فەرەنسییە گێرەشێوێنەكان!
2020-12-15 11:38:35
پشكۆ حمەفرج
چەند رۆژێكە شەقامەكانی پاریس غەرقی بۆنی دوكەڵو ئاگرو شەڕی نێوان پیاوانی دەسەڵات خەڵكانی ناڕازی بوە، لەبەر سێ هۆكاری سەرەكیو سەدان هۆكاری لاوەكی.
یەكەم:
ناردنی پرۆژە قانونی (ئاسایشی گشتگیر) لەلایەن حیزبی فەرمانڕەواوە بۆ پەرلەمان، ناوەڕۆكی پرۆژەكە بۆ رێگرییە لەئازادی كەسیو پاراستنی كارمەندەكانی پۆلیس! ماددەی 24ی قانونەكە، كە هۆكاری گەورەی تەقینەوەی ناڕەزاییەكانی خەڵكی فەرەنسایە، رێگری ئەكات لە وێنەگرتنی كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان لەكاتی ئەركداو ئەگەر هەر كەسێك وێنەیەكی نەشیاو بەمەبەستی زیانگەیاندن بەكارمەندانی پۆلیس لە تۆرە كۆمەڵاتییەكان بڵاوبكاتەوە، ئەوا توشی سزای بەندكردن بۆ ماوەی ساڵێكو سزای پێبژاردنی 54 هەزار ئیرۆ دەبێت!
دوەم:
هاوكات لەگەڵ ناڕەزاییەكانی ئێستای فەرنسادا بڵاوبونەوەی ڤیدیۆی كامێراكانی چاودێری كە سێ كارمەندی پۆلیس ئازاری دەرهێنەرێكی میوزیكی بەرەگەز ئەفریقی دەدەنو پێش بڵاوبونەوەی ڤیدیۆكە پۆلیس راپۆرتێكی هەڵبەستراوی درۆیان لەسەر روداوەكە بڵاوكردبوەوە! هۆكارێكی دیكەی پشێوییەكانی ئێستای فەرەنسایە.
سێیەم:
هۆكاری سێیەمی ناڕەزاییەكانی پاریس هەڵكوتانەسەر خێمەی چەند كەسێك بوو كە داوای مافی پەنابەرێتی دەكەن لە مەیدانی كۆمار لە پاریس، لەگەڵ ئازاردانی داواكارانی مافی پەنابەریو رۆژنامەنوسەكان لەلایەن پۆلیسی پاریسەوە.
هەرچەند حكومەتو حیزبی فەرمانڕەوا هەوڵی هێوركردنەوەی باردۆخە شێواوەكە دەدەنو بەڵێنی گۆڕینو هەمواری مادەی 24یان داوە، بەڵام شەقامی ئاگرگرتو جگە لە رەتكردنەوەی تەواوەتی قانونەكەو سزادانی پێشێلكەرانی مافی خەڵك، بەكەمتر رازی نابن!
ئەم كورتە باسە سەرەقەڵەمی باسێكی دورودرێژی چیرۆكی ئەو ناڕەزاییو شەپۆلە گەورانەی توندوتیژیو رەتكردنەوەی هەڵسوەكەوتە نامرۆڤانەكانی پۆلیسو دەسەڵاتە لەپاریسو وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا، كە بەخوێندنەوەی چاودێرانی بارودۆخی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا لەگەڵ زیادبونی كێشەكانی ژیانی خەڵكو گەورەبونی كێشە كۆمەڵاتیو ئابورییەكان، چەند ساڵی داهاتو ساڵانی قورسو پڕكێشەو ناڕەزایەتی گەورە دەبن بۆ فەرمانڕەواكانی وڵاتانی پێشكەوتو و جیهان بەگشتی!
ئەم كێشەو ناڕەزایەتییە گەورانەی كە بەرۆكی وڵاتێكی وەك فەرەنساو وڵاتانی دیكەی ئەوروپاو ئەمریكای گرتوە، ژانی لەدایكبونی سەردەمێكی نوێی روبەڕوبونەوەیە لەگەڵ شكستی حكومەتەكانو سیستەمی دڕاندانەی سەرمایەداری، كە ژیانی بەشی زۆری هاوڵاتیانی وڵاتانی پێشكەتو و پیشەسازی هاڕیوەو رۆژ بەڕۆژ چینی ناوەڕاست زیاتر بەرەو لەناوچون راپێج دەكاتو سەرمایەدارەكان سەرمایەكەیان قەبەترو ژمارەی زیاتری خەڵك بەرە ژیانی هەژاریو كولەمەرگیو لانی كەمی بژیو مەمرە راپێچ دەكات.
سەرەڕای بەردەوامی ژیانی ئاساییو كەرتی گشتیو كەرتی تایبەت بەهەمو كێشەو كەموكورتیەكانیانەوە لەوڵاتانی ئەوروپا، كە مایەیی بەراورد نیە لەگەڵ كوردستان، بەڵام هەرگیز خەڵك ئامادەنیە دەستبەرداری ئازادییە كەسییو مافەكانی ببێت! رەنگە فەرامۆشكردنو خەفەكردنی ژیانو ئازادییەكانی خەڵك لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جیاوازبێت، بەڵام بۆ هەمیشە ژیان لەسەر ئەم سیستمەی ئێستا كە سیستمی چەوساندنەوەی مرۆڤە لەلایەن سیستمو حكومەتەكانەوە بۆماوەی درێژ، توانای بەردەوامبونی نیەو نابێت!
ئەم كورتە نوسینە بۆ ئەوەیە هەركەس ئەم نوسینەی خوێندوە لەگوگڵ یان یوتیوب گەڕانێك بكات بۆ روداوەكانی ئێستای فەرەنساو بزانێت خەڵكی ناڕازی چ ئاگرێكی لەدڵی فەرەنسای دایكی شارستانیەتو خاوەنی شۆڕشو رێنیسانس كردوەتەوە! بۆئەوەی بزانێت چ زیانێكیان داوە لەژیانو ئابوری فەرەنسا! ئەبێت ئەو نوزە نوزەش كە پیاوانی دەسەڵات لە كوردستان دەیكەنو باسی تێكدانو ئاژاوەگێڕیو پاراستنی ماڵی گشتی دەكەن شەرمەزار بكرێت، سەدانو هەزاران نمونەی وەك پاریس هەیە بۆئەوەی بدرێتەوە بەناوچاوی دەربارە بەرمل شۆڕەكانی دەسەڵاتو حیزبی كوردیدا!
ئەگەر نوبڵی شكست هەبوایە بێگومان ئەوە دەسەڵاتی كوردی یەكێك دەبو لە كاندیدە بەهێزەكانی وەرگرتنی ئەو خەڵاتە! لەبری وازهێنانو داوای لێبوردنكردن لەو هەمو شكستو ماڵ وێرانیەی بەسەر خەڵكو وڵاتی كوردیاندا هێنا، لەبەرامبەردا جەلادئاسا كەوتونەتە كوردكوژیو رەشبگیری خەڵكی ناڕازیی لەو عەقڵیەتو سیستمە دۆڕاو و شكستخواردوە، ئەوانە لەبەرئەوەی ئاوەزی سیاسیان نیەو سەریان خاڵیە لەهەر بیروباوەڕو ستراتیژێك، نەئەزانن لەدنیا چی دەگوزەرێو نەدەتوانن ئەو سێ شارە بچكۆلە بەو هەمو سەرچاوەو داهاتەوە بەڕێوەببەن، نەڕێگەش دەدەن كەسانێك بێن ئەو میللەتە بەڕێوەببەن كە بزاننو بتوان، بێگومان دەسەڵات ئەو هەمو وێرانكاریو خراپەیەش بۆئەوە دەكەن ئەوان خۆیان نینو نەبونو نابن بەڵكو لەدەرەوە رۆبۆت ئاسا ئەیانجۆڵێننەوەو ئەگەر یەك سودیان بۆ كوردو خاكی كوردستان هەبێت بەبێ دودلی پشتیوانو راگرەكانیان پێیان دەڵێن كاری ئێوە تائێرەو تەواو!