هەڵەی ستراتیژی سەرکردەو دەرئەنجامەکانی
2023-04-12 20:41:17
ئارام سەعید
گەر سەرنج بدەین زۆربەی قوربانیانی دوو سەدەی رابردوی جیهان دەرئەنجامی هەڵەی ستراتیژی سەرکردەکان بوون، ناپلیۆن هێرشی کردەسەر روسیا بەنیازی ئەوەی داگیری بکات، بەڵام خراپ دۆڕرا، ژمارەیکی زۆریش قوربانی دا. هێتلەر پێی وابوو هەمان هەڵە دوبارە ناکاتەوەو روسیا داگیر دەکات، بەهەمان شێوە تێکشکا، ژاپۆن هێرشی کردەسەر بەندەری پێرڵ هاربەر بێ ئەوەی حساب بۆ توڕەبوون و توانای سەربازی ئەمریکا بکات، دواتر ژاپۆن وێران بوو.
هەروەها پەلاماری ئەمریکا بۆ ڤێتنام، یەکێتی سۆڤیەت بۆ ئەفگانستان، دواترو دواتر چەندین بڕیاری لەوجۆرە کە کارەساتی گەورەی لێکەوتۆتەوە روویاندا. لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەراستیشدا نمونە زۆرن، کە هەڵەی ستراتیژی بوون، لەوانە گرتنی کوەیت لەلایەن سەدامەوە..هتد. لە کوردستانیش چەندین جۆر هەڵەی ستراتیژی لەوجۆرە کراون ئەگەر ورد بیانخوێنینەوە، شەڕی ناوخۆ، شەڕی چەندین ساڵەی نێوان حزبە کوردییەکان، رێکكەوتن لەگەڵ رژێمە داگیرکەرەکان بۆ لەناوبردنی هێزێکی کوردی تر، ٣١ی ئاب، ئەنجامدانی ریفراندۆم، پشتبەستنی زیاد لە پێویست بەئەکتەرە دەرەکییەکان، فەرامۆشکردنی دامەزراوەسازی و حوکمڕانیی، دووبەرەکی و دابەشبوونی هێزەکان، ئەوەی ناونرا ئابوری سەربەخۆ! ..هتد.
گەر سەرنجی ئەو نمونە مێژوییانە بدەین ئەوا بۆمان دەردەکەوێت ئەوانەی بڕیاری شەڕو ئاشتی دەدەن سەرکردە سیاسییەکانن ئەوانەی بڕیاڕبەدەستن ئەنجامیانداوە، کە ئەویش لەوە سەرچاوەی گرتووە کە سەرکردەکان گوێ ناگرن لەوانەی بیرکردنەوەیان پێچەوانەی خۆیان بووە، ئەوان ئەو زانیاریانەیان پێخۆشە کە بەرگری لە بۆچونی خۆیان دەکات، بۆئەوەی ئەو بریارە بدەن کە دەیانەوێت. بۆ نمونە هێتلەر، فەرماندەی سەربازی هەبووە کە پێیوتوە شەڕی روسیا هەڵەیە نابێت بکرێت، ناپلیۆن بەهەمان شێوە، شای ئێران تەنانەت ساواک پێیوتوە کە خەڵک ناڕازیەو بارودۆخ خراپە بەڵام گوێی نەگرت. بارزانیش لە ئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتی پێیانووت کە ئەنجامدانی ریفراندۆم کارەساتی لێدەکەوێتەوە، بەڵام تەنها گوێی لەوانە گرت کە لەگەڵ بۆچونیی خۆی یەکدەگرنەوە.
گرنگە ئەوە بزانیین لەپشت هەموو سەرکردەیەک کە ڕاویژ ناکات و بڕیاری هەڵە دەدات ستافی شەرمن و بێ هەڵوێست هەیە کە وادەکەن بکەوێتە هەڵەوەو ئەویش خۆی حەزی بەوجۆرە کەسانەیە کە بڕیارە هەڵەکانی پشتڕاستدەکەنەوە.
لەو سیفەتانەی ئەو سەرکردانە هەیانە ئەوەیە زانیارییەکان پشتگوێدەخەن، پشتدەبەستن بە پێشبینی خۆیان، تواناکانی لایەنی بەرامبەر بە کەم مەزەندە دەکەن، دواترینیشیان ڕای جیاوازو گفتوگۆو راوێژ دەخنکێنن. ئەم دیاردەیەش، هەندێجار لایەنەکانی نەیاری دەسەڵاتیش لێی بێبەری نین و رەنگی داوەتەوەو سەرتاپای پێکهاتەی حزب و سەرکردە لە کوردستاندا جێی ئەوەیە لێکۆڵینەوەو شیکردنەوەی وردیان لەسەر بکرێت کە ئایا تاچەند لە بڕیارەکانیاندا رەچاوی ئەوخاڵانە دەکەن کە پێویستە بۆ ئەوەی بڕیارێکی ستراتیژی بدەن.
لە کۆتاییدا ئەو حزب و سەرکردانەی زانیاری دامەزراوەکانیان باش هەلدەسەنگێنن و قبوڵی جیاوازی بۆچونەکان دەکەن، وانەکانی مێژوو پشتگوی ناخەن، ئەو تەمومژەی لەبەردەمیاندایە تەواو روون دەبێتەوەو ئەوکاتە بڕیار دەدەن و دەگەن بەبریاری دروست، کەمتر هەڵەی ستراتیژی دەکەن. مێژوو پڕە لە نموونەی ئەو سەرکردانەی کە هەڵەی ستراتیژی زۆریان کردووە، کە لە ئەنجامدا کارەساتیان بۆ نەتەوەکانیان و جیهان بەگشتی بەدوای خۆیدا هێناوە. گوێنەگرتن لە دیدگا جیاوازەکان، پشتگوێخستنی زانیاریەکان، پشتبەستن بە تەنها پێشبینییەکانی خۆیان و سەرکوتکردنی بیروڕای جیاواز، تایبەتمەندی باوی ئەو سەرکردانەن کە مەیلیان بۆ هەڵەی ستراتیژی هەیە.
* تێبینی: بۆ ئەم نوسینە سودێکی زۆرم لە کتێبی "چاوبەستەگی، هەڵەو شەڕەکان: ئەمریکاو چین دەتوانن چی فێرببن" بینیوە کە لە نوسینی هەرسێ نوسەر (داڤید سی کۆمپێرت، هانز بێندیاک، بانی لین) کە باسی وردی هەڵە ستراتیژیبەکانی مێژوو دەکات و لەوێوە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی ئەمریکاو چین ئەتوانن چی فێربن لە وانەکانی مێژوو.