كازمی لە ئەنقەرەو لاشەی كورد
2020-12-17 13:06:57
سەردار عەزیز
مستەفا كازمی ئەمڕۆ بەپەلە دەچێتە ئەنقەرە. حكومەتی عێراقیو توركی ماوەی سێ مانگە خەریكی كاركردنن لەسەر دۆسییەی ئاو، ڕەنگە ئەمڕۆ جۆرێك لە ڕێككەوتن لەسەر ئەو فایلە واژۆ بكرێت. بەڵام ئاو دەمێكە لای توركیا چەكە. عێراق وەك وڵاتێكی بیخاوەن یان فرەخاوەن هیچ سیاسەتێكی ئاویی نیە، بۆیە نزیكەی نیوەی دانیشتوانەكەی لەبەردەم رەحمەتی تینیوتیدایە. ئەمە سەرباری كۆتایی كشتوكاڵ لەو ناوچانە.
سەردانەكەی كازمی لەسەر سێ پرسە، ئاسایش، ئابوری، ئاو. هەرسێكەیان راستەوخۆ پەیوەندی بە كوردی سێ پارچەی كوردستانەوە هەیە. ئەمە لەكاتێكدا كە كورد بەربونەتە گیانی یەكتری. نەریتێكی دێرینی بەناو گەلێكی خۆخۆر. پارتیو پەكەكە لە زۆر ڕوەوە لە یەكتر دەچن. هەردوو بەرژەوەندی حیزبیان لەسەروی هەموو بەرژەوەندییەكەوەیە. هەردوو شەخس پەرستن، هەردوو سازشنەكەرن. هەردوو یەكتری بە نەیاری سەرسەختی یەكتری دەبینن، پەیوەندییەكی سفری لەنێوانیادا هەیە. جۆری پەیوەندییەكەیان پەیوەندی شەڕی ناوخۆییە. لەكاتێكدا دەكرێت دوو هێز جیاوازبن بەڵام میكانیزمی پێكەوە كاركردنیان هەبێت، بەڵام وەك زۆربەی هێزە كوردییەكان ناتوانن هیچ هاوبەشی دروست بكەن، مەگەر فشاری دەرەكی ناچاریان بكات.
هەموو ئاماژەكان ئەوە نیشان دەدەن كە عێراق ئامادەیە پەكەكە بە تیرۆیست بناسێنێتو هاوكاری توركیا بكات. ئەمە گەڕانەوەیە بۆ مامەڵەی دەوڵەتیانە لەگەڵ پرسی كورددا. مامەڵەی دەوڵەتی لەگەڵ پرسی كەمینەو پەراوێزدا، هەمیشە مامەڵەی زەبرو زەنگە.
لەماوەی رابوردودا بەشداربووم لە پرۆژەیەكی ئەوروپی بۆ دیپلۆماسی تراك ٢. ئەم پرۆژەیە شەش كەس لە عێراق دەستنیشان دەكات بۆ دانیشتن لەگەڵ نوخبەی وڵاتانی دەوروبەر. یەكێك لەو شەش كەسە لە عێراق منم. یەكەم وڵات كە دانیشتنی لەگەڵدا دەكەین توركیایە. بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو ئەندامانی گروپەكە ئامادەن پەكەكە بە تیرۆریست بناسێنن، من ئامادەنیم بەشداری ئەو شاندە بكەم. بە توندیش دژی بە تیرۆر ناساندنی پەكەكەم. نەكە لەبەر پەكەكە. بەڵكو لە ڕوانگەی فیكریو ئەخلاقی خۆمەوە. تیرۆر یانی توندوتیژی بێ ئامانج یان بێ قەزییە. بەڵام پەكەكە خاوەن توندوتیژی بێ قەزییە نیە. پرسی كورد یەكێكە لە گەورەترین نادادییەكانی دونیا. لەهەمانكاتدا وەك دەوڵەتناسێك دژ بە مامەڵەی دەوڵەتیم لەگەڵ پرسی كەمینەدا كە خۆی لە تواندنەوەو مامەڵەی زەبرییو سڕینەوەو زۆرجار جیونۆسایدا دەبینێتەوە. ئەمە نەك بۆ كورد بەڵكو بۆ هەموو خەڵكانی تر لە ئەسیوپیاوە هەتا بنی دونیا.
ئەو هاڵاوەی لە بەغداوە دێت ئەوەیە كە ئاو دەكرێت بارتاقەی هاوكاری ئاسایشیو زیادكردنی گۆڕینەوەی ئابوری. پرسی ئاو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە كوردەوە هەیە. پرۆژەی بەنداوەكانی توركیا بۆ گۆڕینی دیموگرافیو سڕینەوەی یادەوەرییو كردنی كوردستانە بە سەبەتەی خۆراكی توركیاو هەروەها كۆنترۆڵكردنی ئاوەو گۆڕینیەتی بۆ چەكێكی ئیقلیمی.
عێراق لاوازەو بە دوای روبەعە دینارێكدا دەگەڕێت، نەك بۆ خۆی بەڵكو بۆ حیزبەكانی. تەماشای ئەو شەڕە بكە لەسەر بەندەری فاو. بەڵام توركیا سەرباری لاوازیو فشار، ئەجیندای خۆی هەیە. توركیای ئەمڕۆ دوو دونیابینی ڕێ پیشاندەرییەتی كە هەردوكیان فراوانخوازی لە كرۆكیاندایە، ئەوانیش قوڵایی ستراتیژیو نیشتمانی شینە، ماڤی ڤەتەن. عێراقییەكان كە زۆربەیان خاوەن دوكتۆرای عێراقین، هێشتا توركیا وەك توركیای هەشتاكان دەبینن، بڕوایان وایە كە توركیا نەوتی نیەو عێراقی ئاوی نیە دەتوانن گۆڕینەوەیەك لەم بوارەدا دروست بكەن. بەڵام عێراقیەكان نازانن جیاوازی نێوان ئاو و نەوت چەند زۆرە. زۆر بە سادەیی هەموو وڵاتێك سوپاسگوزارە كە نەوت بە توركیا بفرۆشێت، عێراق ناتوانێت ئاو لە جێگای ترەوە بهێنێت.
ئەم فراوانخوازییەی توركیا تەبایە لەگەڵ ئەو دیدەی كە لە ئەنقەرە زاڵە كە بروای وەهایە سەردەمی بەهێزیی ڕۆژئاوا كۆتایی هاتو توركیا دەبێت سەربەخۆییانە وەك یاریكەرێكی هەرێمی هەڵسوكەت بكات. وەك جەیمس جێفری ووتی توركەكان خاوەن عەقڵیەتی ئیمپراتۆریین زۆرترین هاوڕێتیان تەنها 80%.