مەترسییە راستەقینەكان
2020-12-16 11:57:39
هێڤیدار ئەحمەد
کوردستان 100 ساڵە بە دڵداری و خۆشەویستی بۆ "عێراقمان" بگرە (برایەتی نێوان کورد و عەرەب) مامەڵە دەکات، بەڵام بەرامبەر ئەمە، برایەکی عەرەبمان نەبینیوە لەسەر بنەمای برایەتی نێوان کورد و عەرەب مامەڵە لەگەڵ کورد بکات، ئەوەی عەرەبی عێراق دەیکات تەنیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی خۆیدایە. هەر ئەمەش دروستە، چۆنکە ئێمە سیاسەت دەکەین و لە سیاسەتدا نە دووژمنایەتی بەردەوام هەیە نە هاوبەشیی بەردەوام، بەڵکو بەرژەوەندی بەردەوام هەیە.
لەم عێراقە نوێیەدا (عێراقی دوای 2003) تەنیا و تەنیا کورد دەڵێ "عێراقی فیدڕال" نە سیاسییەکان، نە گەلی عێراق باسی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ ناکەن کە لە دەستووری ئەم وڵاتە لە 2005دا هاتووە.
هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەموو ئەو حکومەتانەی دوای 2003 لە عێراق دروستبوونە، کاردەکات بۆ دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز لە بەغدا و بەغداش بەتایبەت لە دوای 2014 هەموو هێزی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ لاوازکردنی حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و برسیکردنی خەڵکەکەی.
ئەوەی عێراق بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەیکات، روون و ئاشکرا وەك یەکێک لە دووژمنەکانی کوردستان لە ناوچەکە دەریدەخات، بەڵام ئەوەی مەترسیدارترە، دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، چونكە گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی کە هیچ جارێك هیندەی ئێستا دۆخی ناوخۆی کوردستان هەڕەشەی لەسەر نییە، بەم خاڵانەی خوارەوە باسی ئەو مەترسییانە دەکەم کە زیاتر ناوخۆیین:
یەکەم: لەرووی کۆمەڵایەتییەوە تیرۆرێكی فیکری لەنێو خەڵکی کوردستان بەرامبەر یەکدی دروستبووە، کە زۆر مەترسیدارە بەشێوەیەک، نەک تەنیا لەڕووی سیاسییەوە، کۆمەڵگە دابەشبووە، بگرە لەسەر ئاستی تاک و لەسەر بنەمای "رق" دابەشبووە.
دابەشبوونی کۆمەڵگە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای تیرۆری فیکری دروستدەبێ و، گەیشتووەتە ئەوەی کە "رق لەیەکدی بوونەوە و نەبوونی متمانە بە یەکدی، تەنانەت ئەگەر کار و کردەوەکان راستگۆیانەش بن، دەخرێنە خانەی گومان و بەرژەوەندییەوە"، ئەوەش زۆر مەترسیدارە. ئەمە لە دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی رووداوەکان بەرهەم هاتووە.
دووەم: من باسی رووکەش ناکەم، بەڵکۆ باسی واقیع دەکەم کە لەسەر ئەرزە، هەموو رۆژیَك بەچاوی خۆمان دەبینین، دابەشبوونی جوگرافیای کوردستانە و دەبێ ئەو راستییە باسبکرێت. تاوەکو ئێستا داهاتی کوردستان لەنێوان ئیدارەی پارتی و ئیدارەی یەکێتیدا دابەشدەکرێت، ئەمە قسەی بەڕێز ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی بوو كە لەبەردەم هەموو پەرلەمانتاران لە پەرلەمانی کوردستان كردی. هێزی پێشمەرگە و ئاسایش و . لەنێوان پارتی و یەکێتی دابەشبووە، ئەمەش قسەی بەڕێز شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بوو لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان، بگرە زۆر لەوە قووڵتر باسیکرد، کاتێك گوتی "هێزەکان ئێستا لەسەر ئاستی شەخسی و کەسەکان دابەش بوونە!".
سێیەم: دۆخی دەروازە سنوورییەکان باش نییە. دوای سەردانی مەیدانیم بۆ شەش دەروازەی سنووریی هەرێمی کوردستان، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایە، کە داهاتی دەروازەکان هەمووی ناگەڕێتەوە خەزینەی حکومەت، ئەمە جگە لەو قاچاخچیَتییەتەی دەکرێت، کە لە یەکێک لە دەروازە سنوورییەکانی ئیدارەی سلێمانی بە چاوی خۆم بینیم و بە ڤیدیۆ تۆمارم کرد. تەنانەت لە رێگەی ئەم دەروازانەوە كاڵای زۆر مەترسیدار لەلایەن کوردەوە لەسەر کورد ساخ دەکرێتەوە و، ئەوە ئێستاش بەردەوامە. بەرپرسێکی باڵای سنووری یەکێتی بە روون و ئاشکرا بە منی گوت "ئێمە هەموو داهاتی خۆمان نادەینە حکومەتێک کە لەدەست پارتیدایە و خەڵک بڵێ وەڵڵا ئەم حکومەتە سەرکەوتوو بووە"، بەڕاستی متمانە نەماوە. حکومەت دەسەڵاتی بەسەر هەموو سەروەت و داهاتی ئەم وڵاتەدا نییە.
لەڕووی داراییەوە 70%ی داهاتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی کۆدەبێتەوە و نەوتی هەرێمی کوردستانیش لە کۆی 480 هەزار بەرمیل کە هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوەی دەکات، 430 هەزار بەرمیلی لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی پارتی بەرهەمدێت و 60 هەزار بەرمیلیش لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی.
چوارەم: گەورەترین کێشە لەبەردەم هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە. پرۆسەکە سستە، گەندەڵی هەر هەیە، دەبێ خەڵک بزانێ و بە خەڵکی خۆمان بگوترێت، بو باسی دوو ئیدارەیی دەکرێت؟ ئەوەیە کە دەست بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەبردرێت. گەندەڵەکان و بەرژەوەندی حیزبەکان دەکەونە مەترسییەوە، بۆی دژی دەوەستن و کێشەی گەورە دەخۆلقێنن، چونکە لەهەبوونی کێشەی گەورە بەرژەوەندی گەندەڵەکان پارێزراو دەبن. دەزانن، لە هەرێمی کوردستان فەرمانگەیەک هەیە سێ هەزار و 100 فەرمانبەری هەیە، ئەوەی کاردەکەن هەزار و 300 فەرمانبەرن، یەكێكیان بەڕێوەبەری ئەو هەزار و 300 کەسەیە، هەزار و 800 كەسیشیان بەڕێوەبەرن! ئەمە لە کوێی دنیا هەیە بەڕێوەبەر لە فەرمانبەر زیاتر بێت؟ کە ویستیان دەستی بۆ ببەن، کێشەیەکی گەورە دروستبوو. واتە ئیرادەی چاکسازی هەیە، بەڵام كردار وەک پێویست نییە.
پێنجەم: لە پاڵ ئەم چوار خاڵە سەرەکییەی سەرەوە کە واقیعی هەرێمی کوردستانە، هەبوونی رێژەی ژێر هێڵی هەژارییە. بەگوێرەی راپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی لە 2020 كە لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، رێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان 11.9%یە، بەگوێرەی رووپێوەکانی بانکی نێودەوڵەتی و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە 2018دا، هەر کەسێك لەماوەی یەک مانگدا توانای خەرجکردنی 110 هەزار دیناری عێراقی نەبێت، ئەوا بە کەسێک دادەنرێت کە لەژێر هێڵی هەژاریدایە.
ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان ئەو کەسانەی لەژێر هێڵی هەژاریدان لە هەرێمی کوردستان، لەنێوان 2012 بۆ 2020 ئەوا بەڕێژەی 21.9%ی زیادبووە. لە 2012 لە هەرێمی کوردستان 3.5%ی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدا بوونە. کە ئەوکات ژماری دانیشتووان 5 ملیۆن کەس بووە. بەگشتی ئێستا (175 هەزار خێزان لە هەرێمی كوردستاندا هەن لە ژێر هێڵی هەژاریدان، بەڵام لە ساڵی 2012 ئەم رێژەیە زۆر کەمتر بوو، ئەویش 29 هەزار خێزان بووە).
ئەم ژمارانە پێمان دەڵێن، قوناخەکە لە (ترس گۆڕاوە بۆ برس) و مەترسی لەسەر ئینتیمایی نەتەوەیی و نیشتیمانی دروست دەکات.
ئێستا هیچ مەعقول نییە حکومەت هەژاربێ و نەتوانێت دەستی هەژارەکانی خۆی بگرێ و کۆمپانیا و خەڵکی دیکە لەسایەی ئەم حکومەتە دەوڵەمەند بێت، بەرپرسێکی دەستەی ئاماری سلێمانی بەمنی گوت تەنیا لە سلێمانی "سەرووی پێنج هەزار کەسی ملیۆنێر هەن کە سەروەتەکەیان سەرووی یەك ملیۆن دۆلار تاوەكو نیو ملیار دۆلارە ". ئەمە رەنگە بۆ پارێزگای هەولێر و دهۆکیش بە رێژەی جیاواز دروست بێت. پێویستە حکومەت لەم قۆناخە هەستیار و مەترسیدارەدا پێیان بڵێت لانیکەم هەر ملیۆنێرێک نیو ملیۆن دۆلار بداتە حکومەت، هەر بەم هەنگاوە دەتوانێت 7 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە و بەسەر مووچەخۆر و هەژارەکانی ئەم هەرێمەدا دابەشی بکەن. هەرچەندە ئەمە زۆر ئەستەمە، چونکە بینیمان لە چەند مانگی رابردوودا بۆ پێدانی مووچە سەرمایەدارانی کوردستان بە یەڵڵا و یەڵڵا 150 ملیۆن دۆلاریان بە حکومەتدا، ئەویش تەنیا بۆ یەک مانگ و دواتر وەریانگرتەوە.
چارەسەر چییە؟
ئایا کێشەکان هەر وادەبن و بێ ئومێد دەبین و لەپێش چاوی خۆمان هەموو رۆژێ لاوازبوونی ئەم هەرێمەی خۆمان ببینین، کە عێراقییەکان لە نێوەراست و باشووری عێراق خەون بەوە دەبینن تەنیا یەک سەفەری ناوچە گەشتیارەکانی ئێمە بکەن. ئەگەر رێگەی راست و دروست نەگرینە بەر، بەڵێ رەنگە ئەمە رووبدات، بەڵام چارەسەری ئەو کێشانە هەیە:
بۆ ئەوەی ئەو تیرۆرە فیکرییە نەمینێت، پارتی و یەکێتی دەبێ سوڵحێکی راستەقینە بکەن، چونکە بەرپرسیاری سەرەکی کردەوە گەورە و بچووکەكانی ئەم هەرێمەن، دەبێ ئەم هەرێمە رزگار بکەن لەدەست ئەو هەڕەشە جدییانەی بەغدا دەیانخاتە سەر هەرێمی كوردستان یان بەردەوام دروستیان دەکات. پێویستە یەکدی بخوێننەوە، پێکەوە بەشداربن لە هەڵبژاردنی عێراق و یەک لیستییان هەبێت. لە هەڵمەتی هەڵبژاردن هەندێ شت بگۆڕن و هەندێ شێوازی هەڵمەت لەسەر یەکدی حەرام بکەن. ئەم دوو حیزبە سەرەکییەی هەرێمی کوردستان بە خەڵک گەورەن و دوورکەوتنەوەی خەڵک لێیان، هەر خۆیان و خەڵکی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم دەبن. قسەی بەرپرسێکی باڵا باس دەکەم، لە جڤاتێکی فەرمی داخراودا گوتی "بۆ ئەوی ئەم دۆخە چاکبکرێت و دوورکەوینەوە لە مۆزایەدە، دەبێ پارتی و یەکێتی و گۆڕان لێكتێگەیشتنێك ئیمزا بکەن، لانیکەم بۆ سێ خوڵ 12 ساڵ هەڵبژاردن نەکرێت". واتە ملشکاندنی یەکدی بەس بێت.
داهاتی ئەم هەرێمە بە شەفافانە بە خەڵک بگوترێت چەندە و چۆن دابەشدەکرێت. ئەو قسەیە لای من راست نییە کە دەگوترێت ئەمریکا و فەرەنسا و هاوپەیمانان، هەرێمی کوردستان دەپارێزن، چونکە بەرژەوەندی خۆیان هەیە و هەرێمی كوردستان نەوتی هەیە، بەڵام بەرامبەر ئەوە، دەستتێوەردانی دەرەکی بو نێو هەرێمی كوردستان زۆرە کە ئەم قەوارەیە لاواز و لاوازتر بکەن. لای من ئەوەی گەرەنتی پاراستنی ئەم هەرێمە دەکات، خەڵکی هەرێمی كوردستان خۆیەتی، دەبێ دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان کارێک بکەن متمانەی خەڵک بەتەواوی بگەڕێنەوە، نەک رۆژ بە رۆژ لاوازببێت.
*ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی.