کوبا و ئێران.. وەک کەرەستەی وەبەرهێنان بۆ ئەمریکا
2020-08-24 17:28:59
کاوە محەمەد
رێککەوتنی ئەمدواییەی ئیمارات و ئیسرائیل، دەرگای ئەوەمان بۆ دەکاتەوە کە قسە لەسەر ستراتیژی دوورمەودا و پشوودرێژی (دێوەزمە) بکەین، بەتایبەت ئێستا (مایک پۆمپیۆ)ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەناوچەکەیە و بڕیارە دوای ئیسرائیل، سەردانی قەتەر و سودانیش بکات، چونکە ئەو دوو وڵاتە عەرەبیەش خۆیان بۆ رێککەوتنی هاوشێوەی (ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل) خۆشکردووە..
ستراتیژی (دێوەزمە ) لەسەر بنەمای (قوربانیدان بە وڵاتێک بۆ بەدەستهێنانی ناوچەیەک) داڕێژراوە..ئەمەش بەتایبەت لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی کوبا ( ١٩٥٩) لەلایەن واشنتۆن-ەوە پەیڕەو دەکرێت، لەو ساڵەدا کە ئەمریکا لەگەرمەی جەنگی سارددا بوو لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت، دامەزراندنی دەوڵەتێکی کۆمۆنیستی لەبن باڵی ئەمریکا (کوبا ) بە هەڕەشەیەکی گەورەی بلۆکی کۆمۆنیزم بۆ سەر بلۆکی سەرمایەداری دادەنرا، لەوساوە زۆر لەسیاسەتوان و شیکەرەوان پێیانوابوو کە ئەمریکا هەموو هێزی خۆی بۆ هەڵکەندنی ئەو (گرێ سەرەتانی)یە بەکاردێنێت، کەچی (فیدل کاسترۆ) کۆچی دواییکرد و ئێستاش هەر لەسەر پێ وەستاوە، ئەمەی واشنتۆن بێ توانایی و خەمساردی نەبووە، بەڵکو قوربانیدان بوو بە وڵاتێک (کوبا) بۆ بەدەستهێنانی کیشوەرێک (ئەمریکای لاتین)، چونکە لەدوای شۆڕشی کوباوە، هەرچی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی دیکەی ئەمریکای لاتین هەبوون، کەوتنەی هەڵپەی دەستڕاکێشاتی بنکەی سەربازیی و وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان، تا خۆیان لەبڵاوبوونەوەی ( پەتای کۆمۆنیزمی کوبی) بەدووربگرن و بە پشتیوانی واشنتۆن، لەسەر حوکم بمێننەوە.
بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران-یش بەهەمانشێوە؛ لەدوای سەرکەوتنی شۆڕش ( ١٩٧٩) و هاتنە سەرکاری مەلاکان، ئەمریکا ئەو وڵاتەی کردە قوربانی، تا ولاتانی ناوچەکە بۆ پاراستنی خۆیان لەهەڕەشەکانی ئێران، هەمیشە پێویستیان بە هێزی سەربازی و وەبەرهێنانی ئەمریکایی هەبێت..بێگومان باشترین رێگاش بۆ بەدەستعێنانی دڵی واشنتۆن، تێپەڕبوونە بە (تەلئەبیب ) کە وا وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش یەک بە یەک، دوای ئیمارات ریزیان بەستووە پێی بگەن..