چیا عەباس وەڵامی ئەم پرسیارە لای ئەوانەی خۆیان بە ئۆپزسیۆنی پەرلەمانی لەقەڵەم دەدەن چەندین تەوەر لەخۆدەگرێت، هێزە ئیسلامییەکان وەک لە قورئانی پیرۆزدا هاتوە:" اعتصموا جمیعا بحبل اللە و لاتفرقوا" کەم یاخود زۆر پێڕەو دەکەن، هاوکاتیش بەشیک لێیان کێشەی ئەوتۆیان لەگەڵ دەسەڵات و سیستەمی حوکمڕانی نیە چونکە سەبری ئەیوبیان هەیەو پێشیان وایە خراپیەکانی دەسەڵات نیعمەت و بەرەکەتە بۆ ئەوان تا لە سایەیاندا گەشە بکەن. هەرچەندە سەلـمێنراوە ئەم چاوەڕوانیەیان واقیعی نیە بەڵام بیر لە ئەڵتەرنەتیڤەکانی تر ناکەنەوەو پشتیشیان ئەستورە بە جەمسەرە مەزهەبیەکانی ناوچەکە، بەکورتی پەلەیان نیەو شوێنیان گەرمە. هەرچەندە چەند کەسانێکی زۆر دڵسۆزو بەئاگا کاریان لەگەڵ دەکەن بەڵام لەخودی دەسەڵاتدارەکانیانەوە ناوبەناو گوێبیستی نوزەیەک دەبین. ئەوەی لە پەرڵەمان دەمێنێتەوە نەوەی نوێ و چەند ئەندام پەرلەمانی بەناو سەربەخۆیە. نەوەی نوێ کۆپیەکی ئەزمونی شکستخواردووی بزوتنەوەی گۆڕانە، گۆڕانێک کە سەرکردەو کەسایەتیەکی مەزنی وەک نەوشیروان مستەفا رابەرایەتی دەکرد جامی ژەهرەکەی خواردەوە کاتێک ویستی بە رێگەی پەرلەمانەوە سیستەمی دەسەڵات بگۆڕێت، بۆیە دواتر رایگەیاند ژیانی پەرلەمانی لە کوردستان کەوتۆتەژێر پرسیارەوە، بە واتەیەکی تر کێشە بنەڕەتیەکە لە دەسەڵاتدا نیە بەڵکو لە سیستەمی حوکمڕانیدایەو بەم لێدوانەشی شکستی شێوازی هزری گۆڕانی راگەیاند. ئێستا خێزانێکی چەند کەسی سەرقاڵی بازرگانی نەوەی نوێ ئاڕاستە دەکەن و خەونە نەزۆکەکەیان بۆ گۆڕینی دەسەڵات بەخێرایی سەر پشتی کیسەڵ بەڕێدەکەن. ناشێت باس لەوە نەکرێت چەند کەسێکی موخەزرەمی ئەم حزب و ئەو هێز کە ئیستا لە هیچ شوێنێک شوێنیان نابێتەوە خۆیان بەم نەوە نوێیەوە هەڵواسیوەو تەماعی چەند دەسکەوتێکی تایبەتیان هەیە، چونکە سیستەمی حوکمڕانیەکە دەرفەتی بۆ ئە جۆرە هێزو کەسایەتی و گەمەچیانەی رەخساندوە. ئەوەی دەمێنێتەوە دەیان گروپ و ئاڕاستەو رەوت و تاقمە لە دەرەوەی پەرلەمان کە لەسەر یەک خاڵی هاوبەش کۆکن، ئەویش رەخنەگرتن لە دەسەڵات و وەستانەوە بەرامبەری، ئەم هێزە پەرتەوازەو تاڕادەیەک چەواشەکەرە لە سایەی سیستەمی حوکمڕانیدا کە بەناو پەرلەمانییە زەمینەی بازاری سیاسییان گەرم و خۆشە دەکەن، دەسەڵاتیش بەم گەمەیەیان دڵخۆشەو بەمەترسی نازانێت چونکە دەسەڵات لە باشوری کوردستان بەزەبری مێژوو و چەک و پارەو ستەم کاردەکات نەک بەپێوەرەکانی دیموکراسی و پەرلەمانی. بەشێکی بچوک و سنورداری ناڕازییەکان لە دەسەڵات دیدگایەکی واقعی و لۆژیکیان هەیە بەرامبەر دەسەڵات، ئەویش کارکردن بۆ گۆڕێنی دەسەڵاتی کوردی لەسایەی ئەم سیستەمی حوکمڕانیەدا خەونێکی نەزۆکەو کوتنیەوەی ئاسنی ساردە، ئەوەی چەقی گۆڕانکاری ریشەییە لە باشوری کوردستان گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانیە، کە هاوڵاتی کەرەستە بنەڕەتیەکەیەتی، کاتێک ئەوە ئەنجامدرا ئەم دەسەڵاتە وەک گەڵای پایزان هەڵدەوەرێت. دەیان ئەزمونی میللەتەکانی دنیا ئەم راستیە دەسەلمێنن... با بڕۆین ئاوڕێکی ورد لە مێژوویان بدەینەوە ئەوسات تێدەگەین چۆن زۆربەمان دوای سەرابێک کەوتوین. با چی زیاتر میللەتەکەمان چەواشە نەکەین. سیستەمی پەرلەمانی لە عێراق و کوردستان و زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەمان ئارایشتەکردنێکی ساختەکاری کرۆک و ناوەڕۆکە بەسەرچوو و خواستە ناڕەواکانی هێزە دەسەڵاتدارەکانە. پلاسیبۆیەکی دیموکراسی زەرەربەخشە، نوسەری ناوداری مەغربی، فاطمة المرنیسي، دەربارەی سیستەمی دیموکراسی لە ناوچەکەمان دەڵێت: انها جرحها المتعفن....! ونستۆن چەرچڵ، سەرکردەی ناوداری ئینگلیزیش دەڵێت: باشترینە لە سیستەمە هەرە خراپەکانی دنیا.
لهتیف فاتیح فهرهج له بێدهنگیهكی گهورهداین، ژاوهژاوی سیاسی و شاته شاتی پارلهمانیش ناچنه خانهی قسهكردنی كاریگهرهوه، قسهكردنێك مرۆڤ ناچاری ههڵوهسته بكات، ئێستا لهو بێدهنگیه گهورهیهدا كهس به كهس نیه، ههردوو لایهنی به حسێب خاوهن چهك و پارهو ناوچهی دهسهڵات رۆژ نییه پهڵپ و بیانوو به یهكتر نهگرن، ئهوهی پایتهختی به دهستهوهیه كار له سهر خنكاندنی ئهوانی تر دهكات، بۆ ئهمهش ههموو رێگایهك دهگرێتهبهرو گرتویهتی، ئهوانی تریش بهشی سهرهكیان سهرقاڵی ژاوهژاوهكهن، ههندێكجار مرۆڤ ههست دهكات بێسهریهكی گهوره لێره ههیه، ئهم بێسهریه بواری دهستوهردان، شێواندن، بێسهرهو بهرهیی رهخساندووهو كهس نیه له شوێنێكا به دهنگێكی بهرز ژاوهژاوهكه بێدهنگ بكات و قسهیهك بۆ بیستن بكات، قسهیهك بوونی ههبێت، ئهم وێرانیه پێویستی به قسهیهكی تره، قسهیهكی جیاواز، ئێستا ئهوهی ئێمهی تێداین كهشتییهكه لهشێوهی تایتانیك، كهشتیهك كه ناخودای نیهو نهك بهستهڵهك و شاخی سههۆڵی له پێشێتی بگره بڵێسهی توڕهو پڕتهوژمی ئاگر له بهردهمیدایه، هاكا گهیشته كهشتیهكهو تهڕو وشكی پێكهوه كرده سوتماك. پێویستمان به قسهكهرێكه ، قسهكهرێك بتوانێ گوێیه ئاخنراوهكانی دهسهڵات بكاتهوهو پێیان بڵێت دهبێت له شوێنێكا بوهستن، قسهكهرێك هێزی پێشمهرگهی كوردستان له چنگی ههفتاو ههشتاو له دهستی حزب رزگار بكات، ئهو هێزهی تاسهر ئێسك حزبێنراوهو لهبری ئینتیما بۆ نیشتمان و گهل ئینتیمای بۆ حزب و سهرانی حزب ههیه، ئێستا له ههركات زیاتر پێویستمان به قسهكهرێكه تا دهعباكانی حوكمڕانی نوستوو به ئاگا بێنێت و دیلان ئاسا بدا به گوێیاندا " نهك شوشه شكا وا رهز دهسوتێ" نیشتمان له كهناری كهوتنایه، ملهوڕهكانی حوكمڕانی حزبی نهبایان دیوه نهباران، سی ساڵه شكست له دوای شكست توشی گهل دهكهن و به ڕێژهی كهمتر له 20%ی دهنگدهرهوه حوكمڕانی 100%ی وڵات دهكهن و هێشتا پێیان كهمه، گهلیان پارچه پارچهو داڕزاو كردووه ، دژی ههموو دهنگێكی جیاوازن ، خۆیان دهڵێن ئێمه كورسیهكی پارلهمانمان ههبێت و سهدمان ههبێت ههر حاكمین، شانازی به خیانهت و هێنانی دهبابهو پاسدارو میت و جهندرمهو پۆستاڵی بهعسهوه دهكهن، شكۆ شكاندنی پایتهخت به سهروهری دهزانن، بۆ شكاندنی یهكتر دهستی حهشدو ئاخوندو سوڵتان و كارداش ماچ دهكهن، به سی ساڵ سهت ساڵ كوردی باشوریان برده دواوه. دهبێت كهسێك ههبێت قسه بكات، قسه به دهنگی بهرز ئهمه باوهڕێكی لاواز نیه ئهگهر ئێستا قسهكهرێك ههڵوهسته بهمانه نهكات، سبهی كار له كار ترازاوه، ناكرێت بانگهشهی سهربهخۆی بكهین و سهرمان له ئامێزی تاران و ئهنكهرهو ئهستهنبوڵدا بێت، ناكرێت نهوتی خۆمان، نهوتی نیشتمانی خۆمان رادهستی سوڵتان بكهین و ئهو بكهینه وهلی ئهمری خۆمان و پێمان وابێت خۆری ئێمه له كۆشكی ئهوهوه ههڵدێت، لهكاتێكا ئهوهتا ئهو تهنانهت له پایتهختی عێراقیش شهڕی بهرژهوهندی خۆی دهكات و ئێمهی ههر بیر نیه، نهك بیری نیه تهنانهت ههركات بیهوێت سهرمان پاندهكاتهوه، وهك چۆن له سهردهمی ریفراندۆما وای كرد، ئێمهش نهوتهكهی بۆ ههڕاج دهكهین، كه ئیدی بڕوام وایه بۆڕی نهوتهكهش زۆر ئهستهمه جارێكی تر هاژهی نهوتی لێوه بێت، ئێستا قسهكهرێك دهبێت بێته سهر سهكۆی شانۆكهو بهدهنگی بهرز بڵێت ئیتر بهسه، بهڵام ئهو قسهكهره دهبێت ههموو ئهوانی تری له دواوه بن، ههموو لهگهڵیدا بن و دهسبهرداری خهونی سوڵتانی و پلهو پۆست بن، تا ئهو شوێنهی ئیتر گهل دهتوانێ ئازاده بڕیاری خۆی بدات. له بهردهم ههڕهشهیهكی گهورهداین، رۆژ به رۆژ زیاتر بچوك و بچوكتر دهبینهوه، ئێستا وهك خێڵێكی سهرگهردان و بێسهر دێین و دهچین، له بهغدا به بهرچاوی شیعهو سونهوه دهستدهخهینه بیاقاقای یهكتر، به گریانی یهكتر شاگهشكه دهبین، برینی ئهنفال و ههڵهبجهو قوربانیهكانیشمان بهحزبی دهكهین و كهسێك نیه ئهم ههموو ناشرینیه رابگرێت، ئیدی كاتی ئهوهیه كهسێك له پێشهوه بوهستێت و دهنگبهرزبكاتهوه، كاتی ئهوهیه به دۆستهكانمان بڵێین ئهرێ بهس نیه ئهو ههموو لاواندنهوهی ئهم ملهوڕیه كه تهنانهت گوێ له ئێوهش ناگرێت، له كهناری دۆزهخداین دهستێكی بههێزمان پێویسته بۆ ئهوهی نههێڵێت بكهوینه خوارهوه، ئێستا كاتی ئهوهیه ههموومان بیر لهوه بكهینهوه كێ قسهكهری ئهم قۆناغه بێت، تهنها مهرجیش ئهوه بێت كه له تهنیشتیهوه تین و تاوی پێببهخشین و نیشتمان و گهل و خۆیشمان لهم كهوتنه مسۆگهره رزگار بكهین، ئیتر ئهوان نهگوێ دهگرن، نهدهتوانن گۆڕانكاری بكهن.
سهردار عهزیز ئەگەر بە وردی لە پرسیارەکە بنواڕین دەبینین ڕوانگەیەکی تایبەت بە خوێندنەوەی کات و مێژوو لەخۆیدەگرێت، ئەویش ڕوانگەی بازنەییە. بەومانەی مێژووی کۆمەڵگا مرۆییەکان بەردەوام لە خولێکی ناکۆتای ئاشتی و شەڕدایە. شەڕ دەبێتە هۆی ئاشتی و هەروەها ئاشتی دەبێتە هۆی شەڕ. ئەم دیدە بازنەییە بۆ مێژوو هەمیشە بوونی هەبووە، بەڵام لەماوەی ڕابوردوودا لەلایەن بیرمەندو زانستخوازی ئەمریکی پیتەر تۆرچنەوە بەشێوەیەکی دەوڵەمەندانە پەرەی پێدراوە. [ئەوەی شایانی ئاماژەیە دیدی زاڵ لە دونیای ئێمەدا بۆ کات و مێژوو، دیدی مارکسییە، کە بڕوای وەهایە داهاتوو باشترە لە ڕابوردوو. بۆ نمونە لە چەمکەکانی وەک بۆ پێشەوە، یان پێشکەوتن یان پێشەوا، دەرخەری ئەوەن ڕۆشتن بەرەوپێشەوە ڕۆشتنە بەرە باشی یان باشتر لە ڕابوردوو]. یەکێک لەو بیرمەندانەی کە پیتەر کاری زۆری لەسەر دەکات، ئیبن خەلدونە. ئیبن خەلدون کە نوسەری کتێبی موقەدیمەیە، باس لە پەیوەندی نێوان بەدەویی و شاریی دەکات. چۆن بەدەویی دەبێتە شاری و پاشان شاری بەهۆی خۆشگوزەرانییەوە دادەڕزێت لە هەموو ئاستێکداو بەدەوی دێت بە سەریدا زاڵ دەبێت. ئێمە دەزانین کە لە کرۆکی ئەم هەڵکشان و داکشانەدا چەمکی عەسەبیەت هەیە، کە یانی جۆرێک لە پێکەوەبوون. لەناو بەدویدا کەسەکان پێکەوەن، لە شار خۆشگوزەرانی عەسەبیەت یان هەر جۆرێکی تر لە پێکەوەبون هەڵدەوەشێنێتەوە. پیتەر تورچن وەک کەسێک کە لە زانستی زیندەوەرزانی و ماتماتیکەوە هاتەوە دەیەوێت ئەم هەڵکشان و داکشانە لەسەر بنەمای داتا لێک بداتەوە. لە ڕوانگەی پیتەرەوە دەمەوێت قسەیەک لەسەر پەیوەندی کۆمەڵگاو حکومەت بکەم لە ئێستای باشوردا. باشوری ئێستا لە قەیراندایە. قەیرانەکان وەها باس دەکرێت کە یەکگرتن نیە، گەندەڵی هەیە، موچە خراپە، خزمەتگوزاریی نیە، یان خەتای کوردایەتییە، یان کورد خۆی هەر بۆ ئەوە دروست نەکراوە حوکمی خۆی بکات. هەندێک لەم تێڕوانینانە سنوردارن، هەندێکیان بێ بنەمان، هەندێکەشیان ڕەگەزپەرستن. بەڵام ئایا ئەم تێگەیشتنانە کرۆکی پرسەکەمان بۆ راڤە دەکات؟ ئەگەر لە ڕوانگەی پیتەرەوە ناڕەزایی و توندوتیژی ببینین لە کۆمەڵگادا، ئەوا بە گشتی سروشتێکی خولی یان بازنەیی هەیە. بەو پێیە، دەکرێت بڵێن کە بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵێک دۆخێک لە هەرێمی کوردستان هاتە ئاراوە، کە تیایدا خەڵکێکی زۆر بوون بە فەرمانبەر. فەرمانبەربوون کۆمەڵێک خەسڵەتی هەبوو، وەک ئاسانی، کەمکاریی، بەردەوامی، دڵنیایی، بوونی کات. کە هەموویان لە ئەنجامدا بوونە مایەی هاتنە ئارای کەلتورێکی بەرخۆریی، نمایشکاریی و پۆزاویی لە ئاست و شێوازی جیاوازدا. ئەمە لە ئاستی گشتیدا. لە ئاستی نوخبەی باڵادا، تۆڕێکی بەرفراوان لە دەوڵەمەندی نوێ دروستبوون کە بەگشتی لە دەرئەنجامی دۆخی سیاسی و ئابوریی بوو، نەک هیچ خەسڵەتێکی تایبەت. بە دیدی ئیبن خەلدون و پیتەر ئەم دۆخە بنەماکانی قەیران لەخۆیدەگرێت. هەرچەندە من ئاماژەم بە ئەوەدا کە باس لە نیتچە بکەم، بەڵام ڕەنگە لە تەوەرەکەمان کەمێک دوورمان بخاتەوە. من نامەوێت بە دیدێکی دادوەرییانەش قسەبکەم وەک ئیبن خەلدون دەدوێت بەوەی پۆلێنکاری ئەوەبکەم ئایا چی باشە و چی خراپە. پیتەر یارمەتیدەرمانە بەوەی بە پشتبەستن بە داتا، دەتوانین قسە لەسەر داهاتوو بکەین. لێرەدا چەمکی نوخبە بە مانا فراوانەکەی گرنگە. بەم پێیە کاتێک لە سەردەمێکدا هەرکەسێک بچێتە زانکۆ، پاش تەواوکردنی دەستوبرد لە کەرتی گشتیدا دادەمەزرێت، نەریتێک دروستدەکات، کە هەموان دەبێت ئەو مافەیان هەبێت. بەڵام لە پڕ ئەم مافە یان مافە وێناکراوە، نامێنێت. لێرەدا نوخبەی خوێندەوار فراوان بووە، بەڵام لە ئەنجامی زۆربوونی دەرفەتەکانی کەمبونەتەوە، بۆیە ئاساییە کە دژە نوخبە دروست ببێت. دیارە لە کوردستان دۆخێک هەیە کە سودمەندیش ناڕازییە بەوەی سودەکانی وەک جاران بەردەوام نیە. لە ئاستی نوخبەی باڵادا، کاتێک مناڵی ئەم توێژی نوخبەی باڵایە، گەورەدەبن، ئەوانیتر هەوڵدەدەن لە میانەی پرۆسەی سیاسیدا بگەنە دونیای نوخبەی باڵا، بەڵام لە وڵاتدا هێندە دەرفەت نیە، کە هەموان بە ئاسانی بتوانن وەک ئەوانەی پێشوو دەستیان پێبگات، بۆیە دژە نوخبە دروست دەبێت. بەم پێیە ململانێ لەنێوان ئەوانەی کە دەستیان بە داهاتەکان گەیشتوەو ئەوانەش کە خۆیان بە موستەحەق دەزانن کە دەستیان پێبگات دەستپێدەکات. ئێمە لە هەموو ئاستێکدا شێوازەکانی ئەم ململانێیە دەبینین. یەکەم خەسڵەتی ململانێ ئەوەیە کە هیچ بنەمایەکی کۆکەرەوە نەماوە، ئێستا موچە تۆکمەترین گرێبەستی کۆمەڵایەتییە لە کوردستان. لەبەر بەرفراوانی ئەم توێژە هەموو ئەوانیتری داپۆشیوە. بەڵام شەڕە کوشندەکە لەنێوان نوخبەی باڵادایە. ئێمە لە Robert Michelsەوە فێردەبین کە لە هەناو هەموو جۆرە رێکخستنێکدا، هەرچەندە دژ بە نوخبە بێت، هەمیشە جۆرێک لە ئۆلیگارشی بەرهەم دێت. ئەو ئەمە ناو دەنێت یاسای پۆڵاینی ئۆلیگارشی. لە کوردستان ئێمە دەزانین کە هەموو هێزە سیاسییەکان خێزانین. بەو مانایە ئەندامی حیزبەکان نەک خەڵکی کارای سیاسی نین، بەڵکو تەنها ژمارەن، هەتا خاوەنەکانیان دەستکەوتی زیاتریان پێ بە دەستبهێنێت. خەڵکەکان دەبنە ژمارەی لایک، دەبنە ژمارەی دەنگ، دەبنە ژمارەی چەکدار. هەموو ئەمانە کۆمەڵێک ڕێگریی دروستدەکەن. رێگریی لەوەی کەسێکی دەرچووی زانکۆ دامەزرێت، کەسی ئەندامی حیزبێک ببێت بە ئەندام پەرلەمان یان سەرۆکی حیزب، ڕێگریی لەوەی دەرفەت هەبێت هەتا دەستت بگاتە سەرچاوەکانی داهات. ئەم دیاردەیە گەرچی جیهانییە، بەڵام لە هەر شوێنێک مایکرۆ-چیرۆکی خۆی هەیە. بەم پێیە ئێمە بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانەدا دەڕۆین. لەکاتێکدا خەڵکی زیاتر دێنە شارەکان، خەڵکی زیاتر دەچنە زانکۆ، خەڵکی زیاتر دەبنە خاوەن بڕوانامەی باڵا، خەڵکی زیاتر بە ئاگادەبنەوە لە بڕو سەرچاوەی داهاتەکان، بەڵام لە هەمانکاتدا هەتا بێت دەرفەتەکان کەمتر دەبن، دەستگەیشتن بۆ پلەو پایەکان سەختر دەبن، بڕوانامەکان زۆرو بۆر دەبن. بە کورتی سەردەمی فەرحانی خۆمان خۆش. پیتەر ئەمە ناو دەنێت دژە نوخبە. دژە نوخبە ئەوانەن کە دەبێت ببن بە نوخبە، چونکە هەموو شتێکیان کردوە کە نوخبە کردویەتی، بەڵام کات و دۆخەکە جیاوازە. کاتێک دژە نوخبە فشار دەکات، نوخبە لە ئەنجامی فشاردا حکومەت یان دەوڵەت بەمەبەستی خۆی بەکاردەبات و هەموو یاساو ڕێساکان پێشێلدەکات لەپێناوی ئەوەدا بتوانێت بەردەوام بێت. دۆخی کوردستان لە چەندین ئاستدا خراپە، بە کورتی ئاماژەیان پێدەدەم. یەکەم، هەتا بێت سەرچاوەو بڕی داهاتەکان کەمتر دەبێتەوە. ئەمەش وەها دەکات نوخبەو دەستوپێوەندەکەی کەمتر دەستکراوە بن وهەروەها هەوڵی ئەوە بدەن زیاتر کۆمەڵگا بگوشن بۆ بەدەستهێنانی داهات. دووەم، نوخبەی باڵا، لە ڕێگای بایولۆجییەوە، ژمارەیان زۆر دەبێت. پیتەر لەم ڕوانگەیەوە قسەی لەسەر سعودییە کردوە کە چۆن نوخبەی حاکمە بەردەوام زۆر دەبن و هەتا بێت زیاترو زیاتر داهاتی وڵاتیان پێویستە بۆ شێوازی ژیانیان. بەڵام داهات کەمدەکات، بۆ هۆکاری فشاری بەغداو گۆڕانی دۆخەکە. سێیەم، زۆرینەی هێزە سیاسییەکان و خەڵک بڕوایان وەهایە کە ئەم دۆخە هیچ کێشەی نیە، تەنها ئەوە نەبێت هەندێک زۆر دەبەن و هەندێک کەم و هەندێک هیچ. بەو مانایە ڕەهەندە ئاڵۆزەکانی قەیرانەکان نابینن، بەڵکو وەهای دەبینن پرسەکە تەنها لە چۆنێتی دابەشکردندایە. ئەمە لای نوخبەی ئۆپۆزسیونیش وەهایە، بگرە خراپترە. چوارهەم، ئەم دۆخە لە دونیادا گفتوگۆی زۆری بەرهەمهێناوە. بەڵام دۆخەکە بەوجۆرە نیە لە دونیای ئێمەدا. نە لە ئاستی دەزگاو نە لە ئاستی تاک (ڕۆشنبیر) قسە لەسەر وەرچەرخانە گەورەکان نیە. کەواتە دیاردە گەورەکان ڕودەدەن بەبێ تێگەیشتن. بە شاربوون بە خێرایی ڕودەدات، دانیشتوانی شار کە خەونی کاری جیاوازی هەیە، لەبەردەم کۆڵانێکی داخراودان، نوخبە بە هەموو جۆرەکانی زیاتر سەرقاڵە بە خۆیەوە، خوێندن خراپکەری دۆخەکەیه نەک باشکەریی، چونکە خوێندن کەسەکان بۆ سیستەمێک ئامادە دەکات کە کۆتایی هاتووە.
هۆشیار عهبدوڵا- ئهندامی لیژنهی دارایی له خولی پێشووی پهرلهمانی عێراقدا موازنە و نغرۆبونی زیاتری عێراق لە ئابوری بەرخۆر دا. (ئەو دوو مۆدێلە کارەساتبارە بۆ خەڵکی عێراق هەردوکیان کوڕی شەرعی ئابوری رەیعی یان ئابوری بەرخۆرن.) * موازنەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق یەکێکە لە گەورەترین موازەنەکانی مێژووی عێراق، بە بڕی (١٥٣ ملیار دۆلاری ئەمریکی) کە دەکاتە (١٩٨.٩ ترلێۆن دیناری عێراقی). * ئەم موازەنەیە عێراق هێندەی دیکە لەناو بەرخۆری و رەیعی نەوتدا نغرۆ دەکات و لەئێستادا عێراق یەکێکە لە دیارترین دەوڵەتە بەرخۆر (رەیعیەکان) کە تەنها پشت بە یەک سەرچاوە کە نەوتە دەبەستێت. * دەوڵەتی بەرخۆر (الدولة الريعية)، (rentier state) گوزارشتێکە لە زانستی ئابوریدا ئاماژەیە بەو دەوڵەتەی کە بە شیوەیەکی فراوان پشت دەبەستێت بە داهاتی نەوت یان سەرچاوەیەکی تری سروشتی، وەک سەرچاوەی هەرە سەرەکی بۆ ئیدارەدانی وڵات. ئەو دەوڵەتانە بە دەوڵەتی نەوتیش ناسراون و ئابورییەکەیان سەرچاوەکەی نەوت یان غازە، سعودییەو قەتەرو کوەیت و عێراق لە نمونە دیارەکانی دەوڵەتی بەرخۆرن. عێراق بەهۆی نەوتەوە یان بە فۆڕمی ئابوری بەرخۆر (Rental economy) دوو مۆدێلی حوکمڕانی تاقیکردۆتەوە، کە یەکەمیان، سیستمی دەوڵەتە دیکتاتۆرەکەی بەعس و دووەمیان، سیستمی دەوڵەتە گەندەڵە شکستخواردووەکەی عێراقی دوای بەعسە، ئەو دوو مۆدێلە کارەساتبارە بۆ خەڵکی عێراق هەردووکیان کوڕی شەرعی ئابوری رەیعی یان ئابوری بەرخۆرن. دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستگەیشتنیان بە نەوت و فرۆشتنی نەوت بە تانکەرو بۆڕی بە خێرایی نغرۆی هەموو نەخۆشییەکانی بەرخۆری بوون هەر لە گەندەڵییەوە تا دامەزراندنی دەسەڵاتێکی پۆلیسی سەرکوتکار. بەبێ خۆڕزگارکردن لە ئابوری بەرخۆر نەخۆشییەکانی حوکمڕانی لە عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەردەوام دەبن، چارەسەری خێراش فرەکردن و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهاتە جگە لە نەوت لەشێوەی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پيشەسازی و هتد .. * بەهای نەوت لە موازەنەی ٢٠٢٣دا بە ٧٠ دۆلار جێگیر کراوە، چاوەڕوان دەکرێت عێراق ٣.٥ ملێۆن بەرمیل نەوت رۆژانە بفرۆشێ، بەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلەشەوە کە لەسەر هەرێم کراوەتە ماڵ. * بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بە ١٣٠٠ هەزارو سێ سەد دینار بۆ هەر دۆلارێک دانراوە، تا ٢٠٢٥ ئەم بەهایە جێگیرەو دەشکرێ هەموار بکرێ. * یەکێک لە مەترسییە بونیادییەکانی ئەم موازەنەیە ئەوەیە کە پارەیەکی زۆری بۆ هێزە ئەمنی و چەکدارەکان بە هەموو فەصیڵ و جۆرەکانییەوە لە دیفاع و داخلیەوە تا هەیئەی حەشدی شەعبی تەرخانکردوە، عێراق بەرەو دەوڵەتێکی پۆلیسی مەترسیدار هەنگاو دەنێ، ئابوری بەرخۆر ئاسەوارەکانی بە پۆلیسیکردنی حوکمڕانی و دوورکەوتنەوەیان لە حوکمێکی مەدەنی دیموکراسی، لە بەغداو هەولێر بەتەواوی دەرخستوەو رۆژ دوای رۆژیش مەترسیدارتر دەبێت. * ئەم موازەنەیە هێندەی تر عێراقی لە کێشەی هەڵاوسانی موازنەی بەکاربردن و گەورەکردنی کەرتی گشتی لە دامەزراندن و پشتبەستن تەنها بە کەرتی گشتی نغرۆکرد کە یەکیکە لە مەترسییە جدییەکان و لە هەموو دەرەوەی ستانداردە جیهانییەکانە. * ئەو موازەنەیە مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ پارێزگایەکی هەرێمی کوردستانی لە حاڵەتی بوونی ناڕەزایی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی پەساند، ئەگەر یەکێتی ساڵی ٢٠١٦ پشتیوانی ئێمەی بکردایە لەو پێشنیارە، ئێستای کوردستان لە زۆر رووەوە باشتر دەبوو، رەنگە نە ریفراندۆم ڕویداباو نە ئابوری بەناو سەربەخۆش ئاوا ببوایە بە شکست و دەستخەڕۆیی، بڕگەی مامەڵەی راستەوخۆ ئەو پاساوە لە یەکێتی دەستێنی کە چیتر شکستی ئیداری سنورەکەی بخاته ئەستۆی پارتی و بڵێ ئەو غەدر لەم جوگرافیایە دەکات، بۆ ئەمەش کاتی زۆرمان ناوێ تا راستییەکان ببینین. * جیاکردنەوەی داهاتی نەوتی هەرێم لە ژمارەیەکی بانکی تایبەتدا بە وردەکارییە دارایی و ئیدارییەکانیەوە، کە بە رێکەوتنی هەردوو حکومەت کراوە، قۆناغێکی تری شکستی ئەو مەلەفەیە بە دەست هەرێمەوەو دورو نزیک ڕونکاری بەدی ناهێنێ لە داهاتەکەو ئەو دەرفەتەش لەدەستدرا کە هەرێم ببێتەوە بەشێک لە کۆی موازەنەی عێراق وەک قۆناغی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٣ لە ئایندەدا ڕونتر راستی ئەم بۆچونە دەردەکەوێت، فرۆشتنی نەوت لەلایەن سۆمۆوە دەیتوانی وا لەهەرێم بکا خۆی لە بازنەی ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلە قوتار بکاو بڵی نەوتی عێراق ٣.٥ ملیۆن بەرمیلەو جیاکردنەوەی نەوتی هەرێممان قبوڵ نیە بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم نەیانکرد لەبەر ویستی مانەوەی دەستی گەندەڵ لە داهاتی ئەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلەو پێشینەیەکی یاسایی خراپیشیان بۆ ئایندە دانا کە راستکردنەوەی ئاسان نیە. * ئەو موازەنەیە بەگشتی لەپەیوەست بە سەنگی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئیداری و ئابوری و سیاسییەوە، ئەو ڕاستیەی سەلماند کە ریفراندۆم چ گورزێکی کاریگەری لە هەرێم داو تادێ کاریگەرییەکانی زیاتر دەردەکەوێ، و ئابوری بەناو سەربەخۆش چۆن هەرێمی خستۆتە ناو دوو کەوانەی بەرتەسکەوە. * هەرێم بۆ ئەوەی وەک بەشێک لە عێراق رۆڵ و کاریگەری، ئابوری و ئیدارەکەی ئاسایی و یاسایی ببێتەوە دەبێ دووربخرێتەوە لەو بازرگانییە پڕ دروشمبازییەی ساڵانە سەروەختی یاسای موازەنە گەرمتردەبێ و دەیەوێ هەرێم بکاتە دورگەیەکی داخراو لەپێناو گەندەڵی و دەستپیسیدا. حوکمڕانی بە دروشمبازی ناکرێ و یاسای موازەنەش پێویستی بە عەقڵە نەک عاتیفە وروژاندن. * ئەوەی لە رۆژانی ڕابردودا، لە چەند پەرلەمانتارێکی کوردم بیست لە دروشمبازی قەومی سواو، فاڵی هەندێ پەیامنێری سەردەمی ریفراندۆمەکەی بیرهێنامەوە، ئەوانە دیسان هاوکێشەی دوژمنکاریان لەنێوان هەرێم و بەغدا دروستکردەوە! * دەمێکە دەڵێم؛ ١٠٠ ساڵە عێراق وەک دوژمن وێنادەکرێ و نەتیجەکەی ئەوەیە کە ئێستا لە هەرێم دەیچنینەوە، ١٠٠ ساڵی ڕابردوو؛ مێژوی شکستی ناسێۆنالیزمی کوردی مەرگدۆستە کە هیچ نەماوە بەسەر خەڵکی کوردستانی نەهێنێ، چی دەبێت ئەگەر ١٠ ساڵیش دوور لە دروشمبازی پووچ، بە گوتارێکی نیشتیمانی ژیاندۆست، عێراق وەک دەرفەت بۆ خزمەتی خەڵک و خاکی هەرێم سودی لێوەبگیرێ. ئەو گوتارە فشە قەومییە لە رابردوو و ئێستاشدا بە کردار ئەوەی سەلماندوە کە ئامانجە هەرە باڵاکەی دروستکردنی کۆمەڵێک دێو و دیوەخان و گیرفانە بۆ چەند خێزانێکی سیاسیی و بەس.
یوسف محهمهد- سهرۆكی پیشووی پهرلهمانی كوردستان لە چەند رۆژەدا بابەتی مامەڵەی راستەوخۆی حکومەتی فیدڕاڵی لەگەڵ ھەر پارێزگایەکی ناڕازیی ناو ھەرێم بوەتە جێی باس و، ھەندێک بە خیانەتی گەورەی ئەزانن و ھەندێکی تر بە ھۆکاری ھەڵوەشانەوەی قەوارەی ھەرێمی ئەزانن! لەڕاستیدا پێشتر حکومەتی فیدڕاڵ ھەر لەڕێی یاساکانی بودجەوە مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ پارێزگاکانی ھەرێم ئەکرد بۆ سەرفکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و قەوارەی ھەرێمیش ھەڵنەوەشایەوە! نەک ھەر ئەوە بەڵکو زۆربەی ھەرەزۆری پڕۆژەکانی پارێزگایەکی وەک سلێمانی لەوکاتەدا کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لە ھەمو قەزاکانیدا جێبەجێ ئەکرا، بەھۆی ئەو مامەڵە راستەوخۆیەی بەغدا لەگەڵ پارێزگاکانەوە جێبەجێ کراون. دانانی مەرجێک بۆ بە دادپەروەرانە دابەشکردنی داھات بەسەر پارێزگاکانی ھەرێم، نەک نابێتە ھۆی دابەشکردنی ھەرێم، بەڵکو ئەبێتە گەرەنتییەک بۆ یەکپێگرتنەوەی راستەقینەی ھەرێم. ئەوانەی بەناوی پاراستنی قەوارەی ھەرێم دژی ئەو بڕگەیەن ئایا لە خۆیان پرسیوە کە ھەر بە راست قەوارەی ھەرێم ئێستا یەکگرتوە یان زیاد لە ھەر کاتێکی تر دابەشبو و دابەشکراوی سەر خێزانە دەستڕۆشتوەکانی ھەرێمە!؟ جا بۆیە تکایە بەناوی دابەش نەکردنی قەوارەی ھەرێم ھێندەی تر بڕیاڕی سیاسیی ھەرێم مەکەنە بارمتەی تەنھا یەک خێزابی سیاسی و، تکام لە ھەمو ئەو پەرلەمانتارانەیە کە خۆیان لەبەرەی خەڵک ئەزانن کە لەڕێی گەڕاندنەوەی ئەو بڕگەیەوە، دەستەبەری یەکپێگرتنەوەی ھەرێم و دابەشکردنی داھاتەکانی بە دادپەروەرانە بکەن. کاک نەوشیروان چەند جارێک باسی ئەوەی ئەکرد کە کاتی خۆی لە نوسینی دەستوری عێراق، چەند جارێک کاک مەسعود لە پڕۆژە دەستورەکەدا مافی (ھەر پارێزگایەک بۆ بون بە ھەرێم)ی، سنوردار ئەکرد لەو پارێزگایانەی کە لەچوارچێوەی ھەرێم رێکنەخراون، ئەو (واتە کاک نەوشیروان) ھەمو جارێک ئەو بەربەستەی لابردوە، بۆ ئەوەی مافی ھەر پارێزگایەکی ناو ھەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی ھەرێمێکی سەربەخۆ ببێتە کارتی فشارو گەرەنتی بۆ باش ئیدارەدانی ھەرێمی کوردستان. ھەر بۆیەش کاتێک فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ یەکەم جار پێشنیاری کرد کە ئەگەر دەسەڵاتی ھەرێم پابەند نەبو بە بڕگەکانی یاسای بودجەی فیدڕاڵی، ئەوا مامەڵەی راستەوخۆ بکرێت لەگەڵ ھەر پارێزگایەک کە پابەندی یاساکە بێت، کاک نەوشیروان لەو کاتەی کە ھەموان دژی ئەو پێشنیارە وەستانەوە، ئەو پشتیوانیی لێکرد. جا ھاوڕێیانی ئازیز، ئەم چەند کاتژمێرە کەمانە ماون ھیممەت بکەن بۆ گەڕاندنەوەی بڕگەی پێدانەوەی پاشەکەوت و مامەڵەی راستەوخۆی پارێزگای ناڕازی بۆ دەستەبەرکردنی یەکگرتویی ھەرێم، وەگەرنا یەکگرتویی بەزۆر ناسەپێنرێ و، بەردەوام بونی بارمتە بونی ھەمو ھەرێم بەدەست ئەم دەسەڵاتەی ئێستایەوە، رەنگە ھەنگاوی تر بێنێتە کایەوە.
نووری بێخاڵی چوار ساڵ سەرۆکایەتیکردنی هەرێمی کوردستان لەناو دنیایەک ئالنگاری و هەڵبەز و دابەزی کێرڤی ناکۆکییە کوردستانی و عێراقی و هەرێمایەتییەکاندا، کە تیایدا کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەرژەوەندیی نێودەوڵەتیش هەبوون، کارێکی هەروا ئاسان نەبوو. لەو وتارەی کە لە ڕۆژی سوێندخواردنیدا (١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩) پێشکەشی کرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "قۆناغهكانى داهاتوو، هاوكارى و ههماههنگى و پهرهپێدانى زياترى پهيوهندييهكانى ههرێمى كوردستانمان لێ دهخوازێت لهگهڵ عێراق و وڵاتانى ناوچهكه و دۆستانمان له جيهاندا." بە هۆی ئەم دیدگا ڕۆشن و دووربینییە سیاسییەیەوە، لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک کەشتیوانێکی لێزان، خاوەن ئەزموون و پشوودرێژ، توانی کەشتیی هەرێمی کوردستان چ لە ناوخۆ، یان لە ئاستی عێراقی و هەرێمایەتیدا، لە زۆر شەپۆلی سەرشێت و بەرکەوتنی بەربەست و بەستەڵەک، بپارێزێت. لە ئاستی هەرێمی کوردستاندا، هەر لە یەکەم ڕۆژی دەست بەکاربوونیدا بە تەنگ یەکڕیزی و تەبایی نێوان هێزە سیاسییەکانەوە بوو و سەرۆکایەتیی هەرێمی کردە چەتری کۆکەرەوەی هەمووان. هەر لەو ماوەیەشدا، داوای ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی نوێی لە نێوان پارتی و یەکێتی کرد. چونکە بڕوای تەواوی بەوە هەبووە و هەیە، کە ئەم هەرێمە بەبێ ئەم دوو هێزە سەرەکییە بەڕێوە ناچێت و هەر بەریەککەوتنێکی نەخوازراوی نێوانیان، دواجار داهاتووی هەرێمەکە و چارەنووسی گەلەکەی ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە. بۆیە لە میانی وتارەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "ئێمه زۆر جار له فهرههنگی سیاسی و نهريتى میدیایيماندا پتر له پێویست جهخت لهسهر ململانێ، ناتهبایی و ناسازیمان دهكهین. با لهمهودوا له گشت ئاستێكی كۆمهڵايهتى و سیاسیدا لهگهڵ یهكتر كۆك و تهبا و ساز بین... دهزانم ململانێ و جياوازى ههر دهمێنن، ئهمه شتێكى ئاسايييه، بهڵام داوا دهكهم با بیركردنهوهمان ناكۆك، ناتهبا و ناساز نهبێت. لهبری بيركردنهوه له چۆنيهتيی بنكۆڵكردنی پێگهی یهكتر، با بیر و ههڵسوكهوت و كردارمان پێكهوه و بنياتنهرانه بێت بۆ گهڕان به دوای چارهسهری هاوبهش و ئایندهی هاوبهشدا." هەر لەم روانگەیەشەوە، ئەو کە دەیتوانی لەو هاوکێشەیەی ململانێ و ناکۆکییە ناوخۆییەدا بچێتە نێو بازنەیەکی تەسکی سیاسی و ببێتە بەشێک لە کێشەکان، کەچی لەبری ئەوە و بەرمەبنای ڕوانگە نیشتمانییەکەی، بووە کلیلی چارەسەر و هەر ئەمەش وای کرد حکوومەتێکی سەقامگیر لە هەرێمدا بێتە ئارا، کە بپەڕژێتە سەر کار و پڕۆژەکانی و تیمی یەکێتیش بگەڕێتەوە ناو کابینەکە. هەر لە ئاستی هەرێمدا، وەک باوەڕ و پرەنسیپی نەگۆڕی خۆی، سەرۆکی هەرێم لە سەنگەری پاراستن و داکۆکیکردن لە ئازادییە تاکەکەسی و گشتییەکانی کۆمەڵگا، ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری، ئازادی و مافەکانی ژنان، کرانەوەی کۆمەڵایەتی و لە سەرووشیانەوە، لە مەتەرێزی قووڵکردنەوەی کولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان مایەوە و دەشمێنێتەوە. لە ئاستی عێراقیشدا، وێڕای بوونی چەندین کێشە و ناکۆکی، بەڵام بە لۆژیکی گفتوگۆ و دانوستاندن، پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدای بە ئاقاری پەیوەندییەکی جیددی، پتەو، ستراتیژی و بەرهەمداردا برد، کە بەرهەمەکەی ڕێککەوتنێکی سیاسی بوو. ڕێککەوتنێک کە بە قازانجی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی تەواو بوو. ئەمەش بە کرداری سەلماندنی ئەو ڕوانگەیەیان بوو، کە لە ڕێورەسمی سوێندخواردنەکەیاندا ئاماژەیان پێی کرد، بەوەی کە "دهبێت لهگهڵ حكوومهتی فیدرال له بهغدا پێكهوه كار بكهين بۆ دۆزينهوهى چارهسهرى هاوبهش له چوارچێوهی دهستووری فیدرالی عێراقدا." بۆیە ئەم دەرفەتە ئەوە لە پارتی و یەکێتی دەخوازێت بەیەکەوە بکەونە کار، بۆ ئەوەی بۆ داهاتووی نزیک و دوور، لەگەڵ عێراقدا بگەنە ڕێککەوتنێکی ستراتیژی، کە لە سایەیدا دەستوور سەنگی مەحەکی یەکلاکردنەوەی هەموو ناکۆکییەکان و چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان بێت. لە ئاستی هەرێمایەتیشدا، لەپێناوی سەقامگیرکردنی ئاسایشی ناوچەکە، گەشەپێدانی بازرگانی، زەمینەسازیی وەبەرهێنان و پتەوکردنی پەیوەندیی دیبلۆماسی لەبەر ڕۆشنایی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و داب و دەستووری دیبلۆماسی، لهسهر بنهماى دراوسێیەتی باش و ڕەچاوکردنی بهرژهوهنديى هاوبهش و ڕێزلهيهكگرتن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە یەک مەسافە و تەریب، پردی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ پتەوتر کرد و دڵنیایی ئەوەی پێدان، کە هەرێمی کوردستان نەک هەر نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی، بەڵکوو بە پارێزگاریکردن لە سەروەریی خۆی، هەمیشە بە فاکتەری سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە دەمێنێتەوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا، زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین کە بە درێژایی ئەم چوار ساڵە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، نێچیرڤان بارزانی ڕووخساری نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستانە. ئەمەش پەیوەستە بەو متمانەیەی کە لە چوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیدا و لە میانی پاراستن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی ئەوڕوپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی بڕیار بەدەستدا، بۆ هەرێمی کوردستان بەدەستی هێناوە. ماوەتەوە بڵێین: سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە درێژایی چوار ساڵی ڕابردوو و تا ئەمڕۆش، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بە ئاراستەی هێنانەدی کۆمەڵگایەک کاری کردووە و دەکات، کە شوێنی هەمووانی تێدا ببێتەوە. ئاراستەیەک کە پێویست دەکات هەمووان هاوکار و پاڵپشتی بن.
خەبات عەبدوڵا یەکەم: حاڵی حازر ڕووبەڕوو لەگەڵ شکستێکدا وەستاوینەتەوە، شکستێکی بەتەنها سیاسی و ئیداری نا، بەڵکو شکستێکی جڤاکی. دووەم: وەکو یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم شکستە، لەمڕۆدا شتێک نەماوە لە عێراق ناوی دۆزی کورد بێت. دۆزی کورد لە عێراق لەسەر دەستی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و ئەوانەی پێیان دەوترێت "نوێنەرانی کورد" لە بەغدا، لە پۆست و پارەدا کورت کرایەوە و کۆتایی پێ هێنرا. سێیەم: لە سایەی ئەم سەرکردایەتییەدا وێنەی ئێمه له عێراق ئاڕاستهیهکی یەکجار ناشرینی وهرگرت، وێنهی کورد له نهتهوهیهکی ئازادیخوازهوه که خولیای ئازادی و سهربهخۆیی ههبوو، گۆڕدرا بۆ دەرۆزەکەرێکی چاوبرسی. چوارەم: کورد لە سایەی لێکترازان و نەبوونی ستراتیژێکی نەتەوەیی ڕۆشندا، نوێنەری لە بەغدا نییە. بەشی هەرە گەورەی ئەوانەی بەغدا نوێنەری خۆیان و پاڵەوانی دیموکراسیی هەڵبژاردنن. بەشێکی زۆری ئەوانەی بەناوی نوێنەرانی کوردەوە لە بەغدان، لەڕووی سیاسییەوە کەسانی بێ سەواد، دەستوپێ سپی و کاراکتەری هەرزەگۆن. ڕاستییەکەی "نوێنەرانی کورد" لە بەغدا، چینی کۆمبرادۆری کوردین. پێنجەم: لەوەتەی ڕوخانی فاشیزمی بەعسی، هیچ دەمێک هێندەی ئێستا قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم چارەنووسی نادیار و مەترسی دابەشبوون و هەڵوەشاندنەوەدا نەبووە. شەشەم: ئێمە حاڵی حازر شاهیدی نابووتبوونی کۆی ئەو پارادایمە سیاسییەیەن کە بە درێژایی شەست ساڵی پێشوو و تا ئێستا لەلایەن دوو مەیلی سیاسییەوە دنە دەدرا.
سلێمان مستەفا حەسەن پێگەی دادگای فیدراڵی لە دەستوری كۆماری عێراقی فیدراڵدا پێگەیەكی گرنگ و هەستیارە كە خاوەنی بڕیاری كۆتاییە ، چوارچێوەی هێڵە گشتیەكانی دەسەڵات و ئەرك و شێوازی پێكهێنانی لە ماددەكانی ( 92 ،93 ، 94 ) دەشستوور رونكراوەتەوە ، لە ماددەی (13)ی دەستوریشدا ئەو پێگەو باڵایە رەنگی داوەتەوە كە ئەم دەستوورە بە پایەدارترین یاسا دادەنێت و نابێت هیچ یاسایەك دابندرێت لە گەڵ حوكمەكانی ناكۆك بێت ، ئەمەش ئەو راسیتیە دوپات دەكاتەوە كە دادگای فیدراڵی بۆ روانین و دادبینی و بریاردان و راڤەكاریە بۆ ماددەكانی دەستورو ئەوناكۆكیانەی لە دەركردنی یاساو پەیرەو بڕیارەكان دەكەونەوە ، جا ئەوە ناكۆكی و خوێندنەوە جیایانە لە نێوان هەرێمەكان و پارێزگاكان و حكومەتی ئیتحادی (فیدراڵی ) یەوە،دێنە ئاراوە ، یا لە دەرچواندنی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانبێت یان لە پەرلەمانی هەرێمەكان بێت ، كارو تایبەتمەندی دادگای فیدراڵی چاودێری لەسەر دەستووری بوونی یاسا و پێرەوە بەركارەكان . دادگای باڵای فیدراڵی كراوەتە مەرجەع بریار بەدەست ، لە ماددەی (94)ی دەستووری عێراقدا هاتووە (بڕیارەكانی دادگای باڵای ئیتحادی بنبڕە ، و پابەندیە بۆ هەموو دەسەڵاتەكان ) ، بەو مانایەیی ئەگەر لە سەر هەر پرسێك ناكوكی كەوتە نێوان یەكێ لە هەرێمەكان وحكومەتی ئیتحادی ، یان رەوایەتی و دەستوری بونی یاساكان لەسەر ئاستی ئەنجومەنی نوێنەران بێت یان پەرلەمانی هەرێمەكان بێت مەرجە و نابێت یاساكان پێچەوانەی دەستور بێت وەك لە ماددەی ( 13) برگەی دووەمیدا هاتوە ( نابێ یاسەیەك دابنرێت دژبێت لەگەڵ ئەم دەستورە ، وەهەر دەقێك لە دەستورەكانی هەرێمەكان یان هەر دەقێكی تری یاسایی كە دژبێت لەگەڵی بە پوچەڵ دادەنرێت ) (تاكە دادوەرو و ناوبژیوان دادگای باڵای فیدراڵیە وبڕیارەكانی بنبڕە ، واتە شایەنی تانەوتێهەلچونەوتەمیز كردنەوە نین . بۆ بەرچاو روونی زیاتر دەقی ماددە پەیوەندیدارەكانی دەستوور وەك خوی دادەنێنەوە : لە ماددەی 92ی دەستوردا هاتوە : یەكەم -دادگای فیدراڵی باڵادەستەیەكی دادوەری سەر بەخۆیە لە ڕووی دارایی وبەڕێوەبردنەوە. دووەم -دادگای فیدراڵی باڵا لە ژمارەیەك دادوەر و شارەزای فیقهی ئیسلامی و یاسا ناس پێكدێت ،دیاریكردنی ژمارە و شێوازی هەڵبژاردن وكاری دادگاكە بە یاسا رێكدەخرێت ، بە زۆرینەی دوو لە سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران . لەماددەی ماددەی 93 دا هاتوە : دادگای فیدراڵی باڵا ئەم تایبەتمەندیانەی دەبێت : یەكەم - چاودێری لەسەر دەستووری بوونی یاسا كان و پێرەوە بەركارەكان . دووەم - لێكدانەوەی دەقە كانی دەستوور . سێیەم - یەكلایكردنەوەی ئەو كێشانەی لە ئەنجامی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكومەتی فیدراڵیەوە دەردەچن ، یاساش ماف دەدات بە هەریەك لە ئەنجومەنی وەزیران و كەسانی خاوەن پلەو ئەوانی دی كە ڕاستەوخۆ لە دادگا ڕخنە لەو بڕیارانە بگرن . چوارەم :یەكلایكردنەوەی ئەو دووبەرەكیانەی لە نێوان لە نێوان حكومەتی فیدراڵ وحكومەتی هەرێمەكان و پارێزگاو شارەوانیەكان و ئیدارە ناوخۆییەكان ڕوودەدات . پێنجەم :یەكلایكردنەوەی ئەو دووبەرەكیانەی لەنێوان حكومەتی هەرێمەكان یان پارێزگاكان ڕوودەدات . شەشەم :یەكلایكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵا سەرۆك كۆمارو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكان . حەوتەم: پەسەندكردنی ئەنجامەكانی كۆتایی هەڵبژاردنە گشتیەكان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران . هەشتەم :أ یەكلایكردنەوەی ناكۆكی لە نێوان بواری كاری دادگای فیدراڵ ودەستەی دادوەری هەرێم وپارێزگاكان كە ناكەونە سنوری پارێزگاكان . ب یەكلایكردنەوەی ناكۆكی لە بواری كاری دەستەی دادوەری هەرێمەكان وپارێزگاكان كە ناكەونە سنوری هەرێمەكانەوە . هەروەها لە ماددەی 94ی دەستوردا هاتوە : بڕیارەكانی دادگایی باڵای فیدراڵی یەكلاكەروە یە ودەبێت سەرجەم دەسەڵاتەكان پێوەی پابەندبن . لە دوای پەسەندكردنی دەستووری كۆماری عێراقی فیدراڵ لە ساڵی 2005 ، پرسی یاسای دادگای فیدراڵی بۆتە جێگای پرسیارو تێروانینی جیا لە نێوان پسپۆرانی بواری دەستوور ، كە بەرای ئێمە ئەمە خاڵێكی نەرێنیە لەسەر یاسایەكی وا گرنگ كە رۆلی یەكلاكەروە هەیە ، گومانی تیانییە تا ئێستا كار بە (بڕیاری ژمارە 30) یاسای دادگای باڵای فیدراڵی دەكرێت كە پاڵپشت بە ماددەی (44) لە یاسای بەرێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە دەرچوێندراوە ، واتە تا ئێستا یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بونی نییە لە ژێر چەتری دەستووری هەمیشەیی دا دەرچوێندرابیت ، جگە لە هەمواركردنەوەی نەبێت كە بەیاسای ژمارە (25 ) لە ساڵی 2021 كراوە، بەبێ ئەوەی خۆی لە قەرەی كرۆكی ماددەی (92) برگەی دووەمی بدات كە تێدا هاتوە (دادگای فیدراڵی باڵا لە ژمارەیەك دادوەر و شارەزای فیقهی ئیسلامی و فقهی یاسا پێكدێت ،دیاریكردنی ژمارە و شێوازی هەڵبژاردن وكاری دادگاكە بە یاسا رێكدەخرێت ، بە زۆرینەی دوو لە سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران )شاراوە نییە لە ماددەكانی دەستووردا كە پەیوەندیدارن بە دادگای فیدرالی بە شێوەیەك لە شێوەكان خۆی لەهەندێ پرسی هەستیار بواردەوە و ئەو ئەركەی داوەتە ئەنجومەنی نوێنەران كە بەیاسایەك یاسای دادگای فیدرالی دەربچوێنرێت كە بە رەزامەندی دەنگی دوو لەسەر سێ ئەندامانی ئەنجومەن بێت ، بەڵام لەكاتی هەمواری بریاری ژمارە (30) رەچاوی ئەم خاڵە نەكراوە ، چونكە ناكرێت دادگای فیدرالی دەست كراوە بێت و ناروونی لە ئەرك و كارەكانیدا بەدیبكرێت بە حوكمی پێگەو كاریگەریەكەی ، بۆ جێبەجێكردنی حوكمەكانی یاسای دادگای فیدرالی هەمواركراو ، مالی یاسادانانی فیدرالی لە ماددەی (9) یاسای دادگای فیدرالی هەمواركراو دەسەڵاتی داوەتە دادگای فیدراڵی پەیروی ناوخۆی خۆی دەربكات . دادادگای فیدرالیش پەیرەوی ناوخوی ژمارەی (1) لە ساڵی 2022 دەركرد كە لە (52) ماددە پێكهاتوە بۆ رێكخستنی كاراییەكانی كە هەولی داوە تا رادەیەك كەموو كوریەكانی یاساكە پربكاتەوە ، لەوانە كاریگەری بڕیارەكانی دادگا لە رووی كاتەوە ، ئایە بریارەكان كاری گەری راستەوخۆیان ( فوری) دەبێت لە رۆژی دەرچونیان یان كاریگەری گەراوەشی دەبێت پێشخۆیی ( رەجعی ) ، دادگای فیدراڵی لە ماددەی (37) پەیری ناوخۆی دا هاتوە ( كاریگەری بڕیارەكانی ئەم دادگایە لە رۆژی دەرچونیانەوە دەبێت ، ئەگەر لە بڕیارەكە پێچەوانەی دیارینەكرابێت ، سەبارەت بە حوكمی جەزائی ئەوا ئەسەری راستەوخۆیان دەبێت ، سەبارەت كاریگەری بڕیاری راڤەكاری لە ماددەی (38) ی پەیرەوەكەدا هاتوە ( كاریگەری بریارەكانی راڤەكاری لە رۆژی جێبەجێكردنی حوكمەكانی دقەكەوە یە كە جێگای راڤەكاریە ، ئەگەر دەقێكی پێچەوانەی ئەوە نەبێت ). پێشینەی دادگەری بریارەكانی دادگای فیدراڵی لەسەر چەند پرسێكی پەیوەندیدار بە كاریگەری بڕیارەكانی لەروی كاتەوە كۆمەڵێ خوێندنەوەی جیای جێهێشتوە ، هەروەها لەسەر خودی یاساكە و پێكهاتەی ئەندامانی شارەزایان و پسپۆرانی یاسای دەستوری ناكۆكن لەسەری ، چونكە لە ماددەی 92ی دەستوردا هاتوە : یەكەم -دادگای فیدراڵی باڵادەستەیەكی دادوەری سەر بەخۆیە لە ڕووی دارایی وبەڕێوەبردنەوە. دووەم -دادگای فیدراڵی باڵا لە ژمارەیەك دادوەر و شارەزای فیقهی ئیسلامی و یاسا ناس پێكدێت ،دیاریكردنی ژمارە و شێوازی هەڵبژاردن وكاری دادگاكە بە یاسا رێكدەخرێت ، بە زۆرینەی دوو لە سێی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران . بەڵام بڕیاری ژمارە ( 30) لە لایەن حكومەتی ئینتقالی دەركراوە و لە كاتی هەمواركردنی یاساكەش لە ساڵی 2021 یاسای ژمارە ( 25) یاسای هەمواری یەكەمی دادگای ئتتحادی دەرچوێنرا كە خۆی بەدوور گرتوە لە ناوەرۆكی برگەی دووەمی ماددەی (92)ی دەستور ، لە لایەكی تر بەشێك لە شارەزایانی بواری دەستور بە ماددەی (130) دەستور وەڵامی ئامادەیان پێیە كە تیایدا هاتوە ( یاسا كارپێكراوەكان كاریان پێدەكرێت ئەگەر هەڵنەوەشێنرابێتنەوە یان هەموار نەكرابن بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم دەستوورە. ( تبقی التشریعات النافژە معمولا بها،ما لم تلغ أو تعدل وفقا لاحكام هژا الدستور) ، كوردو دادگای فیدراڵی بەڕای بەندە باشتر وایە كۆتایی بەم گومان و رایە جیاوازنە بهێنرێت ،بۆیە باشتر وایە لە ئێستادا كار لەسەر ئامادەكردنی پرۆژ یاسای دادگای باڵای فیدراڵی بكرێت و ئامادەكاری تەواو بكرێت بۆ كۆدەنگی و سازان و پركردنەوەی هەموو ئەو كەلێنانەی كە بەدیدەكرێن ، لە هەمانكاتدا رووبچێتە ناو رۆحی دەستور و فەلسەفەی دەستور كە بوار بۆ ئیجتهادو خوێندنەوەی جیا نەهێڵێتەوە ، چونكە لەدەستوردا تایبتمەندی دراوەتە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی لە كاتی پەسەند كردنیدا ، وەك لە دەستوردا هاتووە كە حوكمەكانی هێڵەگشتیەكانی دەرچواندنی یاسای دەستوری روون كردوتەوە ، بۆ كوردو هەرێمی كوردستانیش گرنگە لە ئیستادا ئاورێكی جدی لەم پرسە بداتەوە ، دوور لە بیری تەسكیی حزبایەتی بە نەفەسێكی كوردانەو یاسیانەی قوڵ ئەم پرسە روو بەرووی شارەزایانی بواری دەستور بكرێتەوە ، و پێداویستیەكانی سەرخستنی ئەم كارەیان بۆ دەستە بەر بكرێت و شان بەشانی ئەم یاسایە ئاورێكی جدیش لە یاسای نەوت غازو یاسای ئەنجومەنی ئتتحادی بدنەوە ، لە هەمان كاتدا دەستەیەكی یاسا ناس لە پارێزەرو شارەزیانی دەستور و پسپۆران پێكبهێنرێت وەك دەستەیەكی سەربەخۆ كە ئەركیان راوێژ دان و بەرگری بێت لە مافە دەستوریەكانی خەلك و هەرێمی كوردستان .
هاوڕێ تۆفیق کێشەکان چین؟ بەگوێرەی بریاری دادگای فیدراڵی ژمارە (٢٣٣) لە بەرواری ٢٠٢٣/٥/٣٠ تایبەت بە رەتکردنەوەی درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی پەرلەمانی کوردستان. پەرلەمان تەمەنی یاسایی تەنها بۆ چوار ساڵەو هەموو ئەو قانون و بڕیارانەی کە لەماوەی تەواوبوونی یاسایی پەرلەماندا دەرچون هەڵوەشاوەن و پێچەوانەی دەستورن. بەوهۆیەوە بڕیاری کێشەداری درێژکردنەوەی ولایەتی ئەنجومەنی کۆمیسۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمیش هاوشێوەی قانون و بریارەکانی تر هەڵوەشاوەن. ئاشکرایە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکرێت سێ پێداویستی سەرەکی و بنچینەیی هەن کە پێویستە هەبن و پێیاندەوترێت کۆڵەکەی هەڵبژاردن. ئەوانیش (قانونی هەڵبژاردن، کۆمیسۆنی هەڵبژاردن، بودجەی دابینکراو لەلایەن حکومەتەوە). لە کوردستان لەو سێ پێویستیە، تەنها یەک دانەیان بەردەستە. ئەویش قانونی هەڵبژاردنی ژمارە (١) ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراو، باقیەکی تری، نە کۆمیسۆن رەوایی یاسایی ماوەو نەحکومەتیش هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ دابینکردنی بودجەی هەڵبژاردن و تەواوی پێداویستییە کارگێریی و دارایی و ئەمنییەکان دابینکردوە، ئەمە جگە لەو راستیەی کە خودی قانونی هەڵبژاردنی هەموارکراویش دڵخوازی گشتی هەموو لایەنەکان نیەو بەڵکو بەپێچەوانەوە سەرچاوەی دروستکردنی ناکۆکی سیاسییە. کەواتە چۆن هەڵبژاردن لە کوردستان دەکرێت؟ یەکەم، بە ناچاری دەبێ کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراقی هەڵبژاردنی کوردستان بکات. بەڵام بۆ بێبەختی کورد، ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق، ئەویش تەمەنی یاسایی نزیکە لە تەواوبوون. ئاشکرایە بەگوێرەی قانونی ژمارە (٣١)ی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٩ بەگوێرەی مادەی (٧) بڕگەی یەکەم تەمەنی ئەنجومەنی کۆمیسیاران تەنها بۆ چوارساڵەو شایەنی درێژکردنەوە نیە. بەو پێیەش تەمەنی یاسایی ئەندامانیان. تەنها نزیکەی حەوت مانگی یاسایی ماوە. کەواتە ئەمە کێشەیەکی ترەو دەچێتە سەر باقی کێشەکانی تر. بەگوێرەی مادەی (٣)ی قانونی کۆمیسۆن، ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە (نۆ ) ئەندام پێکهاتوە، بەگوێرەی بڕگەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەم ) لە مادەی (٣)، پێنج لە ئەندامانیان داوەرن لە پۆلینی یەک و لەلایەن ئەنجومەنی داوەریی عێراقەوە کاندید دەکرێن. دوو ئەندامی تریان لەلەلایەن ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمەوە کاندید دەکرێن. دوو ئەندامەکەی تریشیان راوێژکاری یاسایین و لەلایەن ئەنجومەنی دەوڵەتەوە کاندید دەکرێن. لەلایەکی تر ئێستا لە عێراقدا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکرێ، بۆ ئەو مەبەستەش حکومەتی عێراقی پێشینەی دارایی یەکەمی بۆ کۆمیسۆن دابینکردوە. کەواتە دوو کێشەی تر، جگە لە کێشەکانی کوردستان بۆ هەڵبژاردن هاتونەتە پێشەوە. یەکەمیان، کۆمیسۆنی عێراق تەمەنی یاسایی تەواو دەبێ و پێویستە چارەسەر بکرێ، دووەمیان لە عێراق وابڕیارە مانگی یانزە هەڵبژاردنی پارێزگاکان بکەن. بۆیە هاوتەریب لەیەک کاتدا دوو هەڵبژاردن پێکەوە بۆ کۆمیسۆنی عێراق بۆیان قورسە. هەرچەندە لە رابردوو چەندینجار دوو هەڵبژاردن پێکەوە لە یەککاتدا کراون. بۆ نمونە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی هەرێم و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکەوە لە یەک رۆژدا کراون و ئەم ئەزمونە تاقیکراوتەوە. سیناریۆی چارەسەری پێشبینیکراو؛ ١: بەگوێرەی قانونی کۆمیسۆنی عێراق بەهەمان شێوازی رابردوو (نۆ) ئەندامی تر لە ئەنجومەنی دادوەریی و ئەنجومەنی دەوڵەت کاندید بکرێن. ٢: ئەم ئەندامانەی ئێستای ئەنجومەنی کۆمیسیاران لەلایەن پەرلەمانەوە تەمەنی یاساییان بۆ درێژبکەنەوە .ئەویش لە رێگای هەمواری قانونیەوە ، بەڵام ئەم سینارۆیە لاوازترینە. ٣: بەشێوەی پشکپشکێنەی حزبیی لەسەر بنچینەی نەتەوەیی و تایفی پەرلەمانی عێراق (نۆ) ئەندامی تر دابنێ و هەمواری قانونی کۆمیسۆن بکرێ. ٤: دادگای فیدراڵی مافی دەستوریی هەیە هەندیک مادەی قانونی هەڵبژاردنی هەرێم رەتبکاتەوە .بەو پێیەی ناکۆکە لەگەڵ دادپەروەری هەڵبژاردن و دەستور. سیناریۆی خراپ: عێراق کێشەی سیاسی شاراوەی هەیەو کێشەی تەمەنی یاسایی کۆمیسۆنی عێراق بکەنە بەهانەو پاساو، هەتاوەکو هەڵبژاردنی پارێزگاکان نەکەن و هەڵبژاردنی کوردستانیش هەتاوەکو ساڵێکی تر دوابخرێ بەمەش پێگەی دەستوریی و قانونی هەرێم لاوازبکرێ.
گوڵاڵه سدیق ــ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، بۆ ساڵێک نزیکەی ١٦ تریلیۆن و ٢٥٦ ملیار دینارە، وەک دەستنیشانکراوە، ٩ تریلیۆنی بۆ موچەیە، ٢ تریلیۆن بۆ خەرجی، ٥ تریلیۆن بۆ پڕۆژە. وە لەیاسای ژمێریارییدا دەتوانرێت گواستنەوە (مناقلة) بکرێت لەنێوان بابەکانی خەرجییەکاندا (واتە دەتوانرێت خەرجی شوێنێک بگوێزرێتەوە بۆ شوێنێکی تر بەپێی پێویستی خەرجییەکە). ــ واتە مانگانە نزیکەی بڕی یەک تریلیۆن و ٣٥٤ ملیار دینار دێت بۆ هەرێمی کوردستان. ئەگەر خەرجییەکان بەم شێوەیە دابەشبکرێت:ـ ١ـ مانگانە، بڕی ٩١٠ ملیار دینار بۆ موچە. ٢ـ ئەگەر پلەبەرزکرنەوەش بگەڕێتەوە، مانگانە نزیکەی ٤٠ ملیار دیناری پێویستە. ٣ـ ئەگەر ١٠%ی پاشەکەوت بە (پلەبەرزکردنەوەشەوە) بگەڕێتەوە نزیکەی ٩٥ ملیار دیناری پێویستە. ٤ـ قەرزی بانکەکان مانگانە نزیکەی ٨٥ ملیار دیناری پێویستە. واتە سەرجەم ئەو چوار خاڵەی سەرەوە (موچەو پلەبەرزکردنەوەو پاشەکەوت و قەرزی بانکەکان)، مانگانە، بڕی یەک تریلیۆن و ١٣٠ ملیاری پێویستە لەکۆی یەک تریلیۆن و ٣٥٠ ملیار دیناری مانگانە. بەمشێوەیەش، حکومەتی هەرێم، مانگانە بڕی ٢٢٤ ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە لەکۆی ئەو بڕە پارەی مانگانە لە بەغدادەوە دێت. وە ئەگەر داهاتی ناوخۆو خاڵە سنورییەکانیش تەنها ٢٠٠ ملیار دینار هەژمار بکەین (کە ئەم بڕە بریتییە لە کەمە دیارەکە، زۆرە نادیارەکە کەس نازانێت چەندە!)، ئەوا حکومەتی هەرێم مانگانە نزیکەی ٤٢٤ ملیار دیناری بۆ دەمێنێتەوە، کە دەکاتە نیو موچەی تر، وە ئەگەر ئەم بڕەیە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەشبکرێت ئەوا حکومەتی هەرێم دەتوانێت هەمو پڕۆژەیەکی پێ بکات. کەواتە، هەر قسەو لێکدانەوەیەکی تر بۆ ئەو بڕە پارەی لە بەغدادەوە دێت، قسەی بەتاڵەو ئاو دەکاتە ئاشی دەسەڵاتەوەو بیانوو دەداتە دەست حکومەتی هەرێم کەمتەرخەم بێت بەرامبەر پێدانی شایستە داراییەکانی موچەخۆران و فەرمانبەران!
چیا عەباس چیرۆکێک لە مێژودا شوین و کات: دەربەندی رایات، بارەگای یەکێتی قوتابیانی کوردستان، شۆڕشی ئەیلول، مانگی مارچی ١٩٧٤، لەو ساتانەدا ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوم و بارەگای رێکخراوەکەمان لەسەر چەمەکەی دەربەندی رایات لەسەر رێگای هامیڵتۆن لە ناوجەرگەی سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول بو. لەرێگەی هاوڕێیانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا پەیامێکمان پێگەیشت کە کۆنگرەی گشتی یەکێتی گشتی خوێندکارانی جیهان مانگی ئەپریڵ لە بودابستی پایتەختی هەنگاریا بەڕێوەدەچێت و گەر بمانەوێت دەتوانین لە سایەی شاندی ئەوان لە کۆنگرەکە بەشداربین. بڕیار درا خوالێخۆشبوو عادل مورادو بەندە بەشدار بین، لە دەربەندی رایاتەوە بەرێکەوتین بەرەو تاران، بە کارئاسانی نوێنەرایەتی شۆڕشی ئەیلول لە تاران و دەزگا ئێرانییەکان بەرەو بەیروت بەرێکەوتین. کارتی خۆم لە کۆنگرەکەدا هەڵمگرتوە. لە بەیروت خوالێخۆشبوو عەزیز شێخ رەزا، نوێنەری شۆڕشی ئەیلول، و چەند تێکۆشەرێکی تر رێنماییان کردین و کارئاسانیان بۆ کردین. لە ئۆفیسێکی پۆستی بەیروت و لە کۆنترۆڵێکی ئاساییدا عادل موراد بە چەکەوە گیرا، ئەویان بردو هیچیان لە من نەکرد. بەپەلە گەڕامەوە بۆ لای کاک عەزیزو روداوەکەم بۆ گێڕایەوە، پێی باشبوو بۆ چەند شەوێک لە شوقەکەی ئەو بمێنمەوەو نەگەڕێمەوە بۆ هوتێل، منیش گوێرایەڵی رێنماییەکەیم کرد. پاش دو رۆژ کاک عەزیز پێی گوتم باشترە خۆم تەسلیمی پۆلیس بکەم چونکە کاک عادل لە ئیفادەکەیدا گوتویەتی کە دەمانچەکەی لە کەسێکی نەناسراو کڕیوە بە نرخێکی هەرزان و من تەنها شاهیدی ئەو روداوەم. بۆیە گەڕامەوە بۆ هوتێلەکە، لە هۆڵەکەدا ژمارەیەک پۆلیس و چەند کەسێکیش بە چاکەت و پانتۆڵی رەشەوە وەستابوون. کە منیان بینی دوو کەس لێیان هات بەرەو روم، یەکێکیان گوتی: دەبێت لەگەڵمان بۆ بنکەی پۆلیس بێیت و چیت لە جلوبەرگ پێویستە بڕۆ بیهێنە. کە رۆیشتم کەسێک لەگەڵ چەند پیاوێکی تر لە هۆڵەکە دانیشتبوون هات بۆ لام و گوتی: من کۆسرەتم و کاک عەزیز ئاگاداری کردوین، چیت دەوێت تا بیکەین (ئەوە یەکەمجار بوو لە ژیانمدا کاک کۆسرەت ببینم کە خولێکی کشتوکاڵی لە بولگاریا جێهێشتبوو و بەرەو ناوچە ئازداکراوەکانی شۆڕشی ئەیلول لە کوردستان دەرۆیشت). لە وەڵامدا پێمگوت: ئێمە ژمارەیەکی زۆر بەیانمان بە زمانی عەرەبی لێرە چاپکردوە کە دژ بە حکومەتی عێراقەو لای کاک غازی لە دوکانەکەی دامان ناوە، تکایە ئاگاداری بکەن لەوێ لای ببات چونکە کاک عەزیز پێی گوتم پۆلیس ئاگاداری ئەو بەیانەیە. لە وەڵامدا کاک کۆسرەت گوتی خەمت نەبێت. دوای خواحافیزی پۆلیس زۆر هێمنانە منیان بۆ بنکەیەکی پۆلیس برد. لە ژوری تەوقیف بەتەنیا دانرام، لە پەنجەرەکەیەوە بینیم لە ژوری بەرامبەرم کاک عادل بوو، پێی گوتم لێرە زۆر بەرێزەوە مامەڵە دەکەن و فەرمانبەری لێکۆڵینەوە کوڕێکی گەنجی مەسیحیەو زۆر نەرم و نیانە. لە لێکۆڵینەوە لەگەڵمدا هەر وادەرچوو. کاک کۆسرەتیش ئاگادری کاک غازی کردبو و ئەویش مشوری بەیاننامەکەی خواردبوو. پاش لێکۆڵینەوە بردیانین بۆ ژورێکی زیندان کە زۆر پیس و تاریک بوو، بۆنی پیسایی و سیسرک و قالۆنچە هەراسانیان دەکردیت. زەلامێکی تریشی لێبو کە چەکدارێکی بزوتنەوەی فەتحی یاسر عەرەفات بوو بە پەنجا کلاشینکۆفەوە گیرابوو. ئەو سەردەمە خوێندکاری دوا ساڵی کۆلێژی پزیشکی بووم لە زانکۆی بەغداو بەهۆی هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەگەڵ حکومەتی عێراق نەمتوانی لە بەغدا بمێنمەوە بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی یەک بەشی خوێندنەکەم کە نەمکردبوو، بانگێشی پاسەوانەکەم کردو پێم گوت من پزیشکم و برادەرەکەم باری تەندروستی خراپەو پێویستە پزیشکێک بیبینێت، پزیشک هات، کوڕێکی گەنجی بەڕەوشت و دۆستانە بوو، پاش خۆناسینمان رەچەتەی نوسی بۆ هەمو ئەو شتانەی پێویست بوون بۆ پاککردنەوەی ژوری زیندانەکە. دوای دو رۆژ ئێمەیان گواستەوە بۆ بنکەیەکی تری پۆلیس و لەوی ئاگادار کراین دەبێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لوبنان جێبهێڵین. کاک عەزیز پێی گوتین: حکومەتی عێراق بەفەرمی داوای لە لوبنان کردوە ئێوەیان تەسلیم بکات و لە رۆژنامەی النهاری بەیروت هەواڵەکە بڵاوکرابووەوە. لە درێژەدا خوالێخۆشبوو گوتی: کوڕەکەی تقی الدین صلح (سەرۆک وەزیرانی لوبنان بوو لەوکاتەدا) سەر بە بەعسی عێراقەو لەپشتی مەسەلەکەیە، هەرچۆنێک بێت لەسەر داوای خودی مەلا مستەفا لە دوو سەرکردەی کریستانییەکانی لوبنان ئێوە ئازادکراون و لێرە بڕۆن. پاش سوپاس و وەرگرتنەوەی بەیاننامەکە بەرەو یۆگۆسلاڤیا بەرێکەوتین. (کاک غازی کوردێکی لوبنان، بەداخێکی زۆرەوە بو چەند ساڵێک دواتر لە شەڕیکدا کە هاریکاری فەلەستینییەکانی دەکرد شەهید بوو). گەیشتینە بلگرادی پایتەختی جارانی یۆگۆسلاڤیاو چاومان بە خاتو شیرین كهوت. کچی شەهید عیزەت عبدالعزیز بوو ( یەکێک لە چوار ئەفسەرەکەی لە ١٩-٦-١٩٤٧ لە سێدارەدران)، کاک عادل و خۆشم دەمان ناسی لەسەردانەکانی بۆ ماڵی باوکی لە بەغدا دەهات بۆ بارەگای یەکێتی قوتابیان، لە بەلگراد لە کۆلێژی پزیشکی دەیخوێندو بەرپرسی کۆمەڵەی خوێنکارانی کورد بوو لە یۆگۆسلاڤیا. رێکەوتین بە شەمەندەفەر بەرەو بودابست بچین، هەرچۆنێک بێت دوای چەند رۆژێک لە بودابست بوین. شاندی کۆمەڵەی خوێندکاران لەگەڵ شیرین خان پێکهاتبوو لە بەرێزان: تارق ئەکراوی، فەرهاد سۆفی، خوالێخۆشبوو تەحسین ئەکراوی کە لە بودابست دەژیا، لەگەڵ کاک عادل و بەندە. بەرێزیش ئازاد بامەرنی کە لە بودابست پزیشکی دەخوێند دەیتوانی لەگەڵ شاندەکە بێت. تێبینی: کاک تارق و شیرین خان دواتر ژیانی هاوسەریان پێکهێنا، کاک تارق باڵیۆزی عێراق بوو لە نەمسا، کاک فەرهاد لە پۆڵۆنیا دەژیاو دواتر لە ئەڵمانیا نیشتەجێبو مەخابن هەواڵی نازانم، کاک تەحسین تێکۆشەرێکی دێرین چەند ساڵیک لەمەوبەر وەفاتی کرد، کاک ئازادیش خوێندنی تەواو کردو لە ئەڵمانیا نیشتەجێبوو و لە لیستی یەکێتی بۆ چوار ساڵ ئەندامی خولی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بوو و ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی. کۆمینیستەکانی عێراق (اتحاد العام لطلبة العالم) رێکخراویکی زۆر گەورەی سەر بە فەلەکی روسیای ئەو سەردەمە بوو، بەشێکی بەرچاو لە خوێندکارە کۆمینستەکانی عێراق بە رێگەی زەمالەکانی پارتی کۆمینیستی عێراق (حزب الشیوعي العراقي) لە هەموو وڵاتانی ئەوروپای سەر بەفەلەکی روسیا دەیانخوێند، بەشێکی بەرچاو لێشیان خویندکاری کورد بوون. لەو ساتانەدا جێگری سەرۆکی رێکخراوەکە کۆمینیستێکی عەرەبی عێراقی بوو کە کەسایەتیەکی ناودار بوو (ناوەکەیم بەتەواوی لەبیر نەماوە.. حافظ.. و دوای روخاندنی سەدام لە خولێکدا وەزیر بوو)، پارتی کۆمینیستی عێراق هاوپەیمانیان لەگەڵ سەدام هەبوو، بۆیە ئەو بەرپرسە باڵایەیان داوای لە رێکخراوی خوێندکارانی جیهان کردبوو عادل مورادو من لە کۆنگرەکە دەرکەن بەبیانووی ئەوەی بەرێگای ئێرانەوە هاتووین و ساواکی ئێرانی کارئاسانی بۆ کردوین، سەرۆکی رێکخراوەکە کە روسی بوو پێشنیازەکەی رەتکردبووەوە، سەرەڕای ئەم شکستە ئەندامە کۆمینستەکانی عێراق بە کوردەکانیشەوە بەردەوامبوون لە دروستکردنی کۆسپ و کێشە بۆمان، تەنانەت بەهات و هاوار دەهاتنە ناو هۆڵی کۆبونەوەکان و بەزمانی عەرەبی و کوردی هاواریان دەکرد: مژدەیەکی خۆش ... ئێستا سوپای عێراق گەمارۆی بارەگای بارزانی داوەو گرتنیان لە سات و ئاندایە...تاد. دانوبی شین دوەم درێژترین روبارێکی رەنگینی درێژی ئەوروپایە کە چوار پایتەختی ئەوروپای لە ئامێزی خۆی گرتووە (ڤێنا، براتیسلاڤیا، بودابست و بەلگراد)، تەلاری کۆبونەوەکان و تەلاری کۆماری لەسەر روبارەکە بوون. لە یەکێک لە کۆبونەوەکان هاوسەری سلڤادۆر ئەڵێندی، سەرۆک کۆماری شیلی لە ١١ سێپتەمبەری ١٩٧٣ بە کودەتایەکی سەربازی و هاریکاری ئەمریکا لابراو لە دۆخێکی تەمومژاویدا وەفاتی کرد، هۆرتێنسیا بوسی و کچەکەی وتارێکی پێشکەش کرد، کۆمەڵەی خوێنکارانی کورد ئەو شەرەفەی بە مندا کە چەپکەگوڵێک لەسەر شانۆکە بە جلی کوردییەوە پێشکەش بەو خانمە رێزدارە بکەم، کۆمینستەکانی عێراق بەمه چاویان چووە پشت سەریان. لە ئاهەنگی سەرۆک کۆماری هەنگاریا بۆ بەشداربوانی کۆنگرەکە شیرین خان و بەندە بە جڵی کوردییەوە وێنەمان لەگەڵ سەرۆک کۆمار گرت کە دواتر لە رۆژنامەکانی هەنگاریا بڵاوکرابووەوە. روداوەکانی ئەم گەشتە تەنها بەشێک نین لە مێژوی خۆم، ئاوێنەیەکیشە کە تێێدا دۆخی کوردایەتی و ئاڵۆزیەکانی سەردەمەکەی تێدا بەرچاو دەکەون. سەرەڕای هەموو شتێک پەیامەکەی چەمەکەی دەربەندمان ئەمەکانە بە دانوبی شین گەیاند. رۆتەردام: ٧ جونی ٢٠٢٣
د. یەحیا عومەر رێشاوى باوهڕ دهكهیت یان نا ! لهم ڕۆژانهدا له شوێنێك بووم، برادهرێك باسی ئهوهی كرد كه له ناوچهیهكی ههرێمی كوردستان كۆمهڵه منداڵێك بۆ بژێوی ژیانیان له نێو خاشاك و پاشماوهی فڕێدراودا دهستیانكردووه به كۆكردنهوهی (پلاستیك)و دهیفرۆشنهوه، ئۆرگانێكی حزبیی دهسهڵاتداری ئهو ناوچهیه بهمهی زانیوهو بهرپرسێكی بۆ ئهو شوێنه داناوهو ههركهس له بارهگاكهی ئهوهوه مۆڵهتێكی نوسراوی پێنهبێت ڕێگهی پێنادرێت (پلاستیك !) كۆبكاتهوه !! ئهوهی دهبینرێت له ههرێمی كوردستاندا مونافهسهیهكی ناشهریفانه لهنێوان ههردوو حزبی دهسهڵاتدا ههیه بۆ كۆنترۆڵكردن و به حزبیكردنی ههموو شت: بازاڕ، زانكۆ، مهكتهب، مزگهوت، میدیا، موختار، موهلیدهی گهڕهك هتد، ههربۆیه هیچ سهیر نییه كاتێك وهزارهتێكی حكومیی (دوو وهزارهت) لهههوڵی ئهوهدا بێت كه كۆنترۆڵی ژینگهی میدیایی بكات و بیهوێت ئهدهبیاتی پهنجا ساڵ پێشتر زیندووبكاتهوه. (ئهگهر ڕاستیشت دهوێ ههر سروشتی دهسهڵات وههایه ئهوهندهی بیری لای كۆنترۆڵكردنه، ئهوهنده نایهوێت به ئارهزووی خۆت چیت بوێ بیڵێیت). دیاره له چهند ساڵی پێشوو ههندێك ههوڵ ههبوون بهم ئاڕاستهیه، لهوانه ههوڵێك بۆ دروستكردنی ئهنجومهنێكی باڵای ڕاگهیاندن، كه ناونیشان و ئامانجێكی جوان بوو، بهڵام بهلاڕێدا براو ههركام لهو دوو حزبه پێش دروستكردنی ئهنجومهنهكه لهبیری ئهوهدا بوون چۆن (وهك برا !) دهستهی باڵاكه دابهشبكهن و چۆن چۆنی پلهی وهزیریی و وهكیل وهزیریی بهسهریاندا بپژێنن! ههوڵی دووهم داڕشتنی یاسایهك بوو بۆ میدیای ئهلیكترۆنیی، كه ئهویش به ههمان نهفهسی كۆنتڕۆڵكردن و موحاسهبهكردن و سزادان داڕێژرا، بهڵام پاشتر چاوی به دونیا ههڵنههێنا. دیاره بۆ كهسانێكی وهك ئێمه كه له ژینگهی ئهكادیمیدا دهژین و ئاگامان له خهوش و كێشهكانی میدیایه، ناكرێت و ناسروشتییه پشتیوانی له: (چاودێریكردن – ڕێنمایی – ڕێكخستن) نهكهین، چون میدیا ههمیشه ئاتاجی پێداچوونهوهو ڕهخنه لێگرتن و جهم و جۆركردنه، نهخاسمه له سهردهمێك كه میدیا له گهشهیهكی شێتانهدایهو وهك چۆن له كۆشكی سهركردهیه بهههمان شێوه له ژووری نوستنهكانیشمانه، له ههموو وڵاتێك وهك چۆن ژینگهی تهندروستیی پێویستیی به چاودێریكردن و ڕێنماییه، وهك چۆن ژینگهی كۆمهڵایهتی پێویستی به ئاڕاستهكردن و هۆشیاركردنهوهیه، بهههمان شێوهش ژینگهی میدیایی نابێت بدرێته دهست فهوزاو ئۆخهی ئۆخهی ههركهس بۆ خۆی، بهڵام چۆن چۆنی؟ پێش ههموو شت دهبێ دهسهڵاتی سیاسی بزانێت (میدیا) دهسهڵاتێكه وهك ئهو، نهك فهرمانگهیهكی حكومیی و فهرمانی بۆ دهربكات و پێی بڵێ ئهمه بكهو ئهوه مهكه، بهمانا له سیستمێكی دیموكراسی و بوونی قهناعهتێكی ڕاستگۆیانه به ئازادی ڕادهبڕین، (میدیا) پێویسته به فیعلی دهسهڵاتی چوارهم بێت و به ئیشی خۆی ههستێت، ئهو (میدیا) چاودێریی حكومهت بكات نهك پێچهوانهوهكهی ! پاش ئهوهی ئهم قهناعهته له فهلسهفهی حوكمڕانیدا ڕهنگیدایهوه، ئهوكات ئهمه ڕێگه خۆش دهكات بۆ دروستبوونی متمانه به پێكهێنانی ههر دامودهزگایهك یا لیژنهو ئهنجومهنێك كه چاودێریی ڕهوشی میدیایی بكات و لێپرسینهوه لهم و لهو بكات، دیاره حاشاههڵنهگره ئهندامانی ئهو لیژنهیه یا فهرمانگهیه یا ئهو ئهنجومهنه یا ههر ناوێكی دیكهی ههبێت، دهبێت به تهواوی دووربن له (ههلهو) (ههلهو)ی ئۆرگان و دهسهڵات و بهرپرسی حزبیی و كارێكی پیشهییانه بكهن و دهسهڵاتێكی فراوانیان ههبێت بۆ چاودێریی و لێپرسینهوه له دهزگا میدیاییهكان و ئهم ئهزموونهش له زۆر وڵاتی پێشكهوتووی دونیا ههیه، ئیتر خۆتان ببنه حهكهم ئایا ئهمه لهم ههرێمهی ئێمه دا كه تا ئێستهش سنوری دێگهڵهو دوو زۆن ههن كه رۆژ به رۆژ ڕهنگهكانیان تۆختر دهبنهوه، تا چهند ئهمه مهیسهر دهبێت و ئهم مرۆڤه (ناحزبیی و بهرپرسیارو بهجورئهت)انه هان له كوێ؟! پاشتر ئهبێ ئهو پرسیاره بكهین كه ئایا له سهردهمی گهشهكردنی تهكنهلۆجیای ڕاگهیاندن و هاوڵاتی رۆژنامهنووس و لایڤ و میتاڤێرس و سكایب و چات جی پی تی و زیرهكی دهستكرد و سناپ چات و ئهوانی تردا، ئایا تا چهند ئاسانه بتوانیت میدیاو دهزگا میدیاییهكان كۆنتڕۆڵ بكهیت و ڕۆژنامهنووسان ئهو ناوهڕۆكه بڵاوبكهنهوه كه لهگهڵ حهزو ویست و ئایدۆلۆجیای ئهم حزب و ئهو سهركرده سیاسیهدا بگونجێت؟! ئهم جۆره بیركردنهوانه له ههزارهی سێههم و له ساڵی (2023) دا جێبهجێكردنیان ڕووبهڕووی ههزار ئاستهنگی تهكنهلۆجیی و گهشهی میدیایی دهبێتهوه، خۆ ئهگهر به گریمانهیی نیهتێكی باشیش له پشتیانهوه ههبن.. ئهوا جێبهجێكردنیان نزیكه له ئهستهم. دواجار بریا ئهم ڕێنماییانه بهو پهله پهلهیی و له سهردهمی حكومهتێكی كاربهرێكهرو له ئان و ساتی چاوهڕوانی خهڵك بۆ پهسهندكردنی بودجهو مهترسییهكانی دوو ئیدارهییدا دهرنهكرایه.. له ژینگهیهكی لهباری سیاسیی و ئابوریداو له پاش ئهوهی جۆره متمانهو قهناعهتێك دروستبوو به دیموكراسیهتێكی حهقیقیی و ههڵبژاردنێكی دوور له ساختهكاریی و ئابورییهكی دوور له حزبایهتی و دادگایهكی دوور له دهستێوهردانی ئهم و ئهو.. ئهو كات ڕێنماییهكانتان سهر سهرو سهرچاو.
كاوه مهحمود- سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان بنبەستی سیاسی لە ڕەوشی هەرێمی کوردستاندا، ڕەنگدانەوەی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکە، کە چەندین ساڵە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی بنیاتنراوە و، ئاکامەکەی نەبوونی دەستوور و دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانە و، بازدانە بەسەریان و کەمتەرخەمییە لە ئەنجامدانیاندا، کە بە ناوی درووستکردنی کۆکبوون و ڕچاوکردنی ڕەهەندی نیشتمانی کرا كە هەڵەیەکی مەزن بوو، لە کاتێکدا بوونی دەستوور و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ڕەهەندی نیشتمانییە نەک بە پێچەوانەوە. ئاکامی پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە بە لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و زەمینەخۆشکردنی مانۆرەکانی نەیارانی گەلەی کوردستان بۆ سەپاندنی ئاراستەی ناوەندێتی ڕەها لە حوکمی عێڕاق و، سەپاندنی ئەجیندە و زیادبوونی دەستتێوەردانی دەوڵەتانی دەوروبەر و، لاوازی پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، کۆتایی هات. ئەم ڕەوشەی، کە ئێستا بنبەستی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا درووست کردووە، ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک بابەت، کە ناکرێ هێزە سیاسییە کوردستانییەکان بازی بەسەردا بدەن و بەهەند وەرینەگرن و چارەسەری گونجاوی بۆ نەبیننەوە. بنبەستی سیاسی لەم ڕەوشەی کوردستاندا ئاماژەیە بەوەی، کە لاینەکانی دەسەڵات لە هەرێمدا چەمکی (ئیدارەی قەیرانەکان) لە ئەجیندەی سیاسییاندا و لە پێشبینی بۆ ڕووداوەکاندا نییە و، ئاراستەی هەڵوێستەکان لۆجیکی کار و کاردانەوە بەڕێوەی دەبات. خاڵی دووەم لە هۆکاری بنبەستی سیاسیی نەبوونی ئامادەییە لە لایەن هێزە سیاسییەکانی دەسەڵاتەوە، کە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە کاروان و ئەزموونی حوکمرانی لە ڕاپەڕینی ئاداری 1991وە تا ئەمڕۆ، هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی ڕەخنەگرانەی بۆ بکەن و، ئایا ئەوەی پەیڕەوی دەکەن لە گەڵ چەمک و بنەماکانی (حوکمرانی باش) گونجاوە؟! خاڵی سێیەم، کە لایەنی حوکمران و سەرجەم هێزی سیاسی بە هەند وەرینەگرتووە، هەڵسەنگاندنی بەشداریبوونی کوردستانی باشورە لە پرۆسەی سیاسیی عێڕاق و، ئەو کارتانەی لەو پرۆسەیە لە سایەی گۆڕانکارییەکانی بواری هاوسەنگی ھێزەكان و ڕەوشی هەرێمایەتی و نێودەوڵتی ڕووی داوە، بەکاری دەهێنێت. خاڵی گرنگ کە پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەسەری کۆکبن، ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بەو پێیەی کە هەرێمێکە لە دەوڵەتی فیدڕاڵدا، لە مامەڵەکردن لە گەڵ بەغدا داواکاری نییە، بەڵکو مافی هەیە و، گرنگە هەر شاندیکی دانوستانی کوردستانی لەگەڵ عێراقدا بە لۆجیکی ماف، نەک داواکاری مامەڵە بکات. لە کاروانی پێداچوونەوە بە سیاسەتە ناوخۆییەکان و مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکانیش، نابێ ئەوەش لە یاد بکرێت، کە چەمکیک هەیە پێی دەڵێن قۆناغی رزگاری نیشتمانی و، بزووتنەوەیەكیش هەیە پێی دەڵین بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستانی. ئیدارەکردنی قەیرانەکان سەرەتایەکی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و، ئەم سەرەتایە پێویستی بە دیالۆگی نیشتمانی و پاراستنی ئازادییەکانی خەڵک و بەشداریپێکردنیانە لە تێکڕای ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە چارەنووسیانەوە هەیە و، ئەوەش پێویستی بە گەڕِاندنەوەی متمانەی خەڵکە و، بە پێچەوانەشەوە بەردەوامبوونی بنبەستی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا نیشانەی نەبوونی بەرپرسیاریی دەسەڵاتە بەرامبەر چارەنووسی خەڵک.
سهردار عهزیز ڕۆژێک لە گوندێک لە هیند: کە دانیشتوانەکەی تێکەڵە لە موسوڵمان و هیندۆس، قاو بڵاودەێتەوە کە ماڵێکی موسوڵمان گوێرەکەیەکیان سەربڕیوە. گروپێکی هیندی توندڕەو دەچنە ماڵە موسوڵمانەکەو لە سەلاجەکەیاندا گۆشت دەدۆزنەوە. ئەمە بەسە بۆ ئەوەی توندڕەوە هیندۆسەکان کابرای خاوەن ماڵ بکوژن. ئەم ڕوداوە، لەکاتێکدا تراژیدیایە بەڵام لە هەناویدا کۆمەڵێک وانەی زۆرمان بۆ هەڵدەگرێت، بەتایبەتی دەرباری کۆمەڵێک کێشە کە ئەمڕۆی کوردستانی باشور بە دەستیەوە دەناڵێنێت. هەوڵئەدەم بە کورتی لە ڕوانگەی هاوسۆزییەوە قسە لەسەر ئەم پرسە بکەم. هیند هەتا پێش هاتنی ناريندرا مودی وەک وڵاتێکی عەلمانی دیموکراسی دەناسرا. بەڵام پاش هاتنی مودی ئاڕاستەی وڵات گۆڕا بەوەی هیند وڵاتی هیندۆسەکانە. هیندۆسییەت تێکەڵەیەکە لە ئاین و نەتەوەییەتی لەم دۆخەدا. ڕێک وەک پارتی دادو گەشەپێدانی ئەردۆگان. مودی بەوە ناسراوە کە پۆپیولیستە، بەو مانایە چوارچێوەیەکی تایبەتی بۆ چیەتی خەڵک داڕشتوەو خۆی کردوە بە نوێنەری، بەمجۆرە خەڵک بریتییە لەوەی کە مودی پێی قبوڵەو ئەوەی وەها نەبێت دژ بە خەڵکە. [لە ماوەی رابوردودا هەندێک کەس هەوڵدەدەن هەندێک هێز لە کوردستان بە پۆپیولیست لە قەڵەم بدەن بەوەی هەوڵی وروژانی جەماوەری دەدەن، ئەمەش پێناسەیەکی هەڵەیە]. کاتێک هیند دەبێتە وڵاتی هیندۆسەکان و هیندۆسییەت هەوڵدەدات بەهاکانی خۆی زاڵبکات بەسەر کۆمەڵگاو حکومەتدا، ئەوا هیچ بوارێک بۆ ئەویتری جیاواز نامێنێتەوە، بەڵکو دەستوبرد دەبێتە نەیار یان دوژمن. ئەم بە دوژمنکردنە بەشێکی پێویستە لە میانەی پرۆسەی زاڵکردنی تاک شوناسی ئاینی و سیاسی. لە دۆخێکی وەهادا موسوڵمانانی هیند قوربانی گەورەی ئەم پرسەن. هیند کاتێک لە چلەکان سەربەخۆیی ڕاگەیاندا وەک وڵاتێکی دیموکراسی و عەلمانی شوناسی خۆی دیاریکرد. لەبەر ئەم هۆکارەش ئەو بەشەی کە ناوی لە خۆی نا پاکستان لێی جودابووەوە. گەر تەماشای ناوی پاکستان بکەیت بەمانای سەرزەمینی پاکەکان دێت. کە مەبەست لێی بەشەکەی تری هیند پیسە. [چیرۆکی پاکستان تراژیدیایەکی ترە، بەڵام بە شێوازی جیاواز]. ئێستا کە هیند وەک پاکستانی لێدێت موسوڵمانان دەبنە ڕەگەزە پیسەکە. ئەمەش تەنها دەربڕینێک یان بانگەشەیەکی سیاسی و دینی نیە، بەڵکو مایەی ئازارو برسێتی و ئاوارەیی ملیونان مرۆڤە. هەرچەندە بیرم لە ئەوەکردەوە کە بەراوردێک لەنێوان مودی و ئەردۆگاندا بکەم کە چۆن کوتومت هاوشێوەن لەوەی کە دژ بە نوخبەی تەقلیدی وڵاتن، لای ئەردۆگان کەمالییەکان، لای مودی نەهرۆییەکان، مەبەست لێی ئەو نوخبەیەیەی کە جەواهیر لال نەهرۆ بەرهەمی هێنا. ئەردۆگان دەیەوێی وڵات بکات بە ئیسلامی، مودی بە هیندۆس. ئەردۆگان دەڵێت شانازیی و پێگە بۆ خەڵکە ستەملێکراوەکە دەگەڕێنێتەوە، مودی هەروەها. مودی لە ڕوی ئابورییەوە زۆر سەرکەوتوەو هیند لە هەڵکشاندایە، تورکیاش بۆ ماوەیەک وەهابوو. زۆر خەسڵەتی هاوبەشی تر هەیە لە نێوانیاندا. بەڵام لێرەدا زیاتر جەخت لەسەر چەمکی هاوسۆزی دەکەمەوە بەتایبەتی لە باشور. لێرەدا هاوسۆزی وەک وەرگێڕانێک بۆ چەمکی empathy بەکاردەبەم. بە دیدی بیرمەندی ئەمریکی جۆرج لاکۆف هاوسۆزی کرۆکی دیموکراسییە. ئەو دەڵێت لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لە باوکم پرسی دیموکراسی چیە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی: دیموکراسی ئەوەیە کە کەس لە تۆ زیاتر نیەو کەسیش لە تۆ کەمترنیە. بەم پێیە هاوسۆزی جۆری پەیوەندییە لەنێوان مرۆڤەکاندا لە دۆخێکی تایبەتدا. بەڵام هاوسۆزی تەنها یەکسانی نێوان کەسەکان نیە. بەڵکو لە هەمانکاتدا بریتییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەویتردا بە سۆزەوە، نەک بە کینەو تۆڵەو توندوتیژییەوە. ئەمە زۆر بەتایبەتی کاتێک کە کەسێک دەچێتە خانەی نەیارەوە یان هەڵەیەک دەکات. ئەمڕۆ لە دونیادا دوو جۆر هەڵوێست بەگشتی زاڵە بەسەر مرۆڤەکاندا، هەڵوێستێکیان ئەوەیە کە کاتێک کەسێک جودایە لە تۆ لە زۆر ئاستدا، ئایا بە سۆزەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت؟ یان بە رەفزکردنەوە. مامەڵەی سۆزی مانای قبوڵکردن یان دانپیانان نیە، بەڵکو مانای ئەوەیە کە لێی تێدەگەیەت بەڵام مەرج نیە قبوڵی بکەیت. بەومانایە کاتێک ڕووبەڕووی کەسێکی جیاواز دەبیتەوە، هیندۆسێک بۆ موسوڵمان لە هیند، ئیسلامییەک بۆ عەلمانی لە تورکیا، ئەوا بە نەفرەت و توندوتیژی و هەوڵی سڕینەوە مامەڵەی لەگەڵ ناکەیت بەڵکو بە سۆزەوە. مرۆڤێک گەر شوناسی تایبەتی ئاینی هەبێت ناتوانێت لەگەڵ ئەوانیتردا هاوسۆزبێت، ئەمە تایبەت نیە بە هیچ دینێک بەڵکو هەموو دینیەکان و هەروەها ئایدلۆژدارەکان بەتایبەتی چەپەکان هاوشێوەن. مامەڵەی ئەویتراندن لەنێو چەپەکاندا زۆر خراپترە لە مرۆڤە دیدنییەکان. ئێمە ڕۆژانە ڕووبەڕووی چوارچێوەو ئاگایی و دەربڕینی جۆراوجۆریی دژ بە هاوسۆزی دەبینەوە لە کوردستان. هەرکاتێک کەسێک یان گروپێک جیاواز- دەکرێت خێرا پرسی کەمینەو زۆرینە بەرامبەری بەکاردێت. هەمیشە دەوترێت؛ زۆرینەی کۆمەڵگا وەهایە یان ئەمەیە. لۆجیکی زۆرینەو کەمینە، بە مانای باش و خراپ نایەت. بەو مانایە مانای وەهانیە ئەگەر کەمینە بوهیت خراپیت، و زۆرینەی بوویت باشبیت. بەم پێیە موسوڵمانانی هیند کە کەمینەن خراپن و نابێت گۆشتی مانگا بخۆن چونکە مانگا لای هیندۆس پیرۆزە، خواردنی مانگا سوکایەتی دەکات بە پیرۆزی زۆرینە. ئێمە لە کوردستان بەردەوام لە بەردەم لۆجیکی پیرۆزی زۆرینەین، کە ناڕاستیەکی خەیاڵیکراوە. ئێمە هەموومان لە خێزانی موسوڵمانەوە هاتوین. ئیسلامی دایکم ئیسلامی تاعەت و زیارەت و بەشکردنی خواردنی خۆش لەگەڵ دەرودراوسێدا، ئەگەر عەرەبیش بن، پێدانی پاشەڕۆکانە بە پشیلەو سەگەکان، بەبێ هیچ مەبەستێک جگە لەوەی کە خودا پێی خۆشە. لە ئیسلامی دایکمدا خودا سۆزی هەیە، هاوسۆزی هەیە، نەک تەنها بەرامبەر مرۆڤەکان بەڵکو بەرامبەر ئاژەڵ و بونەوەرەکانی تریش. بەڵام ئیسلامی سیاسی پڕاوپڕ جودایە لەمە. جگە لە دەسەڵاتخوازی و بازرگانی و وەرگرتنی ملیون لە وڵاتانی ترو پەرتکردنی کۆمەڵگاو پڕکردنی دونیا لە ڕق و کینەو بەتاڵکردنەوەی مرۆڤەکان لە سنگفراوانی، لە هاوسۆزی و لە قبوڵکردنی جیاواز هیچی تر نیە. ئەمەمان زۆر بەڕوونی بەرامبەر ئێزیدییەکان بینی. بە کورتی مامەڵەکردن لەگەڵ لاوازدا، پاڵەوانی نواندن لەبەرامبەر لاوازدا، بۆ بەدەستهێنانی پارەو پێگەی دونیایی دوری ئاسمان دورە لەو ئیسلامەی کە خودا بە هاوسۆزی دەبینێت و ناتۆقێت لە بوونی جودایەک یان جیاوازێک. نەبوونی هاوسۆزی لەنێوا ئیسلامییەکاندا تەنها بەرامبەر ئەویتری غەیرە موسوڵمان نیە. ئەوەی کەمێک بە ووردی لە دۆخی باشور بنواڕێت دەبینێت کە ململانێی نێو حیزبە ئیسلامییەکان زۆریان لەسەر پارەو کورسی و دەسەڵات، پاڵنەری سەرەکی ئەو دۆخەیە. لە ڕاستیدا ئیسلامییەکی سەر بە خەتێکی فیکریی یان دارایی جیاواز زۆر بێ هاوسۆزترە بەرامبەر ئیسلامییەکەی تر هەتا نائیسلامییەک. ئەمە بنەمای کۆمەڵگایەکی هەمیشە ناسەقامگیرە. کۆمەڵگایەک کە تیایدا کەسەکان دەترسن لەوەی ئەویتر بگاتە دەسەڵات و ئەم بسڕێتەوە. هاوسۆزی کرۆکی دیموکراسییەو تەنها لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتدا پیادەدەبێت. بەڵام کرۆکی ئەم هاوسۆزییە لە عەلمانیەتدایە. عەلمانیەت هەوڵدەدرێت وەک کوفری لێبکرێت، کە جۆرێکی باڵایە لە گەوجاندن. ئەگەر هاوسۆزی بە مانای ئەوەبێت کە لەگەڵ ئەویتری جودادا بە سۆزەوە مامەڵە بکەیت بە مانای ئەوەدێت کە لە ڕوانگەی باوەڕو بەهاو پیرۆزی خۆتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەویتردا نەکەیت. ئەمەش تاکە مانای عەلمانیەتە. عەلمانیەت یانی دینی خۆت بۆ خۆت، دینی خۆم بۆ خۆم: لَكُمْ دِينُكُمْ ولي دين. مرۆڤی هاوسۆز مرۆڤێکی تەندروست ترو ئارامترو سەقامگیرترە.
عهبدوڵای مهلا نوری یەک: کەیسی پەرلەمان: - ١٤ ساڵ پێش ئێستا، بۆ یەکەمجار کاک نەوشیروان دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان سکاڵای لە دادگای فیدراڵی کرد، بەڵام ئەوکات لەبەرئەوەی پارتی و یەکێتیی هەم پێکەوە بوون، هەم لە هەرێم و بەغداش بەهێزو گوێ لێگیراوبوون، دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی کاک نەوشیروانی رەتکردەوە. - لە ٣٠ی حوزیرانی ٢٠١٣، پەرلەمانتارانی کۆمەڵ و یەکگرتوو و گۆڕان، لەسەر پرسی درێژکردنەوەی ویلایەتی پەرلەمان و مەسعود بارزانی گەورەترین شەڕی دەستەویەخەمان کرد. - لە ٢٠١٥، دیسان بەهۆی هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ سەپاندنی سیستمی سەرۆکایەتی و تاک حیزبی و بێبایەخکردنی هەڵبژاردن و سیستمی پەرلەمانی، لەلایەن پارتییەوە دەرگای پەرلەمان داخراو خەریک بوو شەڕی ناوخۆش دروست ببێت. - لەم خولەی پەرلەماندا پەرلەمانتارانی یەکگرتوو پێش هەموان، دواتر سەربەخۆکان و کۆمەڵ ئیستیقالەیان کرد، برادەرانی نەوەی نوێ تا دوێنێش پێش دەرچونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، هەر پەرلەمانتار بوون. دوو: کەیسی کامێرای پۆینت تو پۆینت: لەسەر ئەم کەیسە زۆرێک قسەیان کرد، پەرلەمانتار، چالاکوان، مێدیا، برادەرانی نەوەی نوێ ئاخر کەسبوون کە قسەیان لەسەر کرد. سێ: کەیسی پاشەکەوتی موچە: لە رابردوودا مامۆستایان و چالاکوانان هەزاران جار قسەیان لەسەر پاشەکەوت کرد، خۆپیشاندانی لەسەر کرا، خەڵک گیرا، لێیان درا، بایکۆتی دەوامی لەسەر کرا. ئەوەی زۆر ناشرینەو هی ئەوە نیە مرۆڤ لێی بێدەنگبێت، ئەوەیە: برادەرانی نەوەی نوێ زۆر بە رەهایی و بێشەرمانەو بێباکانە بە جۆرێک لەسەر ئەو سێ کەیسە قسە دەکەن، وەک ئەوەی پێشتر کەسی تر هیچی نەکردبێت، هەموان ترسنۆک دۆڕاو بن و تەنها نەوی نوێ نوێ شتی کردبێت. کورت و پوخت لەبەرئەوەی ئەو برادەرانە مێدیایەکی زەبەلاح و سەدان پەیجی فەیکیان لەبەردەستە، بە ئارەزوی خۆیان سواری کۆڵی هەموو کەیسێک دەبن و دەستبەسەر قوربانیدان و رەنج و ماندوبوونی رابردوی هەمو کەس و لایەنێکدا دەگرن. هەر کەسێکیش بڵێ وا نییە زۆر فاشیانە، بە قسەی ناڕاست و نائەخلاقی هێرشی دەکەنەسەرو هەوڵی شکاندنی دەدەن. برادەرانی نەوەی نوێ دەبێ بزانن، ١٠ ساڵی تر موعارەزەبن ناتوانن هێندەی پەرلەمانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣ پرۆژەو قسەی جدی و شەڕ لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکدا بکەن. ئەسڵەن حەقە لە خۆتان بپرسن لەم ماوەیەدا چ شتێکتان کردووە کە پێش ئێوە کاری لە سەر نەکرابێت؟! رێگای راست ئەوەیە هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی خۆتاندا، هەوڵ و ماندوبونی ئەوانی تریش لەبەرچاو بگرن. کاتی خۆی گۆڕان کە دروست بوو، بەرهەمی پێکەوەگرێدانی خەباتی چەندین ساڵ رەخنەی نوسەران و مێدیای ئازادی وەک رۆژنامەی هاوڵاتی و ئاوێنەو لڤین و تێکۆشانی کۆمەڵێک سیاسی ئازاو خاوەن روئیا بوو. ئەگەر ئێوە بتانەوێ رێزلێگیراوبن و وەک جەستەیەکی نامۆی بێزراو تەماشا نەکرێن و توانای بەردەوامیتان هەبێ، ئەوا دەبێ بابەتیانەو راستگۆیانە وێنەکە وەک خۆی ببینن، نەک وەک ئەوەی کە خۆتان دەتانەوێ هەمو راستییەکان دەشێوێنن، کورت و پوخت ئێوە پەیڕەوی سیاسەتی درۆ بکە درۆ بکە تا خەڵک بڕوا دەکەن، دەکەن.