روداوەکانی واشنتۆن و دیکتاتۆری پێوەندکراو
2021-01-07 18:17:50
ئەبوبەكر عەلی
بەپێچەوانەی لێکدانەوە و کاردانەوەی ھەندێ وڵاتی دیکتاتۆر یاخود نیمچە دیکتاتۆری و عەقڵی سەلەفی ڕێکخراوو ناڕێکخراوو ئەسیری کولتوری وەلی ئەمرو سوڵتانی غەلەبەو لایەنگری شەرعیەتی شمشێرو توانای خۆسەپاندن، روداوەکانی واشنتۆن وھەڵکوتانە سەربارەگای کۆنگرێس ، لەلایەن بەشێك لەلایەنگرانی ترامپەوە، بەڵگەنین لەسەربێ بایەخبوونی دیموکراسی ولەوانەش دیموکراسی ئەمریکا. بەڵکو تەواو بەپێچەوانەوە، زیاتر ڕونیان کردەوە، بوونی کلتورو دامەزراوەو دەستەبەریە دیموکراسیەکان لەدەوڵەتدا، تاچ راددەیەك گرنگ و پێویستن.
چونکە ئەوە دیموکراسیە جیاوازی دەخاتە نێوان دەسەڵاتدارو دەسەڵاتەوە. لەڕێی چەندین میکانیزمەوە لەوانەش دەستور، سنور بۆ دەسەڵاتەکانی حوکڕان دادەنێت و دەسەڵاتەکانی بۆ دیاری دەکات. بەگرتنە پێشی ڕێوشوێنی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانیش، رێدەگرێت لەوەی، سەرجەم دەسەڵاتەکانی لەدەستدا کۆ کۆببنەوەو بەمەش کەڵکەڵەی بێنیازبوون لەخەڵك وخراپ بەکارھێنانیان وستەمکاری وخۆبەخواوەند بینینی بچێتە کەلەوە، لەبری دەستورێکی مەدەنی پارێزەری ماف وئازادییەکانی ھاوڵاتی ودامەزراوەکان ودەوڵەتی یاسا، بەگوێرەی میزاجی خۆی وبەرژەوەندیە تاکەکەسی وبنەماڵەیی و گروپیە بەرتەسکەکان، حوکومرانی بکات و کۆماری ترس پێکبێنێت.
روونە، پێش دەرکەوتنی دیموکراسی، جگەلەچەند ئەزموونێکی کاتی وتێپەڕ، لەوێنەی : حوکمرانی ڕاشدین لەسەرەتای ئیسلامداویۆنانی کۆن، بەگشتیی، مۆرکی زاڵی حوکمرانی خۆسەپاندن وستەمکاری بووە. ھێز سەرچاوەی ڕەوایەتی سیاسی بوەو زۆر کەم نەبێت باسێ لە تاك وھاوڵاتی وماف وئازادییەکان لەگۆڕێدا نەبووە. بەڵام لەھەمان کاتدا دەوڵەتی نوێش بەدەسەڵاتە ترسناکەکەیەوە لەئارادا نەبووە. لەئەوی ڕۆژگارەدا، باس لەعەدالەت وسۆزومیھرەبانی لەحوکمرانیدا کراوە، بەڵام لەقاڵبی ئامۆژگاریدا وبەلوتف وحەزو میزاج و ویژدان و ئاستی پابەنی ئەخلاقیی پاشاکانەوە بەسترابۆوە! چونکە حوکومڕان بەشێوازی جۆراو جۆر، قسەی سەرەتاو کۆتایی لەبریارداندا ھی خۆی بووە. دامەزراوەگەل وھێزێك نەبوون، ناچار بەپابەندکردن بەبنەماکانی حوکمڕانیەکی دادپەروەرانەو باشیەوە بکەن؟!بەشمشێرو ھێز پارێزگاری لەدەسەڵاتەکەی کردووەو ھاوبەشی لەدەسەڵاتدا قبوڵ نەکردووە . ئەوە دیموکراسی بوو ئەم واقیعەی گۆڕی، دوای حاکمی دادپەروەری گۆڕی بە یاساوسیستمی داد پەروەر. بۆئەوەی چیتر دەسەڵات بەحەزومیزاج وبەرژەوەندی دەسەڵاتدارەوە نەبەسترێتەوەو ئەگەر دەسەڵاتدارێك گیانی دیکتاتۆریەت و خۆسەپاندن وتێپەراندنی ئیرادەی گەلیشی تێدا بوو، سیستم ڕێگەی پێ نەداو، ناچاری بکات مل بەڕێو شوێنە دەستورییەکان و رێساکانی چۆنیەتی دەسەڵات گرتنەدەست و پیادەکردنی و رادەستکردنی بدات. چونکە مێژوی سیاسی وحوکومرانی کۆمەڵگە جۆراو جۆرەکانی مرۆڤایەتی سەلماندوویەتی، گرەوکردن لەسەر ئیمان وئەخلاق و ویژدانیتاکەسی دەسەڵاتدار، ھەڵەیەکی کوشندەیەو دەرگا بەروی ستەمکاری وخراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتدا دەکاتەوە ، لەوسۆنگەوە ھەتا دادپەروەرێك حوکم دەکات چەندین ستەمکار دێنەسەرکار. تالەقۆناغێکی دواتردا، ستەمکاری دەبێتە تاکە بژاردەو بوار بۆ ھاتنەسەر کاری ھیچ دادپەرورێك نامێنێتەوە. ڕوداوەکانی واشنتۆنیش نیشانیان داین، لەناو دڵی دیموکراسیە خۆرئاوایەکانیشدا، سەرکردە گەلێك ھەن ھەوای دیکتاتۆریەت لێیان دەدات، ئەوەی ناھێڵێت ئەم خواستە لە ماتە ھێزەوە بکەن بەکردار، دامەزراوە دیموکراسیەکان ورای گشتیە، ھەر ساتەوەختێکیش ئەم رێگریانە نەمێن، تاغو تەکانی ئەوێ لەھی لای خۆمان لەخۆرھەڵات درندەتر دەبن. ھێتلەرو مۆسۆلینی و ستالین وفرانکۆو چەندینی تر، ئەم راستیە پشتراست دەکەنەوە.