لەگەڵ مردن کێبەرکێ!
2020-12-16 09:30:45
پشکۆ نەجمەدین
مردن دێت، زۆرجاران پێش وادە و کاتی خۆی، بە پەلە و شڵەژاو، هەندەک جار، فریای پێڵاولەپێکردنیش ناکەوێت، پێخواس و ڕووتوقووت، گەڕەکەوگەڕەک، شەقامەوشەقام، کۆڵانەوکۆڵان، لەدوی ماڵی تۆ دەگەڕێ و ئاماژەیەک بە تۆ نادات، نووکەیەکت بۆ ناکات.
مردن لەکوێوە دێت؟ لە دەروەی ڕووح و جەستەی خۆتەوە، شتێک بەنێوی مەرگ و مردن نییە!
ئەو هاوزەمانی خولقاندنی ڕووحی تۆ، لە کۆڵانەکانی دڵ و خوێنبەرەکانی تۆدا، لە گەڕەکەکانی مێشک و ڕێسمان و شاڕیگاکانی جەستەی تۆدا، لەداییک بووە و هەر لەنێو تۆیشدا، فراژی دەبێت!
ئەو لە دەرگا گەورەکەی دڵەوە، بەنێو پێچاوپێچەکانی شاخوێنبەردا، بە نیازی سەفەری بەسەرکردنەوەی ماڵە بە تیشک داپۆشراوەکەی دونیاکەی تۆ، سەوڵ لێ دەدات..
من مردنم دیتووە!
ئێوارەیەک بێ ئەوەی لە دەرگا بدات، بێ ئەوەی سڵاوێک بکات، هاتە ژووری تەنیاییی من و ڕێک لەپشتی سەرمەوە، بێ دەنگ و چرپە، ڕاوەستا... من لە سەرەتای وەژوورکەوتنییەوە، نەمدیتبوو، وەلێ هەستم پێ کردبوو. ئاخر من مژووڵ و سەرقاڵ بووم... من خەریکی خوێندنەوە و وەرگێڕانی کتێبێک بووم، کتێبێکی بە زمانی سوێدی نووسراو کە بیست و پێنج چیرۆکی کوردی و پیشەکییەکی درێژی لەمەڕ مێژووی هونەری چیرۆک لە کن کوردان، لەخۆ گرتبوو! ئێستا هەشت ساڵان تێپەڕیوە و کتێبەکەشم لە کن نەماوە، ئیدی نازانم و بیریشم نەماوە کە ناوی چیرۆک و چیرۆکنووسەکان چی و کێ بون! بەڵام دەزانم کە لێکۆڵینەوەیەک، لەمەڕ مێژووی چیرۆکی کوردی، کە کرابوویە پێشەکیی کتێبەکە، فەرهاد شاکەلی نووسیبووی و هەر ئەویش کتێبەکەی بەدیاری، بە من دابوو.
ئەو هات و دەستێکی لەسەر شانم دانا. من ئاوڕێکم لێ دایەوە. ئەو بوو، تەواو خۆی بوو، دەستی بەرز کردەوە، دەستێکی ئێجگار درێژ، وابزانم لە میچی ژوورەکەشی تێپەڕاندبوو و بە نیوەی قووڵاییی ئاسمان گەیشتبوو! من پێم وا بوو گاڵتەم لەگەڵ دەکات و هەر دەیەوێت بمترسێنێ.... لەگەڵ زرمەی دەستی ئەودا، خوێن لە چاوانمەوە بڵاچەی دا!
بەئاگا هەتمەوە. لە دەمژمێرم ڕوانی، دەمی نزیکەی دووی بەیانی بوو، دەستم بۆ تەلەفونەکەم گێڕا و یەکەم ژمارەی سەر شاشەی تەلەفوونەکم لێدا... دەنگ نەبوو، داخرا بوو، بەردەست نەبوو، نازانم. ژمارەیەکی دیکە...هەلەو.. هەلەو.. بەم بەیانییە؟ فریام کەون، تەنیا و بریندارم، لەگەڵ مردن بەشەڕ هاتین... من لە هۆش خۆم چوومەوە... لەسەر تەختێکی نەخۆشخانەی سلێمانی بەئاگا هاتمەوە...