وانەکانی گردەکە..
2021-01-09 16:54:41
بابەكر دڕەیی
وانەی یەکەم:
بەهێزی وەک هۆکارێک بۆ شکست!
وانەکانی گردی زەرگەتە کەم نین.
ژمارەیەک مرۆڤ، لەسەرەتای سەرەتاوە لە دەوری نەوشیروان مستەفا کۆبونەوە بەو هیوایەی ئەم مرۆڤە شارەزاو ئازایە بتوانێ دڕێک بەو تاریکی و ناعەدالەتیەی هەناوی کوردستان بدات و گۆڕانێک دروستبکات.
پشتیان گرت و وەک دیوارێکی قایم بونە بەڕۆچکەیەک بۆ بەرنامەو سیاسەت و کارە میدیایی و رۆشنبیریەکانی.
چوادەساڵی رەبەق بە هەنگاو لێی دورنەکەوتنەوە.
چواردەساڵی تەواو هەرچی ئەو بە گونجاوی زانی، جێبەجێیان کرد.
لە دەرەوەی گردەکەش سەدان و هەزاران کۆبونەوەو پاڵیان دایە یەک بۆ ئەوەی دنیایەکی جوانتر و عادلانەتر بە ڕێبەری ئەو دروستبکەن.
لەم 14 ساڵەدا زۆر کەس کەوتنە بەر پاڵاوتن و فلتەرەیشن.
زۆر کەس لەم ماوە دورودرێژەدا خۆیان دۆراند و سەنگەریان گۆڕی.
زۆر کەس لەم 14 سالەدا خۆیان فرۆشت و پرەنسیپەکانیان گۆریەوە بە پارەو پۆست.
زۆر کەس لەم مەودا زەمانیەدا بە ناهەق پەلاماری هاوڕێکانی خۆیان داو بوختانیان بۆ هەڵبەستن.
هەنێ کەس، لە کاتێکا خۆیان ملیۆنەر بون و لە حسابی خەلک ببونە سەرمایەدار، پەلاماری هاوڕێ پاک و خاوێنەکانی گردەکەیان دا و لای خەلک زیانیان بە ناوبانگیان گەیاند..
هەنێ کەس بێئەوەی لە تەمەنیانا کارێکیان بۆ چاکسازی ئەنجامدابێ یاخود تەنانەت لە ناو بزوتنەوەکەشدا عارەقیان کردبێتەوە، کورسیە ئەسڵیەکانیان بۆخۆیان فڕاند..
مێژونوسان و شارەزایان دەگێڕنەوە کە لە سەدەکانی شانزەو حەفدەدا، رەشپێستەکانی ئەفریقایان بەو هۆیەوە گواستەوە بۆ ئەمریکا چونکە ئەوان کەسانی بەهێزبون... بەرامبەر نەخۆشی مەلاریا وەک سپیپێستەکان لاواز نەبون و بەرگرییان ئێجگار قایم بو.
بەڵام ئەم بەهێزیە جەستەییە، لە بری ئەوەی سەروەری و یەکسانییان بۆ بهێنێ، لە ژێر زەبری کلتورێکی خەیاڵی و پوچدا، کردنی بە کۆیلەی سپیپێستەکان و تا ئێستەش باجی ئەو بەهێزی و ساغیەیان ئەدەن.
دەرسی یەکەمی گردی زەرگەتە ئەوەیە کە مرۆڤە ساغ و خاوەن پرەنسیپ و ماندوەکان، لە کۆی هاوکێشەی سیاسەت و چاکسازیدا، زیانمەندی یەکەم دەرچون و کەسانی نەخۆش و بێبەرگری شوێنیانی گرتەوە.
کەسانی ناپاک و لاوازو خۆفرۆش و پاتاڵ و هیچنەکردەش تیایدا بونە سەروەرو وەک بەرزەکی بانانان بۆی دەرچون یان لە قۆناغی دەرچوندان...