بیرەوەریەکی ڕۆژانی ئەنفال لە هزری پزیشکێکی پسپۆڕدا
2023-04-14 09:16:07
د. سامان تاهیر بەرزنجی
تا ماوەیەكی زۆر هەواڵی گوند و گەنجە فیرار و بەجێماوەكان لە لایەن خێزانەكانیانەوە نەدەزانرا, هەواڵێك نەبوو بۆ زانینی چۆنیەتی ژیان و چارەنووسی برا فیرارەكەم و ئەو خوشكەی كە لەگەڵ ئەو برایەم لە گوندەگە جێ مابوو, كەم دایك و باوك و خێزان هەبوون هەواڵێكی كەسە بەجێماوەكانی گوندەكان بزانن, جیا لەوەش دەستپێكردنی شاڵاوەكانی ئەنفال بۆ سەر پاشماوەی گوندەكانی كوردستان و پاكتاوكردنی خەڵكەكەی ئەوەندەی تر هەوری ڕەشی بێ ئومێدی ناخ و دەروونی خەڵكی داپۆشیبوو, ڕۆژانە هەواڵ و پڕوپاگەندەی كارەساتبار و غەمناك و جەرگبڕ لە ناو خەڵكدا بڵاو دەبۆوە سەبارەت بە ڕەشبگیری كەس و كاری پێشمەرگە لە شار و شارۆچكەكان لە لایەك و لە گوندەكانیشدا تەخت كردن و سووتاندنی یەكجاری گوندەكان و بەتاڵان بردنی هەرچی سامان و مەڕوماڵاتی گوندنشینەكان و بە كۆمەڵ دەستگیركردنی لاو و پیر و ژن و منداڵ و گواستنەوەیان بۆ زیندانەكانی شار و بیایانەكان.
بەرەبەیانێك لەگەڵ دەنگ و گفتوگۆی دایك و باوكم خەبەرم بۆوە, لە زەویەكەماندا یەك ژووری بلۆكی سەقف بە دار گیراومان درووست كردبوو, وێڕای ڕەشماڵەكە كە وەكو ژووری دووەم بەكارمان دەهێنا, دایكم نان و چایەكی بۆ باوكم ئامادەكرد بوو, دیار بوو دوای نانخواردنەكەی ئەو بەرەبەیانە باوكم بەناو هەموو مەترسیەكاندا دەیویست بۆ سۆراغ كردنی كوڕ و كچەكەی و خزمە بەجێماوەكانی تری گوندەكە بە پیادە بەرەو گوندەكەمان بڕوات, گوندە ڕووخاو و سوتاوەكەمان بە پیادەڕۆیی نزیكەی بیست كاتژمێر دوور بوو, ئەمە جگە لەو هەموو مەترسیەی كە لەو ناوچە قەدەغەكراوانە هەبوو و هەر كەسێك بەر شاڵاو بكەوتایە و لەو گوند و ناوچانە دەستگیر بكرایە بێ سێ و دوو ڕەوانەی زیندانە نوتەكەكان دەكرا و ئیتر ئەستەم بوو جارێكی تر لە ژیانیدا ڕووناكی ببینێتەوە.
بە ناو هەموو مەترسی و ماندووبوونەكانی ڕێگادا باوكم خۆی گەیاندە گوندەكە, گوند بۆنی خوێنی لێ دەهات, چۆڵەوانیەك بوو كوندەپەپوو تێیدا دەیخوێند, دەتگوت یەك سەدەیە نە ژیان نە ئاوەدانی تێدا نەبووە, لە ترسی هێرش و شاڵاوی ئەنفال هەموو خەڵكەكە لە دۆڵ و كونەئەشكەوتەكانا خۆیان حەشار دابوو, دۆل َ و شیو و تەلانەكانی دەوروبەری گوندی هەمووی كرد هەتا هەندێكیانی بینیەوە و لە سەلامەتیان تا ئەو كاتە دڵنیا بوو, مام سەید هەواڵی شار و ئۆردوگا و خەڵكە دەربەدەرەكەی بە خەڵكە تار و ماربووەكەی گوند گەیاند و ئەوانیش هەواڵی بۆمباران و گەڕانی فڕۆكە و تۆپباران و لەشكركێشیەكانی جەیش و جاش و گەڕانیان بە دوای كانیاو و سەرچاوەكانی ژیان و تێكدانیان و ئەو كەسانەی كە لە گوندەكاندا ماون بۆ ئەم گێڕایەوە, مام سەید بە هەگبەی ئەم هەواڵانەوە و بە ناو هەموو مەترسیەكانی دووڕیانی ژیان و مەرگدا و هەر بە پیادەڕۆیی بەرەو ئۆردوگاكە هەنگاوی هەڵگرت و دوای شەو و ڕۆژێك بە سەلامەتی ڕوحی بەڵام بە جەستەی یەكجار شەكەت و ماندووی ڕێگاوبان و دەروونی پڕ لە خەم و ترس و بیمی ئەگەری لەدەستدانی كوڕ و كچ و خزم و ئازیزانی گەیشتەوە ژێر ڕەشماڵی ئۆردوگاكە, تا هەفتەیەك جەستەی لە ماندوێتیدا ببووە كۆتەرەدار, پێیەكانی سەرتاپا ببون بە برین و تۆقلە و خوێن و كێماو و زەردكاویان لێ دەچۆڕا, بەڵام لە ناخیشەوە دڵخۆش بوو بەوەی كە هەواڵی مانی جەرگەكانی و خزمەكانی گەیاندۆتەوە خێزانەكەی, موژدانەی ئەوەی دا بە ماڵ و منداڵەكەی كە هێشتا خوشك و براكەیان زیندوون و نەكەوتوونەتە بەر كەڵبە و شاڵاو و كوشت و بڕی دڕندەكان.
یادمە لەو سەر و بەندەدا هەندێك شەو كە دەنوستم تەنها خێزانەكەی خۆم لە دەوروبەرم بوون, بۆ بەیانی كە لە خەو هەڵدەستام ماڵمان لێوان لێو بوو لە ژن و منداڵی خزم و ناسیاوی هەڵاتوو و دەربازبووی گوندەكەمان, ئەو ژن و منداڵانە لە ترسی دەسگیركردنیان لەلایەن جەیش و جاشەوە بە شەوان بەناو دەیان نەهامەتی و ڕەبیەی جاش و قافڵەی عەسكەریدا خۆیان دەگەیاندە شار و شارۆچكە و كۆمەڵگاكان, ئەو ژن و منداڵانە دوای چەند ڕۆژێك مانەوە لەناو ئەو ڕەشماڵە بچووكەمان ماڵئاواییان دەكرد و جێیەكیان بۆ خۆیان دەدیتەوە, دوای ڕۆیشتنیان ڕەشماڵەكە تەنها بۆ چەند ڕۆژێك چۆڵ دەبوو و دواتر دیسانەوە و لەگەڵ بەرەبەیان و گزنگی بەیانداپڕ دەبووەوە لە ژن و منداڵ و پیر و پەككەوتە و ناسیاو و خزمی هەڵاتوو و دەربازبووی تر.
دوای ماوەیەك هەواڵی زیاتر چڕبوونەوەی شاڵاوەكانی ڕاوەدوونان و بە كۆمەڵ دەسگیركردن و بێ سەروشوێن كردنی پاشماوەی خەڵكی گوندەكان بڵاوبۆوە, ئیتر بڕیار بوو شوێنەواری ژیان و ئاوەدانی لە گوندەكاندا نەهێڵدرێت, تەمی خەم و نائومێدی و ترس و تۆقین لە چارەنوسی مردنی كارەساتاوی سەرتاپای دەروونی زۆرینەی خەڵكی داپۆشیبوو, بە تایبەت ئەوانەی كە كەسێكیان لە ناو گوندەكاندا مابوو, لەولاشەوە شەڕی خوێناوی بەرەكانی جەنگی ئێران و عیراقیش لەوپەڕی گەرمیدا بوو, ڕۆژانە سەربازێكی زۆر لاشەكانیان دەگەڕایەوە شارەكان و بەشێكیشیان دەبوونە دیلی جەنگ و دوور لە ووڵات و خێڵ و خێزان ساڵانێكی زۆریان بە كولەمەرگی لە زیندانەكاندا بەسەر دەبرد, لە ناو ئەم هەموو ترس و بیم و بێ هیواییەدا باوكم دەبوایە دیسان بۆ سۆراغی كوڕ و كچەكەی و گەنجە بەجێماوەكانی لادێكەمان ڕێگاكە بگرێتەوە بەر و ئەگەر بتوانێت بە هەر ڕێگەیەكی هات و نەهات و دووڕیانی مەرگ و ژیاندا ڕزگاریان بكات یاخود ڕێیەكیان بۆ بدۆزێتەوە تاكو نەكەونە بەر كەڵبەی تاوانباران و شاڵاوەكانی ڕۆژانی حەشری ئەنفال, چونكە ئیتر بواری مانەوەی ژیان بۆ ئاژەڵی كێوی و باڵندەكانیش لە گوندەكان نەمابۆوە چ جای مرۆڤ و گەنج و منداڵی ناوچە قەدەغەكراوەكان. لەو كەین و بەینەدا هەواڵی بێسەروشوێن كردنی خزمێكی دانیشتووی ناو شارمان پێگەیشت لەگەڵ دوو گەنجی تری خزممان, دوو گەنجەكە بە ڕێگا پڕ لە مەترسی و هات ونەهاتەكاندا و دوای ئەوەی چەندین جار ملیان لە چەقۆی مەرگ سویبوو ئینجا خۆیان گەیاندبووە شار و لەوێش لە ترسی هەلپەرست و ناپاكەكان خۆیان لەو ماڵە حەشاردابوو, بێ ئاگا لەوەی كە چارەنووس هەمان چارەنووسی مانەوەیانە لە گوندەكە, هەردووك ڕێگاكە بەرەو هەمان مەرگ و وون بوونی لاشە و گۆڕەكەیانە, ئەو سێ پیاوە هاوشێوەی دەیان هەزار گەنج و منداڵ و پیر و ژنی وڵات ئێستاش نە سۆراغێكیان دیار بوو و نە لاشە و نە گۆڕ.
هێزەكانی شۆڕش و پێشمەرگە ناوبەناو لێرە و لەوێ چالاكی و شەڕیان ئەنجام دەدا و زەبری باشیان لە سوپای عیراق دەدا, بەڵام سوپاكە ئەوەندە پڕچەك و زەبەلاح بوو هەر بە خەیاڵیشیدا نەدەهات, گوندەكان كە سەرچاوەی هەرە سەرەكی پشتگیری شۆڕش و پێشمەرگە بوون بە چۆڵبوون و نەمانی شوێنەواری ژیان تێیدا بڕستیان لە توانا و وورەی پێشمەرگە بڕیبوو, لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی جەنگی ئێران-عیراق, سوپای عیراق زیاتر دەست بەتاڵ و دەست كراوەتر دەبوو بۆ لێدان و قەڵاچۆكردنی پێشمەرگە, هێزی پێشمەرگە و شۆڕش دوای بەرگری زۆر و زیان گەیاندنی زۆر لە جەیش و جاشی عیراق تەواو شەكەت بوو, توانای بەرگری و خۆڕاگرتنی یەكجار كەم ببوەوە, ئیتر بیریان لەوە كردەوە كە پاشەكشە بكەن بەرەو سنوورەكان, بە كۆنترۆڵكردنی بارەگا سەرەكیەكانی شۆڕش و حیزبە كوردستانیەكان لە لایەن سوپاوە ئیتر شتێك بە ناوی هیوا و بەرگری لە گوند و ناوچە سووتماك كراوەكاندا نەما, هەرچی خەڵكی بەجێماوی گوندەكان هەبوو یا ئەوەتا ئەنفال كران, یاخود ئەوەی پێی كرا لەگەڵ پێشمەرگە خۆیان گەیاندە سنوورەكان و ووڵاتی ئێران یانیش بە ڕێگە پڕ لە مەترسیەكانی مەرگدا و بە نهێنی خۆیان گەیاندە شار و شارۆچكەكان و لە ماڵێك یا شوێنێك خۆیان حەشاردا لە چاوەڕوانی ئەوەی یان ئەوەتا ڕۆژێك سیخوڕێك پێی بزانێت و خەبەری لێ بدات و ئیتر بەرەو زیندان و مەرگی حەتمی بڕوات یاخود لە چاوەڕوانی ئەوەی ڕۆژێك ڕەحمی دەسەڵاتداران بتلیسێتەوە و لێبوردنێك دەربچێت و ئەمانیش خۆیان تەسلیمی ڕەحمی حكومەت بكەن و ڕازی ببن بەوەی ئیتر دەسەڵات بەرەو هەر كوێیەكیان ببات بە بێدەنگی بڕۆن.
بەشێكی زۆر لە خەڵكی گوندەكان دەیانویست بەهەرحاڵێك بێت خۆیان بەرەو سنوور یاخود شارەكان دەرباز بكەن پێش ئەوەی مەرگ بەرۆكیان بگرێت بەڵام هەندێك لە هێزەكانی پێشمەرگە و بەرپرسانی شۆڕش لێرە و لەوێ بە پاساوی ئەوەی هێرشەكانی دوژمن ئەوەندە سەخت نین و نابێت جێی حەوانەوە و پاڵپشتی پێشمەرگە كە گوندەكان و پاشماوەی خەڵكە ڕاگوێزراوەكە بوون چۆڵ بكرێت, ڕێگریان لە خۆدەربازكردنی خەڵكی ڕەش و ڕووت دەكرد و ناچار بە مانەوەیان دەكردن, تا ئەو كاتەی كە ئیتر دۆخ و شەڕەكە ئەوەندە نابەرابەر بوو و كوڕ ئەو كوڕە بوو بتوانێت خۆی ڕزگار بكات, بەرپرس و پێشمەرگە چونكە زیاتر سەڵت بوون یاخود ئاژەڵ و تراكتۆر و ماشێنیان پێ بوو ئاسانتر و بێ زیانتر خۆیان دەرباز دەكرد و ئەو خەڵكەش كە ناچار بە مانەوە كرابوون بۆ پاڵپشتی و داڵدەدانی پێشمەرگە بە جۆرێك بوون بە ئاردی ناو دڕك و یان ئەوەتا بوون بە خۆراكی هێرشی سوپا یاخود خۆیان ڕادەستی قەدەر و چارەنووسی نادیار كرد و بۆ ئەبەد شوێنبزركران و گۆڕێكیشیان لە خاك و گوند و ووڵاتی خۆیان پێ ڕەوا نەبینرا تاكو كەسوكاریان سەردانییان بكەن و لە بۆنەكاندا گوڵێك بۆ سەر دوامەنزڵگاكانیان ببەن.
باوكم دووبارە ڕێگا بیست سەعاتیەكەی كوتایەوە , ئەمجارەیان بەهەر ڕیگایەك بێت توانی كوڕ و كچەكەی دەرباز بكات و بیانگەیەنێتە شار, خوشكەكەمی گەیاندەوە ماڵ, بەڵام مامۆستا چالاك ئاوها ئاسان نەبوو بە ئاشكرا بگاتەوە ماڵ و ئۆردوگاكە, ناچار تا ماوەیەك لە ماڵێك خۆی حەشار دا كە نەدەبوو كەسە نزیكەكانیش بەم هەواڵە بزانن, دواتر هەر بە نهێنی هاتە ماڵ و تەكیەی (شێخ جەعفەر) ی خزممان , ماڵ و تەكیەی شێخ ئەوەندە قەرەباڵغ بوو و ئەوەندە پڕ بوو لە مورید و دەروێش ئیتر جێیەكی باش بوو بۆ خۆ حەشاردان و لەوێ بە ئاسانی نەدەناسرایەوە, لە لایەكی تریش ئەو جێیانە لە لایەن ئەمن و ئیستیخباراتەكانەوە نەدەپشكنران, بۆیە شوێنێكی تا ڕادەیەك سەلامەت بوو, ڕۆژێك لە ماڵی شێخ جەعفەر, من لەگەڵ باوك و دایكم سەردانی براكەم كرد و دوای ماوەی ساڵێك و ئەو هەموو كولەمەرگیەی دیتمان بە دیداری برا گەورەكەم شاد بوومەوە .