رۆڵی جاش لە ئەنفالدا
2023-04-13 16:36:10
عەلی مەحمود محەمەد
ئۆپەراسیۆنی ئەنفال بە بەشداری سوپای عێراقو هێزە تایبەتەكانو ئەمنو ئیستخباراتو... بە هاوكاری زیاتر لە 366 فەوجی جاشو دەیان مەفرەزە خاسەی جاشی كورد ئەنجامدران. هاشم سوڵتان لەوتەیەكی بەرگریدا لە پرۆسەی دادگایی ئەنفالدا ژمارەی جاشەكانی بە 250000 كەس دیاریكردووە.
لەسەرجەم ئۆپەراسیۆنەكاندا دیدەرەكان شایەدی ئەوە دەدەن، جاشەكان لەهەموو ئۆپەراسیۆنەكان پێش سوپا كەوتوون، زۆرینەی خەڵكەكە بە چاوساغیو درۆی ئەوان دەستگیركراون، بەپێی بەڵگەنامەكان هیچ فەوجو مەفرەزەی تایبەتی جاش نییە، بەشداری چەند پرۆسەیەكی ئەنفالیان نەكردبێت، لەماوەی ئەنفالدا بەشدار نەبوبێت، یاخود هاوكات لەگەڵ بەشداری لەوكاتو شوێنەدا ئەركیان پێ نەسپێردرابێت.
بۆچی جاشەكان هەموو تاوانباری بەشداری ئەنفالن؟
لە رێكەوتی 8-9-1987 بە نوسراوی ژمارە 5731ی بیرۆی باكوری پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالستی، بڕیاردرا تەنها 50%ی پێكهاتەی فەوجە خەفیفەكان لە بارەگا جێگیرەكانیانو رەبایەكان بمێننەوە، ئەوی دی بەكاربهێنرێن بۆ پەلاماری گوندە قەدەغەكراوەكان، بۆ ئەوەی پەلاماری پێشمەرگەو دانیشتوانە سڤیلەكەی بدەن، لە هێرشەكاندا پێش سوپا كەوتن، بەشداریانكرد لە پەلاماری هاوڵاتیانی سڤیلی لادێنشین، خانووی هاوڵاتیانیان روخاند، مزگەوتو قوتابخانەو نەخۆشخانەیان وێران كرد، لە تاڵانیش دەستیان نەپاراست، بڕیاری 4008یش لەوبارەوە ئازادیانی كرد لە تاڵانكردن. واتا بەردەوام چارەكی كۆی ژمارەی فەوجە خەفیفەكان لەماوەی ئەو 364 رۆژەدا لەئەركدا بوون لەپانتایی جوگرافیای كوردستان، وێڕای چارەكێكی زیاتری دیكەیان بەردەوام لەبارەگاو رەبایەكاندا پارێزگاری حكومەتیان دەكردو رێگاگانیان دەپاراستو بۆسەیان دادەنایەوە لەسەر رێگاكان بۆ پێشمەرگەو هاوڵاتیان، دەیانو سەدان تاوانی جەرگبڕیان لەو بۆسانە ئەنجامدا. لە تەواوی پرۆسەی ئەنفالەكانو قۆڵەكانیەوە، سەرەتا جاشەكان چونەتە گوندەكانو هەڵەتو شیو دۆڵو ناو ئەشكەوتەكانو سەر چیاكان دواتر سوپا، بەمەش دەردەكەوێت تەواوی فەوجە جاشەكان لە پرۆسەی ئەنفالدا لانی كەم چەندینجار بەشدارییان كردووە لە تاوانەكەو هاوپشكن لە تاواندا تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی جینۆساید، ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال نوسرابێت یان نا.
تەنانەت منداڵانیان چەكدار دەكرد بۆ موچەكانیان، لەو ئاستەدا ژمارەیەكی زۆریشیانیان بە كوشتدا، ئەمەش تاوانێكی دیكەیانە لەپاڵ تاوانی بەشداری لە تاوانی جینۆسایدی ئەنفال.
پشكی جاش لە جێبەجێكردنی بڕیاری 4008دا
لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالدا زۆربەی دەستكەوتەكان كە بەدەست دەهێنران لە سەروەتو سامان بۆ فەوجی جاشەكانو هێزەكانی حكومەتی عێراقی بوون بەپێی بڕیارەكە، هێزەكان عێراق بەتەواوی دەستكراوە كران بۆ فەرهودو تاڵانی، بەتایبەت فەوجەكانی جاش.
خاڵی حەوت لە بڕیاری 4008، جاشەكانی سەرپشككرد لە تاڵانكردن "هەموو ئەو شتومەكانەی كەوا فەوجەكانی بەرگری نیشتمانی جەنگاوەرەكانیان دەستیاندەكەوێت بۆ خۆیان دەبێت، تەنها چەكە قورسەكانو چەكی پشتیوانیو چەكی مام ناوەندی نەبێت چەكە سوكەكان بۆ خۆیان دەبێت، ئێمەی لێ ئاگادار بكەنەوەو تەنها ژمارەكانیان تۆمار بكەن. پێویستە لەسەر فەرماندەی جحافلەكان چالاك بنوو بۆ ئاگاداركردنەوەی هەموو موستەشارەكانو فەرماندەی سرییەكانو مەفرەزەكانیان، وە بە وردی ئێمە ئاگادار بكرێینەوە لە چالاكییەكانی فەوجەكانی بەرگری نیشتمانی".
لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی یەك 70 فەوجی جاش جگە لە مەفرەزە خاسەكان بەشداربوون، ئەنفالی دوو 77 فەوجی جاش، ئەنفالی سێ 70 فەوجی جاش، ئەنفالی چوار 55 فەوجی جاش، ئەنفالی 5و 6و 7 چلو پێنج فەوجی جاش بەشدارییان كرد.
هەرچەندە ئەنفالی 1و دوو و چوارو هەشت بە ئۆپەراسیۆنی سوپا ناوزەد كراوە، سێو پێنجو شەشو حەوت بە ئۆپەراسیۆنی جاشو هێزە ناوچەییەكان، بەڵام لە ئەنفالی هەشتدا لانی كەم 163 فەوجی جاشی خەفیفە كۆی گشتی 65,375 جاش بەشداری ئۆپەراسیۆنەكەیان كردووە.
بەپێی بەڵگەنامەیەك بە واژۆی سەركردەی ئۆپەراسیۆن لیوا روكن یوسف محەمەد ئەلزەرب، فەرماندەی لەشكری پێنج لەجۆری (ئەوپەڕێ نهێنیو تایبەت) بە ژمارە (ح2 2422) لە (25 ك. 1. 1988) بۆ فەرماندەیی گشتی سوپای ناردووە، دیاریكردووە لەو شاڵاوە 13553 كەس دەستگیركراون، كە "893 كەسیان تێكدەرن" پێشمەرگە"، 737 كەسیان تێكدەری خۆ بەدەستەوەدەر، 1489 پیاو، 3373 ژن، 6964 منداڵ" بوون. هاوكات لە راپۆرتەكە ستایشی رۆڵی فەوجە خەفیفەكانی كردووە كە لە هەموو قۆڵەكانەوە پێش كەرتەكانی سوپا كەوتوون، بەشداری روخاندنی لادێكانو تاڵانیەكانیان كردووە.
جاشەكان سەرباری ئەوەی راستەوخۆ لە كردە سەربازییەكان پێش سوپا كەوتونو بەهۆی شارەزاییو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیانەوە هۆكاری گرتنی زۆرینەی خەڵك بوون، هاوكات لەرێگای ئەوانیشەوە خەڵكێكی زۆر تەسلیم بوونەتەوە كە زۆرینەیان پیاوی گەنجو زۆریان چەكدار بوون، واتا لە كاتی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالو كاتی ئاساییدا رۆڵی خۆیان لە ئەنفالكردنی خەڵكدا گێڕاوە.
جاری واش رێككەوتووە لە پرۆسەی ئەنفالدا جاشەكان رۆڵی پۆزەتیفیان گێڕاوە وەك لە ئامریەی سەربازگەی تەق تەق بە هاوكاری جاشەكان هەندێكیان ئازادكراون لە چەمچەماڵو دوزیش جاشەكان هەندێكی دیكەیان ئازادكردووە، تاكو تەرا لێرەو لەوێش جاشەكان ژنو منداڵیان لەزۆر جێگا بەهۆی خزمایەتیەوە بەرداوە .
دادگاییكردن
لە پرۆسەی دادگاییەكەی دۆسییەی ئەنفال حەوت تۆمەتبار وەك تۆمەتباری سەرەكی دادگاییكران، وە 42 تۆمەتباریش لە هەنگاوی یەكەمدا دیاریكرابوون بۆ دادگاییكردن لێ ئامادە نەبوون وەك لە دوو نامەی دادگای باڵای تاوانەكاندا ناویان هاتووە "بەپێی نووسراوی ف2 1445 رێكەوتی 18-12-2005ی دادگای باڵای تاوانەكان، بڕیاری گرتن بۆ 24 كەس دەرچوو، كە بریتی بوون لە" نزار خەزرەجی، یونس ئەلدرب، ئەیاد خەلیل زەكی 89-اللوائ الركن (ایاد خلیل زكی) قائد ق ق جح /د و /, رەمزی مەحمود 92-اللوائ الركن (رمزی محمود عبداللە) قائد فق مش /33، سەعید مەحمود باریكە، قاسم دڕەیی 216- قاسم رشید درەیی، معتەسەم بەرزنجی، یاسین رەئوف، تەحسین شاوەیس، قاسم ئاغای كۆیە، بایز عەبدالڕەحمان، عەلی ئەحمەد رەشید، نیعمە فارس 86-الفریق الركن (نعمە فارس حسین) معاون رئیس اركان الجیش للتدریب، حەمید شەعبان، نەجم عەبدوڵا دوری، عیسمەت سابیر 94-اللوائ الركن (عصمت صابر عمر) قائد فق /4، عەدنان جەباری 179-سعید عدنان جباری، جیهان موسا، رەفعەت گلی شمال رفعت كلی امر سریە، عوسمان شێخ سەعید، شێرزاد ساڵەح، تۆفیق جەبار قارەمان 159-توفیق جبار قارمان،
حوسێن شێخ سەعید، حەسیب حەمە ئینجە".
هەروەها "لە رێكەوتی 21-12-2005، بەپێی نوسراوی دادگای باڵای تاوانەكان ژمارە ف2 1474، داوای ناوی سیانیو ناونیشانی 18 تاوانبار دەكات كە بریتین لە"سەعید مەحمود باریكە، عەدنان جەباری، شێخ رەئوف، شێخ جەعفەر 164-جعفر عبدالكریم البرزنجی محافز السلیمانیە، شێخ رەمەزان، قاسم دڕەیی، جیهان موسا، معتەسەم بەرزنجی، رەفعەت گلی، یاسین رەئوف، غەسان شێخ سەعید، تەحسین شاوەیس 409-تحسین شاویس سعید، شێرزاد ساڵەح، قاسم ئاغای كۆیە 115-المستشار (قاسم فارس تاهر مصتفی اغا) ف د و /، تۆفیق جەبار قارەمان، بایز عەبدالڕەحمان، حوسێن شێخ سەعید، عەلی ئەحمەد رەشید، حوسێن حەمە ئینجە".
-نزار خەزرەجی، كە بەوتەی خۆی راستەوخۆ فەرماندەیی ئەنفالەكانی 1، 2، 4، 8ی كردووە ناوی لە لیستەكەدا نییە، وە 25 كەس لەكۆی 42 كەسە داواكراوەكە ناویان لە لیستی تۆمەتباران نییە كە 21یان كوردنو راستەوخۆش كەسوكاری قوربانیان لەمانەو زۆری دیكە سكاڵایان لەدژیان تۆماركردووە، كاتی خۆی پێش دادگای باڵای تاوانەكان لیستەكەیانم بڵاوكردەوە.
زۆرینەی تاوانبارانی ئەنفال كوردن
لیستی 423 كەسەكەی تۆمەتبارانی دووەمی ئەنفال بەتایبەت كوردە جاشەكان لەسەر بنچینەی ئەو بەڵگەنامانەی دەستكەوتن لە بەشداریان لە پرۆسەكە نموونە 163یان لە ئەنفالی 8، 77یان لە ئەنفالی یەكو دوو كە نیشانەی ئازایەتیان وەرگرت، وە هەندێك بڕیاری دیكەی وەرگرتنی نیشانەی ئازایەتی دیاریكراون، وەك بینیمان 21 كەس كە راستەوخۆ كەسوكاری قوربانیان سكاڵایان لەسەریان تۆماركردووە، ناویان لە لیستەكە هەر نییە، سەرباری زۆر ناوی دیكە سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە، بەڵام دواتر بە هۆكاری نەزانراو ناویان نەچۆتە لیستەكەوە.
وە كەسانێكی زۆریش هەن لەمیانی پرۆسەی ئەنفالدا تاوانی قێزەونیان ئەنجامداوە كەچی بەهۆی نەبوونی هۆشیارییەوە كەسوكاری قوربانیان سكاڵایان لەدژیان تۆمار نەكردووە.
ئەگەر كوردەكان تەنها ئەو 258 كەسە بن لە كۆی لیستە 423 كەسییەكە، ئەوا 60,9%ی تۆمەتباران دیاریدەكەن، كە زۆری دیكە لە لیستەكەدا هەن، وێرای لیستە 21 كەسییە داواكراوییەكەی خولی یەكەمو ئەوانەی سكاڵایان لەسەر تۆماركراوە لەلایەن قوربانیانەوە نەخرانە هیچ لیستێكەوەو ئەوانەشی سكاڵایان لەدژیان هەر تۆمار نەكرا.
كەواتە ئەگەر ئەنفال بڕیارەكەی لەلایەن ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕشەوە درابێت، ئەوا جێبەجێكارەكەی بەشێوەی گشتی جاشی كوردن، ئێستا هەموو لەسزا نەك رزگاریان بووە، بگرە كەوتوونەتە بەر پاداشتی دەسەڵاتی كوردی.
بۆچی دادگایی ناكرێن؟
بە بەهانەی لێبوردنی گشتی بەرەی كوردستانییەوە تۆمەتبارانی ئەنفال هەموو لەسزاو لێپرسینەوەو بەرپرسیارێتی رزگاریان بووە، لێبوردن ئەوانەشی گرتەوەوە تا دوای 2003 لە بەغدا بوون، لەكاتێكدا تاوانی ئەوان گلانە بە تاوانی جینۆسایدو تاوانی جەنگو تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، لێبوردن ئەو جۆرە تاوانانە ناگرێتەوە، گوایە رێگا دراوە لە رێگای مافە كەسییەكانەوە قوربانیان سكاڵا تۆمار بكەن، بەڵام ئەمە راست نییە هەموو دەزگاكانی حكومەت لەبەردەم سكاڵای كەسوكاری قوربانیان داخراوە، بەفەرمی سكاڵامان لە داواكاری گشتی رەتكراوەتەوە، دەسەڵاتی باڵای كوردستان فەرمانیان داوە ئەم كەیسە نەجوڵێنرێت، هیچ سكاڵایەك لەدژی تاوانبارانی ئەنفال نەجوڵێنرێت.