كێ لە پشتی خۆپشاندانەكانەوەیە ؟؟؟.
2020-12-16 22:09:45
ساڵح ژاژڵەیی
هەر كاتێك خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت لە لایەن جەماوەری خەڵكی كوردستانەوە یان حیزبێكی ئۆپۆزسیۆنەوە ، یەكسەر كۆمەڵێك تۆمەتی ئامادەكراوی پێشوەخت دەدرێتەپاڵیان . ئەوەتا ڕاوێژكارێكی جەنابی مەسعود بارزانیش بەناوی كیفاح محمود دەستی كردوە بە تۆمەت بەخشینەوەەو دەڵێت : ئەو ئاژاوەگێڕی و پشێویانەی لە سلێمانی و قەزاو ناحیەكانی دەورو بەری ڕودەدات، هاوپەیمانی گروپی حەشدی شەعبیی و تیرۆریستانی پەكەكەو مێلیشیاكانی لە پشتەوەیە .
كەسێكی تری ناو یەكێتیش بە هەمان شێوە دەڵێت : ئەو خۆپیشاندانانە پەكەكەو ئێرانی لە پشتەوەیە . ئەگەر ئەمە گاڵتەجاڕی نییە دەسەڵاتێكی نیشتمانی ڕاستەقینە هەبوایە ، دەبوو یەكسەر بە دواداچون بۆ لێدوانی ئەوانە بكرایە. چونكە ئەگەر ئەوەی ئەوانە دەیڵێن ڕاستبێ كارەساتە .خۆ ئەگەر ڕاستیش نەبی و لێدوانی لەو شێوەیە بەبێ لێپرسینەوە هەر كارەساتە .
واتە ئەوەی لە لایەن دەسەڵاتەوە خوێندنەوە و حساباتی بۆ ناكرێت و بونی نییەجەماوەرە . جەماوەر لای دەسەڵات وەكو مێگەلە مەڕێك وایەو خۆشیان بە شوانی ئەو مێگەلە مەڕە دەزانن و چۆنیان بوێت ئاوا مامەلایان لە تەكدا دەكەن . واتە نوخبەی جەماوەر ئەم دەسەڵات دارانەی ئێستان و بەدەر لەوانە كەسی تر نییە قسەیەك بزانیت .
ئەمە لە كاتیكدایە كە جەماوەر خۆی دایكی هەموو حیزبەكانە . هەموو حیزبەكانی سنووری وڵاتێك لە هەناوی جەماوەرەكەیەوە لە دایك دەبن . واتە جەماوەر لە هەموو حیزبەكان گەورە ترە . ژمارەی حیزبەكان چەند زۆربن ، هێشتا ژمارەی هاوڵاتیانی دەرەوەی حیزبەكان ، چەندقاتی ژمارەی ئەندامام و لایەنگرانی هەموو حیزبەكانن . لە ڕاستیدا تۆمەت بەخشینەوەی دەسەڵاتدران و كۆیلەكانی دەسەڵات بەرامبەر بە هاولاِتیان و تۆمەت باركردنیان بەوەی خەڵكیان لەپشتەوە و هانیان دەدەن بۆ خۆپیشاندان ، تەنها بوختانەو خۆشیان دەزانن كە ئەوەی ئەوان دەیڵێن درۆیە و بۆ شاردنەوەی ڕاستیەكانە . بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم ڕونی بكەمەوە كێ لە پشتی خۆپیشاندەرانەوەیە و وایلێكردون پەنا بەرن بۆ خۆپیشاندان
ئەوانەی 29ساڵە حوكمڕانی ئەم هەرێمەن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژیان و گوزەرانی هاولاِتیان خرابتر دەكەن . ئەوانەی سامانی ئەم وڵاتە دەدزن و بەتاڵانی دەبەن ولە خەمی كەسدا نین. ئەو بەرپرسانەی ژنەكانیان كراسێك بە 300 -400 دۆلار لەسەر حسابی خوێنی شەهیدان بۆ حەفلەیەك دەكڕن و جارێكی تر لە بەری ناكەنەوە .
كوڕی ئەو بەرپرسانەی هەموو ساڵێك مۆدێلی سەیارەكانیان دەگۆڕن و جامەكانی ڕەش دەكەن و بۆشیان هەیە لەسەر فول لایت خەڵك بكوژن .مناڵی شەهیدەكانیش دەبێ هەناسەی سارد هەلكێشن . ئەو بەرپرسانەی دوو باخ و سێ باخیان لە شوێنی جیاواز هەیەو لە هەر باخە قەسرێك دروست كراوەو چەندین باخەوانیان هەیە و موچە لە حكومەت وەردەگرن وئەوە ماوەی چەندین ساڵیشە یەك دەرچوی زانكۆ و پەیمانگاكان دانەمەزراوە . ئەو بەرپرسانەی باشترین زەوی ناو شارەكانیان داگیر كردوەو خاوەنی دەیان كارگەو پرۆِژەی تایبەتن.
ئەوانەی نەوت بە قاچاخ دەفرۆشن و پارەكەشی بۆخۆیانەو خەڵكیش موچەی نییەو برسییە . ئەوانەی پارەی گومرگەكان بەتاڵان دەبەن و ئەوە ساڵێكە تەنها 4 موچە دراوە . ئەوانەی قاچاخچییەتی دوگو جگەرەو دەرمان دەكەن و پارەی گومرگیش نادەن . ئەوانەی بەروبومی كشتوكاڵی و مەڕو ماڵات بە قاچاخ لە ئێران و توركیاو سوریاوە دەهێنن و بەروبومی خۆماڵی نافرۆشرێت .
ئەوانەی خەستەخانە بەناوی خێرخوازییەوە لەسەر قوتی هاولاِتیان دروست دەكەن و ئیساش گرانترین شوێنی چارەسەری نەخۆشەو پارەكەشی بۆ خۆیانە . ئەوانەی بواری تەندروستییان كردۆتە بوارێكی بازرگانی لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیان و ساغ كردنەوەی دەرمانی كوالێتی خراپ و ماوە بەسەر چوو . ئەوانەی دەیانگوت بەغدا پارەی نەماوەو ئیفلاسی كردوە و بەناوی سەربەخۆیی ئابوری هەرێمی كوردستان و لە ڕاستیدا لەپێناوی دزیدا ، تاك لایەنە دەستیان كرد بە دەرهێنانی نەوت فرۆشتیان و داهاتەكەیان دزی و ئیفلاسیان بە هەرێمی كوردستان كرد .
ئەوانەی لە كاتی هێرشی داعش بۆسەر شەنگال چنگ لەسەر شان ڕایان دەكردو پەكەكەو شێرە ژنەكانی رۆِژئاوای كوردستان بەرگرییان لە كوردانی ئێزدی دەكرد ،ئێستاش تۆمەت باریان دەكەن بە ئاژاوەگێڕ. ئەو كەسەی بە قسەی كەسی نەكرو بڕیاری ڕیفراندۆمی داو و تیشی هەرچی ڕویدا من بەرپرسیارم ، دواجار نیوەی خاكی كوردستانی لە دەستداو ئێستاش ڕاوێژكارەكانی جەماوەر تۆمەت بار دەكەن چونكە داوای حەقی خۆیان دەكەن . ئەوانەی هێزی پێشمەرگەیان بەكرێدا لە بەرامبەر 400 ملیۆن دۆلار و دەست بەرداری كەركوكیش بون و و ئەوەتا ئێستا عەرەبەكان كوردەكانی گوندی پەڵكانە دەردەكەن . ئەوانەی تا دەیانتوانی نەوتی كەركوك بفرۆشن ، كەركوك دڵیان بوو ، ئێستا كە نەوت دزینەكەیان نەما، حەقی كەركوكیشیان نەماوە .
ئەوانەی دەیان بنكەی سەربازییان بۆ تورك كردۆتەوە لەناو خاكی كوردستاندا بۆ ئەوەی بەرگرییان لێ بكەن لە كاتی تەنگانەدا ، جەماوەریش تۆمەتبار دەكەن كەدەستی دوژمنانیان لە پشتەوەیە . ئەوانەی گەورەترین كیڵگەی نەوتی كوردستانیان بۆخۆیان داگیر كردوە و داهاتەكەی بۆ خۆیانە. ئەوانەی كە دەچنە بەغدا لە بری ئەوەی داوای مافە دەستوریەكانی كورد بكەن ، داوای پۆست و پلەو پایە دەكەن .
ئەوانەی پێشوەخت پارەی نەوتیان وەرگرتوەو لە بانكەكانی دەرەوەی وڵات دایان ناوەو ئێستا كە نەوت دەفرۆشرێت ، هیچ بۆ حكومەت نییەو بەسەوزی پارەكەی خوراوە . ئەوانەی لە سەدا 60 ی بوری نەوتی كوردستانیان بە ڕوسیا فرۆشت بە 1800 یەك ملیار و هەشت سەد ملیۆن دۆلار و یەك دۆلاریشی نەهاتەوە بۆ كوردستان .
ئەوانەی لە پێناوی مانەوەی خۆیاندا ، بە قەدەر ژمارەی موچەخۆرانی ڕاستەقینە موچەخۆری بندیواریان هەیە . ئەوانەی كە بڕیاریان داوە موچەی بكوژانی شەهێدەكان زیاتر بێت لە موچەی كەس وكاری شەهیدان . وەكو مایكل ڕوبن توێژەرێكی ئەمریكی دەڵێت : حكومەتەكەی مەسرور بارزانی لە باج وەگرتندا وەكو سویسرا وایە ، بەڵام لە خزمەت گوزاریدا وەكو سۆماڵیا وایە .
ئەو دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانەی جوت بنەماڵە هەرچی بابەتێك لە بەرژەوەندی دەسەڵات نەبێ ، نایخاتە بەرنامەی كۆبونەوەكانی پەڕلەمانەوە . واتە لە ئێستادا زۆرینەی پەڕلەمانتاران دژی داواكانی جەماوەرن و كەسیش گوێ بۆ كەمینە ناگرێت . ئەوانەی زانكۆكانیان وێرانكردوەو زوربەی ئەوانەی ئێستا لە زانكۆ كار بەدەستن كۆیلەی حیزبەكانن و بڕوانامەی علوجیان هەیە .
ئەوانەی لە بیری ئەو هەموو دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكاندا نین كە دوای چەند ساڵێكی تر هەموو كچەكان دەبنە پیرە كچ و كوڕەكانیش سەرگەردان . ئەوانەی بەناوی بنەماڵەوە چونە توركیاو گرێبەستی 50 ساڵەی نەوتیان لەگەڵ توركیا مۆركردو بەوهۆیەوە ئیفلاسیان بە ئابوری هەرێمی كوردستان كرد ، لەبری ئەوەی دادگایی بكرێت و بخرێتە بەندیخانەوە ئێستا سەرۆكی بەناو هەرێمە .
ئەوانەی ئەو بڕە پارەیەی ڕێكخراوێكی خێرخوازی ئەمەرێكی بۆ شەهێدانی شەڕی داعشی ناردبووی ، لە بری ئەوەی پارەكەیان پی َبدەن ، دابی و نەعل و جلی كۆنەیان دایە كەس و كاری شەهێدان . ئەوانەی چاوپۆشیان كرد لەو فەرماندە سەربازیانەی لە كاتی شەڕی داعشدا كە ڕۆژانە چەندین پێشمەرگە شەهێدو بریندا دەبون ،ئەوان بە قاچاخ نەوتیان لەسنوری ژێر دەسەڵاتی داعش دەهێناو لە بری ئەوە سەیارەی دەبڵ كابینەیان پێدەدان . ئەوانەی ئەو هەموو پێشمەرگانەیان بە شەهید كردنو بریندار كردن و كەم ئەندام بون داو لە بری ئەوان پارەیان وەرگرت و ئێستاش لە كەسیان ناپرسنەوە .
ئەوانەی بە پاساوی جۆراو جۆر دەستیان كردوە بە تەخشان و پەخشانی زەویەكانی حكومەت چونكە بە هیی خۆیانی دەزانن . ئەگەر ئەو زەویانە بە پارە بفرۆشرانایە ، بەشی موچەی چەندین مانگی مۆچەخۆرانی دەكردو پێویست نەدەبوو مل كەچ كەن بۆ بەغدا . ئەوانەی بە نایاسایی بە پشتیوانی بەرپرسەكان دەیان بەنزین خانەیان لەشوێنی نەشیاودا دروست كردوە .
بەنزینخانە هەیە دیواری بە دیواری ماڵانەوەیە . ئەوانەی بۆ مانەوەی خۆیان بونە بەكرێگیراوی وڵاتان و لەسەر داوای ئەوان هاوڵاتیانی خۆشیان دەكوژن . ئەوانەی لەبەردەم دوژمندا خۆناگرن و ڕادەكەن ، بەلام لە ماڵەوە دەبنە شێرو هاولاِتیانی خۆیان شەهید دەكەن . ئەوانەی كە سنوری ئازادی خەڵكیان بەرتەسك كردۆتەوەو زەندەقیان چوە لەوكەسانەی ڕەخنە لە دەسەڵاتداران دەگرن و بە سەدان كەسیان بە ناحەق زیندانی كردوە .
ئەوانەی بڕیاری گرتن و زیندانی كردن و تا دەگاتە كوشتن دەدەن ، تەنها لەبەر ئەوەی داوای موچەو مافی خۆیان دەكەن . ئەوانەی لە دوای ڕاپەڕینەوە گەڕاونەتەوە بۆ كوردستان و تا ئەو كاتە هەوای كوردستانیشیان هەڵ نەمژێوە ، ئێستا حوكمڕانن و بونە تاڵانچی و بڕیاری داخستنی تەلەفزیۆن دەدەن و خۆپیشاندەران شەهید دەكەن .
ئەو هۆكارانەی كە لە سەرەوە ئاماژەم بۆكردن و سەدان هۆكاری تریش لە پشت خۆپیشاندانەكانن، كەواتە ئەو بەر پرسە چاو چنۆكانەی هەرێمی كوردستانیان گەیاندۆتە ئەم قۆناغەو خەڵكیان بە جۆرێك برسی كردوە كە چیتر ئارام نەگرن و دەست بكەن بە خۆپیشاندان . واتە بەرپرسانی حكومەت خۆیان لەپشتی خۆپیشاندانەكانن نەك وەكو ئەوەی كۆیلەكانی حیزب و بنەماڵەكان دەڵێن . بەرپرسە دزو چاوچنۆكەكان هۆكاری خۆپیشاندانەكانن . كورد دەڵێت : كەجام پڕبو لێی دەڕژێت.
كەواتە جامەكە پڕبوەو ئەوەتا لێی ڕژا . لە كاتێكدا ئەم هەرێمە پڕ لە خێرو بەرەكەتە كەوتە ژێر دەستی كۆمەڵێك بەرپرسی چاوچونك و چاوبرسی و دزو تاڵانچی ، بێ ئاگا لەژیان وگوزەرانی خەڵك و سڵ نەكەنەوە لە فرۆشتنی نیشتمان و كۆیلایەتی بۆ دوژمنان ، گومانی تێدا نابێت لە داهاتودا خراپتریش دەبێت ئەگەر میللەت فریای خۆی نەكەوێت . كەواتە ئەی دەسەڵاتدرارە دزو تاڵانچی و نیشتمان فرۆشەكان ئەوە باش بزانن كە هیچ كەس و لایەنێك لە پشتی خۆپیشاندەراوە نییە . ئەوان هاتون داوای مافی خۆیان دەكەن . بەڵام ئەوە ئێوەی تاڵانچین كە سامانی ئەم وڵاتەتان بۆخۆتان و دارو دەستەكەتان قۆرخ كردوەو ئاگاتان لەكەس نەماوە .
ئەی دەمڕوتە سیاسیە تازە پێگەیشتوەكان ، ئەی ئەوانەی خۆیان بە خاوەن و حوكمڕانی ئە هەرێمە دەزانن ، ئێستا سەیرێكی خۆتان بكەن و كەمێك بیر بكەنەوە بزانن ئێوە خەرێكی چین و چیش لەم هەرێمە ڕودەدات . لە جوت بنەماڵە دەپرسم ئێستا لە قودسەكەی كوردستانی تۆ و دڵی كوردستانەكەی ئەو چی دەگوزەرێت و ئێوە خەرێكی چین؟ ئەوەتا بە بەرچاوی ئێوەوە عەرەبی هاوردە جوتیارەكانی گوندی كەڵكانەی كەركوك دەردەكەن .
ئەگەر ئەوەیان بۆ بچێتە سەر هەرچی گوندی ئەو ناوەشە داگیر دەگرێت . لە بری ئەوەی بچن بەهانای ئەوانەوەو بەگرییان لێ بكەن ، بێشەرمانە هێزتان لە ناوەندی شار و شارۆچكەكانی كوردستان كۆكردۆتەوە بۆ سەركوت كردنی خۆپیشاندەران . ئەگەر ئێوە دزوو تاڵانچی نەبونایە ئیستا ئەوجەماوەرەی خۆپیشاندان دژتان دەكەن ، وەكو سەردەمی داعش خۆبەخشانە لەگەڵتان دەهاتن بۆ دەركردنی عەرەبی هاوردەی پەڵكانە . ئەوەتا لە قودسەكەی ئێوەی درۆزندا جارێكی تر دیاردەی جاشایەتی دەستی پێكردەوەلە ژێر ناوی حەشدی كوردیدا . پێم ناڵێن حەشدی شەعبی كێن و بۆچی دروست بون و لێرە بەولاوە كاریان چی دەبێت ؟.
چاوتان لەو دەست درێژیەی حكومەت پۆشیوەو هەموو ڕۆژێك وەڤدێك بە ڕێگاوەیە بۆ بەغدا بەناوی وەرگرتنی بەشە بودجەی هەرێمەوە . هەموو قسەو باس هاتۆتە سەر ئەوەی بڵێن : كازمی وەعدی داوە . بەخوا فراكسیۆنە عەرەبەكان ڕازی نین . ئەگەر پارەكە بنێرن موچە دابەش دەكەین . ئەگەر پارە لە بەغداوە نەیەت لە كوێ پارە پەیدا بكەین ؟. پێمان دەڵێن خۆ ئیشی ئێمە لە بەغدا هەر باسی موچە نییە و ئێمە داوای مافە دەستوریەكانی كورد دەكەین .باشە ئەی پارەی داهاتی نەوت و گومرگەكانتان چی لێكرد؟. هیچ كاتێك كورد بەقەدەر ئێستا زەلیل و ڕیسوا نەبوە لە بەرامبەر بەغدا . ئەوە ئێوەی دزو تاڵانچین كە هۆكاری ئەوەن . ئەگەر یەك تۆز پیاوەتی و كارەمەتتان تێدا بوایە سامانی خەڵكتان نەدەزی و ئاواش خەڵكتان زەلیل نەدەكرد .
ئەی ئەوە نییە پەڵكانە داگیر دەكرێت ، ئەی بەپێیی لیست ژمارەی هێزی پێشمەرگە لە 400 هەزار زیاتر نییە . خۆ سوپای عێراقیش هەر ئەوەندەیە . ئەی سوپا بۆ بەرگری كردن نییە لە نیشتمان ، ئەی خەنجەر بۆ ڕۆژی تەنگانە نییە ، ئەی لەم ڕۆژە تەنگانەتر هەیە بۆ كورد؟؟. بەغدا خەریكە دارتان تێ دەبڕێت و ئێوەش داوای پارەیان ڵی دەكەن . لە بری ئەوەی بچن بەرگری لە خەڵكی پەڵكانە بكەن ، شەڕ لەگەل َ پەكەكە دەكەن ، لە كاتێكدا ئەوان نیشتمان دەپارێزن و بەرگری لە خەڵك دەكەن ، ئێوەی دزو تاڵانچی و چاوچنۆك نیشتمان هەڕاج دەكەن .
ئەگەر ئێوەی بەناو دەسەڵاتدار یەك زەڕڕە كەرامەت و شەرەف و هەستی نیشتمانیتان هەبوایەو هەر لە بنەڕەتەوە دزوو تاڵانچی و نیشتمان فرۆش نەبونایە ، سامانی ئەم نیشتمانەتان نەدەدزی و ئێستا ئاوا كڕنوشتان بۆ بەغدا نەدەبردەوە و دەنگتان دلێر دەبوو ؟.
ئەگەر ئێوە خەرێكی تاڵان نەبونایە وژێرخانی ئابوری هەرێمتان بنیات بنایە ، ئێستا ئێمە ئاوا ملمان بۆ بەغدا كەچ نەدەكرد . ئەگەر ئێوەو پێشینانیشتان نیشتمان فرۆش نەبونایە ، دەبوو ئێستا لەسەر ئەوەی لە پەڵكانەی كەركوك ڕودەدات ، بەغداتان جێهێشتایە . بەڵام ئێوەی دزوو تاڵانچی بۆ موچەو بەرژەوەندی خۆتان لە بەغدان و هەموو كوردستان بسوتێ و داگیر بكرێت خەمی ئێوە نییە. ئەی هەر ئێوە خۆتان نەبون لە بەرامبەر 400 ملیۆن دۆلار كەركوكتان فرۆشت و ڕادەستی بەغداتان كردەوە .
باشە سەرۆكی كۆمار و ئەو هەموو ئەندام پەڕلەمان و وەزیر و گوزیر و بەرپرسانەی كورد لە بەغدا نوێنەری كێن ، بۆچی لە بەغدان ، كاریان چییە ؟ ئەگەر نوێنەری خەڵكی كوردستانن بۆچی لەسەر ئەو پێشێلكاریانەی بەغدا نایەنەدەنگ ؟ئەگەر هیچتان پێ ناكرێت بۆچی لە بەغدا ماونەوە ؟.
لە بری ئەوەی هێز كۆبكەنەوەو هەڕەشەی كشانەوە بكەن لە حكومەتی بەغدا ،هەموو ڕۆژێك لۆژە لۆژ بەرەو بەغدا بە ملكەچی خلۆر دەبنەوەو داوای موچە دەكەن . ئەگەر خۆتان دزوو تاڵانچی نەبونایە میللەتیشتان وەكو خۆتان سەر شۆڕ نەدەكرد . ئێستا هاتون عەبدوڵڵای مەلانوری و دكتۆر شێركۆ حەمە ئەمین و عەزیز ڕەئوف دەگرن لەبەر ئەوەی داوای مافی هاولاتیان دەكەن .
ئێستا دەركەوت ئێوە چ ماڵێكن . ئێوە ئەوانەن بە هۆی گێلی خەڵكەوە بونە فەرمان ڕەوا. ڕۆژێك عەرەقتان بە هیچەوە نەڕشتوە و هاتونە سەر ماڵی حازری ، ئاگاتان لە ئازار و مەیەنەتیەكانی خەڵك نییە ، نازانن مانای نیشتمان چییە ، ئەوەی ئێوە بیری لێدەكەنەوە پڕكردنی گیرفانی خۆتانە . كەواتە نابی َكەس چاوەڕوانی هیچ لە ئێوە بكات . ماوەتەوە ئەوەی جەماوەر بەردەوم بێت لە خۆپیشاندان تا ئێوە شاربەدەر دەكرێن . ئاخر لە كوێی دنیادا هەیە خەڵكانی پیاوكوژ و نیشتمان فرۆش و دزو تاڵانچی ببنە حوكمڕان و میللەت لەژێر دەستی كەسانی ئاوادا چۆن دەحەسێتەوە ؟.
خۆپیشاندان حەقێكی ڕەوای جەماوەرە . مۆڵەتی ناوێت . بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە كە خۆپیشاندەران خۆیان بپارێزن لە زیان گەیاندن بە موڵك و ماڵی گشتی . بە پێچەوانەوە دەبێ لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا موڵكو ماڵی گشتی بپارێزن . ئەگەر ئەوە نەكەن ئەم دەسەڵاتدارە دزو تاڵانچیانە ئەوە دەكەنە بەهانە بۆ ئەوەی پەلاماری خۆپیشاندەران بدەن و تۆمەتباریان بكەن بەوەی دەستی دەرەكیان لە پشتەوەیە . هەموشمان ئەوە دەزانین كۆمەڵێك گەنجی خوێن گەرمی گیرفان بەتاڵ لە داخی خۆیان زیان بە موڵكی گشتی دەگەیەنن .
كاتی ئەوەیە هەموو چین و توێژەكانی گەل بەشداری خۆپیشاندانێكی هێمنانە بكەن و بە هیچ ڕازی نەبن چگە لە ڕویشتنی ئەم دەسەڵاتدارانە . خۆشبەختانە دەنگی ناڕەزاییەكانتان گەیشتۆتە ناوەندە بەرپرسیارەكانی ئەمەریكاو ئیعلامی ئەمەرێكی و ئەو روپاو ئەوە سەرەتایەكی باشە بۆ ڕیسواكردنی ئەم دەسەڵات دارانەی ئێستا .