Draw Media

حەلای ئێزدی و سیلڤیای ئیتاڵی ھاوشێوەی یەک

حەلای ئێزدی و سیلڤیای ئیتاڵی ھاوشێوەی یەک

2020-08-23 10:15:24


 شوان سدیق: ئیتاڵیا

ھەردووکیان ئیسلام نەبوون، ھەردووکیان لەدوو ئایین و باوەڕی جیاواز، ھەردووکیان ڕفێنەرەکانیان گروپە ئیسلامییەکان بوون، کەچی ھەردوو کیشیان چوونە سەر باوەڕی موسوڵمان و ئیسلامییەکان.
سیلڤیا ڕۆمانۆ کچێکی ئیتاڵیە، حەلا مەحلۆ کچێکی ئێزدیە ھەردووکیان لەلایەن چەکدارە ئیسلامییەکان لەئەفریقاو عێراق ڕفێنران کەچی پاش ماوەیەکی زۆر ئازادکران دەبینی بوونەتە باڵا پۆش و چوونەتە سەر باوەڕی ئیسلامییەکان.
🔴 چیرۆکی سیلڤیا
ئەوان پێشتر چاوەڕێ بوون کچەکەیان لەدەستی ڕفێنەرە ئیسلامییەکان دەربازی ببێ، کەچی پاش ئازادبوونی تووشی سەرسوڕمان بوون!
پاش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ئایاری ٢٠٢٠ سیلڤیا ڕۆمانۆی کچە تەمەن ٢٥ ساڵ گەڕایەوە بۆ ئیتاڵیا.
سیلڤیا لە ٢٠ی نۆڤێمبەری ٢٠١٨ گروپێکی جیھادی لەوڵاتی کینیا دەستبەسەرکرابوو.
دواتر بەھاوکاری ھەواڵگری ئیتاڵی بەدوورین٣٠ کیلۆمەتر لە مەقادیشۆی پایتەختی سۆماڵ ئازادکرا
لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ڕۆما، لە فڕۆکەخانە لەلایەن جوسێپێ کۆنتێی سەرۆکوەزیران و دیمایۆ وەزیری دەرەوەو بەرپرسانی ئیتاڵی پێشوازیان لێکرد.
ئەوەی چاوەڕوانکرا وا دەرنەچوو، سیناریۆی کچە ئێزدییەکان دووبارە ببێتەوە، چونکە کاتێک کچە ئێزدییەکان لەدەستی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام ناسراو بە"داعش" ئازاد دەبوون جلوبەرگ و سەرپۆشەکانیان فڕێ دەدا.
بەڵام لەپاش گەڕانەوەی سیلڤیا بۆ ڕۆمای پایتەخت، ئیتاڵییەکان بینیان کچەکەیان، لەچکی کردوەو بووە بەباڵاپۆش زۆریش بەلایەوە ئاساییە.
ئەمە بۆ زۆرێک لەئیتاڵییەکان، بەتایبەتی ڕاسیست و ئەنتی ئیسلامی و ئیسلامفۆبیاکان، مایەی سەرسوڕمان بوو چونکە بەبۆچوونی ئەوان "سیلڤیا" لەلایەن گروپە ئیسلامییەکان دەستبەسەر کراوە، کەچی ئێستە جلوبەرگی کەلتوری سۆماڵی پۆشیوە!
بەشێکی دی لەئیتاڵییەکان پێیانوایە ئەمە ژیانی تایبەتی "سیلڤیا" خۆیەتی و ئازادە پێویست ناکات، کەس ڕەخنەی لێ بگرێ ئەوەی گرنگە ئێستە ئەو گەڕاوەتەوە بۆ نێو وڵات و خێزانەکەی.
سیلڤیا پێشتر وەک چالاکوانێکی خۆبەخش لەنێو منداڵانی ئەفریقی کاریکردوە و زۆرجار لەوێ ماوەتەوە.
🔴 چیرۆکی حەلا
حەلا مەحلۆ کچە کوردێكی ئێزدییە، دوای دەستگیرکردنی لە ساڵی 2014 ژیانی هاوژینی لەگەڵ ئەمیرێکی داعش پێکهێناوە، ماوەی چەند رۆژێکە بووەتە باسێكی گەرمی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و داوای دیاریکردنی چارەنووسی دەکرێت، داعش داوای ئازادکردنی دەکات و لەبەرامبەریدا فەرمانبەرێکی وەزارەتی ناوخۆی بەبارمتە گرتووە.
حەلا مەحلۆ لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەند ئەندامێكی دیکەی داعش لە کەرکووک دەستگیرکراوە.
بەڵام لەکاتی دەستگیرکردنی نەیگوتووە کوردی ئێزدییە و ترساوە قبووڵ نەکرێتەوە، پاشان لە دان پێدانان گوتویەتی کوردی ئێزدییە.
داعش نۆ مانگە فەرمانبەرێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی لە قەرەتەپە رفاندووە و بە بارمتە هێشتوویەتییەوە، 10 رۆژی داناوە تاوەکو حەلا ئازاد بکرێت و بگەڕێنرێتەوەی لای ئەوان، ئەوانیش فەرمانبەرەکەی هەرێمی کوردستان ئازاد دەکەن. ئەگەرنا بە گوتەی فەرمانبەرەکە کە نامەی دەنگی بۆ کەسوکارەکەی ناردووە "دەیکوژن".
خێزانەکەی حەلا ئێستا لە کەمپی شاریا دەژین و هێشتا سێ برا و باوکی بێسەروشوێنن. دایک و برایەکی ئەو کچە کوردە ئێزدییە سەردانیان کردووە، براکەی دەڵێت، "قسەم لەگەڵی کرد، داوای کرد بگەڕێتەوە نێو کەسوکارەکەی و دایکم ببینێت".
پاش ئەو ماوەیەی زۆر ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ئاب حەلا ئازادکراو ڕادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە.
ھاوڵاتیان وێنەی حەلایان بینی بەجلوبەرگی ئیسلامەوە تووشی شۆک بوون، ھەندێکیان پرسیویانە چۆن کەسێک ڕفێنڕاوەو دوای ھەر خۆی دەچێتە سەر باوەڕی ڕفێنەرەکان؟!
پاش گەڕانەوەی بۆ نێو کەسوکاری لە ھەرێمی کوردستان، دیارنیە ئایا حەلا ھەر لەسەر ئایینە نوێیەکەی دەمێنێتەوە یاخوود دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئایینی ئێزدی.
بەڵام جیاوازی خێزان و دورپشتی سیلڤیای ئیتاڵی لەگەڵ حەلا ئەوەیە سیلڤیا لەنێو خێزان و کۆمەڵگەیەکی مەدەنیە ئەو پاش ئەوەی گەڕاوەتەوە بۆ میلانۆی ئیتاڵیا لەسەر ئایینە نوێیەکەی خۆیەتی ڕێگریشی لێ ناکرێت!
چیرۆکی حەلا سەرچاوەی زانیاریەکان لە ماڵپەری رووداو وەرگیراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand