Draw Media

لەبارەی ئەم ڕووداوانەوە..

لەبارەی ئەم ڕووداوانەوە..

2023-04-08 11:29:57


عەدالەت عەبدوڵڵا
لە دەرەوەی ئەوەی لە کوێدا کراوەتە ئامانج، بەڕێز مەزڵوم عەبدی خۆیشی ئەزانێت کە داواکراوی نمرە یەکە لای میتی تورکی، جا بە مردوویی بێ، یان زیندوویی!، بۆیە دەبێ هەم خۆی بپارێزێ و جموجوڵەکانی سنوردار بکات بەتایبەتی کە لەمساڵدا کۆمەڵێک هەڤاڵیان بە درۆن کرانە ئامانج و شەهیدبوون، هەم بەهۆی بەڕێزییەوە کێشەی ئەمنی بۆ باشوریش دروست نەبێت. 

لەولاوە، لەسەر یەکێتییش پێویستە پاڵپشتیکردنی لەهەر پارچەیەکی کوردستان لەسەر بنەمای دیدێکی ستراتیژی و خوێندنەوەی تەرازووی هێزو هاوکێشە ئاڵۆزو هەستیارەکانی ناوچەکەو تەقدیرکردنی ئەنجامی هەڵوێستەکان بێت لەسەر ئاسایش و ئارامیی خەڵک و هەرێم.

هەرچی حکومەتی هەرێم-ە، ئەوا پێویستە لە جیاتی تێوەگلانی زیاتر لەململانێی نێوان یەکێتی و پارتی و پاساودانی ئاشکرای دەستدرێژیی درۆنی تورکی بۆسەر فڕۆکەخانەی مەدەنیی سلێمانی، لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی ناو حکومەتەکە پلانێکی هەبێت بۆ کۆتایهێنان بەو دەستدرێژییانە، ئەمەش بەوە دەبێت کە کاربەدەستانی ناوی ئەوپەڕی پیشەییانەو دوور لە گیانی حزبایەتی ڕەفتار بکەن، ڕاگەیەنراوەکەی وتەبێژی حکومەت، بەداخەوە، ئەو مەرجانەی تیا نەبوو، بۆیە زیانی لە کارکردنی حکومەتیش دا وەک یەک تیمی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، ئەمەش وا دەکات متمانەی نێوان هێزە سیاسییەکان کەمتر ببێتەوە، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی، بگرە ئێستا لە ڕابردوو بە گومانتر بن لە یەکتر، ئەوەش کەم وزۆر دەبێتە هۆکاری ناسەقامگیرییەکی سیاسی و ڕەنگە ئەمنیی زیاتریش لە هەرێمدا، ئەگەر گفتوگۆو دانوستانی خێراو حاسم-یش نەکرێت، مومکینە تەنانەت ببێتە هۆی دروست بوونی کێشە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand