گوڵاڵه سدیق پرسی دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی نەوت و شیرینی نەوت و بەرهەمەکانی نەوت و پارەی نەوت، ئەو مۆتەکەیە بوەتە بەڵا بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان. گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە سەیرترین جۆری گرێبەست کە هەر وڵاتێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی بیکات، بەشێوەیەک لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان (بەقەولی بەرپرسان) زۆرترین پارەی فرۆشتن دەگەڕایەوە بۆ کۆمپانیاکان، حکومەتی هەرێم لە سایەی فرۆشتنی نەوتەوە (بەقەولی خۆیان) بەقەرزاری لێی دەرچون، ئەمە جگە لەو هەمو پاشەکەوتی موچە لە کابینەی پێشوو لێبڕینی موچە لەسەردەستی ئەم کابینەیەدا! لەئێستادا، بەدیاریکراوی دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس دۆخێک هاتوەتە ئاراوە، حکومەتی هەرێمی ناچارکردوە لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشرێت، ئەم بڕیارە تاڕادەیەک دڵخۆشی و گەشبینی لای تاکی کورد دروستکردوە بەوهیوایەی ئاوێک بکرێت بە ئاگری گرێبەستی پەنجا ساڵی و فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت! بەڵام، ئەوەی جێی دڵەڕاوکەو نیگەرانییە لەکاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی سۆمۆوە، پارەی نەوتەکە دەچێتە ژێر دەستی کێ؟ تەنها یەک کەسە یان وەزارەتی دارایی؟ ئایا دەستەکە ئەمینە؟ ئایا دەستەکە دادپەروەرە یان بەپێی مەزاج کاردەکات؟ وە چەندین پرسیاری تریش! پێشتر، کاتێک نەوت سەربەخۆ دەفرۆشرا، پارەی گەڕاوە ڕاستەوخۆ نەدەگەڕایەوە وەزارەتی دارایی، بەڵکو هەر کابینەو دەچووە ئەو بانکەی سەر بە سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوو، لەکاتێکدا کارە ڕاستەکە ئەوەبوو ڕاستەوخۆ داهاتی نەوت بچێتە هەژماری بانکی وەزارەتی داراییەوە، پاشان بەکاربهێنرایە بۆ موچەو ئاوەدانی ناوچەکان بەبێ جیاوازی! بەپێی ئەو ئەزمونە تاڵەی هەمانە لەگەڵ نەوت و پارەی نەوت، ئەگەر پاش فرۆشتنی نەوت لەڕێی سۆمۆوە هەژماری بانکی بۆ داهاتەکەی کرایەوە، هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر ئەو هەژمارە بانکییە بەناوی وەزارەتی داراییەوە نەبێت و بەشێوەیەکی ڕەهایی لەژێر کۆنترۆڵ و مامەڵەی ئەو وەزارەتە نەبێت. وە ئەگەر وەک پێشوو پارەی نەوت بگەڕێتەوە ئەو بانکە ئەهلیانەی کە سەر بە سەرۆکی حکومەتە، ئەوە دیسان پارەی نەوت بەپێی مەزاجی تاکە کەسی دەدرێت بە وەزارەتی دارایی، ئەمەش نەک چارەسەری گرفتی موچە ناکات، بەڵکو دوبارە نادادپەروەرییەکی زۆرترو گەورەتر دەبینین کە لەپاش گەڕانەوەی داهاتی نەوت توشی ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجە دەبێت، چونکە بەفرۆشتنی نەوت لەڕێی سۆمۆوە داهاتی نەوتی هەرێم بەڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، بەهۆی گەڕانەوەی سەرجەم داهاتی نەوت 100% بۆ حکومەتی هەرێم لەلایەک، وە حکومەتی هەرێم ناچار نابێت نەوت بەنرخی 12 دۆلار کەمتر بفرۆشێت لەلایەکی تر. پێویستە هێزو لایەنەکانی دەرەوەی پارتی دیموکرات (بەو پێیەی بەڕەهایی پرسی نەوت لای پارتییە) هەر لەئێستاوە لە مەترسی بارودۆخەکە تێبگەن و دەستپێشخەری بکەن بۆ ڕێگرتن لە ڕوودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کە مەبەستی بێت زیاتر ئەم پرسە لەبەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت، ئەویش بە دانانی هەژماری بانکی بەناوی وەزارەتی داراییەوە و لەژێر چاودێری دەستەی دەستپاکی و داواکردنی پرسی بودجەو ناردنی بۆ پەرلەمان کە دادپەروەری تەواوی تێدا ڕەچاوبکرێت بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان. ئەگەر هاتو ئەمە جێبەجێ نەکرا یان هەستکرا نیەتێک نیە بۆ جێبەجێکردنی، ئەوا پێویستە بە مەمنونییەوە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی 43% به 57%.
بەیار عومەر عەبدوڵا ڕەوانەکردنی (نەوتی هەرێم) لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی (عێراق)دا، جێی خۆشحاڵیە؛ تەنها ئەوانە نیگەرانن کە بەرژەوەندیان لەگەڵ (پارتی) دا هەیە و بە پارەی نەوت کۆمەک دەکرێن. هاوکات ئەوانە بێزارن کەهێشتا فریوی بازرگانەکانی کوردایەتی کاریگەری و سحری ماوە لەسەریان. ئەم بڕیارە دەشێت زەمینەی عەدالەت و خۆشگوزەرانی بخوڵقێنێت، بەڵام ئایا لە وردەکاری ڕێکەوتنەکەدا، پارتی دەهێڵێت لە بەرژەوەندی خەڵک وەرچەرخێت؟! لاوازی حکومەتەکەی سودانی و دژایەتی سەدر و فشاری ئەمریکا لەلایەک و زۆری ژمارەی کورسیەکانی پارتی لە لایەکی تر، سودانی ناچار کردوە هەوڵی ڕازیکردنیان بدات بۆ مانەوەی حکومەتەکەی. ئینگلیزەکان دەڵێن (شەیتان لە وردەکاریدایە). لە وردەکاری هەر ڕێکەوتنێکدا دەکرێت کۆمەڵێک خاڵ جێی بکرێتەوە، کە لە قازانجی گروپێک بێت و بەرژەوەندی گشتی تێدا پێشێل بکرێت. پارتی دەمێکە ئاگاداری پیلانێکی لەو جۆرەیە و خۆی بۆ ئامادە کردوە و ڕازی بووە نەوتەکە لەژێر چاودێری (عێراق)دا بفرۆشرێت، بەو مەرجەی ١-بەغدا (١٢.٦٪ی بودجەی عێراق) بدات بە (حکومەتی هەرێم)، کە ڕەنگە زیاتر بێت لەو داهاتەی حکومەتی هەرێم لە فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوتەوە دەستی ئەکەوێت. حکومەتی عێراقیش ڕازی بووە لە پێناوی دەرهێنانی مەلەفی نەوت لەژێر دەستی حکومەتی هەرێم. هاوکات بڕیارە پارەی قەرزی کۆمپانیاکان لەو بودجەیە دەربکرێت؛ ڕێکەوتن و قەرزەکان لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەکان و هەندێک کۆمپانیادا کراوە، کە هیچ شەفافیەت و چاودێریەکی تیێدا نیە. پێدەچێت پارتی پشکی هەبێت لەو پارانەی بە ناوی قەرزەوە لە بودجەی گشتی، مانگانە دەچێت بۆ کۆمپانیاکانی نەوت. سەرباری ئەوانە، بڕیارە پارەکە بچێتە بانکێک لە ئیمارات کە پارتی و بنەماڵە پەیوەندیەکی پتەویان هەیە لەگەڵیاندا، بۆ ئەوەی ئەگەر کێشەیەک لە ئایندەدا ڕویدا لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقدا؛ ئیمارات بە ئاسانی پارەکانیان بداتەوە. ٢-پارتی داوای لە حکومەتی عێراق کردوە، کە بودجەکەی دەینێرن، لەژێر (هەژمونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم)دا بێت؛ بۆ ئەوەی وەکو جاران (پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین)ی لێ بێبەش بکەن. بە واتایەکی تر، پارتی لە بۆسەدایە بۆ ئەم دەڤەرە و ڕازی نیە، کە (٥٧٪ ی پارەکە بچێت بۆ زۆنی زەرد و ٤٣٪ی بێت بۆ زۆنی سەوز). مەبەستیانە هەموو پارەکە بچێتە ژێردەستی سەرۆکی حکومەت و ئەویش بە ویستی خۆی مامەڵەی پێوەبکات و ستەم لەم دەڤەرە بکات. لە زەمانی بریمەرەوە، بڕیار دراوە، کە بانکی ناوەندی عێراق جگە لە بەغداد، چوار لق بکاتەوە لە (بەسرە، موسڵ، هەولێر و سلێمانی). لقەکانی بانکەکە دەمێکە لە سێ شارەکەی تر کراوەتەوە؛ بەڵام (حکومەتی هەرێم) ڕێگە نادات لە (سلێمانی) بکرێتەوە، بۆ ئەوەی پارەی ئەم سنورەش بچێتەوە ژێر دەستی پارتی لە هەولێر و دەستی بەسەردا بگرن و موچە و بودجە نەنێرن یان دوای بخەن، بۆ پەکخستنی ئابوری ئەم دەڤەرە. ٣-ڕاستە پارتی ڕازیبووە نەوتەکە لە ڕێی عێراقەوە بڕوات، بەڵام بیرە نەوتیەکان و بۆریەکانی گواستنەوەی لەژێر دەستی خۆیاندایە و داواکارن مانگانە حکومەتی عێراق (پارەی گواستنەوەی نەوتەکە بدات بە کۆمپانیای کار)، کەهی خۆیانە. خواستی پارتی ئەوەیە گازەکەش بە بۆری بە سنوری ئەواندا بچێت بۆ تورکیا؛ بۆ ئەوەی هەم کرێی گواستنەوەی وەرگرن، هەم دڵی تورکیا ڕازی بکەن، هەم هەر کاتێک ویستیان وەکو کارتی فشار بۆ سزادانی ئەم سنورە، ڕێبگرن لە ناردنی. ئەگەر ئەم دەڤەرە فریای خۆی نەکەوێت، ڕەنگە هەمان سیناریۆی سزادانەکان بەردەوام بێت، و وەکو زەمەنی ئابوری سەربەخۆ، توشی نسکۆ و نشێوێکی تر ببینەوە. بۆ چارەسەری ئەم بارودۆخە، یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە، کە لە یاسای موازەنەی عێراقدا، هەرێمی کوردستان لە یەک (حەقل) بازنەوە بکرێت بە دوو بازنە و پارە بۆ دوو زۆنەکە بەجیا بێت بۆ ئەوەی هیچ لایەک نەتوانێت زوڵم لە لاکەی تر بکات. یان هەر پارێزگایەکی هەرێم لە یاسای موازەنەی عێراقدا وەکو بازنەیەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و بەجیا موچە و بودجەی بۆ بێت. ڕێگاکەی تریان، کاراکردنەوەی (پرۆژەی بەهەرێمکردنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینە). لەو ڕێیەوە (٤٣٪ ی ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت)، ڕاستەوخۆ بێت بۆ ئەم زۆنە بۆ موچە و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان. بەم شێوەیە ڕزگارمان دەبێت لە چەوساندنەوە و هیچ حزبێک ناتوانێت لە پایتەختەوە ئەم دەڤەرە توشی برسێتی و هەڵدێر بکات.
سەروەت هەڵەبجەیی لەم ماوەیەدا جموجوڵێکی نوێی دیپلۆماسیی ئێران لە ئاستی ناوچەکە بینراوە. بە نێوەندگێڕیی چین ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سعوودیە واژۆ کرد، لە گەڵ ئیمارات ئەگەرچی پەیوەندییەکانی بەردەوام بووە بەڵام بە سەردانەکەی عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لێک تێگەیشتنی نوێ لە نێوان هەر دوو وڵات هاتووەتە ئاراوە، بە هەمان شێوە لە گەڵ بەحرەین بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەڕوات، لە گەڵ میسر هەندێک پەیام ئاڵوگۆڕ کراوە، لە گەڵ عێراق ڕێکەوتنی ئەمنیی واژۆ کردووە. لە گەڵ ئەمانەش پەیوەندییەکانی لە گەڵ هەر دوو وڵاتی عەمان و قەتەر پتەوتر کردووە، ئەو دوو وڵاتە بە وڵاتانی نێوەندگێڕ لە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران هەژمار دەکرێن. وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە بەردەوام لە سەر ئاڵوگۆڕکردنی پەیام لە نێوان تاران و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە گەڵ هاوتا ئێرانییەکەیان لە پەیوەندیدا بوون. ئێران لە پاش خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان بە ئاراستەی سفرکردنەوەی کێشەکانی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە هەنگاو دەنێت، لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە بەڵام دۆسیەی قەوقازی لە گەڵ کۆماری ئازەربایجان بە ئاڵۆزی ماوەتەوە. سیاسەتە نوێکەی ئێران لە ئاستی ناوچەکە بۆ پشتگیری چارەسەرکردنی دۆسیەی ئەتۆمییە لە گەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەڵام ئەمریکا بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە ئەم دۆسیەیە لە ڕیزی ئەولەویاتیدا نییە. ئەمریکا پێی وایە کە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانی ڕابردووی ئێران لە ئەنجامی کاریگەری سزا و گەمارۆکان بووە و هیوادارە ئەم کاریگەرییە لە داهاتوودا زیاتر ببێت. لە لایەکی دیکەوە دۆسیەی پێدانی درۆنی ئێرانی بە ڕووسیا و بەکارهێنانی لە شەڕی ئۆکراینا کەشێکی نەرێنیی لای وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا درووست کردووە. ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 2024 نزیک دەبێتەوە، جۆبایدن و دیموکراتەکان نایانەوێت لەم کاتەدا دەست بۆ ڕێکەوتنێکی نوێ یان زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکەی پێشوو لە گەڵ ئێران ببەن. ڕەنگە هەر ڕێکەوتنێک لە گەڵ ئێران لە بەرژەوەندی کۆماریخوازەکان بێت و وەک بانگەشەیەک لە دژی دیموکراتەکان بەکاری بێنن. ئەمریکا دەیەوێت دۆسیەی ئەتۆمی ئێران لەم دۆخەی ئێستادا بمێنێتەوە و هەوڵ دەدات کە لە ڕێگای ڕێکەوتنێکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و ئێرانەوە چاودێرییەکان لە سەر دۆسیەی ئەتۆمی ئەم وڵاتە زیاتر بکرێت. ئەمە ئامانجی ئەمریکایە و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان ئەستەمە. ئەگەر ئەمریکا بۆ دانوستانەکان نەگەڕێتەوە دوو سیناریۆ لە بەردەم ئێراندا دەبێت، یەکەم ئەوەی کە لەم هەلومەرجەدا بمێنێتەوە، ئەمەش لە ڕووی ئابوری و داراییەوە ڕوبەڕوی دۆخێکی دژوارتری دەکاتەوە. دووەم ئەوەی کە کشانەوەی خۆی لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی ڕابگەێنێت، لەم حاڵەتەشدا سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە کە دیسانەوە ئەمەش دۆخی ئێران دژوارتر دەکات و ئاڵۆزییەکان لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا زیاتر پەرە دەستێنێت. لە باشترین حاڵەتدا دەتوانین بڵێین کە چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە سەر چالاکییەکانی ئێران و سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت. ئەمە بژاردەی خوازراوی واشنتن و وڵاتانی ئەورووپییە و پێناچێت بیانەوێت بە ڕێکەوتنێکی نوێ و هەڵگرتنی گەمارۆکان، دۆخی ئابوری ئێران هەناسەیەک وەربگرێت.
سهلام عهبدوڵڵا لهم چهند رۆژهی پێشووداو دوای بڕیاری دادگهی ناوبژیوانی پاریس سهبارهت به ههناردهكردنی نهوت و ڕاگرتنی ههناردهكردنی لهلایهن دهوڵهتی توركیا، لای ههندێك كهس و لایهن، بهو حسابهی دژی ههرێمی كوردستان بڕیاری داوه، به چهندین جۆرو شێواز له تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان و بگره لهسهر لاپهڕهی ههندێك له رۆژنامهكانی ناوخۆش، زۆر به خۆشحاڵی و سهرگهرمییهوه پێشوازی لێكرا، كه ئاستی دهربڕین و ههڵوێستیان گهلێك له نهیارانی ههرێم له بهغدا زیاترو بهجۆشتر بوو كه مایهی ڕامان و لێوردبوونهوهیه. ئێمه له ههڵوێستی نهیارانمان له بهغدا حاڵی دهبین و له هۆكارو پشتهوهی هۆكارهكانیش تێدهگهین، بهڵام ئهوهی تا ڕادهیهك مایهی سهرسوڕمانه بۆ دڵسۆزانی گهلهكهمان و خاوهن شههیدان و تێكۆشهران و قوربانیدهرانی ئهم نهتهوهیه ئهوهیه، بۆ ئهمانه بهو ڕادهیه دژی گهل و خاك و دهستكهوتهكانی ئهم ههرێمهن و ئایا به داڕمان و نهمانی ئهم ههرێمه- كه خهونی ئهو دهروون نهخۆشانهیه- ئهوان چیان دهستدهكهوێت و لهچی سوودمهند دهبن. ئهگهر ئهوانه، ئهمڕۆو لهلایهن نهیارانی ههرێمهوه به گهرمی پێشوازی و پشتیوانی دهكرێن تهنیا لهبهر ئهو ههڵوێسته نادڵسۆزو ناجوامێرانهیه بهرامبهر گهلهكهمان، دهبێ ئهو ڕاستییه بزانن، گهر نههامهتییهك تووشی ههرێم بێت، لهپێش ههمووانه ئهوانه وهك كاڵایهی پیس تووڕ دهدرێن و پشتگوێ دهخرێن و وهك خیانهتكار پێناسه دهكرێن. فهرموون لهو رۆژهوهی شاری كهركووك لهلایهن بهغداوهو به یارمهتی ههندێك دهستی بهسهرداگیرا، ئێستا چۆن مامهڵه لهگهڵ دانیشتوانی ڕهسهنی كورد دهكرێت و چۆن زمان و كلتووری لهناو دهبرێت و چۆن- له رژێمی پێشوو زیاتر- رۆژانه تهعریب دهكرێت و خاكی باوباپیرانی داگیر دهكرێت. ههر دوێنێ بهرپرسێكی ئهمریكی رایگهیاندوه كه عێراق وتوركیای ئاگاداركردۆتهوه نهوت ههنارده بكرێت، دوێنێش بهرپرسێكی باڵای عێراق داوای له توركیا كرد كه مۆڵهتی ههناردهكردنی نهوتی ههرێمی كوردستان بدرێت. خۆشبهختانه ئهو بڕیارهی دادگهی ناوبژیوانی پاریس بهو شێوه نهبوو كه ئهم جۆره نموونانه چاوهڕێی بوون و بگره به پێچهوانهوه خواستی ئهوانهوه له كۆتاییدا له بهرژهوهندی گهلهكهمان دهبێت، چونكه ئهو كارانهی كراون هیچی نادهستووری نهبووه، كه ئهوهش له چهند بڕگهیهكی بڕیارهكهدا به ئاشكرا دهردهكهوێت و ههر ئهوهشه كه ئێستا وتووێژ لهگهڵ بهغدادا باشتر بهڕێوهدهچێت و هیوای ڕێكهوتنێك دهكرێ كه ههردوولا سوودمهند بێ و تهنیا شهرمهزاریش بۆ نهیارانی ناوخۆ و نهفرهت دهمێنێتهوه.
ئەردەڵان عەبدوڵا کاتێ لاپەڕەکانی مێژووی کورد هەڵدەدەینەوە، کۆچ و ئاوارەبوون بەشێكی گەورە لە مێژوومان داگیر دەکەن، بەڵام کۆڕەوی ساڵی 1991 تەواو جیاواز بوو، لە هەمانکاتیشدا بە یەکێک لە رووداوە گرنگەکانی مێژووی کورد دادەنرێت. ئەم کۆڕەوە، وەکو دێوەزمەیەک وابوو لە دوای کۆمەڵێک خەونی سەوز و جوانی خەڵکی کوردستان، کاتێک لە دژی یەکێک لە ستەمکارترین رژێمی ناوچەکە کە ئەویش رژێمی سەدام حسێن بوو، راپەرینێکی جەماوەری کرا، خەڵكی کوردستان بە کۆمەڵێک خەونی گەورەوە باوەشیان بۆ بەهارێکی سەوز و جوان کردەوە، بەو هیوایەی کۆتایی بە قۆناغی ناخۆش و ترسناکی رژێمی سەدام بهێنێت، بەڵام لە پاشئەوەی ئەم رژێمە لە جەنگە دۆڕاوەکەیدا بەرامبەر بە هاوپەیمانان، هێزەکانی خۆی یەکخستەوە، وەکو گورگی هار بەربووە گیانی گەلانی عیراق، لە باشووردا قەسابخانەی گەورەی بۆ خەڵكی سیڤیلی عیراقی دروست کرد، مێژووی خوێناوی ئەم رژێمەش لە یادەوەریی خەڵكی کوردستاندا هەبوو، کیمیاباران کردن و ئەنفالیش، هەمیشە وەکو دێوەزمەیەک لەیادی خەڵكیدا بوو، بۆیە بڕیاری کۆچی بەکۆمەڵ درا، ئەوەش یەکەمجاربوو، بەشێکی زۆری خەڵكی شار و شارۆچکەکان لە ترسی سەرکوتکردنی رژێمێکی دکتاتۆری وا بەو جۆرە وڵات بەجێبهێڵن. ئەم کۆڕەوە راستە لە رووی ئازار و مەینەتییەکانەوە زۆر ناخۆشبوو، بەڵام وەکو دەڵێن لە پاش شەوەزەنگەوە خۆر هەڵدێت، ئەم کۆڕەوە بووە هۆی جووڵاندنی هەست و سۆزی جیهان بەتایبەتی لە خۆرئاوادا، بە هەوڵ و ماندووبونی کۆمەڵێک دۆستی کورد بەتایبەتی لە فەرەنسا و ئەمریکا، کە هاوکات بەرژەوەندیشیان لەوەدا بوو، ناوچەی دژە فڕین بۆ گەلی کورد دانرا، ئەمەش بووە هۆی لەدایکبوونی یەکەمین قەوارەی کوردی لە کوردستانی عیراقدا. لەمەشدا دوو دەوڵەت رۆڵی سەرەکییان هەبوو، فەرەنسا بە پلەی یەکەم، دوای ئەویش ئەمریکا. دواتریش لە هاوینی ساڵی 1991 دا دووبارە لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر و دەوروبەری دووبارە راپەرین دروستبوویەوەو هەموو دەزگاکانی رژێمی بەعسیان راماڵی، رژێمیش لەبەر بوونی ناوچەی دژە فڕین نەیتوانی جارێکی تر هێزە سەربازیی و ئەمنییەکانی بگەڕێنێتەوە کوردستان. جێگەی ئاماژەیە لە راپەڕینی دووەمدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هێزە چەپەکان، رۆڵی سەرەکییان هەبوو لەم راپەڕینەدا. بەداخەوە زۆرێک لە نەوەی نوی نازانن ئەم هەرێمە چۆن دروستبوو، هەربۆیە گرنگە بزانن بنەمای سەرەکی بوونی ئەو کۆڕەوە گرنگە و ئەو راپەڕینە بوو کە خەڵكی کردی لە دژی ئەو رژێمە بەتایبەتی راپەرینی دووەم، کە لە هاوینی ساڵی 1991 دا کرا. بەداخەوە ئێستا کەم باسی راپەرینی دووەم دەکرێت. بەداخەوە ئێستا هەندێک مێژووی ئەم دەڤەرەیان لە بیرچۆتەوە کە چۆن دروستبووە، کاتێکیش ئەمریکا لە دوایین راپۆرتیدا رەخنەی توندی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم گرتووە، ئەمەش ئاساییە چونکە ئەم دەسەڵاتەی هەرێم کەموکورتی زۆری هەیە، بەڵام ئەوەی ئاساییی نییە، ئەو کاردانەوە توندەی ئەندام و لایەنگرانی پارتی بوو. پێشتر گەلی کورد لە جیهاندا وەکو قوربانی ناسراو بوو، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ بەهۆی هەڵە و کەموکورتی دەسەڵاتی هەرێمەوە بەتایبەتی لە زۆنی زەرد، ئێستا رەخنەی توندمان ئاڕاستە دەکرێت، لەجیاتی ئەوەی بێین بە شێوازی ئیداریی و حوکمڕانی خۆماندا بچینەوە، پەلاماری ئەو دەستانە دەدەین کە رۆژگارێک هاوکارییان کردووین و لە ئەنفال و دووبارە کیمیابارانکردن و کۆڕەو رزگاریان کردین.
هیوا سەید سەلیم دوا بەدوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس سەبارەت بە هەناردە کردن و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگای تورکیاوە، لە سالانی (٢٠١٤-٢٠١٨)، دەوڵەتی عێراق باسی لە قەرەبووکردنەوەی وڵاتەکەی دەکرد بە بڕی زیاتر لە (٣٠) ملیار دۆلار، بەڵام سەرەتا تورکیا ئامادەیی تێدا بوو کە تەنیا ملیارێک و ٤٠٠ ملیۆن دیار وەک قەرەبوو بداتەوە بە عێراق، دوای چەند رۆژ لە دەرچوونی بڕیارەکە ئێستا تورکیا قسەیەکی دیکە دەکات، بەوەی ئەویش لەبەرامبەر ئەو سەوداو مامەڵەیەی کە لەگەل هەرێمی کوردستان لەسەر کەرتی ووزە ئەنجامی داوە، کە ئێستا ئەو مامەڵەیە بەهۆی بڕیاری دادگا کۆسپی بۆ درووستکراوە، وە هەناردەکردنی نەوت وەستێنراوە، دەبێ تورکیا قەرەبوو بکرێتەوە. ئەمە و دەنگۆ ئەوە هەیە کە هێشتا کەیسی دیکە ماوە کە دادگا یەکلای بکاتەوە، بە تایبەت بۆ سالانی دوای ٢٠١٨. فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان دوور لە هەژموونی حکومەتی عێراقی فیدرال ساڵانێکە قەیرانێکی گەورەی لە نێوان هەرێم و بەغدا لێکەوتۆتە، بەشێوەیەک کە وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوو بە جۆرەها شێواز بەغدا سزای هەرێمی کوردستانی داوە، لە نموونەی نەناردنی شایستەی دارایی لە چەند ساڵی رابردوودا. لێکەوتەکانی قەیرانی نێوان هەرێم و بەغدا، بە تایبەت دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی فەرەنسا تا دێت باری سەرشانی هەرێمی کوردستان قورستر دەکات، بەشێوەیەک کە ئەگەر هەرێم و بەغدا زوو چارەسەری هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نەکەون هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت مووچەخوارانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەکەونەوە ژێر باری سزادانی دواکەوتنی مووچە و تەنانەت بڕین و پاشەکەوتنی مووچەکانیاشیان، چونکە ٧٩٪ ئەو داهاتەی بۆ مووچە دابین دەکرا لە هەرێمی کوردستان لەو داهاتە بوو کە فرۆشتنی نەوتی هەرێم دەست دەکەوت. ئەو مەترسیەی دواکەوتنی مووچە لە کاتێک دایە کە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان بوون بە تێپەڕاندنی میزانیەی ٢٠٢٣ عێراق و رێکەوتنی هەرێم و بەغدا مووچە بڕاو و پاشەکەوتەکەی ساڵانی ڕابردوویان بۆ بگێڕدرێتەوە. شایانی باسە، لە ساڵانی نێوان(٢٠١٦- ٢٠١٨) مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٤ ملیار دیناریان کەوتۆتە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان ( ٤ مووچەی تەواوی ساڵی ٢٠١٥، مووچەیەکی ساڵی ٢٠١٧، ٣ مووچەی ساڵی ٢٠١٨، هەروەها ٢٣ چارەگە مووچەی ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧) ئەگەرچی چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی ئەو کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە کراوە کە دەبێت بەغدا قەرەبووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە. ئێستا پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەک دابەشکردنی (گەنمی خێری) لێهاتووە، هەر وڵاتەو داوای پشکی خۆی لە قەرەبووکردنەوە دەکات، هێشتان کۆمپانیا نەوتیەکانیش ماون. لەم نێوانەدا نەک هەر کەس باس لە قەربەبوو کردنەوەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان ناکاتە، بگرە وەک ئاماژەمان پێدا وا بڕوات دەبێت مووجە خۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی هەواڵی ناخۆشتریش بکەن، ئەمەشیان قوڕێکی دیکە دەبێ بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، لە نموونەی دواکەوتنی مووچە، یان لێبڕین و پاشەکەوت کردن کە رێگا چارەی تەنگەژە ئابووریەکانی هەرێمی کوردستان بوو لەم چەند ساڵە. ئەو ترسە بێ هۆکار نیە، ٣٠ ملیار دۆلار قەرزی کەلەکەبووی جەند ساڵەی سەر هەرێمی کوردستان، لە رابردووشدا قەرەبووکردنەوەی کۆمپانیای داناغاز بە بڕی زیاتر لە ملیارێک دۆلار، وە دیار نەمانی داهاتی نەوتی لە بانگە مایەپووچەکانی لوبنان، لە ئێستاشدا ڕاگرتنی فرۆشی نەوت، پێشتریش بڕیاری دادگای فیدرالی سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت، هەروەها بێ پلانی ئەو چەند ساڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فرە چەشنکردنی داهاتی هەرێمی کوردستان، کە ئەمەشیان ئاماژەیە بۆ شکستی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، بە تایبەت لە بواری ئابووریەوە، باس لە بوارەکانی دیکە ناکەین .
شێرزاد شێخانی کاتێک ئاشبەتاڵی ساڵی ١٩٧٥ راگەیندراو پێشمەرگەکان یەکلەدوای یەک بەرەو خوار شۆڕ دەبوونەوە، کابرایەکی قومارچی لەرێگای گەڕانەوەیدا لائەداتە چایخانەیەک و لەوێ وێنەی (...) ئەبینێ کە هێشتا بەسەر دیواری چایخانەکەوە هەڵواسراوە. روو لەوێنەکە ئەکات ئەڵێ: نۆی سینەگی تێگرتی دانەبەزی!. هەشتی کوپەی تێگرتی دیسان دانەبەزی!. بیلی ماچەشی تێگرتی هەر دانەبەزی هەتا لەئەخیریدا دوو جۆکەری لەدەست گرتی !!!. لەسەردەمی مالیکی حکومەتی عێراق داوای سەت هەزار بەرمیل نەوتی لە هەرێم کرد بەرامبەر بە ناردنی بودجەی هەرێم، بەڵام ئەو برادەرانەی ئێرە ئەوەندە بوغرابوون بەو داوایە ڕازی نەبوون. لەسەردەمی حەیدەر عەبادی داوای ٢٥٠ هەزار بەرمیلیان کرد، دیسان حکومەتی هەرێم بەوەش رازی نەبوو!. لەسەردەمی کازمی ژمارەکە گەیشتە ٤٠٠ هەزار بەرمیل دیسان ڕازی نەبوون، ئەوەتا ئێستا هەموو نەوتەکەیان لەبەردەستی دەرهێناو دوو جۆکەریان لەدەست گییرا.. بۆ ئەوەی لەوە زیاتر (قەلۆش) نەبن و جلوبەرگەکانیشیان نەفرۆشن، دەیانەوێ بە نوسینی چەند وتارێکی نوسەرە دەربارەکانیان دژایەتی بڕیارەکەی دادگای فەڕەنسی بکەن!. دەیانەوێ بە لێدوانی دوو کۆنە پەرلەمانتاری خۆیان و هەندێک بەناو چالاکی سیاسی کە کەس ناشیانناسێ تەصریحات بدەن بەشکو دادگای فیدراڵی عیراق تۆزێ خاتریان بگرێ !. دەیانەوێ بە درۆو دەڵەسەکانی راسپاردەکەیان وەڵامی ئەو هەموو ئیحراجییە لەسەر لێدوانەکەی کونسڵی گشتی ئەمریکا لەبارەی ئەفلام کارتۆنە بەرهەمهێنراوەکەیان بدەنەوە !. دییقەت لەو زنجییرە رووداوانەی خوارەوە بدەن تا تێبگەن چی روودەدات: - دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بە نادەستوریبوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم. - دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بە ناقانونیبوونی ناردنی دوو سەد ملیارەکەی موچە. - دەرچوونی بڕیاری دادگای فەڕەنسی بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوت لەگەڵ تورکیا. - ئیمزاکردنی رێکكەوتنی نێوان حکومەتی عیراق و ئێران لەسەر پاراستنی سنور، کەواتە پاش ماوەیەک حکومەتی عیراق سوپای خۆی دەنێرێتە سەر سنورەکانی هەرێم. - هۆشدارییەکانی جنین پلاسخارتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر زەمانەت نەبوونی قەوارەی هەرێم. - راپۆرتەکەی رۆژنامەی (الصباح) بەغدایی لەبارەی هەرێمی کوردستان . - راسپاردنی دیوانی چاودێری دارایی عیراق بە لێکۆڵینەوە لە داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم، کە ئەمە دەروازە سنوریەکانیش دەگرێتەوەو، پاش ماوەیەک ئەو داهاتانەش دەبێت تەسلیم بە حکومەتی فیدراڵی بکرێت. - بڵاوکردنەوەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پێشیلکاری مافەکانی مرۆڤ. ئەمانەو دەیان بڕیاری تری حکومەتی عێراق لەداهاتوودا کە ئەنجامەکەی پەڕوباڵکردنی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم و لاوازکردنیەتی تا ئەو رادەیەی کە دەبێ حەسرەت بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئەنجومەنی تەشریعی و تەنفیزی جاران بخوازن . گۆرانییە کوردییە خۆشەکەی ساڵی هەشتایەکانتان لەبیرە کە دەیوت (چەندم پێگۆتی کچێ خەجێ مەچووە بیتوێنێ). بەراستی گۆرانییەکی خۆش و بە لەززەت بوو.
چیا عەباس کوردێکی دڵسۆز لەهەر سوچێکی دنیادا بێت گریانی دێت کاتێک دەبیستێت یاخود دەخوێنێتەوە بەشێک لە هاونەتەوەکانی دوا روداوەکان لە کوردستان و ناوچەکە بە سەرەتای داڕمانی هەرێمە تاقانەکەی کوردستان دەزانن. هەرچەندە بەشێکی بەرچاوی ئەم چاوەڕوانییە لە ئەزمونە شكسخواردووەکانی کورد لە مێژوی کوردستانی گەورە سەرچاوەی گرتوەو بەشێکی تریش لە زەمینەی فکری و سیاسیەوە، بەڵام پێموایە ئەم دوو لێکدانەوەیە زۆر زەمینەو فاکتەری تریان بەهەند وەرنەگرتوە کە چاوەڕوانییەکانیان زۆر لاواز دەکەن. فاکتەری هەستیاری یەکەم جیۆپۆلیتیکی کوردستانە، کوردستان بەشێکی گەورەی ناوچەیەکی ستراتیژی هەستیاری دنیایە، پارچەکانی کوردستان نیشتمانێکی بەیەکەوە بەستراو و گرێدراون، کوردستان بێئەندازە دەوڵەمەندە لە سامانە سروشتییەکان، وەک نەوت، گاز، ئاو، کشتوکاڵ و...تاد. هاوکاتیش ناکرێت کۆی گشتی ژمارەی کورد لەو ناوچە هەستیارە پشگوێ بخرێت، بهتایبەت کورد دەیان ساڵە ناسراوە بە جەنگاوەری خاوەن ئەزمون لە جوگرافیایەکی شاخاوی چڕوپر. لەم سەردەمەدا کە ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە لە دۆخێکی خراپ و ئاڵۆزدا دەگوزەرێن، بهتایبەت عێراق و ئێران و سوریاو کوردیش بەشێکە لە ئاڵۆزییەکەو هۆکارەکانیشی. ئێستا هێزی گەورەی دەرەکی لە ناوچەکە ئەمریکایە، چەندین بنکەی سەربازی، هەواڵگری، دەریایی و ئابوری هەیە. لە باشوری کوردستانیش هێزێکی بریاردەری گەورەیە. بەگشتی کوردستان پانتاییەکی جوگرافییە کە لە ململانێکانی ئێستای زلهێزەکانی دنیادا بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی دنیا دەتوانێ رۆڵیکی زۆر گرنگ و هەستیاری لە ناوچەکەدا هەبێت، ئەمە سەرەڕای تەمومژاوی و غیابی دیدگایەکی کوردی هاوبەش بۆ ئەو داڕشتنەوەیە. بە کورتی کورد لەو پرۆسەیەدا لەڕووی سیاسییەوە وەک بێلایەن رەفتار دەکات، بەڵام لە ناخیدا مەیلی بۆ رۆژئاوا هەیە، فاکتەری گرنگی دووەم ئەوەیە کە هەرێم و حوکمڕانییەکەی کیانێکی نەتەوەییە بۆ سەرجەم کورد سەرەڕای هەڵەو خۆپەرستی و نادادی بەرپرسە سیاسی و فەرمانڕەواییەکان. دەستدان لەم کیانە نەتەوەییە بەمەبەستی داڕمانی تاوانێکی گەورەیە کە هیچ لە هێزە دەسەڵاتدارەکانی دنیاو ناوچەکە لە ئاکامەکانی قورتار نابن. ئەمە بەو مانایە نایەت ئەو هێزانە خوازیاری جۆرێکی تر لە حوکمڕانی و سەرکردە لەم هەرێمە بچوکەدا نەبن. فاکتەرێکی گرنگی تر ئەوەیە کە زۆرینەی زۆری کورد لە باشور سوننەن، لەگەڵیشیدا لیبراڵن و توندرەو نین، بۆیە کورد دەتوانێت رۆڵیکی گرنگ لە ئاڕاستەکانی کێشەکانی نێوان شیعەو سوننە لە ناوچەکە ببینێت، بۆ رۆژائاوا ئەم کارتە گرنگە شایستەی پاراستن و راگرتنیەتی بەهەر جۆرێک لە جۆرەکان بێت. ئەزمونی بەدەنگەوەهاتنی ئەمریکاو رۆژئاوا لەلایەک و ئێران لەلاکەی ترەوە لە شەڕکردنی داعش و رۆڵیان لە روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر گرنگی ئەو کارتە دەسەلمێنن. بە هەڵسەنگاندنی ئەم فاکتەرانە ئەم هەرێمە داناڕمێت، پێدەچێت ئەوەی ئەمریکاو دۆستەکانی خوازیارن چاککردنی (نەک گۆرینی) شێوازی سیستەمی حوکمڕانیە کە پێگەو کاریگەری کورد بۆ ئەمریکاو رۆژاوا بەهێزتر دەکات.
هاوڕێ تۆفیق هەڵبژاردنی پارێزگاکان و گرنگترین گۆرانکارییەکان لەناو سیستەمی دەستوریی پەرلەمانیدا مەسەلەی هەڵبژاردن ئێجگار گرنگو چارەنوسسازەو دەرکردن و گۆرینی قانونی هەڵبژاردن بە ماراسۆنێکی پڕ کەفوکوڵ و درێژدا تێدەپەڕێ. لە عێراق و کوردستانیش شانۆی هەڵبژاردن پرە لە دیمەنی دڵگوش و ئەکتەری دژ بەیەک .سیستەمی هەڵبژاردن لەدەستوری کۆماری عێراقی فیدراڵدا دیارینەکراوە .بۆیە هەموو چوارساڵ جارێک باسی سیستەمی هەڵبژاردن دێتە پێشەوە. لە هەندێک وڵات سیستەمی هەڵبژاردن جێگیرەو لە هەندێکی تر بە شێوەیەکی کەم گۆرانکاری تیادا دەکەن. ئێستا باس باسی سانت لیگۆیە، دەپرسین چیە؟ رێگایەکە بۆ گۆرینی دەنگ بۆ ژمارەی کورسی پەرلەمانی ئەمەش بە دابەشکردنی کۆی دەنگی بەدەستهاتوی حزب بەسەر ژمارەی تاکدا، ئەم سیستەمە لە ساڵانی پەنجاکانی رابردوو لە وڵاتانی ئەسکەندناڤیا پەیرەوکراوە .لە عێراق نەک کتومت وەکو خۆی ،بەڵکو ئەم سیستە بە دەستکاریەوە پەیرەو کراوە ،هەر بۆیە پێی دەڵێن سانت لیگۆی هەموارکراو .لە جیاتی دابەشی بکەن بەسەر ژمارە یەکدا ، دابەشی یەک پۆینت حەوتی دەکەن(١.٧) .کە دواتر بەشێوەیەکی خشتەیەکی جێبەجێکاری روونی دەکەینەوە. ئەگەر بە زمانی سیاسی روونیبکەینەوە ئەوا مانای دابەشکردنی کۆی دەنگی حزبە بەسەر ژمارە یەک و پۆنیتەکانیدا ، ئەگەر پۆینتەکان لەسەروو پێنچەوە بن ، ئەوا تارادەیەکی زۆر حزبی بچوک و مام ناوەند تیا ئەچن و حزبی گەورە کورسی زیاتری بەردەکەوێت. دوور لە تیۆری پیلانگێڕی ئەم سیستەمە پەیوەندی بە فەلسەفەی سیاسی هەڵبژاردنەوە هەیە، دەسەڵاتێکی یاسادانی جێگیری بریار دروستکەر دروست بکەین؟ یان دەسەڵاتێکی پر لە گروپ و کوتلەی جۆراو جۆر ؟کە بە زەحمەت بتوانیین ،بریار یان قانون دروست بکەین؟ ئەم جارە بۆ یەکەم جار دوو قانون کران بەیەک قانون ئەوانیش قانونی ئەنجومەنی نوێنەران و پارێزگاکانە لەپاڵیدا چەند گۆرانکارییەک کران گرنگترتنی ئەمانەن: ١: هەموو پارێزگایەک یەک بازنەیەو فرەبازنەیی ناو یەک پارێزگا هەڵوەشایەوە. ٢: بۆ ئەژمار و جیاکردنەوەی دەنگدان پەیرەوی سیستەمی سانت لیگۆی هەموارکراو دەکرێ بە پەیرەوکردنی ١.٧ . ٣: ژمارەی کورسی ئەنجومەنی هەر پارێزگایەک زیاد دەکات ئەمەش لە روانگەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان. ئەمە لە کاتێکدا داوا هەبوو کە ژمارەی کورسی کەمبکرێتەوە. ٤: حزبەکان لیستی خۆیان دەبێت و هەموو حزبێک وەکو یەک قەوارە لیستی دەبێت ئەمە لە کاتێکدا پێشووتر لیستی حزبی وەکو یەک قەوارە نەمابوو بەڵکو تاکەکەسی بوو. سەرنجێکی گرنگ: ATENTION PLZ لە خوارەوە لەسەر پارێزگای کەرکوک خشتەیەکی گریمانەیمان دروستکردوە کە چۆن دەنگی حزبەکان بەپێی هەمواری سانت لیگۆی ١.٧ دەکرێ بە کورسی . لە راستیدا ژمارەی دەنگی حزبەکان لە خشتەکەدا وەهمیەو راست نیە بەڵکو تەنها بۆ تێگەیشتن و فێرکارییە ئاشکرایە نەک هاوڵاتیان بەڵکو بەشی زۆری حزبەکان و کاندیدەکانیش بەرچاویان روون نیە . بۆیە پێم باشبوو بەشێوەی خشتەیەکی پراکتیزەیی روونکردنەوە بدەین . دیارە کەرکوک لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق کۆی کورسیەکانی ١٢ بوو .هەر بۆیە لەسەر ١٢ کورسیە خشتەکەمان دروستکردوە
د. كامەران مەنتك هەرێمی كوردستان دەستكەوتی خەڵكی كوردستانەو لەدەرفەتێكی مێژوویی هەستیارداو لە ئەنجامی گۆڕانكاری لەهاوسەنگی هێزی جیهانی و راگەیاندنی سیستەمی تاكجەمسەری هاتۆتە ئارا، ئەگەرچی خەریكە ئەو ژینگە جیهانی و نێودەوڵەتییەی، كە بنەمایەكی سەرەكی بوو بۆ ئەو لەدایكبوونە، گۆڕانكاری ریشەیی بەسەردا دێت وەك دەرهاویشتیەكیش بۆ ئەم گۆڕانكارییانە رۆژ بە رۆژ مەترسییەكان لەسەر هەرێم زۆرترو چڕتر دەبنەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا مەترسی سەرەكی لەسەر ئەو قەوارەیە، ئەو دوو بنەماڵەیەیە، كە زۆر نابەرپرسانەو خۆپەرستانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەستكەوتەی خەڵكی كوردستان دەكەن، هەڵوێستی نەرێنی ئەو دوو بنەماڵەیە لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵی رابردوودا، هاوكات ئەو شەڕە راگەیاندنەی لەلایەن دوژمنانی كوردەوە دژی ئەو هەرێمە بەڕێوە دەچێت، دۆخێكی هێندە ناتەندروستی دروست كردووە، كە خەڵك دژایەتیكردنی ئەو دەسەڵاتە نابەرپرسەو مانەوەی ئەو هەرێمە تێكەڵ بكات. بەشێكی زۆری خەڵك تەنیا لەپێناو ئەوەی لەو دەسەڵاتە رزگاریان بێت، خۆزگە بە نەمانی ئەو هەرێمە دەخوازن! كە ئەمە كارەساتێكەو پێویستە راستبكرێتەوە، خەڵكی كوردستان دەبێت لەوە تێبگەن، ئەو هەرێمە وەك قەوارەیەكی یاسایی موڵكی ئەوان و هەموو كوردێكەو دەبێت بپارێزرێت، نابێت بەهۆی چەند تاوانبارێكەوە، كە ئەگەر بچوكترین دەرفەت بڕەخسێت، دەخرێنە بەردەم دادگاكان و سزای رەوای خۆیان وەردەگرن. هەندێك شكست هەیە، شكستی كوردە، وەك ئاماژەی پێكرا، ناكرێت لە ئەنجامی رق لێبوونەوە لەو دەسەڵاتە، ئاهەنگی بۆ بگێردرێت، لەوانە مەسەلەی نەوت، ئەگەرچی ئێستا نابەرپرسیارانە بۆ بەرژەوەندی كەسی و بنەماڵەیی سودی لێوەردەگیرێت، بەڵام لە كۆتاییدا ئەوە موڵكی كوردەو خەڵكی كوردستان دەبێت خۆی ئەو هەڵانە راستبكاتەوە، نەك چاوەڕوان بكات بەغدا لەرێگەی گەمەیەكی هەرێمییەوە دەست بەسەر ئەو نەوتەدا بگرێت، ئەگەر مەسەلە گەندەڵی بێت، ئەوا لە قۆناغی ئێستادا دەسەڵاتی سیاسی لە بەغدا ئەگەر لەدەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم گەندەڵتر نەبێت، ئەوا هیچی كەمتر نییە، دەست بەسەرداگرتنەوەی نەوت لەلایەن كۆمەڵێك گەندەڵگارو داگیركاری تر، چارەسەر نییە، چارەسەر ئەوەیە خەڵكی كوردستان متمانە بەخۆی پەیدا بكاتەوە، كە لە زۆر رێگاوە ئەو متمانەیە تێكشكێنراوە، بۆئەوەی ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینە دروستبكات و گۆڕانكاری ریشەیی لە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم بێنێتە دی، كە رەنگ بێت ئێستا ئەو دۆخە لە هەموو كاتێك لەبارتر بێت، بۆیە هەڵبژاردنی ئایندە دەبێتە وەك دەرفەتێك سەیربكرێت بۆ راستكردنەوەی هەڵەكان، ئەمە ئالنگارییەكی گەورەیە، بەڵام دەرەفەتێكی زێڕینیشە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری چاوەڕوانكراو.
سەلام عومەر چەند رۆژێکە گفتوگۆیەکی نەبڕاوە بەردەوامە دەربارەی ئیدیۆمی "House of Cards" کە لەناونیشانی بابەتێکی رۆژنامەوانیی (وینسرۆپ رۆجەرز)ەوە وەرگیراوە کە رۆژنامەنوسێکی ئەمریکییە؛ بابەتەکە لە رۆژی ٢٢ی ئاداری ٢٠٢٣دا لە ماڵپەڕی گۆڤاری فۆرن پۆڵسی (Foreign Policy) بڵاوبۆتەوە. ئەمەش ناونیشانی بابەتەکەیە:"Iraqi Kurdistans House of Cards Is Collapsing". زمانی شیرینی کوردی لە زۆر رووەوە دەوڵەمەندە، بەتایبەتی ئەگەر بەووردی بە رابردوو و ئێستای ژیانی خەڵکی سادەو گوندنشینی کوردستاندا بچینەوە. گرنگە لە کاتی وەرگێڕاندا بگەڕێنەوە سەر زمانی سادەو سیاقی زمانەوانی کوردی و شێوازی بەکارهێنانی. ئەگەر دوور بڕوانین، یەکێک لە هەرە هەڵە گەورەکانی وەرگێڕان خۆی لە وەرگێڕانی وشە بە وشەدا دەبینێتەوە، ئەوەش رێک ئەو بارەیە بەسەر ئیدیۆمی "House of Cards" هاتووە. سەرەتا، فەرهەنگی ئینگلیزیی کامبریج بەمشێوەیە باس لە ئیدیۆمی "House of Cards" دەکات ئینگلیزی: House of Cards (idiom): “a complicated organization or plan that is very weak and can easily be destroyed or easily go wrong." وەرگێڕانی کوردی: ماڵی کارتەکان (ئیدیۆمە): "دامەزراوەیەک یان پلانێکی ئاڵۆزە، کە زۆر لاوازەو دەکرێت بەئاسانی بڕمێت و بەلاڕێدا بڕوات." یەکێک لە بنەماکانی وەرگێڕانی ئیدیۆم، خۆلادانە لە وەرگێڕانی وشە بە وشە، بۆ نمونە، هەرگیز وەرگێڕانی وشە بە وشە بۆ پەندێکی وەک "کەرێک بە پارەی سەهۆڵ بکڕدرێت، هەر ئاو دەیبات" ناکەین، چونکە هیچ مانایەکی لۆژیکی لە وەرگێڕانەکەیدا لە ئینگلیزیدا نادۆزینەوە، بۆیە، ئەگەر کتومت بۆ ئیدیۆمێک لە کوردیدا بگەڕێین بۆ "House of Cards" بەتایبەت ئەو زاراوەی من پێی دەنوسم ئەوە ئیدیۆمی "تڕە کەڵەک"ی کوردییە. مایەی خۆشحاڵییە، چەند ڕۆژنامەنوسێکی تریش پێشنیازی بەکارهێنانی ئەم ئیدیۆمەیان کردبوو، بەڵام من لەبەر بەردەوامبون لەسەر گفتوگۆکردن لەوبارەیەوە، ئەم بابەتەم نوسی. لای داپیرەم، یادی بەخێر، "تڕە کەڵەک" ئەمە بوو: دیوارێکی ناڕێک کە بە خڕکە بەرد دروستکراوەو هیچی بەسەر هیچەوە نییە؛ وەستاکەی هیچ خۆی بە بونیادنانییەوە هیلاک نەکردووە؛ هەر بەچاوو لەنزیکەوە سەیری بکەیت دەزانیت ئێستا نا کەمێکی تر دەڕمێت. ئێوەش هەست ناکەن ئیشەکەی برادەرانیش لەوە ئەچێت!؟
ئهمین بهكر كاتێك حكومەتی عێراقی ئەم خولە بەڕێككەوتنی هاوپەیمانی شیعە لەگەڵ پارتی و یەكێتی لە كوردو بەرەی پێشکەوتن (تقدم ) لەعەرەبی سونە، پێكهات و محهمهد شیاع سودانی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت بەربژێرکرا، لایەنە كوردییە بەشدارەكانی ڕێككەوتنەكە ڕایانگەیاند كە لەسەر كۆمەڵێك خاڵ ڕێكەوتنەكە كراوە، بەشێوەیەک دەبێت بەشێكی زۆری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداو هەرێم چارەسەر دەكرێن، و لەناویشیاندا كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری عێراق دەبێت، كێ بێت لە ئێمە خەون بەوەوە نەبینێت كە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە ئاهێكیان بەبەردا بێت و بەشێک لە کێشەکانیان چارەسەرببێت، بەڵام ئەوەی لەماوەی ڕابردودا ڕویداوە شتێکی جیاوازمان پێ دەڵێت، هەموو بینیمان چۆن لەڕێگەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقی و وەزارەتی دارایی عێراقەوە لە مەسەلەی یاسای سامانە سروشتییەکان و چوارسەد ملیارەکەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی، عێراقییەكان ڕوویەكی تریان پیشانی پارتی و یەکێتی هاوپەیمانیاندا، بەشێوەیەک كە ڕێگەی گلەیشیان نەبێت، لەئێستاشدا كە گورزەیەک پڕۆژە یاسا وەک جێبەجێكردنی بەشێک لە ڕێككەوتنی پێكهێنانی حکومەت، ئامادەكراون و وابڕیارە بکرێنە یەک پاکێج و بەیەکەوە تێبپەڕێنرێن یان لانیکەمی سەرۆک کۆمار بەیەکەوە فرمانی بەرکاربونیان بۆدەربکات، لەم ڕێگەیەشەوە بەشێک لە داواکاری هەر سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق جێبەجێ بکرێت، ئەم شێوازە توافقیە بۆ دۆخێکی وەکو عێراق چارەسەرێکی گونجاوە، کاتێک ڕێككەوتنێک لەسەر بنەمای براوەی سێ لایەنە بکرێت، هەر یەک لە شیعەی (هاوپەیمانی نیشتمانی) پێکهاتەی سونەو كورد لە ڕێگەی دەركردنی چوار یاساوە بەشێک لەبردنەوە بۆخۆیان تۆماربكەن، كەهەر یەكێک لەو پێكهاتانە پێداگیریان لەسەر یاسایەک یان زیاتر كردوە. هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەکان مەبەستیانە هەمواری یاسای هەڵبژاردن بەزوویی تێ بپەڕێنن تا بتوانن گۆڕانکاریانەی پێشوو کە لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا و لەدەرئەنجامی شۆڕشی تشریینییەکان و پێداگری سهدرییەکان کرابوو هەڵبوەشێننەوەو بیبەنەوە بەرەو سیستەمی سانتلیگۆکەی پێشوو، لەو ڕێگەیەشەوە گرەنتی مانەوەی خۆیان بكەن بۆ هەڵبژاردنی ئایندەو نەبنەوە پەندی دەستی سدريیەكان، لەهەمان کاتدا مەبەستیانە یاسای بودجەش بەقەبارەیەکی گەورەوە تێبپەڕێنن، كە بەفریادڕەسی حكومەتەكەی سودانی وهاوپەیمانی شیعەکان دائەنرێت و دەستیاندەكاتەوە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكانیان و ڕازیكردنی جەماوەرەكەیان.! پێكهاتەی سوننەش دەركردنی یاسای لێبوردنی گشتیان زۆر مەبەستە تا ئەو ژمارە زۆرەی پێكهاتەی سونە كە حوكمدراون دەرفەتێكیان پێبدرێت و بەشی زۆریان ئازادبكرێن و بەمەش جەماوەرەكەیان رازی بكەن، هەروەک مەبەستیشیانە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش ئەنجام بدرێت تا لامەرکەزی زیاتر بەپارێزگاکانیان بدرێت و دەسەڵاتی پارێزگاكانی خۆیان زیاتر بكەوێتەوە ژێردەستیان. ئەوەی بۆ پێکهاتەی كوردیش بڕیارە وەک دەستكەوت پێی بدرێ بێجگە لە جێکردنەوەی بەشێک لە داواکانیان لەهەردوو یاسای بودجەو هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکاندا، دەركردنی یاسایەكە بۆ دیاریكردنی نەخشەڕێگەی جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ی دەستور، بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان، هەرچەندە وردەكاری و ناوەڕۆكی ئەو یاسایە دانەڕێژراوە، ئەوەی ئێستا بەردەستە، تەنها بەڵێنی سەرۆک وەزیرانە بەوەی کە هەرسێ یاساكەو یاسای بودجە بەیەک گورزە تێپەڕێندرێن و بەرکاربکرێن، بەڵام هێزە شیعەكانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران ڕایەكی تریان هەیەو، دەیانەوێت سەرەتا یاسای هەڵبژاردن تێپەڕێنن و ئەمەش مەترسیەکەیە، چونکە ئەوکات شیعەکان ئازادتر دەبن بۆ دانانی مەرج و كۆت و بەند بۆسەر یاسای لێبوردنی گشتی سوننەکان و یاسای جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ی دەستور بۆ کورد، بۆیە پێویستە حزبە کوردستانییەکانی بەغدا بە بەشدارانی حكومەت و ئەوانی دەرەوەی ڕێکكەوتنی حكومەتی عێراقیش، فریابکەون و هاوکێشەکە بگۆڕن، بەشێوەیەک كاربكەن بۆ ئەوەی یاسای جێبەجێكردنی مادەی ١٤٠ پێش یاسای هەمواری هەڵبژاردن و یاسای لێبوردنی گشتی بكەوێت، بەپێچەوانەوە تێپەڕكردنی یاسای جێ بەجێكردنی مادەی ١٤٠ زۆر قورس دەبێت و ڕێگرییەكانی زۆر گەورەتر دەبن، بێجگە لەفشاری هەندێک دەوڵەتە هەرێمییەکان کە هەوڵی ڕێگریکردن ئەدەن، هیچ كام لە حزبەكانی شیعەو سوننەش ناتوانن بەئاشكرا پشتگیری جێ بەجێكردنی مادەی ١٤٠ بكەن و لەوانەیە پەنا بۆ ڕۆڵ دابەشكردن بەرن لەناو هاوپەیمانیەتییەكانیاندا تاڕێگری لەتێپەڕاندنی بكەن، یاخود ئەگەر كرا بەیاساو دەنگیشی لەسەر درا، هەوڵ ئەدەن وای لێبكرێت كە لە ناوەڕۆكەكەی خاڵی بكرێتەوە قابیلی جێبەجێکردن نەبێت، یان بۆمبی یاسایی تیا بچێندرێ تاوەكو دوای دەرچوونی بیانو بدات بەدادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ ڕاگرتن و هەڵوەشاندنەوەی، بۆیە زۆر گرنگە هێزە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق هەڵوێستەیەک بكەن و بەوردی خۆ بۆ ئەو بابەتە ئامادەبکەن و لەڕوی تەکنیکیەوە ڕای کەسانی شارەزا وەربگرن، لەڕوی تەکتیکیشەوە کاربکەن بۆ پێشخستنی یان لانیكەم دوای یاسای بودجە ڕاستەوخۆ دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگەر وانەكرێت ئەوا دوورنیە یاساكە دەرنەکرێ یاخود ئەگەر دەریشكرا یاساكە بێ ناوەڕۆک بكرێ و قابیلی جێبەجێكردن نەبێت. بۆیە ئەگەر بیانەوێت ئەمجارەش گەمەکە نەدۆڕێنن واباشە تەرکیزی سەرەکی بکەنە سەر دەرکرنی ئەو یاسایە لەئێستادا.
د. بەرهەم خالید راپۆرتەكەی پێگەی فۆڕن پۆڵسی ئەمریكی بە ناونیشانی Iraqi Kurdistan’s House of Cards Is Collapsing مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام سەرجەم میدیاكان و سیاسییەكان و حزب و بارەگا و دامەزراوە حكومییەكانیش لە وەڵام و سەرنجەكانیاندا بە هەڵە بە ماڵە كارتۆنیەكە وەرگێڕانیان بۆ كردووە. مەبەستی راپۆررتەکەی فۆڕن پۆڵسی لە playing cards پلەیین کارد کاردی یاریکردنی ناسراو بە کۆنکەن Conquain Card ە كە خۆمان وەك هەڵەیەكی باو پێی ئەڵێین كارت مەبستی راپۆرتەكەش كاردی یاریكردنە نەک کارتۆن و مقەبا. ئەسڵی House of Cards ئیدیەمێکە لە زمانی ئینگلیزی کە مێژووی بەکارهێنانی ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٦٤٥ بە واتای بناغە و پێکهاتەیەکەیەک کە لەسەر بنەمایەکی لەرزۆک و فشەڵ بنیاتنراوە و لەهەر جوڵە و بە کەمترین کاریگەری و دەستکاریکردن هەرەس ئەهێنێت. ئەمەش بنەچەكی بریتییە لەو پەیکەرەی کە لە کاردی یاریکردنی کۆنکەن دروست ئەکرێت (وەك لە وێنەكەدا دیارە) لەسەر بنەمای باڵانسکردنی کاردەکان کە لەرزۆک و ناجێگیرە و ئەگەری هەیە لە هەر ساتێکدا بڕوخێت. واتە مەبەست لێی دۆخ و پلان و رژێمێکە کە ناجێگیر و نا سەلامەتەو لە هەر جوڵەیەکدا دادەڕمێت. هەروەک فەرهەنگی کامبریجیش وا پێناسەی ئەکات کە سیستم و پلانێکی ئاڵۆز و ناجێگیر و لاوازە کە ئەکرێت بە ئاسانی خاپور بکرێت و بەرەو هەڵدێر و هەڵە بچێت. مانای راپۆرتەكە ئەبێت بە ماڵە لە كاردی یاریكردنەكەی كوردستان هەرەس ئەهێنێت. هەروەها هاوس ئۆف کاردس ناوی رۆمانێکی سیاسی سەرنجڕاکێشی نوسەری بەریتانی مایکڵ دۆبسە کە ساڵی ١٩٨٩ بڵاویکردوەتەوە و باسی کەسایەتییەکی سیاسی خەیاڵی ئەکات بە ناوی فرانسیس ئۆرکهارت کە رۆڵی سەرۆکی خەیاڵی پارتی پارێزگاران بەرجەستە ئەکات و لە رێگەی پلانێکی نا ئەخلاقی و گەندەڵی و گەمە سیاسییە ناشرینەکانەوە ئەگاتە دەسەڵاتی یەکەمی پارتەکە و دواتریش سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا. دواتر بیرۆکەی ئەم رۆمانەش ئەبێتە هەوێنی زنجیرە درامایەک لە بەریتانیا و ئەمریکا. هاوپێچ وێنەی ماڵی كارد و بەرگی رۆمانەكە و زنجیرە دراماكە. لینكی راپۆرتەكە: https://foreignpolicy.com/.../iraq-kurdistan-region.../
ئەحمەد عەزیز 1. کەرکوک هەمیشە گرێکوێرە وناونیشانی ململانێی نێوان لایەنی کورد ودەوڵەتی عێراقی عەرەبی بوە، بە درێژایی مێژوی دەوڵەتی عێراق، بۆ یەکەمین جار لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ بۆ ماوەی هەفتەیەک لە سەر دەستی کورد ڕزگارکرا، لە پاش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١، لە نیسانی ٢٠٠٣ بۆ جارێکی تر کەرکوک خرایەوە ژێر دەسەڵات و ئیدارەی کوردیەوە بە سپۆنسەری ئەمریکا و هاوپەیمانان، سەرەڕای ناڕەزایی وبەرهەڵستکاری ناوچەیی بە تایبەتی تورکیا، ئەمریکا پاس ودەرفەتێکی تری زێڕینیان بەخشیە کورد، تا بە قۆناخ و لە ڕێگای دیفاکتۆ(ئەمری واقیع) ودەستوری عێراقەوە، کەرکوک گرێبداتەوە لە گەڵ هەرێمی کوردستان، لاوازی ودەڵەمەیی دەوڵەتی عێراق و بەهێزی پێگە ودەسەڵاتی کورد لەو سەردەمەدا زۆر لە بار بو، بۆ بە دێهێنانی ئەو ئامانج ودروشمەی (کەرکوک دڵ وقودسی پارتی و یەکێتی)، بەڵام یەکێتی و پارتی هیچ پلانێکیان نەبو بۆ ئەو مەبەستە، لە جیاتی ئەوەی بەبەرنامە وئامانجێکی کوردستانی ونەتەوەیی بێنە کەرکوکەوە، هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو ودامەزراوەی ئاسایش و پەروەردەی نیشتیمانی، کار کردنی کورد وەک یەک تیم، بە دو دەزگای ئاسایش و هێزی سەربازی و پەروەردەی حزبی یەکێتی وپارتی هاتنە کەرکوکەوە، بە نەفەسێکی حزبی تەسکەوە کاریان کرد و گەڕەکی یەکێتی و پارتیان دروستکرد، ناوچەکانی کەرکوکیان بە سەر نفوسی حزبیدا دابەشکرد، ئەوەندەی خەمی پێگەی حزبی خۆیان بون، ئەوەندە لە خەمی کەرکوک و یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کەرکوک وجێبەجێکردنی مادەی ١٤٠دا نەبون، لە بەغداش ئەو پێگە وپشکانەی بەر کورد کەوتبو، یەکێتی وپارتی بۆ بەرژەوەندی حزبی و کەسی قۆرخیان کردبو، سەرئەنجامی ئەو کار وئاراستەیەی یەکێتی وپارتی بۆ کەرکوک، لە ماوەی ٢٠ ساڵی دەوڵەتی عێراقی نوێ، کە کورد بەشدار وهاوبەشی سەرەکی ئەو دەسەڵاتە بوە، کەمتر لە ٢٠٪ قۆناخی یەکەمی مادەی ١٤٠ جێبەجێکراوە، لە دوا قۆناغیشدا بە هۆی دوانەی ڕیفراندۆم و١٦ ئۆکتۆبەر، سەری کەرکوک و پتر لە ٥١٪ خاکی هەرێمیان خواردو، حاڵ و بار وپێگەی کوردیان گەڕاندەوە سەردەمی پێش ٢٠٠٣، بە هەندێ جیاوازی کەمەوە، کە ئەویش پەیوەندی بە گۆڕانکاریەکان و سەردەمەکەوە هەیە. 2. ئێستا لە کەرکوک، کورد زۆر پەراوێزو لاواز کراوە، هیچ پێگە وپۆستێکی سەربازی وئەمنی وئیداری ئەوتۆی بە دەستەوە نەماوە، تا بتوانێت بەرگری لە مافە یاسایی ودەستوریەکانی خۆی بکات، کەرکوک لە سایەی ئەحکامی عورفیدا بەڕێوەدەبرێت، واتا عەسکەر حومکی کەرکوک دەکات، ئەنجومەنی پارێزگا، کە زۆرینەی کورد بو هەڵوەشێندرایەوە، سەرجەم پۆستە ئیداریە گرنگەکانی لێ سەندرایەوە و درا بە عەرەب و تورکمان، لە گوندەکانی کەرکوک کار بە عەقدی سەردەمی بەعس دەکرێت و تاپۆی زەوی کورد ناخوات و ڕێگای پێنادرێت زەوی خۆی بکێڵێت، لایەنی تورکمانی و عەرەبی هەر بەوەوە نەوەستاونەتەوە، بەڵکوکار بۆ درێژەدان بەم وەزعەی ئێستای کەرکوک وناوچەکوردستانیە دابڕێندراوەکان دەکەن و دەیانەوێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوشدا، کورد هەر بەم لاوازییەی ئێستای بمێنیتەوە، بۆیە لە خەمی ئەوەدان، کە ڕێژەی دەنگی کورد دابگرن بۆ خواروی ٥٠٪ دەنگەکانی کەرکوک، کە کورد لە هێچ هەڵبژاردنێکی ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابوردو، کەمتر لە ٥٠٪ دەنگەکانی کەرکوکی بە دەست نەهێناوە، ئەڵبەتە عەرەب و تورکمان لە سەر بنەمای ئاسایشی نەتەوەیی وبەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان، یەکیان گرتوە ودژی یاسای هەڵبژاردنی نوێی عێراقن، کە وا بڕێارە لە چەند ڕۆژی داهاتودا بڕیاری لە سەر بدرێت. 3. خوڵاسەی کەلام کورد لە کەوتنی کەرکوک وعەفرین و١٦ی ئۆکتۆبەر، تا ئێستا هیچ دەرس وپەندێکی وەرنەگرتوە، کورد لە کەرکوک خەونی حزبی هەیە، نەک خەونی نەتەوەیی، پێجەوانەی تورکمان عەرەب کە خەونی نەتەوەیان هەیە، یەکێتی و پارتی دور لە گشت بەهایەکی نیشتمانی ونەتەوەیی و بێ گوێدانە بەرژەوەندی وهەستی کورد، تا هەنوکە پەیڕەوی سیاسەتی تەسکی حزبی خۆیان دەکەن، هەر ئەوەشە وای کردوە ماوەی پێنج ساڵە، لە پاش ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧وە لە بڕی پارێزگارێکی کورد، پارێزگارێکی، کە بەرکەوتەی کوردە، عەرەب بە وەکالەت کەرکوک بەڕێوە دەبات، لەمپەڕ وهۆکاری سەرەکی ئەوەش، کە پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دانانرێت، خودی کورد خۆیەتی، پارتی ویەکێتی زۆر ئاسایە بە لایەنەوە عەرەبێک یان تورکمانێک حکومی کەرکوک بکات، وەک ئەوەی ئێستا هەیە، نەک پارێزگارێکی یەکێتی، یان کوردێکی بێ لایەن، پێشم وایە یەکێتی و پارتی تا پاداشت و سزای خۆیان وەرنگرن هاوشێوەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەستمە ئاوڕبدەنەوە وبە خۆیاندا بچنەوە.
كەمال چۆمانی کۆماری مۆز بەو وڵاتانە دەگوترێ کە ئابورییەکەیان تەنها پشت بە هەناردەکردنی تەنها یەک بەرهەم دەبەستێت. ئەمەش لەلایەن کۆمپانیاکانی وڵاتی بەرهەم-بۆ-هەناردەکراوەوە یان خودی وڵاتەوە دەقۆزرێتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی سیاسەت و ئابوریی وڵاتەکە. ئەو جۆرە قۆستنەوە و ئابوری و چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەیەم کاتێک ئەمریکییەکان سودیان لە بەرهەمی مۆزی هەندێک وڵاتی ئەمریکای لاتین وەرگرت و بە قازانجێکی بێئەندازە لە ئەمریکا مۆزەکەیان دەفرۆشتەوە. ئابوری ئەو جۆرە وڵاتانە بەتەواوی لەلایەن وڵاتێک یان کۆمپانیایەکی بیانییەوە کۆنترۆڵ دەکرێ. کاریگەریی ئەو ئابورییە وا دەکات کۆمەڵگایەکی هەژار و چەوساوە دروستبێ، لە بەرانبەردا نوخبەیەکی سیاسیی گەندەڵ و چەتەگەرا کە پێکهاتون لە نوخبەیەکی سیاسی، عەسکەری، و ئابوری. ئەو وڵاتانە بە دەست ئاژاوە و شەڕەوە دەناڵێنن چونکە ناعەدالەتییەکی گەورە دروستدەبێ و وڵات دەکەوێتە هەژارییەکی گەورە. بڕیاری سیاسی و ئابوری وڵاتەکە دەکەوێتە بندەستی وڵاتێک یان کۆمپانیایەکی بیانی. با زۆر دورنەکەوینەوە، ئێستا ئەو حکومڕانییەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئەوەی پارتی لەگەڵ تورکیا دروستیکردوە، ئەو کۆماری مۆزەیە. ئەمن لە ٢٠١٢ لەو بارەوە وتارێکم بۆ کوردستان تریبیون نوسی لەوێدا باسم لەوە کردبو کە چۆن هەرێمی کوردستان لە چەوسانەوەیەکی نەتەوەیییەوە لەژێر حوکمڕانیی بەعسدا کەوتۆتە بندەستی حکومڕانییەکی کوردی کە دیسان دەچەوسێنرێتەوە لەلایەن دەستەڵاتدارێتیی کوردیی و تەواوی بڕیاری سیاسیشی لەدەستداوە بە هۆی گرێبەستەکانی نەوت لەگەڵ تورکیا. ئابوریی هەرێمی کوردستان ئابورییەکی پشتبەستوە بە نەوت، لای کەم سەدا نەوەدی ئابورییەکەی. هەروەها عێراقیش وایە، بەڵام لای کەم عێراق خاوەنی سەروەرییە و خاوەنی بڕیاری سیاسیی خۆیەتی و دەتوانێ سەربەخۆیانە نەوتەکەی هەناردەبکات. هەڵەیەکی ستراتیجی هەرێمی کوردستان پشتبەستن بو بە نەوت و کردنی هەرێمی کوردستان بە کۆماری مۆز. ئینجا لەوە کارەساتبارتر، سیاسەتی هەناردەکردنی نەوت بو سەربەخۆ و بانگەشە بێبنەماکانی سەربەخۆیی ئابوریی، بێگومان ئەو دو بڕیارە لەناو دەیان بڕیاری دیکەی ماڵوێرانکەرتر. تورکیا بڕیاری داوە بێ بەغداد نەوتی هەرێمی کوردستان نەفرۆشرێت. عێراق لە دادگایەکی نێودەوڵەتی لە پاریس بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە نێودەوڵەتییانە سکاڵایەکی لە تورکیا بردۆتەوە. ئێستا کۆمارە مۆزەکەی بارزانی دەبێ هێندەی تر سازش بۆ تورکیا بکا. داخی گەورە ئەوەیە هێشتاش دەست بەو کۆمارە مۆزەوە دەگرن لەبری رێککەوتن لەگەڵ بەغداد. هۆکارەکەشی رونە؛ نەوت بۆ ماڵی بارزانی وەک ئۆکسجین وایە بۆ ئینسان. دەیان جاری دیکەش نوسیومە، بێ کۆنترۆڵی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانی حیزب و بنەماڵە، پارتی ناتوانێت حوکمی کوردستان بکات چونکە ئەو سیستەمە کڵایەنتالیست و گەندەڵەی دروستیانکردوە، لە میلیشیای ئاساییش و پێشمەرگەوە بگرە، بۆ میلیشای میدیاکانیان، لەسەر نەوت دەژیێن. بەڵام، خۆشبەختانە، رۆژ، هەفتە، و مانگەکانی دادێ، لەناو ئەو گۆڕانکارییانەی دونیا و ناوچەکە، رونتر کۆتایی ئەو چەتەگەرایییە ئابورییە دەبینین. گۆڕانکارییەکان دەستیانپێکردوە؛ رێککەوتنی سعودیە-ئێران بە دۆڕانی ئەردۆغاندا رەتدەبێ، تا دەگاتە گۆڕانکاریی لە ناوخۆی ئێران و سوریا و تورکیادا. سیاسەت لە کوردستانی عێراقێ، هەرچەندە یەکێتی و بەتایبەت پارتی بیانەوێ بەو جۆرە کلاسیکییە بمێنێتەوە، مەحاڵە. لەناو هەمو ئەوانە، وەک چەند رۆژ پێش ئێستا لە پۆستێکی تر باسمکرد، خۆڕێکخستنی کۆمەڵگا و ئەوانەیە کە بەرژەوەندییان لەو چەتەگەرایییە ئابورییە و تاکڕەوییە سیاسییە نییە تا ئالتەرناتیڤێک لەداییکببێت.
