Draw Media

بت و بتەوانی(بیرکردنەوە ئیبراهیمییەکان) کێ بت-پەرست نییە؟

بت و بتەوانی(بیرکردنەوە ئیبراهیمییەکان) کێ بت-پەرست نییە؟

2020-08-24 08:13:03



بەهمەن تاهیر نەریمان
بت خاوەنی پارێزبەندییە و لە هەموو ڕەخنە و گومان و چاکسازییەک دەبوێردرێت. ئامرازی (بەبتکردن) بریتییە لە کێشانی خەرمانەی پیرۆزیی بەدەوریدا، ئیتر ئەوەی لە بتەوە بێت، پیرۆزە، بیرو گوفتار و ڕەفتارێک لەبتەوە سەرچاوی گرتبێت دەستلێنەدراوە و جێی ڕەخنە و سەرزەنشت نییە، ئەوەی دژی بێت سەر بە دنیای شەڕە و گڵاوە.
ئەوەی بەهەڵە لە بت تێگەیشتوین ئەوەیە وا دەزانین بت بریتییە لە پەیکەرێکی ڕەق و تەق و بینراو و دەرنشینە، لە دەرەوەی خۆمان پەیکەرێکمان لە ماددە بۆ کردووە. ئەمە سادەترین جۆری بتە، بتی هەقیقی نەبینراوە، لە دەرونماندا خۆی حەشارداوە، ناونشینەو لە زەینماندایە، ڕووپۆش و ناوپۆشکراوە، مرۆڤ بەئاسانیی دەرک بە بتی سایکۆلۆژی و ناوەوە ناکات، بۆیە بەئاسانیی نکوڵیی لێدەکات، بتی نامادی و ئەبستراکت، دەرککردنی ئاسان نییە، زیرەکیی دەوێت، بەڵگەی دەوێت تا بیسەلمێنیت، هۆشیاریی دەوێت تا پەیی پێبەریت و بناسرێتەوە. بۆ نمونە؛ کەسێک پەیکەریکی داناوە و کرنوش و سوژدەی بۆ دەبات، ئاسانە پێی بڵێیت تۆ بت-پەرستی، بەڵام زۆر گرانە بە دکتاتۆر یان ستەمکارێک بڵێیت تۆ بتیت، لەوە گرانتر بە شوێنکەوتوەکانی بڵێیت تۆ بت-پەرستیت!
مرۆڤایەتی هەرگیز قۆناغی بت-پەرستیی تێنەپەڕاندووە و لە قووڵایی بت-پەرستیدا ماوەتەوە. تەنها بتەکان دەگۆڕدرێن، جێگۆڕکێ بە (شوێندان)ـی بتەکان دەکات. بت-پەرستی یەکێکە لەو پەتایانەی مرۆڤایەتی توشی بووەو بەدەستییەوە ناڵاندویەتی، لە ئێستاشدا هەر بەدەوامە، جێگۆڕکێیەک کە بە بت-پەرستی کراوە ئەوە نییە ژمارەی بتەکان کەمبوونەتەوە، ڕەنگە وەک خۆیان مابنەوە، بەڵکو ئەویە؛ بتی خاوەن پەیکەر کەمبووەتەوە و لەجێی ئەو بتی نابەرجەستە و ئەبستراکت جێی گرتوەتەوە.
مادام بت-پەرستی لەناو چوارچێوەی بەپیرۆزکردندایە، کەواتە ڕەخنە قبوڵناکات، بڕوای بەوە نییە نەک باسی کەموکووڕییەکانی بکرێت، بەڵکو دان بە کومورتییەکانی خۆیدا نانێت. کەسی بەبتبوو خۆی لەسەروو ڕەخنە و لێپێجینەوە دەبینێت، کاتێک دەگوترێت فڵانە کەس ئەوەی دەی کات لێی ناپێچرێتەوە و لەسەروو لێپێجینەوەوەیە ئەوە بتە و بووە بە بت. هەر کەس، دامەزراوە، حزب، مەزهەب، گروپ و ئایدیۆلۆجیا لەسەروو ڕەخنەو پرسیارکردنەوە خۆی دانا، ئەوە داوای تەقدیس و بەبتبون دەکات، داوای خوداداریی دەکات. مامۆستا کە ڕەخنەی قوتابییەکەی قبوڵناکات، ئەوە داوای ئەوە دەکات قوتابییەکانی بیکەن بە بت. سەرکردە کە پێی وترا (بیستمان و گوێڕایەڵین) ئەوە بووە بە بت و خەڵکەکە بەندەن. مەلای دینی مادام ڕازی نەبوو لەسەر دوانگەکەی ڕەخنەی لێبگیرێت، خۆی کردووە بەبت، هەر یەک لە سیستمی دینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی، مادام خۆی لەسەروو ڕەخنەوە دانا، ئەوە داوای بەبتبونی خۆی دەکات.
دینە-یەکتاپەرستەکان لەسەرتادا شەڕی گەورەیان لەگەڵ ئەقڵی بت-پەرستی کردووە، بتی بەبەردبووی ماتریاڵیان لابرد، بەڵام بتی ناو زەین، ئەو بتەی لە وشە دروستدەکرێت، ئەوە بتەی وەک چەمک و وێنەی زەینی دەمێنێتەوە؛ دەستیان بۆ نەبرد. لە ئێستادا، ئاینە یەکتاپەرستەکان پڕپڕن لە بتی داتاشراو بە وشە، بتی دەقێکی پیرۆز، بتی شێخێک، پێغەمبەرێک، دەسەڵاتدارێک، مێژویەکی پیرۆزکراو، شوێنێکی پیرۆزکراو، بتی سامان، بەناو شیپاڵۆک(فلتەر)ی یەکتاپەرستیدا تێدەپەڕن و ناپاڵێورێن، چونکە ئەم ئەقڵە، دوای مەرگی ئیبراهیمەکانی ناویان، کاهینەکان هاتوون و جارێکی تر ئەقڵی بت-پەرستی بە وشە دادەڕێژنەوە. ئەقڵی دینی وا سادەبووەتەوە پێی وایە دانانی پەیکرێک لە ماڵدا، وەک کارێکی هونەری و جوانی، حەرامە، چونکە ئەوە بتە، لەوە ناگات، ئەم پەیکەرە لە خواوەندیی خراوەو تەنها کارێکی هونەرییە، کەچی درکیش بەوە ناکات، هەر خۆی ڕوکاری دەقی لێبووە بە بت و پیرۆزی دەکات، ناتوانێت لێی دەربچێت.
دەکرێت بت سیاسییەکی بەدەسەڵات بێت، دەکرێت پیاوێکی دینی بێت، دەکرێت ڕۆحانییەک بێت، دەکرێت لە ژیاندا بێت، یان مردبێت، دەکرێت سەرمایە بێت، ئیتر سەنەم لای مرۆڤی دێوانە بەبت دەکرێت لە داهاتوودا بێت(وەک چاوەڕوانی ڕزگارکەر لەناو زۆر ئایدۆلۆجیای دینی و نادینیدا).
چاوگەی مەعریفیەی بت-پەرستی نەزانی و بیرنەکردنەوەیە، سیستمێک کە دەبێتە بت، هەمیشە لە بیرکردنەوەی ئازاد و کەسی ئازد دەترسێت، لەناو ڕژێمە پەروەردەییەکەیدا لەجێی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، بیری تەڵقینی برەوپێدەدات، لەجێی برەودان بە ئەقڵی داهێنەرانە، ئەقڵی لاسایگەراو تەقلیدی و جوینەوە برەوپێدەدات، سەیری سیستمی پەروەردەی خۆمان بکە، بەئاسانی بۆت دەردەکەوێت سایکۆلۆژیای تاک ئامادەدەکات بۆ قبوڵکردنی بتەکان، نەک شکاندنی بتەکان. 
زمانی بت-پەرستی خاوەنی ئەدەبیاتی خۆیەتی، دابەشکردنی کەسەکان بۆ شوان و مێگەل، بۆ بەندە و سەردار، کۆیلە و خاوەن کۆیلە لە ناو زمانی بت-پەرستییەوە چاوگەیان گرتووە. لەناو حزبی کوردیدا کە دەوترێت: سەرۆکی نەمر و هەمیشەیی، ئەزبەنی، ڕابەری نەمر، جەنابی ئەمیندار، دەوڵەتمەدار، جەنابی ئەمیر، براگەورە، سکرتێری گشتیی، ناوی کەسیی خۆیان لادەبرێت، ئیتر کاندیددەکرێن تا بە پرۆسەی بەبتبوندا ببرێت، ئەمانە ئەدەبیاتی بتگەریین، ئیتر بت بەرەبەرە دادەتاشرێت، دواتر لەگەڵ زیادبوونی دەسەڵاتیان وەک بت خۆیان بەشایەنی هەرهەری و هەمیشەیی دەبینن، خەڵکی تریش دەبێت ویردی سەرزمانیان بۆ ئەم بەبتبوانە وتنەوەی ئەو وشە داتاشراونە بن کە بت لێیان ڕازی دەبێت. مەزاری نەمران، ئەزهەری شەریف، بیارەی شەریفە، مەککەی موکەڕەمە، نەجەفی ئەشرەف، مەزارگەی پیرۆزی فڵان شێخ... کە ئەم گوزارشتانەیان بۆ بەکارهات، ئەوە ئەمانە لەناو ئەدەبیاتی بتخانەدا ناویان بۆ داتاشراوە و پەرستگەی دانانی بتن.
پەروەردەی سیتمی بەبتبوو، کەسەکان بە بچوکی پەروەردەدەکات، وایان لێدەکات هەرگیز هەست بە بوونی سەربەخۆ و گەورەیی خۆیان نەکەن. هەمیشە مرۆڤی بودەڵە و بڕوابەخۆنەبو دروستدەکەن، مرۆڤێک هەمیشە گرێی خۆبەکەمزانین و ڕقلەخۆبونەوەی تێدا بێت، مرۆڤێک خۆی بەشایستەی ژیانێکی شەرەفمەندانە و مەزن نەزانێت، مرۆڤێک چێژێکی ساختە لەم بودەڵەییەی خۆی ناگۆڕیتەوە بە چێژی هەقیقی مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن وجودی سەربەخۆ. لەبەرانبەریشدا سەرکردەکانت بۆ بڵنددەکات، لەپایەی مرۆڤبوون بەرەوسەرەوەیان دەبات، بۆگەنیان دەبێت بە میسک و گوڵاو، وتەیان دەبێت بە وتەی پیرۆز و پڕ لە حیکمەت!
بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی بتپەرستان دروست بکەیت، مرۆڤەکان بچوک پەروەردە بکە. خۆبەکەمزانین لەناو دڵیاندا بچێنە. وایان لێبکە وابزانن سەرکردەکان هەموو شت دەزانن و ئەمان هیچ، وایان لێبکە بیان کە بە مەڕ، سەرکردە شوانەکان نەبن ئەمان ناتوانن بەرگری لەخۆیان بکەن و گورگ دەیان خوات، پیاوە ئاینییەکان نەبن؛ ئەمان ڕێی پەرستن و بەرەوخواچوون و ساڵحبوون نادۆزنەوە، سەردارەکەی نەبێت، ئەم لەبرساندا دەمرێت، مامۆستاکەی نەبێت، ئەم بیری بۆ ناکرێتەوە.
 سیستمێکی سیاسی، دینی، کۆمەڵایەتی، ئابووری... کە نەگۆڕدرا و بڕوای بە گۆڕان نەما، کە گەشتە ئەو قۆناغەی پێی وا بێت ڕژێمە دینی، مەزهەبی، سیاسی، کۆمەڵایەتی...یەکەی خۆی هەقیقەتەو نابێت نوێبکرێتەوەو بگۆردرێت، ئیتر ئەو سیستمە بووە بە بت، شوێنکەوتوانی وا پەروەردەدەکات پاڵی لێبدەنەوە و خەریکی سیستم لێسانەوەبن، خەریکی بتپەسرتی بن.
سیستمی بەبتبوو، سیستمێکە بە زەبروزەنگ خۆی دەهێڵێتەوە، ئەندامەکانی کۆمەڵ توشی ترس و دڵەڕاوکێ دەکات. پەروەردەکەی پەروەردەیەکە مرۆڤی دووڕوو و سیستم پەرستبن، مرۆڤ گەلێک پەروەردەدەکات ئەگەر سیستمەکە دینی بێت، مرۆڤەکانی جەوهەرێکی خۆپەرست و دنیاپەرستیان لێدروستدەکات، بەڵام لە ڕوکاردا دینین، دەم یان پڕە لە خودا و دڵیان پڕە لەناخودا، باسی هیچیی دنیادەکەن و ماددەپەرستی وەک خۆیان کەمە. سیستمی سیاسی بەبتبوو، خەڵکێک پەروەردەدەکات لە ڕوکاردا دڵسۆزی ڕژیمەکەن، بەڵام لە گەوهەردا دڵسۆزییەکەیان ڕاستەقینە نییە و ساختەیە. ڕژێمی بەبتبوی کۆمەڵایەتی، لە پەیوەندییەکانیاندا تاکەکان لە ڕووبەڕوودا دڵسۆزی یەکتری دەربکەون، بەڵام لە پاشملەدا خەریکی تێکشکاندنی یەکتری و زەموزەمکارین، چونکە ئەم جۆرە ڕژێمە مرۆڤی دووڕوت بۆ پەروەردەدەکات.
بت لە بواری سیاسی، دینی، کۆمەڵایەتی، دەرونییەوە خۆی دەخزێنێتە ناو سیستمی بیرکردنەوەمان، هەرگیز ئەوە مەرج نییە کەسێک ڕووپۆشی ئازادیخوازی پۆشیبێت و بتپەرست نەبێت، مەرج نییە دینداربێت و بتپەرست نەبێت، دەکرێت، سەری زمان و بنی زمانی باسی یەکتاپەرستی بێت و لە پەرستگەی بتەکاندا کاهین بێت. دەکرێت خۆی بەدەرونناس بزانێت و دەرونی پەرستگەی بت بێت.
لە ئێستادا و لە دونیای نادیمۆکراسیی ئێمە، سیستمی دینی و سیاسی، لە بت-پەرستیدا دژی یەک نین، یەکتری تەواودەکەن، سیستمی دینی پێی وایە ملهوڕ کەسێکە کە شەریعەتی دانراو، جگە لە شەریعەتی دینی، پیادەدەکات، ملهوڕ لەم دیدەدا، بەم کارەی داوای خوداداری دەکات. بەهیچ شێوەیەک دەسەڵاتدارێکی ملهوڕ، مادام شەریعەت جێبەجیدەکات ستەمکار نییە و لەناو ستەمەکەشیدا بتی سەرکردەی ستەمکار دانەتاشراوە، تەنها لەبەر ئەوەی شەریعەت جێبەجێدەکات و بەڕووکار؛ داوای خوداداری ناکات. لە مێژوی ئیسلامیدا، هەر بەهۆی ئەم دیدەوە، دەسەڵاتی ئومەوی و عەباسی و عوسمانی کە دەسەڵاتی بنەماڵەی پیرۆز بوون، پێشیان وتراوە خیلافەتی ئیسلامی، خەلیفەکانیش خەلیفەی موسڵمانان بوون، تا ئاستی موقەدەسکردن  موقەدەس بوون، سوڵتان عەبولحەمید لە ساڵی ١٨٧٦ کە دانی بەدەستوری نوێی عوسمانییەکاندا نا، لە ماددەی پێنجیدا هاتووە: (خودی حەزرەتی سوڵتان پیرۆزە و لێی ناپرسرێتەوە)، ئەم بەبتکردنی سوڵتانە، فلتەریی ئاینی ئەوسا، ئەم بەخواوەندکردنە قبوڵدەکات و بە شرکیشی نازانێت، ئەم جۆرە سیستمە ئاینییە سەرچاوەی داننانە بە ملهوڕی سیاسی، شەرعییەتی دینیشی بۆ دادەتاشێت. 
بت-پەرستی سیستمێکی زۆر بەهێزە و زۆر ورد کاری خۆی دەکات، ئاسان نییە مرۆڤ بانگەشەی ئەوە بکات بڵێت من خۆم لە بت-پەرستی پاککردوەتەوە، خۆ ئەگەر بانگەشەشی بۆ بکات؛ ڕەنگە تەنها بانگەشە بێت، خۆی ئاگایی ئەوەی نەبێت بتەکانی ناو ناخی دەستنیشان بکات و دان بە نەخۆشیی بت-پەرستیدا بنێت.
تەنها هۆشیاریی و هۆشیاربوونەوە دەکرێت وامان لێبکات بتەکانی ناومان ببینین، بەڵکو ناهۆشیاری وامان لێدەکات نکووڵی لەو هەموو بتە زۆر و زەوەندە بکەین کە لە دەرونماندا چێنراون، بت-پەرستی جاری وا هەیە ئەوەندە وردو بێدەنگ لەناوماندا کاردەکات، لە خشەی پێی مێرولەیەک بێخشپەترە، تەنها گوێی هۆشیاربووەنەمان دەتوانێت بیبیستێت، تایەفەی قاڵ و قیڕەقیڕ بتەکانی ناخمان لێوندەکەن و بەشتی ترەوە دەسخەڕۆمان دەکەن، تایەفەی قیل و قال ئەو تۆوە ئیبراهیمییەی لەناوماندایە دەکوژێت و تۆوی بتپەرستی و کۆیلەبوونمان بەهێزدەکات.
کاتێک ژنە زیناککەرەکەیان هێنایە بەردەم مەسیح تا سەنگەساری بکەن، ئەو وتی کێتان تاوانی نەکردووە با یەکەم بەردی تێبگرێت، ئێستا کێمان بتپەرست نییە با دەستبەرزبکاتەوە، لێرە نا، با بچێت لەناو ئاوێنەکەی ناخییەوە لە دەرونی بڕوانێت و بڕیاری خۆی بدات کە ئایا بت-پەرستە یان نا؟
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand