گێڕانەوەی نیزام پاشان دیموکراسی (سوپای عیراق)
2021-01-09 19:48:08
میهرەبان رەوف
لەیادی دامەزراندنی سوپای عێراق هەندێک نوسەر و ئەکادیمی نەتەوەیی و نیشتیمانی و شعوبی لەڕوانگەی خۆیانەوە هەڵسەنگاندن بۆ ڕۆڵ و توانا و کوالیتی سوپای عێراق ئەکەن . هەندێکیان لەسەر رۆژی دامەزراندنی و کێ و چۆن دامەزراوە و ڕۆلیان لە ململانێی ناوخۆ چۆن بوە . جیاواز لەو بابەتانە ، ئەم بابەتە لە ڕوانگەی هێزی عەسکەری و دەوڵەت و دەوڵەتداریەوەیە .
سەرەتا با بڵێین رۆژی دروستکردنی خانویەک دیار نیە کە ئایا رۆژی دانانی بەردی بناغەکەیەتی ، یان سەقف تێكردن یان کلیل وەرگرتنە ! ئیتر پێویستە خاوەن ماڵ لەسەر رۆژێ ڕێبکەوێت . یان ئایا بنەچەی کورد مێدەکانە یان نا ؟ ئیتر پیویستە کورد خۆی ساغبکاتەوە کە بنەچەی کورد میدەکانە یان نا .
ئەم بابەتە بۆ سوپای عێراق یەکلاکراوەتەوە ، چونکە گرنگ ئەوەیە عێراقیەکان لەسەر ئەو رۆژە ڕێکەوتوون و باوەریان وایە کە شەشی یەک ١٩٢١ رۆژی دامەزراندنی سوپای عیراقە .
دامەزراندنی یەکەمین نواتی سوپای عێراق لە ١٩١٥ دا بوە کاتێک هێزی عەسکەری بەریتانی گەشتە ناسریە، نەقیبێکی خزمەتگوزاری-گشتی بەناوی ئێدی (J, I, Edie) چل عەرەبی عەشایەری ناوچەکەی دامەزراند بە مانگانەی پێنج ڕوپیە بۆ چاوساغی و پاسەوانی کەسی و پارێزگاری لە دزو جەردە لە ڕێگەوبان. ئیتر ژمارەی ئەو چەکدارانە قۆناغ بە قۆناغ زیادی کرد لە کورد و عەرەب و ئاسوری .
لەدوای گەشتنی ئاسوریەکان و جێگیرکردنیان لە بەعقوبە ، هەندێک لە گەنجەکانیان تەجنید کران لەو یەکانەدا . ئاسوریەکان گوێڕایەڵتر و کەم کێشە تر بوون بەراوورد بە کورد و عەرەب . لە ١٩١٨ ئەو هێزانەیان ناو نا هێزی شبانە کە لە تورکیەوە وەرگیرابوو . بەڵام لەبەر ئەوەی ووشەکە خۆشەویت نەبوو ، بۆیە لە ١٩١٩ ناوەکەیان گۆری بۆ هێزی میلشیا . سیستەمی خۆبەخشی دانرا و مەرجەکان رێکخرا و جلوبەرگیان موەحەد کرا و بە چەکی ٣٠٣ ی بەریتانی چەکدار کران . ئەرکەکەیان زیادی کرد بۆ ڕێگەتاقیکردنەوە و پاسەوانی تایبەتی ئەفسەرە بەریتانیەکان و ئەرکی پۆلیسی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و راکێشانی هێڵی تەلەگراف و گرتنی خەڵکانی داواکراو و باج وەرگرتن .
لە مانگی تەموزی ١٩١٩ ناوەکەیان گۆرا بۆ هیزی خۆبەخشی لێڤی . لە ١/٨/١٩١٩ لیڤی کەوتە ژێر فەرمانی ئەفسەری تەفتیش و ئەفسەری سیاسی و فەرماندەی ئیداری لۆکەڵی . هێزە شەڕکەرەکانیان لە مقەری ناوچیەی ئیداری دانران . لە ١٢/٨/١٩١٩ ناوەکەیان گۆرا بۆ هێزی لیڤی عەرەب و کورد . جوڵەی ئەو هێزانە بۆ عملیاتی کورت لەژێر فەرماندەیی ئەفسەری سیاسی بوو ، بەلام بۆ عملیات کە ٢٤ سەعات زیاتر بخایەنێت پێویستی بە رەزامەندی ئەفسەری تەفتیش هەبوو کە لە سێ ناوچەی عێراق دانرابوون : موسڵ، بەغداد ، بەسرە .
لە نۆڤەمبەری ١٩١٩ فەرمانی مەشقپێکردنیان بۆ دەرکرا لەسەر : جۆڵەی خێرا ، هێرش و گەمارۆدان ، بەرەووپێشچوون/تقدم ، پاسەوانی بەشی موئخرە ، شەڕکردن لەناو هۆڕەکان و روبارەکان ، هەماهەنگی لەگەل هێزی ئاسمانی و مدرعات و بەلەم و تۆپخانە و رەشاش ، شەڕی ناوچەی شاخاوی و بیابان . ئەم مەشقانە لە ئەنجامی نەبوونی دیسپلین و هەماهەنگی و نەشارەزایی لە بەکارهێنانی چەک و جوڵەدابوو ، چونکە لە کۆتایی مانگی دووی ١٩١٩ وە چەند جارێک بەکارهێنران بۆشەڕ دژی هەڵگەرانەوە عەشایەریەکان لە باکور و باشور بێتواناییان دەرکەوت. لە بەهاری ١٩١٩ هێزی لیڤی بە فەرماندەیی رائد ( F. S. Greenhouse) لە ئەزمەر دژی هێزی کورد شکا ، لەشەری تاسلوجە و دەربەندی بازیان لە مانگی شەشی ١٩١٩ لێڤی بەشداربوو بە فەرماندەیی فیرقەی ١٨ جنرال T. Fraser کە شێخ مەحمود بە برینداری گیرا . لەشەری ئامێدی لە ١٧/٧/١٩١٩ دوو کەتیبەی ئاسوری لیڤی لە باقوبەوە رۆشتن و ئامێدیان داگیرکرد . لە ١٠/١٢/١٩١٩ ڕەوشی دیرەزور خراپ بوو ، دوو هەزار عەرەب گەمارۆی ناوچەکەیاندا ، لیڤی عەرەب چونە پاڵ هێزە عەشایەرەکە و دەرەنجام هەموویان بەخشران لە خزمەت و هەریەکەیان شەست ڕوپیەیان پێدرا و لە خزمەت دەرکران . هەر لەوکاتەدا مزەکەرە درا بە پەرلەمانی بەریتانیا کە تەدریب بە لیڤی کورد و عەرەب نەکەن ، ئیتر لەو کاتەوە دەستکرا بە بەخشینی کورد و عەرەب لەناو هێزی لیڤی و ، ئاسوری لەجێیان دانران . موچەی هەرلیڤیەیک لە ١٩١٩ پێنج روپیە بوو، بە بدل ارزاق ١٥ روپیە و لیڤی سوارە ٢٥ روپیەی هەبوو مانگانە . بە قسەی ئارنۆلد ویلسن لە کتێبەکەی دەڵیت لەوکاتەوە بوو بە عەیبە لای خەلکیی کەسێک ببێ بە لیڤی ، بەلام دوایی بۆ تەجنیدی سوپا ئەو عەیبەیە نەما . لەلایەکی ترەوە ، ناسەقامگیری و ئالۆزی عەشایەری دیرەزور و موسڵ و ئامیدی و سلێمانی و باشور پرۆسەی دامەزراندن و پشتیوانی سوپای خێراتر کرد .
حاکمی سیاسی بەریتانیا ئارنۆڵد ویڵسن کە لە هیندستانەوە هات بۆ عێراق ، ڕوپیەی هیندی و سەربازی هیندی لەگەل خۆی هێنابوو و پلانەکەی وابوو کە ئەو بەشەی ژێر دەستی بەریتانیایە بخاتە سەر حوکمداری هیندستان . لەلایەکی ترەوە ستراتیجی تی ئی لۆرانس و خاتوو بێڵ دامەزراندنی دەسەلات بوو بۆ عەرەبی ناوچەکە . دەرەنجام پلانەکەی لۆرانس و بێڵ سەرکەوت و لە پایزی ١٩٢٠ پێرسی کۆکس لە تارانەوە شوێنی ئارنۆڵدی گرتەوە . دەرەنجام لە دیسەمبەر ١٩٢٠ سەرۆک وەزیری بەریتانیا لێپرسراوێتی رۆژهەلاتی عەرەبی لە حکومەتی هند وەرگرتەوە و خستیە سەر وەزارەتی مستعمرات و لە ٣١/١/١٩٢١ ئیدارەی عێراق کەوتە سەر وەزارەتی مستەعمرات .
کە کۆنگرەی قاهیرە ڕێکخرا لە ١٢/٣/ ١٩٢١ بۆ ڕێکخستنەوەی چوار ڕێکەوتن و بەیاننامەی ئاشتی کە تارادەیەک دژبەیەکبوون : سایکس – پیکۆت و بەیاننامە چواردە خاڵیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا لە مانگی یەکی ١٩١٨ وپەیمانی بەلفۆڕ و سیڤەر . پێشتر لە ١٩١٣ کە ونستۆن چەرچل وەزیری دەولەت بوو بۆ هێزی دەریایی بریاریدابوو کە ووزەی پاپۆڕەکان لە خەڵوز بگۆڕێت بۆ نەوت بە چاوبڕینە نەوتی کەرکوک ، چونکە ئەو کاتە تەنها نەوتی باشوری ئێران لەبەردەستدا بوو . جا کە لە ١٩١٨ وە کەرکوک مسۆگەر بوو بۆ بەریتانیا ، ئیتر هەنگاو بە هەنگاو کاتی جێبەجێکردنی پلانەکەی چەرچل نزیککەوتەوە .
بابەتی پەیوەندیداری کۆنگرەی قاهیرە بە عێراقەوە : هێزی لێڤی جێگای هێزی بەریتانی بگرێتەوە لە زۆر ناوچەدا و ئەرکی هێڵێ پێشەوە و بنکەکانیان پێ بسپێررێت هەتا سوپای عێڕاقی دادەمەزرێنن و بەهێزی ئەکەن . لەپاڵ دانانی مەلیک فەیسەڵ ، عەرەب و کورد هەموویان لە ناو لێڤی ببەخشرێن و لەناو یەکەی سوپای عێراق رێکبخرێنەوە کە وەزارەت و هەیئەی ئەرکانەکەی لە کۆتایی ساڵی رابردوودا ( ١٩٢٠) دامەزرابوو . لە کۆنگرەی قاهیرە جەعفەر عەسکەری بەشدار بوو کە بە پێی قسەی مێژوونووس James Barr لە کتێبی a Line in the Sand دەڵێت وەک تەنها عەرەبی عێراقی بەشدار بوو . دیارە جەعفەر عەسکەری خۆی بە عەرەب لەقەلەم داوە لەو موتەمەرە . جەعفەر کە لە سوپای عوسمانیەکان فیراری کرد نەهاتبوە سلێمانی بۆ لای شێخ مەحمود وەکو تۆفیق وەهبی و مستەفا پاشای یامولکی و ئەوانی تر ، بەڵکو پەیوەندی کرد بە فەیسەلی کوری شەریف لە حیجاز ، هەرچەند لەدواییدا فەیسەل بەوەفا بوو لەگەڵیدا و جەعفەریش هەتا دوا هەناسە دڵسۆزی خۆی بۆ بنەماڵەی پاشایەتی سەلماند ، بەڵام لە دوای کودەتاکەی ١٩٣٥ بەکر سدقی جەعفەری کوشت (کە بە نوێنەرایەتی پاشا هاتبوو بۆ دانوسان) و نەیهێشت پرسەی بۆ دابنرێت . بەکرد سدقی (کە پاش فیرارکردنی لە سوپای عوسمانی راستەوخۆ بۆ ناو سوپای عێراق رۆشت ) پاش کەمتر لە ساڵێک بە دەسیسەی کوردێکی تری ناو سوپا کوژرا .
کە عێراق بوو بە مستعمرە بەریتانیا بە فەرمی لە ٢٤/٤/١٩٢٠ ، بریاردرا کە یارمەتی عێراقیەکان بدرێت هەتا خۆیان توانای بەریوەبردنی خۆیانیان ئەبێت و پاشان سەربەخۆیی وەربگرن . لەو کاتە لە عێراق ٦٠ هەزار بەریتانی لێبوو ، مەسرەفیان سالانە ١٨ ملیۆن پاوەن بوو . بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی بودجە ، چەرچل مسولیەتی عەسکەری عێراقی خستە ئەستۆی وەزارەتی فرۆکەوانی و ئامانجی کەمکردنەوەی بودجە بوو بۆ ٧ ملیۆن پاوەن (پێنج ملیۆنی بۆ عەسکەری و دوو ملیۆنی بۆ نەفەقاتی مەدەنی) .
هەر لە کۆنگرەی قاهیرە بریاردرا کە لیژنەیەکی عەسکەری پێکبێت بۆ دامەزراندنی هێزی عەسکەری عەرەبی لە سەر ڕاپۆرتی جەعفەر عەسکەری . لیژنەکە پێکهاتبوو لە : جنرال الدن ، نائب مارشال ئالزۆ سالمۆند، عقید فێرت، عقید کۆرنۆالیس، رائد ئێدی ، فەریق جەعفەر عەسکەری وەک راوێژکار . هەروەها گفتوگۆ کرا لەبارەی بڵاوە پێکردنی سربی فرۆکە لە عێراق .
کاری پیرسی کۆکس وەک حاکمی سیاسی ، بریتی بوو لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە لە عیراق . وەزارەتی بەرگری وەک بەشێک لە حکومەتی عێراق لە مانگی ١٠ی ١٩٢٠ دامەزرا و جەعفەر کرا بە وەزیر . کە بارەگای وەزارەت دامەزرا لە ٦/١/١٩٢١ ، ئەو رۆژە ناسێنرا بە رۆژی دامەزراندنی سوپای عێرق . ئەو ئەفسەرە کورد و عەرەبانەی بەردەست بوون بەسەر بەشەکاندا دانران [لەژێر فەرمانی ئەفسەرە بەریتانیەکاندا ]و سیستەمی خۆبەخش بریاری لێدرا و هەر لەو مانگەدا ٢٣٤ کەس وەرگیران . بە قسەی رائد J, I, Edie لە ١٩/٧/١٩٢١ قافلەی یەکەمی خیالە بلاوە پێکران کە ١٦٠ سەرباز بوون و لە ٢٨/٧/١٩٢١ یەکەم فەوج دامەزرا بە ناوی فەوجی ئیمام موسای کازم . بەڵام هێزی لیڤی بەتەواوەتی لە دەرەوەی دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگری مابۆوە . گەشەی سوپای عێراق خاو بوو لەو کاتە ، لە مانگی یەکی ١٩٢٢ یەکەم یەکەی سوپای عێرق گەشتە موسل و لەلایەن تیپی موسیقای عەسکەری فەوجی East Yorkshire ی بەریتانی پێشوازیان لێکرا .
لەدوای کۆنگرەوە بریاردرا کە تەنها ئاسوریەکان لەناو لیڤی بمێننەوە . ئەم ئاسوریانە عیراقی نەبوون ، ئیسلام نەبوون ، خاوەن زەوی نەبوون ، هەژاربوون و جگە لە بەریتانیا پشت و پەنایان نەبوو ، بۆیە گوێڕایەڵتر بوون . لە هەڵگەرانەوەکەی رەشید عالی گەیلانی لە مانگی پێنجی ١٩٤١ ، دوو هەزار لیڤی لەناو بنکەی حەبانیە بوو لەگەل لیوایەکی بەریتانی-هندی. بنکەی حبانیە گەمارۆدرابو لەلایەن سوپای عێراقی بە سەرکردایەتی عقید سەلاحەدین سەباغ . هێزەکەی لیڤی و هیزی ئاسمانی بەرگریان کرد هەتا لیوایەک و فەوجێک لە فەلەستینەوە فریای بنکەی حەبانیە کەوتن و هێزەکەی سەباغ شکاو هێزی بەریتانی داخڵی بغدا بوونەوە و گەیلانی رایکرد بۆ ئەلمانیا و شۆرشەکە تەفروتونا بوو ، سەباغ دوای گرتن و راکردن و گرتنەوە ئیعدامکرا . هەرچەند وەزارەتی بەرگری هەبوو و خاوەنی سێ فیرقەی زەمینی و کلیەی عەسکەری و هێزی ئاسمانی بوو ، بەلام هێزەکانی لیڤی بەپێی رێکەوتنی ٣٠/٦/ ١٩٣٠ی ئەنگلۆ – عیراقی هەر لەرژێر فەرمانی هێزی بەریتانیا مانەوە هەتا کۆتایی جەنگی جیهانی دوەم لە پاڵ دامەزراندنی ئیسرائیلدا ، ئیتر لیڤی هەلوەشایەوە و کۆتاییان پێهات .
سوپای عیراق ئەگەر داپڵۆسێنەر بووبێت لە دژی کورد و شیعە و سوننە لە سەردەمە جیاکاندا لە ١٩٢١ وە ، کەم توانا بووبێت لە مەیدانی جەنگدا ، چەکی قەدەغەکراوی بەکارهێنابێت ، بەریتانیا بناغەی دامەزراندبێت و لە ١/٦/١٩٢١بێت یا هەر بەروارێکی تر ، بەلام هەموو رژێمەکانی عێراق : پاشایەتی لە فەیسەل و غازی و فەیسەلی دوەم ، هەتا کۆماریەکان لە قاسم و هەردوو عارف و بەکر و سەددام و عەلاوی و جەعفەری و مالکی و عەبادی و کازمی ، هەموویان ئەو سوپایە بە فەرمی و نیشتیمانی و پیشەیی و سیمبولی دەوڵەت دەناسێنن .
هەروەک هەموو سوپاکانی جیهان ، سوپای عیراق لە شەڕی ناوخۆ و دەرەکی تێوەگلاوە و جەنگاوە . لە سەردەمە جیاکاندا لایەنگری دەسەلاتە جیاکان بوە و دڵسۆزیەکەی گۆڕاوە لەپاڵ گۆڕانی رژێمەکاندا ، بەلام هەر بە عێراقی ماوەتەوە .
عێراقیەکان و دۆستەکان دان بەو ڕاستیەدا ئەنێن کە هێزی عەسکەری عێراق لەم کاتەدا : قوەی قیتالی لاوازە و فعالیەی عەسکەریەکەی توانای پارێزگاریکردن یا بەدیهێنانی ئامانجە سیاسیەکانی دەوڵەتی نیە . گەندەڵی ئیداری و مالی تیایە ، سیاسیەکان و گەندەڵکاران و میلشیاکان خەرقی دامەزراوەکە ئەکەن ، و کوالیتیەکەی لە چێو ناوبانگەکەیدا نیە . بەلام لە ئاستی ناوخۆ هەمیشەییە و دەستوریە و فەرمیە ؛ لە ئاستی نێودەوڵەتی دانپیانراوە و فەرمیە ، هاوپەیمانی ناتۆ و ئێران بە دۆستی خۆیانی ئەزانن . زلهێزەکانی جیهان لە کۆریای باشورەوە هەتا ڕوسیا و رۆژهەلاتی ناوەراست و ئەوروپا و ئەمەریکا تەعاملیان لەگەل ئەکەن و هاتوچۆ و هەماهەنگی هەیە لە نێوانیاندا بۆ پڕچەککردن و ئیستخبارات و مەشق و هەماهەنگی لە مەیدانی شەڕدا دژی تیرۆر . ئامانجی هەمویانە کە باشتری بکەن . بێگومان ئەم کارانە ئاسان نیە بەلام ئەنجامی باشی ئەبێت .