دەوڵەت لە سەرۆك گەورەترە
2021-01-08 18:04:21
عەبدولڕەحمان ڕاشد
وەرگێڕان : گ. ق
ئەو سیاسیانەی هاوکاری سەرۆکی ماوە تەواو بوو، دۆناڵد ترەمپ بوون، خۆیان لە نیوان دوو بژاردەدا بینیەوە؛ یا لەدەستدانی دەوڵەت یان لەدەستدانی حوکم، زۆرینە لە ریزی دەوڵەتدا وەستان، چونکە دامەزراوە گرنگترە لە تاکە کەس.
ئەوەی دوێنێ لە واشنتۆن رویدا یاسایی بوو، بە ناڕەزاییەکان لەسەر ئەنجامەکان ودژ بە دانانی جۆ بایدنیش بە سەرۆك، جگە لە هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس وهەڕەشەکردن لە ئەندامەکانی.
وێنەی ویلایەتە یەکگرتوەکان لەرزی، ئەو ووڵاتەی کە شانازی بە سیستمەکەیەوە دەکات و رەوشت وئاکارەکانی بە وانە بە نەتەوەکانی دیکە دەڵێتەوە، بەڵام ئەوەی دەوترێت دەربارەی داڕوخانی ویلایەتە یەکگرتوەکان وشەڕی ناوخۆ وشکستی سیستمی سیاسی، هیچ پەیوەندییەکی بە واقیعەوە نیە و واقیعی نیە. ئەمریکا ووڵاتی دامەزراوەیە، وسیستمەکەی چەسپاو وڕەگ داکوتراوە. ئەوەی کە سەرۆك ترەمپ کردیشی وگومانی لای ملیۆنان کەس دروست کرد لەسەر سیستمەکە، تاقیکردنەوەیەك بوو بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت کە لە کۆتاییدا سەرکەوتن بەسەریدا.
جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان کێبڕکێ لەسەر حکومەت وململانێ لەگەڵ سیستمی سیاسی. دەوڵەت گەورەترە لە حکومەت ولە حیزبەکان، دەوڵەت پێکدێت لە دامەزراوە جیاجیاکان، سەرۆکایەتی ویاسادانان ودادوەری وحکومەتی بیرۆکراتی، وحکومەتە فیدراڵیەکان، ،چالاکیەکانی ودامودەزگا مەدەنی وعەسکەریەکانی. دامەزراوە قوڵەکە، تاوانباری سەرەکیە لە بیردۆزە پیلانگێڕیەکەی ترەمپدا، کە دەزگا بەهێزەکانی حوکمن، عەسکەری بن یا ئەمنی یا ئابوری یان سیاسی، وەك دوو حیزبە گەورەکەی دەسەڵات لە ئەمریکا. بەڕەچاونەگرتنی پوچیی تیۆرەکانی پیلانگێڕی، کارێکی ئاساییە کە ئەم دامەزراوانە دەوڵەت دەپارێزن نەک حکومەت یان سەرۆك، وڕێگە نادات نە بە ترەمپ ونە بەکەسی دی پەیکەرەکە وێران بکات یان بنەماکانی بلەرزێنێت. حدچ پیلانگێڕییەك لێرەدا لە ئارادا نیە، ترەمپ گەیشت بە سەرۆکایەتی لە ڕێگەی ئەو سیستمەی ئێستا بەلاماری دەدات، ئەو سیستمە رێی پێدا خۆی کاندید بکات وسەربکەوێت وحوکمیش بکات، لەگەڵ ئەوەی لە ژیانیشیدا لە سیاسەتدا کاری نەکرد بوو. هەمان ئەو سیستمەی کە ترەمپی خستە نێو کۆشکی سپیەوە هەر ئەو سیستمەش دەیکاتە دەرەوەی ئەوێ، بەهۆی یاساکانەوە. قسەکانی ترەمپ دەربارەی ساختەکاری ودزینی حوکمەوە هیچ بنەمایەکی راست ودروست وتۆمارکراوی نیە. سیستمی ئەمریکی بە تەواوی بێ تاوان نیە، چونکە خۆی سەرکردەکانی دروست دەکات ورێگە بە دەستڕۆشتووەکان دەدات کە وابکەن لەڕێی بەخشینەکان وهێزەکانی فشار ودەزگاکانی راگەیاندن، لە دووتوێی دامەزراوەیەکی یاسادانانی ئاڵۆزەوە کە دەرهاویشتەی دیاریکراو بەرهەم دەهێنێت. هەمیشە لە ناو ویلایەتە یەکگرتووەکاندا چەندین توێژ ئەم سیستمە رەت دەکەنەوە ودژی دەوەستن ولێی هەڵدەگەڕێنەوە، لە شەستەکانیشدا شۆڕشیان لە دژ بەرپا کرد وشپڕشەکەشیان لە ڕێگەی جوڵانەوەی مافە مەدەنیەکانەوە بوو، وە چەندین لە شارە گەورەکانی گرتەوە، وگەورەتر بوو لەوەی لەم دوو ڕۆژەی دواییدا دیمان. بەڵام سیستمی ئەمریکی لە هەموویان گەورەترە وتوانای لەخۆگرتن وبەشداری پێکردنی خەڵکە توڕەکەشی هەیە، بەم هۆیەشەوە ئێمە (ئۆباما)مان بینی کە بەڕەگەز لە ئەفریقیە ئەمریکیەکانە و(کامالا هاریس) یشمان بینی کە بە رەگەز لە هیندیە جامایکیەکانە.
بۆ ئەمریکیەکان دەوڵەت وسەلامەتییەکەی گرنگترە لە ناڕەزایەتیەکانی ترەمپ وجەماوەرەکەی، ،دەسەڵاتیش پەنا بۆ هێز دەبات بۆ خۆپارێزی، وبۆ لادانی سەرۆکیش ئەگەر ببێتە مەترسی بۆ سەر سیستمەکەی. زۆرینەی کۆمارییەکان دوێنێ لە کۆنگرێس دژ بە سەرۆکەکەیان وەستان لەبەر ئەوەی پێیان وایە کە ئەو(سەرۆك) بوەتە هەڕەشە لەسەر سیستمی حوکمڕانی وڕیزی گەل دوو لەت دەکات. ئەوان لە سەرەتاوە پشتیوانیان کرد لە سکاڵاکەی ولە گومانەکانی سەبارەت بە دروستیی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. یارمەتیاندا وڕێگەیان پێدا کە سەرجەم ڕێگە وڕێکارە یاساییەکان بەکاربهێنێت، ئەو(ترەمپ) ٥٠ سکاڵای بەرزکردەوە لە دادگا فیدراڵیەکان وهەموویانی دۆڕاند جگە لە یەکێکیان نەبێت، کە لەسەر ژمارەیەکی کەم لە دەنگەکان بوو. ترەمپ پەنای برد بۆ دادگای باڵا کە زۆرینەی دادوەرەکانی سەر بە پارت وکەمپینەکەی ترەمپن، ئەویش(دادگای باڵا) ڕەتی کردەوە، هاوڕێ وسەرکردەکانی حیزبەکەشی سکاڵاکانی ئەویان رەت کردەوە، حاکمی ویلایەتە پەیوەندارەکانیش لە کۆمارییەکان ووتیان کە ووتە ودەنگۆکانی ترەمپ راست نیە. ناکرێت هەموو ئەمانە پیلانگێڕ بن لە دژی ئەو(ترەمپ)! جیاوازییەکە ئەوەیە کە ئەوان رۆڵەی دامەزراوەی حوکمڕانین وئەو نامۆیە تێیدا، بەڵام ترەمپ لەڕووی جەماوەرییەوە لەوان سەرکەوتووترە وجەماوەرێکی زۆری هەیە ولەگەڵ ئەوەی کە ئەوەی ئەو دەربارەی پیلانگێڕی وساختەکاری دەیڵێت تەنها وەهمێکە، ولەوانەشە خۆی باوەڕی بە ڕاستییەکەی کردبێت. بەڵام ئەمە ئەوە رەت ناکاتەوە کە دژ ودوژمنەکانی ڕێوین ودەزانن چۆن شەڕ وهەڵبژاردنەکان لەو باشتر ئیدارە بدەن بە بەڵگەی ئەوەی کە ئەوان ئاسانکارییان کرد لە دەنگداندا لە ڕێگەی پۆستەوە کە لە بەرژەوەندی خۆیان بوو، بە سوود وەرگرتن لە بارودۆخی نەخۆشی وپەتاکە، کە ئەمەش سیستمێك بوو ترەمپ نەیزانی چۆن بەرەنگاری ببێتەوە بەزوویی وسنورداری بکات ودژ ودوژمنەکانی خۆی بێبەری بکات لە قۆستنەوەی.
سیستمی ئەمریکی، بەهۆی ئەوەی کە ئالیەتێکی پیشەسازی زەبەلاح، وبازاڕێکی ئابووری دەوڵەمەند، وزانکۆ وبنکەی توێژینەوەی داهێنەرانە، ونەتەوەیەکی زیندووی هەیە، هەر وەک هێزێکی سەرکەوتوو دەمێنێتەوە. وئەوەی بەم دواییانە رویدا تەنها بەشێکی شەرماوەر وسەغڵەتکارە وتێیدەپەڕێنن.