بەهرۆز جەعفەر ئەمڕۆ ١٤ ی ئایاری ٢٠٢٣ ئەستێڵی مێژوو گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی بۆ تورکیاو ناوچەیی بۆ گەلانی ناوچەکەو جیهانی بۆ خۆرئاوا لە خۆ دەگرێت. ملیۆنەها کەس لە تورکیا دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان: زیاتر لە (٦٤.١) شەستو چوار ملیۆن و سەت هەزار هاونیشتیمانیی تۆمارکراون، دەنگەکانیان دەخەنە ( ١٩١.٨٨٥) سەتو نەوەت و یەک هەزار و هەشت سەت و هەشتاو پێنج سندووقەوە. هەر دەنگدەرێک دوو دەنگ دەدات؛ یەکێک بۆ سەرۆک، یەکێکیش بۆ ئەو پەرلەمانتارەی هەڵیدەبژێرێت، هەریەکەیان بۆ ماوەی (٥) ساڵ نوێنەرایەتی خەیاڵدان و مافەکانی دەنگدەرانی تورکیا دەکەن. بەدیاریکراوی (٣٠) پارتی سیاسیی و (١٥٠) کاندیدی سەربەخۆ بۆ بە دەستخستنی (٦٠٠) کورسی پەرلەمان کێبڕکێیەکی تووند دەکەن. پێنج بلۆکی فرە حزبی لە کاندیدکردنەکەدا هەن: هاوپەیمانی گەل، هاوپەیمانی نەتەوە، هاوپەیمانی باوباپیران، هاوپەیمانی کرێکاری و ئازادی، هاوپەیمانی یەکێتی هێزە سۆسیالیستەکان. ئەمەی لەسەرەوە باسکرا؛ تەنهاو تەنها وەک زانیاریی و شرۆڤەیەکی ڕۆژنامەوانییە. ئەوەی پێویستە توێژەرێک بە دوایدا بگەڕێت ئەوەیە؛ لە دوای بیستو چوار کاتژمێری دیکەوە تا چەند ساڵێکی دیکە چی لە تورکیا ڕوودەدات و کاریگەرییە هەمەجۆرەکانی بۆ ناوچەکە و جیهان چی و چۆن دەبێت؟ بۆچی تورکیا حاڵەتێکی تایبەتە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا؟ سیفەتەکانی وەک: پێگەی جوگرافیی، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئاینی، سیستەمی سیاسیی، کاریگەریی لەسەر جەمسەرگیریی ناوچەیی و جیهانیی لە تورکیا وەک هیچ کام لە (١٩٦) دەوڵەتەکەی دیکەی جیهان نییە. لە سوید هەڵبژاردن دەکرێت، تەنها چوار حیزبن و ململانێیەکی دیاریکراویان هەیە لە نێوان پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتی، حیزبی ناوەند، چەپەکان، سەوزەکان. هەموو شەن و کەوەکە لەوێدا تەواو دەبێت. یان لە یابان تەنها دوو حیزبن؛ حیزبی دیموکراتیی (مینشینتو) کە لە (٢٠٠٩) ەوە پارتی فەرمانڕەوایە، لەگەڵ پارتی دووەم کە حیزبی کە لیبراڵ- دیموکراتەکانن (جیمینتو) و دیدێکی کۆنزێرڤاتانەیان هەیە: ئیتر لێرەدا قسەو باس و حیکایەت تەواو دەبێ. بەڵام لە تورکیا وانییە. ڕەهەندەکانی ئێجگار زۆرن. - ڕەهەندی ناکۆکی لەسەر گۆڕینی شوناس و ناسنامەی تورکیا، ئایا عیلمانیەتێکی خۆرئاوایی (هاوشێوەی ئەوەی فەڕەنسا واتە؛ لایستێ) بێت یان ناسنامەیەکی کلاسیکی ئیسلامیی و بادانەوە بە ئاڕاستەی سەرکردایەتیکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاخوود ئیسلامێکی میانەڕەوی-پراگماتیکی وەک ئەو مۆدێلەی ئاکپارتی کە لە (٢٠٠٢ ەوە تا ٢٠١٥) بە سەرکەوتوویی هێنای. - ڕەهەندی کودەتا: لە (١٩٦٠ ەوە تا ١٩٩٧) سەرباز چوار حکومەتی هەڵبژێردراوی ڕووخاندووە: بە کودەتاکانی ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٨٠ و بە بڕیاری سەربازی لە ساڵانی ١٩٧١ و ١٩٩٧. ئەوەی ئەمجارە وەک سیناریۆیەک (ئەگەرێک) ئەگەر ڕووبدات هاوشێوەی ئەو کودەتایە دەبێت کە (٦٣) ساڵ بەر لە ئێستا بە دیاریکراوی ئەم بەروارەی ئێستا ڕوویدا؛ لە ٢٧ ی ئایاری ١٩٦٠ دا یەکەم کودەتای کۆماری تورکیا ڕوویدا، لەلایەن گروپێکی ٣٨ گەنجی ئەفسەری سەربازی تورکیاوە ئەنجامدرا، کە لە دەرەوەی زنجیرەی فەرماندەیی سەربازی مامەڵەیان دەکرد. ئەنجامەکەی دوورخستنەوەو لە داردانی سەرۆکوەزیران «عەدنان مەندەریس» بوو. - ڕەهەندی ئیسلامی سیاسیی. لە ساڵی (١٩٧٣) ەوە تا ئەم چرکەساتەی (٢٠٢٣) ئیسلامی سیاسیی خەونی گەڕانەوەی هەیە بۆ زاڵکردنی گوتار و قەڵەمڕەویی خۆی لە تورکیا. هەموو جارەکانیش بە سەرکردایەتی باوکی ئیسلامی سیاسیی «نەجمەدین ئەربەکان» ئەمە دەکراو، هەموو جارەکانیش دەستەڵات بە بیانووی سەرپێچیی دەستووریی و تۆمەتی گۆڕینی ئاڕاستەی بیریی دەوڵەت حیزبەکانی دەداخرا، تا دواتر «حیزبی ڕەفاه» و پاشان «فەزیلە» و ئینجا «سەعادەت»، ئینجا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان لە پشتی باخچەکەی مامۆستاکەی «ئەربەکان» ەوە لە حەوشەکە هاتە دەرەوەو حیزبی دادو گەشەپێدانی تورکیی لە ( ١٤ ی ئابی ٢٠٠١) دا بە ئەمیندارێتی «فاتیح شاهین» و سەرکردەکانی وەک «بینالی یەڵدرم» و «عەبدولحەمید غەول» پێکهێنا. ئەگەر تێبینی مێژووەکە بکەین، هەرکاتێک هێزێک ویستوویەتی ناسنامەو شوناسی کۆمەڵگەو دەوڵەتی تورکیی بگۆڕێت، کودەتا ڕوویداوە (ئەوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان)، بۆیە دەبینین کاراکتەرێکی وەک تورکوت ئۆزاڵ- Turgut Özal لە سییستمەکەدا سەرکەوتوو بووە لە ماوەی (١٩٨٣ تا ١٩٨٩) سەرۆکوەزیران بوو،،لە (١٩٨٩ تا ١٩٩٣) سەرۆکی تورکیا بووە: هێڵێکی ناوەندیی گرتبوە بەر. بۆ ئەوەی دەرگای تورکیا بەرەو ڕووی خۆرئاواو کۆمپانیاکانیان بخاتە سەر پشت، بە شەوان لەگەڵ وەبەرهێنە ئەوروپییەکاندا مەی دەخواردەوە، بۆ ئەوەی کۆمەڵگاو نوخبەی ترادیشناڵی ئاینی لە خۆی ڕازی بکات، بە ڕۆژ لە مزگەوتەکاندا نوێژی دەرکرد. پێگەی جوگرافیی تورکیا ڕەهەندە ستراتیجییە هەستیارەکەیە ئەو ناوچانەی تورکیا لینکی جوگرافیی ڕاستەوخۆی لەگەڵیدا هەیە، لە هەموو ڕوویەکەوە دڵی جیهانن: تورکیا لە قەوقاز، لە ناوچەی بولقان و دەریای ڕەش، تورکیا وەک پۆستێکی گەورەو گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئاسیادا، تورکیا وەک بۆردەرێک بۆ ئەوروپا کە خوازیارە هەموو (هەموو شتێک) هەموو هێڵێکی وزە بە خاکی تورکیادا بچێتە ئەوروپا نەک چەند دانەیەک. تورکیا لە دەریای سپی ناوەڕاست (میدیتریانە- Mediterranean) یەکێکە لە وڵاتە سەرەکییەکان. لەم ناوچەیە یەکێک لە کێشە هەرە گەورە- مێژووییەکان لە نێوان یۆنان و تورکیا لە لایەک، هەموو ئەوروپاو تورکیا لە لایەکی تر بە هەڵواسراویی ماوەتەوە کە کێشەی دوورگەی قوبرسە. لەم ناوچەیە لووتکەی گازیی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست هەیە کە هەموو وڵاتانی ناوچەکەی تێدایە جگە لە تورکیا. لەم ناوچەیە کێشەی سوریا و لیبیا هەیە، لەم ناوچەیە کێشەی لوبنان و ئیسرائیل هەیە، کێشەی کۆچبەر هەیە، کێشەی فەلەستین و ئیسرائیلیش هەیە. لە هەموویاندا تورکیا بەشێکی گرنگی قسەکردن و هاوکێشە ئەمنی و سیاسییەکان بووە. لە هەموو ئەمانەدا، حیزبی فەرمانڕەوا کە ئاکپارتییە بە ڕێبەرایەتی ئەردۆگان لە ساڵی (٢٠١٠) ەوە سەرئێشەیەکی گەورەی بۆ ئەوروپاو ئەمریکا درووست کردووە. ڕۆژێک لەگەڵ ئیسرائیل ناکۆکی و وتاری زبری هەیە کە لە (٢٠١٠ ەوە تا ئێستا) پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیسرائیل نەگەیشتونەتەوە ئاستی متمانەیەکی تەواوەتی. ڕۆژێک لەگەڵ میسر، ڕۆژێک تورکیا وەک ئەندامی سەرەکی ناتۆ دەچێت مووشەکی ئێس-٤٠٠ لە ڕووسیا دەکڕێت. ڕۆژێک لەگەڵ پەکەکەو یەپەگە. ڕۆژێک وا دەزانێ ئەمریکا پۆلیسی ئەوە بە زۆر دەیەوێت «فەتحوڵا گویلەن» ی ڕادەست بکاتەوە. ڕۆژێک هەڕەشەی دەرگاکردنەوە لە کۆچبەران دەکات تا بگەنە ئەوروپا. ڕۆژێک لە سوریاوە گرووپی چەکداریی دەبات لە ئاوەکانی سنوری یۆنانەوە دەیان پەڕێنێتەوە بۆ لیبیا ! ڕۆژێک هەڕەشە لە یۆنان دەکات و دەڵێت: بەم زووانە، دەمەو بەیانێک بۆتان دادەبەزین. ڕۆژێک بە شازادەی سعوودییە دەڵێت: قەسابەکەی سعوودییە! هەربۆیە، هەموو ئاماژەکان لەسەرەتاوە تا ئێستا وایە؛ کە جیهان دەیەوێت ماڵئاوایی لە سیاسەتەکانی ئەردۆگان بکات. بۆ وێنە؛ باڵوێزی ئەمریکا لە ئەنکارا بە فەرمی لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردندا سەردانی سەرۆکی هاوپەیمانی میللەت «کڵیچدارئۆگلۆ» ی کرد و سەرۆکی هاوپەیمانی کۆمار «ئەردۆگان»ی توڕە کرد. میدیا ئەمریکی و ئەوروپییەکان بە ئاشکرا باس لە پێویستی کەوتنی ئەردۆگان لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن. جیهان پێویستی بەوە نییە دەوڵەتێکی کاریگەریی وەک تورکیا ڕەفتاری شۆڕشگێڕانەی هەبێت، بەڵکو پێویستی بە دیبلۆماسییەتێکی سەقامگیر و نەزمێکی نوێی بازرگانیی ئازاد هەیە. شڵەژانە ئابورییەکان بە پلەی یەکەم، پرسە ئابورییەکان دەبنە هۆی خستنی ئەردۆگان؛ تورکیا پێگەیەکی گەورەی ئابوریی هەیەو ڕۆڵی لە بەرهەمهێنانی جیهانییدا هەیە. پێش ساڵی (٢٠٠٢) پێگەی ئابوریی تورکیا لە (١٦٠) هەمینەکاندا بوو، ئیمڕۆکە بووەتە (١٩)یەمین پێگەی ئابوریی جیهان، ئەندامە لە گرووپی (G-20). بەڵام ئەم ئابورییە تووشی داخورمان و شڵەژان بووەتەوە. لیرەی تورکی دە ساڵ بەر لە ئێستا (١٥٠) لیرە بەرانبەر (١٠٠$) دۆلار بوو، ئیمڕۆکە (١٩٦٠) لیرە بەرانبەر (١٠٠) دۆلاری ئەمریکییە. وڵاتێکی وەکو عێراق لە (٢٠٢٣) دا یەدەگی بانکی ناوەندییەکەی (١٠٠) ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە، کەچی تورکیا یەدەگەکەی (١٩.٩٩) ملیار دۆلارە (واتە کەمتر لە ٢٠ ملیار دۆلارە) ئەوەش، دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی دوو ساڵدا سێ جار سەرۆکی بانکی ناوەندیی لە تورکیا گۆڕاوە. هەڵاوسانی ئابوریی پێویستە (٤٪) بێت تا (١٠٪) یش تاڕادەیەک لە بارودۆخێکدا ئاسایی وەردەگیرێت، کەچی لە تورکیا گەیشتۆتە (٨٠٪)! حکومەتەکە خۆی دەڵێ بێکاریی (١٠٪) ە بەڵام زۆر سەرچاوەی دیکە دەڵێن تا سەروو (٢٠٪) ە. لە دواهەمینیاندا، بوومەلەرزەکەی سەرەتای (٢٠٢٣) بووە هۆی گیانلەدەستدانی (٥٠٠٠٠) پەنجا هەزار کەس لە وڵاتەکەدا، کە بە پێی بانکی نێودەوڵەتی بونیادنانەوەی بینا داڕووخاوەکان پێویستی بە زیاتر لە (١٠٠) ملیار دۆلارە. خاڵێکی گرنگ نابێت لە بیر بکرێت، ئەوەیە کۆمەڵگەی تورکی کۆمەڵگەیەکی تەواو ئاوێتەیە؛ تۆ بچیتە ئەڵمانیا، نەرویج، ئەمریکا لەمسەر بۆ ئەوسەری وڵاتەکە ئەڵمانیاو نەرویج یان ئەمریکا دەبینیت. بەڵام لە تورکیا وانییە: لە ئامەد کورد دەبینی، لە عەنتاب و ئەدەنە عەرەبی مورتوربەکراو لەسەر کورد و تورک دەبینی، لە کۆنیا کەشێکی ئاینی هەیە، لەئیستانبوڵ جیهان بەگشتی و خۆرئاوا بە تایبەتی دەبینی، لە ئەنکارا نەزمێکی هێمن و زانستخواز دەبینی، لە ترابزۆن وا دەزانی ڕووسیاو جۆرجیات بینیوە، لە ئیزمیر چەپێکی- عیلمانیی تائەندازەیەک ڕەگەزپەرست دەبینی. لەناو هەموو ئەمانەدا تارمایی گویلەنییزم دەبینی، گویلەنییەکان، وەک بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی، ئاینی، بازرگانیی ئۆرگانیزەکراوی تورکیی بەردەوام لە بۆسەی ئاکپارتی و ئەردۆگاندان. گویلەنییەکان لەگەڵ ئەوەی قەدەخەکراون، چەندین زانکۆ، نەخۆشخانە، دامەزراوەی پەروەدەیی و دارایی بەهێزیان لە شوێنە جیاوازەکانی دەرەوەی تورکیادا هەیە، لۆبییان هەیە، ئەزموونیان لە ناو سیستەم و دامەزراوەکانی تورکیادا هەیە. بابزانین کۆمەڵگایەکی وەها کێ هەڵدەبژێرێت: ئەوەی لە کۆتا ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن چەپکە گوڵی لەسەر مەزاری ئەتاتۆرک دانا «کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ» یاخود ئەوەی سەردانی مزگەوت و ئایا سۆفیا ی کرد «ڕەجەب تەیب ئەردۆگان»؟! دەرئەنجامەکە فەوزایە ئەردۆگان زۆر نزیکە لە کەوتن، دەرچوونەوەی بە «سەرۆک» ی تورکیاش مەحاڵ نییە. ئەو سیاسییەکی تەواو لێزان و کاریگەرە. بەڵام تەحەداکانی بەردەمی یەک و دووان و سیان نیین. ناحەزەکانی لە گەنجە بێکارەکانی تورکیاوە، لە زیندانەکانەوە، لەوانەی مافیان پێشێلکراوە لە ئازادیی ڕادەربڕیندا دەست پێدەکات، بە جەهەپەو هەدەپەو پەکەکەو یەپەگەو گویلەنییەکان گەرمتر دەبێت، بە تووڕدانی لەلایەن ئەمریکاو بەریتانیاو ئەوروپاوە کۆتایی دێت. ڕۆیشتنی ئەردۆگان لە دەستەڵات بۆ کورد باش بێت یان نا: سەرئەنجامی ئەم دۆخە لە تورکیا هیچ نییە جگە لە پشێوییەکی گەورەو چەند ساڵە..کڵیچدار ئۆغلۆ کە سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی میللەت دەکات بیباتەوە: دەبێت چاوەڕێی فەوزای ناو هاوپەیمانێتییە شەش قۆڵییەکەی لەلایەک، گەڕێکی تری دژایەتی ئاکەپەو ئەردۆگان لەلایەکی تر بکات. ئەردۆگانیش بیباتەوە دەرئەنجامەکە هەر فەوزاو دڕودۆنگیی ناوچەیی و جیهانیی و ناوخۆیی دەبێت. بەهرۆز جەعفەر: دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆکی پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی -MIRS.
خهبات عهبدوڵڵا • لهوهتهی كۆماری توركیا دامهزراوه، زۆر به سهختی بهدهست قهیرانی شوناسهوه دهناڵێنێت. له ڕووی ئایدۆلۆژییهوه سیستمی حوکمڕانیی تورکی دیلی كهمالیزمه و میراتی عهسكهر تارماییهكی ئێجگار قورسی بهسهر كایه سیاسیی - كۆمهڵایهتیهكانی دهوڵهتهوه داناوه. ئایدۆلۆژیای ڕهسمیی دهوڵهت تا ههنووكه به بنهماكانی میساقی میللی كه له بیستهكانی سهدهی پێشوو داڕێژراوه، كار دهكات. بۆیه توركیا دهوڵهتێكه تا نها له ڕابردوودا دهژی. • لهپاش ههڵوهشانهوهی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی و تا ههنووكه، توركهكان بۆ خۆدزینهوه له تهنگژهی سیستم، (دهرهوه) دهکهنه نهیار و ههمیشه ههڕهشه له دهرهوهی خۆیان دهكهن. بهشێكیش له دهرهاویشتهكانی ئهو تهنگژهیه به ڕهقیب تهماشاكردنی دهوروبهره. توركیای كۆماری نه لهگهڵ دراوسێكانیدا: یۆنان، قوبروس، بولگاریا، ئهرمهنستان، ڕوسیا، ئێران، عێراق، سووریا دۆستایهتییهكی پتهوی دامهزراندووه، نه ئامادهش بووه له ناوخۆدا بۆ ساتێکیش دهست له سڕینەوەی كورد ههڵ بگرێت. • ئهو سیستمهی كه سەد ساڵ لهمهوبهر ئهتاتورك لهسهر داروپهردوی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی بینای كرد، تا ڕۆژی ئهمڕۆ سیستمێكی ئاڵۆز و ههڵگری كۆمهڵێك كێشهی توولانی و چارهنهكراوه كه پێوهندییان به ئیدهنتێتی و شوناس و جیهانبینیی سیاسیی توركییهوه ههیه. ههر بۆ نموونه له كاتێكدا سیستمی تورکی سەد ساڵه له ههوڵی خۆداماڵین له خۆرههڵات و ڕاكردنیهتی بهرهو خۆرئاوا، كهچی گهلانی توركیا زاكیره و خهیاڵدانێكی ئیسلامی و خۆرههڵاتیيان ههیه. توركیا ئهندامی ناتۆ و دۆستی ستراتیژیی ئیسرائیله، كهچی سەرۆکەکەی یەکێک لە ڕابەرە سەرسەختەکانی ئیخوانە. دەوڵەتی توركی ئاماده نییە دان بهوهدا بنێت له دهرهوهی تورك، کوردیش وەکو گەلێکی جیاواز لەوان نیشتهجێی توركیان، كهچی لهسهر كهمایهتییه بهڕهگهز توركهكانی بولگاریا و قوبرس و عێراق، ئامادهی لهشكركێشییه. تێڕوانینی دەوڵەتی تورک لەمەڕ کورد هێنده جێگهی پرسیاره، وای له نووسهری كورد محهمهد ئۆزۆن كرد بڵێت "بناغهی دهوڵهتی نهتهوهیی تورك لهسهر دژایهتیكردنی كورد دامهزراوه". • توركیا تا ئهمڕۆ نهیتوانیوه خۆی لهو كهماسییه سایكۆلۆژییه ڕزگار بكات، كه دهوڵهتی توركی لهسهر دروستكرا، ئهو كهماسییهی كه ڕهگهكانی به ناو قووڵایی ناسیۆنالیزمی توركیدا ڕۆچووه و ژهنهڕاڵهكان دنهی دهدهن. هەر بۆیە بێ تێگهیشتن له ڕۆڵی سوپا ناتوانین نه سیستمی سیاسیی توركی بخوێنینهوه، نه ناوهندهكانی بڕیاردان و سهرچاوهكانی ههڕهشه بناسین. • ئهوه قسهی پێناوێت، له پشتی دیموكراسیی توركییەوە ههمیشه دهسهڵاتێكی فاشی خۆی مات داوه كه خۆی له ژهنهڕاڵهكانی سوپادا دهبینێتهوه. ئهوه ڕاسته كه توركیای كۆماری له ساڵی ١٩٢٣دا دامهزرا، بهڵام تا ساڵی ١٩٥٠ كه تهنها پارتهكهی ئهتاتورك فهرمانڕهوا بووه، كهس ناتوانێت باس له دیموكراسی بكات. له ساڵی ١٩٥٠ بۆ یهكهمینجار پارتێكی جیاواز لهوهكهی ئهتاتورك، كه پارتی دیموكراسی بووه، دهسهڵات دهگرێته دهست. تهنها ده ساڵ دوای له دایكبوونی دیموكراسی، سوپا یهكهمین كودهتای خۆی دهكات و سهرۆكی حكومهتهكهی له سێداره دهدات. • له ژیانی سیاسی ناوخۆدا، سوپای توركیا ههمیشه دهسهڵاتێكی تۆقێنهر بووه. بهپێی ستاتسه ڕهسمییهكان، له ساڵی ١٩٦٠ بەدواوە تا دهسهڵاتی ئێستای پارتی داد و گهشهپێدان، سی و پێنج حكومهت له توركیادا هاتوونهته سهركار، لهو ژمارهیه تهنها سێ حكومهتیان – به حكومهتهكهی ئێستاشهوه - ماوهی یاسایی خۆیان له دهسهڵاتدا بردۆته سهر، ههموو ئهوانهی تر یان دهستیان له کار کێشاوهتهوه یاخود دهستیان پێ له كار كێشراوهتهوه. ڕاستییهكهی وهكو محهمهد ئاڵتان دهڵێت "له توركیا حزبی سیاسی حوكم ناكات، بهڵكو ڕژێمێك حوكم دهكات، ئهو ڕژێمهی كه عهسكهرهكان له كودهتای ١٩٨٠هوه ڕێوڕهسمیان بۆ داناوه، ههر حیزبێك پێ بخاته دهرهوهی ئهو ڕژێمه، له گهمهكه دهكرێته دهرهوه". له خۆڕا نییه، له ١٩٢٣هوه تا ئهمڕۆ زیاتر له دوو سهد حزبی سیاسی دامهزراون و سوپا تا ئێستا سێ جار كودهتای دژ به حکومهت كردووه. • ڕۆڵی سوپا له توركیا ڕهگوڕیشهی مێژوویی ههیه. ئهم ڕۆڵه ههر له سوپای ئینكشاریی عوسمانی كه كاریگهری لهسهر دانانی سوڵتانهكان ههبووه، ههتا بزووتنهوهی ئیتحاد و تهرهقی كه ئهفسهرهكانی سوپا لێیهوه توركیای نوێیان دروست كرد، قووڵایی ههیه. سوپا له توركیا دامهزراوهیهكی پۆپۆلیسته و خراوهته سهرووی دامودهزگاكانی تری دهوڵهتهوه، دهوڵهت له توركیادا بهجۆرێك تهماهی لهگهڵ سوپادا كردووه، ههر كه ئاماژه بۆ سوپا بكرێت، ڕێک وهکو ئهوه وایه ئاماژه بۆ دهوڵهت بکرێت. جگه لهوهی دامهزراوه گهورهكانی میدیای توركی لهپشته و ههر كاتێك بیهوێت ڕای گشتی به دڵی ژهنهڕاڵهكان دهخرۆشێنن، به ههمان شێوه، سوپا گهوره كۆمپانیاكانیشی لهپشته. سوپای توركی كه خاوهنی یهك ملیۆن چهكداره، پاش ئهمهریكا دووهمین سوپای گهورهی ناتۆ و پڕ خهرجیترین دهزگای دهوڵهتی توركیاشه كه بهرژهوهندی كهرتێكی گهورهی سهرمایهدارانی تورکیای لهسهر وهستاوه. جگه لهمهش توركهکان له بنهڕهتدا عهقڵیهتێكی عهسكهرییان ههیه و باوكان له پهسنی منداڵهكانیاندا به مهغزاوه دهڵێن: "كوڕهكهم كه گهوره بوو دهبێته پاشا" (مهبهستیان له پاشا، ژهنهراڵه). بهوهش که حكومهت له توركیا ههمیشه دامهزراوهیهكی ناجێگیر، لاواز و پاشكۆی ژهنهراڵهكان بووه، هاوڵاتی توركی هێندهی پشتی به سوپا ئهستووره، هێنده گوێی نهداوهته حكومهت. • بهڕای زۆربهی چاودێران هیچ دهمێک هێندهی ئێستا کۆمهڵگهی تورکی توشی دابهشبوون نەبووەتەوە. لە هەمان سۆنگەوە ترسێکی گەورە لە یاریکردن بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دەستێوەردان هەیە لەڕێگەی هێزەوە. ئەردۆگان چی تر ئەو ڕیفۆرمیستە ئیسلامییە مەدەنییە نییە کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا نەک هەر ئیسلامییەکان بەڵکو هێزە چەپ و دیموکراتەکانی تورکیاش دەنگیان پێ دا، ئەو ئێستا خۆی دیکتاتۆرێکی عەسکەرتار و خۆی تورکێکی فاشی و بەنیازی زیندووکردنەوەی قەڵەمڕۆی عوسمانییەکان، ئامادەیە شەڕ بە دنیا بفرۆشێت. ئەگەر جاران سوپا بەبیانووی پاراستنی کەلەپووری سیاسیی ئەتاتورک و سیستمی سێکیولار دژ بە هێزە ئیسلامییەکان دەستێوەردانی کردبێت، ئەوا ڕەنگە یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی ئەم ترسە ڕامکردنی سوپا بێت بۆ یەکەمین جار لە مێژووی تورکیای نوێدا لەلایەن سەرۆکە دیکتاتۆر و ئیخوانییەکەی تورکیاوە، ئەمەش پاش نابووتکردنی دەزگای عەسکەریی تورکی بەتایبەتیش پاش "کودەتا" شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ و هەروەها پاش هاوپەیمانێتیی ئەردۆگان لەگەڵ تورکە نەتەوەپەرستەکان کە لە هەمان کاتدا بەشێکی زۆریان سەر بە ژەنەڕاڵەکانی سوپان. • ناکرێت تەنها بە هۆی ڕقلێبوون لە ئەردۆگان، کورد هیوای زۆر بە ئۆپۆزسیۆن هەڵبچنێت. بە هەمان شێوەی دەسەڵات، تا ئێستا هیچ گەرەنتییەک بۆ چارەسەری دۆزی کورد لە لایەن ئۆپۆزسیۆنەوە لە ئارادا نییە. بەڵام ئەمە نابێت هەرگیز بەو مانایە بێت کە مانەوەی ئەردۆگانمان لە دەسەڵاتدا پێ ئاسایی بێت. پێویستە سەردەمی ئەردۆگان کۆتایی پێ بهێنرێت. لە پێناوی دووبارەنەبوونەوەی ئەو ئەزموونە، حەق وایە ئۆپۆزسیۆن بیکاتە ئەرک، بە هۆکاری بەدبەکارهێنانی دەسەڵات، خۆی و نزیکەکانی بداتە دادگا.
دانا نهقی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم بەرپرسیارە لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی ئابوری هەرێم. تەواوی ئەو قەیرانانەش ڕووی لە هەرێم کردووە لەسەر نەوت بووە، هەر ئەمەش وایکرد لەچەند کات و شوێنی جیاواز حکومەتی هەرێم درا بە دادگانی بازرگانی نێودەوڵەتی. وەزارەتی سامانە سروشتیەکان گەر جارێک لە هەوڵدا بووبێت بۆ ناساندنی ئابوری سەربەخۆی هەرێم لەبواری وزە، ئەوا بەئێستاشەوە بەهۆی گەندەڵی و خراپ مامەڵەکردن بە کۆنتراکتەکانی نەوتی کوردستانی بەرەو قۆناغێکی مەترسیدار ئاڕاستەکرد. مەلەفی نەوت و غاز زۆر کاریگەرن، دەبێت خەڵکی لێزان و کاریگەریش دابنێرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پێشهات و دواهاتانەی لە داهاتوودا گرنگ دەبن بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان. لە ڕابردوودا دەیان ملیار دۆلار بەهەدەردراون و نەماون، جگە لەمانەش وەزارەتی نەوتی هەرێم نەیتوانی کادری پێویست پەروەردە بکات لە بوارەکانی تەکنیکی و بەڕێوەبردنی گەشەی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان. گرنگە لەژێر ڕۆشنایی رێکكەوتنی هەرێم و بەغداد حکومەتی هەرێم بە لایەنی کەم ئەم گۆڕانکاریانە بکاتە ئەولەوێت لە وەزارەتی نەوتی خۆی ئەویش ئەم خاڵانەن: ١- گۆڕینی تەواوی ستافی پێشووی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم، بە خەڵکی لێهاتوو خاوەن باکگراوندی پاک، چونکە بەشێکی زۆر لە وانەی ئێستاو پێشوو تێوەگلاون لەگەڵ بازرگانانی نەوت و، کۆمپانیاکانی نەوت، ئەمەش وایکردوە بەهیچ شێوەیەک ڕێ بە چاکسازی نەبەن لە بواری نەوت و غاز. ٢- دانانی خەڵکی پسپۆڕو لێزان، کە هاوشان بێت لەگەڵ ئەو خەڵکە لێزانانەی نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراق. ٣- هێنانی خەڵکی یاسایی و کارامە لە یاسای نەوت و غاز، بۆ ئەوەی نەکەونە هەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق. ٤- پیاچونەوە بە گرێبەستی تەواوی هەموو کۆمپانیا نەوتییەکان لە سنورەکەدا، ئەمەش بە هاوکاری حکومەتی ناوەندیی، بەم هەنگاوەش داهاتێکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سندوقەی دادەنرێت بۆ داهاتی نەوتی هەرێم. ٥- پەیماکانگایەکی پێگەیاندنی کادری نەوتی و غاز دابنرێت لەپێناو پەروەردەکردنی خەڵکی پێویست بۆ ئەو بوارە. ئەم پێنچ خاڵەو دەیان سەرەنجی تر هەیە لەسەر سیاسەتی نەوتی هەرێم، بەڵام هێشتا زووە کارنامەی ئەم کابینە بوار بدات بە چاکسازیش لە نەوت و غازی هەرێم. وڵاتانی دەوروبەرو تەنانەت کەنداویش سەرمایەیان بە نەوت بنیات ناوە، بەس بەردەوامی و گەشەسەندن لە داهاتوودا بە پارەی نەوت دەتوانن گەشە لە بوارەکانی کشتوکاڵ و، مەعماریی و، تەکنەلۆجی هیتدد.
سەروەت هەڵەبجەیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەموو هەوڵێکی لە پێناو سەرکەوتن یان خۆدزینەوە لە شکست لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا بەکار هێناوە. ڕکابەرەکان و نەیارانی ئەردۆغان ترسی ئەوەیان هەیە کە ئەگەر ناوبراو دۆڕاوی هەڵبژاردنەکان بێت، بە ڕێکاری نایاسایی و لە پێناو ڕەتکردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پەنا بۆ توندووتیژی ببات. ئەمە بووەتە نیگەرانییەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە سەر هەڵبژاردنەکانی تورکیا. ئەردۆغان لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بە چەندین ئامرازی بۆ سەرکەوتنی خۆی و پارتەکەی تاقیکردەوە، لە کردنەوەی پرۆژەکان و ئەوانەی کە بە ناو دەسکەوتی سەربازی ناوی بردوون، زیاترکردنی مووچە بە تایبەت مووچەی کرێکاران تا لێخۆشبوون لە قەرزە بانکییەکان. ئەمانەش ڕەنگە یارمەتیدەری ئەردۆغان و ئاکەپە نەبێت. ئەوەی کە لە گۆڕەپانی سیاسی تورکیا باس دەکرێت، سەرۆک کۆمار و تاقمە نزیکەکەی سەرقاڵی داڕشتنی پلانی جێگرەوەن تا لە ئەگەری دۆڕان و شکستی 14 ی ئایار، جێبەجێی بکەن، بە دیاریکراوی لە تورکیا باس لە ئەگەری توندووتیژی دەکرێت، بە تایبەت لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکان، لە بەر ئەوەی کە نەک تەنیا کێشە دەکەوێتە بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بەڵکوو هەوڵی چالاکوانانی مەدەنی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی تەندرووست لە ناو دەبرێت. ئەگەر ئەردۆغان واز لە دەسەڵات نەهێنێت و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە ئەگەری شکستی خۆی، ڕەتبکاتەوە، ڕەنگە توندووتیژی تورکیا بگرێتەوە و دوو جەمسەری یار و نەیاری سەرۆک کۆمار لەم وڵاتەدا ببینرێت. ئەگەر سەیری وتار و لێدوانەکانی ئەردۆغان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بکەین بۆمان دەردەکەوێت کە زمانی هەڕەشەکانی ناوبراو بەرامبەر بە نەیارانی توندتر بووە و ئەمەش وایکردووە کە مەترسییەک لە سەر ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات هەبێت. لە تورکیا بە نیگەرانییەوە لە ڕۆژانی پاش هەڵبژاردنەکان دەڕوانرێت، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی 14 ی ئایار یان گەڕی دووەم کە دوو هەفتە پاشتر بەڕێوە دەچێت، سەرکەوتن بە دەست بێنێت، بەم لێدوانە توند و زمانی هەڕەشەی کاربەدەستانی باڵای حکومەتەوە، ئەگەری دەستاودەستنەکردنی دەسەڵات لە ئارادایە. تاقمە نزیکەکەی ئەردۆغان بە تایبەت وەزیری ناوخۆی تورکیا بە ڕاشکاوانە ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر ناوبراو شکست بێنێت وەک کودەتایەکی سیاسی دەبێت. مەترسی توندووتیژی سیاسی لە تورکیا مێژوویەکی زۆری هەیە و ئەمەش وایکردووە کە بە نیگەرانییەوە لە دۆخی داهاتووی ئەم وڵاتە بڕوانرێت. ئێستا نیگەرانییەکان لەوەدایە کە ئەردۆغان تەنانەت ئەگەر ئاکەپەش لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە شکست بێنێت، دەسەڵاتی سەرۆکایەتی بە دەستەوە نادات.
سهردار عهزیز ئەردۆگان بیباتەوە یان بیدۆڕێنێت، حەکایەتەکەی تەواوبووە. حەکایەتی ئەردۆگان، حەکایەتی دین نیە، وەک لە دەرەوە هەوادارانی هەوڵی وێناکردنی دەدەن، بەڵکو وەک لە ئەدەبیاتی تورکیدا ئاماژەی پێدەدرێت، حەکایەتی تورکی ڕەش و تورکی سپییە. تورکیا هەمیشە بە دوو حەکایەت بەڕێوەچووە، یەکێکیان مۆدێرن، ئەویتریان کەلەپور یان ترادیشیون. کە لە پەنجاکان یەکەمجار دەرفەت دەڕەخسێت بۆ هەڵبژاردن، مۆدێرنە بەرامبەر ترادیشیون دەدۆڕێت. بەڵام چیرۆکی مۆدێرنەی تورکی هەمیشە چیرۆکی مۆدێرنەی زەبر بووە. مۆدێرنەی تورکی کە خۆی لە دەوڵەتگەرایی، سوپا، لاییک و ڕۆژئاواییەتیدا دەبینێتەوە، هەرگیز حیکایەتێکی ئاسان نەبووە. ئەم حیکایەت بەزۆری باوەڕوداران یان هەوادارانی خەڵکی شارە گەورەکان و شارە کەنارییەکان بوون، لە بەر کۆمەڵێک خەسڵەتی دیار وەک شاربوون، گەشتیاریی، بیرۆکراسییەت و خوێندەواریی. دیندارانی تورک هەمیشە هەستیانکردوە کە دەوڵەت بۆ ئەوان نیە، بۆیە خۆیان وەک تورکی ڕەش تەماشا دەکەن. لە کودەتای هەشتاوە، پۆستمۆدێرنەی تورکی دەستپێدەکات. دەوڵەت دەستبەرداری زۆر خەسڵەتی دەبێت بۆ بازاڕ. ئەو سەردەمە سەردەمی نیولیبرالیزمی تاتچەرو رێگن بوو لە ئاستی سیاسیدا. لە ئاستی فیکریدا جێگرتنەوە هایەک و فریدمان بوو بە مارکس و ئینجلز. پاڵەوانی ئەم قۆناغە سۆفییەکی نیمچەکوردی، نیمچە لیبرالی بەناوی ئۆزالە. لەوێوە موسوڵمانە تورکەکان دەبنە بۆرژوای بچوک. بەڵام ئێستا زۆریان سەرمایەدارن و مناڵەکانیان شارنشین و خاوەن بڕوانامەی زانکۆ دەرەکییەکان و زمانزانن. ئەوانیش سپی بوونەوە. نوخبەی ئاک پارتی پەرتبوون. گەندەڵ بوون. حەکایەتەکە تەواوبوو. حەکایەتی داهاتوو لە تورکیا، حەکایەتی دادپەروەریی و یەکسانیی و فرەیی دەبێت، بەڵام بە بوونی ڕێگریی زۆر. ئێستا حەکایەتی ترادیشیونخوازەکان پێگەو ڕۆڵ و گەورەیی تورکیایە، ئەم حەکایەتە دەمێنێتەوە. هەوڵئەدم بۆی بگەڕێمەوە، ئەگەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانم بە دڵ بێت.
هاوڕێ تۆفیق ئەم هەڵبژاردنە بۆ گەلی تورکیا چارەنوسازە، بەڵکو دەتوانرێ بڵێین مێژووییە. هەر بۆیە کۆمەڵی تورکیا بە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوە ، لەم هەڵبژاردنەدا هەر یەکە لە هاوپەیمانی (ئیتیفاقی میللەت )بەسەرۆکایەتی (کەمال کلیجدار ئۆغلۆیە )پێکهاتوە لە بەرەیەکی تێکەڵاو لە عەلمانی و چەپ و کورد، بەرەی دووەم کە پێی دەڵێن ئیتیفاقی جمهوریی بەسەرۆکایەتی ئەردۆگانە .کە لە رووی فکریەوە بەرەیەکی راسترەوی میانرەوی ئیسلامین ئەمە جگە لەوەی مەهەپە وەکو گروپێکی نەتەوەیی راسترەو بەشدارن. هەر بۆیە لەسەر ئاستی دونیا هاوسۆزییەکانیش دابەشبوون .وەکو دیارە خۆرئاوا دڵخۆش دەبن بە دەرچونی کەمال ئۆغلۆ ،بە پێچەوانەوە روسیاو هەندێک وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست پێشوازی لەسەرکەوتنی ئەردۆگان دەکەن. گرنگترین خاڵی جیاوازی جەهەری کە نێوان هەردوو بەرەکە بەسەرۆکایەتی ئەردۆگان و کەمال ئۆغلۆ ئەمانەن: ١: کەمال ئۆغلۆ و هاوپەیمانەکانی سیستەمی سەرۆکایەتی کە لەساڵی ٢٠١٨ وە پەیرەو دەکرێ هەڵدەوەشێنەوە و جارێکی تر پەیرەوی سیستەمی پەرلەمانی دەکەنەوە.ئەمەش لە رێگای هەمواری دەستورییەوە دەیکەن.بەمەش چیتر سەرۆکی تورکیا راستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵنابژێردرێت .بەڵکو هاوشێوەی جاران هەموو دەسەڵاتەکان دەدرێتەوە بە سەرۆک وەزیران و پۆستی سەرۆک کۆماریش تەنها پۆستێکی تەشریفاتی دەبێت، جگەلەوەش سەرۆک کۆمار بۆ یەک خول دەتوانێ خۆی کاندید بکات و ماوەکەشی تەنها حەوت ساڵەو ئیتر ناتوانێ بۆ جاری دووەم خۆی کاندید بکاتەوە .هاوپەیمانی ئیتیفاق ئەم هەنگاوە بە کۆتایهێنان بە تاکرەویی و دەسەڵاتخوازی دەزانن. ٢: هاوپەیمانی ئیتیفاق جارێکی تر دەرگای داخراوی مەسەلەی بونی تورکیا بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەکەنەوەو پرۆسەی گفتوگۆ دەستپێدەکەنەوە، ئەمە لە کاتێکدا ئەم پرۆسەیەدا تا رادەیەکی زۆر داخراوە. ٣:دادگاکان سەربەخۆ دەکەن و زیندانیانی سیاسی ئازاد دەکەن ،لەسەروو هەمویانەوە سەرۆکی هەدەپەی جاران دەمیرتاش ئازاد دەکەن کە لەساڵی ٢٠١٦ وە بە تۆمەتی پروپاگەندە بۆ تیرۆر زیندانیکراوە. ٤: ئازادی رۆژنامەوانی و بیرورای ئازاد فەراهەم دەکەن و تاوانی ( ئیهانەکردنی سەرۆک) هەڵدەوەشێننەوە کە بە هۆیەوە دەیان رۆژنامەوان زیندانی کراون. ٥: پاراستی مافی ژنان پەیرەو دەکەن و جارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ واژوکردنی رێکەوتنامەی ئیستانبوڵ بۆ بەرەنگاربونەی توندوتیژی دژی ژنان کە ئەردۆگان لەساڵی ٢٠٢١ لەم رێکەوتنە پاشەکشەی کرد. ٦: گەرانەوەی بەهای لیرەی تورکی ، بەمەش بازاری دارایی تورکیا جێگیردەبێت.هەرچەندە چاودێرانی دارایی پێیان پێیانوایە گەرانەوەی خێرای بەهای لیرە کەمێک ئەستەمەرووبدات. ٧: دروستکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵی حکومەتی سوریی و گەرانەوەی ئاوارە سورییەکان بۆ وڵاتی خۆیان. ٨ : بەرەی ئۆپۆزیسۆن هیچ بەرنامەو پرۆژەیەکیان بۆ کێشەی کورد نیە. ٩: ئەردۆگان و هاوپەیمانییەکەی سەرەوەری بریاری سەربەخۆی تورکی دەپارێزن و دەستبەرداری نابن و ناچنە ژێر هەژمونی هیچ وڵاتێکی زلهێز. ١٠: ئەردۆگان تارادەیەکی باش خزمەتگوزاری گشتی پێشکەشی ناوچە کوردییەکان کردوەو کارتی خزمەتگوزاری بۆ بەدەستهێنانی دەنگ بەرزکردۆتەوە جگە لە چەکی برایەتی ئاینیی. ١١.تارادەیەک هەندێک مافی سەرەتایی رۆشنبیریی و کلتوریی بۆ کورد مسۆگەرکردەو بەستەڵەکی گرێی زمانی کوردیی تواندۆتەوە. ١٢: ئیتیفاقیی جمهوریی گوتاری رەوشتی کۆمەڵ و خێزانی بەرزکردۆتەوەو ئەمەش زیاتر لە رووحی کۆمەڵی تورکیەوە نزیکە، وەکو ئاشکراشە لە ئێستادا کۆمەڵی تورکی نەریت پارێزترە لە جاران هەتاوەکو کاریگەریی کلتوریی کۆمەڵێکی کراوە لەژێر سێبەری فەرهەنگی ئەوروپیدا. کێ دەیباتەوە؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لەلای گەلی تورکیایە، ئەنجامی راپرسیەکان لەبەرژەوەندی کەمال ئۆغلۆیە، بەڵام مەرج نیە هەموو کاتێک ئەنجامی دەنگدان هاوشێوەی پێشبینی و راپرسیەکان بێت ، ئەمە نەک هەر لە تورکیا ،بگرە لە هەموو دونیا ئەمە راستە ، کاتی خۆی راپرسیەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا هەموو راپرسیەکان بردنەوەی هیلاری کلینتۆنیان مسۆگەر کردبوو. بەڵام ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی ترەمپ بون . پێشبینیکردنی ئەم هەڵبژاردنە ئاڵۆزبوە. بەڵام بە گوێرەی قانون لە تورکیا پێویستە کاندید زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت بە پێچەوانەوە کاتێک هیچ کام لە کاندیدەکان ئەو رێژەیەی بەدەست نەهێنا. جارێکی بۆ خولی دووەم هەڵبژاردن دەکرێتەوە لە نێوان دوان لەو کاندیدانەی کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. یەکێک لە پێشبینیەکان بۆ هەڵبژاردنی تورکیا ئەوەیە کە لە خولی یەکەم هیچ کام لە کاندیدەکان نیوەی دەنگەکان بە دەست ناهێنێت، لەلایەکی تر کەمال ئوغلۆ بانگەشە دەکات کە ئەو هەر لە خولی یەکەم براوە دەبێت. بەڵام هەتاوەکو ئێستا ئەرۆدۆگان کاندێکی بەهێزە.
ئارام سهعید کاتێک سیاسەتمەدارانی یەکێتیی و پارتی لەبەردەم کامێرادا زەردەخەنەو پێکەنینن دەکەن و بەڵام نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێکكەوتنێکی ڕاستەقینە، پێدەچێت ئەوە نیشان بدات کە دووری نێوانیان لە پشت پەردەوە تاڕادەیەک بەفراوانی دەمێنێتەوە. بە پلەی یەکەم ئەو پێکەنینە کردەوەیەکە بۆ سودی سیاسی و پەیامێکە بۆ خەڵک، واتە پێکەنینێکی سیاسی نەک ڕەنگدانەوەی دەروونیی ڕاستەقینە. سازان و هاوکاری ڕاستەقینە کارێکی قورسە، بەتایبەتی لە سەرئەو هەموو ناکۆکیەی هەیە. لەرابردوودا زۆرجار یەکێتیی و پارتی رێکكەوتون و دواتر ناکۆکی و ململانیکان زیادی کردوە، هەموو رێکكەوتنێک ج سیاسی بێت یان بازرگانی بۆ سەرکەوتن پێویستی بەوەیە شەفاف بیت تا بەباشی جێبەجێ بکرێت، چونکە گومان و نەبوونی متمانە رێکەوتن لەباردەبات. شەفافیەت هەبوو لێپرسینەوە دەبێت، کە لێپرسینەوە هەبێت لایەنەکان پابەند دەبن بە بەڵێنەکانیان. شەفافیەت رێگەدەدات بەوەی لایەنی دەرەوەی رێکكەوتن چاودێری ئەوەبکات کە رێکكەوتنەکە وەک خۆی جێبەجی دەکریت یان نا؟ هەروەها دەتوانرێت چارەسەر بخرێتەڕوو بۆ کۆسپەکان، بەڵام ئەمانە ناکرێت و کەس ناوەڕۆکی رێکكەوتنەکان نابینێت. شەفافیەت متمانە زیاد دەکات، ئەوکاتەی خەڵک لە رێکكەوتنەکە تێدەگات دەتوانن هەڵسەنگاندن بکەن کە ئایا چەند خزمەتی بەرژەوەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تێدایە، گەر وانەبێت ئەوا بێ متمانەیی و دژایەتیکردنی رێکكەوتنەکە سەرهەڵدەدات.. ژان ژاک رۆسۆ دەڵێت" هەموو ئەوانەی لە تاریکیدا دەکرێن، دواتر دێتەوە بەر رووناکی" هەربۆیە شاردنەوەی رێکكەوتنەکان لە رایگشتی هیچ وەزیفەیەک بۆ ئەو رێکكەوتنە ناهێڵێتەوە... خاڵێکی تر لەوەی گومان دەخاتە سەر سەرگرتنی ئەم رێکكەوتنە، ئەوەیە چاودێری بێڵایەن نیە بەسەر جێبەجیکردنی رێکكەوتن و تا هەڵسەنگاندن بکەن لەسەر بەڕێوەجونی پرۆسەکەو هانی لایەنە ناکۆکەکان بدات بۆ پابەندبوون بە رێکكەوتنەکەوە! جاران عەزیز محەمەد سکرتێری حزبی شیوعی ناوبژیوان بوو بەڵام ئێستا هەموو وڵاتان بە باڵیۆزخانەو قونسلگەرییەوە خەریکن کە ئەمەش دەرخەری ئەوەیە ناکۆکییەکان رۆژ بەرۆژ قوڵتردەبن.
كاوه شێخ عهبدوڵڵا لە وتارەکەی ئەمڕۆ لە کردنەوەی مۆزەخانەی بارزانی، کاک مەسعود جیاوازتربوو لە هەموو کاک مەسعودەکانی دوای 2015 کە بە نایاسایی دەیوست دوو ساڵی تر سەرۆکی هەرێمی کوردستانبێ. ئەم وتارەی بە دەرونێکی زۆر ئارامەوە کرد، پڕی بوو لەشانازیکردن بە سەرکەوتنی لە پڕۆسەی "هەموو شت بە بارزان و بارزانیکردنی کوردستان". هیچ هەڵچوونێکی تێدا نەبوو، هەروەها مەسەلەکانی بە دوای یەکدا ریز دەکردو هەڵەو تێکەڵکردنی تێدا نەبوو. من زۆرجار بە دیقەتەوە گوێم لە وتارەکانی گرتووە، بەدەگمەن لە دوو هەزارو پانزەوە وتاری هەبووە کە توڕەیی و هەڵچوونی تێدا نەبووبێ. هەڕەشەو تێکەڵکردنی باسەکان یەکێک بووە لە تایبەتمەندییەکانی وتارەکانی کاک مەسعود. بەپێی خوێدنەوەو ئەزموون و هەڵسەنگاندنی بنەماڵەی بارزانی، ئەو کاتانەی کە هەست بە شکان و دۆڕان دەکەن، ئامادەن هەموو ڕێگایەک.. بە زۆرخراپەکانیشەوە... بگرنەبەر بۆ دەربازبوون و پاشان تۆڵەکردنەوە لە نەیارەکانیان. بۆ نموونە بڕیاری دەرکردنی مەلا مستەفا لە پارتی لەلایەن مەکتەبی سیاسی لە ساڵی شەست و چوارو پاشان لە 31ی ئابدا. ئەگەریش هەستیان بە سەرکەوتن کردبێ، ئامادەن دەست واڵابکەن بۆ سازش و بەخشینی لێبوردەیی بە بەرامبەرەکانیان.. بۆ نموونە لەدوای رێککەوتننامەی یانزەی ئازارو تێکەڵبوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی و پارتی. مەلا مستەفا نەرمییەکی چاوەڕواننەکراوی نیشاندا بۆ سەرکردەکانی ئەو باڵە. هەرچەندە درزو کەلێنەکە لەوە گەورەتربوو تەنیا بە سەرکردەکانی مەکتەبی سیاسی و مەلامستەفا پڕبکرێنەوە. کورت و پوخت... بۆ ئەو سیاسییانەی کە دەیانەوێ کێبەرکێ و ململانێی سیاسی بکەن لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیدا، زۆر گرنگە ئێستا ئەو ئارامیی و هەستی شانازی بە سەرکەوتنانەی کاک مەسعود بقۆزنەوە بۆ ڕەواندنەوەی ئەو ناکۆکییە توندو هەرزەکارانەی دروستبووە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا. کاک مەسعود هان بدەن کە ببێتە میانگیرێکی گوێلێگیراو نەک تەرەفێکی ئەم هەلومەرجە ناسازو خراپە. هەرچەندە بەهۆی ئەزمونەکانی پێشووی کاک مەسعودەوە زۆر کەس بێئومێدە لەوەی ببێتە میانگیرو کۆکەرەوەی هەمووان، بەڵام ئەم قۆناغە دەتوانێ شتێکی نوێ لە کاک مەسعودێکی خۆبەسەرکوتووزان بخوێنێتەوەو هانی بدەن دوور لە هەڵچوون سەرکردایەتیی ئەم قۆناغە شپرزەو لێکترازاوەی کوردستان بکات.
هێمن خۆشناو: (حزبولڵای كوردی) داردهستی دهوڵهت بوو، (هوداپاریش) باڵی سیاسی (حزبولڵایه)! بهڕێز (ئیسماعیل خورماڵی) نوێنهری یهكگرتووی ئیسلامی له كۆمسیۆنی باڵای ههڵبژاردنهكانی كوردستان، له (Draw Media) له رۆژی چوارشهممه (10 ئایاری 2023) بهناونیشانی (كورد و ههڵبژاردنی توركیا) گوتارێكی بڵاوكردۆتهوه. له روانگهی باوهڕبوونم به ههڵه و شێواندنی زانیاریهكان، ههوڵدهدهم لهم گوتارهدا رهخنه ئامێزهدا وهڵامی چهند تهوهرهیهكی گوتارهكهی ئهم بهڕێزه بدهمهوه و زانیاریهكانیش راست بكهمهوه. ئهوهی دیاره نوسهر، تهنیا له روانگهیهكی ئایینی، بێ رهچاوكردنی روانگهكانی دیكه گوتارهكهی داڕشتووه، لهبهر ئهوه سهرهڕوویی و كاردانهوه به گوتارهكهیهوه دیاره و له پهنجهرهیهكی بهرتهسكدا تهنیا رهنگی رهش و سپی بینیووه. لهگهڵ ئهوهشدا زۆر لهسهر تێڕوانینی نووسهر دهربارهی دونیابینی بزوتنهوهی كورد و ههڵه ستراتیژیهكانی له باكووری كوردستاندا ناگیرسێمهوه، چونكه ئهمهیان بابهتێكی بهرفراوانه و له جیاتی گوتارێك له چهندین گوتار جێگای نابێتهوه. گهورهترین ههڵهی ئهم گوتاره، وێناكردنی (هوداپاره) و باڵه سهربازیهكهی (حزبولڵای كوردیه). بهشێوهیهك بهیانی دهكات كه حزبولڵای كوردی له ساڵی 1987 بۆ دۆزی ئازادی كورد دامهزراوه. كاكی نووسهر نازانێ حزبولڵای كورد لهدوای سهركهوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران له ساڵی 1979 لهلایهن خودی دهسهڵاتدارانی تههران هاوشێوه و هاو بهرنامهی حزبولڵای لوبنان و حزبولڵاكانی دیكه دامهزراوه. بێگومان مهرامیش له دامهزراندنی ئهم حزبه خزمهتكردن بووه به ئهجنداكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لهناوچهكهدا، بهتایبهتی بۆ ئهوهی وهكو كارتێك بهكاری بێنن ئهگهر تووشی ههر كێشهیهك بوونهوه لهگهڵ توركیادا كه وڵاتێكی سهر به ناتۆیه و هاوسنووره لهگهڵ ئێران. بهڵام كه دهزگای ههواڵگری توركیا دركی پێكرد، حزبولڵای خسته ژێر ركێفی خۆیهوه بۆ ئهجنداكانی خۆی له دژی كورد بهكاریهێنا. سهرهنجام له تاوانهكانی بكهر نادیاردا بهدهست و پڵانی حزبولڵای كوردی له ساڵانی 1990 – 1999 زیاتر له 17 ههزار هاوڵاتی كورد گیانی سپاردووه كه زۆربهیان بێ تاوانبوون و تهنیا لهبهر ئهوهی كوردبوون كوژران. ناشكرێت باسی ئهم زانیاریه نهكهم كه كهم كهس دهیزانێت و پهیوهسته به ههڵوێستی پهكهكه له بهرامبهر جزبولڵای كورد. له ساڵانی 1993 و 1994 دا، پهكهكه چهندین جار له رێگای (حزبولڵای لوبنانی) داوای له حزبولڵای كوردی كرد تا لهو رێگایه بگهڕێتهوه، پهیوهندیهكانیان ئاسایی بكهنهوه و واز له رشتنی خوێنی كوردی بێتاوان بێنێت. بهڵام دیاره كار لهكار ترازابوو، ئهم حزبه به تهواوهتی كهوتبووه ژێر دهستی هێزه تاریكهكانی ناو دهوڵهتی توركیا به ئارهزووی خۆی ههڵیاندهسووڕاند. نووسهر یان به مهرامێكی ئایدۆلۆژی یان له بێئاگایی گومان دهخاتهسهر ههبوونی پهیوهندی له نێوان هوداپار و حزبولڵا. ئهگهر له (Google) بهدواداچوونێك بكهین له یهكهم چركهدا 47 سهرچاوهمان دهست دهكهوێت كه ههبوونی پهیوهندی له نێوان هوداپار و حزبولڵای كوردی پشتڕاست دهكاتهوه. (له كۆتایی ئهم گوتارهمدا دوو لینك دادهنێم وهكو بهڵگه بۆ قسهكانم) له یهكێك له بهڵگهكاندا (زهكهریا یاپیجیئۆغڵو سهرۆكی هوداپار) دهڵێت:"دهكرێت به گوێرهی كۆماری توركیا حزبولڵا رێكخراوێكی تیرۆریستی بێت، بهڵام به گوێرهی من رێكخراوێكی تیرۆریستی نیه". ههروهها (حوسێن یڵماز) جێگری سهرۆكی گشتی هوداپار، كه هاوشانی زهكهریا یاپیجیئۆغڵو لهسهر لیستی ئاكپارتی كاندیدین بۆ ههڵبژاردنی داهاتووی توركیا، سهرۆكی رێكخراوی (Mustazaf-Der) بوو كه له ساڵی 2012 بههۆی ههبوونی پهیوهندی لهگهڵ حزبولڵا قهدهخهكراوه. له ههمان كاتدا (فاروق دینچ) كه سهرۆكی لقی دیاربهكری هوداپاره و كاندیدی رێزبهندی چوارهمه لهسهر لیستی ئاكهپه له مێرسین بههۆی ههبوونی پهیوهندی لهگهڵ حزبولڵادا چهندین ساڵ زیندانیكراوه. ههروهها ههریهك له (ناسوح سهڤینیك) ئهندامی دهزگای راوێژكاری هودپار و (ئیسحاق ساغڵهم) سهرۆكی هوداپار به وهكالهت بههۆی ههبوونی پهیوهندی لهگهڵ حزبولڵای كورد به 6 ساڵ و 3 ساڵ زیندانیكراون. ئهمڕۆ كینه و نهفرهتی بهشێكی زۆری هاووڵاتیانی باكووری كورد له هوداپار و حزبولڵا لهو راستیه سهرچاوه دهگرێت، نهوهكو له روانگهی ئایدیۆلۆژی چهپ و موحافهزهكاری وهكو له گوتارهكهی كاك ئیسماعیل خراوهتهڕوو. موحافهزهكاران و توێژی دینداری كورد له هاداپ و حزبهكانی دیكه زیاتر نهفرهت له هوداپار و باڵه سهربازیهكهی دهكهن و ئهم حزبه به (حزبی شهیتان و حزبی كۆنتڕا/ چهته) بهناو دهكهن. پێموایه ههڵهی زهقی كاك ئیسماعیل لهم روانگهیهوه بهنده بهوه كه تهنیا پشتی به سهرچاوهیهك و لایهنێك بهستووه له وهرگرتن و پۆڵینكردنی زانیاریهكاندا. ئهگهر بێت و كاك ئیسماعیل سهرچاوهكانی دیكهش بخوێنێتهوه و بدوێنێ من دڵنیام دهگاته ههمان ئهو ئهنجامهی من پێیگهیشتووم. حزبولڵا و هوداپار دوو رێكخراوی سهلهفی و جیهادین، هیچ پهیوهندیهكی فیكری و ئایدۆلۆژی لهگهڵ یهكگرتووی ئیسلامی كۆیان ناكاتهوه تا كاك ئیمساعیل به ناڕاستهوخۆ به چاكهخواز له قهڵهمیان بدات. بهڵگهش بۆ ئهم راستیه سهردانی زهكهریا یاپیجیئۆغڵو له رۆژانی 26 و 27 نیساندا بۆ ههرێمی كوردستان كه لهگهڵ چهندین لایهنی ئیسلامی كوردستانی و عێراقی كۆبوونهوهی ئهنجامدا بێ ئهوهی سهردانی یهكگرتووی ئیسلامی بكات. ههروهها له مهڕاسیمی (مهولودی پێغهمبهر د.خ) له ئامهد كه بهدهستپێشخهری هوداپار سازكرا، چهندین لایهنی كوردستانی بانگهێشتكرابوون، بهڵام یهكگرتوویی ئیسلامی لهناویاندا نهبوو. له ههمووی سهرهنجڕاكێشتر، كه مرۆڤ زهحمهتی دهبینی له تێگهیشتنی ئهم پرسیارهیه: ئایا كاك ئیسماعیل خورمالی بهم گوتاره ویستوویهتی بهرگری له هوداپار بكات، یان ئهردۆغان؟ یان ویستوویهتی بڵێت دۆزی كورد له باكووری كوردستان ناڕهوایه تا ئهو كاتهی ئهردۆغان له دهسهڵاتدا بێت! له كۆتاییدا هیوادارم كاك ئیسماعیل خورماڵی به گیانێكی وهرزشی ئهم گوتارهم بخوێنێتهوه، بزانێ ئهو تهنیا دژ به كورد ئهم گوتارهی نهنووسیووه، بهڵكو له چهندین تهوهره دژ به بیر و باوهڕی حزبهكهشی نووسیووه. https://tr.wikipedia.org/wiki/H%C3%BCr_Dava_Partisi#:~:text=H%C3%BCr%20Dava%20Partisi%20(K%C3%BCrt%C3%A7e%3A%20Partiya,sayfalar%C4%B1%20aras%C4%B1ndan%20do%C4%9Fmakta%20olan%20g%C3%BCne%C5%9Ftir. https://medyascope.tv/2023/03/13/hizbullah-mustazaf-der-huda-par-bir-hareketin-tarihi/ ............................................... كورد و هەڵبژاردنەكانی توركیا ئیسماعیل حەمەعلی خورماڵی https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=12823
كەمال چۆمانی لەسەر بنەمای قسەکانی ئۆجەلان لە پەیامەکەی نەورۆزی ٢٠١٥دا کە داوای لە گەلانی تورکیا کرد لەژێر ئاڵای ئیسلام، لەژێر پەیامە ئینسانییەکەی محەمەد، عیسا، و موسادا نەتەوەیەکی دیموکراتیک ئاوا بکەن و واز لە جیاکاری رەگەزی، نەژادی، نەتەوەیی، و تائیفیی بێنن و لەسەر پێکەوەژیانی ئاشتییانە وڵات بەڕێوەببەن، هەدەپە کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیکی بەست. لەکاتی بانگەشەش بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی ٢٠١٥ لە تورکیا، سەڵاحەدین دەمیرتاش لەگەڵ چەندین کەسایەتیی دیندار و خەڵک بە گشتی بە بایەخەوە باسی پەیماننامەی مەدینەی کرد کە پەیامبەر لەنێوان جو، مەسیحی، و موسڵمان و بێبڕوای مەدینەی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەو شارە ئیمزایان کرد. دەمیرتاش گوتی ‘پەیمانی مەدینە بەڵگەنامەیەکی زۆر زۆر گرنگە. ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای یەکسانی و برایەتی بونیادبنێین، ناتوانین ئەم بەڵگەنامەیە فەرامۆش بکەین. ئەم دەستپێکەم بۆیە بەو روداو و تێگەییشتنەی ئۆجەلان دەستپێکرد تا رونبکەمەوە ئۆجەلان لە قوڵایییەکی مێژویی، فیکری، و رۆحانیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە چارەسەرییەکەی پێشخستبو تا لەگەڵ کۆنزەرڤاتیزمی-ئیسلامیی تورکیی و کوردییش یەکانگیر بێ. ئەردۆغان رێک دژی ئەو پەیامەی ئۆجەلان مامەڵەی کرد و چەندان شاری خاپورکرد، بەشێکی رۆژئاڤای کوردستانی داگیرکرد، و هەزاران کەسی خستە زیندان و هەزارانی دیکەشی ناچارکرد وڵات بەجێبهێڵن. تورکیا لەدوای کۆدێتاکەی ساڵی هەشتاوە بەو جۆرە زیندانییەکانی پڕ نەبونە و کەسایەتییە سیاسییەکان دەربەدەر نەبونە. ئابوریی وڵاتەکەی وێران کرد. لە باشوری کوردستاندا زیاد لە ١٠٠ کەسی سیڤیلی کوشت لەڕێی بۆمبابارانکردنی بێویژدانانە و دوا تەکنەلۆژیاکانی بەکارهێنا دژ بە پەکەکە تا دەگاتە چەکی قەدەغەکراو. هەمو ئەوانە وا دەکەن تورکیا پێویستی بە گۆڕانکارییەکی نوێ بێ. کەمال کیلیچدارۆغلۆ غاندیی نییە، بەڵام بی ئەمڕۆی تورکیا وەک ئەردۆغانی ٢٠٠٣ پێویستە. ئەردۆغان سواری قیتاری دیموکراسی بو، کورد هاوکاری کرد، ئۆجەلان و پەکەکە زۆر سازشیان بۆ کرد، بەڵام دواجار خیانەتی لە پڕۆسەی ئاشتی کرد و وەک خۆی جارێک گوتبوی، کەی پێویستیان پێبو لە قیتاری دیموکراسی دادەبەزن. ئێستا کیلیچدارۆغلۆ دەیەوێت تورکیایەکی جیاواز لە تورکیای ئەردۆغان ئاوا بکا. بەدڵنیایی سەختە، بەدڵنیاییش ئەو تورکیایە نییە کە کورد دەیخوازێ، بەڵام لای کەم ئەو تورکیایە نابێ کە ئامەدی سور و جزیر خاپور بکرێن. خەڵکی تورکیا پێویستی بە پشودانە لە جەنگ و کوشتن. کیلیچدارۆغلۆ وەک کورد پێویستی بە دیموکراسییە، وەک کورد ئەگەر دیموکراتخوازەکانی تورکیا دیموکراسی پێشنەخەن و پرسی کورد چارەسەر نەکەن، دەبنە قوربانیی سیاسەتەکانی دەوڵەتی قوڵ و میت و ئەردۆغان. ئێستا چیتر کوردەکان نین ئاوارە دەبن، ئێستا تورکەکانیش قوربانیی سیاسەتەکانی ئەردۆغانن. کاتێک ١٠ هەزار زیندانی کورد دەستیان بە مانگرتن کرد، زیاد لە ٢٠٠ ئەکادیمی تورکیا پشتیوانییان کردن، دواتریش کامپێینەکە بەرزتر بوەوە و بو بە سەروی هەزار کە داوایان دەکرد پڕۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە و تورکیا کۆتایی بێنێت بە خاپورکردنی شارە کوردییەکان. کۆی ئەکادیمییەکان بە تیرۆر تاوانبار کران، بەشێکیان زیندانی کران و سەدانیان وڵاتیان بەجێهێشت یا لە زانکۆکان دەرکران. بەپێی دوا راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور، تورکیا لە پلەی ١٦٥ دایە لە کۆی ١٨٠ وڵات لەڕوی ئازادی رادەربڕینەوە. روسیا، تورکیا، عێراق، و یەکەم بەدوای یەک دێن لەو پاشکۆیەدا. لەڕوی ئابورییەوە، هەرچەندە تورکیا نۆزدەهەمین گەورەترین ئابوریی دونیایە و ئەندامی گی ٢٠ە، واتا گەورەترین بیست ئابورییەکەی دونیا، بەڵام خەڵکەکەی لە هەژاریدا دەژیێت بە هۆی شەڕ و توندوتیژییەکانی ئەردۆغان و سیاسەتە ئابورییەکانی لە چەند ساڵی رابردو. ئەو تورکیایەی کە بانگەشەی <<سفر کێشە لەگەڵ دراوسێکان>>ی دەکرد، ئێستا لەگەڵ هەمو دراوسێکانی کێشەی هەیە. بۆیە تورکیا پێویستی بە کەمال کلیچدارۆغلۆیە نەک بۆ ئەوەی تورکیا دیموکراسی بێ چونکە دیموکراسیبون و چارەسەربونی پرسی کورد بەیەکەوە گرێدراون و ئاسان نییە کلیچدارۆغلۆ ئاسان کارێکی وا بکا، بەڵام ئەو پێویستە بۆئەوەی کۆتاییەک بۆ تاکڕەویی ئەردۆغان دابنرێ کە هیوای دیموکراتیزەبون و چارەسەریی پرسی کورد دەگەڕێتەوە. کورد لەنێوان خراپترین و خراپێک هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە؛ یان تەسلیمبونی بە ئەردۆغان و نەژادپەرستەکانی مەهەپە، یان دەنگدان بە کیلیچدارۆغلۆ بە هیوای دیموکراسییەوە. بێگومان کورد بێئاگا نییە لەوەی لەناو جەهەپە و لەناو هاوپەیمانێتییەکەشیدا نەژادپەرست هەن، بەڵام باڵادەست نین. هەرچییەک بێ، لەوەی لە سەردەمی ئەردۆغان بوە خراپتر نابێ.
بهیار عومهر عهبدوڵا ستراتیژێکی جەنگە، کە تیایدا لایەنێک لەجیاتی ئەوەی بیەوێت بە یەکجار دوژمنەکەی لەناوبەرێت، هەوڵئەدات وردە وردە بەرامبەرەکەی هیلاک بکات و هەر جارەی بەشێکی لێبکاتەوە، هەتا تەواو بچوکی ئەکاتەوەو لە کۆتایدا هەڵیئەوەشێنێت. واتە ستراتیژێکی خاو و دورمەودایە، بە تێپەڕبوونی کات، لایەنێک دوژمنەکەی بەرەو لاوازو هەرەسهێنان دەبات. لە پاش چەند ساڵێک لە شەڕی ناوخۆ، کە لەڕێی سەربازیەوە پارتی نەیتوانی یەکێتی لاواز بکات و بیکات بە ژێردەستەی خۆی. ڕێگایەکی تری گرتەبەر؛ لە دوای یەکگرتنەوەی ئیدارەوە، پارتی هەوڵی هەڵوەرینی یەکێتی ئەدات و تیاشیدا تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە. پارتی هەمیشە دەستێوەردانی لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیدا کردوەو هاوکاری مادی و مەعنەوی ئەوانەی کردووە کە لە یەکێتی جیابونەتەوە؛ لەڕێی کڕینەوەی وەلائی چەند بەرپرسێکی باڵاوە، نەیهێشتووە نزیکبونەوەو ڕێکكەوتن لەنێوان باڵە جیاوازەکانی یەکێتیدا ڕووبدات بۆ ئەوەی یەکێتی تەواو بچوک و بێدەسەڵات بکات و بیکات بە دوکانێکی سیاسی و بە چەند پۆست و بڕە پارەیەک ڕازیان بکات، و سەرەنجام حوکمی هەرێمی کوردستان بە ڕەهایی بۆ یەک حزب و یەک بنەماڵە قۆرخ بکات. بۆ جێبەجێکردنی ئەو پیلانەیان، پارتی دەمێکە ڕۆڵیان دابەش کردووە، گروپێک ڕۆڵی میانڕەو و گروپێکیش ڕۆڵی توندڕەو دەگێڕن، بەڵام هەردوولا خزمەتی هەمان شانۆی سیاسی پارتی دەکەن و کاریان لاوازکردن و پەرتکردنی حزبە نەیارەکانیانە. هەندێک جار گروپە میانڕەوەکە کاریگەریان زیاترە لە توندڕەوەکان بۆ پەرت و لاوازکردنی نەیارەکانی پارتی. گرەوکردن لەسەر ناکۆکییەکانی ناو پارتی و بنەماڵە، کوتینی ئاسنی ساردە. ئەوەی گرنگە بۆ خەلکی ئەم دەڤەرە ئەوەیە کە دژایەتی پارتی بۆ یەکێتی گۆڕاوە بۆ دژایەتی هەموو خەڵکی ئەم دەڤەرە، کە لە ٧٠٪یان دەنگیان بە هیچ حزبێک نەداوەو هیچ گوناهێکیان نیە بەهۆی کێشەو ململانێی حزبیەوە توشی سزاو بێموچەیی ببنەوە. دەبێت یەکێتی نەکەوێتە داوی پیلانەکانی پارتییەوەو گرنگە هەوڵبدات (پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین) لە سزاکانی پارتی دووربخاتەوەو بەشە بودجەیان لە بەغداوە مسۆگەر بکات بۆ ئەوەی چیتر موچەو بودجە و پرۆژەکانی ئەم دەڤەرە نەبن بە قوربانی ململانێ سیاسییەکان. پارتی هەرگیز پابەندی هیچ ڕێکكەوتنێک نەبووە، تەنها گەمەی سیاسی کردوە بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی نەیارەکانی. تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆش هەندێک موچەو بودجە بنێرن، بەڵام لە ئایندەدا ئەگەر یەکێتی یان هەر لایەنێکی تر کە ئەم دەڤەرە بەڕێوەدەبات گوێڕایەڵیان نەبێت، دیسان زۆر بە ئاسانی بودجەو موچەی خەڵک دەبڕنەوە. ناکرێت دوا هیوای ئەم دەڤەرە بەبێ مەرج یان لەپێناوی چەند داواکارییەکی بێ بەهادا بخرێتە چاڵەوە. هەر جارێک یەکێتی خەریکە دەگاتە ئەوەی کە لەگەڵ بەغدادا ڕێکبکەوێت، پارتی بە هەندێک موجامەلاتی سیاسی بێ بنەما یەکێتی دوردەخاتەوە لە چارەسەری کێشەکانی خۆی و دەڤەرەکەی. کەس ئاوات بە شەڕ ناخوازێت، بەڵام لەنێوان شەڕو تەسلیمبوندا، چەندین ڕێگەو ئامرازی تر هەیە. دوای ماوەیەک لە ململانێی سەخت، گرنگە داواکارییە سەرەکییەکانی سنورەکە بکرێت بە پێشمەرجی دانیشتن و کۆبونەوە. پارتی بەئاشکرا زوڵم لەم دەڤەرە ئەکات، لە بڕینی موچەو بودجەو پرۆژەکانەوە، هەتا دەگاتە ئەوەی کە موچەی هێزەکانی دژەتیرۆرو پلەبەرزکردنەوەی هێزەکانی ٧٠ی ڕاگرتووە. ئەگەر پاساوی ڕێکكەوتنێکی لاواز، فشاری ئەمریکایە، ئەی بۆچی ئەمریکا فشار لە پارتی ناکات کە زوڵم نەکات و موچەو بودجەی ئەم دەڤەرە ڕانەگرێت؟ بۆچی ئەمریکا هاوکار نیە بەشە بودجەو موچەی ئەم دەڤەرە لە بەغداوە بێت، وەک چۆن لە ئەمریکادا سیستەمێکی فیدراڵی هەیە، و هیچ ویلایەتێک ناتوانێت ماف و موچەی ویلایەتێکی تر زەوت بکات؟ ئایا ئەمریکا کە فشار لە یەکێتی دەکات، ئامادەیە لە هەڵبژاردنی ئایندەدا بێت بە هانایەوەو بانگەشەی بۆ بکات؟! یەکێتی ئەگەر بەبێ جیاکردنەوەی بەشە بودجەی (پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین)، و بەبێ گەڕاندنەوەی (داهات و دەسەڵات) بۆ ئەم دەڤەرە بچێتەوە حکومەت، باجێکی قورس ئەدات لە هەڵبژاردندا. سەبارەت بە هەڵبژاردنیش، پارتی پێشوەخت ئامادەسازی کردووە، کە لە پارێزگای سلێمانیدا، زیاد لە ٢٠ لیست هەبێت. هەرچەندە گوایە پارتی ڕازی بووە بە فرە بازنەیی، بەڵام دەزانێت کە ئەو هەموو لیستە لە پارێزگای سلێمانی کۆمەڵێک حزبی لاوازو بچوکی لێدروست دەبێت، کە هێشتنەوەی پارتی بە حزبی ڕابەرو تاکڕەو مسۆگەر دەکات؛ ئەمە جگە لەوەی ١١ کورسی پێکهاتەکانی مسۆگەر کردووە. هەڵبژاردن لەم ساتەی کوردستاندا، جگە لە گەمەیەکی پارتی بۆ چەسپاندنی حوکمی تاکڕەویی هیچی تر نیە. ئەگەر ڕۆژنامەنوس لەسەر ڕەخنە، توشی گرتن و کوشتن بێت، ئەگەر هێزی چەکدار، بۆ خەڵکی شەڕانگێزو لەیاسا دەرچوو دروست بکرێت، ئەگەر بە ملیارەها دۆلار، نەوت و گازو مەرزەکان بدزرێت، ئەگەر دادگا دەستەوەستان بێت بەرامبەر دەسەڵاتدارەکان، کەواتە هەڵبژاردن بە تەنیا دەتوانێت چی بگۆڕێت؟! جگە لە تازەکردنەوەی وەلائو بەیعەت بە دەسەڵاتێکی گەندەڵی ناوچەگەر، چی لێ سەوز دەبێت؟! هیوادارم یەکێتی و هەموو لایەنە باڵادەستەکان لەم سنورە نەکەونە داوی پیلانەکانی پارتی و هەوڵی بەدەستهێنانی بەشە بودجەی ئەم سنورە لە بەغداوە بدەن، ئەگەرنا باجێکی مێژوویی ئەدەن.
سهردار عهزیز کەمال کەسایەتییەکی ئاڵۆزە، بەڵام هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە کە سادە دەرکەوێت. ستراتیژی سەرەکی بانگەشەی ئەوەیە کە پێچەوانەی ئەردۆگانە. بە خوێندنەوەی ڤیدیوکانی مرۆڤ زۆر دونیابینی ئەوی بۆ دەردەکەوێت. یەکەم، بەگشتی ڤیدیوکانی بەبێ چاکەت و بۆینباغە، کە ئاماژەیە بۆ نەمانی پلەبەندی و خۆ جوداکردنەوە. ئەوەی پێی دەوترێت خاکی بوون. دووەم، پاشخانی ڤیدیوکانی کتێب و چێشتخانەو باغچەی بچکۆلەن، کە دەرخەری کۆمەڵێ خەسڵەت و پەیامن. لە پێشاندانی ماڵەکەی دەیەوێت پێچەوانەی قەسرە هەزار ژورەییەکەی ئەردۆغان بێت. هەروەها ئەو پەیامە بگەیەنێت کە گەندەڵ نیە، وەک ڕکەبەرەکانی. سێیەم، بوونی کتێب، دەرخەری بایەخدانە بە بیرو زانست، بە پێچەوانەی ئەردۆگانەوە کە زۆربەی کاتی تەماشای تەلەفزیون دەکات. چوارهەم، کەمال دەیەوێت بڵێت چەپم. بەڵام چەپی تورکی چەهەپە، چەپی دەوڵەتییە، نەک چەپی کۆمەڵایەتی. پێنجەم، کەمال هەوڵدەدات لەگەڵ باوەڕە عەلەوییەکەیدا خۆی ئاشت بکاتەوە. ئەمە پچڕانە لە کەلتوری کەمالیزم. هەروەها فشارە بۆ کەلتوری سوننی حەنەفی تورکی. لە تورکیا هاوڵاتی ڕاستەقینە تەنها ئەوانەن کە تورکن و حەنەفین. بۆ نمونە زۆربەی کورد شافیعییە، بۆیە نەک هەر کوردبوونیان بەڵکو شافیعی بونیان ڕێگرە بۆ بوون بە هاوڵاتیی ڕاستەقینە. ئەگەر دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە فراوانکردنی بنکەی هاوڵاتیی بوون بێت لە تورکیا، دەستکەوتێکی گرنگە. پێنجەم، کەمال کوردە، بەڵام ناوێرێت وەها بڵێت. ئەمە جۆرێکە لە نەخۆشی. ئیسلامییەکان دەتوانن بڵێن کوردین و ئیسلامین، بەڵام عەلمانییەکان ناتوانن. شەشەم، کەمال دەیەوێت بڵێت کە کەسایەتییەکی سازشکەرە. تورکیا پێویستی بە ئەمەیە. بەڵام سازشکردن ڕەنگە هەندێجار وەک لاوازی دەرکەوێت.
نووری بێخاڵی کاتێک باس لە گرنگیی تەباییی پارتی و یەکێتی دەکەین، ئاگاداری ئەوەین کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دوو حزبە، بەر لەوەی بە قازانجی ئەوان بشکێتەوە، بە پلەی یەکەم لە بەرژەوەندیی ستاتووی هەرێمی کوردستان و ئاییندەی گەلی کوردستاندا تەواو دەبێت. باشبوون، یان باشترکردنی ئەو پەیوەندییەی نێوانیان، کە ئەرک و بەرپرسیارێتیی مێژوویی و ئەخلاقیی سەر شانی ئەم دوو حزبەیە، لەسەر ئاستەکانی ناوخۆ و عێراق و نێودەوڵەتییش گرنگە. واتە هەر بۆ سەقامگیریی دۆخی سیاسیی ناوخۆ نا، بەڵکوو بۆ دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بە گشتی و داهاتووی ئەم ئەزموونە و چارەنووسی گەلی کوردستان، هەروەها بۆ پێگە و قورسایی هەرێم لەناو عێراقدا، دواجاریش لە پەیوەست بە ڕوانگەی نێودەوڵەتیی بۆ بوونی هەرێمێکی کوردستانی یەکگرتوو و ئارام و سەقامگیر، زۆر گرنگە. پێداگریی بەردەوامی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەسەر پێویستیی ئاشتەوایی نێوان پارتی و یەکێتی و سووربوونیان لەسەر ئەوەی، کە دەبێ هەردوو حزب بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، لەو هەستکردن بە بەرپرسیارێتییە دەستووری و مێژوویی و نیشتمانییەی سەر شانیانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە بەرامبەر گەلی کوردستان هەیانە. هاوکات دەرەنجامی تێگەیشتنیانە لە قەبارەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی، کە ڕەنگە لە ئەگەری بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو حزبە و قووڵتربوونەوەیاندا، ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی ببنەوە. لەم ڕوانگەیەوە، سەرگرتنی هەموو هەوڵێک بۆ ئاشتەوایی نێوان پارتی و یەکێتی، هەموو ئاساییبوونەوە و باشتربوونێکی پەیوەندییەکانی نێوانیان، هەموو هەنگاوێکیان بۆ بەیەکەوە کارکردن و گەڕانەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە چوارچێوەی دامەزراوە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا، دواجار سەرکەوتنی ئەو گوتارە نیشتمانی و ئاشتیخوازانەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، کە بە درێژایی ماوەی ململانێکە، پشوودرێژ و ماندوویی نەناسانە، بە بۆنە و بە بێ بۆنە و لە شوێنکاتی جیاوازدا، جەختیان لەسەری دەکردەوە بەوەی "جگە لە پێکەوەیی و ڕێککەوتن و پێکهاتن، هیچ ڕێگایەکی تر لە بەردەم پارتی و یەکێتیدا نییە." هەتا دێت ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە خێرا و خێراتر تێدەپەڕن، ڕووداوگەلێک کە هەست دەکرێت لەگەڵ خۆیاندا گۆڕانکاریی لە هاوکێشەی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا دێنن و گۆڕانکارییەک، کە وێدەچێت پارسەنگی تەرازووی هێز و هاوپەیمانییەتەکانی ناوچەکەش لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا بە ئاقارێکی دیکەدا بخات، کە ڕەنگە بۆ کورد جێی دڵخۆشیی و ئومێدبەخش نەبێت. بۆیە بچووکترین ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە گشتی و پارتی و یەکێتی بەتایبەتی، بە زیانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت و گەلی کوردستان دەبێ باجەکەی بدات. ناکۆکی و ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی، جەبری مێژوو و قەدەرێکی داسەپاو نییە، تا بۆ هەمیشە بەرەوام بێت و نەتوانن خۆیان لەم تەل و تەلیسمە ڕابپکسێنن. ئەم دوو حزبە نابێ خۆیان لەبیر بچێتەوە، کە تا ئێستاش بەیەکەوە نوێنەرایەتیی دۆزی نەتەوە و نیشتمانێک دەکەن و پێویستە لە ئاست هەلگرتنی ئەم بەرپرسیارێتتیە نیشتمانی و نەتەوەییە و قوربانیدانی گەلی کوردستان و خوێنی شەهیداندا بن. لەوەش گرنگتر، دەبێ ئەو ڕاستییە لەبیر نەکەن کە "کوردستان هی هەمووانە و شوێنی هەمووانی تێدا دەبێتەوە – نێچیرڤان بارزانی". دواجار، نیازپاکی و بوونی متمانە، مەرجی سەرەکیی سەرگرتنی هەموو هەوڵێکی ئاشتەوایین. کاتێکیش لایەنە ناکۆکەکان لە بورجی عاجی غرووری سیاسیی دێنە خوار و لە ئاست یەکتری بەدگومان نابن و دەستەبەرداری یەکتر نەخوێندنەوە دەبن، متمانە نەک هەر دروست دەبێت، بەڵکوو دەبێتە بەردی بناغەی دڵنیایی سیاسی و پاڵنەری بەیەکەوە کارکردن. خودی ئەم دڵنیایی و بەیەکەوەییەش، دەبنە هۆکاری بەرقەراربوونی سەقامگیریی سیاسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.
ئومێد قەرەداغی لە دوای مستەفا کەمالەوە ، هیچ سەرۆکیکی تورکیا بەقەد ئەردۆغان مەترسی نەبوە لەسەر کورد، کەس بەقەد ئەو پرۆژەی سرینەوەی کوردی نەبوە ، کەسیش وەک ئەو زیندانەکانی پڕ نەکردوە لە رۆژنامەنووس، لە سیاسەتمەداری نارازی ، لە ئەکادیمیست و هەڵسوراوی مەدەنی ، لە مێژوی تورکیادا لە دوای مستەفا کەمالەوە کەس وەک ئەردۆغان نەیتوانیوە لە یەککاتدا سوپا و دادگا و میدیا و پەرلەمان و توانای ئابووری بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە و هەموو ئەمانەش بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی رەهای خۆی و دوژمنایەتی کورد و بزوتنەوە ئازادیخوازییەکەی ئاراستە بکات، بۆیە کەوتنی ئەردۆغان گرنگترین دەستکەوتی ئەم قۆناغەیە، کەمال بێت یان جەمال یان شەیتان، هەرگیز نیوەی ئەو دەسەڵاتەی نابێت ئەردۆغان هەیەتی ، هەرگیزیش نیوەی ئەو مەترسیەی نابێت کە ئەردۆغان لەسەر کورد هەیەتی کەوتنی ئەردۆغان کەوتنی یەکێک لە مەترسیدارترین دیکتاتۆرەکانی رۆژهەڵاتە ، ئەم پیاوە مەترسیدارە ، لە یەککاتدا یاری بە کارتی ئایین و نەتەوە و گەشەی ئابووری و جوڵاندنی یادەوەری رابردوو ئەکات ، لە مێژووی تورکیادا کەس وەک ئەردۆغان یاری بە شعوری دینی نەکردوە ، رۆژێک پەنجەی رابیعە بەرزئەکاتەوە ، رۆژێکی دیکە ئەیاسۆفیا ئەکات بە مزگەوت ، ساتێکی تر ئەردۆغان وەک فاشیستیکی نەتەوەیی رەفتار ئەکات ، پەنجەی وەک هێمای گورگە بۆرەکان بەرز ئەکاتەوە ، یەک نەتەوە و یەک دەوڵەت ئەکات بە دروشمی سەرەکی دەوڵەت ، رۆژێکی دیکە کەڵکەڵەی فروانخوازیی عوسمانی زیندوو ئەکات و و لە یەکاتدا لە سوریا و عێراق و لیبیا و ئازەربایحان و قەتەر و زۆر شوینی دنیا هێزی هەیە و شەر ئەکات یان ئامادەیە بۆ شەر، رۆژێکی دیکە سەرقاڵی بونیدنان و گەشەی ئابوورییە و پرۆژەی ستراتیژی پرد و تونێل و رێگاو پرۆژەی پیشەسازی قورسە ، بە بێ دوو دڵی هەموو ئەمانەش بۆ سەپاندنی دەسەلاتی خۆی و دوژمنایەتی کورد تەرخان ئەکات ، لەسەر ئەم رەفتارانەی نزیکترین هاورێکانی خۆی بەجێیانهێشت ، عەبدوڵا گویل و عەلی باباجان و داود ئۆغلۆ و زۆری تر ،تەنانەت ئەردۆغان دەیان هەزار لەو پیاوە ریشدار و ژنە باڵاپۆشە گولەنیانەی خستە زیندانەوە کە لەیەکەم سەنگەرەوە پشت و پەنای ئەردۆغان بوون بۆ گەیشتنی بەدەسەڵات ئەم هەڵبژاردنە روداوێکی گرنگە ، کەوتنی ئەردۆغان سەردەمێکی زۆر تاریک کۆتایی دێت، هەرچەندە من باوەرم وایە ئەردۆغان بێ کێشە دەسەڵات رادەست ناکات ، ئەو هەژموونی بەسەر هەموو جومگەکانی دەوڵەتدا هەیە و ئەگەری زۆر هەیە دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بکات ، بەڵام پێویستە بە هەموو کوردێک ، هەموو ئازادیخوازێک بەشدار بێت بۆ کۆتایهێنان بە سەردەمی تاریکی ، سەردەمی ئەردۆغان
د. دانا حهمهعهزیز بەپێی ناوەندەکانی پێشبینی هەڵبژاردن لە تورکیا، ڕێژەی دەنگی هەردوو ڕکابەرەکە (کەمال کیلیچدارئۆغلۆ، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دا، لە یەکەوە نزیکن. بەپێی ئەو ناوەندانە، لەگەڵ نزیكبوونەوەی ڕۆژی هەڵبژاردن، دەنگی ئەردۆغان زیاد دەکات و جیاوازیی لەگەڵ کیلیچدارئۆغڵۆ کەمدەبێتەوە. ئەم دوو پیاوە، بە دوو ئاڕاستەی جیاواز بانگەشە دەکەن. پەیام و بەڵێنی کیلیچدارئۆغلۆ بۆ تورکیا، ئاشتکردنەوەی خەڵك، فراوانکردنی ئازادییەکان و کرانەوەو چارەسەری کێشەکانی تورکیایە لەوانە کێشەی ئابوری و کێشەی پەیوەندی لەگەڵ کورددا. بەڵام ئەردۆغان لەسەر دوو تەوەری هەستیار پەلاماری بەرامبەرەکەی ئەدات، ئەردۆغان لە بانگەشەیەکی هیستیریاویدا ئەقیژێنێ و داوا لە تورك ئەکات فریاکەون، هەڵوێست لە دژی کیلیچیدارئۆغڵۆ وەرگرن، چونکە ئەو هاوشانی تیرۆریستەکانی قەندیل بانگەشە دەکات و کار بۆ زەلیللی تورك و کەڵەگایی ئیمپریالیزمی خۆرئاوا دەکات بەسەر تورکیاوە. ئەم پەیامەی ئەردۆغان تاڕادەیەك کاریگەر بووە بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی دەنگەکانی، چونکە زۆرینەی نەژادپەرستەکانی تورکیاو زۆرینەی ڕەوەندی تورك لە ئەوروپا، لەگەڵ ئەم پەیامەدان، ئەوان بە پشتبەستن بە قسەکانی ئەردۆغان، خۆیان بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردن ئامادە دەکەن کە قەبوڵ نەکردنی ئەنجامەکان و تەنانەت لەناوبردنی خودی کەمال کیلیچدارئۆغڵۆشە، ئەوان دەڵێن کەمال نە کوردەو نە عەلەویی یە، بەڵکو ئەرمەنییەو ئامانجی تێکدانی تورکیایە! تەنها ٧ ڕۆژی ماوە بۆ هەڵبژاردن، تورکیا لەبەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدایە، جیاوازیی و ناکۆکیی نێوان هەردوو بەرەکە زۆر گەورەیە، ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێك بێت، پێکدادانی ناوخۆ لە ئەگەرە بەهێزەکانە. لە ئەگەری دەرچونەوەی ئەردۆغان و ڕاگەیاندی دیکتاتۆرییەتی ڕەهاشدا، پێکدادان هەر ئەگەرێکی بەهێزە، ئەردۆغان بەدەست شێرپەنجەی ناوسك و ڕیخۆڵەوە دەناڵێنێت و دوای سێجار وەرگرتنی کیمیاویی، تەمەنی ساڵێکی تر بڕ ناکات، بە مردنی خۆشی تەواوی دامەزراوە پەیوەستکراوەکانی دەوڵەت بە ئەوەوە، دەڕوخێن!
