ببورن..ئێمە شکستمان هێنا!
2020-12-17 20:57:30
ئارام سەعید
ئەو وانەیەی دەبێت لەم خۆپیشاندانانەی ئەمجارەوە وەربگیرێت ئەوەیە خۆپیشاندەران چیتر بروایان بەو کردە ئاشتیانەیە نیە کە سالانێکی زۆرە بەردەوامە و ئاکامی ئەوتۆی نەبوە، یان دەرئەنجامی نارەزایەتیەکانی ساڵانی رابردوو بۆ ئەو نەوەیە بوە کە گوروتینی ئەوانی بەکارخست و کردیە سوتەمەنی بۆ خۆیی و لەپاڵیدا حەسانەوە.
مرۆڤ چی چاوەروان بکات لە سی ساڵ تاڵانی و دزی، لە شەڕ و مالوێرانی، سی ساڵە ئەو ناوانە دوبارە دەبنەوە کە لە دەسەڵاتدان، هەر ئەو دەموچاوانەن، نارەزاییان بەتالکردەوە لەمانای خۆی، گەنجێتی نەوەیەکیان کوشت، هەژار و نەداریان کرد، ئەم کردەوانە چی بەرهەم دەهێنێت جگە لەو توڕەییە کە پێی وایە دەبێت هەمو دامو دەزگاکان بسوتین و ئەوانە چیتر موڵکی گشتی نین ، پێیان وایە ئیتر سەردەمی قسەکردن بەسەرچوەو هیچ نەماوە بگوترێت، ساڵانێکی زۆرە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکرێت و بێ ئەنجام بوە بۆیە ئەم جارە خۆپیشاندەران درکیان بەوە کرد نەوەی شەستەکان و حەفتاو هەشتاکان شکستیان هێناوە لە گۆڕینی ئەم دونیایەو چیتر نابیت گوێیان لێ بگیرێت و ئامرازەکانیان بەسەرچوە.
سوپاس بۆ ئێوە كەبیرتان خستینەوە شكستمان هێناوە.. ببورن لەشکستی نەوەی ئێمە کە نەمانتوانی ئەو گۆڕانکاریە بکەین، ئیمە فریومان خوارد وامانزانی دەتوانین بیگۆڕین...
هیوادارم ئێوەش فریونەخۆن.
ئەم رەوتەی نارەزایی دەربڕین پێیان وایە سیحری خۆپیشاندانی ئاشتی بەتاڵ بۆتەوە، بەمەش زمانی زەبروزەنگ دێتە پێشەوە، ئەمەی لە ئێستادا هەیە چاوەڕوانکراو بوو. ئەو هەموو نووسین و قسانەی کە کراوە بۆئەوە بووە ئەمە ڕوونەدات. بێگومان سوتاندن و وێرانكردن چارەسەر ناكات، بەڵام کە روویدا ئیتر قسەکردنی نەوەی رابردوو تا رادەیەک زیادەیە.
لەم نەوەیەدا ئەو دابەشبونە ئایدۆلۆژی و حزبیەیان بۆ گرنگ نیە کەلەسەردەمی ئێمەدا موقەدەس بوو، بەلایانەوە زۆر گرنگ نیە تۆ ئیسلامیت یان مارکسی یان نەتەوەیی، ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە سیاسی تا چەند راستگۆیە! تاچەند بەڵینەکانی ئەتوانێت خەونەکانی ئەوان بەدیبهێنێت، چۆن داهاتویەکی باشیان بۆ دابین دەکات...
نەوەی ئیمە بەشێکی فریوی خوارد،بەشێک دوای پلەو پۆست کەوت،بەشێکی رۆیشت و سەری خۆی هەلگرت،هەندێک بیدەنگ بوەوخۆی ئەخواتەوە....سەرنجی سەرکردەکانی ناو خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات بدەن هەموو ئەو نمونانە دەبین. نەوەی نوێ رقیان لەو نەوەیە کەبەرگری لە چەند خیزانێک دەکەن خۆیان بە کورسیەکەوە بەستۆتەوەو بەری نادەن و رێگە چۆڵ ناکەن، دەرئەنجام یان دەبێت راکەن و رێگای ئیجە بگرنە بەر یان پەلامار بدەن و بارەگاکان بسوتێنن، لەنێوان ئەم دوو بژاردەیەدا چیتر ماوەتەوە؟ یان رێگای تر هەیە؟
ئەم نەوەیە رەنگە خەونەکانی نەوەی رابردویان زۆر بۆ گرنگ نەبێت ، ئەو مەسەلانەی نەوەی رابردوو ئامادە بوو خۆی بدات بە کوشت لەپێناویدا لای ئەمان بایەخی نیە، ئەو گوتاری کوردایەتیەی دەیان ساڵە بەهەزاران قوربانی لێکەوتۆتەوە لای ئەم نەوەیە بایەخی نیە و ئەنجامەکەی ماڵویرانی بوە بۆیان..
بۆیە دەپرسم ئایا قسەکردن هیچ بایەخی ماوە یان ئیتر کاتی بێدەنگیە بۆ نەوەی رابردوو ؟