Draw Media

ئەو خەونەی کە تورکیا هەموو شەوێک دەیبینێت

ئەو خەونەی کە تورکیا هەموو شەوێک دەیبینێت

2020-08-24 17:45:09


پەیڕەو ئەنوەر

تورکیا وا ناسراوە کە ناخەوێت، ئەگەر بشخەوێت خەون بە <گازی سروشتی> یەوە دەبینێت. دیارە لە دیدی تورک <گازی سروشتی> لە ئۆکسجین، لە ئاو و هەوا گرنگترە، پێویستترە! نوخبەی تورکی پێی وایە یەزدان گازی سروشتی بەهەموو دراوسێ، هەڤاڵەکانی تورکیا داوە بە وڵاتانی قەوقاز، ئاسیای ناوەڕاست، ئێران، رووسیا، کەنداو، عیراق، قوبڕس و یۆنان، سوریا و لوبنان و ئیسڕائیل ... هتد تەنها ئەوان نەبێت. وەک چۆن هۆڵەندییەکان پێیان وایە خواوەند شاخ و تۆبۆگڕافیای بەهەموو گەلانی دونیاداوە تەنها ئەوان نەبێت. دیارە سەد ساڵی رابردوو ئەم دووربوون و بێ بەشبوونە لە گازی سروشتی تورکیا کردووە بە ئۆبژەیەکی <خۆبەکەمزان Inferiority> لەناو هاوڕێ و دۆستەکانیدا، لاواز لەرووی جیۆپۆلەتیکی وزە! تورکیا واهەستدەکات بەبێ گاز پڕە لە گرێی ئۆدیب.

ئەردۆگان لەساتەوەختێکدا دێت باس لە دۆزینەوە و گەیشتن بە گازی سروشتی دەکات کە تورکیا پڕە لە قەیران و پەرتبوون. ئەم چیڕۆکی دۆزینەوەیە لەیادەوەری زۆرێک لە تورکەکاندایە بەتایبەت ئەوانەی لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە لەدایک دەبن و گەورەدەبن. تورکیا لە سەردەمی نوێدا ٣١ یەکەمین جارە مانیفێستۆی ئەوە دەکات کە گازی سروشتی دەدۆزێتەوە، چیتر کارییان بە خاوەن گازەکان نامێنێت، دەچنە سەر نەخشەی جیهانی وزە، ئیتر تورکیا وەرزی زستان خۆی خۆی گەرم دەکاتەوە. ئەم بیرکردنەوەیە هەستی پێش رووداوەکەیە، ڤێرجوال و وێنەیەکی دروستکراوە وەک چۆن <دۆڵۆز> رووداو دەکات بە ڤێرجواڵ و ئاكچواڵ! دەکرێت رهەندی ئاكچواڵی ئەم رووداوە بۆ تورکیا وا دابڕێژینەوە:

یەکەم: تورکیا دەیەوێت بکشێت! پێدەچێت لەرێگەی گازی سروشتییەوە، لەرێگەی دەریاوە خێراتر و ئاسانتر بکشێت. هەم لەباکوور لەڕێگەی دەریای رەشەوە و هەمیش لە باشوور لەڕێگەی لیبیا و قوبڕسی باکوورەوە. کشان لەسەر زەوی، کشان لەناو ئاو.

دووەم: گەیشتن بە گازی سروشتی بۆ تورکیا دەرگایەکە بۆ ئەوەی نەکرێتە نێو لەفەوە، ساندویچ نەکرێت و قوت نەدرێت لەنێوان ئێران و رووسیاوە. دیارە تورکیا کڕیاری هەمیشەیی ئەو دوو ئەکتەرەیە بەڵام وەک جیۆستڕاتیژ و جیۆسیاسی سەر بە دوو ناوەند و خەیاڵی جیاوازن.

سێیەم: ئەردۆگان و ئاکەپە لەناوخۆ، لەدەرەوە لە لاوازبوون، داتەپین و بچووکبوونەوەیە. بنەمای حکومڕانی وڵاتە لەرزۆکە! بانگەشەی دۆزینەوەی گازی سروشتی موسەکینێکی خێرا و کەم تێچووە بۆ بەجەماوەریبوونەوە، ئاشتبوونەوە، گرێدانەوەی کۆپەیوەندی و کۆیادەوەری لەگەڵ هاوڵاتیدا. دیارە ئەردۆگان رێگای زۆرە بۆ ئەم پڕۆسەیە، لەرێگەی ئاسمانەوە <ئایە سۆفیا> لەڕێگەی زەوییەوە <گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی عوسمانیزم> لەرێگەی ژێر زەوییەوە <گازی سروشتی> و رێگاکانی تر ...

کورت و پوخت، تورکیا خەون دەبینێت بەڵام ناتوانێت عەقڵانی بێت. ئەمڕۆ تورکیا پەرت و دابەشبووە، لەراستیدا <دڕاوە> وەک سامۆئێل هەنگتینگۆتن وا وێنای دەکات. گازی سروشتی ناتوانێت تورکیا بگۆڕێت بۆ هێزێکی عەقڵانی، لە قەیرانەکانی، لە ئاڵۆزییەکانی رایبکێشێت، بیکات بەخاوەن حکومڕانییەکی باش! وێنەی لە جیهانی دەرەوە بگۆڕێت. بانگەشەکە بۆ دیماگۆجکردنی خەڵکە، چۆن وا لە هاوڵاتی تورکی بکەیت چیتر بیرنەکاتەوە، تورکیای پڕ لە قەیران و کەوتووی بیربچێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand