بەرتیل وەک دیاردەیەکی تاوانکاری

Draw Media

2023-04-08 09:54:17



گەرمیان خالد گڕاوی
بەرتیل کردەیەکی تاوانکاری و گەندەڵییە کاتێک لایەنێک دەیدات بە لایەنێکی دیکە، تاوەکو کاریگەری دروستبکات لەسەر پرۆسەی دروستکردنی بڕیار، لەبەرژەوەندی خۆی و بەمەستی بەدەستھێنانی بەرژەوەندی تایبەت، ئەمەش کاردەکاتە سەر کرداری دروستکردنی بڕیار تاوەکو لە ڕێڕەوی یاسای و ڕاستەکەی خۆی لابدات، بەڵام ھەردوو لایەن بەرتیلدەرو بەرتیلوەرگر ڕێگردەبن لەوەی پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار بە ڕێڕەوە یاساییەکەی خۆیدا تێپەڕێت، ئەمەش کردەیەکی تاوانکارییەو لەیاساکانی زۆربەی وڵاتان بەتایبەت وڵاتە دیموکراسیەکان سزای توندی بۆ دانراوە.

بەرتیل زیان و کاریگەری نەرێنی زۆری هەیە، سەرەکیترینیان داڕمانی پایەکانی دەوڵەت و نەهێشتنی متمانە لەنێوان خەڵک و دەسەڵات، زیان گەیاندنە بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، بەوپێیەی بەرتیل کاردەکە سەر کەرتە گرنگ و هەستیارەکانی ناو کۆمەڵگا بە کەرتی گشتی و تایبەتیشەوە لەوانە کەرتی خۆراک، تەندروستی، نێشتەجێبوون و ھتر.. لە یاساو دەستوری فیدڕاڵی ئەمریکادا بەرتیل سزای قورسی بۆدانراوە، لەژێر ناونیشانی بەرتیلدان بە بەرپرسانی گشتی و شایەدحاڵان، بەپێی مادەی (١٨) بڕگەی (٢٠١) لەیاساکەدا ھاتووە ھەرکەسێک ھەرشتێک بدات یان پێشکەش بکات یان بەڵێن بدات بە بەرپرسێکی گشتی بەمەبەستی بەدەستھێنای بەرژەوەندیێکی کەسی، کاریگەری لەسەر ھەر کردەیەکی فەرمی ھەبێت وەک ساختەکاری دژی وڵاتی ئەمریکا وێنا کراوە. یەکێک لە کەیسە ھەرە دیارەکانی بەرتیلدان لە وڵاتی ئەمریکا کە وەک سکانداڵێکی گەورە لە ساڵی ٢٠١٩ لە جیھاندا دەنگی دایەوە، بریتی بوو لە: پلانێکی تاوانکاری ڕێکخراو بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر وەرگرتنی چەند خوێندکارێک لە چەند زانکۆیەکی باڵای ئەمریکا بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس، کەتێیدا دایک و باوکی کۆمەڵێک خوێندکار ھەستابوون بە پێدانی زیاتر لە بیست و پێنج ملیۆن دۆلار بە کەسێک بەناوی ( ویلیام ریک سینگەر) کە ڕێکخەری پلانەکە بوو، ویلیام: بەشێک لەو پارەی بەکارھێنا بۆ ساختەکاری لە نمرەی تاقیکردنەوەی خوێندکارەکان و بەخشینی بە بەرپرسانی کۆلێژەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە بەڵگەنامەکانی FBI ناویان ھاتووە بەلایەنی کەمەوە (٥٣) کەس بوون دوای ئاشکرابوونی تاوانەکە سەرجەمیان سزای تونددران بە تایبەت ڕێکخەری پلانەکە، بە شەست و پێنج ساڵ زیندانی و یەک ملیۆن و دووسەد و پەنجا ھەزار دۆلار سزادرا.

تازەترین کەیسی بەرتیلدانیش لە ئەمریکا تۆمەتبارکردنی دۆناڵد ترەمپە وەک: یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا لە مێژوودا تۆمەتبارکرا بە پێدانی بڕی 130 ھەزار دۆلار بە ئەکتەرێک لە پێناو بێدەنگکردنی لە بوونی پەیوەندی ناشەرعی نێوانیان، ئەم کەیسەش ترەمپی ناچاری بەردەم دادگا کردو ئێستا ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرتوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٦دا تێکڕای پارەی تێچوو بۆ بەرتیل دەگاتە ١ ترلیۆن و نیو بۆ ٢ ترلیۆن دۆلار، كە ئەم بڕە پارەیە نزیكەی 2%ی تێكڕای داھاتی جیهانە، پشکی ھەرە زۆری ئەم دیاردەیەش بەر وڵاتانی تازەپێگەشتوو یان وڵاتانی جیھانی سێیەم دەکەوێت، کە ڕێژەی گەندەڵی لە وڵاتانە لە ئاستێکی بەرزدایەو یاسا کارپێکراوەکانی دەوڵەت وەک پێویست پڕاکتیز ناکرێت یان لەو وڵاتانەدا و دەسەڵاتی چاودێری شەفافیەت ڕۆڵێکی لاوازیان ھەیە و ھەندێکجار خۆشیان بەشێکن لە گەندەڵی. ڕێگاکان زۆرن بۆ چارەسەرو بنبڕکردنی بەرتیل، ئەمانەی خوارەوە بەشێکە لە رێگا چارەسەرەکان:

1ـ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگا لەسەر مەترسی و لێکەوتە نەرێنیەکانی بەرتیل و ھەڵدان بۆ گەیشتن بە پرەنسیپی دادپەروەری و دیموکراسی و دەرفەتی یەکسان لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا.

2ـ دەرکردنی بڕیاری قەدەغەکردنی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرتیلدان بە هەر شێوەیەک بێت، و سەپاندنی زۆرترین سزا بەسەر ئەو کەسانەی کە تاوانبارن بە مامەڵەکردن لەگەڵیدا.

3ـ دانانی کەسی گونجاو لە شوێنی گونجاو، لە ھەمان کاتداسەرپەرشتی کاریگەرو توند لەسەریان.

4ـ ئازادی ڕۆژنامەگەری و دەربڕینی بیروڕا بەهۆی ڕۆڵی لە ئاشکراکردنی بەرتیلخۆر و بەرتیلدەر.

5ـ گەیشتن بە پرەنسیپی سەربەخۆیی لە دەسەڵاتی دادوەری، و دابینکردنی کەشێکی گونجاو بۆ دادوەر تا بە دادپەروەرانە حوکم بدات، بەبێ لایەنگری هیچ لایەنێک.

6ـ دامەزراندنی دەزگایەکی سەربەخۆی تایبەتمەند لە دۆزینەوەی بەرتیل لە دامەزراوە حکومی و تایبەتەکاندا.

7ـ بەھێزکردنی دەسەڵاتی چاودێری.

8ـ باشترکردنی دۆخی ئابووری و باری ژیانی فەرمانبەران.

9ـ پەرەپێدانی سیستەمی ئابوری و پاڵپشتیکردنی پڕۆژەو بیرۆکەی نوێ بە ئامانجی باشترکردنی ئاستی ژیانی تاکەکان بەگشتی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand