Draw Media

بڵاوكردنەوەی توندوتیژی لە ڕێی خۆپیشاندانەوەیە .. ئەی دراماكان !!

بڵاوكردنەوەی توندوتیژی لە ڕێی خۆپیشاندانەوەیە .. ئەی دراماكان !!

2020-12-18 20:02:41


بەناز حەمەرشید 


   دیارە ئەم ماوەیەی كە كوردستانی پیا تێپەڕی ماوەیەكی پڕئاڵۆزی بو بۆ خەڵكی ئەم هەرێمە ئەویش بەهۆی خۆپیشاندانی خەڵكەوە بو بۆ داواكردنی موچەو باشتركردنی باروگوزەرانی خەڵك ، ئاشكرایشە هەركاتێك توندوتیژی ڕوودەدات  ئەوا بەخێرایی هەڕەشەش ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنوسان و دەزگاڕاگەیاندنەكان دەبێتەوە بەتایبەتیش كەناڵە بینراوەكان ، ئەوەش بەهۆی ڕوماڵكردنی خۆپیشاندانەكانە بۆ بینەر كە ڕاگەیاندنەكان بەئەركی خۆیانی دادەنێن بینەرەكانیان لە ڕوداوەكان ئاگاداربكەنەوە و بینەریش مافی خۆیەتی لەڕوداوەكان بە ئاگابێت ، بۆیە ئەم ماوەیەش لەگەڵ دروستبونی بارودۆخێكی ناهەموارو بەهۆی خراپی بژێوی ژیانی موچەخۆران و نەبونی موچەو نەبونی كاروكاسبی و بونی ڕێژەیەكی زۆر لە گەنجانی بێكارو نەبونی خزمەتگوزاری ونادادی لە بژێوی ژیان لەم هەرێمەدا دیسان توڕەیی و هەڵچون خەڵكی هێنایەوە سەرشەقام  ..
  لێرەدا وەزارەتی ڕۆشنبیری هەستا بەداخستنی كەناڵی nrt ی ودواتریش بەبیانوی بڵاوكردنەوەی توندوتیژی و روماڵكردنی خۆپیشاندانەكان چەند ئاگاداركردنەوەیەكی ئاراستەی چەند كەناڵێكی بینراوی دیكە كرد ، بەڵام لێرەدا ئەوەی جێی تێبینییە ئەوەیە كە ئایا بڵاوكردنەوەی توندوتیژی تەنها لەڕێی پەخشكردنی خۆپیشاندانەوەیە بۆ بینەر وەك ئەوەی ئەوان دەیڵێن یان لەڕێی پەخشكردنی دراماشەوە دەبێت بەتایبەت دراماوەرگیراوەكان و دۆبلاژكردنیان بۆ زمانی كوردی كەبەجۆرێك لەجۆرەكان توندوتیژیان تێدایە ، ئایا ئەودرامایانە بەهیچ  فلتەرێكدا تێپەڕبون بۆئەوەی بشێن بۆ پەخشكردن ؟ ئایا وەزارەتی ڕۆشنبیری ئاگای لەو درامایانەیە یا خۆی لێبێدەنگكردوە ؟ یاخود ئەو بەرنامانەی كە بۆ لایككردن و زۆربونی ژمارەی بینین جۆرەها باس وخواسی تیا باسدەكرێت و بەجۆرێك لەجۆرەكان گەنجان هاندەدات بۆ هەندێ‌ كاروكردەوەی لادانی كۆمەڵایەتی و ڕەفتاری ، هەروەها دروستكردنی شەروئاژاوەی نێوان هاوسەران ، ئایا لای وەزارەتی رۆشنبیری ئەمانە توندوتیژی نین ؟ ئەوەندەی هەستی پێدەكرێت و لەڕێی ڕاگەیاندنەكانەوە زۆرجاربینیومانە هەندێك لەوتاوانانەی كە ڕوودەدەن لەئەنجامی بینینی ئەودرامایانەو سود وەرگرتنە لە ڕێگاكانی ئەنجامدانی تاوانەكان ، وەك ئەو ڕوداوەی كە لەكۆتایی ساڵانی شەستەكاندا بۆ تیرۆركردنی سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا جون كندی كە بووە جێی باس وخواسی ئەوكات كە ڕاگەیاندن كرا بەهۆكاری ئەنجامدانی ئەوكارە بەهۆی پەخشكردنی دراماو فیلمی توندوتیژییەوە .     


* مامۆستای زانكۆ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand