لەنێوان گورگ و ڕێویدا
2020-08-24 12:50:29
پەیكار عوسمان
- سیاسەت وەكو چالاکییەك بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگاو بۆ خزمەتی گشتی، مانای خۆی لەدەستداوەو ئێستا لە سیاسەت، تەنیا درۆو فێڵ و بەرژەوەندی تایبەتی ماوەتەوە. لێرەشەوە ئیتر ئێمە پێویستمان بە سیاسەتێکە دژی خودی سیاسەت، بۆئەوەی سیاسەت ببێتەوە بە خۆی!
- ئەم سیاسەتە حازرییە، کە بەگشتی یەکسانبۆتەوە بە درۆ، بەتایبەتیش لە بەرەبەری هەڵبژاردندا، تاوئەسێنێ و ئەگاتە لوتکەی خۆی، یەعنی لوتکەی درۆ. مەسەلەن ئەوەتەی کازمی ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی دیاریکردوە، لە عێراق و لە هەرێمیش، "سیاسەتی درۆ" خەریکە خۆی دەمەزەرد ئەکاتەوەو گەڕێکی تری لافای درۆی سیاسییەکان خەریکە هەڵئەستێ!
- بەوبەختی ئەوەیە کە، ئەم لافاوی ناڕەوای درۆیە، هاوکاتە لەگەڵ لافاوی ڕەوای ناڕەزایی خەڵك. ئیتر ناڕەواکە تێکەڵی ڕەواکە ئەبێ و عادەتەن یارییەکەش لە بەرژەوەندی ناڕەواکە کۆتایی دێت. چونکە سیاسەتی درۆ، لەسەر پاڵەوانبازی و خۆدەرخستن و شۆی ئیعلامیی وەستاوەو دۆخی ناڕەزاییش باشترین ستۆدیۆی تۆمارکردنی ئەو فیلمەیە! ئێ خەڵکەکەش بایی ئەونە هۆشیاریی نیە، کە نەیەڵی ئەم ڕەواو ناڕەوایە تێکەڵببن، چونکە هۆشیاری خەڵك، هێشتا هۆشیارییەکی چاوییەو بەرزنەبۆتەوە بۆ هۆشیارییەکی عەقڵیی!
- خۆ ڕەنگە کازمی، وەکو کەس و وەکو سەرۆك وەزیرانیش، لەوانیتر باشتربێ، بەڵام لەباشترین حاڵداو بە پشتیوانی ئەمریکاش، تەنیا ئەتوانێ گێڕێك باشتربێ، نەكئەوەی هەڵگەڕانەوەیەكی ئەخلاقی بە دنیای سیاسەت بکات. ئاخر خودی کێشەکە، ئەو سیاسەتە نائەخلاقییەیە کە لەسەر شۆی ئیعلامیی وەستاوە، دەی ئەمیش پاڵەوانی ئەوێیەو ڕێك لەوێوە دەستیپێکردوە!
- بۆیە ئومێدی گەورەی لەسەر هەڵناچنرێ و لەڕاستیدا چەنێك بۆی هەیە گێڕێك باشتربێ، ئەونەش بۆی هەیە پێچەوانەکەیبێ، چونکە لەڕاستیدا ئەو نەهاتووە دنیایەکی تر بهێنێت، هاتووە لەناو هەمان دنیادا لەوانیتر باشتر دەرکەوێ. نەهاتووە ئەخلاقێکی سیاسی تر بهێنێت، هاتووە لەناو هەمان ئەخلاقدا بڕێك کەمتر بەدئەخلاق بێت!
- دەی ئەو گۆڕانە ڕووکەشییەش دەردی عێراقییەکان تیمار ناکاو ئەمە وەك ئەوەیە کابرا سەرەتانیبێ و تۆ پانادۆڵی بۆ بنوسیت! لەڕاستیدا عێراق و عێراقییەکان بە هەرێمیشەوە، پێویستیان بە گۆڕانێکی جەوهەرییە نەك ڕوکەشی. پێویستیان بە گۆرانێکی ئەخلاقییە نەك ئیعلامیی. پاڵەوانی ئەخلاقی کارەکان وەکو ئەرك ئەکاو پاڵەوانی ئیعلامی وەکو نمایش!
- لە شۆو نمایشیشدا، جارێکی تر سیاسەتی نائەخلاقی تۆخئەبێتەوەو جارێکی تر درۆو هەڵخەڵەتاندن دروستئەبێتەوە، لێرەشەوە جارێکی تر جەهل و ناهۆشیاریی خەڵك قووڵئەکرێتەوە، لەکاتێکا لەپاڵ ستەمی دەسەڵاتدا، جەهلی خەڵك دیوەکەی تری کێشەکەیەو چارەسەریش هۆشیاریی گشتییە نەك خەڵەتاندنی گشتی!
- هۆشیاری لە ئارامیدایەو جەهل و ناهۆشیاری لە حەماسەت و فەوزادا. سیاسییەکانی ئێمەش هەرگیز لێیان ناوەشێتەوە کە کەشی بیرکردنەوەت بۆ بڕەخسێنن، چونکە ئەوان لەسەر خەتی سیاسەتی نائەخلاقیین و لەوێشەوە هەر ختوکەی عاتیفەت ئەدەن و هەر کەشی حەماسی و فەوزات بۆ ئەخولقێنن بۆئەوەی هۆشت خەبەری نەبێتەوە!
- لێردا ئیتر تۆ ئەبێ، هەر خۆت و لەناو خۆتداو لەگەڵ خۆتدا، کەشێکی ئارام و دابڕاو، بۆ بیرکردنەوە بڕەخسێنێت و عەقڵت لە نەبوونی ناو فەوزاکەی ئەوان، دەربێنیت و ڕێگەی بدەی کە هەبێ و بکەوێتە دۆخی بوونەوە، ئینجا ئەو عەقڵە شتەکان بخاتە ناو خۆیەوە!
- بۆ ئەمەش بێدەنگی باشترین دەنگەو لەڕاستیدا کارەکە تەنیا بە بێدەنگی ئەکرێت. بێدەنگی بەمانای تەسلیبوون و بێهەڵوێستی و خۆگێلکردن لە ستەم نا، بێدەنگی بەمانای ئازادبوون لە دەنگەدەنگ و فەوزاکەی ستەم، کە ئازادبوون لە خودی ستەمیش هەر لەوێوە دێ و هەر ئەکەوێتە دوای ئەو بێدەنگبوونەوە. چونکە لەوێدا، ئیتر دەنگی جەهلی دەرەکی کۆتایی دێ و دەنگی عەقڵی ناوەکی دێتە گۆ، تەنیا ئەم دەنگەش دەنگی ڕاستەقینەی تۆیەو تەنیا ئەم دەنگەش دەسکاری دنیا ئەکات، چونکە ئەم دەنگە خودی دەسکارییەو هەر ئەونەی کە هەبوو، یەعنی دەسکارییەك و گۆڕانێك لە تۆدا ڕوویداوە!
- ستەمکاریی درۆیەو درۆش ستەمکارییە. ئەمیان بە درۆو دەلەسە حوکم ئەکاو ئەویان ئەیەوێ بە درۆو دەلەسە حوکم بگرێتە دەست. تۆش کە دژی ستەمکارییت، ئەبێ پێش هەرشتێ دژی درۆبیت، نەكئەوەی بەتەمابیت درۆزن ستەمکارییت بۆ بڕوخێنێ و درۆ عەدالەتت بۆ بهێنێ!
- خۆ من ئەزانم شتەکە قوربانیی ئەوێ، بەڵام قوربانی باجی ڕاستییەو ئەبێ بۆ ڕاستی بدرێ نەك بۆ درۆ. قوربانی ئەبێ بۆ گۆڕینی ئەخلاقی سیاسی بدرێ نەك تەنیا بۆ گۆڕینی دەموچاوی سیاسی. بۆیە پێش قوربانیدان ئەبێ هۆشیاریت بە ڕاستی و درۆ هەبێت، بۆئەوەی ڕەنج بەخەسارنەبیت و بە قوربانیدانەکەی تۆی بێ گیرفان، کەسێك نەبێ بە پەرلەمانتاری سی ملیۆنیی!
- کابرای ستەمکار شەق ئەوەشێنێ و دەسەڵاتەکەی خۆی پێ ئەپارێزێ. کابرای موعارەزە وەبەرهێنانی سیاسی لەسەر ئەو شەقە ئەکاو ئەسڵەن پێ ی خۆشە شەق هەیەو حەزئەکا بەریشیکەوێ و بیکا بە ڕیکلام بۆ خۆی. یەعنی ئەم دووانە هەردوکیان نانی شەق ئەخۆن و هەمان کولتوری شەقوەشاندن قووڵئەکەنەوە. باجەکەشی هەر کوڕی فەقیر ئەیدا. ئاخر ئەوەی کە ئەیوەشێنێ کوڕی فەقیرەو ئەوەی کە بەری ئەکەوێ کوڕی فەقیرە، ئەوەشی کە بەرهەمی شەقەکە ئەچنێتەوە هیچکام لەم دووانە نین کە فەقیرن بە نان و بە هۆشیاریی، بەڵکو ئەو دووانەی ترن کە تێرن بە فەسادو فەقیرن بە ئەخلاقی سیاسی!
- ئەگەر سێیەمێکیش بۆ ئەو دووانە ئیزافە بکەم، خودی کوڕی فەقیرەکەیە، ئاخر ئەویش لە شوێنێکدا ئەداتە گێڕی شەقوەشاندن و ئەسوتێنێ و تێکئەداو بەردو دەبە ئەهاوێ.. لێرەشدا دەسەڵات و موعارەزەو خەڵك، هەرسێکیان ئەبنە سێکوچکەی شەقاوەیی و ئیتر هەموومان ئەبینەوە بە هەمان شت و ئاو ئەکەینەوە ئاشی هەمان عەقڵیەت و ئەخلاقیەت، لەکاتێکا خۆپیشاندان هەر بۆ ئەوە باشە، کە ئەم عەقڵ و ئەخلاقەی تیا ڕەتبکەینەوە، بەوەی کە عەقڵ و ئەخلاقێکی تری تیا پیشان بدەین!
- یەعنی لەڕاستیدا منو تۆ لەسەر جادە، شەڕی یەکەممان لەگەڵ خودی خۆماندایەو بۆ ئەوەیە کە توندوتیژ نەبین و نەکەوینە ناو مەنتیقی شەقاوەییەوە. شەڕی نان و ئازادی و فەسادو ستەمکاری و هەموو شەڕەکانی تریشمان لەگەڵ ئەو، پلە دوون و پلە دووەکانیش هەرچەن ڕەوابن، هەر ئەوەی یەکەمیان ڕەواترە، چونکە تۆ لەوەی یەکەمیانەوەیە کە ئەکرێ جیاوازبی، یان هەر ببیتەوە بەو!
- لەڕاستیدا ئەگەر گێژانە بچینە سەر جادەو ئەم هۆشیاریی ناتوندوتیژییە بۆ خۆمان نەکەین بە فلتەرو بە پێشمەرجی خۆپیشاندان، ئەوکات جگە لەوەی لە توندوتیژیدا ئەبینەوە بەو، ئەشبینە ئەکتەرێکی باشی ناو سیناریۆ قێزەونەکانی پاراستن و زانیاری و موعارەزەی پۆپۆلیست. ڕێك وەکئەوەی لەناو مەشکەدابیت، بە هەموویان بڕێك ڕاتئەوەشێنن و لەوەی کە هەیت زیاتریش گێژئەبیت!
- بەڵێ خۆپیشاندان ڕەوایە، بەڵام ناتوندوتیژی ڕەواترەو ئێمە ئەبێ هەردوکی تێکهەڵکیشکەین و ڕەواکە بە ڕەواترەکەوە بکەین، نەك ئەوەی ڕەواکە بە ناڕەوایی بسپێرین و بۆ ڕیش بچین و سمێڵیش دانێین!
- کاتێ هەموو هۆکارەکانی ناڕەزایی هەن، ناکرێ ناڕەزایی خۆی نەبێت. توندوتیژی دەسەڵاتیش پاساونیە بۆ دانیشتن لەماڵەوە، چونکە کە ژیان نەماو کە دانیشتن خۆی مردنێكبوو، ئیتر مردن ناتوانێ بەر بە هەستان بگرێ! بەڵام ناڕەزایی ئەبێ شتێکی تربێ، بۆئەوەی شتێکی تری لێبکەوێتەوە، ئەگەر هەر هەمان شتبێ و هەر هەمان شتیش بەرهەمبێنێتەوە، لێرەدا لەپاڵ ناڕەزایی بەرامبەر دۆخەکە، ناڕەزاییەك بەرامبەر ئەم جۆرە لە ناڕەزاییش پێویست و گرنگە!
- ناڕەزاییش هەر بەوە شتێکی ترە، کە ئەو توندوتیژبوو تۆ ناتوندوتیژبیت. ئەمەش قسەی زل و باقوبریق نیە، بەڵکو منیش وەکو تۆ ئەزانم کە وەزعەکە زۆر خراپەو لە تەحەمولا نەماوە، بەڵام قۆناغێك لەمەش خراپتر هەیە، ئەوەی کە دەیان میلیشیاو شەعبێكی چەکدار، کە هەرکەس لەماڵەوە چەکی خۆی هەیە، هەمووی بەربێتە یەکتری!
- بۆئەوەی لەم زۆر خراپەوە نەگەین بەو زۆر خراپترە، چارەسەر تەسلیمبوون نیە، چارەسەر بەرگری ناتوندوتیژە، ئیتر بە هەر ڕێگایەکی فەردی و جەماعی کە بۆت ئەگونجێ. خۆپیشاندانیش تا ئەمەبوو، بیکەو بچۆ، وەلێ ئەگەر عەکسەکەیبوو، تۆش ڕێك عەکسیکەرەوەو بچۆرەوە ماڵەوە، بۆئەوەی خۆپیشاندانیش وەکو هەموو شتەکانی تر نەدزرێ و لەبری چارەسەر خۆی نەبێت بە کێشەیەکی تر!
- یەعنی لەڕاستیدا خۆپیشاندان هەر وا سادە نیەو هەر پیاسەکەو خۆ تووڕەکردنەکە نیە، بەڵکو هۆشیارییەکی گەورەو بەرپرسیارێتییەکەی گەورەیە بۆئەوەی کە خودی خۆپیشاندانەکە بپارێزیت. بیپارێزێت لە زانیاری و پاراستن و خەڵکی پۆپۆلیست، بیپارێزیت لە دۆخی ناهۆشیاری و پەلاماردان و حەماسەت و هەڵچوونی توندوتیژ.. یەعنی پێشئەوەی بەتەمابیت خۆپیشاندان شتێکت بۆ بکات، ئەبێ تۆ زۆر شتی بۆ بکەیت، ئەمەش بە تاکی هۆشیارو گروپی ڕێکخراو ئەکرێ کە هیچیان نین!
- هەر خودی قەرەباڵغیی، کەشی لەباری ناهۆشیارییەو نەك هەر خەڵکی خۆمان، بەڵکو خەڵکی پاریسی پایتەختی ڕۆشنبیری عالەمیش، لەوێدا ئەشکێنن و ئەسوتێنن و شتی سەیرو بێتام ئەکەن! بۆیە ئەگەر هۆشیاری جارێك فەرزبێت، بۆ کەسێك کە ئەچێتە ناو قەرەباڵغی دوو جارو دە جار فەرزە، بەتایبەت بۆ قەرەباڵغییەکانی ئێمە، کە جگە لەوەی لەوبەرەوە گەلەگورگێك بە دارو چەکەوە بەرامبەری وەستاوە، هەمیشە لەناوەوەش گەلەڕێوێیەکی تێدایە!