کام خۆ پێشاندان...؟
2020-08-23 13:00:04
سەهین موفتی
ئەم نەوەیەی ئێستێ، نەیدیوە دایک و باوکی بە شەق بەرەو سندوقی دەنگدان ببەن، بە زۆری زۆردارێتی دەنگ بە حیزبی بەعس و سەرۆکەکەی بدەن، ئەم نەوەیەی ئێستێ، نەیدیوە رایان مۆڵی هەولێری ئێستا پێشتر چی بوو، چۆن باڵەخانەیەکی چوار نهۆمی بە ژێر زەمینەکەیەوە، تاڵان کراو تەنانەت شیشی نێو بناغەو چیمەنتۆکانیش دەرهێنران(هێزی پاتار)، هوتێلی شیڕاتۆنیان بیرنایەت چۆن ببوو بە بێژینگ، پاشماوەی شەڕی براکوژی...!
کام خۆپێشاندان؟
ئەم هەموو خۆ پێشاندانەی لە هەولێر لە ساڵانی رابردوو کران، لە کام شاری کوردستان کرا؟ لێ لەودەمەی زاندرا ئاڕاستەو رێڕەوی خۆپێشاندانەکان دەگۆڕدرێت و گروپە داعش فیکرو ئیخوانییەکانی ئەودەم و ئۆکتۆبەرچییەکانی ئێستێ دەیانەوێت سواری شەپۆلەکە بن، ئیدی هەولێرو هەولێرییەکان نایانەوێت، نەخۆشخانەکان بسوتێنن، نایانەوێت دام و دەزگای حکومی وێران بکەن، ئاخر ئەمانە هەمووی موڵکی گشتین، هی سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران نین، هی سکرتێری پارتی و یەکێتی نین،نموونە خۆپێشاندان بوو بۆ دژایەتیکردنی ئێران و تورکیا بۆ وەستاندنی تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکان، بە سوتاندنی دوکانی مەیفرۆشەکان کۆتایی هات...!
هەولێرو هەولێرییەکان، هێندەی لەخەمی ئاوەدان و رازاندنەوەی زێدەتری شارەکەن، بیر لەوە ناکەنەوە زەرەر بە شوێنێکی گشتی بدەن، بەڵکێ بیانەوێت گورز لە حیزبێکی ناخزمەتگوزار بدەن، بەبێ دەنگی، بە ئارامی، رۆژی دەنگدان، تۆڵەی لێ دەکەنەوە....!
ناچن شارەوانی و قایمقامییەت و نەخۆشخانە بسووتێنن، هەزار جاران رقیان لە قایمقام ببێت، سکاڵا لای پارێزگار دەکەن، کە رقیان لە پارێزگار هەستێت، سکاڵا دەبەنە سەروی ئەو، کە رقیان لەسەروی ئەم هەستێت، شەڕی دەنگدانیان لەگەڵ دەکەن.
خۆپێشاندان، دەبێت هەبێت، داواکرنی ماف، دەبێت هەبێت، بەڵام کام جۆری خۆپێشاندان؟
خۆپێشاندانێک، بۆ گەیشتنی نەخوێندەوارو هیچ نەزان بە پەرلەمان؟