(سەرکردە) کارتۆنی و بێدەسەڵاتەکان..!
2020-08-22 20:32:44
عەدالەت عەبدوڵڵا
کاتی ئەوەیە لەسەر دیاردەیەکی تری سیاسیی واقعی ھەرێمی کوردستان بوەستین، کە رەنگە، بەبێ ئەوەی بە وردی رەچاومان کردبێت، ھۆکارێکی ئەو قەیرانانە بێت کە تیایاندا ئەژین و سەرچاوەیەک بێ لەسەرچاوەکانی گەندەڵی و بگرە تێکچوونی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەو سیاسەت-یش، کە بەداخەوە، لەدواھەمین ھەڵبژاردندا، ھەڵبژاردنی (٣٠/٩/٢٠١٨ز)، زۆر بەڕوونی وەدەرکەوت کاتێک کە نزیک بە نیوەی خەڵکی دەنگدەری ئێمە بەشدارییان لەپرۆسەی دەنگداندا نەکرد، ئەمە جگە لە نزیکەی (٥٠) ھەزار دەنگی بەتاڵ کە ئەوەش، ھەر خۆی، ئاماژەیەکی تری ناڕەزایی بوو لەواقعی سیاسی ھەرێم و، دەبڕی ئیرادەی رەتکردنەوەی بەخشینی جارێکی تری متمانەش بوو بە پارتە سیاسییەکانمان، بەجیاوازی رەنگ و ئاراستەو ئایدیۆلۆژیایانەوە.
لێرەدا مەبەست لەدیاردەی (سەرکردە) بێدەسەڵاتەکانە لەناو پارتە سیاسییەکان، ئەو سەرکردانەی کە بە ناو و ناونیشان پلەی (سەرکردە)و ئەندامی سەرکردایەتی، یان ناونیشانی تری ھاوشێوەی سەرکردایەتییان لە پارتەکانیاندا ھەیە، بەڵام لەواقعدا، لەئاست ژمارەیەکی تر لەسەرکردەو کاراکتەری ناو پارتەکانیان، کەمترین دەسەڵات و کاریگەرییان لە بڕیارو ھەڵوێستەکاندا نییەو لە باشترین حاڵدا رۆڵی سەرکردەی کارتۆنی دەگێڕن!، واتە تەنھا ناو و پێگەیان، وەک ژمارە، لە ھەندێ بڕیاردا بەکاردەھێنرێت و بەھۆیانەوە شەرعییەت بەو سیاسەت و ھەڵوێست و بڕیارانە دەدرێت کە پێشوەخت لەحزبدا، لەلایەن کەسێک، یان چەند کەسێکی دیاریکراوی سەرکردایەتیی حزبەکەوە، داڕێژراون و یەکلاکراونەتەوەو ئەوانیش تەنھا رۆڵی ملکەچییان لەسەرەو ھیچیتر!.
بێگومان، راستە، ئەم دیاردەیە، تەنھا لەناو ژیانی سیاسی و واقعی حزبایەتیی ئێمەدا نییە. ئەمە حاڵی کایەی سیاسی و حزبایەتیی زۆربەی وڵاتانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و رۆژھەڵاتە بەگشتی. لەم ناوچەیەدا، دیموکراسی تائێستا بەشێک نییە لەکولتوری سیاسی تاوەکو حساب بۆ بیروڕای جیاوازو بڕیاردانی بەکۆمەڵ بکرێت و پەراوێزخستن و فەرامۆش روونەدات. کاتێک کە "فاروق سەبری"، نوسەرو سیناریستی بەتوانای میسری، چیرۆکی شانۆگەریی (الزعیم) دەنوسێت، کە یەکێک بوو لە بەناوبانگترین کارە شانۆییەکانی وڵاتی میسرو جیھانی عەرەبی لەساڵی(١٩٩٣ز)دا، باش دەزانێت کە واقعی رژێمە سیاسییەکانی ناوچەکە، واقعی تاکڕەوێتییەکی سیاسیی پەتیی کۆمەڵێک (سەرکردە)و (رابەر)ە لە حزب و دەوڵەتداو ھیچیتر، نەک واقعێکی سیاسیی کراوە بەڕووی جیاوازی و ئازادیی بیروڕاو سەرکردایەتیکردنی بەکۆمەڵ.
پەیامی ئەو شانۆگەرییەش، کە گەورە ئەکتەرانی میسری لەبابەت (عادل ئیمام) و ھاوشانۆکارانی، زۆر بوێرانە، لەسەر تەختەی شانۆ و بۆ ماوەی ٦ ساڵی تەواو(١٩٩٣ بۆ ١٩٩٩م) نواندیان، ئەگەر بەدیوێکدا، پەیامی رووتکردنەوەی ھەقیقەتی دیکتاتۆرییەت و تاکڕەوێتیی سەرکردەو رابەرەکانی ناوچەکە بووبێت، ئەوا بە دیوەکەی تردا، ریسواکردنی ئەو ملکەچی و بێدەسەڵاتی و زەلیلییە سیاسییەش بوو کە سەرکردەکانی تری تێدا دەژین، چ وەزیر بن، یان سەرکردەو کادری حزبی، بەتایبەتیش لەسایەی رابەڕە تاکڕەوو دەستەوتاقمەکانیاندا.
سەبری، دەیەوێت بڵێت: تاکڕەوێتی ھەر بەتەنھا بەرھەمی زگماکییانەی سەرکردەی نەخۆش و تاکڕەو نییە، بەڵکو زادەی بێدەنگیی ئەوانەشە کە لە رواڵەتدا بەشێکن لە سیستەمەکە، جا لەفۆرمی دەوڵەتدا بێت یان حزب، بەڵام لەناو سیستەمەکەدا، وەک بوکەڵە بەکاردەھێنرێن و لەبەرامبەر کۆمەڵێک ئیمتیازات و لەبەر ترسنۆکی و دەستگرتنیان بە کورسی و پارەی دزراوی میللەتەوە، ئەم دۆخە لە زەلیلی و ملکەچی قبوڵ دەکەن و دەبنە ھۆی چەسپاندنی زیاتری پایەکانی تاکڕەوی و دیکتاتۆرییەت و زۆرداریی سەرکردەکانیش.
واقعی کوردستانیش، ھەر ھەمان شتە. ئێمە چەندین پارتمان ھەیە کە ژمارەی سەرکردایەتییەکانیان لە سەرو (٤٠ ) بۆ (٥٠) و بگرە لە سەد کەس زیاتریش ئەبن، بەڵام لەتەواوی ئەو ژمارە گەورەیەدا، تەنھا چەند کەسێکی دیاریکراو کۆنترۆڵی تەواوی بڕیارو سیاسەتەکانیان کردووە، ئەوانیتر ئەرکیان تەنھا ملکەچی و وەرگرتنی ئیمتیازاتە لەبەرامبەر ئەم ملکەچییەدا!. ئەوانە، نەک ھەر سەرکردەی کارتۆنی و بێدەسەڵاتن، نەک ھەر کەسانی ھەلپەرست و داماڵراون لە خەسڵەتەکانی کاراکتەری سەرکردە، بەڵکو بە بێدەنگی و قڕقپییان لەدەیان بڕیارو سیاسەتی ھەڵەی حزبەکانیان، ھێندەی تر تاکڕەوی لەناو حزب و دەوڵەتیشدا دەچەسپێنن و حزبی سیاسیش لەھەموو بەھاو پرەنسیپ و چەمکێکی فکری و ئەخلاقی و سیاسی بەتاڵ دەکەنەوە، رەگێکی قوڵی ستەمکاریی سیاسی و دیکتاتۆرییەتیش، ھەر لەناو ئەم دیاردە مەترسیدارەدا چەکەرە دەکات و ئەستووردەبێت، بەداخەوە.