ئایا هەڵبژاردن لە کوردستاندا زیادەیە یان پێویستە
2023-04-17 11:33:33
زانا توفیق بەگ
ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا کردنەوەی دەرگایەکی ترسناک و، کوشتنی خەون و هیوایەکی گەورەیە، لەناو تاک بەتاکی کومەڵگای کوردیدا. پێوەرەکانی پڕوسەی هەڵبژاردن لەناو زۆربەی زۆری گەڵانی دنیادا ئامانج لە ئەنجامەکەی بریتیيە لە کومەڵی گۆڕانکاری جەوهەری بونیادیی. هاوکات هێنانەدی خەونەکانی نەوێ نوێ وە بەدیهێنانی کۆمەلێ دەستکەوتی ئابوری و کۆمەڵایەتی و مەدەنیە. پاشان دروستکردنی فەزایەکی ئارام و خۆشگوزەرانی لەسەر هە موو ئاستەکانی ژیانی جڤاتی گشتی کۆمەڵگا.
لە هەرێمی کوردستان لەدوای پێنج هەڵبژاردن زۆربەی هێزو گروپە سیاسییەکان، هیچ هیوایەکیان بە پڕۆسەکە نەماوە تەنانەت ئەندام و کادرو بەرپرسەکانی حیزبەکان بەگشتی. بۆ رۆچونە ناو هۆکارەکانی بێ ئومێدی خەڵکی کوردستان لە پڕوسەی هەڵبژاردن، تەنانەت خودی ئەندامانی حیزبە سیاسییەکان بریتییە لەم فاکتەرانەی خوارەوە.
ئەگەر هەڵبژاردن لە زۆربەی وڵاتاندا بۆ گوڕانی بنچینەیی چالاککردنی سەندیکاو دەسەڵاتی چوارەم و پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت، یان هێنانە پێشەوەی کۆمەڵی فیگەری سیاسی نوێ بێت. ئەوا لە کوردستاندا ئەم پڕۆسەیە پێچەوانەی هەموو نورمە نێودەوڵەتییەکان. وە بەردەوامیدانە بەهەمان دۆخی پێشترو دووبارەبوونەوەی هەمان فیگەرە سیاسی کۆنە لە ناو سیستەمی سیاسی هەرێم. هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن لە دنیادا بەبێ گوڕانکاری کۆمەڵایەتی و چالاککردنی دەزگا مەدەنییەکانی مەحاڵە. چونکە هەر پرۆسەیەکی هەڵبژاردن ئەگەر ئامانجی دروستکردن و بەهێزکردنی چوارچێوەیەکی مەدەنی نەبێت بۆ کۆمەڵگا ئەوا جگە لە خەیاڵپڵاوییەکی بێ ناوەڕۆک هیچی تری لێ سەوز نابێت.
لە کوردستاندا هەڵبژاردن تەنها مانۆڕێکە بەمەبەستی نیشاندانی چەمکی دیموکراسی پرنسیپەکانی دەوڵەتێکی مەدەنی هاوچەرخ، بۆ وڵاتانی خاوەن هێزی جیهانی بەرژەوەندیخوازی ئابوری و سەربازی. بەکوردییەکەی هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی موزەیفە بۆ ناوخۆ وە بەردەوامیدان بە پرۆسەکە لەپێناو مانەوەی دەسەڵاتی سیاسییە بەهەمان شێوازی فوڕمی سیاسی ڕابردوو. ئەگەر کۆی گشتی هێزو پلاتفورمە سیاسییەکان بیانەوێ هەڵبژاردنیەکی ڕاست و دروست بە ئەنجام بگەیەنن، ئەوا دەبێت بڕوایان بە ئەنجام و لێکەوتەکانی هەبێ. چونکە تاکە دەزگای چاودێری کە بەرهەمی هەڵبژاردنە زامنی مانەوەی دەسەڵات و متمانەیە بە پرۆسەکە. دروستکردنی متمانەی دەنگدەرو بڕوابوون بە پڕۆسەی هەڵبژاردن یەکێکە لە فاکتەرە بەهێزەکانی سەرکەوتنی هەڵبژاردن لە کوردستاندا کە ئێستا ئەم لایەنە لاوازترین ئەڵقەی پرۆسەکەیە. چونکە دەنگدەری کورد بڕواو متمانەی بە ئەنجامەکانی نەماوە .هاوشان کۆی گشتی هەموو بزاوتە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریەکان لەگەڵ پرۆسەی هەڵبژاردندا نین تەنانەت هەندێ گروپ و نوسەر پرۆسەکە بە زیادە دەبین لە کوردستاندا. چونکە لە بنچینەدا بەشداریەکی جدی و هاوتەربیان نیە وە بەشێکنین لە پروسەکە. چونکە سەرکەوتنی هەڵبژاردن بەبێ کۆدەنگی و به شداری واقعی گروپ و ڕێکخراو نوخبەی ڕۆشنبیری مەحاڵە بڕوابە ئەنجامەکەی بکرێ.