نەوت و داهاتوی کوردستان.
2020-08-24 07:21:13
دانا نەقی
نەوت ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاو دەبینێت لە ڕووی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و سەقامگیری جیهان. لە ووڵاتی ئەمەریکا لە سەدەی نۆزدەوە نەوت بە سەرچاوەیەکی بەهێزی بەرهەمەکانی ووزە هەژمار دەکرێت. هەر بۆیە لە سەدەی بیستەوە دەستیان بە سەر ٤٠٪ ووزەی جیهان و نەوت گرتوە.
هەر قارەیەک یاخود هەردەوڵەتێک لەمپەری دروست کردبێت بۆ ئەمەریکا لەم سەرچاوە سروشتیەی ووزە، ئەوا بێ گومان ڕووبەروی نەهامەتی و قورسی ژیان و ڕووخان بوەتەوە. ئەمەریکا لە تەمەنی دەوڵەتداری خۆیدا سێ کات توشی قەیرانی ووزەو نەوت بوەتەوە ئەویش لە ساڵەکانی ١٩٧٣، ١٩٧٩، ١٩٩٠ خوێنەرانی مێژووی سیاسەت و شارەزایانی بواری سیاسی دەزانن هۆکاری ئەو قەیرانانە چی بوەو چەند دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پشت ئەو دادەپینەی ووزەی ئەمەریکا بون و ئێستا سەرۆکەکانی ئەو کات لە کوێن و مێژوو بە دەستی ئەمەریکا چی بە سەر هێنان، بە هەر حاڵ سەبارەت بە هەرێم و نەوت شت زۆرە بۆ نوسین و ووتن، بەڵام دەبێت کێ گوێبگرێت پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت و شاربەدەر بکرێن، بۆ وەڵامی دروست دەبێت حکومەتی هەرێم خۆی ڕابێنێ لە گەڵ ڕاستکردنەوەی هەڵە زەقەکانی، کە کردوونی لە ساڵی ٢٠٠٧ هەتاوەکو ئێستا. ڕوونە نەوت و سەرچاوەی سروشتی گەر بۆ دەوڵەتانی کەنداو ئاشنا بونیان بوبێت بە ئابوری مۆدێرنە ئەوا بۆ کوردستان ملیارات دۆلار قەرزاری کردین، گەر بۆ ووڵاتان مایەی خۆشگوزەرانی و گەشەی بازاڕو پیشەسازی بوبێت ئەوا بۆ کوردستان کۆمەڵێک بەرپرسی دەوڵەمەند کردو ئەوانیش بزنسی ئەم نەوتەیان دا بە دەستی هەندێک کۆمپانیای بیانی و شەریکە بەش.
بێ ئەوەی لەماوەی ئەم سیازدە ساڵەی ڕابردوو هەوڵدەن لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بۆ پێگەیاندنی کادری لۆکاڵی و ئەزمونکردنیان بۆ دەیەکانی داهاتوو، وە پشت ئەستور بن بە توانای مرۆیی ناوخۆ لەم بوارەدا، بە داخەوە ڕێگریش دەکرێت لە کۆمپانیا نەوتیە لۆکاڵیەکان بۆ کار کردن هەوڵدان بۆ بون بە خاوەنی کێڵگەو کۆنتراکت لە حەقلەکانی کوردستان، نمونە کۆمپانیای داینا ستی توانی پشکەکانی کێڵگەی کوردە میر، تۆپخانە بکڕنەوە لە کۆمپانیای ڕیسپۆڵ ی ئیسپانی لە بڕی هاوکاریکردنیان و دەستگرۆی کردنیان دێن سەرەڕایی دروست کردنی کێشە دواجار بێ بەشیان دەکەن و ڕێگەیان نادەن کار کەن، ئەمەش جارێکی تر کەسیایەتی حکومەت لە بەر نەزانی دەخاتە بەردەم دادگاو پەڕاوو میدیاکانی جیهان بۆ نیشاندانی ناشرینێکانی سیاسەتی نەوت لە هەرێم.
دەبێت حکومەتی هەرێم هەر زوو هەوڵدات بۆ بە نیشتمانی کردنی نەوت و سەرچاوەکانی ووزە شان بە شانی سێکتەرەکانی تر، نەک نەوت و کێڵگەکانی هەرێم لە دوو ووڵات تاپۆ بکرێت، وە ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا تەماشاکەر بن، تکایە ئاگادار بن ئەگینا نە کوردستان لە موسەدەقی ١٩٥١ بۆ ١٩٥٣ ئێران لێهاتوو ترە، نە وەک فەنزەویلاش خاوەنی عەقیدەی شوعی یە بەرگە بگرێت.