان. ئەم لۆجیکەی دەسەڵاتدارانی بەغدا لە بابەتی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی دەوڵەتی عێراقدا دووبارەکرایەوەو، هەرچەندە ڕێکكەوتن لەنێوان هەردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، کە ئەمەش تەواوکەری بابەتی پێکهاتنی حکومەتی نوێی عێراق و بەشداری لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە تیایدا، بەڵام خودی پەرلەمانتارانی حوکمڕان لە لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆمەڵێک خاڵ و مەرج و لەمپەریان لەبەردەم دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەکارهێنانی پشکی هەرێم لەو بودجەیە داناوە، کە کرۆکی ئەو خاڵانە بریتییە لە وشککردن و کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەی ئابوری و، مامەڵەکردن لە گەڵ هەرێمی کوردستان وەک پارێزگایەک و، چەمکی فیدڕاڵیش لە دەوڵەتدا دەکا بە حوکمە زاتییە کارتۆنییەکەی سەردەمی بەعس. بەو مەبەستەی تەواوی تابلۆی سیاسیمان بۆ دەرکەوێت ئەم هەنگاوەی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناکرێت لە کۆمەڵێک بابەتی دیکە جیابکرێتەوە لەوانە: بەردەوامبوونی تەعریب و شاڵاوی عەرەبی هاوردە لە تۆپزاوەو داواکردنی قەرەبووکردنەوەی بیست ساڵ و هێنانی بڕیاری دادگای عێراق بۆ ئەم مەبەستە، لەکاتێکدا تاپۆی ئەو زەوی کشتوکاڵیانە بە ناوی جوتیارە کوردە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچەیەن و، بابەتی وەرنەگرتنی سەرجەم داهاتی گەنم و جۆی جوتیارانی کوردستان لەکاتێکدا تەواوی داهاتی جوتیارانی ناوەڕاست و باشوری عێراق لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەردەگیری و، جگە لە بریاری ڕاگرتنی تێپەڕاندنی هێڵی ئاسنینی نێوان بەندەری فاو بۆ تورکیا بە خاکی کوردستانی باشورەوە. هەرچەندە هەموو ئەزمونەکانی بنیاتنانی فیدڕاڵی ئەوەمان پێدەڵێت، کە پەیڕەوکردنی فیدراڵیزم بێ دیموکراسی و شەراکەت و بابەتی هاوڵاتیبوون نایەتەدێ و، ئەم سێ فاکترە لە ڕەوشی عێراقدا ونە و، لەهیچ کاتێکدا سازدانی هەڵبژاردن بە دیموکراسی یەکسان نییە، بەڵام ئەوەی هاوبەشە لە سەرجەم پاشەکشەکانی هەرێمی کوردستان لە دانوستانەکان و دواتر لە جێبەجێکردنیاندا، بریتییە لە کۆمەڵێک فاکتر، لەوانە: ــ نەبوونی یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی لایەنەکانی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو بابەتانە و، کارکردن بە سیاسەت (کارو کاردانەوە) لهنێوان خۆیان لەچوارچێوەی ململانێ و بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی لە هەرێمی کوردستاندا. ـ گواستنەوەی گۆڕەپانی ناکۆکی و ململانێکانیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی کوردستان پێشتر دەیانوت: ئەگەر لە کوردستاندا ناکۆکیش بین، لە بەغدا سەبارەت بە مافەکانی گەلی کوردستان یەکهەڵوێست دەبین. بەڵام هەڵوێست و کارەکانی حوکمڕانانی کوردستان گواستنەوەی ململانێکان بۆ بەغدا بوو. ـ بەردەوام شاندی هەرێمی کوردستان لە دانوستاندا لەگەڵ بەغدا بە عەقلیەت و مۆرکی شاندێکی فەرمانبەرانی حکومی لەگەڵ شاندێکی دەستەیەکی حکومی سەروتری خۆی بابەتی پشک و مافەکانی هەرێمی کوردستانی خستۆتەڕوو، چاوەڕێی قایلبوونی بەرامبەر بووەو، ئەمەش بەپێچەوانەی چەمکی توافق و شەراکەت و هاوسەنگییە، کە پرۆسەی سیاسیی پێکهێنانی عێراقی نوێی لەسەر بنیاتنراوەو، جێبەجێکردنی ئەم ئاڕاستەیەش وا دەخوازێ، کە شوناسی هەر شاندێکی هەرێمی کوردستان شوناسی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان و ئەرکەکانی ئەم بزوتنەوەیەی لەخۆبگرێت و، بابهتەکان لەبواری ئیداری و دارایی فراوانترە. لە ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستان و دوای لاوازی کارتێکردنمان لەسەر دۆستانی گەلەکەمان و، بەهۆی لاوازی متمانەی خەڵک بە توانای دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەمان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان و، بەهۆی ئەو پاشەکشەیەی کە لە ئاکامی بڕیاری دادگای پاریس و، هەڵوێستی نەیاری هەرێمایەتی لەئارادایەو، لە ئاکامی لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکاری لە هەڵوێستی دۆستان و، دوای سوتانی چەندین کارت لە ململانێ لەگەڵ بەغدا بۆ وەدیهێنان و پاراستنی ڕادەی نزمی مافەکانمان، لەوانەش کارتی وازهێنان لە بەشداریکردنی پرۆسەی سیاسی عێڕاق، تەنیا کارت بۆ زەمینەی کاراکردنی بەرەنگاربوونەوەو متمانەوەرگرتنەوەی تەواوی خەڵکی کوردستان و، بەردەوامبوونی ململانێ بەشێوەیکی گشتگیرو، بۆ پاراستنی ڕادەی نزمی پشکی هەرێم لە بودجەی دەوڵەتی عێراقدا لەم هەلومەرجەدا یەکهەڵوێستی کوردستانی پێویستە.
د. دانا حەمەعەزیز لە بیست ساڵی رابردوودا، ئەردۆغان دەستی بۆ سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورکیا بردوە بە سوپاو دادگاو هەواڵگری و بانك و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنیشەوە. سەرکەوتنی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، هەموو دەرگاکانی بۆ خستەسەر پشت کە ئیدی بێ ترس و بە متمانەی خەڵکەوە، پرۆژەی بە دیکتاتۆریبوونی سیستەمی تورکیا تەواو دەکات و بێ دوودڵیی جومگەکانی حکومڕانی بەتەواوی دەخاتە بندەستی خۆیەوە. وتاری ئەردۆغان لە ڕابردوودا بۆ تورکەکان "تورکیایەکی مەزن دایکی یەك نەتەوەی تورك " بووە، هەرئەمەش زامنی بردنەوەی بوو لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا! پێنج ساڵی ڕابردووی حکومڕانی ئەردۆغان بۆ خۆرئاوا، ئەزمونێکی تاڵ بوو، ئەردۆغان پەنای بۆ هەموو جۆرەکانی دژایەتیکردنی ئەوروپاو ئەمریکاو "ناتۆ"ش برد، هەر لە بەکارهێنانی کارتی پەنابەران و سوکایەتیکردن بە باڵوێزخانەو کونسڵگەرییەکانیان لە ئانکەرەو ئەستانبوڵ هەتا دەگاتە هاوکاری سەربازی لەگەڵ "داعش"و ڕوسیاو دژایەتیکردنی سوید. پەیامی دوای هەڵبژاردنی ئەردۆغان بۆ خۆرئاوا جیاواز بەڵام بەئازارتر دەبێ، ئەمجارەیان ئەردۆغان بە متمانەی خەڵکەوە بە ئەوروپییەکان و بە ئەمریکا دەڵێت، تورکیا زلهێزێکی دنیایەو زەمانەتی ئەو گەورەیەشی، ڕیگەی ڕوسیاو چین و ئێرانی دراوسێیەتی کە بچوکترین تێبینیان نیە لەسەر مەسەلەکانی تایبەت بە کەمینەی کوردو دیمۆکراسی و ئازادی. وەك نەریتێکی دوای هەڵبژاردن، پەیامی براوە، یەکێتیی و یەکڕیزیی یە. هەرچەند ئەردۆغان باسی یەکڕیزیی کرد، بەڵام پەیامەکەی پڕبوو لەخۆبایبوون و سوکایەتیکردن بە ڕکابەرەکانی. وەك میدیاکانی خۆرئاوا نوسیویانە "پەیامی ئەردۆغان بۆ یەکڕیزیی بێ مانایە، لەکاتێکدا سەلاحەدین دەمیرتاش سەرکردەی سێیەم گەورەترین پارتی سیاسی تورکیا لە زیندانە". لە پەیامەکەیدا ئەردۆغان بێمنەتانە بە کلیچدارئۆغلۆی وت "بای بای کەمال!"، ئەو قسە بازاڕییەی ئەردۆغان وەك سوکایەتی بە نیوەی خەڵکی تورکیا، سەرەتای دەسپێکردنی جەنگی دابەشبوونی کۆمەڵگەی تورکیایە کە ئایندەیەکی مەترسیداری دەبێت بەتایبەتی کە کلیچکدارئۆغڵۆ نزیکەی نیوەی تورکیای لەگەڵدایە بە کوردیشەوە! شەڕی ئەمجارەی تورکیا لەناوخۆدا، هەر لەگەڵ کورددا نیە، ئەو خۆی بۆ شاڵاوێکی گەورهتری سەرکوتکردن و پاکتاوکردنی ڕکابەرەکانی لە دیاربەکرەوە تا ئیزمیرو ئەستەمبوڵ، ئامادەکردوە. وەك بەڵێنیشی بە نەتەوەی تورك داوە، لەبەرامبەر خۆرئاوادا، بەڵێنەکانی لە قسەو وڕكگرتنەوە بکاتە کردارو تەنانەت لەگەڵیاندا بیگەیەنێتە مریشکە ڕەشە. بەڵام بەم دابەشبوونە قوڵە ناوخۆیی و بەم ئابورییە نالەبارەوە، ئایا تورکیا بەرگەی شەڕی ناوخۆو بەرگەی بچوکترین گەمارۆی ئابوری خۆرئاوا دەگرێت؟!
ئارام سهعید عیسای مەسیح دەفەرموێت" "هەموو مەملەکەتێک کە لەدژی خۆی دابەشبووبێت، دەڕوا بەرەو وێرانکاری." بەر لە دەستپێکردنی هەر دانوستانێک هەرکات کێشەو ناکۆکی ناوخۆیی هەبوو ئەوا چاوەڕوان بە لایەنی بەرامبەر ئەوە بەکاردەهێنێت و بەجیا لەگەڵ ناکۆکەکان دادەنیشیت و نفوزی خۆی زیاد ەکات. کاریکی تر کە دەیکات ئەوەیە چەند پەیامێک ئاڕاستە دەکات کە دەبێتە هۆی قوڵبونەوەی زیاتری ناکۆکییەکان... بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنی کوردستانی ئەگەرەکانی بەردەمی رێکكەوتنی تەسک دەبێتەوەو دەبێتە هۆی دواکەوتنی دانوستانەکان. "یەکگرتووبین بەپێوە وەستاوین، دابەشبووین دەکەوین". لەم دانوستانانەدا لایەنەکانی بەغدا متمانەو ڕێزیان بۆ لایەنی کورد کەم دەبێتەوە کاتێک دەبینن کورد پەرش و بڵاو و نارێکخراوەو گیرۆدەی ناکۆکی ناوخۆییە، چونکە ناتوانیت بڕوا بەجێبەجێکردنی ئەو رێکكەوتنە بکات و گومان دەکات لەکاتیدا لایەنێکی کوردی ناڕازیە، هەربۆیە دەرئەنجام کەوتنە. بەکورتی دانوستانی کاریگەر پێویستی بەوەیە لایەنی کوردی بەیەک بەرەوە بچیتە دانوستانەکەوە، ئامانجەکانی روون و ئاشکرا بن، سازشکردن پێویستە بۆ ئەوەی لایەنەکان بگەنە دەرئەنجام تەنانەت ئەگەر ئەوە هەندی گروپ نیگەران بکات کە رەنگە لەبەرژەوەندیان بدرێت چونکە لەکۆتاییدا ئەندامانی دانوستکار دەبێت کار بۆ بەرژەوەندی گشتی بکەن و خۆشگوزەرانی خەڵک لەسەرو هەموو ئارەزوە شەخسیی و حزبیەکانەوە بێت. کانتی فەیلەسوف لەمبارەیەوە دەڵێت" ئەگەر ئاشتیت دەوێت دەبێت ئامادە بیت بۆ رێکكەوتن" بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەک نیە کە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتیی ئامادەبن بۆ رێکكەوتن و نزیکەی چل ساڵە رێک ناکەون و ناگەنە ئەنجام، لەکاتێکدا لەحکومەتدا پێکەوەن، بەڵام ئایا لە رێکكەوتنەکاندا بەرژەوەندی گشتی و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان ئەولەویەتە؟ یان بەرژەوەندی حزبی و فراوانکردنی دەسەڵاتەکەیان لەپێشەوەی بەرژەوەندی هاوڵاتیانە، ئایا دروستە لایەنی کوردی بەتەنها پارتی بێت؟ یان پارتی و یەکێتیی بەجیا دانوستان بکەن؟ ئەی ئەو هێزانەی تر لە کوێی ئەم دانوستانەدان؟ دەبوایە دەیان کۆبونەوەو راوێژی ئاشکرا لەگەڵ هێزەکانی تر هەبوایە بەر لەدەستپیکردنی دانوستانەکان. تۆ بڵێی هەرێمی کوردستان بەخاک و خەلکەکەیەوە موڵکی پارتی و یەکێتیی بن؟ لەکۆتاییدا پاش ململانێی سەختی چل ساڵی رابردوو، هەموو دانوستانەکان بەم دەردە دەچێت، هەربۆیە ئومێدێک نیە کە بتوانن لەهیچ دۆسیەیەکی کوردستاندا بیبەنەوەو کۆتاییەکەی دەبێتە لەدەستدانی ئەوەی ماوە لە دەستیانداو هاولاتیانیش بەشێوەیەک بیزارن لەم دەسەڵاتە حوکمی بەغدایان پێباشترە لەوەی ئێستای کوردستان لەکاتێکدا دەرفەتی زێڕین هەبوەو دەسەلات لەدەستیداوە نەک هاوڵاتیان. پەنابردن بۆ حوکمی بەغدا بەم بیرکردنەوەو ئاڕاستەیەی ئێستای دەسەڵاتدارانی بەغدا وێرانکارییەکی ترە بەڵام لای هاوڵاتیان سزادانێکی گەورەیە بۆ دەسەڵاتی ئێستای کوردستان کە لەهەڵبژاردنی داهاتوودا دەرئەنجامەکانی تەواو دەردەکەوێت....
چیا عەباس خوالێخۆشبوو دکتۆر کەمال فواد، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی لەسەر هەوڵە بێ ژمارەکان بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی ناوخۆ لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ نوسینێکی بڵاوکردەوە بەناونیشانی: عەبە بازدەدات، لەڕاستیدا باش لێی تێگەیشتبوو تا ئەم چرکەیەش عەبە هەر بازەکەی نەداوە. کێرڤی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی تایبەت دوای وەفاتی مام جهلال (باسم لە ساڵەکانی شەڕی ناوخۆ نیە) هیچکات هەڵکشانی بچوک و داكشانی زەقی بەرچاوی ناجێگیری بەو جۆرەی ئەو چەند ساڵەی دوایی بە خۆیەوە نەبینیوە. کورد نامۆ نیە بەم دیاردە کوشندەیەی دەیان ساڵە، سەرەڕای ئەوەی دیاردەکە لە بنەڕەتدا زەمینەیەکی بەهێزی مێژویی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا زەمینەی ئاگری ئەو پیرە بورکانە گڕدارترو خۆشەتر دەکات چەندین گەمەکەرو فاکتەری ترن کە تێهەڵکێشی پێکهاتەکانی زەمینەکەی جاران بوون. پێش روخاندنی سەدام نەتەوەکانی عێراق بە کوردیشەوە نزاو دوعای دیموکراسیەتیان بەهەر وشکەدارێک و تاشە بەردێکەوە دەلکان، روکەشانە بۆ ئایندەی عێراق سەرسامی ئەو دەستەواژە تەماویەوە بوون. پاش نەمانی سەدام بە رەچەتەی ئەمریکا ئیبداعی تێدا کراو ناویان نا " دیموکراسی تەوافق" تا هەموو پێکهاتەکانی عێراق رازی بکەن و لە سایەیدا ئەمریکا بتوانێت کاری خۆی بکات. نوێنەرانی کورد لەناچاری و تەماعەکانیان لە عێراقی " نوێدا " قۆڵیان لێهەڵماڵی و بوونە داشی دامەی ئەو ئیبداعە، ئەزمونەکانی مەجلسی حوکم و یاسای قۆناغی گواستنەوەو پشکی سەرۆکێک بۆ کۆماری نوێ بۆ کوردو چۆنیەتی داڕشتنی دەستوری هەمیشەیی عێراق و دەغدەدانی کورد بە مادەی ١٤٠و بودجە زەمینەخۆشکەری نەشتەرگەریەکی جوانکاری ساختە بوون کە گروتینی ئەو بورکانە پیرەی نەک زیندو راگرت بەڵکو چاوچنۆک و درەندەتریشی کرد. رێكکەوتنی ستراتیژی ئەمنی نێوان ئەمریکاو عێراق کە هیچ برگەیەکی متمانەپێکراوی بۆ کورد لە خۆ نەگرتوە، روداوەکانی دوای شکستی سەربازی داعش، کارەساتی ١٦ ئۆکتۆبەرو شکستهێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم و لەدەستدانی کەرکوک و چەند ناوچەیەکی تری کوردستان بە رەزامەندی ئەمریکا ئەو سەلـمێنەرە یەکلاکەرەوانەن کە چۆن پرسی کورد لە داوێکی سەرسەختی ئاڵۆزدا گیری خواردوە. نە کوردو نە پێکهاتەکانی تری عێراقیش ( تایبەت گۆشەکراوانی مەزهەبی و نەتەوەپەرستی و شۆڤینزم) ئەهلی هیچ جۆرێک لە دیموکراسی راستەقینە نەبوون، ئێستاشی لەگەڵدا بێت وڵاتی نێو دوو روباری خوێناوی، کە ئیستا دەیان میلیشیای مەزهەبی توندڕەو و خوێنڕێژ بەڕێوەی دەبەن، پێویستی بەسەرکردەیەکی دەستوریی دەسەڵاتداری بە ویژدان و عادل هەیە، هەمان راستیش بۆ بەشەکەی کوردستانیش دروستە، تایبەت هەرێم خاوەنی دەستور نیەو یاساش سەروەر نیە، حزبایەتی و سەرکردەو بنەماڵە بوونەتە جێگرەوەی ئەو بۆشاییە ئازاردەرانە. دیاردە کوشندەکەی کوردی باشور لەم روداو و گۆڕانکاریانەدا زیندو راگیراوەو مێژوو و زەبری هێزو بەرژەوەندییە تایبەتیەکانیش زامنی شەرعیەتدانن پێی، پەرلەمانە کارتۆنیەکەش پەکخراوەو هیچی جەوهەریشی پێناکرێت. ناشێت بازێک بەسەر رۆڵی گرنگی وڵاتانی ناوچەکە بدەین، زۆر تایبەت شۆڤینزمی نەتەوەیی و مەزهەبی لە بەغدا، کە دیاردە کوشندەکەی کورد دەقۆزێتەوە کاتێک بەشێکی پاسەوانە گەورەکانی بورکانەکە ئارەزومەندانە لە دەروازەکانیان دەدەن و داوا دەکەن ئاگری بورکانە بڕێک خۆش بکەن. هەرچۆنێک بێت پاش چەندین پاشەکشەکردن بە سەروەری سیاسی هەرێم و زەوتکردنەوەی چەندین ناوچەی هەستیاری کوردستان و سنوردارکردنی دەسەڵاتی هەرێم لە پرسی نەوتدا ئێستا کێشەکانی بودجەو پێشنیاز کە حکومەتی بەغدا بکرێت بە نیمچە وەصیەک بەسەر بەشێکی ئەرکەکانی حکومەتی هەرێم زادەی سیاسەتە خۆپەرست و هەڵەکانی دوو هێزە دەسەڵاتدارەکەشن لە هەرێم. ئەم گەمەیە گەر وا بەردەوام بێت وەک رۆڵێتی روسی دەبێت بۆ کورد، چونکە هەر هەموو سیاسەت و هەنگاوەکانی بەغداو دەرودرواسێش پێمان دەڵێن دەیانەوێت ئەم هەرێمە بگەڕێننەوە بۆ ئەو سەردەمەی بە دەڵەمە دەشوبهێنرا.
زكری مووسا ئەو دەسكارییانەی لە لایەن لیژنەی داراییەوە خراونەتە پڕۆژەی بودجەی عێراقی، زۆر عەجیب و غەریبن و بە نەفەسێكی تاییفی و حقد و تۆڵەسەندنەوە نووسراون. لەوەش سەیرتر ئەو نوێنەرە كوردانەن كە پشتگیریی ئەو دەسكاریكردنانەیان كردووە. ئەو كوردانە یان زۆر نەزان و بەدبەخت و ماڵوێرانن یانیش ڕق و حقد كوێری كردوون، چونكە لە ڕاستیدا ئەو دەستكاریانە هیچ ڕێز و پێگە و دەستەڵاتێك بۆ كیانی هەرێمی كوردستان بە خەڵك و بە حكوومەت و ئەحزاب و دامەزراوەكانیەوە ناهێڵێتەوە. دەسكارییەكان لە واقعدا بەمشێوەیەن: 1. هەرێم هیچ دەستەڵاتێكی دارایی و سەرچاوەیەكی داهاتی نامێنێ، لەگەڵ ئەوەش دەبێ 10%ی پاشەكەوتی مووچە بداتەوە. دیار نیە كە دەبێ لە كوێ ئەو پارەیە بهێنێت و لەبری پاشەكەوت بیداتەوە. 2. هەرێم دەبێ 400 هەزار بەرمیل نەوت دەربهێنێت بەڵام لەو ناوچانە نا كە دەكەونە نێو پارێزگای موسڵ و كەركووك (كە بەشێكن لە كوردستان)، دواتر كە ئەو نەوتەی دەرهێنا دەبێ نەوتەكە تەحویلی حكوومەتی عێراقی بدات بێ ئەوەی دەستەڵاتی ئەوەی هەبێت تەعامول بەو داهاتە بكات كە لە ئەنجامی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی خۆی هاتووەتە دی. واتە نەوت بداتە عێراق و هیچ وەرنەگرێ تەنیا ئەگەر وەزیری دارایی عێراق حەزی كرد ئینجا هەندێك پارە بنێرێت. ئەوە ڕێك هەمان سیستەمی كۆیلایەتییە. كاتی خۆی كۆیلەكان كاریان دەكرد و فیودال و كۆیلەدارەكان بڕیاریان دەدا كەی کۆیلە بەختڕەشەکان نان بخۆن و چەندیش بخۆن. 3. پرسیار ئەوەیە بەپێی ئەو لۆژیكە سەیرە ئەگەر هەرێمی كوردستان ئەو 400 هەزار بەرمیلەی نەبێت یان كۆتایی بە نەوت بێت، پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا بە چ شێوەیەك دەبێت؟ 4. لە ئەگەری جێبەجێكردنی ئەو دەستكاریانەی ئەو برادەرانە ئیمزایان كردووە لە بودجەی گشتیدا كاریگەریی سلبی دەخرێتە سەر كەرتی تایبەتی هەرێمش و ئەو جموجۆڵە ئابووری و گەشتیاری و سەقامگیرییەی لە هەرێم هەیە تووشی كۆسپی گەورە دەبێت و بە دەیانهەزار گەنج كارەكانیان لەدەست دەدەن. 5. بابەتێكی تر مەسەلەی مامەڵەی ڕاستەوخۆی پارێزگاكانی هەرێمە لەگەڵ حكوومەتی بەغدا كە مەبەست لێی پارێزگای سلێمانیە. دەمێكە باس و خواس و هەڕەشەی ئەوە دەكرێت كە سلێمانی جیا دەكرێتەوە و ڕاستەوخۆ پارە لە بەغدا وەردەگیرێت. بەڵام ڕاستیەك هەیە پێویستە تاك تاكی دانیشتوانی خۆشەویستی سلێمانی بزانن. مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سلێمانی هەرگیز ڕوو نادات. بۆ ڕوونادات؟؟ وەڵامەكەی سادەیە. عێراق هیچ كات ئامادە نابێت لە هیچ و خۆڕایی مانگانە 600 ملیار دینار بۆ سلێمانی بنێرێت. ئەوان پرسیار دەكەن باشە بۆ دەبێ لە هیچ و خۆڕایی پارە بۆ سلێمانی بنێرین؟ خۆ خوا لێی نەگۆڕیوین. بەڵام ئەو بابەتە وەك كارتێكی گوشار بەكار دەهێنن بۆ لەیەكترترازانی زیاتری هەرێمی كوردستان و لایەنە كوردییەكان. ئەوەی ڕووی داوە تۆڵەسەندنەوەیە لە كورد كە هەوڵی داوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت. هەندێ نەزانی كوردیش كە ڕق لە پارتی كوێری كردوون بەدوای ئەو مەوزوعە كەوتوون وەك بڵێی شاكارێكی گەورەیان كردبێت. جێگەی داخێكی زۆرە میللەتێك دڕندانە ئەنفال و جینۆساید كرابێت ئێستا پێی ڕەوا نەبینرێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت بۆ ئەوەی بتوانێ سامان و سرووشتی خۆی بۆ ئاوەدانی و سەقامگیری بەكار بهێنێت. ئەگەر هەموو شتێك سرووشتی با و لە شوێن خۆی با دەبوایە تاهەتایە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی ئەو زوڵم و جینۆسایدەی كردبا كە لەدژی گەلی كوردستان ئەنجامی داوە. نەدەبوا یەك بەرپرسی عێراقی جورئەتی ئەوەی هەبا سەیری چاوی كوردێكی كردبا و دەبوایە هەمیشە چاوشۆڕ و شەرمەزار با.
کاروان مەحمود حاجی پرۆسەی نەوتیی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت دوای هاتنی (داعش)، گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی کورد بوو! بەڵام کە پارەکەی لەلایەن سەرانی دوو بنەماڵەو دوو حیزبی حوکمڕانەوە ئەدزرا، بوو بەگەورەترین بەڵا بۆ ئێستاو ئایندەی کورد. گەر پارەی نەوتی ئەو خەڵکەی هەرێمی کوردستان نەدزرایە، پانزە ساڵ زۆر بوو، کوردستانیان بکردایە بە هەرێمێکی پێشکەوتووی بوارەکانی ئابوری، ئاوەدانی، ئەمنی، ئازادی و دیموکراسی، دەخلی ساڵانەی تاکی کوردیان بەرزکردایەتەوە، لەجیاتی داگیرکردن و تاڵانی موڵکی گشتی و برەویان بەو کەرتە بدایە بەتایبەت لەبوارەکانی خوێندن و تەندروستی، بیمەی ژیان و بیمەی موڵک و ماڵیان بۆ هاوڵاتیانی هەرێمەکە دابینبکردایە، هێزێکی تۆکمەی پێشمەرگەی نیشتیمانیان بۆ پارێزگاری هەرێمەکە دروستبکردایە.. بەدڵنیاییەوە گەر وابا گەلی کورد لەهەمو کونجێکی دنیاوە بۆ پارێزگاریکردن لەو هەرێمە ئامادەی گیانفیدایی ئەبوو، هیچ کوردێکیش سازش و تەسلیمبونی بۆکەس قەبوڵ نەئەکرد . ئەگەر ماڵی مەسولەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان، خاوەنی هێزی تایبەت بەخۆیان و کەناڵی راگەیاندنی تایبەت و کۆمپانیای تایبەت بەخۆیان نەبونایە، گەمژەو نەزانیان نەخستایەتە جومگەکانی بەڕێوەبردنی کاری فکرو سیاسەت و رێکخراوەیی، جاشیان نەکردایە بەباش و باشیش بەجاش... کورد توشی ئەو خود نەفرەتیە نەدەبوو، ئەو رقەی لەخۆی و نیشتیمان و مێژووەکەی نەدەبووەوه! تۆوی ئەو رقە بەپلان و پیلان لەناخی کوردا چێنرا .گەر وانەبا کەس زاتی ئەوەی نەدەکرد وەک نوێنەری هەڵبژێردراوی کورد دەنگ بەلاوازکردنی پێگەی هەرێم لەبەغدا بدات. دەستوری عێراق لەوپەڕی هێزی کوردو لاوازی ئەوانیترا نوسراوەتەوە، ماف و ئیمتیازی زۆری بۆ گەلی کوردستان و ئەو پارێزگایانە دەستەبەر کردوە کە لە هەرێمێکدا، رێکخراون، مافی بڕیارو نوسینەوەی دەستوری تایبەت بەخۆیان، دروستکردنی هێزی نیشتیمانی تایبەت بۆ پارێزگاریکردن و فەرزیشی کردوە کە بەپێی سەرژمێری دانیشتوان میزانیەی تایبەت بەخۆی لەناوەندەوە بۆ دابینبکرێت . دەکرێت پابەندی دەستوری عێراق و دیدو روانینێکی جیاوازتر لەو پۆخڵەواتەی پارتی و یەکێتی ببین، ئاخر ئەوان گەر ئامانجیان دروستکردنی هەرێمێکی کوردستانی بەهێز بوایە لەعێراقا ئەبوایە لای کەمی لەو سێ بەندە دەستوریە ( کە لەدەستی خۆیاندا بووە) یەکێکیان جێبەجێبکردایە. جگەلەوەش دەستوری عێراق مافی داوە بەدانیشتوانی هەر پارێزگایەکی عێراق، بەهەرێمی کوردستانیشەوە، کە بتوانن بەدەنگی زۆرینە هەرێمێکی سەربەخۆ بەهەمو ئیمتیازو مافە دەستورییەکانەوە دروستبکەن . ئێمە چەند هاوڕێیەک پرۆژەیەکمان بۆ (بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی) نوسی، کاری باشمان بۆ کرد، بەڵام دواجار بنکەو بارەگاکەیان بەتۆپزی پێچاینەوە، ئێمەش (لاحول و لا قوە) کارەکەمان لەبەغدا کەوتە نێو ململانێی هێزە عێراقییەکان و دیسانەوە یەکێتی و پارتییەوە. دەسەڵاتدارانی یەکێتی، هەرکات لەسەر پلەو پۆست و پارە لەگەڵ پارتی رێکنەکەون هەڕەشەی رێکكەوتنی تاکلایەنە لەگەڵ بەغدا ئەکەن بەمەبەستی وەرگرتنی میزانیەی پارێزگای سلێمانی بەڵام هەرگیز جورئەتی باسکردنی هەرێمی سلێمانیان نیە چونکە لەبنەڕەتدا، کارەکەیان بۆ موزایەدەو بەدەستخستی ئیمتیازاتی زیاترە لە هەولێر، دەنا وەرگرتنی موچەی فەرمانەرانی پارێزگای سلێمانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی یەکێتی و تەنانەت پارێزگارەکەشیەوە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوری نیە. ئەگەر راستدەکەن و لەخەمی غەدری پارێزگای سلێمانیدان با روون و ئاشکرا لە حکومەتی هەرێم بکشێنەوەو تەبەنی پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی بکەن کەهەمو رێکارێکی یاسایی خۆی بڕیوە و بەدەست نوێنەرەکانی پارتی و یەکێتیەوە لەبەغدا گیریخواردوە .
د. كامەران مەنتك ئەگەر خەنجەرت لە بەر پشتی خۆت بینی، بزانە خەڵكیش پیاوە! (رەسول هەمزەتۆڤ) ئەو بەخ و لەخۆباییبوون و لوتبەرزییەی پارتی، ئەو تاكڕەوی و بێمنەتیەی بەرامبەر هێزو لایەنەكان و خەڵكی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی هەیەتی، كوردستان بەرەو هەڵدێر دەبات، لەجیاتی ئەوەی باوەش بۆ هێزەكانی تر بكاتەوەو هەوڵبدات كەشێكی ئاشتەوایی سەقامگیر بێنێتە بەرهەم، رۆژ بەرۆژ زیاتر رق و كینە لەناو كۆمەڵگەی كوردی دەچێنێت، ئێستا دۆخی هەرێم لەناوەوە دەكوڵێت و خەڵك ئامادەیە دەستی ئەهریمەنیش ماچ بكات، تەنیا لەدەست ئەو لوتبەرزییەی پارتی و ئەو بێهەڵوێستییەی یەكێتیی رزگاری ببێت، دیارە یەكێتیش لەپارتی كەمتری نەكردووە، بەڵام لەئێستادا یەكێتیی وەك ئەسپێكی بریندارو زوڕهانێكە لەسەرەمەرگدایەو پەلدەهاوێژێت، بۆیە لەكایەی سیاسی ئەمڕۆی هەرێم جگە لە هەڕەشەكردن و دەستبردن بۆ هێڵە نیشتمانییە سورەكان، ناتوانێت هەڵوێستێكی تری هەبێت، هەموو رەفتارەكانی یەكێتیی لە قۆناغی ئێستادا پەرچەكردارە بۆ هەڵوێستەكانی پارتی، بۆیە دەبێت بەر لەیەكێتیی رەخنە لە پارتی بگیرێت، كە كوردستانی بەم دۆخەی ئەمڕۆ گەیاندووە. لەو ماوەیەدا خەڵكی كوردستان بەداخەوە ئومێدێكی تراویلكە ئاسایی بە پرۆژەی بوجەی ئێراق هەبوو، پێی وابوو ئەو رێككەوتننامەی نێوان هەولێرو بەغدا( لەنوسینیكدا بە ملكەچبووننامە پێناسەم كرد) دەتوانێت دەروویەكی خێری لێبكاتەوەو هەناسەیەك بەبەر دۆخی دارایی هەرێم بێنێتەوە، كەچی بەگوێرەی ئەو گۆڕانكارییانەی لەلایەن لێژنەی دارایی پەرلەمانی ئێراقەوە لەو مادانە كراوە، كە پەیوەستە بە هەرێمی كوردستان، كێشەكان قوڵتر دەكاتەوەو قەیرانەكە گەورەتر دەكات، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە هەردوو دەڤەری سەوزو زەرد بەیەكجاری لەیەكتردەكاتەوەو دەیكاتە دوو هەرێمی جیاواز، ئەو گۆڕانكارییە بەشێوەیەك لەشێوەكان زیندووكردنەوەی هەمان ئەو رێككەوتنەیە، كە تاڵەبانی لەساڵی 2003 لەگەڵ ئەمریكییەكان ئیمزای كرد، مەبەستم ئیمزاكردنی فیدراڵی پارێزگاكانە. دەستەواژەی پارێزگای ناڕازی و پارێزگای رازی داهێنانێكی زمانەوانییە بۆ ئەو لەتكردنەی هەرێم، هاوكات مەسەلەی دانەوەی 10%ی مانگانە، لە پاشەكەوتی فەرمانبەرانی هەرێم، دێوجامەیەكی ترسناكە بۆ شاردنەوەی ئەو راستییەو هەوڵێكە بۆ سڕكردنی خەڵكی كوردستان، كە هەموو یارییە قێزەونەكان لەلایەن هەولێرو بەغدا دژی ئەو، واتە خەڵكی كوردستان دەگوزەرێت. لەراستیدا ئەو بێڕێزییەی پارتی بەداموزەگاكانی هەرێم و هێزەكان و خەڵكی كوردستانی دەكات، ئەوەی لێدەكەوێتەوەوهەر ئەو هەڵوێستەی لێچاوەڕوان دەكرێت، ئەو سیناریۆ قێزەونەی لەپەرلەمان روویدا ئەو یارییە دزێو و مناڵانەی لە پەرلەمان كردیان، بەرهەمەكەی واژووی یەكێتیی بوو لەسەر ئەو بوجەیەی، كە هەوڵیكی جدیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێم، كورد دەڵێت، ئەگەر وڵاخ زۆر ماندوو بكەی، خۆی لەچیا هەڵدەدێرێنێت، یەكێتیش لە رقی پارتی خۆی هەڵدەدێرێنێت و هەموو كوردستانیش لەگەڵ خۆی نوقمی وێرانكاری دەكات، بۆیە دەبێت ئەو گەمە ناشارستانییە سیاسییەی هەرێم رابگیرێت و بەرژەوەندی خەلكی كوردستان پێش بەرژەوەندی ئەو حیزبانە بخرێت!. بە بۆچوونی من ئەو هەڵبژاردنەی دادێت، ئەگەر بكرێت! زۆر جیاوازتر دەبێت لەو هەڵبژاردنانەی، لەماوەی سی ساڵی رابردوودا كراوە، (دیارە ئەگەر نەكرێت كارەساتەكە گەورەتر دەبێت)، دەبێت دڵسۆزانی كورد لە جیاتی بایكۆت و پشتتێكردن، ئەمجارەیان هەوڵدەن لیستی نوێ دروستبكەن و لە دەرەوەی ئەو هێزانە كورسی پەرلەمانی بەدەستبێنن، لەو قۆناغەی ئێستادا پیموا نییە، یەكێتیی و پارتی دیسان بە هەڕەشەی بەكارهێنانی هێز هاوسەنگی كۆن رابگرن، چونكە كۆمەڵێك هێز لە دەرەوە وەستاون و چاوەڕوانی كارێكی لەو شێوەیە دەكەن، بۆئەوەی پەلاماری هەرێم بدەن، كە رەنگ بێت لەمەدا زۆرینەی خەڵكی كوردستانیش پێشوازییان بكات، وەك پەرچەكردارێك بۆ حوكمی سەقەتی سی ساڵەی ئەو دوو حیزبەو لەپەنای گەڕاندنەوەی سەقامگیری، شوێنە هەستیارەكانی هەرێم بخەنەوە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان، بۆیە رەنگ بێت لەئێستادا، واتە بەرلەوەی پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای بۆجە بدات، پارتی وەك گەڕاندنەوەی رێز، دەستبەرداری هەندێك شت بێت بۆ یەكێتیی و رازی بكات، بەلایەنی كەم لە مەسەلەی دانیشتنەكەی پەرلەمان و كاراكردنەوەی كۆمسیۆن، هەرچەندە پەرلەمانی ئێراق، بەو پێكهاتە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەی هەیەتی، باوەڕ ناكەم دەرەفەتێكی وا لەدەستبدات، كە بەوردی كاری بۆ كردووە، بەڵام لەهەموو دۆخەكاندا هەر ئەو ئەلتەرناتیڤە لەبەردەستدایە، كەسی خنكاو ئومێد لەسەر تهڵه پووشێكیش دەچنێت!.
سالار مهحمود سەد ساڵە لەمەوبەر دابەشبوونێکی بنەڕەتی لە نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دروستبوو، نەخشەی ناوچەکە لەسەر بنەمای لەگۆڕنانی رێکكەوتنامەی سیڤەرو لەبەرچاونەگرتنی بەشێک لە دیدگاکانی دانیشتنەکانی کۆنگرەی قاھیرە لە ساڵی ١٩٢٠ داڕێژرایەوە. کورد بووە قوربانی یەکەم و خاک و خەڵکەکەی دابەشکرا بەسەر وڵاتانی تازە دروستبوودا. بەر لە سەد ساڵ بەبێ ئامادەیی ھێزێکی سیاسی کاریگەری کوردستانی بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەت بۆ کورد گەڵاڵە بوو. بەڵام تورکیا ئەو خەونەی بە پیلان و کەمپیەینی دیبلۆماسی گۆڕی بۆ سڕینەوەی خەونی کورد لە چواچێوەی لۆزاندا. نەک ھەر ئەوە بیرۆکەی دروستبوونی کۆماری سوری کوردستانیش لە سۆڤیەت لەلایەن تورکیا بە رێکكەوتن لەگەڵ یەکێتی شورەوی بەتاڵ کرایەوە. ئەوانەی بەناوی مارکسیەت و چەپەوە دروشمی بەرگریان لەخەباتی چەوساوەکان و گەلانی بندەست ھەڵگرتبوو بونە بەشێک لە پەرتکردن و راگواستنی کورد. لۆزان دەوڵەتێکی نوێی بەناوی تورکیا دروستکرد دەوڵەت بۆ تورکەکان و زیندانێکی گەورە بۆ کوردەکان. سڕینەوەی زمانی نەتەوەی دووەم لە تورکیا سەپاندنی زمانی تورک بەسەر گەلانی ناو وڵاتەکە. بۆچی کورد پرسی پێ نەکرا لە لۆزان؟ کورد خۆی بەچیەوە سەرقاڵکردبوو ئەو دەمە؟ بۆچی ئەرمەنەکان و لە رێگەی ئەوانیشەوە ئەوروپاییەکان ھاوسۆزنەبوون بۆ کورد؟ لە ١٤٣ مادەی لۆزاندا بۆ ناوی کورد نەھاتووەو رێکكەوتنی لەتکردنی خاک و خەڵکی کوردستان دراوە؟ لێکەوتەکانی لۆزان بۆ ھێشتا بەردەوامە؟ ھۆکارەکانی پشت رێکكەوتنی لۆزان چی بوو؟ پرسیارێکی زۆر لەم پرسەدا ھەن و پێویستیان بە گفتوگۆی ھێمن و زانستی ھەیە، دوور لە سۆزگەرایی و خۆ دزینەوە لە راستیە مێژووییەکان. لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا چەند کارەکتەری دەوڵەتی کارتێکەر ھەن لەوانە کارەکتەری دەوڵەتی و کارەکتەری نادەوڵەتی لەھەمان کاتدا کەسێتی دەرکەوتوو کارەکتەری کەسی لە سەروەختی لۆزاندا کورد ئەم کارەکتەرانەی نەبووە لە گۆشەیەکدا گەر ھەبووبن سەرقاڵکراون بە کاری لاوەکییەوە!. ھەر بۆیە لۆزان بەبێ ئامادەیی کورد کراو نەک مافی کوردی نەسەلماند بەڵکو دەرفەتی دا بەداگیرکەرانی کوردستان بەنەمان و سڕینەوەی ئەو گەلە دێرین و گەورەیەی ناوچەکە. لەناو ئەو نەخشە نوێیەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. کۆمەڵکوژی دەرسیم و کۆمەڵکوژی گەلی زیلان و کپکردنەوەی ناڕەزاییەکانی لۆزان و داگیرکاری بەر کوڵی ئەو رێکكەوتنەی وڵاتانی براوەی جەنگی جیھانی یەکەم و تورکیای نوێ بوو. لە دوای سەد ساڵ لە لۆزان. ئەوسا کورد پەرت و پەرش و بڵاو بوو. ئێستا کورد ئامادەیی ھەیە سەرباری درمە دێرینەکەی خۆخۆریی.ئەوسا کورد نەناسراو بوو پێگەکەی نەدەخونرایەوە. ئێستا کورد لەسەر ئاستی ھەموو جیھان ناسراوەو پێگەی سیاسی ھەیە لە رۆژئاوای کوردستان کانتۆنی ھەیە لە باشور ھەرێمێکی فیدراڵی ھەیە لەناو دەوڵەتی عیراق پێگەی دەوڵەتی ھەیە، لەوەش دڵخۆشکەر تر رەوەندێکی بەھێزی کوردستانی لەتاراوگە بوونی ھەیە. لەباکور فراکسیۆنی پەرلەمانی ھەیەو سەنگەرێکی بەھێزی ھەیە لەناو زیندانەکانی تورکیا. لەناو حوکمڕانی کوردستاندا لە باشورو رۆژاواش تارادەیەک بوونی گەندەڵی و پێشێلی مافەکانی مرۆڤ و نەبوونی یەک گوتاری لە پرسە سیاسییەکاندا بە خراپ بۆ پێگە سیاسییەکەی کورد کەتونەتەوە، بەڵام ھێشتا ھەر ھێزەو گەر بەباشی بۆ پرسە باڵاکانی نیشتمان و خەڵک بەکاربھێنرێ زۆر بەدەسکەوت ئەبێ بەڵام گوڕە سیاسییەکە خراوەتە بەرژەوەندی خێڵ و ناوچەو ھێزی تەقلیدی کە داگیرکەرانی کوردستان بە سانایی دەتوانن لە خشتەیان بەرن یا دەلاقەی زیاتری تێ بخەن. ئەوسا کورد لە ئاستی ئەوروپاو دەرەوە کەمترن کوردی لێ بوو. ئێستا چەندان لورد پەرلەمانتارو ئەندامی ئەنجومەنی شارو سەدان مامۆستای زانکۆن لە زانکۆ گرنگەکانی دونیا ھەن. ئێستا دۆخی کورد گۆڕاوە بەڵام ھێشتا مەترسییەکانی لۆزان ھەر بەردەوامە. تورکیای دوای سەد ساڵ لە لۆزان تورکیایەکی ھێشتا ملھوڕە دان بەمافە سەرەتاییەکانی کورددا نانێت و راسپاردەی نێودەوڵەتیش سەبارەت بە پێدانی مافی مەدەنی و کەلتوریش بە کورد رەتدەکاتەوە. لە ساڵی ١٩٩٩ لە لوتکەی ھلسنکی یەکێتی ئەوروپا، تورکیا پاڵێورا بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپاو چەند مەرج و رێکاری بەدەنگەوەھاتنی یەکێتی ئەوروپای خرایە بەردەست بەڵام تورکیا لەماوەیەکی کەمدا دەریخست کە بەدەنگ ئەو داخوازیانەوە ناڕوات بۆیە لە لوتکەی برۆکس لە ساڵی ٢٠٠٦ لە وەک پاڵێوراویش ناوی سڕایەوە. ھەر سەبارەت بەم پرسە لە ٩٦ ساڵەی لۆزاندا ئەردۆگان گوتارێکی داو رایگەیاند کە شانازی بە لۆزان و دەستکەوتەکانیەوە دەکەن. باسی لە لابردنی مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەی لە باکوری سوریاو عیراقیش کرد، دیارە مەبەستی قەوارەکەی ھەردوو بەشەکەی کوردستان بوو کە بەمەترسی لەسەر خۆیانی دەزانن. لەم سۆنگەیەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی کە عەقڵیەتی بەڕێوبردن لە تورکیا لەماوەی ١٠٠ ساڵدا گۆڕانکاری بەسەردا نەھاتوەو ھەر ھیوایەک بە حوکمڕانانی ئێستای تورکیا بێ سەمەرە. لۆزان ھەر بەرکارەو ھیچ کاتێک دیاری نەکراوە بۆ کۆتایی پێ ھێنانی. بەڵام لەناو ھاوکێشەکانی ناوچەکەو جیھانیشدا ھێزو بەرژەوەندی دەتوانن گۆڕانکاری بنچینەیی دروست بکەن. لۆزان بۆ دابەشکردنی ناوچەکەو دابەشکردنی کوردیش بوو بەپلەی یەکەم و بەو دابەشکارییە کێشەیەکی قوڵیان بۆ ناوچەکەو نەتەوەکانی ناوچەکە بەجێھێشت. ھەموو پرۆسەکانی کۆمەڵکوژی و تاوانە نێودەوڵەتییەکان کە دەرھەق بەکورد ئەنجام دراون لە لۆزانەوە سەرچاوە دەگرن. بە ئاوڕدانەوە لە ١٠٠ ساڵی رابردوو بۆ دونیا دەرکەوت کورد موعجیزەی مرۆڤایەتییە، بە بەرگەگرتنی ئەو ھەموو زلھێزە مرۆڤکوژو بێ بەزەییانە. کورد نەتەوەیەکی ئاسایی نیەو گەورەو کاریگەرە، لەباری کەلتورو زمان رەسەنایەتی و پەیوەستی بە نیشتمانەوە. لۆزان رەگێکی قوڵی لەمێژوودایەو لەئێستاماندا ھێشتا ھەر تۆز ئەکات، باسکردن لەو مێژووەش بۆ دەرس وەرگرتنە، بۆ ئەوانەی ئێستا کە خەریکی گەمەیەکی ھەرزانن بۆ بەرژەوەندی گروپێکی بچوک و بە رێگایەکی نانیشتمانی لەرێگەی یاریکردن بە سۆزی بەشێک لەخەڵکەوە دەیانەوێت ئەم جۆرە لە کوردایەتییە بێ پێزە بە جوانی وێنا بکەن. لەسەر دەستی خودویستی و رەچاوکردنی داگیرکەرانی کوردستان، وا ئەزموونی سی ساڵەی ھەرێم بەتاریکترین قۆناغەکانی سیاسی خۆیدا تێپەڕ دەبێت. لەبەر رۆشنایی ئەو راستیانە دەنگە نیشتمانییەکان وزە نوێ و زانستییەکانی کوردستان لەماوەی لۆزانەوە بەردەوام بن لە رەخنەی زانستی ئەم قۆناغەو روونکردنەوەی تاریکایی دۆخی ئێستا ئەو ئێستایەی دەرفەتە گەورەکانی شاردۆتەوە بۆ بەرژەوەندی ئابووری گروپی سیاسی بچوک. سەدەی نوێ سەدەی کوردو ھەڵگەڕانەوەی سەرجەم ھاوکێشەکان دەبێت، حەتمیەتی مێژووە درەنگ یا زوو ئەوە روو دەدات. تا ئەو ساتەی جیھان و ناوچەکە بە دەوڵەت و گەلانەوە دەگاتە ئەو باوەڕەی بەبێ راستکردنەوەی ھەڵەکانی مێژوو لەناویشیاندا لۆزان، ئەم ناوچەیە ھەرگیز ئۆقرەیی بە خۆوە نابینێ و کەس لەناو ئەم ھاوکێشەو لێکەوتانەی لۆزان وەک چۆن سەش ساڵە براوە نەبوە ئاوەھاش براوە نابێت. لە ئاوێنەی لۆزاندا کورد وەکو نوخبەی باڵادەستی سیاسی خۆی نابینێ و داگیرکەریش ناناسێ، بەو مانایەی ئەوەندەی گیانی خۆخۆری بۆ خۆشکاندن ئازاو ئامادەن ئەوەندە دوژمن و داگیرکەر ناخەنە ناو نیشانەی ستراتیژو کارەوە. لە ئاستی گەلدا، کورد لەھەموو سەردەمێک وشیارو بەئاگاترەو باش و خراپ جیا دەکاتەوەو چیتر بە پەیامی بێ کردارو بە بەناو تێزی بێ پێز ناچێتە ژێر باری رۆمانسیەتی فریودەر.
بەهرۆز جەعفەر پسپۆڕان لەوەدا هاوڕان کە لە سەدەی بیستو یەکدا; سروشتی «ڕووداو» لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانکارییە ناوچەییەکاندا خێراو دراماتیکییە؛ ئەمەش وا لە ئەکتەرەکان و ناوچە جیاوازەکان دەکات کە هەم چانسیان هەبێت لە شوێن و کاتی خۆیدا «هەر ڕووداوێک» بکەنە دەرفەت و خاڵی بەهێز بۆ خۆیان، هەم وا دەکات لە ناکاو هەڵگەڕانەوە ڕووبدات، پاشان ڕووبەڕووی قەیران و داخرانی نوێیان بکاتەوە. ئابوریی سیاسی هەرێمی کوردستان بە دەرفەت و هەڕەشەی گەورە دەوردراوە. ئایا پرسی نەوت و گازی سروشتی هەرێمی کوردستان دەرچەیەکی نوێی بۆ هەیە؟ ئایا چۆن قەیرانەکان دەتوانن دەرفەتی نوێ لەگەڵ خۆیان بهێنن؟ یەکەم/ فاکتەری تورکیاو کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دادگای نێوبژیوانی پاریس -ICC، ئەگەرچی بووە هۆی ئەوەی تورکیا لەسەر داوای بەغدا هەناردەی نەوتی کوردستان ڕابگرێت. بەڵام هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقی لەیەک نزیکتر کردەوە؛ دەنگوباسی ڕێککەوتنی نەوتیی هەرێم و بەغدا لە ئازاری ٢٠٢٣دا، بووە هۆی هەزاران هەواڵ و ڕاپۆرتی جیا-جیا لە میدیاو ناوەندە عێراقی و جیهانییەکاندا. ئەوە شەست و دوو ڕۆژ تێپەڕی بەسەر ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان تا ئێستا (٨) جار داوایان لە ئەنقەرە کردووە، تورکیا هەر هەرجارەی بیانوویەکی بۆ دەست پێنەکردنەوەی هەناردەکردنەکە هەیە. ئەوە ڕوونە کە ئاکپارتی و ئەردۆگان ئەم هەڵبژاردنەیان لەپەرلەماندا بردۆتەوە، ئەردۆگان بۆ جارێکی دیکە دەچێتەوە کۆشک و لە چانکایا درێژە بە سیاسەتەکانی دەدات. کورد لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکەونەوە بەردەم گەڕێکی دیکەی توندو توندتری پەلامارەکانی تورکیا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وەک دەرکەوتووە کورد نەیتوانی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و پرسی «ژینای ئەمینی» دا هیچ شتێکی دەست بکەوێت. لە باشوری کوردستانیش تورکیا هەر لە مووسڵەوە تا دەگاتە خانەقین، شێوازێکی نوێ لە دەستتێوەردان پەیڕەو دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا مەرجی نوێی بەرانبەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت لە بەرانبەر دەست پێکردنەوەی هەناردەکردنەکە. ئەمەش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیانی گەورە بە بوودجەی عێراق دەگەیەنێت. عێراق لەناوخۆداو لەگەڵ جیهانی عەرەبی دا بۆ وەڵامدانەوەی کارەساتە ئابووریی و ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی خۆی سەرقاڵی داڕشتنی ڕێگای گەشەپێدانە. دووەم/ فاکتەری بیرکردنەوە لە هێڵێکی نوێی وزە پێشووتر، لە پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، چەندین ڵێکۆڵینەوەمان سەبارەت بە جیۆپۆڵەتیک و حەوزەکانی وزە و کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردۆتەوە. هەرێمی کوردستان دەورە دراوە بە سێ هارتلاند یان سێ حەوزە یاخوود سێ کوتلەی جوودای وزە: - حەوزەی قەزوین، لە خۆرهەڵات و باکوری خۆرهەڵاتی کوردستانەوە. کە ڕووسیا نوێتەرایەتی دەکات، لەگەڵ ئێران نەک هەر یەک سیاسەتی وزە پەیڕەو دەکەن، دەیانەوێ بەشێک لەکێڵگەکانیان جۆین بکەن بەیەکەوە. - حەوزەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، کە دوانزە ساڵە بەهۆی دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی گازی سرووشتییەوە لە میسر، قوبرس، ئیسرائیل سەدایەکی گەورەی لای ئەوروپاو ئەمریکا دروستکردووە، کۆمپانیای نۆبڵ ئینرجی -Noble Energy لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی دیکە بەشێوەی پشک (١٩٠٠) کیلۆمەتر و بە تێچووی (٧) ملیار یۆرۆ بەژێر ئاودا هێڵی بۆڕییان لە نێوان قوبرس و ئیسرائیلەوە گەیاندۆتەوە دوورگەی کریت ی یۆنان و لەوێشەوە بۆ هەر کوێیەک.. لێرەدا یانەیەک یان لووتکەیەکی گرنگ هەیە بەناوی لووتکەی گازی سرووشتی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (EMGF) بە چاودێریی ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەریتانیا ئەندامەکانی پێک دێت لە؛ میسر، فەڕەنسا، ئیسپانیا قوبرس، ئیتاڵیا، ئوردون، دەستەڵاتی فەلەستین، ئیسرائیل و تەواوی ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە دەکەونە سەرئەم ڕێڕەوە دەریاییەو سنوری هاوبەشیان هەیە. تورکیا وڵاتێکی سەرەکییە لەسەر ئەم حەوزەیەو دە ساڵە داواو هاوار دەکات، بەشداریی پێناکەن لەم لووتکەیەدا. عێراق لە سییەکانی سەدەی ڕابردوەوە بە چەندین بۆڕی و شێواز ی جۆراوجۆر نەوتی هەناردەی دەریای ناوەڕاست کردووە. هەرێمی کوردستانیش لەوەتەی نەوت هەناردە دەکات بە بۆڕیی ناردوویەتی بۆ بەندەری جەیهانی تورکی کە هەر دەکەوێتە سەر دەریای سپی. - حەوزەی سێهەم کەنداوی عەرەبییە، دەکەوێتە لای خواری هەرێمی کوردستانەوە. قەتەر سێهەمین یەدەگی گازی سروشتی جیهانی هەیە. ئیمارات گەورەترین کاریگەریی سیاسی و دیبلۆماسیی و ئابوریی هەیەو بەرهەمهێنەری نەوتە، لە شادەماری ئابووریی هەرێمی کوردستاندا کاردەکات کە «کێڵگەی کۆرمۆرە لە لایەن کریسنت پیترۆلیۆمی ئبماراتییەوە بەڕێوە دەبرێت». لەمەش واوەتر، سعودییەی یەکەم بەرهەمهێنەری ئۆپیک ( ڕۆژانە ٧.٤ ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات) بە ڕێبەرایەتی «محەمەد بن سەلمان» دەستی کردوووە بە کرانەوەیەکی گەورەی کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ دەوروبەری خۆیدا. لەهەموو ئەمانەش سەرنجڕاکێشتر، ئیمارات لەگەڵ ئەوەی لەڕووی جوگرافییەوە ناکەوێتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، ئەندامە لە لووتکە گازییەکەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (EMGF). بە نزیکەیی (٩٠٪) ئەو یەدەگە نەوتیی و گازییەی لە سوریا هەیە، دەکەونە باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە «واتە ناوچە کوردییەکان»، لە دۆخێکی وادا بیرکردنەوە لەوەی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی هێڵێکی بۆڕییەکەی بەرەو باکوری سوریاو لەوێشەوە بۆسەر دەریای ناوەڕاست بگۆڕێت؛ نزیکترەو بابەتێکی مەحاڵ نییە. جەنگ لە سوریا بەرەو کۆتایی دەچێت و ئەم بیرکردنەوەیە پاڵپشتی کەنداوییەکان و ئەوروپاو ئەمریکای مسۆگەرە. تەنانەت ئەمجارە بەغداش پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە بەغدا تووشی کێشەی ئەمنی {بەهۆی موسڵ و شەنگال} ەوە، هەروەها کێشەی ئاو دەبێتەوە لەگەڵ تورکیا. لێ میکانیزم و ئاستەکانی کار بۆ کردنی، بەرجەستەکردنی خەونە گەورەکە کێ ئیشی بۆ بکات لە هەرێمی کوردستانەوە؟! بوونی دوو هێڵ -Pipeline گرنگە بۆ عێراق و بۆ هەرێمی کوردستانیش. هەر لە بنچینەدا خۆی دوو هێڵ بووە لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانییەوە. کاتێک نەوتی کەرکوک ساڵی (١٩٢٧) دۆزرایەوە. بینییان تا دێت ژمارەی بیرە نەوتەکان زیاد دەکات..ئەو کاتە کۆمپانیای نەوتی باکور بە دەست ئینگلیزەکانەوە بووە. ئینگلیزەکان دەیانویست هێڵی هەناردەکردنەکە بچێتە "حەیفا"، فەڕەنسییەکانیآ دەیانویست بچێتە "بانیاس" ی سوریا. دواتر "مستەر پێنج لەسەت" واتە "کالۆست گۆڵبنگیان" وەک سەرمایەدارێکی ئەرمەنی-بەریتانی کە لە تورکیا لە دایک بووە، ڕێکی خستن و بە دوو هێڵ نەوتی کەرکوک و باکور هەناردە دەکرا: یەکەمیان بۆ حەیفا (لەسەر دەریای ناوەڕاستە)، ئەوەی تریش دەچووە سوریا؛ تەنانەت لەناو سوریا ش دەبووە دوو لق: لقێکیان دەچوو بۆ بەندەری بانیاسی سوریا (لەسەر دەریای ناوەڕاستە)، ئەوەی تریش هەر لەسەر دەریای ناوەڕاست بۆ تەرابلوسی لوبنان. سێهەم/ سوریاو گەڕانەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی: دەرفەتەکە هەیە، بەڵام کورد ئامادەیی نییە! لە (١٩ی ئایاری ٢٠٢٣) بە فەرمی و بە ئامادەبوونی سەرۆکی سوریا «بەشار ئەسەد» دوای دوانزە ساڵ سوریا گەڕێنرایەوە ناو کۆمکاریی عەرەبی لە لووتکەی « جەددە». لووتکەکە سەراپا باسکردن بوو لەو هەڕەشە ستراکچەراڵ و ستراتیجییانە کە ڕووبەڕووی جیهانی عەرەبی بۆتەوە لە یەمەن و لیبیا و سودانەوە تا دەگاتە عێراق و سوریا. پاشان نیشاندانی دەمار « عەزەڵاتەکان» ەکانی سعودییەو ئیمارات بوو لە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە بۆ سەرکردایەتیکردن و زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا. هەنگاوەکانی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی سوریا بەگشتی، گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی بێ ئاگاداریی ڕووسیاو ئێران نییە. دەستەڵاتی تەواوەتی لە سوریا دەگەڕێتەوە بۆ دیمەشق؛ ئەسەد، ڕێچکەیەکی نوێ هەڵدەبژێرێت یان نا، مانەوەو چارەنووسی کورد لە سوریا پەیوەستە بە بوون و پاڵپشتییەکانی ئەمریکاوە. ئەمە تەختەی نوێی شانۆی حیهانییە؛ ڕۆڵی زلهێزو سۆپەر پاوەرەکان تەسکتر بۆتەوە، ڕۆڵی هێزە هەرێمیی یان ناوچەیییەکان زیاتری کردووەو دەکات. زیادبوونی ڕۆڵی هێزە ناوچەییەکان بۆ گەلێکی ژێردەستەی وەکو کورد کارەساتە. بەڵام بێ دەرفەتیش نییە؛ ئەوەتا شەمەندەنەفەرەکە وەستاوە، ئێوەی کورد سوار دەبن یان لە نێو خۆتاندا خەریکی «مەعمەعە» و بێنەو بەرەی لابەلا دەبن!؟ چوارەم/ فاکتەری هەرێمی کوردستان سیاسەت، پەیوەستە بە «مرۆڤ» ەوە، لەبەرئەوەی مرۆڤە توانای بیرکردنەوە، قسەکردن، ڕەفتارکردنی، ئاڕاستەکردن، چاودێریکردن و ڕێکخستنی هەیە. وەکو فاکت ئێستا جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، هیچ مرۆڤ و کۆمەڵە کەسانێکی تر نییە کە توانای ڕەفتارکردن و ئاڕاستەکردنی ئابورییانە، دیبلۆماسییانەو سەربازییانەی هەبێت. بەغداو جیهان بەگشتی مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو هێزە «بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان» دەکات، ئێمەش وەکو توێژەر مامەڵەو فۆکەس و گفتوگۆمان لەگەڵ ئەو دوو هێزەیە سەبارەت بە گرفتەکان و دۆزینەوەی فۆڕمێکی نوێ و تێگەیشتنی ئەوان لەسەر دیاردەکان. لەمیانەی کردنەوەی مۆزەخانەی سەرکردەی مێژوویی کورد خوالێخۆشبوو «مەلا مستەفا بارزانی» سێ هەنگاوی گەورە بە ڕێبەرایەتی کاک مەسعود بارزانی هاوێژرا: - دەستپێکردنی گفتوگۆی لایەنە کوردییەکان گەرم و گووڕی تێکەوت، ئەنجامەکەی کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگیرەکەی بوو، کە ماوەی ساڵێک بوو گرفتیان هەبوو. - وەک بینیمان، هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە مەراسیمەکەدا ئامادەییان هەبوو. - ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان کە تا ئەوپەڕی ناڕازیی بوون لە سیاسەتەکانی دوو حیزبە فەرمانڕەواکەی هەرێم، پێشوازیی و دڵخۆشیی خۆیان دەربڕی. بەڵام، پێناچێت، ئەمە گرفتە قووڵەکانی یەکێتی لەناوخۆی خۆی لەلایەک، لەگەڵ پارتی لەلایەکی تر چارەسەربکات. پێناچێت بیرکردنەوەیەکی گەورەتر و تەماشاکردنێکی نوێی ئەو دوو هێزە بۆ سەرجەم بابەتەکان بهێنێتە ئاراوە. ئەوەتا یەکێک لە دەرەوەی حیزبەکان دەچێتە سەر مەزاری «تاڵەبانی» جنێوی پێ دەدرێت، کەسێکییش سەردانی مەزاری «بارزانی» هەر جنێوی پێدەدرێت. هێشتا کەسێک ڕا-یەک و پرۆژەیەکی بۆ هێنانە ئاراوەی فۆڕمێکی نوێ هەبێت، لەبری بەرز-ڕاگرتنی بە هەردوولا کار لەسەر کووشتنی ئەو ڕۆحییەتە دەکەن. گەلێکی وا لەبری گوتاری پێکەوەیی و سروودی پێکەوەژیان لە پەرلەماندا شەڕە-شەق و شەڕە زللە بە پێش چاوی دونیاوە دەکەن! سەرئەنجام ئەمە شتەکان دەگەیەنێتە بێتاقەتی لای جیهانی دەرەوە، لای جەماوەر و چاودێران. دەرئەنجامەکان یەک/ ئەگەرچی تورکیا هێزێکی ناوچەیی کاریگەر و کارتێکەرە، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت لە ئێستاوە تا دوو ساڵی تر تووشی فەوزایەکی گەورەی ناوخۆیی و ناوچەیی ببێتەوە، بە هۆی قەیرانە دارایی و ئابورییەکەی، بەهۆی کێشە سیاسییە ناوخۆییەکانی، بەهۆی زیادبوونی ڕۆڵی هێزە ناوچەییەکانی تر وەکو: سعودییە، ئیسرائیل، میسر، ئیمارات، ئێران. هەروەها بەهۆی بەردەوامیی ئەردۆگان لە هەندێ لە هەڵچوونەکانی ئەمەش کارو کاردانەوەی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە. دووەم/ پێ ناچێت، هەرێمی کوردستان ئیرادەی وەرچەرخانێکی نوێی هەبێت، هەنگاوی وەها گەورە بهاوێژێ کە ئاوەدانی و ئاشتی زۆر گەورە بهاوێژێ، چوونکە ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لەناوخۆی خۆیدا وەک پێویست نییە، ئەمەش وادەکات ڕەفتارەکانی بە ئاڕاستەی دەرەوەی خۆی دەوڵەتییانە دەرنەکەوێت. سێهەم/ دەکرێت، پارادایمێکی نوێ بۆ کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە، لەگەڵ بەغداو کۆمکاری عەرەبی بەشدارییەکی کارایان هەبێت لە رێگەی « سیاسەتی ڕێگای گەشەپێدان» ەوە. ئاسانتر لێرەوە دەتوانن هێڵێکی نوێی وزە بینا بکەن، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بپاڕێزن و ڕێگەش لە هەڕەشەکانی تورکیاش بگرن.
عهدالهت عهبدوڵڵا له ئێستادا، ئهنجامدانی ههڵبژاردن له ههرێمی كوردستان، خواستی ئهو رێكخراوه نێودهوڵهتی و وڵاته رۆژئاوایی و دۆستانهی كوردیشی تیایه كه پێگهی دیبلۆماسییان له ههرێم و عێراقدا ههیه، ناوبهناویش بهرپرسانی حزبه كوردییهكان و كاربهدهستانیان ئهبیننن و پهیوهندییان لهگهڵدا دهگرن. لهو پهیوهندییانهیاندا، تێزی ئێستای رۆژئاواییهكان، بهتایبهتی له گهنگهشهكردنی دۆخی ههرێم و ململانێ و قهیرانهكانی ناوی، بریتییه له هاندانی گفتوگۆو داواكردنی چارهسهری ناكۆكییهكان، لهڕووی كردهییشهوه میكانیزمیان زیاتر ئهنجامدانی ههڵبژاردنه كه دهربڕی خیبرهو كولتوری دیموكراسیی ئهوانه، بهتایبهتی كه ههڵبژاردن، له ئهزموونی وڵاتانی دیموكراسیدا، ههندێجار، وهك رێگهچارهیهكیش ئهبینرێت بۆ جڵهوكردنی ئهو ههلومهرجانهی كه وڵات تیایاندا قهیرانبار دهبێ و زیانی بۆ كۆمهڵگه دهبێت و پارته سیاسییهكانیش له ململانێیهكی كراوهی بێ ئاكامدا دهبن. لهدهرهوهی ئهو دۆستانهی كورد، پارتی دیموكراتی كوردستان دڵخوازی ئهنجامدانی ههڵبژاردنه. ئهو پێی وایه له هیچ سهردهمێكی مێژووییدا نهبووهو رووی نهداوه كه هێزه ركابهره تهقلیدییه (50) ساڵییهكهی رابردووی، كه مهبهست له یهكێتیی نیشتمانیی كوردستانه، وهك ئێستا، گرفتی خۆئامادهكاریی ههبێت بۆ چوونه ناو ههڵبژاردنهوه، بهتایبهتیش لهسایهی ئهو دۆخه نائاساییهی كه تێدایه. پارتی دڵنیایه كه ههلی گونجاوی وای بۆ ههڵناكهوێت كه تیایدا بتوانێت، ئهمجارهیان، پێگهی خۆی بۆ نزیكی نیوهی كورسییهكانی پهرلهمان بهرزبكاتهوهو لهرێی كورسیی كۆتا-ی پێكهاتهكانهوه به تهواوهتی كۆنترۆڵی پرۆسهی سیاسیی ههرێم بكات. یهكێتیی نیشتمانی، پێدهچێ ئێستا لهم پێشهات و سیناریۆ دڵخوازهی پارتی تێگهیشتبێت، بۆیه ماوهیهكه، له پهیوهندییهكی گرژدایه لهگهڵ پارتی. راسته كهیسهكانی ئهم گرژییه زۆرن، بهڵام كهیسه چارهنوسسازهكه ئهو دهرهنجامه خوازراوهیه كه پارتی له ههڵبژاردنی ئهمجارهی دهوێت، بهتایبهتی كه ئهم هێزه، لهم ماوهیهدا، لهیهككاتدا، ههم ئاماژهیهكی گهمهی پهنابردنی بۆ كارتی پشتگیریكردنی جێگرهوه بۆ یهكێتی فڕێداوهته گۆڕهپانهكهوه، ههم كار لهسهر ترازاندنی ئهو بهره دژه پارتییهش دهكات كه یهكێتی له ململانێیدا لهگهڵی، گرهوی لهسهر دهكات. پارتی دیموكرات، دهیهوێت ههڵبژاردن بكرێت بۆ ئهوهی ئهنجامهكانی لای حزبه عێراقییه شیعییهكانی دۆستی یهكێتی و لای ئێرانییهكانیش بكاته پێوهر، ناڕاستهوخۆ ئهو پهیامه بگات كه ئهوان تهنها دیفاكتۆی هێزی گهورهو یهكلاكهرهوهی ههرێم نین، بهڵكو هێزی خاوهن پێگهی پهرلهمانی و جهماوهریشین، ئهوهشی بیهوێت له هاوكێشهكانی عێراقدا، چ له ناوخۆی ههرێم و چ له بهغداش، پشتیوانی قورسایی سیاسیی كورد بهدهستبهێنێت، ئهوا بژاردهی تری بۆ نامێنێتهوه جگه له مامهڵهكردن لهگهڵ ههولێر. لهم رووهوه، جاران، پارتی دیموكرات به تهنها حزبه سوننهكانی كردبووه دۆستی خۆی، ئێستا، بهره بهره، دهجوڵێت – ئهگهر به ههنگاوی سهختیش بێت - بۆ ئهوهی زۆربهی هێزه شیعییهكانیش بكاته پاڵپشتی ههڵوێست و سیاسهتهكانی، ئهمهش ئهگهر بهشێكی پهیوهندیی به ئامادهبوونی جوڵهی پارتییهوه ههبێت له گۆڕهپانهكهدا وهك حزبێك كه خاوهنی پرۆژهی حزبی و سیاسیی تایبهتیی خۆیهتی، ئهوا بهشه ههره گهورهكهی پهیوهندیی به بۆشایی پرۆژهو دیدگای سیاسیی روونی یهكێتیی نیشتمانییهوه ههیه بۆ ژیانی حزبایهتی و سیاسهت و پهیوهندییه نیشتمانی و عێراقی و ئیقلیمی و نێودهوڵهتییهكان. زۆر ئاماژه وا دهردهخهن كه یهكێتیی دوای تاڵهبانیی باوك، له دۆخێكی سهختی ململانێدا بێت. ئهمه ئهو فاكتهیه كه پارتی دیموكرات هاندهدات بچێته سهر ئهو باوهڕهی كه له ئێستادا تهنها دوو بژاردهی قبوڵ بێت له مامهڵهكردندا لهگهڵ یهكێتیی نیشتمانی، ئهوانیش به سادهیی، ئهوهن: یان خۆ ڕادهستكردنی لهسهرخۆی یهكێتی به پرۆژهی پارتی له ناو كوردو عێراق و ناوچهكهدا، یان پهراوێزخستنی لهرێی ململانێ رۆژانهو كۆتایی هێنان به هاوبهشی لهگهڵیداو دروستكردنی كێشهو ناسهقامگیری بۆی، ئهمه به دواین ههوڵیشهوه كه بریتییه له لێدانی پێگهی یهكێتی لهرێی ئهنجامدانی ههڵبژاردنێكهوه كه پێیوایه ههم عێراقییهكان و ههم رۆژئاواییهكانیش لهگهڵ ئهنجامدانیدان و بانگهوازی پهڵپ لێگرتنیشی، بێسووده!. بهمانایهكی تر، لای پارتی دیموكرات و خودی سهرۆكی ئهم پارتهو سهرۆك وهزیران و ههرێمیش، بابهتی ئهنجامدانی ههڵبژاردن یهكلابۆتهوه، ئهوهی لهم پرسهدا مابوو تهنها دۆزینهوهی سهنهدی یاسایی بوو لهرێی پهرلهمانهوه. ئهم حزبه، لهم رۆژانهدا لهناو پهرلهمان، بهبێ رهچاوكردنی یهكێتی و تاكلایهنانه، ئهو ههنگاوهشی نا، حاڵی حازر كار لهسهر ئهوهش دهكات كه قهناعهت به باڵوێزخانهو كونسڵگهری وڵاتان و نوێنهری یۆنامی و ئهوروپییهكانیش بكات كه پرۆسهكه ئاسایی و شهرعییه، بگره به زۆرینهی پهرلهمانی و لهرێی كاراكردنی كۆمسیۆنهوه، ههنگاوی بۆ ئهنجامدانی ئهو پرۆسه ناوه كه وڵاتان له ههرێمی داوا دهكهن. لێرهدا پرسیار ئهوهیه، ئایا بژاردهكانی یهكێتیی نیشتمانی، چین؟. راستی ئهوهیه كه، ئهم حزبه ماوهیهكه گرهوی لهسهر چوار پرسه: - گرهوی یهكهمیان، كاركردن لهرێی بهغداوه بۆ ئهوهی پارتی دیموكرات، بهو سیناریۆیهی كه دایڕشتووه، ئهنجامدانی ههڵبژاردنی بهسهردا نهسهپێنێت. ئهم گرهوه هێشتا بههێز نییه. رهنگه یهكێتیی نیشتمانی له ههندێ كهیسدا لهبابهت سامانی سروشتی و پرسی داهاتی نهوتدا زیان له پلانی ركابهرهكهی و كابینهی نۆ بدات، بهڵام بۆ ههڵبژاردن، تائێستا، نهچۆته پێشهوه. - دووهم: گرهوكردن لهسهر ههڵوێستی گۆڕان و یهكگرتوو و كۆمهڵ و ههندێ حزبی تری كوردی كه له پرسی كهیسهكانی تایبهت به ههڵبژاردن لهبهرهی ئهودا بمێننهوهو لایهنگیری لهو سیناریۆیهی پارتی دیموكرات نهكهن، لهمهدا تا ئێستا كۆمهڵی دادگهری، به ههندێ حساباتی حزبیی خۆیشییهوه، تا ڕادهیهك هاوسهنگهری یهكێتیی نیشتمانییه، ههرچی گۆڕان-ه، ئهوا وهك كۆنه ركابهرێكی تهقلیدیی ههردوو پارتی فهرمانڕهوا دهیهوێت پراگماتییانه سیاسهت بكاو سود لهو ململانێیانهی نێوان پارتی و یهكێتی وهربگرێت بۆ بههێزكردنی پێگهی خۆی، بهڵام بهبێ ئهوهی تائێستا نه لای پارتی و نه لای یهكێتیشهوه به رێكهوتنێكی سیاسیی دیاریكراو گهیشتبێت كه ئهو ئامانجهی بۆ ئاسان بكات. ههرچی یهكگرتووی ئیسلامییه، ئهوا سهرهڕای ئهوهی هێزێكی بهرههڵستكارهو پارتی زۆرجار ئازاری داوه، بهڵام بهپێی راپۆرته حزبییهكانیان و كهرنهڤاڵی لایهنگرانیان، دۆخیان لهم ههڵبژاردنهدا باشتر دهبێت، بگره گهشهیان كردووه، بۆیه له بهرژهوهندییاندا نییه كه ههڵبژاردن نهكرێت و لهم پرسهدا ناتوانن بچنه پاڵ یهكێتیی نیشتمانی، زانیاری ههیه كه ئهنكهره-ش دهستێكی له سهنگهربهندییه سیاسییهكانی ههرێمدا ههیه، بهتایبهتی كه، ههر وهك توركیا زۆرجار رایدهگهیهنێت، له پهیوهندیی نێوان یهكێتیی نیشتمانی و PKK و یهكێتیی نیشتمانی و ههسهده ئاسوده نییه، بگره به كردهیی سزای سیاسی و ئابوریی سنوری نفوزی یهكێتیی نیشتمانی، دهدات. - گرهوی سێیهمی یهكێتیی نیشتمانی، لهسهر ههڵوێستی بیانییهكانه كه له عێراق و ههرێمدان، بهو ئومێدهی فشار له پارتی بكهن و بیهێننه پای جێبهجێكردنی ههندێ له داواكارییهكانی یهكێتی. لهمهدا، راسته ههندێ پاڵهپهستۆو داواكاری لهسهر پارتی ههبووه بۆ گفتوگۆ و رێككهوتن، بهڵام نوێنهرانی وڵاتان، بهگشتی، ناچنه ناو وردهكاریی كهیسی ململانێكانی نێوان ههردوولاوه و لایهنگیرییش ناكهن، بهڵام لهپرسی ههڵبژاردندا لایهنگری دواخستنی ئهم پرۆسهیه نین، ئهمهش گرهوهكهی یهكێتیی نیشتمانیی ئاڵۆز كردووه. - گرهوی چوارهمی ئهم هێزه سیاسییه بریتییه له كارتی دوو ئیدارهیی، یان بهستنهوهی كارگێڕی و داراییانهی پارێزگاكانی سلێمانی و ههڵهبجه به حكومهتی فیدراڵییهوه. ئهم گرهوه لهبهر ئهوهی زهمینهسازی تهشریعی و دهستكاریكردنی یاساكانی دهوێت، هاوكات لهبهر ئهوهی نفوزی پارتی دیموكرات له بهغداشدا هاوسۆزی نییه، بهتایبهتی كه حكومهتی سودانی، لهبنهڕهتدا، به بهشداری پارتیی دیموكرات پێكهاتووه، ئهوا زیاتر وهك گرهوێكی سیاسی ماوهتهوه بهڵام ئیستیجابهی لهبهرامبهردا نییه، لهوهش زیاتر پارتی دیموكرات نهرمی زۆری بۆ حكومهتهكهی سودانی دهربڕیوه، هاوكات كار لهسهر رازیكردنی تاران و جێبهجێكردنی داوا سیاسییهكانی دهكات له ههرێم سهبارهت به ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، ئهمه جگه لهوهی وا دهردهكهوێت كه خودی یهكێتیی نیشتمانی خۆیشی، ئهم پرسه، زیاتر وهك كارتێكی فشار دهجوڵێنێت دهنا وهك پرۆژهیهك كه فۆرمۆڵهی واقعی ئیداریی ههرێم بكاتهوه لهگهڵ بهغدادا، كاری لهسهر نهكردووه. بهو مانایانهی سهرهوه، یهكێتیی نیشتمانی، بهشێوهیهك له شێوهكان، ناچاره كه یان ئازاری بژاردهی دووهمی پارتی قبوڵ بكات كه ململانێكردنه لهگهڵیدا بهبێ ئهوهی ئاسۆیهك دیار بێت كه له بهرژهوهندیی خۆیدا بشكێتهوه، یان ئهوهتا دهچێته رێككهوتنێكی نوێی سیاسییهوه لهگهڵ پارتیدا كه تیایدا ناڕاستهوخۆ دیفاكتۆی پارتی قبوڵ بكات، یان ئهوهتا بژاردهی خۆی تاقیدهكاتهوه كه پشتبهستنه به پرۆژهیهكی مومكینی خۆرێكخستنهوهو ریفۆرمكردنی خێرای دۆخی ناوخۆیی خۆی و ریزهكانی. ئهم بژاردهیه، ئهگهرچی، وا دهردهكهوێت كه له ههردوو بژاردهکەی تر، گونجاوترو بهشكۆتر بێت، بهڵام كێشهیهكی گهوره له رێیدا، كاته. یهكێتیی نیشتمانی دهیتوانی پێش ساڵێك ئهم بژاردهیهی جێبهجێ بكردایه، كه نهیكردووه، له ئێستادا ئاسان نییه كه به ههنگاوی ماراسۆنییانهش فریای كۆكردنهوهی خۆی و ئاشتكردنهوهی كادیرو ئهندام و لایهنگرانی تۆراوی خۆی بكهوێت. ئهمه دهوترێ بهبێ ئهوهی ئهم گرهوه بههای خۆی بدۆڕێنێت، بهتایبهتی كه ههندێجار، له سیاسهتدا، رووداوی لهناكاو و چاوهڕواننهكراویش ههیه. *توێژهر له ناوهندی ئهكادیمیی توێژینهوهی نیشتمانی ACNS
د. جەعفەر عەلی لۆنگریك لە كتێبی (چوار سەدە لە مێژووی عیراقی نوێ)دا، زاراوەی دروستكەری پاشا، یان مەلیك دروستكەر (King Maker)ی، وەك ئاماژەیەك بۆ كاریگەری هێزو دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان پاشای بابان، لە دانانی والی عوسمانی لەبەغدا بەكارهێناوە. لەئێستاداو لەیەكلاكردنەوەی ئەنجامی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیادا، دەتوانین سینان ئۆغان وەك دروستكەری پاشا ناوبنێین. ئۆغان هێزی ئەوەی دەبێت، یەكێك لە دوو ڕكابەرەكەی سەرۆكایەتی، كەمال كڵچدارئۆغڵو یان ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، بگەیەنێت بە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار لە ئەنكەرە. گومان لەوەدا نییە، ئۆغان بەحوكمی ئەو دەنگانەی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا هێناویەتی (5،17%)، ئەگەر توانای پاراستنی قەبارەی دەنگەكان و یەكڕیزی (هاوپەیمانی ئاتای) ناسیۆنالیست و ڕاستڕەوی هەبێت، دەتوانێت لە گەڕی دووەمدا، كاریگەری گەورەی هەبێت و دوورنییە ئەم قەبارەی كاریگەرییە هێزی ئەوەی هەبێت، دەرگای كۆشكی دۆڵمەباخچە بەڕووی یەكێك لە دوو كاندیدە ڕكابەرەكە بكاتەوەو وەك مەلیك بیخاتە سەر كورسی سەرۆكایەتی. ئۆغان، لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە سەر بە دونیای فاشیزمی نەتەوەیی و ڕاستڕەوی توركیایە، كوردی نەك وەك مرۆڤێكی ئاسایی و مەدەنی، بەڵكو وەك بەكرێگیراو و نۆكەریش قبوڵ نییە، ئەو نەك بە بوونی هەدەپەو هەر نزیكبوونەوەیەك لێی بێزار دەبێت، بەڵكو بوونی هوداپاریش وەك هێزێكی سیاسی- ئیسلامی كوردی سەر بە هێڵی سیاسی و فیكری ئەردۆگانیش ڕەتدەكاتەوە. ناسیۆنالیزمی توندڕەو و هەڵكشاو بۆ ئاستی فاشیزم سەرچاوەی فیكری سیاسی ئۆغانە. ئەو ڕاستە لە ماڵی پارتی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە)ەوە هاتووەتەدەر، بەڵام ئەوەی ئەوی لەم پارتە هێناوەتەدەر، ناكۆكی فیكری لەبارەی هێڵی فاشیزمی نەتەوەیی مەهەپەو دژایەتیكردنی توندڕەوی نەتەوەیی نەبووە، بەڵكو هەوڵدان بووە بۆ گەیشتن بە لوتكەی دەسەڵات لەناو پارتەكەدا، بۆیە لە دەرەوەی ئەو پارتەش، وەك فیگەرو كارەكتەرێكی سیاسی، خەریكی كاركردن لەناو هەمان دونیابینی فاشیزم و دابەشكردنی كۆمەڵگەی توركیا بووە بۆ خوێنی پاك و خوێنی پیس، ڕوناكی و تاریكی، منی توركی فریشتەیی و ئەوی كوردی شەیتان. ئێستا ئۆغان، وەك كەسایەتییەكی سیاسی و كاندیدێكی خولی یەكەمی ململانێی سەرۆكایەتی توركیا، دەنگی خۆی خستووەتە پاڵ دەنگی هاوپەیمانی كۆمارو ڕایگەیاندووە، لە خولی دووەمدا دەنگ بە ئەردۆگان دەدات. هۆكاری ئەم هەڵوێست و بڕیارەی ئۆغان ڕوونە، ئەردۆگان وەك شەیتانێكی سیاسی چەندین ساڵە، خەریكی پەلاماردانی هەموو بوونێكی سیاسی و كولتوری و مەدەنی كوردییە. لەڕێی پەلاماردان و زیندانیكردنەوە هەوڵدەدات ڕێگەكانی بەردەم خەبات و جوڵەی مەدەنی و دیموكراسی لە كورد دابخات. لە هەڵبژاردن و ململانێی دیموكراسیدا لێیدەبەیتەوە، پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران هەڵدەگرێت و زیندانیان دەكات، لەململانێی سیاسی شارەوانییەكانیش شكست دەخوات، بە (سیستەمی قەیوم) ئەنجامی هەڵبژاردن بەتاڵ دەكاتەوهو خەڵكی خۆی وەك فەرمانبەر لە شوێنی سەرۆك شارەوانییە كوردە هەڵبژێردراوەكان دادەمەزرێنێت. پەنا بۆ چەك و خەباتی چەكداریش ببەیت دەڵێن، كوردەكان تیرۆریستن. هیوادارم پیاوە دینی و فەتواچییەكانی یەكێتی زانایان، ئەوانەی نە تەنیا چاو لە ئاستی ستەمكاری ئەردۆگان دادەخەن، بەڵكو پشتگیریش لە سیاسەتی نكوڵی لە بوونی سیاسی و كۆمەڵایەتی كورد دەكەن، ڕێگەی سێیەم بۆ تێكۆشان، بۆ داكۆكی لە بوونی سیاسی و كولتوری بدۆزنەوەو بۆ كوردی باكوری پێشنیار بكەن. ئەوەی دەنگی ئۆغانی وەك سیاسییەكی ناسیۆنالیستی ڕاستڕەو بردۆتە پاڵ دەنگی ئەردۆگان، نكوڵی لە بوونی سیاسییانەی كوردو بە تیرۆریست ناساندنی هەر جوڵەیەكی سیاسی و مەدەنی كوردە لەلایەن ئەردۆگان و باخچەلییەوە، جا ئەو جوڵەیە لە باكور، ڕۆژئاوا، یان باشوری كوردستان و هەر گۆشەیەكی دیكەی ئەم دونیایەدا بێت. واتە كۆكردنەوەی دەنگ لەسەر بنەمای مامەڵە بە خوێن و مافی نەتەوەیەكی دی، نەتەوەیەك، هیچ گوناهێكی لەوەدا نییە، كە خودا بوونێكی سیاسی، كۆمەڵایەتی، زمان و كولتوری جیاواز لە توركی پێبەخشیووە. سینان ئۆغان، لە خولی یەكەمدا، خاوەنی نزیكەی سێ ملیۆن دەنگی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییە. ئەو خۆی نە حیزبی سیاسی هەیە، نە ئەندامی هیچ حیزبێكی سیاسیشە، بەڵكو كاندیدی هاوبەشی چەند پارتێكی نەتەوەیی توندڕەو بووە بۆ سەرۆكایەتی. بە ئەگەری زۆرەوەو هەر وەكو لە ئێستاوە ئاماژەكانی دەركەوتوون، (هاوپەیمانی ئاتا)، كە ئۆغانی كردووە بە كاندیدی هاوبەش، بە هاوبەشی ناچنە ژێر باڵی فەرمانەكانی ئۆغان لە دەنگدان بە ئەردۆگان، واتە بە ئەگەرێكی زۆرەوە هاوپەیمانێتییەكە بەسەر هەڵوێست و بڕیاری جیاوازی پارتەكانیدا دابەش دەبێت. دابەشبوونەوەی هاوپەیمانێتییەكە بەسەر پارتە جیاوازەكانیدا، بەر لە هەر شتێكی دی هەڵوێستی سیاسی و پێگەی كۆمەڵایەتی و جەماوەری ئۆغان لاواز دەكات، لێرەوە ئۆغان لەوە دەكەوێت لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا، هێزی دروستكردنی مەلیكی لە كۆشكی دۆڵمەباخچەدا هەبێت. بەبڕوای ئێمە، جگە لە پارتەكانی ناو هاوپەیمانێتی سێیەم (ئاتا)، كە هەڵوێستیان چی دەبێت، ملیۆنان دەنگی بایكۆت و ئەو دەنگانەیش لە خولی یەكەمدا بۆ ئەردۆگان و كڵچدار ئۆغڵو چوون، مەرج نییە وەك خۆی و بە جێگیری بمێننەوە. ڕەنگە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی شارەوانی ئەستانبوڵ (٢٠١٩) باشترین نموونەی ئەم قسانەمان بێت. لە ٢٠١٩دا، (ئەكرەم ئیمام ئۆغڵوو)ی كاندیدی جەهەپە، بە ڕێژەیەكی كەم، نزیكەی پازدە هەزار دەنگ پێش (بن عەلی یڵدرم) سەرۆك وەزیرانی پێشوو و كاندیدی ئاكەپە كەوت و هەڵبژاردنەكەی بردەوە، بەڵام ئەردۆگان ئەنجامەكەی ڕەتكردەوەو هەڵبژاردنی دووبارەكردەوە. لە دووبارەكردنەوەدا، كاندیدەكەی جەهەپە بە ڕێژەیەكی زۆر زیاتر، نزیكەی هەشت سەد هەزار دەنگ پێش كاندیدەكەی ئاكەپە كەوت و ئەردۆگان و ئاكەپەی تووشی یەكەم شۆكی هەڵبژاردن لە ئەستانبوڵ و توركیا كرد. ئایا مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، ئایا گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا ئەردۆگان دەخاتەوە بەردەم وەستانەوە لەبەردەم شۆكی دووەم و گەورەتردا. بێگومان ئێمە دەزانین، ئەوەی ئێستا دەكرێت هەڵبژاردنی شارەوانی نییە، دەیشزانین لە خولی یەكەمدا، ئەردۆگان زیادتر لە دوو ملیۆن دەنگ پێش كڵچدار ئۆغڵوو كەوتووە، بەڵام ئەوەش ڕوونە، پێشبینیكردن بۆ دەرچوونی یەكێك لە كاندیدەكان لە گەڕی دووەمدا ئاسان نییە. ململانێكە، ململانێیەكی قورس و تا ڕادەیەكیش هاوسەنگە، ئەگەرەكانی سەركەوتنیش بۆ هیچ یەكێكیان مسۆگەر نییە، چونكە لەلایەكەوە، تا ڕادەیەك نزیكی ئەنجامەكانی خولی یەكەم لە یەكدی، لەلایەكی دی، ئەگەری گۆڕینی هەڵوێستی بەشێك لە دەنگدەران و گواستنەوەی دەنگدان لە كاندیدێكەوە بۆ یەكێكی دی، دەبێ هەمیشە وەك بەشێك لە ناجێگیری هەڵوێستی ژمارەیەكی زۆری دەنگدەر لەبەرچاو بگیرێت، جگە لە ئەگەری بەشداری زیادتری دەنگدەران و كەمبوونەوەی ڕێژەی بایكۆت، كاریگەری شێوەی كامپەینی هەڵبژاردن، زیادو كەمكردنی بەڵێنەكان، هەموو ئەوانە دەشێت كاریگەری بەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكەوە جێبهێڵن. هەرچەندە لە ڕواڵەتدا لەوانەیە زۆربەی پێشبینییەكان ڕوو لە سەركەوتنی ئەردۆگان بن، بەڵام پێشبینی بە تەنیا لەسەر بنەمای ئەنجامەكانی گەڕی یەكەم، مەرج نییە ڕاست دەرچێت، بۆیە ئەگەری پێشكەوتنی كەمال كڵچدار ئۆغڵو و دووبارەكردنەوەی نموونەی شارەوانی ئەستانبوڵیش، ئەگەرێكی زیندووە. ئەگەرێكی لەم جۆرەش تەنیا ئەردۆگان و ئاكەپە شۆك ناكات، بەڵكو تێزی بینینی ئۆغانیش وەك مەلیك دروستكەر بەتاڵ دەكاتەوە.
سهردار عهزیز هەرچەندە گۆڤاری پۆلیتیکۆ ئاماژە بە پیازو بەرماڵ دەدات، بەڵام مەبەستی ئەو جیاوازە. مەبەستی پۆلیتیکۆ خوێندنەوەی پرۆسەی وروژانی کۆمەڵایەتییە، نەک ڕوانگەی دوو هێز بۆ ئێستاو داهاتووی تورکیا. ئێمە پیازو درۆن وەردەگرین بۆ قسەکردن لەسەر دوو هێزو ڕوانگەی زاڵ لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا. هەر کەسێک چاودێریی هەڵبژاردنەکانی تورکیای کردبێت بەئاگایە لە ئامادەیی پیاز، کاتێک کەمال کلیچدارئۆغلۆ سەرکە پیازی بە دەستیەوە دەگرت و دەیگوت، بە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆگان کیلۆی پیاز لە سی لیرەوە دەبێت بە سەد لیرە. کەمال کلیچدار کە وەهای دەگوت لە مەتبەخەکەیاندا دانیشت بوو، کە مەتبەخێکی زۆر ئاسایی بوو. هەموو ئەمانە ئاکتی پڕ لە ئاماژەن. ئەردۆگان لە وەڵامدا گوتی لەم وڵاتەدا کێشەی پیازنیە، کێشەی پەتاتە نیە، هەروەها تەناتەت کێشەی خەیاریش نیە. هەرچەندە ئێمە مەبەستمان هێندە ڕەهەندی هەڵاوسان و گرانی خواردن و سەختی ژیان نیە لێرەدا، بەڵام ئەو ڕەهەندەی لای خەڵکی ئاسایی تورک ڕوونە. سەرۆکی پێشووی تورکی سولەیمان دیمیریل قسەیەکی بە ناوبانگی هەیە دەڵێت هەموو حکومەتێک دەتوانرێت بە قاپی مەتبەخ بڕوخێنرێت. مەبەستی لە گرانبونی خواردن یان بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری ئابورییە. دیارە ئەمە تەنها هەتا ئاستێکی زۆر جیهانییە. لە سەردەمی کلینتۆندا قسەیەک هەبوو دەیگوت، ئابورییە، گەمژە. تێڕوانینی ئێمە بۆ ئەم دیاردەیە، لەو ڕوانگەیەوە کە ئەگەر کلیچدارئۆغلۆ بێتە سەر دەسەڵات ئەوا هەوڵی بۆ ئەوە دەبێت کە کار لە سەر ئابوری تورکی بکات. ئەم جەختکردنەوە لە سەر ئابوری، بە مانای ئەوەدێت کە تورکیای ژێر دەسەڵاتی چەهەپە، وڵاتێک دەبێت کە بۆ ناوەوەی خۆی دەڕوانێت نەک دەوروبەرو دەرەوە. ئەم سەرقاڵبونە بە ناوەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر کورد هەیە. بەپێچەوانەوە، کرۆکی بانگەشەی ئەردۆگان لەسەر کردنەوەی کارگەی سەربازیی و بنکەی ئەتۆمی و درۆن و کەشتی ئاسمانی بوو. ئەردۆگان دەیویست وەها دەربخات کە تورکیا گەورەیەو دەیەوێت لە ناوچەکەو دونیادا ڕۆڵی هەبێت و توانای دروستکردنی کاڵای سەربازیی هەیە. ئەم بانگەشەیە لەکاتێکدا پەیامی جیوپۆلەتیکی هەیە کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە فراوانخوازی و دەستوەردان و کێشەدروستکردن، بەڵام لە هەمانکاتدا هەوڵێکە بۆ پۆشینی کێشەی گرانی. ئێستا کە مەبەستمەکەمان ڕونکردەوە، بابێینە سەر خوێندنەوەی بانگەشەکان. کەمال لە مەتبەخ و ئەردۆگان لە کارگە. لە هەمانکاتدا هەوڵدەدەین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، ئایا کەمال باشە یان ڕەجەب؟ کاتێک کەمال کلچدارئۆغلۆ لە مەتبەخێکدا دانیشتوەو پیازێک ڕادەوەشێنێت دەیەوێت بڵێت سادەترین شت، سەوزەیەکی هەرزانی ڕۆژانە نرخی زۆر بەرزبوەتەوە، ژیان گران بووە، ئەردۆگان ژیان گرانتر دەکات، حکومەتی من بە ئاڕاستەی ئاسانکردنی ژیان و باشترکردنی ئابوری کاردەکات. جۆرێک لە هاودەنگی هەیە کە یەکێک لە هۆکارەکانی هەڵاوسان لە تورکیا جۆری مامەڵەو تێگەیشتنی ئەردۆگانە بۆ ئابوری، کە بە پێچەوانەی هەموو دونیاوە، بڕوای وەهایە هەرزانکردنی پارە ڕێگاچارەی شیاوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵاوساندا. بەم پێیە حکومەتی کلیچدارئۆغلۆ کار لەسەر گەورەکردنی سەربازی و دەستوەردانی ئیقلیمی و شەڕ ناکات، چونکە دەیەوێت نرخی لیرە بەرزبێتەوە. هەموو خەڵک لە تورکیا هاوڕان لەگەڵ کەمال کلیچداردا، بەڵام باوەڕی پێناکەن کە کەسێکی گونجاوبێت هەتا بتوانێت دۆخەکە چارەسەر بکات، بۆیە هەر دەنگ بە ئەردۆگان دەدەن. لەئاستی جیوپۆلەتیکیدا، مانای ئەوەیە کە حکومەتی تورکی بە سەرۆکایەتی کلیچدارئۆغلۆ هەوڵی هەناردەی سەرباز بۆ دەرەوەی سنور نادات، هەوڵی دەستوەردان لە جەنگەکاندا ناکات، دەیەوێت لەگەڵ ئەوروپاو ئەمریکا پەیوەندییەکانی باش بکات، بۆ ئەمەش دەبێت پێچەوانەی ئەردۆگان بێت هەتا لیرە بەهای بۆ بگەڕێتەوە. ئەمە بۆ کورد یانی چی؟ هەردوو جەختکردنەوە لە پرسە ناوخۆییە ئابورییەکان و هەوڵی باشکردنی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوادا بە سودی کورد دەشکێتەوە، بەپێچەوانەی ئەردۆگانەوە، کە لە هەوڵی پەلکێشانە بۆ دەرەوەو لە هەوڵی پتەوکردنی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتدا کە هەمویان دژ بە بوون و مافی کوردن. هەڵەی کامپی کەمال کلیچدار ئەوەیە کە سەر بە سەردەمێکە خەریکە کۆتایی دێت. پێشتر زۆرمان لەم ڕەخنانە لە کامپی ئەردۆگانەوە بیست بوو. کامپی ئەردۆگان وەها بیردەکەنەوە کە سەردەمی ڕۆژئاوا کۆتایی هاتووە، بۆیە ئەوان نابێت تەنها ڕوو لە ڕۆژئاوا بن، بەڵکو دەبێت وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ کار بکەن. ئەمەشە کە بانگەشەکەیان لەژێر دروشمی سەدەی تورکیدایە. بەڵام ڕێچکە پێشاندەری ئەم دیدە ئەمریکییەکان خۆیانن. کەسێکی وەک جۆرج فریدمان کە دامەزرێنەی ناوەندی ستارفۆرو پاشان داهاتووی جیوپۆلەتیکییە، کە ویکیلیکس بڕوای وەهایە سەر بە سی ئای ئەیە، لە نزیکەوە ڕاوێژکاری ئەردۆگانەو هانی دەدا کە وەک هێزێکی ئیقلیمی ڕۆل ببینێت. دەکرێت لەڕووی چیوپۆلەتیکەوە دیدەکەی کلیچدارئۆغلۆ بە لۆزانیزم ناو ببەین. کۆنگرەی لۆزان کە سەدەیەک لەمەوپێش سازکرا تورکیای ئەمڕۆی لە هەناو ئەو نەخشەیەدا قەتیسکرد. لۆزانیەت یانی تورکیا چونە دەرەوە بە ماف و ڕەوایی خۆی نازانێت. یانی دان بە سنورەکاندا دەنێت، یانی دەیەوێت لە میانەی پرۆسەی توانەوەدا گەلی تورک لە هەناو سنوری دەوڵەتی تورکیدا دروست بکات. گەلی کورد لە باکور زۆری ئازار بە دەست ئەم تێزە چەشتوە. بەڵام دیدی کامپی ئەردۆگان دیدی میساقی میللییە. میساقی میللی هەردوو میللەتچییەکان و ئیسلامییەکان کۆدەکاتەوە، کە دەکاتە تورکە فاشیستەکان و ئیسلامییەکان. رەنگە کەسایەتیەک کە ئەم دیدەی زۆر بە چڕی تیادا بەرجەستە دەبێت، کەسی سولەیمان سۆیلوە. لە دوا لێدوانیدا بەرامبەر پەنابەرە سورییەکان سۆیلۆ دەڵێت، زۆرینەی پەنابەران لە ناوچەی حەلەبەوە هاتوون، حەلەبیش بەپێی میساقی میللی بەشێکە لە تورکیا، بۆیە ئەوان هاوڵاتی ئەم وڵاتەن، پێویست ناکات بیاننێرینەوە. ئەم دیدی میساقی میللیە، هەتا کەرکوک لە خۆی دەگرێت لە باشور. بەم پێیە ئێمە لە بەرامبەر دوو قوتابخانەداین: یەکەمیان کە دەخوازێت تورکیا بەهێزبێت و بە دەوری خۆیدا پەلبهاوێت و سەدەی تورکی دروست بکات و ببێتە هێزێکی هەرێمی و لەنێوان زلهێزەکاندا یاری بکات بەبەرژەوەندی خۆی. ئەم دیدە لە چەندین ئاستدا لە سودی کورد نیە، چونکە دیدی تورکیای بەهێز یانی سەرکوتکردنی زیاتری کورد. درۆن لەسەر جەستەی کورد تاقیکرایەوە. کورد ئەو زەخیرە زیندوەیە کە درۆنی تورکی بەکاری دەبرد بۆ نمایشی خۆی. پشتکردن لە ڕۆژئاوا، لە ئێستادا بە سودی کورد نیە چونکە یانی هێرش یان فشاری زیاتر لە سەر ڕۆژئاڤاو باشور، بە تایبەتی سلێمانی. بەم پێیە ئەگەر بمانەوێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە ئەردۆگان یان کلیچدارئۆغلۆ بە تایبەتی لە ڕوانگەی کوردەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە کەمال. دیارە ئەم پرسیارە وەڵامدانەوەی لە کوردستان لەسەر بنەمای زانستی سیاسەت نیە، بەڵکو لەسەر بنەمای ئایدەلۆژیاو بەرژەوەندییە. بێگومان ئەتاتورکیەت ئایدەلۆژیایەکی فاشییە، بەڵام، ئەتاتورکیەت هێندە بەهێزنیە کە بتوانێت کاری گەورە بکات، دەستوەردان لە دەرەوەی خۆی بکات، حکومەتی چەندین دەیەیی بەڕێوەببات. وەک ڕوونە کە پاش دەرچونەوەی ئەردۆگان دەستور دەگۆڕێت، هەندێک دەڵێن تەنها بڕگەی دوو دەورە لادەبات، هەندێکی تریش دەڵێن گۆڕانکاری زۆر لە دەستوردا دەکات، بە جۆرێک، ئەگەر لە ژیاندا بمێنێت هەتا ساڵی ٢٠٣٣ وەک سەرۆک کۆمار بمێنێتەوە. بەمجۆرە ئەردۆگان زیاتر لە واقیع دادەبڕێت، بڕوای بە خۆی زیاتر دەکات، هەوڵی عەزەمەتی زیاتر دەبێت و پەلکشان و گەورەکردنی تورکیا دەبێتە بەشێکی بنەڕەتی پلانەکانی، بە تایبەتی بە لاوازبوونی ڕۆژئاوا.
هێمن عەبدولقادر ژن و پیاوێکی پیری قوڕ بەسەر ، بە هەزار فەلاکەت و نەگبەتی، لە گوندێکی دورە دەست عومرێک ژیانیان بە ناچاری بێت یان بە چاری ، لەگەڵ یەک تێپەڕاندووە ،و لە کۆتا ساڵەکانی تەمەنیاندان ، لەپڕ مایک بەدەستێکی دەموچاو پلاستیکی، برژانگ سەناعی دەموچاو هەڵهاتووی لێو ئاوساوی ، لاشە دەستکرد، ئەڵێی جوجکە و لە مەفقەسدا هاتۆتە دەرێ ، بێ ئەتەکێت،نەفام ، گێل. لە پڕ پەیامنێرەکە دەپرسێ :- چۆنی ؟ بە خۆشەویستی زەواجتان کردووە ؟ بەتەما نیت بیکەیت بە دوان ؟ ژن خۆشە یان شووتی ؟ کاتی خۆی دڵداریت کردووە ؟ لەسەر ڕێگەی کانی رێگەت بەژنی تر گرتووە ؟ شەوان چۆن ئەخەوتن ؟ قەت نامەت بردووە بۆ خۆشەویستەکەت ؟ بە گەنجێتی کچ چاوبڕکێیان لەگەڵ کردوویت ؟ حاجی ژن پێی ماوە ؟ ئێ کچێکی گەنجی مناڵی نەفامی بێ مەعریفە ، پاوانەیەکی قاچ و سنگێکی ڕووت، ئەسڵەن مایکەکەی یەخەی و دەستی لەسەر بنەمای لەش و لاری دراوەتێ نەک لە سەر بنەمای هۆشیارییەکەی ، پیاوی قوڕبەسەری ئێمەش عومرێک دورخەوتن ، زەمەنێک قسەی تاڵ و توانج ، بەم ئازار شکێنە فریودەرانە لەخشتە ئەبرێت هەرچی کەفوکوڵی گەنجێتی و حەسرەتی بەدینەهاتووی هەیە ، وەک بۆمبی نەتەقیو و خەفەبوو دێنێتەوە سەر ڕێ و هەرهەمووی بەو مالەدا دەتەقێنێتەوە. ............... لەولاشەوە ژنێکی بەتەمەنی قوڕ بەسەر ، کە سەدان شەوی نەگبەتی و هەناسە سەردی و مناڵ بەخێوکردن و گاوانی و باخداری بەڕێکردووە ،لەسەر بانیژگەیەک ، یان لە لێواری تەنورێکدا یان لە ژێر ساباتێکدا هەر پیش دەخواتەوە ، کەچۆن بابای پەیامنێری سەناعی دروستکراوی دەستکرد قاقا ئەتریقێتەوە و پێئەکەنێت ، پەیامنێری بێ ئەتەکێت ئەزانێت کە مامەلەیەکی باشی ئەنجامداوە و لە رێگەی ئەو قۆڵبڕین و فریودانە زیهنییەوە ، کالایەکی باشی دەستکەوتووە کە بیباتەوە بۆ شار وەک هێلکە و گەنمی جاران لایک و کۆمێنت و ناوبانگ و سەرمایەیەکی زۆر بۆخۆی پێکەوە دەنێت و ڕەنگە لە داهاتوشدا ژمارەیەک لەم بوکەڵە صەناعیانە ، بباتە پەرلەمان بەناوی زلە پێشکەشکار و زلە پەیامنێر. ....................... (شیرین ئەبو عەقڵە) هەتا ئەو ڕۆژەی کە لە لایەن ئیسرائیلییەکانەوە کوژرا ، بە قژێکی نەبەسترا و خوژەیەک و درعێکەوە هەمیشە نوێنەرایەتی هەزاران هەزار ئافرەتی خاوەن قەزیەی ئەکرد . لای ئێمەش سەتڵێکی خستۆتە ژێر (گا)یەکەوە و گونی گاکەی گرتووە بەحسابی (گووان) بیدۆشێت، پێشینان بەیەکێکی زۆر نەزان و نەفام ئەڵێن بابە لێیگەڕێ ئەوە (گا بەگونا ئەناسێتەوە) ئەم تایپە لە بەناو ڕاگەیاندنکار و پیشکەشکار ، کە( قول و فول) لەیەک ناکەنەوە ، جگە لە ئارایشت و جوانکاری و قسەی حەلەق و مەلەق و ڕەسم و سناپ و ستۆری ، کەوتوینەتە سەردەمێک تەنانەت (گا بەگونیشا ناناسنەوە)لە چەندین بەرنامەدا بە تەما بوون بیدۆشن. ...................... راگەیاندن و میدیا لە دنیادا کاری گەورەیان ئەنجام ئەداوە ، ئەوکاتەی (نیۆرک پۆست) بەدوای سکانداڵ و ئابڕوچونی (جۆ بایدن) و پەیوەندی بە کۆمپانیای گازی سروشی ئۆکرانیا بەناوی(بۆریسما) دەڕۆیشت ، میدیاکاری کورد گەورەترین پرسی ئەوەبوو ، حەزەکەی بیکەیت بە دوان؟ ڕۆژگارێک (واشنتۆن پۆست) دەستی بە (ریچارد نیکسۆن)ی سەرۆکی ئەمریکا دەکێشایەوە لەسەر ئابڕوچونەکانی (Watergate) ، ئەنجوومەنی ئاسایشی ناچار دەکرد لەسەر (لۆکەربی) کۆببنەوە ، (ڕۆناڵد ڕیگان)ی لەسەر کڕینی چەک لە ئێران و بارمتە گرتنی ئەمریکیەکان لە لوبنان تا ڕادەی شکست ئەبرد ، بەناو میدیاکاری ئێمەش هەر دوان و سیان بە سواری تراکتۆر و ئەسپ و بە حیلکە حیلک و دەمپانکردنەوە ، ڕویان کردۆتە ئەو دەشت و دەر و شاخ و گوندانە و ئەو تالە دەزوەی کە دوا پیچی کڵافەی کۆمەڵایەتی بەناچاری و بەزۆر بادراوە ، بە لاشەیەکی صەناعی و بە پرسیاری قۆڕ و بێمانا و موراهیقانە بۆ هەتا هەتایە دەیپچڕێنن و دەڕۆن. ................... ئەڵێن پاشایەک لەگەڵ دارودەستەکەی لە شار دەرچوون بینیان پیاوێکی بەتەمەن لە بن سێبەری دارێک بە کەماڵی دڵ پاڵکەوتبوو گۆرانی ئەوت ، پاشا و دارو دەستەکەی لێیان پرسی پیرە پیاو بۆ نایەیت تا شار ببینیت ، ئەو هەموو ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییە چیت داوە لەم دەشت و دەرە ، کابرای پیریش وتی:- زۆر باشە باشای پایە بەرز بەڵام پرسیارێکم هەیە ، ئێوە کە لەو ئاوەدانییە دڵتەنگ دەبن ڕو دەکەنە کوێ ؟ پاشا وتی دێین بۆ ئەم دەشت و دەرە ، کابرا وتی دەی وازم لێبێنە با هەر لێرەبم باشترە . ئەوان لە داخی ئێوە ڕوویان کردۆتە ئەو شاخ و داخ و کێوە ، دەی لێیان گەرێن با هەر لەوێ بمێننەوە ، نەچوونی ئێوە خێری زیاترە وەک لە چونتان ، چونکە ئێوە کالایەکی بازرگانین ، بازرگانێک چۆن بۆ ساغ کردنەوەی کالاکەی کۆمەلێک کارمەند ئەهێنێت بە تیلەی چاو و جوولە کریار ڕابکێشن ، میدیای کوردیش (میدیای پیاو) لەسەر هەمان میتۆد کار ئەکات کۆمەڵێک خەڵکی بەدبەختی هێناوە ، ریزێک جوانکاری و ژمارەیەک ئینارەی لێداوە و بۆ خۆی خەریکی مامەلەی سیاسی و ڕیکلامی بازرگانیین لەپشتەوە بەم گەنجانە ، بەم بەدبەختانە. ــــــــ ئەمڕۆ بازرگانی کردن بەمرۆڤەوە تەنها لەسەر سنوور و لەناو یەخت و شاحینەدا ناکرێت ، ئەمڕۆ زۆرینەی مۆڵ و خاوەنکار و بازرگان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و دامەزراوە فەرمی و تایبەتەکانیش خەریکی ئەم بازرگانیە بێ ئابڕوویەن، بازرگانێیەکی بێ ڕەوشتانە ، بەڵام لەژێر ناوی جیاجیا. حەمدی وتەنی :- ئەم کیبارانە سیغارن ، (حەمدیا) ئەربابی فەزڵ لازمە پەروەردەیان کەن هەروەکوو تیفلێ بەشیر ئەمانەی کە سوار سەری ڕاگەیاندن و میدیابوون و خۆیان لێبووە بەشت ، پیویستە لەلایەن خەڵکی شارەزا و بەئەزموونەوە فێری ئەدەب و ڕێز بکرێن هەروەکو منداڵێک کە هیچ نازانێت و فێری شیر خواردن ئەکرێ. نوقتە سەری دیر .... ................................................... مەهێڵن باوک و دایک و باپیر و برا و خوشک و کەسوکارتان لەژێر ناوی جاوپێکەوتن ببن بە قوربانی ئەم جۆرە بازرگانییە بێ ئابڕویانە،ئەمە کاری دەوڵەتە ئەم سوکایەتی و بازرگانیە ڕاگرێت کە لەژێر ناوی ڕاگەیاندندا بە کچی گەنج و خەڵکی فەقیر و کاسب و کشتیار و شوانکارە و هەموو چینەکان دەکرێت.
عهبدولڕهزاق شهریف سەرەتای ساڵی دووهەزاروحەوت، تازە کۆمپانیای وشە دامەزرابو، لەژمارە شەستویەکی رۆژنامەی ئاوێنەدا لەسەر سیناریۆکانی دوای مردنی مامجەلال وتارێکم بڵاوکردەوە تیایدا باسم لەپەیوەندییەکانی نێوان مامجەلال و نەوشیروان مستەفا کردبو، نوسیبوم: - دوانهیهكن بهبێ یهكتریو به یهكیشهوه ههڵناكهن. - ههتاكو ئێستا سهرچاوهی دارایی یهكێتی له دهرهوهی وڵات به پرۆژهی بهرههمهێنو مومتهلهكاتو پارهی كاشی بانكهوه نهزانراوه، چهند كهسێكی خانهوادهی مام جهلال نهبێت هیچ كام له ئهندامانی مهكتهبی سیاسی نازانن چهندهو چۆنهو لهكوێیه. - خوێندنهوهیهكی سهرهتایی بۆ رابردوی ئهو تێكۆشهرانهی کۆمپانیای وشە، دهمانگهیهنێته ئهو بڕوایهی كه ههرگیز دهستبهرداری یهكێتی نابنو ئهبن به قهڵغانی ههڕهشهی دابهشبون. - بهبێ ئامادهیی تهواوی ههڤاڵانی كۆمپانیای وشه، بێ تهوافوقو پرسو رای ئهوان (ی.ن.ك) ئهو ماڵه دهبێت كه لایهكی رووخاوهو دیوارهكهی روخاوهو عهیبو عاری دهكهوێته ئهو گۆڕهی، ئهوجا روو له ههڵدێرو لاوازی دهكات. چەند رۆژێکی کەم و لەگەڵ (خەلیل عەبدوڵا، عوسمان شاکرو عادل عەلی) لەگردی زەرگەتە سەردانمانکرد. ناڕاستەوخۆ ناوەڕۆکی وتارەکەی رۆژنامەی ئاوێنە بوە باس و پرسیاری دانیشتنەکەمان، من وتم: (تکایە یەکێتی جێمەهێڵە . مامجەلال نەخۆشەو لەمردنی ئەوا جگە لەتۆ کەسیترمان نیە). ئەوەندە بەس بو کەدەرگای قسەکانی بکاتەوەو بەشێوەیەک بدوێ من وەڵامی نوسینەکەی خۆشم وەربگرم: + تۆ ئەزانی باوکی مامجەلال چەند ساڵێکە مردوە، ئەوانە بەبنەماڵە تەمەنیان درێژەو من پێش ئەو ئەمرم. + یەکێتی وەک ئەو لەوەڕە پاکژەی لێهاتوە کۆمەڵێک کەس تیایدا دەلەوەڕێن، ئەرکی من ئەوەنیە خەڵک لەناو یەکێتی بهێنمە دەرەوە بەڵکو کاردەکەم بۆ ئەوەی چیتر کەسیتر نەچێتە ناو ئەو لەوەڕگایە. هیچیان لەخەمی گشتیا نەماون و ئیش بۆ ماڵومناڵەکانیان ئەکەن. - دوای راپەڕینیش کە بێدەنگ بویت لەو نالەباریانەی پارتی بۆ بەهێزکردنی هەژمونی خۆی لە کوردستانا ئەیکرد، پێت ئەوتین ئێمە وەک ئەو دایکەمان لێهاتوە لەپێناوی ئەوەی مناڵەکەی نەبێ بەدو کەرتەوە ئەیبەخشێ بەژنێکیتر.. ئەمجارەش لەگەڵ یەکێتی ئەکەویتەوە سەر هەمان دوڕیان و ئەبێت مناڵەکە لەمردن رزگار بکەیت. بەدێڕێک وەڵام سەرسامی کردین کەوتی (ئەمجارە گەر بکەومە مەوقیفێکی لەوجۆرەوە، بەدەستی خۆم مناڵەکە ئەکوژم). نەوشیروان مستەفاو بزوتنەوەکەی، کامیان ئەویتریانی کوشت ؟ لەنیو سەدەو بەرەو ژوری تەمەنمدا، هیچ کەسێکم نەبینیوەو نەناسیوە وەک نەوشیروان مستەفا سود لەقسەکانی وەربگرم، هەمو جارێک و ئەگەر چەند دەیقەیەکیش دیدار بوبێت، شتێکی لێوە فێر بوم. ئەو کە قسەی لە بوارەکانی مەعریفە، سروشت و کایەکانی ژیان دەکرد، شتێکی ئەوت کەس نەیبیستبوو ! بەشێوەیەک ئەدوا من هەرگیز قسەکانیم لەبیر نەئەچۆوە. مەراقم ئەوە بو، کە بۆچی وەک هەندێک کەس زۆر نزیکی نەبوم ؟ لەکاتێکدا سێ دەیەو زیاتر بەرپرسی یەکەمی کاری سیاسی و رێکخراوەییم بو، ئێرەییشم بەوانە ئەبرد کە هاوتەمەن و هاوڕێی چەند ساڵەی بون و لەگەڵیا ژیابون. دوای مردنی ئنجا زانیم ئەوانەی من ئێرەییم پێبردون نەهیچی لێوە فێربون و نە ناسیویشیانە! عەجەب مابوم کە ئەمبینی، ئەمزانی و ئەمبیست هەندێکیان چ دوژمنێکی سەرسەختی مێژوی ئەو پیاوەو بیرکردنەوەو تەنانەت کەسایەتیەکەشی بون. شەش ساڵ تێپەڕی و تەنیا یەک کەسیش لەوانەی وێنەو ناوی نەوشیروان مستەفاو ژیان و مەرگی بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنن، نەیانپرسی کچە تاقانەکەی خۆشەویستی نەوشیروان مستەفا لەکوێیە ؟ کەس بەتەلەفۆنێکیش گوێی لەدەنگی نەبوەو ناپرسن بۆ ؟ کەسیان نازانن ئەو کچەی کە هەمیشە لەئەقڵ و سەلاریدا باوکی باسیدەکردو شانازی پێوە دەکرد بۆچی سەری خۆی هەڵگرت و نەگەڕایەوە بۆ ئەو کوردستانەی باوکی هەمو ژیانی خۆی پێ بەخشی ؟ حەمە تۆفیقی کاندیدی سەرۆکی هەرێم چی بەسەرهات؟ خۆ هەموان دەزانن دکتۆر محەمەد عەلی رێکخەری ژوری توێژینەوەی سیاسی، لەنوسینێکدا باسی تەکەتولەکەی حەمەتۆفیق و کۆبونەوەکانی بۆ دەرپەڕاندنی هاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا کردبو کاتێک کە لەسەرەمەرگ و ئاویلکەدا بو! لەیەکەم رۆژی شین و پرسەکەشیدا هەر ئەو حەمەیە بەگوێی کوڕەکانیدا ئەیچرپاندو ئەیوت (قادر و عوسمان) بونە هۆی مردنی باوکتان نابێت بهێڵین بێنە پرسەکەیەوە ! کاتێک من بە (سەید عومەرم)م وت ئەو کوڕانە بانگ بکەو ئاگاداریان ببە چونکە کاکە حەمەو هەندێکیتریان قسەی خراپیان بۆ دەکەن لەوەڵامدا وتی ئەوە ئیشی خێزانی خۆیانە ! هەرگیز ئەو کۆبونەوەیەی یەکەم رۆژی مردن و پێش ناشتنیم بیرناچێتەوە کە بۆ خەرجی و مەراسیمی پرسەکە رێکخرا، ئاواتی شێخ جەناب وتی: + هیچ پارەیەکمان بۆ خەرجییەکانی ئەم تەعزێیە نیە چۆن و لەکێ داوا بکەین ؟ - برنج و شلەیەکی سادە بدەین بەو خەڵکەو بزانن کە خۆمان و بزوتنەوەکەمان پارەمان نیە جوانترو باشترە لەوەی بۆ ئەو مەراسیمە پارە لەخەڵک وەربگرین. کۆبونەوەکە، بڕوایان بەو وەڵامەی من هێنا بەڵام دواتر زانیم ئاوات چەندین دەفتەر دۆلاری لەماڵی مامجەلال بەناوی پرسەکەوە وەرگرتوە، سێ رۆژی نانخواردنی خەڵکەکەش بەو گەرمایە کەمێک مریشک و برنج و شلەی سادەی پەتاتەو فاسۆلیا بو ! کە هەموشیان دەیانزانی خوڵک و نەریتی خواردنی پرسەگێڕان لە کوردەواری، بەتایبەت شاری سلێمانی چۆنەو چ مانایەک دەبەخشێت. هاوڕێ بەناو نزیکەکانی لە سکرتێری جڤات کە خۆی خاوەن کارگەو رێکخەری ژورێک کۆمپانیاو یەکێ بەنزینخانەو مۆڵ، رێکخەری ژورێکیتر موڵکی گشتی داگیرکردبو، ئەویتریان زەوی کشتوکاڵی و غابات و...هتد هەریەکەشیان ئەیانویست و کاریان بۆ ئەوە دەکرد نەوشیروان مستەفا لەخۆیان بچێت. هەریەکێکیان پەڵەی رەش بەکام دەستەیانەوە بوایە، ئەو دەستەیانی بەشانی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفادا دەهێنا! کردیان و ئێستا کوڕەکانی خاوەنی هەمو ئەو بەرژەوەندییە ناشەرعیانەن کە ئەوان بەتاک هەیانبوو، ئەشڵێن لەباوکمانەوە بۆمان جێماوە. بەشبەحاڵی خۆم لەلایەک بەکوڕەکانی و لەلایەکیتر لەناو چڤاتی نیشتیمانیەکەیدا وتم: (مردنی نەوشیروان مستەفا بەدەست ئێوەو هاوڕێکانێتی، ئەتوانن بیکەن بەخاوەنی کارگەو موڵک و ماڵ و بۆ هەتایە بیکوژن! ئەشتوانن بڵێن خاوەنی یەک مەتر زەوی و هیچ پارەیەک نەبوە، بۆ هەتا هەتایە بژی و کورد شانازی پێوە بکات، گەر هەڵەیەکیشی کردبێ ئەوە ئەرک و بەرپرسیارێتی جڤاتەکەیە راستیبکاتەوە). هەندێکیان بەگژما هاتنەوە ! کاتێکیش وتم پێویستە مەرحەبای پارتی نەکەین هەتا لەسەر بڕیارو فەرمانی گرتن و بەتیرۆریست ناساندنی رێکخەرە گشتیەکەمان داوای لێبوردن لە بزوتنەوەکەو خانەوادەکەی نەکات و مافی مێژویی بۆ نەگەڕێنێتەوە. هەموان بێدەنگ بون، یەک کەسیان دەستێک یانەخۆ دەنگێکی هەڵنەبڕی پشتیوانیم بکات! بەپێچەوانەوە ئەوان و کوڕەکانیشی لەبەرئەوەی لەچاوەڕوانی "پوڵ و پۆست و پاراستن"ی پارتی دیموکراتی کوردستانا بون بەهانەیان بۆ رێکەوتن و هاوپەیمانێتی دوو قۆڵی دەهێنایەوە. من ئەمزانی پیلانێکی کوشندە لەئارادایە، زۆر کەسم لێئاگادار کردەوە، لەناویانا ئاکۆ محەمەد وەهبی و مەحمود رەزا کە خۆیان بەدوو کەسی خزم و دڵسۆزی نەوشیروان مستەفا ئەزانی! کەمیش نەبون ئەوانەی بڕوایان وابو کە ئەو زاتە خۆی لەدوا مانگەکانی ژیانیدا، بڕوای بەو فیکرو بەرنامەیەی خۆی نەمابو وەک ئەوانەی ناو لەوەڕگاکەی یەکێتی نیشتیمانی لە خەمی کوڕەکانیدا بو! بەڵام من هەر ئەڵێم نەوشیروان مستەفا لە جۆزەردانا نەمرد !