Draw Media

سەربەخۆیی ئابوری غەدرلێكراو!

سەربەخۆیی ئابوری غەدرلێكراو!

2023-04-18 08:50:23


د. كاوە مەحمود- سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان

وابەستەیی ئابوری وەك دیاردەیەكی جیهانی بریتییە لە ملكەچبوون و وابەستەیی ئابورییەكی لۆكاڵی یان ئابورییەكی نەتەوەیی بە ئابورییەكی پێشكەوتووتر لێی و، ئەم ملكەچبوونە شوناسێكی گشتگیر وەردەگرێت بە جۆرێك كۆنتڕۆڵكردنی دارایی و بازرگانی و تەكنیكی لە ئابوری دواكەوتوودا لەلایەن ئابورییەكەی پێشكەوتووتر لێی ئەنجام دەدرێت.

شێوازێكی دیكەی وابەستەیی ئابوریی بریتییە لە ڕەوشی ئابوری ئەو وڵات و ناوچانەی داگیركراون یان كۆڵۆنیاڵكراون بەو دەوڵەتانەوەش كە فرەنەتەوەن و، نەتەوەی باڵادەست سیاسەتێكی ئابوری ئەوتۆ پەیڕەو دەكات، كە هەژموون و سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی لە سیاسەتی پەراوێزخستنی ئابوری و كۆمەڵایەتی و كەلتوری و سیاسیی هێزی مرۆیی و ناوچە و نیشتمانی نەتەوەی ژێردەست، دەبینێتەوە.

ئاكامەكانی وابەستەیی ئابوری بریتییە لە سەرهەڵدان و تەشەنەكردنی بێكاری و هەژاری و دابەزینی ئاستی بژێوی و، مەبەست لێی كاركردنەسەر بڕیاڕ و بژاردەی سیاسییە.

ئەگەر بڕوانینە مێژووی دەوڵەتی عێراق لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تائێستا، سیاسەتی ئابوری سەرجەم حكومەتەكانی ناوەند بریتی بووە لە بنیاتنان و چڕكردنەوەی پرۆژە ئابورییەكان، بەتایبەتی پرۆژەكانی پیشەسازی گشتی و پیشەسازی نەوت وەك پاڵاوگەو كارگەكان لە ناوچەكانی باشورو ناوەڕاستی عێراق و، پەكخستنی گەشەپێدان لە كوردستان وەك ئاكامێكی سیاسەتی شۆڤینیستانەی پەیڕەوكراو.

لەدوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس لە 2003دا، هەلومەرجێكی لەبار هاتەپێشەوەو مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەك فاكتێك و ئەمری واقیع كراو، زەمینەی گونجاو بۆ باسكردن لە ئابوری سەربەخۆو گرتنەبەری میكانیزم بۆ ئەم مەبەستە واڵابوو.

دەستوری بڕیاڕدراوی 2005 لە عێراق و بنەماكانی فیدڕاڵیزم، كە تەنیا بواری سیاسی و ئیداری ناگرێتەوەو، لە دەستوردا ئاماژە بۆ بواری ئابوریش كراوە لەوانەش بابەتی وزە، لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا بەهۆی قەیرانی دەوڵەتی عێراق، هەر هەنگاو و بیركردنەوەیەك بۆ پەیڕەوكردنی مافی ئابوری هەرێم بە عەقڵیەتی ناوەندێتی ڕەها لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا دژایەتی كراوەو، بڕیارەكانی دادگای ئیتحادی لەم بوارەش، كە سەرجەمیان بە سیاسیكراوە، ئەم ڕاستییە دەخەنەڕوو.

باسكردنی سەربەخۆیی ئابوری هەرێمی كوردستان یەكێك لەو چەمكانەیە، كە بەردەوام نەتەوەی باڵادەست و ناوەندی حوكمڕان بە گومان و قایلنەبوون مامەڵەی لەگەڵدا كردووەو، لە ئایندەشدا ئەگەر تەرازووی هێزەكان بەمشێوەیەی ئێستا بێت، ئەوا گومان نییە كە ئەم دەستورەی ئێستا هەیە ناتوانێت زامنی كەمترین ماف و دەسەڵاتی ئابوری هەرێمی كوردستان بكات، نەك باسكردنی سەربەخۆیی ئابوری، كە مەبەست لێی كۆتایهاتنی وابەستەیی و ملكەچبوونە بە سیاسەتی ئابوری زۆربەو تاقمی حوكمڕان لە دەوڵەتێكی نادیموكراسیدا، كە چەمكی هاوڵاتیبوون و بەشداری پارێزگاكان و هەرێم ـ هەروەك لە دەستوری جێبەجێنەكراودا هەیە ــ لە دانانی سیاسەتی ئابوریدا پەیڕەو ناكرێت.

ئەگەر سیاسەتی حكومەتی عێراق بە كۆسپ و تەگەرەیەكی سەرەكی بۆ وەدیهینانی سەربەخۆیی ئابوری كوردستان دابنرێت، ئەوا لەهەمان كاتدا سیاسەتی ئابوری پەیڕەكراو لە هەرێمی كوردستان هۆكارێكی سەرەكی دیكەیە، كە ئاڵنگاری بۆ چەمكی سەربەخۆیی ئابوری دروستكردووە و، تەنانەت غەدریلێكردوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان چەمكی سەربەخۆیی ئابوری تەنیا لە بابەتی سەربەخۆیی لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمدا بە دابڕین لە سیاسەتی ئابوری پەیڕەوكراو، دەبینێتەوە، لەكاتێكدا ئەزموونی ئابوری جۆراجۆر ئەوە دەردەخات كە شوناسی سیاسەتی ئابوری هۆكارە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی ئابوری.

پێویستە سەربەخۆیی ئابوری بە نیسبەت كوردستانەوە، بریتیبێت لە پەیڕەوكردنی سەروەری و ئیرادەی گرتنەبەری سیاسەتێكی ئابوری لەسەر بنەمای نەخشەو پلانی گونجاو بۆ گەیشتن بە دۆخی پشتبەستن بە وزەو توانای زاتی و خۆبژێوی و وەدیهێنانی ئاسایش لە بواری خۆراك و وزەو ئابوریدا، كە لە بەرژەوەندی ئاسایشی گشتی هاوڵاتی بێت و، كەرامەت و كات و تواناو دارایی تاكی كوردستانی دابین بكات و، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی فشاری جۆراجۆری هێزی دەرەكی و دەوڵەت و ئەو ڕێكخراوە جیهانییانە بێت، كە كار بۆ سەپاندنی نموونەی نیولیبرالیزم بەسەر ئابوریدا دەكات، بەڵام ئەوەی ڕوویدا دەسكەوتەكانی سیاسەتی سەربەخۆی لە فرۆشتنی وزە لەسەر ژیانی خەڵكدا ڕەنگی نەدایەوەو، خزمەتی توێژێكی مشەخۆری كردو گومان لەوەدا نییە ئەگەر خەڵك هەستیان بە دەستكەوتەكانی ئەو سیاسەتە بكردایە، ئەوا دژ بە بڕیاڕی دادگای پاریس ناڕەزاییان دەردەبڕی و، نەدەكەوتنە ژێر كارتێكردنی ئەوانەی دژی هەر بابەتێكن، كە ناوی سەربەخۆیی پێوە بێت.

شكستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەنجامنەدانی سەربەخۆیی ئابوری بۆ چەندین هۆكار دەگەڕێتەوە، لەوانە:

ــ نەبوونی (سیاسەتی ئابوری هەمووه‌كی)و دەربازنەبوون لە ئابوری بەرخۆرو، پشتبەستن بە داهاتی نەوت وەك تاكە سەرچاوەی سەرەكی داهات.

ــ وازهێنان لە چەمكی (گەشەپێدانی مرۆیی بەردەوام) كە دیاردەی گەشەپێدانی چەندین نەوەیەو كارتێكردنی ئەرێنی لەسەر پەرەسەندنی خەڵك و كۆمەڵگا لەڕێگای دابینكردنی عەدالەت و باشكردنی ڕەوشی ژیان و تەندروستی هەیەو، هاوسەنگی نێوان دەسكەوتی ئابوری و بنەمای ژینگەپارێزی و سروشت دابین دەكات و، پێداویستییە مادییەكانی ژیانی مرۆڤ و بەرهەمهێنان و دابەشكردنی عادیلانەی سامان و داهات ڕیكدەخات.

ــ بەردەوامبوون لە ئاڕاستەی (بەتایبەتكردنی ڕەها)ی سەرجەم چالاكی ئابوری و خستنەسەرپشتی بوارەكانی وەبەرهێنان بۆ سەرمایەدارن و ئاڕاستەكردنی پرۆژەكانی بواری وەبەرهێنانی كەرتی نیشتەجێبوون و بازرگانی لەچوارچێوەی مانەوە بە ئابورییەكی سەرمایەداری وابەست و دواكەوتوو، كە لە بەرژەوەندی بۆرژوای بیروكراتی دەسەڵات و مشەخۆری دەوروپشتیدایە.

ــ پەیڕەوكردنی میكانیزمەكانی سەروەری (ئابووری بازاڕ)و لاوازبوونی خزمەتگوزاری لەبواری كۆمەڵایەتی و تەندروستیدا.

ــ جێبەجێنەكردنی یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان و، ئامادەنەبوون بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتی بواری وزە.

لە ئاكامی ئەو تابلۆیەی لەم خاڵانەدا باسمان كرد دەردەكەوێت، كە چەمكی سەربەخۆیی ئابوری لە ڕێگای شوناس و ناوەڕۆكی سیاسەتی ئابوری پەیڕەوكراو دێتە دی، نەك تەنیا سەربەخۆیی لە فڕۆشتنی وزە.

سیاسەتی ئابوریی حكومەتی هەرێم گەورەترین زیانی بە چەمكی سەربەخۆیی ئابوری گەیاندو، زەمینەیەكی خۆشكردووە، كە ئەوانەی لە ڕوانگەی بەرژەوەندی تایبەتەوە دژی سەربەخۆیی نیشتمانی خۆیان بن، هەمان گوتاری دوژمن و نەیارانی كوردستان سەبارەت بە دژایەتیكردنی سەربەخۆیی ئابوری دووبارە بكەنەوەو كاری نەرێنی لەسەر ڕایگشتی كوردستان بكەن، لە كاتێكدا سەرجەم ئەو بابەتانەی كە لە دەستوری عێراقدا سەبارەت بە مافە ئابورییەكانی هەرێمی كوردستان هەن سەرەڕای تێپەربوونی بیست ساڵ بەسەر دەستوردا جێبەجێنەكراون و تەنانەت چەندین ڕێكکەوتننامەی نێوان بەغداو هەولێرش سەبارەت بە بابەتی ئابوری و بودجە هەن جێبەجێنەكراون و ئەمەش بنەمای نەبوونی متمانەیەو، ئەگەری ئەوەش هەیە رێكکەوتنی ئەم دواییەش جێبەجێ نەكرێت.

گرنگە گوتاری سیاسی كوردستانی بۆ ڕایگشتی، سەبارەت بە ڕەوابوونی سەربەخۆیی ئابوری، پشت بە بنەمای ڕەوابوونی تێكۆشانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستانی ببەستێت و، بەهەمان شێوە لە بواری مامەڵەكردن لە بواری وزەو سامانە سروشتییەكانی كوردستان، بەڵام ئەم سەربەخۆییە لە ڕێگای سیاسەتێكی ئابوریی دێتە دی كە گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی دابین بكات و، تەنیا بەسەربەخۆیی فرۆشتنی وزە، ئابوری سەربەخۆ نایەتە دی.

سەربەخۆیی ئابوری وەک بەرنامەیەکی کرداریی گشتگیر هێشتا دەستی پێنەکردووە، تا کۆتایی هاتبێت!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand