Draw Media

فەرحان جەوهەر  ترامپ کۆشکی سپی بەجێهێشت ، بەڵام دوای رۆیشتنی رایگەیاند دەگەڕێتەوە و بزوتنەوەکەی لە سەرەتای دروست بوونیدایە ، ئەو لێدوانانەی ترامپ ئەمریکاو جیهانیشی نیگەران کردووە ، لەبەرئەوەی دوورنییە ، ئەو بزوتنەوەیەی ترامپ باسی دەکات ، لە ماوەیەکی کورت و دیاریکراودا ببێتە حزبێکی گەورە وبگەنە دەسەڵات ، ترامپ ئەرچی دەرنەچووە ، بەڵام حەفتاو چوار ملێۆن دەنگی هێناوەو سێ بەسشی لایەنگران و دەنگدەرانی وەک خۆی لەو بڕوایەدان کە بردنەوەی هەڵبژاردنی لێ دزراوە ، سەرە ڕای رەتکردنەوەی هەموو ئەو تانانەی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی داون لە لایەن داگاکانەوە . ئەو بیرۆکانەی ترامپ کاریان لەسەر دەکات بۆ وڕژاندنی هەست و سۆزی ئەمریکایەکان ، لەلایەن بەشێکی زۆر لە خەڵکی و رێکخراوە توند رەوەکان پێشوازی لێ دەکرێت و پاڵپشتی دەکەن ، لەبەرئەوەی ترامپ توانیویەتی بەو گوتارە پۆپۆلیستییە راستڕەویە توندەی ، بڕواویان پێ بهێنێ کە ئەمریکا بەهۆی کەمبوونەوەی رەگەزی سپی و هاتنی زۆری پەنابەران و زۆربوونی رەشپێستەکان لەمەترسیدایەو پێویستە سنوورێکیان بۆ دابنرێت ، هەروەها دروشمی یەکەم ئەمریکا وای لە زۆرێک لە خەڵک کردووە بڕوای پێ بکەن ، بیرۆکەیەکی تری ترامپ ئەوەبوو دەڵێت : نابێت چیتر پارەو ئابوری ئەمریکا لە پاراستنی خەڵکی تر لە دەرەوەی ئەمریکا سەرف بکرێ ، پێویستە ئەو دەوڵەتانە لە جیاتی ئەمە پارە بدەنە ئەمریکا ، هەروەک چۆن لە ساڵانی رابردوو پارەی لە عەرەبستانی سعودی کێشایەوەو خەرجییەکانی ناتۆی کەمکردووە ، بەکورتی بیرۆکەکانی ترامپ ئەوەن کە چیتر ئەمریکا سەرکردایەتی جیهان نەکات و خەریکی بەهێزکردنی ئابوری خۆی بێت لەناوەودا ، ئەمەش ئەمرکا دەکاتە کۆمپانییەک نەک دەوڵەتێکی مەزن ، بەڵام هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا ، خەڵکێکی زۆر بەتایبەتی چینی هەژارو پەڕاوێزخراوەکان ، حەز بەم گوتارە دەکەن ، بۆیە ئیدی لەمەودوا ترامپ چیتر وەک کەسێکی ئاسایی یان سەرۆکێکی خانەنشین کراو نامێنێتەوە ، بەڵکو بۆتە فکرو ئایدیای بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئەمریکا ، بەتایبەتی ئەگەر ئیدارەی نوێی جۆبایدن سەرنەکەوێت یان بارودۆخی ئابووری وڵات لاوازببێت ، ئەو کاتە ترامپ بەهێزێکی زۆرترەوە دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی دوای چوارساڵی تر، بەمەش هەموو جیهان دەکەوێتە مەترسی و گوتارەکەشی سەردەکەوێت ، بۆیە مەترسیەکان بەدەرچوونی تڕامپ لە کۆشکی سپی کۆتایی نایەت و جیهان تا چوارساڵی تر دەستی لەسەر دڵی دەبێت .


هێمن خۆشناو بێ پێچ و پەنا، راست و رەوان تورکیا بەرەو ساڵانی دەیەی نۆیەمینی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە دواوە. تەنیا بەپشت بەستن بە لێکدانەوەی ئابوورییانە ئەم هەڵسەنگاندنە ناکەین، بەڵکو ئاماژە سیاسی، کۆمەڵایەتی و بگرە فکریەکانیش ئەم راستیەی سەرەوە دەسەلمێنن. لە باشتەپه (کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا) رێککەوتنی دوو ئەکتەر لە ئارادایە، کار بۆ ئەم مەبەستە دەکەن. ئەکتەری یەکەم پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و ئەکتەری دووەم، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی (مەهەپە) یە. ئاکەپە لە رێگای بەکارهێنانی دروستکردنی هەواڵی بێ بنەما و گوتاری هەڕەشەئامێز لە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەم ئەجێندایە جێبەجێ دەکات و سیمای توندوتیژی بە سیاسەت دەلکێنێت. هەرچی مەهەپەیە راستەوخۆ دێتە سەر شەقام و توندوتیژی بەکاردێنێت.  ئاکەپە چی دەکات؟ ناو بەناو میدیای سەر بە ئاکەپە و میدیای سێبەر هەوڵی کوشتن یان هەبوونی پلانی کوشتنی سیاسەتمەداران دەکەنە رۆژەڤ. لە 20ی تشرینی دووەمی 2020 دا فوئاد ئۆغران رۆژنامەنووسی نزیک لە ئاکەپە،  هەوڵی کوشتنی (کەمال کلیچدارئۆغڵو) سەرۆکی جەهەپەی بە هەواڵێک کردە رۆژەڤی میدیای تورک. هەروەها هەمان رۆژنامەنووس لە 2ی کانوونی یەکەمی 2020 ئەمجارە هەواڵی هەبوونی پلانێکی داعش بۆ کوشتنی (ئەکرەم ئیمامئۆغڵو) سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ بڵاوکردەوە، کە زۆربەی چاودێران  وەکو کۆمیدیا لە قەڵەمیاندا.  مەبەستی ئاکەپە لەم هەواڵانە ترساندن و بێدەنگکردنی بەرامبەرە. مەهەپە چۆن ئەجێنداکە جێبەجێ دەکات؟ هەرچی مەهەپەیە یارییەکە بە شێوازێکی دیکە دەکات، راستەوخۆ بە شێوەیەکی قەبە وەکو ساڵانی 1980 دێتە سەر شەقام.  تاکە جیاوازییەک کە لەگەڵ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو هەیبێت، چەک بەکارناهێنێت، بەڵکو گۆپاڵ، قامچی و دامبۆکس بەکاردێنێت. بەم شێوەیە بە چوار پێنج کەس دەنگە ناڕازییەکان دەکاتە ئامانج. لە 25ی ئایاری 2019 بە هێرشکردنە سەر نووسەر (سەڵاحەدین ئۆنکیبار) دەستیان پێکرد. بەمدواییانەش لە 15ی کانوونی دووەمی 2021 دا، (سەلجوق ئۆزداغ) جێگری سەرۆکی پارتی (دواڕۆژ) کە ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆکایەتی دەکات  لەبەرەم ماڵەکەیدا بووە ئامانجی پێنج پیاوی سەر بە مەهەپە. هەر لە رۆژی ئەم رووداوەدا دوو رۆژنامەنووسی سەر بە رۆژنامەی (یەنی چاخ) بەهەمانشێوە رووبەڕووی لێدان و هەڕەشەلێکردن بوونەوە. لێدوانی داودئۆغڵو پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بوو! لەو کاتەی لە تورکیا بەتایبەتی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی خوێندنەوەی ئەم رووداوانە دەکرا، هەڵوێستێکی زۆر کۆمێدی هاتەئاراوە کە بۆ زۆربەی کەس چاوەڕواننەکراو بوو. ئەحمەد دادوئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا، لە لێدوانێکیدا لەبارەی بریندارکردنی جێگرەکەی (سەلجوق ئۆزداغ) گوتی: "ئەردۆغان لەلایەن نەتەوەپەرستانەوە بەدیل گیراوە. ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتووشدا سەرکەوتوو بێ، دیسان پاکتاوی دەکەن. ئەو کاتە بە تەنیا ئێمە لەلای خۆت دەبینیەوە". ئەم لێدوانەی داودئۆغڵو کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی ئاکەپە بووە، جێگری ئەردۆغان بووە و بەهۆی ناڕازیبوونی لە سیاسەتی ئەردۆغان وازی لە ئاکەپە هێناوە و پارتی دواڕۆژی دروست کردووە، شۆکێکی بۆ هەموو ئەمانە دروستکرد، کە هیوایان لەسەر نزیکبوونەوەی وادەی لەناوچوونی ئەردۆغان هەڵچنیبوو.  ئەوەی کەمێک شارەزای بارودۆخی تورکیا بێت، دەزانێ ئەوەی لە تورکیا لە دوای 2015 روویداوە، ئەردۆغان لەپشتی وەستاوە، هەموو ئەمانەشی بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا کردووە.  ئەمڕۆ لە تورکیا، نە سیستەم، نە سوپا، نە دادگا و نە دەستوور و یاسا ماوە، ئەوەی هەموو ئەمانەی نەهێشتووە کەسی ئەردۆغانە. ئەگەر وەکو داودئۆغڵو ناویان دەهێنێت (نەتەوەپەرستان) هەشبن، ئەوە هەبوونێکی لاوازە، مومکین نییە بتوانن ئەردۆغان دەستەمۆ بکەن، ناشتوانن کودەتا بکەن. راستییەکە بەم شێوەیە نییە، کون و کەلەبەرێک نەماوە ئەردۆغان نەچووبێتە ناوی. ئەم لێدوانەی داودئۆغڵو خزمەت بە مانەوەی ئەردۆغان دەکات؟ ئێستا داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنە، کە بانگەشەی رزگارکردنی تورکیا دەکات، لەم دۆخەی تێیکەوتووە. بەڵام ئەم لێدوانەی پێچەوانەی ئەم بانگەشەی پارتەکەیەتی. ئەگەر داودئۆغڵو دەخوازێت تورکیا لە چنگی ئەردۆغان رزگار بکات، کارتێکی زۆر گرنگی لە دەستدایە، ئەویش جێبەجێکردنی هەڕەشەکانیەتی کە چەندینجار رایگەیاندووە: "ئەگەر قسە بکەم ئەردۆغان دەڕوخێت". راستییەکەشی ئەوەیە، ئەگەر داودئۆغڵو تەنیا پشت پەردەی ئەم تەقینەوانە ئاشکرا بکات کە لە ماوەی نێوان 7ی حوزەیرانی 2015 تاوەکو 1ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ روویانداوە، ئەوە هەموو شتێک دەگۆڕێت.  بەپێچەوانەشەوە داودئۆغڵو و هەموو ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ناتوانێ ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا دووربخاتەوە. چونکە ئەردۆغان پلانی (A B C)ی هەیە، کە لە گووتارێکی دیکەدا باسی دەکەم....


پەیكار عوسمان ئەگەرچی کەسەکان، بکەرو فاکتەری کارای دۆخەکانن، بەڵام تاکە فاکتەرنین و ئەوەی کە هەیە، هەمیشە فرەڕەهەندەو بەرهەمی کۆمەڵێك فاکتەرە.. (جا کاتێ شتەکە بچوکئەرێتەوە بۆ شەخسەنەو لەناو شەخسەنەشا، بۆ تاقە شەخسێك) ئیتر ئەمە وێنەکە خۆی نیە. ئەمە وێنەکەیە دوای دووجار شێواندن! مەسەلەن، ئەوە هەموومانین، ئەو ماشێنەمان وا ناوناوەو وای پێئەڵێین، نەك تەنیا ئەو کچە. مەسەلەن، ئەوە کۆی هەموو فاکتەرەکانە، گۆڕانی بەو دۆخە گەیاندوە، نەك تەنیا ڕێکخەرەکەی. خۆ ئەو وەکو کەسی یەکەم، بەرپرسیاری یەکەمە لەو حاڵە شڕەی  بزوتنەوەکەی.. بەڵام هەر بەقەت بەشەکەی خۆی بەرپرسیارە، نەك بەقەت بەشی ئەوانیتریش. (لەڕاستییدا بەنیشانەکردنی کەسێك، هەمیشە لەپێناو شاردنەوەی ئەوانیترە)! شەخسەنەش تەنیا دیوی شەیتاندنی کەسیك نیە، بەڵکو دیوی  خوایاندنیشە. هەردو دیوەکەی شەخسەنەش، پێکەوە یەکسانن بە بت دروستکردن. بتێك بۆ پیرۆزکردن و بتێك بۆ نەفرینکردن. ئاگاداربە نەفرینکردن شکاندنی بت نیە، بەڵکو دیوەکەی تری دروستکردنی بتە. شکاندنی بت، شکاندنی تاكڕەهەندییە. ئەوەیە کە ڕەهەندەکانی تر فەرامۆشکراوە لە بەرژەوەندی دانیەکیان. تۆش یەیت سیحری ئەو دانەیە بەتاڵئەکەیتەوە، لەبەرژەوەندی حەقیقەت و کۆی ڕەهەندەکانی وێنەکەو بتی تاكڕەهەندیی شتەکە ئەشکێنیت. یەعنی بتدروستکردن دوو دیوە. لە یەکەمیاندا بتێك دروستئەکرێ، کە هەموو فاکتەرەکانی تری تێدا بەتاڵئەکرێتەوە بە دیوە ئیجابییەکەدا. لە دووەمیانا بتێك دروستئەکرێ، کە هەموو فاکتەرەکانی تری تیا بەتاڵئەکرێتەوە بە دیوە سلبییەکەدا. مەسەلەن لە دۆخی کاك نەوشیرواندا، هەموو شتەکان باشی ئەوەو کەسی تر بەشدار نیە لە سەرکەوتنەکاندا. لە دۆخی عومەری سەی عەلیشدا، هەموو شتەکان خراپی ئەوەو کەسی تر بەشدارنیە لە شکستەکاندا. کە ئەمە هیچیان وانیەو هەردوکیان تاكڕەهەندی و حەقیقەتێکی شێواوە!  ڕەخنە بۆ (تێگەیشتن و چارەسەرو تێپەڕاندنە) نەك بۆ (شەڕو شکاندن و تێکگیران). شکاندنی هێلکەکەش لەسەری تاکە کەسێکا، سەر بە کەوانەی یەکەمە نەك دووەم. لەڕاستیدا هێلین بەقەت یەك کەسی ئەو کۆمەڵگایە پەرپرسیارە لەو ناولێنانە نابەجێیە، نەك بەقەت هەموو کۆمەڵگا. سەی عومەریش بەقەت خۆی دەسی چەورە نەك بەقەت هەموو گۆڕانە ڕازی و ناڕازییەکان، کە بە هەموویان وایان لەو حیزبە کردوە.. ئەمە پاکانە نیە بۆ ئەو دوو کەسە، بەڵکو مەبەستمە بڵێم، ئەو دوو کەسە، تەنیا دوو دەستچەوری ناو دەسچەورەکانن، نەك دوو خاولی بۆ سڕینی دەسی ئەوانیتر! شکست کۆتایی نایەت، ئەگەر بێخاوەن بێت. شکست لە خاوەنداریکردن لە شکستەوە تێئەپەڕێنرێ. "بەرپرسیارێتی" هەڵگرتنی بەشەکەی خۆتە لە شکست و "نابەرپرسیارێتی" هەڵدانی بەشەکەی خۆتە بۆ سەر شانی ئەویتر. ئێمەش بەگشتی، هێشتا لە عەقڵی نابەرپرسیارێتیداین و هەمیشە تیرمان ڕووی لەوە نەك لە خۆمان. ئیتر هەر لە شوێنی خۆمانداین و هەر ئەوەش بەرهەمئەهێنینەوە کە هەیە!  مرۆڤ لە دەرەوە دەسکاری ناکرێ. کورد ئەگەر پێی بڵێی ماست سپییە، ئەو زیاتر ئەڵێ ڕەشە. کورد ئینکارەو بە دەنگی دەرەکیی ئینکارترئەبێ! ئینسانی کورد، ئەبێ خۆی بە خۆی بڵێ ماست سپییە. تەنیا ئەو دەنگە ناوەکییە بە کەڵکی دێ و لەگەڵ حەقیقەتی ماستا ئاشتی ئەکاتەوە. ئا لێرەوەیە کە من پشتم کردۆتە هەموو جۆرەکانی ململانێ و بەرەو بەرەکاریی.. چونکە بەرەکان ئەگەر ڕاستییش بە یەکتر بڵێن، ئەو ڕاستییە لەوێدا خەسارئەکرێ و ئەبێتە قوربانی ململانێکە! کێشە هیچ لایەك نیە بەتەنیا. چارەسەر هیچ لایەك نیە بەتەنیا. کێشە گیانی یەکترسڕینەوەیە لای هەمووان و چارەسەر گیانی یەکترقبوڵکردنە لای هەمووان. لێرەشەوە من کێشەم لەگەڵ هیچ بەرەو ئاڕاستەیەك نیە. کێشەم لەگەڵ ئەو هەموو ڕق و شەیتاندن و ڕەشکردنەیە، کە بووە بە زمانی فەرمی سیاسەت و ململانێ! دینییەك و مولحیدێك، کوردایەتییەك و دژەکوردایەتییەك، چەپێك و ڕاستێك.. ئەمانە هیچیان وەکو جیاوازێك و بەشێك لە وێنەکە کێشە نین. لەوێدا کێشەن، کە هەریەك زەڕبێك لەویتر ئەداو ئەیەوێ تەواوی وێنەکە بۆ خۆی داگیربکات. لەو دۆخەشدا، ئیتر مرۆڤ ئەکەوێ بەقسەی خۆیداو مل نادا بۆ حەقیقەت، ئەگەر وەکو ڕۆژیش ڕووناك بێت. لەڕاستیدا مرۆڤ کە چووە ئەو شوێنەی کە ئامانج زاڵێتی و بردنەوەو دۆرانە، ئیتر ناچێتە ئەو شوێنەی کە ئامانج حەقیقەت و فەزیلەتە. یەکێکی تر لەو شتانەی کە بڕوام پێ ی نیە، کەمپەینە. چونکە هەمیشە کاردانەوەیەو هێشتا نەیتوانیوە کار بێت. ئیتر شتەکەش هەر ئەچێتەوە ناو شەڕو چەلەحانێ و سەنگەرگرتن، نەك ناو چارەسەرو تێگەیشتن.. مەسەلەن هەر ئەم هونەرمەدانە، پێویست نەبوو چاوەڕێ ی قسەی ئەو کچە بکەن بۆ کارێکی وا.. بەڵام کێشەکەیە ئەوەیە، کورد نازانێ بەبێ بوونی بەرامبەرێك شتێك بکات. ئەبێ بەرامبەرێك هەبێ کە شەڕی لەگەڵ بکاو لەڕێگەی ئەو شەڕەوە قسەی خۆی بکات. لەم کەیسەشدا بەرامبەرەکە ئەو کچەیە! کورد تەنیا لە دەنگدەنگ و شەڕەوە ئەدوێ، ناتوانێ لە ئارامی و لە جوانییەوە شتێك بڵێت. مەسەلەن ئەکرا زۆر پێش ئەم کێشەیە، کۆمەڵێ هونەرمەند بچوونایە بۆ ئەو شوێنەی کە ئەم نەوعە ماشێنەی لێ ئەوەستێ.. سەرو گوڵیان بدایە بە سایەقەکان و پێیان بگوتنایە، وەرن با ئیتر بەم ماشێنە نەڵێین کەریم کابان.. یەعنی بەبێ ئەوەی ئەم کچەو شەڕێك و "بەرامبەربوونەوەیەك" لەئارادابێت، ئەکرا لەناو ئاشتی و ئارامی و "کۆبوونەوەیەكدا" ئەوە بکرێت. یەعنی لەدەرەوەی شەڕو کاردانەوەو بەنیشانەکردنی کەسێك، ڕێگای تریش هەیەو تەنیا بڕێك عەقڵی گەرەکە. "کات"یش تەنیا لەدوای ڕووداوێکەوە دەست پێناکات، بەکو پێش ئەوەش کاتێکی زۆر هەیە، کە بەفیڕۆمانداوە! هەموو ئەو شتانەی کە بە ئاشکراو بە دەم دژی ئەوەستین، بە نهێنی و بە کرداردار خۆمان ئەیانکەین. تاوانی ئەو کچەش تەنیا ئەوەبوو کە لە دیاردا وای گوت. ئەگین منو تۆو جەماعەتی کەمپەینەکەش، لە نادیاردا، هەر وا بەو ماشێنە ئەڵێین. ئەم نیفاق و پارادۆکسەش، لەناو هەمووماندایەو ئەبێ شەڕەکەشمان لەگەڵ خۆماندابێت، بۆ چاککردنی ئەو نیفاقە. نەك هەمیشە لەگەڵ ئەوێکی شەیتاندا بێت، کە ئەمەیان هەر ئەکاتەوە پاراستن و هێشتنەوەی نیفاقەکە لەنادیارداو بەرهەمهێنانەوەی! فەرتەنەکەی دنیای ئێمە لە شەخسەنەوە هاتووە. چونکە شەخسەنە ئاسانترین ڕێگایە بۆ بیرنەکردنەوەو پشتگوێخستنی عەقڵ. چی لەوە ئاسانترە، کەسێك یان شتێك، بکەیت بە شەیتان و ڕق و جوێنی بەسەردا بڕژێنیت. یان بیکەیت بە خوداو نوێژی پیاهەڵدانی بکەیت؟ واشبزانیت بەمە، ئیتر تۆ شۆڕشگێڕی زەمانیت و خەریکی گۆڕینی دنیایت. لەکاتێکا ئەمە هیچەو تۆ خەریکی هیچیت. چونکە شۆڕشی ڕاستەقینە، شتێکی عەقڵییەو گۆڕانێکی ئارامانەی خۆتە، نەك شتێکی ئیحساسی و هاتوهاوارەکەی گۆڕینی دنیا. شۆڕشی ڕاستەقینە، گۆڕینی نیفاقەکەی ناو خۆمانەو دنیاکەی دەرەوەش ئەو کەسە گۆڕاوانە ئەیگۆڕن، نەك دەنگەدەنگ و شۆڕشی  مونافیقەکان.


هاوڕێ تۆفیق  وڵات بەس سیاسییەکان دروستی ناکەن و نایبەن بەڕێوە، وڵات بەس لەسەرەوە لەلایەن کاربەدەستەباڵاکانەوە نابرێت بەڕێوە، بەڵکو زیاتر لە خوارەوە لەلایەن خەڵک و توێژە پێشەنگەکانەوە ئەبرێ بەرێوە.ھونەرو کولتور پایەیەکی سەرەکین، ھیچ دەوڵەت و گەلێک بە مانا شارستانییەکەی نابن بەگەل و دەوڵەت، ئەگەر خاوەنی ھونەرو کولتوری بەرز نەبن، گۆرانبێژ و ئەستێرەکانی سینەما و ڕۆماننووسەکان لەھەموو چرکەساتێکی ژیانی دەوڵەت و گەلدا ئامادەن، ھەر وەکو خوێن لە دەمارەکانی ژیانی کۆمەڵدا دێن و دەچن.  لەڕێورەسمی ھەڵبژاردنی بایدن بۆ سەرۆکی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لەو رێورەسمە مێژووییە جیھانییە گرنگەدا گۆرانی لەوێ بوو! ھەردوو گۆرانیبێژ  (لەیدی گاگاو جۆنیفەر لۆپێس)، ھەر یەکەیان بە گۆرانییەک بەشداربوون، ئەو گۆرانییە بە جیھانی ووت ؛ ئەمریکای  مەزن، تەنیا بە چەکی نەوەویی و پیشەسازی و دۆلار مەزن نیە، بەڵکو لە پاڵیدا ھونەری ھەیە، گۆرانیی ھەیە، ئەستێرەکانی ھۆلیودی ھەیە، لە پەراوێزی ئەو ڕێورەسمە پرۆتۆکۆڵیە گرنگەدا بۆ کورد و زۆر گەلی تر وانەو پەندو پەیامی گرنگی تیابوو، کە لێیانەوە فێرببین، ئەو ڕێوڕەسمە پێی وتین دەوڵەتداری بە تەنیا وەزارەت و داودەزگاو و سەرباز و دادگا نییە. بەڵکو خاڵی جیاکەرەوەی دەوڵەتێکی پۆلیسی و شارستانی، ھونەوکولتورو ئازادییەکانە.  ئەگەر بە خەیاڵ  بیرمان بفرێنین! چەند جوان بوو لەڕێورەسمی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان  گۆرانی و موزیک و سەرۆک پێکەوە هەبوونایە، چەند جوان بوو ناسری رەزازی، یان خالقی ،نەریمان بابان،  عەدنان کەریم ،ئەیوب عەلی، دیاری قەرەداغی، پەیوەند جاف، چۆپی فەتاح ھەڵویست، ھەر کامێک لەوان گۆرانییان بگوتایە، دیارە  ناوھێنانی ئەو گۆرانیبێژانە تەنھا بۆ نمونەیە، ئەگەرنا زۆر ھونەرمەندی ئەستێرەی تریشمان ھەیە. من ڕۆژانە تامی ئەو تاڵیە نۆش  دەکەم کە وڵاتەکەمانی پیاتێئەپەڕێ ، ئەزانم موچە نییە، خزمەتگوزاری بەپێی پێویست نییە، سەروەری قانون نییە، بەڵام لەگەڵ ھەموو ناخۆشیانەدا، نابێ بەتەنھا دیوە ئابوریی و سیاسییەکانی کێشەکان ببینین و ڕووەکانی تری فەرامۆشبکەین، بڵێین مادام موچەو خزمەتگوزاری نییە، ئیتر نابێ جارێ باسی ھیچی تر بکەین.   کورد ھیچ ھەنگاوێکی شایستەی بەداخەوە بۆ دروستکردنی سیستەم نەناوە. کورد میللەتێکی دەربەدەرو داگیرکراوبووە، بۆیە ھیچ پەنچەمۆرێکی ژیاریی لەرووی ھونەرو تەلارسازیی بەجێ نەھێشتووە،خاوەن شکۆ، پاشا شێخ مەحمودی حەفید گلەیی لێ ناکەین کە بۆچی تەلارێکی شاھانەی بۆ بەجێنەھیشتین؟ ھەتاوەکو ئێستا بە مناڵەکانمان و گەشتیار و دنیا بڵێین، ئەوە کۆشکی پاشاکەمان بوە، یان ئەوە ماڵی ئۆپێرای موزیکەمانە. بەڵام لەسەردەمی حکومەتی کوردستاندا، کە چوارچێوەیەکی دەستووری دانپیانراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ھەموو ساڵە، ئەگەر کێشەکانی کارەباو ڕێگاوبانت پێ چاک نەکراوە، بەڵام بەلایەنی کەمەوە ئەتوانرا سەرۆکایەتی ھەرێم، یان پەرلەمان قانونێکی پرۆتۆکۆڵی بۆ ڕێورەسمی دەستبەکاربونی سەرۆکی ھەرێم بە شێوەیەکی شارستانی و رێکخراو و جێگیر دەربکردایە. رەنگە کە ئەم نوسینە ئەخوێنیتەوەو موچەت وەرنەگرتوە! نیگەران بیت و بڵێیت، ئەوە باسی چی ئەکەی؟ منیش بە ئاسانی ئەڵێم ؛باسی سەرۆکی ھەرێم و سیاسیەکان ناکەم، باسی دروستکردنی سیستەم بۆ وڵاتەکەم ئەکەم، باسی دروستکردنی شارستانییەت و خەڵک ئەکەم. ئەمەوێت بڵێم ماکینەی مێژوو بەس سیاسییەکان نین، گۆرانیبێژەکانن، ئەستێرەکانی فیلم و شانۆن، موزیکزان و ئەدیبەکانن. دەبوو کوردستان پێش ھەر گەل و نەتەوەیەکی تر ھونەر و ئەدەب و کولتوری بکردایە بە کاری یەکەم و سەرەکیی حکومەت. بەندە لەپەراوێزی ئەم نوسینەدا  لە داھاتویەکی نزیکدا ڕەشنوسی پرۆژە قانونی پرۆتۆکۆڵی دەستبەکاربوونی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئامادە ئەکەم و لەلای خۆمەوە بڵاوی ئەکەمەوە. بەشێوەیەک ئاوێتە ببێ لەگەڵ ھونەر و کولتور، جگە لەڕووە پرۆتۆکۆڵییەکانی تر .ئەمەش بۆ ئەوەیە کە ببێ بە قانون و بنچینەیەکی چەسپاو جێگیر بێ بۆ پایەکانی دەوڵەتداری، نەک لەبەر خاتری ھیچ سیاسییەک.


ئارام سەعید  لەگەڵ ئەوەی هەموو دیکتاتۆرێک رقی لە میدیای ئازادە و بەهەرەشەی دەزانن لەسەر مانەوەیان،هەندێ لە وڵاتە نادیموکراسیەکان میدیای نیمچە ئازادیان پێویستە، واتە نیمچە ئازادیەکیان پێدەدەن و لەبەرامبەردا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری دەهێنن. .. ئەوەش لەمێژوودا پێی دەڵین گرێکەی(تەڵەزگە) گۆرباچۆڤ.. کە بریتیە لەوەی میدیایەکی کۆنترۆڵکراوی نیمچە ئازاد هەبێت بۆئەوەی حزب تەنها پشت نەبەستێت بە رەخنە ناوخۆییەکانی ، بەڵام هەمیشە ئاگاداربن کە دیموکراسی تەواو کێشەیە بۆیە دەبێت هاوسەنگی راگیرێت لەنێوان ئازادی تەواو و نیمچە ئازادیدا،واتە ئەو نیمچە ئازادیەی هەیە کۆنترۆڵ بکرێت و لەژێر چاودێریدا بێت... لەساڵی ١٩٨٥دا گۆرباچۆڤ لەگەڵ کۆمەڵیک بیریار و ئەندامی باڵای حزبی کۆمۆنیستی روسیا کۆبۆوە بۆ تێپەراندنی قەیرانی (کورتهێنانی بودجە) بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، لەوکۆبونەوەیەدا بە ئامادەبوانی راگەیاند کەبەبێ بونی نیمچە ئازادیەکی رۆژنامەگەری و بەبێ بونی ئۆپۆزیسیۆن گۆرانکاری لەسیستمی بیرۆکراسیدا ناچالاک دەبێت واتە بیرۆسترۆیکا کە بۆ چاکسازی لەهەیکەلی وڵات و سیستمدا بوو سەرناگرێت بەبێ ئەوان، هەروەها نابێت بەتەنها پشت بەستن بە سیاسەتی رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن لەناو خودی حزبدا، بەڵکو پێویستە لەدەرەوەی حزبیش رەخنە هەبێت بۆ گۆرانکاری لە حزبدا،واتە گوێ بیستی ئەوانی دەرەوەی حزبیش ببن، هەربۆیە وا وەسفی کرد کە ئازادی تەواو ترسناکە و سەرکوتی تەواویش هەڵەیە و راگرتنی ئەو هاوسەنگیە ئەرکێکی قورسە،دواتر بڕیاڕیدا سانسۆری سەر میدیاکان کەم بکاتەوە.  زۆر لێکۆڵینەوەی گرنگ هەیەلەسەر ئەو هەڵوێستەی گۆرباچۆڤ، بیرۆسترۆیکا و ئەو چاکسازیەی بەنیازبوو لەرێگەیەوە کێشەکانی چارەسەربکات، یەکەم هەنگاوی گرنگیی لابردنی  سانسۆر بوو لەسەر میدیاکان، چونکە سەرباری ئەو هەرەشەیەی میدیای ئازاد دروستی دەکات بۆ دیکتاتۆرەکان دەتوانن وەک سەرچاوەیەکیش بەکاری بهێنن و لە رێگەیەوە ئەوانە بدۆزنەوە کە هەرەشە بۆ سیستمەکەیان دروست دەکەن، کێشەکان لەو میدیانەدا دەبینین و چارەسەرەکان درک پێ دەکەن بەر لەوەی بارودۆخ بتەقێتەوە دەتوانن کاری لەسەر بکەن.. لەهەرێمی کوردستانیشدا حکومەت خوازیارە چاکسازی بکات بێ مافی بەدەستهێنانی زانیاری، تەنها ئەو زانیاریانە دەخاتە بەردەست کە مەبەست دارن، هەرچەندە دەسەڵات هەموو ئەو سەرچاوانەی لەبەردەستیدان بەکاردەهێنیت ، سەرچاوەی ئابوری، سەربازی و میدیایی هەمووی دەخاتە خزمەتی خۆیەوە بۆ ئەو چاکسازیەی کە بانگەشەی بۆ دەکات بەڵام هێشتا یەکێک لەپایەکانی ئەو چاکسازیەی درک نەکردوە کە بەبێ ئۆپۆزیسیۆنێکی چالاک و  ئازادی رۆژنامەگەری چاکسازی سەرناگرێت وهەرێمی کوردستان بەرەو داڕمان دەبات.     یەکەم هەنگاو کە دەبیت بنرێت بۆجێبەجێکردنی چاکسازی،  ئازادی رۆژنامەگەریە کە ماف دەدات بە رۆژنامەنوسان دۆسیەکانی گەندەڵی ئاشکرا بکەن و لەوکەسانە بکۆلنەوە کەپلەو پۆستیان لەناو حکومەت و کایە گشتیەکاندا هەیە ،دەبیت میدیای سەربەخۆ بواری هەبێت و زانیاری بەدەستبهێنیت تا بتوانیت لەو کەسانە بپرسێتەوە کە لەحکومەتدان یان کۆمپانیا و بزنزیان هەیە و لەبواری گشتیدا کاردەکەن، بۆنمونە ئەگەر بەرپرسیکی حکومی گەندەڵی بکات یان کۆمپانیایەک ئەوا ئەرکی میدیایە ئەو گەندەلیە باس بکات و رای گشتی لێ ئاگاداربکاتەوەو حکومەت لێی بپرسیتەوە. دەبێت حکومەت رۆژنامەنوسان بپارێزیت لەهێرش و پەلامار، بەلام کاتێک هێزی پێکهێنەری خودی حکومەت هێرش دەکاتە سەر رۆژنامەنوس، ئەوا داڕمانی ئەو قەوارەیە مسۆگەرە.


  هیوا سەید سەلیم   دۆناڵد ترەمپ، چل و پێنجەمین سەرۆکی ئەمەریکا دوا کاتژمێرەکانی خۆی لە کۆشکی سپی بەڕێدەکات، وا بڕیارە کە رۆژی ٢٠ی/ کانونی دووەمی ٢٠٢٠،  بارگە و بنەی بپێچیتەوە و کۆشکی سپی جێبهێڵیت و دەسەڵات رادەستی جۆ بایدن بکات. دوای ڕاگەیاندنی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ترەمپ هەوڵی زۆری دا کە بە شێوازێک لە شێوازەکان کۆسپ لەبەردەم ئەنجامەکانی هەڵبژاردن درووست بکات، دوا جاریش بە هاندانی لایەنگرانی لە رۆژی پشت ڕاستکردنەوەی ئەنجامەکان هەوڵی دا لاینەگرانی هەڵبکوتنە سەر کۆشکی سپی. هەموو لایەک دەزانین  کە رووداوی هەڵکوتانە سەر کۆنگرس،  لە لایەن لایەنگرانی دۆنالد ترەمپ لە مێژووی ئەمەریکادا کەم وێنە بوو، ترەمپ بەو کارەی دیموکراسیەت و پڕۆسەی ڕادەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتی لە ئەمەریکا خستە ژێر پرسیارەوە، بە شێوەیەک کە بۆ خودی ترەمپ و پارتی کۆماریەکان بە زیان دەشکێتەوە. تانەدان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن،  و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی سیناتی ویلایەتی جۆرجیا،  و خۆپیشاندانی چەکداری و هەڵکوتانە سەر کۆنگرس،  بەدەردی سەرۆکە دۆڕاوەکەی ئەمەریکای نەخوارد، چونکە لە ئەمەریکا عورفێکی سیاسی هەیە ئەویش  دەبێت دۆراو کورسی بۆ براوە چۆڵ بکات. وێڕای هەموو ئەو پێ چەقاندنەی ترەمپ، لەپێناو مانەوەی لە کۆشکی سپی،  بەڵام وا ماڵئاوایی دەکات، ئەوەی جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە ئەوەیە کە ڕاستە ترەمپ دەڕوات و مالئاوای لە کۆشکی سپی دەکات، بەڵام ئەوەی کە دەمێنێتەوە دەتوانین ناوی بنێین ترامپیزم، بۆیە دەپرسین ئایا کاریگەری ترامپیزم لەسەر پرۆسەی سیاسی ئەمەریکا چی دەبێت؟ تڕامپیزم، بریتیە لەو خەسڵەتانەی کە ترەمپ لە ماوەی چوار ساڵ لە حوکمڕانی ئەمەریکا لە بوارەکانی سیاسی و ئابووری و حوکـمڕانی لە گۆڕەپانی سیاسی پەێڕەوەی لێکرد، کە لە ئایندەشدا کەم کاریگەریش نابێت، بە تایبەت ئەگەر بێین خوێندنەوە بۆ دەنگەکانی ترەمپ بکەین لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا. شایانی باسە ئەگەر ١٠٪ ی ئەو دەنگانەی لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٠ بە ترەمپ دراون پەیڕەو لە خوڕەوشتە سیاسیەکانی ترەمپ بکەن، کە  دەکاتە زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس لە کۆی ئەوە ٧٤ ملیۆن دەنگەی کە بە ترەمپ دراوە، تێدەگەین کە ترەمپیزم وەک دیاردە تا چەند ساڵی دیکەش جێ پەنجەی لە گۆرەپانی سیاسی ئەمەریکا دەمێنێت. پیویستە بگوترێت کە ترەمپ،  لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا هەوڵی داوە لە بواری سیاسەتی دەرەکی لاسایی حەوتەمین سەرۆکی ئەمەریکا (ئەندرۆ جاکسن) بکاتەوە، ئەو بڕوای وابوو دەبێت ئەمەریکا گرنگی بە خۆشگوزەرانی تاکی خۆی بدات کاری بە وڵاتانی دیکە نەبێت، جاکسۆنیەکان،  هەڵگری درووشمێکن دەڵێن: ( بژی و لێگەڕی با خەڵکی دیکە بۆ خۆی بژی).   دوناڵد ترەمپ،  بە سوود وەرگرتن لەو درووشمە و پەیرەوکردنی سیاسەتی (جاکسۆنیزم) هەوڵی دا گرینگی بە ناوخۆی ئەمەریکا بدات،  و پشتی لە رۆڵی ئەمەریکا لە سیاسەتی دەرەکی کرد.  لە نموونەی هەڵوێستی لە رووداوەکانی سوریا و کشاندنەوەی هێزە سەربازیەکانی لە ئەفغانستان و عێراق، و کشانەوەی لە رێکەوتنامەی دوڵی بۆ پارستنی کەشوهەوا، و پشتکردنە رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەسەر ئاستی جیهانی، لە بەرامبەردا کەمکردنەوەی باج و بێکاری لە ئاستی ناوخۆیدا. بۆیە دەتوانین بڵێین دوای (جاکسۆنیزم) لە ئەمەریکادا بیروباوەڕێک سەرهەڵدەدات پێی دەوترێت (ترەمپیزم) کە ئەگەر پڕۆسسی دادگایکردنی نە بێتە کۆسپ بۆ دۆنالد ترەمپ،  ئەوا ترمپ و لایەنگرانی دەتوانن سەرئێشەی زۆر بۆ رکابەرەکانیان لە پارتی دیموکرات درووست بکەن، بە تایبەت کە دەبینین کە یەکەمین هەڵبژاردنە جیاوازی دەنگ لە نێوانی دوو رکابەری دیموکرات و کۆماریەکان ( بایدن – ترمپ) زۆر نیە،  و دەنگەکانی ناو ئەنجومەنی پیرانیشیان وەک یەکن واتا (٥٠-٥٠). لێرەدا تێدەگەین کە راستە ترەمپ کۆشکی سپی جیدەهێڵیت، بەڵام سێبەری ترامپیزم بەسەر پڕۆسەی سیاسی ئەمەریکا کەم گاریگەر نابێت، بگرە سەر ئێشەیەکی زۆریش بۆ ئیدارەی جۆ بایدن درووست دەکات.      


د.کامه‌ران مه‌نتك     چه‌نده‌ سه‌خته‌ ئه‌م رۆژگاره‌، وه‌كو گۆرانی شاعیر ده‌ڵێت، كا بۆ سه‌گ دانراوه‌و ئیسقانیش بۆ ئه‌سپ، چه‌نده‌ سه‌خت و فریوده‌ره‌ ئه‌م رۆژگاره‌، ئێمه‌ بۆچی خه‌باتمان كردو خوێنمان رشت، كه‌چی چی روویدا، ئێمه‌ نه‌مانده‌‌ویست زیندانێكی به‌عس به‌ زیندانێكی كوردی بگۆڕینه‌وه‌، ئێمه‌ نه‌مانده‌ویست جه‌لادێكی كوردی له‌ جێگای جه‌لادێكی عه‌ره‌ب دابنێین، ئێمه‌ نه‌مانده‌ویست دزێكی په‌رپووت به‌دزێكی پۆشته‌و بۆینباخ له‌مل بگۆڕینه‌وه‌، ئێمه‌ نه‌مانده‌ویست حزبێكی به‌عسی عه‌ره‌بی، به‌ حزبێكی به‌عسی كوردی بگۆڕینه‌وه‌، ئێمه‌ نه‌مانده‌ویست دایكان و باوكانی وڵات چیتر له‌ دووری رۆڵه‌كانیان فرمێسك هه‌ڵڕێژن و ماڵئاوایی بكه‌ن، ئێمه‌ هه‌رگیز نه‌مانده‌ویست نادادپه‌روه‌ریه‌كانی كوردی جێگای نادادپه‌روه‌ریه‌كانی به‌عس بگرێته‌وه‌، ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ خه‌باتمان نه‌كرد له‌داگیركه‌رێكه‌وه‌ رزگاربین و بكه‌وینه‌ باوه‌شی چه‌ندین داگیركه‌ری تره‌وه‌، ئێمه‌ بۆئه‌وه‌ خوێنمان رشت  وڵات جوانتر بێت،  مرۆڤه‌كان و هه‌موو بوونه‌وه‌رێكی ئه‌م وڵاته‌ به‌به‌خته‌وه‌ری بژین، ئێمه‌ بۆئه‌وه‌ خه‌باتمان كرد، زیندانه‌كان بكرێنه‌ باخچه‌و قوتابخانه‌و كتێبخانه‌، ئێمه‌ ویستمان له‌جیاتی شۆڕشگێڕو گه‌نجانی دڵسۆزی وڵاتپارێز، دزو تاوانبارو وڵات فرۆشان بخه‌ینه‌ كونجی زیندانه‌كانه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌مانویست ناشرینیه‌كانی زیندانه‌كانیش جوانتر بكه‌ین، ده‌مانویست فرمێسكی دایكان و حه‌سره‌تی باوكان به‌ بزه‌و خه‌نده‌ بگۆڕینه‌وه‌، ئێمه‌ ده‌مانویست وڵات جێگای هه‌مووانی تێدا بێته‌وه‌، ئێمه‌ ده‌مانویست چیتر به‌هێز بێهێز قوت نه‌دات، ئێمه‌ ده‌مانویست له‌جیاتی یاسای دارستان، یاسای یه‌كسانی و مرۆڤ دۆستی و میهره‌بانی دابڕێژین، كه‌چی جێگای داخه‌ برای به‌ڕێزم، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ویستمان رێك ئه‌وان نه‌یانویست، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ كردمان رێك ئه‌وان پێچه‌وانه‌كه‌یان كرده‌وه‌، وڵاتیان كرده‌ ئافره‌تێكی سۆزانی و هه‌رشه‌وه‌ی خستیانه‌ باوه‌شی دوژمنێكه‌وه‌، خوێنی خاكیان هه‌ڕاجكردو ملوانكه‌ی سه‌ربه‌رزیان خسسته‌ گه‌ردنی داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌، ئه‌وان هه‌موو شته‌ جوانه‌كانی وڵاتیان ناشرینكرد، ئه‌وان هه‌موو به‌ها به‌رزه‌كانی ئه‌و میلله‌ته‌یان بێبه‌ها كرد، ئه‌وان ئه‌و گه‌نجانه‌یان ناچار كرد، كه‌ ئاماده‌بوون خوینیان له‌پێناو وڵات بڕێژن، جه‌سته‌ی خۆیان بكه‌نه‌ خۆراكی ده‌ریاكان، ئه‌وان له‌جیاتی تاوانیارو بكوژو ئه‌نفالچییه‌كان، شۆڕشگێڕو دڵسۆزان و گه‌نجانی خێر له‌خۆنه‌دیویان سزاداو خسته‌ كونجی زیندانه‌كانه‌وه‌، بۆیه‌ تۆش وه‌ك گه‌نجێكی كۆست كه‌وته‌ی ئه‌م وڵاته‌ هه‌تككراوه‌، لات ئاسایی بێت له‌ كونجی زیندانه‌وه‌ فرمێسك بۆ دواماڵئاوایی باوكه‌ پیرو په‌ككه‌وته‌كه‌ت بڕێژیت، به‌ئه‌ندێشه‌ ته‌رمه‌كه‌ی بۆ سه‌ر گۆڕستانه‌ بێنازه‌كانی كوردستان به‌ڕێبكه‌ی، ئاساییه‌، تۆش وه‌ك هه‌زاران گه‌نجی تری ئه‌م وڵاته‌، نه‌توانی ده‌ست به‌ دواتوێشووی باوكه‌كه‌ دڵشكاوه‌ت بگرێت و دوا ماچی ئاگرینی كۆچی بێگه‌ڕانه‌وه‌ی لێبكه‌یت، ‌ئاساییه‌ له‌ وڵاتێكی هه‌ڕاجكراودا گه‌نجانی وه‌ك تۆ ناچار بن به‌فرمێسكه‌ مرواریه‌كانیانه‌وه‌، به‌ده‌سته‌ ئه‌فسووناویه‌كانیانه‌وه‌، ماڵئاوایی له‌ ته‌رمی باوك و خۆشه‌ویستانیان بكه‌ن و به‌ دزه‌نیگایه‌كیشه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و خۆره‌ بكه‌، كه‌ له‌ودیو رۆچنه‌ی زیندانه‌كاندا به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ هه‌ڵدێت.


    جەعفەر عەلی (١)    ئەو کاتەی دەوڵەتی عیراقی نوێ لە خاڵی سفرەوە دەستی پێکردەوە، هەرێمی کوردستان تەمەنی حوکمڕانی نزیک بە ١٢ ساڵ بوو. کاتێک عیراقی نوێ پۆلیس و سەربازێکی دەوڵەتی نەمابوو، حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم خاوەنی دەیان هەزار چەکداری جیا جیا بوون. ئەو کاتەی عیراقی دوای پرۆسەی ئازادی، تەنیا یەک فەرمانگە و دەزگای کارکردنی دەوڵەتی و خزمەتگوزاری نەمابوو، هیچ بنەمایەکی ژیان و ئاسایشی تێدا نەبوو، هەرێمی کوردستان وێڕای بوونی هەر سەرنج و تێبینییەک لەسەری، بەڵام خاوەنی جۆرێک لە دەزگای حوکمڕانی و رێکخستنی ژیان بوو. ئەو کاتەی عیراقی دوای سەدام نە بنەمایەکی دەوڵەتداری تێدا مابوو، نە شتێک بە ناوی سەروەرییەوە، هەرێمی کوردستان ئارامتر و لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش تا رادەیەک مامەڵەی سیاسی لەگەڵدا دەکرا.    عیراق لە رووی مێژووییەوە وڵاتێکە پڕیەتی لە ناکۆکی و ناشیرینی، سەرڕێژە لە خوێن و جەنگ و نیفاق. دوای پرۆسەی ئازادیش، بوو بە کانگای تەقینەوەی ئەو کێشە مێژووییانەی، کە لە رێی زەبر و توندوتیژییەوە، کپ و خامۆش کرابوون. ئێستایش هەموو رۆژێک لەبەردەم ئەگەری بە یەکدادانی نەتەوەیی، مەزهەبی و تائیفیدایە. ئومێد هەڵچنین لەسەر دروستبوونی بەغدایەکی دیموکراسی، وەک ئەوە وایە ئومێد بە هەڵبژاردنی پاک و دروستبوونی سوپایەکی نیشتیمانی لەسەر دەستی پارتی و یەکێتی، بە خواستی خۆیان، بخوازیت.  (٢)    لە ئێستادا ژمارەیەک لە قەڵەمی حیزبی و زۆرێک لە ئەندام و هەوادارانی بێ ئەندێشەی حیزب، کاتێک باس لە کێشەکانی هەرێم دەکرێت، لەبری بیرکردنەوە لە پرسە نیشتیمانییەکە و  رەخنەکردنی شێوازی کاری حیزبی و ئیداری، بۆ داپۆشینی کۆی ئەو گرفتە بونیادییانەی دەسەڵاتی کوردی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی دروستکردووە، پەنا دەبەنە بەر بەراوردکاری هەرێم بە بەغدا و پێماندەڵێن: کۆی کابینەکانی حکومەتی هەرێم لە کابینەکانی عیراق باشتر و سەرکەوتووتر بوون. ئەم فێگرتنە بە باشتربوونی هەرێم و ئەم وەهمی بەراوردکارییە وای لێکردوون بۆ ئەوەی ئەزمونی حوکمڕانی هەرێم و دەسەڵاتی کوردی جوان پێشانبدەن، هەمیشە بە دوای ناشیرینییەکدا بگەڕێن. گەڕان بە دوای ناشیرینێک بۆ ئەوە نا تا ناشیرینێکی دیکەمان پێبناسێنن، بەڵکو لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە تا پێمانبڵێن، ئێمە جوانین. ئەوان هەرگیز وەک خۆیان، وەک یەکەیەکی سیاسی و ئیداری سەربەخۆ و لە دەرەوەی بەراوردکاری، لە دەرەوەی دۆزینەوەی بوونێکی سیاسی وەک خۆیان، یان لە خۆیان ناشیرینتر، ناتوانن بۆ تەنیا ساتێک جوان بنوێنن. هەموو هێزی جوان نواندنی ئەوان، توانای گەڕانیانە بۆ دۆزینەوەی دوا پنتی سیاسی ناشیرین لە ئەویدیدا. لەو هێز و دەسەڵاتە ناشیرینتر بوونی نییە، کە تەنیا بۆ ئەوەی لە رەخنەکردنی خۆی، لە کەموکورتی و شکستەکانی خۆی رابکات، دەگەڕێت بۆ دۆزینەوەی قێزەونترین نمونە سیاسییەکانی دونیا و دەیخاتە سەر مێزی بەراوردکاری.      لە هەر گۆشەیەکی ئەم دونیایەدا، ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی بەم فۆرمەی هەرێم کاربکات، مەحاڵە بتوانێ گۆڕانکاری بە قازانجی خەڵک و چاکەی گشتی ئەنجام بدات. ئەم شێوە لە دەسەڵات، ئەگەر حوکمی پاریس و لەندەن و بەرلین و ژنێفیشی بدەیتێ، لە ماوەیەکی پێوانەیی کورتدا دەیکات بە وێرانەیەکی حیزبی و دواتر لەبری داننان بە شکست، بە خەرتوم و مەقادیشۆ و کابول و سەنعا بەراوردی دەکات.    دەسەڵاتی جوان، دەسەڵاتێک کە دیدگا و روانینی مۆدێرن و نیشتیمانی بۆ پرسی ژیان و بەرەوپێشچوون هەبێت، دەسەڵاتێک بۆ دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە و دادی کۆمەڵایەتی کاربکات، دەسەڵاتێک بونیادنانەوەی نیشتیمان و پرسی مرۆڤسازی وەک ستراتیژ ببینێت، هەرگیز  بۆ شاردنەوەی ناشیرینییەکانی، چاوی ناچێتە سەر نمونەی وەک خۆی و لە خۆیشی ناشیرینتر، بەڵکو لەبری بەغدا، دوبەی، لە بری سوریا، سەنگاپورە، لە بری یەمەن، کۆریای باشور و لە بری لیبیا، رواندای سەردەمی (پول کاگامێ) دەبینێت و بە شێوەیەکی عەقڵانی سوود لە ئەزمون و پلان و کار و بەرنامە و بەرەوپێشچونیان وەردەگرێت، نەک دوای ٣٠ ساڵ لە ئەزمونی حوکمڕانی، بۆ خۆدزینەوە لە شکست، تەنیا کارت گەڕان بێت بۆ دۆزینەوەی نمونەی ناشیرینی سیاسی، تا ناشیرینییەکانی خۆتی پێدابپۆشیت.      هەرێمی کوردستان گرفتەکانی بونیادین، هەر پرۆسەیەکی چاکسازی توانای چوونە ناو ئەو گرفتانەی نەبێت، مەحاڵە دۆخی گشتی هەرێم بە ئاقارێکی باشتردا بڕوات. گرفتی ئێمە لە بوونی فڵان خاڵی گومرگی و فیسار دەزگای حوکمڕانیدا نییە، بەڵکو گرفتی گەورە و ریشەیین، گرفتن لەو عەقڵیەتەی چارەسەرەکان لە بوونی بینای بەرز و پردی بەرزدا دەبینێت، نەک مرۆڤی بەرز و ئەخلاقی سیاسی بەرز. مەبەستمان لە مرۆڤی بەرز نە سوپەرمانی نیچە و نە قارەمانەکەی کارلایلە، بەڵکو مرۆڤێکە سەنگ و بەهای ئینسانی وەک بوونەوەرێک رێزلێگیراو بێت، مرۆڤێک بێت ئازاد، خاوەن ئیرادە و ماف و بوونی خۆی، نەک بە بەرنامە بخرێتە ناو پرۆسەیەکی دورودرێژی ملکەچی و داماڵینی لە هەر رێز و بەهایەکی ئینسانی. هەرێمی کوردستان بەدەر لەم رێگەیە، رێگەی دووەم و رێگەیەکی دیکەی بۆ دەربازبوون لە گرفت و قەیرانە قوڵ و بونیادییەکانی لەبەردەمدا نییە.    


د. ڤیان فه‌ره‌ج  - به‌شی سێیه‌م و كۆتایی   نێرینه‌كان، به‌ منداڵ و گه‌وره‌یانه‌وه‌،  زیاتر ئاره‌زووی به‌رزكردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌كانیان هه‌یه‌ وه‌ك له‌ مێینه‌كان. به‌گوێره‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كی (روبن و هاوڕێكانی، ١٩٧٤)، باوكه‌كان زیاتر له‌مامه‌ڵه‌كانیاندا ئه‌و جیاوازییانه‌ به‌ده‌ر ده‌خه‌ن وه‌ك له‌دایكه‌كان، بۆ نموونه‌ به‌ نه‌رمتر گه‌مه‌ له‌گه‌ڵ كچه‌كانیاندا ده‌كه‌ن به‌چاو كوڕه‌كانیانه‌وه‌، هه‌روه‌ك هانیانده‌ده‌ن كامجۆر یاری تایبه‌ت به‌ سێكسه‌كه‌ی خۆیان هه‌ڵبژێرن له‌ فرۆشگه‌كاندا. ئه‌م جۆره‌ له‌ دروستكردنی جیاوازی، جۆره‌ سوربونێكی به‌هێزتر له‌ كوڕانی مناڵدا دروستده‌كات بۆ كڕینی یارییه‌كانیان به‌چاو كچه‌كانه‌وه‌، له‌كاتێكدا،‌ كچه‌كان ئاسانتر ده‌توانن خواسته‌كانی خۆیان بگۆڕن بۆ بژارده‌یه‌كی تر. ته‌نانه‌ت له‌ كتێبه‌ رێنماییكاره‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كانی ئێستاشدا، باوكایه‌تی بۆ كچان جیا ده‌كرێته‌وه‌ له‌ باوكایه‌تی بۆ كوڕان، به‌نموونه‌ (چۆن ده‌بیته‌ باوكێكی نمونه‌ی بۆ كچه‌كه‌ت؟)، (نیشانی كچه‌كه‌ت بده‌ گرنگی پێده‌ده‌ی!)، (چۆن ببیته‌ باوكی پیاوه‌ بچكۆله‌كه‌ت؟)،  (شتگه‌لێك له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌تدا ئه‌نجامی بده‌یت)..هتد. ئه‌نجامی ئه‌م بژارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ له‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانستی بۆ ته‌مه‌نی ٣-٥ ساڵی ده‌ریخستووه‌، مناڵه‌ كچه‌كانی ئه‌م ته‌مه‌نه‌ هیچ هێمایه‌كی جیاكارییان نیشان نه‌داوه‌ بۆ ئه‌و كچه‌ هاوڕێیانه‌یان یاری كوڕانه‌ هه‌ڵده‌بژێرن، كه‌چی كوڕه‌كان، هاوڕێ كوڕه‌كانیان سزاداوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یاری كچانه‌یان هه‌ڵبژاردووه‌. ئه‌مه‌ش خۆی له‌‌خۆیدا هێمایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر كوڕان زیاتره‌ له‌ ده‌رخستنی سێكسه‌كانیان وه‌ك له‌ كچه‌كان. له‌ته‌مه‌نێكی گه‌وره‌دا، كاتێك ئه‌م تاكانه‌ ده‌چنه‌ سه‌ركاره‌كانیان، ده‌بینی جارێكی تر كولتوری باوی كۆمه‌ڵگه،‌ به‌زۆری ئه‌وانه‌ی بۆ نمونه‌ ده‌روونناس یان مامۆستان و نێرینه‌ن، به‌ هی هه‌مو سیگمێنته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بینێته‌وه‌‌، كه‌چی ئه‌وانه‌ی ژنن، ته‌نها به‌هی ژنان و مناڵان ده‌بینێته‌وه‌، به‌و واتایه‌ی، ده‌رووناسه‌ مێینه‌كان پابه‌ندن به‌ چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، به‌ڵام نێرینه‌كان هیچ سنورێك بۆ پیشه‌كانیان دیاری نه‌كراوه‌و وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ ئاسایی بێت هی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ بن، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ كه‌ له‌ زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كاندا به‌ ئه‌ندرۆسێنتریك، تێڕوانینی پیاوانه‌، ده‌ناسرێت. كولتوری ئه‌ندرۆسێنتریك ‌كولتورێكی ریشه‌ داكوتراوه‌و له‌ژیانی هه‌مو كۆمه‌ڵگه‌كاندا بوونی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌ من ده‌مه‌وێ له‌سه‌ری بوه‌ستم  هه‌رێمی كوردستانه‌. جیاوازییه‌كان تاڕاده‌یه‌ك په‌یوه‌سته‌ به‌ كلتوری به‌كه‌مبینینی ژنان و ژنایه‌تییه‌وه‌. له‌راستیدا ئه‌مه‌ ته‌نها به‌رهه‌می باڵاده‌ستی پیاوان نییه‌، به‌ڵكو به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌وه‌وه‌ ژن چۆن له‌خۆی و هاوڕه‌گه‌زه‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌شی ده‌ڕوانێت؟ ئه‌م كولتوره‌ هانی كوڕان ده‌دا خۆیان دوور بخه‌نه‌وه‌ له‌و شتانه‌ی بۆ كچان ده‌شێ، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا هانی كچانیش ده‌دا خاوه‌ندارێتی له‌و شتانه‌ نه‌كه‌ن به‌ دونیای پیاوان ده‌زانرێت. ئه‌گه‌ر نمونه‌یه‌كی زیندوو بكه‌مه‌ به‌ڵگه‌ بۆ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌رگیومێنته‌، ئه‌وا باشترین ئه‌وه‌یه‌ له‌فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دا رووده‌دات. فه‌رمانگه‌كانی كاره‌باو شاره‌وانی راهاتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی موڵك تایبه‌ت بێت به‌ پیاوان، به‌تایبه‌تی كه‌ موڵكه‌كه‌ بازرگانی بێت، ئیتر به‌ته‌واوی دونیای بازرگانی و زه‌وی و زارو داهاتی بازرگانی به‌ دونیایه‌كی نێرینه‌ و به‌شێك له‌ده‌سه‌ڵاتی پیاوانه‌ هه‌ژماری بۆ ده‌كرێت، بۆیه‌ ته‌نانه‌ت له‌ ئێسته‌شدا هیچ هاندانێكی فه‌رمی نییه‌ بۆ ئه‌و ژن و كچانه‌ی ده‌یانه‌وێ له‌م بواره‌دا شانسی خۆیان تاقی بكه‌نه‌وه‌. به‌گوێره‌ی به‌دواداچونه‌كانم، ئه‌و ژنانه‌ی رێگه‌یان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌م دوو فه‌رمانگه‌یه‌وه‌، دوچاری ناڕه‌حه‌تی زۆر ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌ندازیاره‌كان و كرێكارو كابه‌ده‌سته‌كان، كه‌ به‌گشتی پیاون، ته‌نانه‌ت ئه‌و ژنانه‌ش كه‌ خوو هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و پیاوانه‌یان گرتووه‌، ناتوانن بڕوا به‌خۆیان بهێنن، له‌م سیگمێنته‌ی ئابووری و سه‌رمایه‌ دروستكردن ژنانیش به‌شداربێت، بۆیه‌، وه‌ك به‌ڕێوبه‌ری یه‌ك له‌و فه‌رمانگانه‌ بۆی باسكردم، كه‌ خۆشی پیاوێكی رێزداربوو (ژنێكی گه‌نج كه‌ دێته‌ ئه‌م فه‌رمانگه‌یه‌ بۆ كارێكی له‌مجۆره‌، هه‌موو به‌ ڕقه‌وه‌ مامه‌ڵه‌كه‌ی بۆ جێبه‌جێده‌كه‌ن و ده‌شێ دووچاری گرفتی زۆری بكه‌نه‌وه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژنه‌و گه‌نجه‌و چۆن ده‌بێت خاوه‌نداری شتێكی له‌م جۆره‌ بكات.)  من وای بۆده‌چم، ئه‌م جۆره‌ تێڕوانینه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌بێت، عه‌قڵیه‌تی ئه‌ندرۆسێنتریك هێشتا له‌و بڕوایه‌دایه‌، ده‌سه‌ڵاتی ئابوری، ده‌بێت پیاو به‌رهه‌می بهێنێت. ئه‌م تێڕوانینه‌ نێرپه‌سه‌ندییه‌ بۆ دروستكردنی هێزی ئابووری خۆی له‌خۆیدا، ترسانه‌ له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیش دابه‌شببێت، چونكه‌ له‌ دووه‌كه‌ی تردا هێشتا پیاوان به‌باشی جێگه‌ی خۆیان توند كردووه‌و هه‌ر لادانێك لهمه‌‌ له‌راستیدا، جگه‌ له‌ هه‌وڵی بنپوچ و نه‌زۆك، ناتوانرێ به‌ بنه‌مای راسته‌قینه‌ی پشكداری مێینه‌ ته‌ماشا بكرێت. چونكه‌ له‌ بنه‌ماوه‌ تێگه‌یشتنی گشتی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆڵه‌كه‌ی راگرتووه‌ كه‌ شته‌ گرنگه‌كان ده‌بێ پیاوان ئه‌نجامی بده‌ن، بۆچونی پیاوان ته‌نها گرنگه‌و ناكرێ ئه‌ندازیارێكی كچ زیره‌كتربێت له‌ ئه‌ندازیارێكی پیاوهه‌ربۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ژماره‌یان زۆر كه‌مه‌، به‌ڵام ده‌بینی هاوشێوه‌ی پیاوه‌كان به‌شێكی زۆری ئه‌مانیش بوونه‌ته‌ ماشێنی به‌رده‌وامی ئه‌و رقلێبوونه‌وه‌یه‌، چونكه‌ نایانه‌وێ مۆزایكی ده‌قگرتووی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری هێز بگۆڕدرت. وه‌ك ده‌وترێت له‌وه‌ راهاتوون كه‌ هه‌یه‌و نازانن چۆن له‌گه‌ڵ نوێتره‌كه‌دا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن! له‌ دواجاردا هیچ داتایه‌كی ئه‌وتۆم له‌به‌رده‌ست نییه‌ له‌دوای ساڵی ٢٠٠٣وه‌ فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت تا چ ئاستێك رێگه‌یان له‌به‌رده‌م فه‌رمانبه‌رانی ژندا خۆشكردووه‌ خاوه‌ندارێتی پشكی یه‌كسان بن له‌گه‌ڵ نێرینه‌ بڕیاروستكه‌ره‌كانی بیروڕاكانیان به‌ ده‌سكه‌وتی گرنگ هه‌ژمارده‌كرێ، به‌ڵام بێگومان له‌و توێژینه‌وه‌ كوانتیته‌یتڤه‌ی له‌ ٢٠٠٣دا خۆم ئه‌نجاممداو ئاماری فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كانی نێوان ١٩٩٧-٢٠٠٣ له‌خۆ گرتووه‌، ده‌بینی بۆ وه‌زاره‌تێكی وه‌ك شاره‌وانی وگه‌شتوگوزار، تێكڕای مێینه‌ له‌ شوێنه‌كانی بڕیاردروستكردندا له‌كۆی ئه‌و ساڵانه‌دا %٧.٩ تێپه‌ڕی نه‌كردووه‌.[1]   كولتوری زاڵ ده‌توانێ فشار له‌سه‌ر تاكه‌كان دروستبكات له‌وه‌ی جیاوازییه‌كانیان زه‌قبكه‌نه‌وه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی لێكچونه‌كانیان بكه‌نه‌ كرۆكی رۆڵگێڕانیان له‌كۆمه‌ڵگه‌دا. له‌كۆمه‌ڵگه‌ی ئیدرۆسێنتریكدا، ده‌توانرێ كچه‌كان به‌شانازییه‌وه‌ وه‌ك (نێره‌كوڕكه‌) ره‌فتاربكه‌ن و ته‌نانه‌ت باوكه‌كان به‌جلوبه‌رگی كوڕانه‌وه‌ تا ته‌مه‌نێكی دیاریكراو، به‌ر له‌ده‌ركه‌وتنی سنگ و مه‌مك و سیماكانی تری كچێتی تیایاندا، له‌گه‌ڵ خۆیان بیانبه‌ن بۆ ناوبازاڕو سه‌ركار. له‌هه‌موو كۆمه‌لگه‌كانی ئه‌مڕۆدا، به‌ كۆمه‌ڵگه‌ پیشه‌سازییه‌كانیشه‌وه، ‌كچێكی شه‌ڕانی وهه‌ڵسوكه‌وت كوڕانی قبوڵكراوتره‌ له‌ كوڕێكی له‌كچ چووی ترسنۆكی شه‌رمن، به‌جۆرێك ره‌نگه‌ تا ئاستێك جێگه‌ شانازی و رێزیش بێت.[2] زۆر به‌ئاسانی له‌م كۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا پیشه‌كان دابه‌شده‌بن، به‌جۆرێك كچێك كه‌ به‌ره‌و ئه‌ندازیاری یان پزیشكی ده‌ڕوات، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ شتێكی زۆر گرنگ و یه‌كسان به‌ پیاوی ئه‌نجامدابێت، به‌ڵام كوڕێك كه‌ به‌ره‌و بژارده‌ی برینپێچی ده‌ڕوات، وه‌ك ئه‌وه‌یه‌ خۆی بچوككردبێته‌وه‌ بۆ ئاستێكی كه‌متر، یاخود ئاستی ژنان. خۆ ئه‌گه‌ر بڕیاری بوون به‌ كارمه‌ندی دایه‌نگه‌كان بدات، ره‌نگه‌ له‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی وه‌ك كوردیدا ته‌نانه‌ت هیچ دایه‌نگایه‌كیش كاری پێنه‌دات! له‌رێگه‌ی شیكردنه‌وه‌ی كتێبی ئه‌لیف و بێی كوردی م. ئیبراهیم ئه‌مین باڵداره‌وه‌، د. رێبوار سیوه‌یلی زۆر به‌باشی په‌نجه‌ی خستۆته‌ سه‌ر ئه‌م گرفته‌ له‌وه‌ی كاراكته‌ری مامۆستا هه‌میشه‌ بۆ سه‌رده‌می نوسینی كتێبه‌كه‌ كه‌ له‌ ١٩٥٧دا بووه‌، كه‌سایه‌تییه‌كی نێرینه‌ بووه‌، ئه‌گه‌رچی هه‌موو ده‌ستپێشخه‌رییه‌ مرۆڤدۆست، ئاژه‌ڵدۆست و داهێنانه‌كان، زه‌ینه‌ب و نێرگزو كچه‌كانی تری ناو وانه‌ فێركارییه‌كانن.[3] ئه‌م پێوه‌ره‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی كارو لێزانین، هه‌ڵبه‌ت له‌ تێگه‌یشتن و ویژدانی گشتیدا هێمایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ نێرینه‌كه‌ بڵێت، (زۆر له‌وه‌ باشتری ببیته‌ كچ)، به‌ڵام به‌ كچه‌كه‌ ده‌ڵێت، (واو، خه‌ریكه‌ ده‌گه‌یته‌ ئاستی كوڕان!) له‌كاتێكدا پشتساردكردنه‌وه‌ له‌ كاركردن له‌ دایه‌نگه‌دا و خزمه‌تكردنی منداڵی ژێر ته‌مه‌نی ٤ ساڵ  له‌ زهنیه‌تی ئه‌و پیاوه‌ی ده‌یه‌وێت ئه‌م كاره‌ به‌ پیشه‌ هه‌ڵبژێرێت، ره‌نگه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌و ژنه‌ی ده‌یه‌وێت ببێته‌ زاناو پشتیوانی ناكرێت و رێگری لێده‌كرێت، یه‌ك شت بێت. چونكه‌ دواجار رۆڵه‌ جێنده‌رییه‌كان به‌شێكی گه‌وره‌یان زاده‌ی كۆمه‌ڵگه‌و كولتوره‌، به‌ڵام به‌شه‌كه‌ی تری په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌ست و نه‌سته‌ ناوخۆیی و ویژدانییه‌كانی تاكه‌كانه‌وه‌. ئه‌گه‌رچی، به‌م دواییه‌ له‌مه‌شدا داهێنان و هه‌وڵی به‌ئامانجگه‌یشتوو نراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ وڵاتانی سكه‌نده‌نه‌یڤیاو هه‌ندێ له‌وڵاتانی ئه‌وروپا، له‌وه‌ی فێمێنسته‌كان و گورپی داكۆكیكاران له‌مافی هاوڕه‌گه‌زخوازه‌كان، له‌رێگه‌ی رۆڵگێڕانی پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت كاریگه‌ری ئه‌م ترێنده‌ كه‌مبكه‌نه‌وه‌ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ له‌ فێمینسته‌ پیاوه‌كانی هاوشێوه‌ی (قردێله‌ سپییه‌كان)،  ئامانجیانه‌ ئه‌و چه‌وتییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابورییانه‌یه‌ راستبكه‌نه‌وه‌ كه‌ پیاوان به‌درێژایی مێژوو له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا دژی ژنان دروستیانكردووه‌، هه‌رله‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ هیچ ژنێك به‌ ئه‌ندام وه‌رناگرن، چونكه‌ پێیان وایه‌ ئه‌ركی پیاوان خۆیانه‌ ئه‌م چه‌وتییانه‌ راست بكه‌نه‌وه‌. قردێله‌ سپییه‌كان، سه‌ره‌تا له‌ ساڵی ١٩٩١ دا وه‌ك گه‌وره‌ترین به‌رنامه‌ی پیاوانی دژ به‌ توندوتیژی دژ به‌ژنان، وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك بۆ كوشتنی ئه‌و ١٤ ژنه‌ی له‌ كه‌نه‌دا له‌لایه‌ن پیاوانی توندوتیژكار دژ به‌ ژنانه‌وه‌ ئه‌نجامدرا دامه‌زرا، دواتر به‌ ٥٧ وڵاتدا بڵاو بوونه‌وه‌و ته‌نانه‌ت پارتی دیمۆكراتی نوێ-شیان دروستكرد.[4]‌ [1] بڕوانه‌ ڤیان مه‌جید، ژن تاك سیاسه‌ت، ٢٠٠٧ [2] سالی مككۆنێڵ جینێت، لا١٢ [3] بڕوانه‌ كتێبی پیرۆزی من، رێبوار سیوه‌یلی، ٢٠٢٠ [4] https://www.whiteribbon.org.ukبڕوانه‌


چیا عەباس حزب و جاران جاران حزب رۆڵی بنەرەتی لە کۆکردنەوە و رێکخستنی جەماوەر بۆ کارنامە و ئامانجەکانی هەبو، تایبەت ئەو حزبانەی خاوەنی کارنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی و سەربەخۆیی وڵات بون، نمونەی حزبە عراقی و کوردستانیەکان کە لە سەردەمی پاشایەتیەوە و دواتر لە بەرەنگاربونەوەی رژێمە ستەمکارەکانی سەردەمی کۆماری دەیان هەزار شەهید و بریندار و زیندانی سیاسی و قوربانی تریان بەخشیوە گرنگی رۆلی حزب لەو قۆناغانەدا دەسەلمێنن. سەرەرای ئەم راستیە مێژوییە بینیمان کە لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکەمان  فەرماندە و کەسایەتیە سەربازیەکان گۆرانکاریە بنەرەتیەکانیان ئەنجامدا، وەک لە میسر، عێراق، سوریا، لیبیا، سودان، تورکیا، یەمەنی باکور و ... هەرچەندە بەشێک لە حزبەکانی ئەو وڵاتانە بونە پاشکۆی دەسەڵاتدارە نوێکان و بەشێکی تریش رێگای ئۆپزسیۆنیان هەڵبژارد بەڵام رۆڵیان لە گۆرانکاریەکان بەرچاو بو، وەک اتحاد الاشتراکی العربی لە میسر، حزبی بەعس لە سوریا و عێراق، حزبە کۆمینیستەکانی ئێران و عێراق و سوریا، حزبەکانی تورکیا و رۆڵی حزب و  سەرکردە  ئاینییەکان لە چەند وڵاتێکی تر. حزب لەو رێرەوەی مێژودا چەندین کادر و سەرکردە و فەرماندەی سەربازی گۆشە و دروستکردوە کە رۆڵی بەرچاویان لە روداوەکاندا هەبوە. جاران حزب کانزایەکی دەوڵەمەندی میللەت بو. حزبایەتی بۆ مافەکان سەخت و پر مەترسی بو، لەو رێبازەدا بە هەزاران کادر و بەرپرس و سەرکردە و تێکۆشەران گیانیان بە خاك و نەتەوە بەخشیوە. حزب و ئێستا لە گەڵ سەرهەڵدانی جیهانگیری و سۆشیاڵ میدیا کاڵبونەوەی ناوەرۆک و سنورە کلاسیکیەکانی سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی خێراتر بو، هاوکاتیش بە هۆکاری گۆرانکاریە بنەرەتیەکان لە ناوچەکەمان، وەک شەری ئێران – عێراق، جەنگی ئەمریکا و هاوپەمانان دژ بە عێراق، روخاندنی سەدام، روداوەکانی ئەوەی بە بەهاری عەرەبی ناسراون، جەنگی دژ بە تێرۆر، گەمارۆدانی ئێران، سەرهەڵدانی جەمسەرگەری مەزهەبی لە ناوچەکە، روداوەکانی رۆژئاڤا، باڵادەستبونی سیاسی و سەربازی زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە، دروستبونی جەمسەرگەری ئیقلیمی و گرێدانی دۆخی میللەتەکان بەو گۆرانکاری و ئیرادە فرە ئاراستانەوە رۆڵی حزبە کلاسیکیەکانی بە رادەیەک کاڵکردەوە کە لە ناچاری و ئارەزومەندانە بونە پاشکۆی روداوەکان و ئیرادەی سەربەخۆی جارانیان لاواز و لەرزۆک بو. ئەم واقیعە تازەیە زۆربەی زۆری حزب و هێزە سیاسیەکانی ناوچەکە بە کوردیشەوە گرتەوە، سنور و هێڵی سور بۆ حزبەکان دارێژران و پێشێلکردنیان بە جۆرەها شێوە سزا و وەڵام درانەوە، حزب تێهەڵکێش کرا بە هاوکێشەکانی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و سەربازی و هەواڵگری گەمەکەرە زەبەلاحەکان، لە بەرامبەر ئەم رۆڵەدا بچێک لە " دەسەڵات و پاداشت" یان پێ بەخشرا. دەسەڵاتدارانی ئەمجۆرە حزبانە لە دیدگا و هەڵسەنگاندنێکی مەدا کورتدا تەسلیمی ئەو واقعە نوێیە بون و خۆیان لە گەڵیدا گونجاند، ئەو جۆرە ئەقڵیەتە وەک حەدبای لێهات و توانای خۆگونجاندنی ئاسانی لە گەڵ دەوروبەرەکەی بە دەستهێنا، خۆشیان بوێت یاخود ترش ئاکامەکەی دورکەوتنەوەی هێدی هێدی بو لە پرسەکانی نەتەوە و نیشتمان، ئەو پرسانەی جاران گیانی خۆیان بۆ دەبەخشی.  لێرەدا ئەم گۆرانکاریە بنەرەتیە دەسەڵاتدارانی ئەو حزبانەی ناچار کرد حزبەکانیان بۆ راگرتنی رەونەق و جوانیەکانی مێژویان بەکار بهێنن بۆ دەمامککردنی روخساری ئێستایان، بۆیەش بایەخی سەرەکیان بۆ بواری راگەیاندن بوە، ئەم راستیە تا ئەم چرکەیەش لە هەرێمەکەشمان بەردەوامە. تەنها ئەو حزب و هێزانەی لەسەر بنەماکانی عەقائیدی و سیستەمی هەرەمی دیسیپلیندار و کاریزما و هێزی سەرکردەکانیان کار دەکەن توانیویانە تا ئەم چرکەیەش بەشێک لە خەسڵەتە رەسەنەکانیان لە فەوتاندن بپارێزن.  حزب و هەڵبژاردنەکانی عێراق ئێستا هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوەیە، هەمو حزب وهێز و گروپەکان کەوتونەتە خۆیان، تایبەت هێزەکانی دەسەڵات چونکە ئەزمونی چەند ساڵی رابوردویان لە گەڵ بەغدا سەلماندویەتی کە بێ پارە و ئاوردانەوەی بەغدا توانای هەنگاونانیان زۆر لاواز بوە. دەبینین ئەم حزبانە پەنایان بۆ هاوکێشە کلاسیکیەکانی سیاسەت بردۆتەوە: لێرە و لەوێ بگەرێ بەدوای چەند " دۆستێکی پیاوچاکی" کاتی و بەرژەوەندخواز لە بەغدا بەڵکو مشتێک پارە و دەسەڵات ببەخشێت، بۆیە لە ئێستاوە تا هەڵبژاردنەکان بەغدا بۆتە رێگای کانی ئەو جۆرە حزب و دەسەڵاتدارانە. لە بەرامبەردا بەرەی یاخیبو و نارازی هەمان هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخەکە کردوە، بەڵام بە ئامانجی جیاواز لەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکان، ئەمان بەغدا بە ئامرازێکی بەهێزی فشارکردن لە سەر دەسەڵاتی هەرێم دەبینن بۆیە هەمو تواناکانیان بەگەر خستون بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی بەرچاو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێگەیەک حسابی جدی بۆ بکرێت، فرە بازنەیی لە یاسای هەڵبژاردنەکان بۆ پەرلەمانی عێراق کارئاسانی یاسایی بۆ ئەم بۆچونە کردوە، هەرچەندە ئێستا وای لێهاتوە کە " هەمو رێگاکان بەرەو بەغدا دەرۆن" لە گەڵ ئەوەشدا دەبێت بە حەزەرێکی وردی واقیعی مامەڵە لە گەڵ بەغدای ئێستادا بکرێت.   دەبینین گروپ و هێزەکانی بەرەی نارازی بە هەمو شێوەیەک خۆیان دور راگرتوە لە بەشداریکردن لە هەڵبژارنەکان بە ناوی پێکهاتەی حزبیەوە، بۆ نمونە: هاوپەیمانی هیوا، هاوپەیمانی نیشتمانی، بەرەی گەل، دەنگی گەل و ... تاد. راستە هاوڵاتی تاقەتی لەو جۆرە حزب و حزبایەتیە چوە و هەمویان بەیەک چاو دەبینن. هەرچەندە ئەمە ئاکامێکی ئاسایی ئەو بێئومێدیە خەستەیە کە ناخ و دەرونی هاوڵاتیانی تەنیوە، بەڵام بۆ قورتاربون لەم دۆخە و روکردنە قۆناغێکی نوێ دەبێت هاوڵاتی خۆی بریار لە جۆری ئامادەسازیەکان بۆ کارکردن بدات، بە پێوەر و وەتیرەی جارانی سەردەمی باوەر و ئیرادە گونجاو لە گەڵ ئەم سەردەمەدا خۆشی ئامادە بکات، مەرجێکی بنەرەتی ئەم ئامادەسازیە گەڵالەکردنی پەیامێکی نەتەوەیی و نیشتمانی تۆکمەی هاوبەشی سەردەمانەیە کە لە سایەیدا بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو بنرێت، بێ ئەو پەیامە لەم بازنە داخراوەی ئێستادا دەمێنین و دەسورێینەوە. نوسینی: چیا عەباس رۆتەردام: ١٨ جانواری ٢٠٢١ 


 ‌عەدالەت عەبدوڵڵا‌ ئەو حوكمانەی كە بەسەر دۆخی هەرێمدا ئەدرێن، پەیوەندییان بە كاریگەریی راستەوخۆی ئەو هۆكارانەوە هەیە كە پەیوەندیدارن بە هەلومەرجەكانەوە (الاسباب الڤرفیە)، مەبەست لە كاریگەرییە لەسەر بژێوی و ژیانی رۆژانەی خەڵك و بازاڕ‌‌. ئەو هەلومەرجانە، زۆرجار بە بەرچاومانەوە دەبنە مایەی قووڵكردنەوەی ململانێكان، یان خاوكردنەوەیان، ئەمەش بەو پێیەی هێزە سیاسییەكان، پێش هەر بەشێكی تری كۆمەڵگە، راستەوخۆ بێ، یان لە رێی هاوبەشی لە فەرمانڕەوایی، یان بەشداریی سیاسی لە فۆڕمی بەرهەڵستكاریدا، خۆیان بە نوێنەری خەڵك دەزانن، بەمەش ناچارن ئەو نوێنەرایەتیكردنە لە پراكتیكی سیاسیدا بسەلمێنن. ئەو هەلومەرجانە‌، لە فۆڕمی قەیراندا بن، یان هەر كێشەیەكی دیاریكراو لە سێكتەرەكاندا، مەرج نییە وەكو خۆیان بمێننەوە، دەشێت هەندێجار هەڵكشێن و بتەنێنەوە، هەندێكجاریش داكشێن و خاوببنەوە، بۆیە چاوەڕوانكراوە كە لەگەڵیاندا كەشی ململانێكانیش، تەنانەت باڵانسی رەواجی گوتاری سیاسیی هەر هێزێكی سیاسییش بگۆڕێت و تاسەر بە یەك ئاواز نەڕوات. ئەوەی كە لە هەرێمی كوردستاندا، وەك پێویست، بایەخی پێ نادرێت، هۆكارە‌ بوونیادییەكانی (الاسباب البنیویە) ئەو هەلومەرجانەیە. واتە ئەو كۆمەڵە رایەڵە و یەكە ئاڵۆز و نەگۆڕ و بنچینەییانەی كە لانیكەم لە هۆكارە خۆییەكاندا،‌ دەبنە زایگاو سەرهەڵدانی هەلومەرجەكان، جا ئیتر بەهەر بارێكدا بێت. دیارترین ئەو یەكانەش‌، ستراكتۆری ئابوورییە، پاشان ستراكتۆری عەقڵی، لەگەڵیاندا ستراكتۆری ئاكار Moral كە خۆیشی وابەستەی زنجیرەیەك لە یەكەكانی پێگەیاندنی كۆمەڵایەتییە و لە ژینگەی خێزان و پەروەردەی خێزانییەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە سەر دەزگا كۆمەڵایەتییەكانی تر كە سیستەمی هۆشیاریی و رەفتاری مرۆڤەكان جڵەو و ئاراستە دەكەن. بە مانایەكی روونتر، ئێمە ناتوانین بڕێكی زۆر لە سەقامگیریی بۆ هەلومەرجە قەیرانبار و ئاڵۆز و ناهەموارەكانی هەرێمەكەمان بگێڕینەوە ئەگەر بە پڕۆژەی ستراتیژیی ئیش لەسەر جووڵاندن و دەستكاریكردنی ئەو ستراكتۆرانە نەكەین كە سەرچاوەن بۆ سەرهەڵدانی هەلومەرجە جیاجیاكانی وڵاتی خۆمان. جارێ لە رووی ئابوورییەوە، فۆڕمی ئابوریی رەیع Reinter Economy، لەسێ رەهەندی زەقەوە بۆتە بەڵایەكی گەورە بۆ ئابووریمان و تا ئێستا چارەسەر نەكراوە. ئەم فۆڕمە لە ئابووری، هەم لەلایەن نوخبەیەكی سیاسییەوە كۆنترۆڵكراوە و دادپەروەرانە سامان و داهاتەكەی دابەش ناكرێت، هەم لە ساڵی 2005ەوە بەتەواوی كەرتە ئابوورییەكانی تری وێرانكردووین‌، هەم كۆمەڵگەشی بە گشتی كردۆتە كۆمەڵگەیەكی بەرخۆر Consumer society، ئەمە تا رادەی ئەوەی نزیك بە نیوەی دانیشتووانی هەرێم (سەرو 18 ساڵ) فەرمانبەری كەرتی گشتی و چاو لە دەستی دەوڵەت بن. ستراكتۆری عەقڵی، سەرچاوەیەكی تری گەورەی زۆرێك لە مەینەتییەكانمانە. ئەگەر بەپێی میتۆدی قوتابخانەی حەولییاتی فەرەنسی و بەتایبەتی ئەنجامگیرییەكانی گەورە مێژوونووس فرناند برودیل (1902-1985) بێت كە لە مێژووی عەقڵییەت و زهنییەتەكانیش دەكۆڵنەوە، هەندێكجار عەقڵ پێویستیی بە 800 ساڵ واتە هەشت سەدەی تەواو‌ە بۆئەوەی بگۆڕدرێت!، ئەمڕۆ ئەم ئەنجامگیرییە هەر دەڵێی لەبارەی ئێمەوەیە!، تەواو بەسەر واقعی عەقڵییەتی خۆماندا جێبەجێ دەبێت!. نموونە بۆ ئەوە‌، زیندوێتیی و بەردەوامبوونی عەقڵییەتی ئەمارەتنشینییە كە عەقڵییەتی دابەشكردنی دەمارگیرانەی نیشتمان و شارو ناوچەكانە، یان عەقڵییەتی پەرتبوونە بەسەر ئەنگێزەكانی خیڵ و عەشیرەت و بنەماڵەدا، بیركردنەوەش‌ لەم‌ ئاستە بەرتەسكە و هەموو ئەو سەرزەمین و چوارچێوە‌ لۆكاڵییە بچووكانە و ئەو بەرژەوەندیی و وابەستەبوونە سیاسی و كۆمەڵایەتییە تەقلیدییانەی كە بەرهەمی هێناون، مرۆڤی ئێمەیان لە پیادەكردنی مرۆڤبوون و تەنانەت لە مۆدێلی ناشناڵییانەی كوردبوونیش خستووە. لەهەموو ئەوانە ترسناكتر ئەوەیە كە عەقڵییەت لە ستراكتۆردا، خێڵەكییانە بێ، كەچی خۆی وەك نوێنەری هێڵی ناسیۆنالیستیی وڵات و نەتەوە، نمایش بكات!. ستراكتۆری ئاكار، نموونەیەكی تری تەڵەزگە و نەهامەتییەكانمانە، نائومێدیی گەورەی سیاسی و كەلتورییشی بۆ دروستكردووین. ئەمڕۆ بەداخەوە، هەموو بەهاو دیسپلینێكی تایبەت بە چاكە و خراپە، رەواو ناڕەوا، راست و هەڵە، حەڵاڵ و حەرام بە مانای مرۆیی و ئاینییش، هیچیان لە شوێنی خۆیاندا نەماون، پێوەرەكان و پێودانگەكان بۆ هەڵسەنگاندن و نرخاندنی مەعنەوییانەی مرۆڤی ئێمە، شێواون و شێوێنراون، دنیایەك بەدكاریی و بەدرەفتاریی سیاسی و كەلتوری و لادانی كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگەدا بڵاوبوونەتەوە، بە شێوەیەكی زۆر مەترسیداریش مرۆڤی ئێمەیان لەناوەوە بێ ئۆقرە‌ كردووە و‌‌ تێكشكاندووە!. ئەمانە هەموو،‌‌ كارەساتی گەورە گەورەیان بەرپاكردووە و مەحكوممان دەكەن كە بیانبینین، لەسەرمانە كە بایەخیان پێ بدەین، لەوەش زیاتر رەخنەگرانە و بە شێوازی زانستیی هاوچەرخ‌ بە بنەماكانی پەروەردە و فێركردن، خوێندن و خوێندنی باڵا، دامەزراوەكانی پێگەیاندن، تەواوی گوتارە سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاینییەكاندا بچینەوە، چونكە ئەوانە، بەگشتی، كۆی ئەو چوارچێوانەی چالاكیی مرۆیی و كۆمەڵایەتیمانن كە بەرپرسیارن لە شێواندن و تیرۆركردنی ئەخلاقییات، یان ئەگەری بەرهەمداركردن و زیندوێتییان لە كۆمەڵگە‌دا، بونیادێك كە بێگومان كۆڵەكەیەكی گرنگی شارستانییەتی هەموو میللەتێكی لەسەر دەوەستێت. بە مانایەكی سادەتر، ئێمە تا لەو ئاستە بونیادییانەدا خاوەنی پڕۆژەی ستراتیژیی و دوو مەودا و پلانی زانستی و درێژخایەن نەبین، ئاسان نییە هەلومەرجە سیاسی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان و دۆخی وڵات بە گشتی، سەقامگیریی بەخۆوە ببینن، هیچ خاوبوونەوەیەكی قەیرانەكان و گرژییەكانیش درێژە ناكێشن، بەڵكو دوای ناوبڕو و ماوەیەكی زەمەنیی كەم لە فۆڕمی تردا سەرهەڵدەدەنەوە و نائومێدیی نوێ بڵاودەكەنەوە، ئەمە تا ئەو ئەندازەیەی كە مرۆڤ زۆرجار هەست بكات لە ناو بازنەیەكی داخراودایە، هەر جارە و لە قەیرانێكەوە دەگوێزێتەوە بۆ قەیرانێكی تر.  


ئازاد جۆڵا لە دوای  ئەوەی  هەردوو  ئیدارەی هەولێر و سلێمانی یەکیانگرتەوە  یان ڕاست تر  بڵێم  ئیدارەی  سلێمانی هەڵوەشایەوەو لە بۆتەی  ئیدارەی هەولێر  توایەوە  لەوکاتەوە پارتی بۆمەستێکی تایبەت کاری کردو هەوڵیدا  ،  هەر ئەمەش بوو  وایکرد  بارودۆخێکی تازەی  سیاسی و ئیداری و هەیمەنەو  هەژموونگەراو جۆرێک  لە تاک ڕەوی و خۆسەپێنی  لە هەرێمی کوردستان  دەستی  پێکرد و هاتە ئاراوە ،  بەم هۆیەشەوەیە پارتی  هێواش  هێواش  زۆر بەژیرانەو هێمنی  توانی کۆنتڕۆلی تەواوی هەرێمی کوردستان بکات و بە خەونە گەورەکەی شاد بێ   بەتایبەت  لە هەر دوو  ڕووی  ئابووری و  بڕیاری سیاسی ، ئەگەر  لەسەرەتای  بەناو یەکخستنەوەی هەردوو  ئیدارەکەدا  جۆرێک  هەست  بە هاوسەنگی و کاریگەری یەکێتی دەکرا  لە کابینەی  پێنجەم  بەڵام دوای  وەرگرتنی کابینەی شەشەم لەلایەن یەکێتی  بە سەرۆکایەتی دکتۆر بەرهەم  کەوا تەنها ماوەکەشی دوو ساڵ بوو   ئەوا  هەرزوو  دەرکەوت  پارتی  زۆر بەپەلە و تەنگەتاوە  بۆ وەرگرتنەوەی  کابینەو وەرگرتنەوەی  دەسەڵات  لەگەڵ  ئەوەی  هەموو خەڵکی کوردستان ئەم ڕاستییە باش  دەزانن  لە ماوەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لە  9  کابینەی تا ئێستا کە    باشترین و پڕ خزمتگوزاری ترین و چالاکترین و پڕ بڕیارترین و  شەفاف ترین و  پڕ بەرهەم ترین کابینە بووە  لە هەرێمی کورستاندا  لەگە ئەوەی  تەنها و تەنها تەمەنی کابینەکەش  دوو ساڵ  بووە  ،  بەڵام  چونکە  پارتی  ئامانجێکی دوورتر و گەورەتری بۆ حزبەکەی و چەندکەسانێک لە ناو حزبەکەی خۆی  هەبوو  ( نەک بۆ گەلەکەی )  هەر بۆیە زۆر بە لاوازی  ئەوکاتە دوو ساڵەکەی هەقی  یەکێتیشیان وەک خێر قبوڵ کرد و  وەریان گرتەوە ، ئیتر  دوای ئەوە  بەتەواوی کەوتنە سەر هێڵ و کابینە لە دوای کابینە تا ئێستا کەوا کابینەی نۆیەمە  بەرهەمەکەی  ئەوەیە کەوا دەیبینین لە ڕووی  سیاسی چۆن  کورد دوای  سەدان هەزار شەهید و ئەنفال و ماڵوێرنی  سەدەیەک  گەڕاوەتەوە دواوە ، لە ڕووی ئابووری  بەم سەرخان و ژێرخانە بەهێزەوە  چۆن بوین  بە ڕیسواو  دەرۆزەکەری  بەردەکی  داگیرکەران و هەموو جیهان ، لە ڕووی  ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی  چۆن  خەڵک  حاشا لە کورد بوون و تف لە نیشتمانەکەی خۆی دەکات ، لە ڕووی  ئازادی و دیموکراسی  چۆن  لە ڕیزی  پێشی پێشەوەی پێشێلکاریەکانی ناوچەکەو جیهانە ، لە ڕووی گەندەڵی و  نا شەفافی  بەراورد  ناکرێت  بەهیچ حوکمڕانیەک لە بستە زەوییەک  لەم  جیهانە  ،  لە ڕووی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی  ناوەخۆ وە   هیچ گەل و  نەتەوەو نیشتمانێک هێندەی کورد و کوردستان  پێوێستی بە تەبایی و یەکگوتاری نیە   کەچی  لە سایەی غروور و تاکڕەوی و بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی هیچ کاتێک وەک ئێستا نێو ماڵی کورد پەرش و بڵاو و پەرتەوازە نەبووە ، ئەمانەو  سەدان خاڵی ڕەشی تر  بەرهەمی  حوکمی  نادیموکراسی و  تاکڕەوی و تۆتالیتاری خۆسەپێنییە ، ئێستا  دۆخەکە بە ئاقارێک گەیشتووە  دەرفەتی بەرەوامی و هێشتنەوەی لەمە زیاتری لەبەردەمدا  نەماوە  تەنانەت  وای لێهاتووە هیچ کات پارتی دیموکراتی کوردستان  وەکو ئێستا دابڕاو و تەریک نەکراوە  هەم لە متمانەی جەماوەری هەم لە دۆست و هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەکانە سیاسیەکانی تری  نەک  هەر هەرێمی کوردستان تەنانەت لە سەر ئاستی  عێراقیش ،  لە ڕابردوودا  لە دۆخێکی ئاوا و لەکاتی پێویست  هەمیشە سەری زمان و بنی زمانی پارتی  هەر یەکڕیزی تەبایی و بەهێزکردنەوەی نێو ماڵی کورد بوە  بەڵام  بێ گومان ئەم دروشمانە تەنها بۆ قسەو کات کوشتن و تێپەڕاندنی قۆناغ و بارودۆخەکە بووە  هیچ کات  پارتی بەکردەوە کاری بۆ ئەم دروشمانە نەکردووە  ،  بەڵکو  ئەوان  یەکڕیزی کورد تەنها لە بەهێزبوونی خۆیان و چەند کەسانێک  دەبنن و پێیان وایە  تەنها و تەنها ئەوان نوێنەری ڕاستەقینەی کورد و کوردستانن  ،  ئەم شێوزی کارکردن و دروشم و کات کوشتنە  دەیان جار دووبارە بۆتەوە   بۆیە  ئێستا  پارتی  جەولەیەکی  تازەی  سەردان و دانشتن و گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەسیاسیەکان لە هەرێم  و عێراق  دەست پێکردۆتەوە بە مەبەستی هەمان  ئامانجی پێشوو   بەڵام  ڕەنگە ئەمجارەیان بارودۆخ گۆڕابێ  کەمبن  ئەوانەی  بەم سەردوولکەو لای لایە خەویان بێ  ، بۆیە  لەوە دەچێ  سەرجەم سەردان و داواو  پێشنیارەکانی  وەفدکەی  پارتی  هیچی لێ سەوز نەبێ و عەبایان بەکا  نەبێ ،  ئەوە  ناڵێم  ئەگەر  تەنها لە لای تورکمان و مەسیحی و بارەگاکەی گوڵەخانە نەبێ  گەر نا  پێموابێت  ئەمجارەیان  کورد گوتەنی  ( هەمان هەوارە  بەڵام  هەمان  بەهار نیە )  ،،  


هاوڕێ تۆفیق جەوھەری حکومەتی سەرمایەداری لەسەر چەند پایەیەک پێکھاتون ئەوانیش ھەر یەکە لە (باج وەرگرتن، ئازادی ھاتن و چونی سەرمایە، سەروەری قانون و دابینکردنی ئاسایش، ھاوکاری کۆمەلایەتی). بەلام باج وەرگرتن مەسەلەیەکی زۆر گرنگ و ھەستیارترە لەچاو پایەکانی تری، لەوەش گرنگتر رەھەندێکی قانونیی و ھونەری وردی ھەیە. باج لە کێ بسێنی؟بە کام پێوەر؟برەکەی چەند بێ و لەسەر کام بنچینە ئەو برە دیاری بکرێ؟بەکام رێگا ئەزانی داھاتی راستەقینەی کەسێک یان خاوەن کۆمپانیایەک چەندە؟ ھەموو ئەم پرسیارانە وەڵامەکانیان پێویستیان بەچەندین دامەزراوەی گرنگ و توکمەو سەردەمییانە ھەیە کە بە پێشکەوتوترین تەکنۆلۆژیای ئەلکترۆنی بەرنامە کرابن. حکومەتی ھەرێم ھەتاوەکو ئێستا حکومەتی دەفتەرو قەڵەم و نوسراوی کاغەزەو بەشێوەیەکی زۆر کۆن دامەزراوەکان کاروبارەکانیان ڕایی ئەکەن وخزمەتی کارگێری پێشکەش ئەکەن ، حکومەتی ھەرێم لەرووی سیستەمی کارگێری و دارایی ھێشتا حکومەتی پێش دروستبونی کۆمپیوتەرە، راستە لەناو فەرمانگەکان کۆمپیوتەر ھەیە، بەلام بەکارھێنانەکەی بۆ شوێنگرتنەوەی ئامێری چاپکردنی دەستی جارانە، بە کورتی بۆ بەرنامەی ۆرد و لەھەندێک شوێن ئێکسڵ بەکارئەھێنرێ، ھیچ کات سیستەمێکی بەرنامەسازی پێشکەوتوو کە بەناوەندێکی سەرەکی نێتەوە بەسترابن نەبوە.کەواتە چۆن سیستەمی باج وەرگرتن رێکئەخەیت؟  بەدڵنیاییەوە زۆر گرنگە حکومەت سیاسەتێکی باج وەرگرتنی دادپەروەرو بێگەردی ھەبێ، بەڵام کارەساتە مەترسیدارەکە لەو شوێنەوە دەستپێئەکا کە فەلسەفەی حکومەت بۆ باج وەرگرتن پەیرەوی سیاسەتی برسیکردنی خەڵک بێ .  لە ھەموو دونیا باج لەسەر داھاتی قازانجە تەنانەی پرۆژەیەک، یان کۆمپانیایەک کە زەرەر ئەکا ،نەک باج نادا ،بەڵکو ھاوکاریش ئەکرێ ، ھەژار نەک باج نادا، بەڵکو لە سندوقی باج یارمەتی کۆمەڵایەتی وەرئەگرێ.سەدان ھەزار ھەڵگری بروانامەی زانکۆ کە بێکارن. تاوانی ئەوان چیە باجی زیادەی بەشداری خزمەتی ئینتەرنێت بدەن؟ لەم کام وڵات خەڵکی بێکار و خاوەن داھاتی کەم باج ئەدەن؟ لەلایەکی تر مەسەلەی متمانەی خەڵک بە سیاسەتی باج بابەتێکی زۆر گرنگە، خەڵک کە دڵنیابوو ئەو پارەیەی کە بەشێوەی باج ئەیدا بۆ بەرژەوەندی خۆی خەرج ئەکرێتەوە دڵخۆش ئەبێ و بە روویەکی شیرینەوە پێشوازی لێ ئەکا، چونکە ئەزانێ پارەکەی نەخوراوە، بە پارەی باجەکەی نەخۆشخانەو جادەو  قوتابخانە و خزمەتی تری پێشکەشکراوە، بەڵام ئەگەر ھەست بکا پارەی باجەکەی دیار نیە ، ئەوا بەدڵنیایەوە نایدا، لەولاتانی ئەوروپاو خۆرئاوا مەسەلەی باج پێدان و نیشتیمانپەروەری پێکەوە بەستراون تەنانەت خۆشاردنەوە لە باج پێدان وەکو ئابڕوچون و راکردن لە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە گەل تەماشا ئەکرێ ، ھەر بۆ بەرچاوڕونی، بێگومان جۆرەکانی باج دان زۆرن ھەر لە باجی خانوبەرە، دەرامەت، سەرمایە، باجی راستەوخۆو ناراستەوخۆ وھتد ،مەسەلەی باج یەکێکە لە بوارە قوڵەکان و لق وپۆی زۆری لێ ئەبێتەوە، بەڵام ئێمەدا لێرەدا زیاتر مەبەستمان جەوھەری سیاسەتی حکومەتە بۆ باج وەرگرتن، بۆیە زۆر ناچینە ئەو وردەکاییەوە کە لەسەرەوە باسمانکرد، بەگشتی چەند سەرنج و پێشنیارێک ئەخەینەڕوو؛ ١: ھەموو خاوەن کارو کۆمپانیایەک پابەند بکرێن کە مامەڵەی پارەیان لەرێگای بانکەوە بێ، لەم کاتەشدا ئاشکرایە ھیچ کۆمپانیاو کەسێک متمانەی بە بانکی ناوخۆیی نەماوە ،بۆیە ئەتوانرێ لەرێگای یەکێک لە بانکە رەسەن و متمانەپێکراوەکانی جیھانەوە بێ، ئەو وەختە بەشێوەیەکی راست ئەزانرێ ، داھاتیان چەندە، بەڵام ھەموو کۆمپانیاو پرۆژەیەک کە بەشێوەی کاش مامەڵە بکاو پارەکەی بخاتە ژێر زەمینی باخەکەیەوە! ئێ  چۆن ئەزانی چەندی قازانج کردوەو چۆن دادپەروەری ئەسەپێنێ؟  ٢:باج لە قازانجە، نەک لە خەڵکانێک کە لەژێر ھێڵی ھەژارییەوەن وداھاتی ڕۆژانەیان زۆر کەمە ،نابێ کۆمپانیا و خاوەن پرۆژە باجدانەکەیان بخەنە سەرشانی بەکاربەرەکانیان و خۆیانی لێ رزگار بکەن ، بۆ نمونە باج ئەخەیتە سەر بواری نیشتەجێبوونی وەبەرھێنان ، بەڵام لەھەمان کات ئەبێ خاوەن کۆمپانیا پابەند بکەی کەنابێ نرخی شوقەو خانوو گران بکا ،بەڵکو ئەبێ لە قازانجی خۆی بیدا، بە کورتی ئەگەر لە پرۆژەیەک بۆ نمونە سەد ملیۆن دۆلاری قازانج کردوە ئەوا بە ھۆی باجدانەوە قازانجەکەی کەم ئەبێتەوە بۆ ٥٠ ملیۆن، نەک فێڵبازانە ھەڵبستێ نرخ گران بکاو قازانجەکەی لە ١٠٠ ملیۆنەوە بەرزبکاتەوە بۆ ١٥٠ ملیۆن، ئێ ئەوا لەم  کاتەدا خۆی باج ناداو خەڵک لە جیاتی کۆمپانیا باجەکەی بۆ ئەدەن . ئەمەش لەجەوھەرا راکردنە لە باج و جۆرێکیشە لەھەڵخەڵەتاندن. ٣: باج وەرگرتن تەنھا بۆ پارەدارکردنی داھاتی گشتی نیشتیمانی نیە، بەڵکو بۆ ڕێکخستنەوەی چالاکی دارایی و ئابورییە، لە کاتی ھەڵاوسان و داشکان زۆر بەروونی کاریگەری باج دەرئەکەوێ، نرخی بازاری پێ ھاوسەنگ ئەکرێ ،بەڵام ئەمە پێویستی بە عەقڵێتێکی دامەزراوەیی دارایی ژیرو وردھەیە. ٤: دامەزراوەیەکی لێوەشاوەی ئەلکترۆنی بەناوی دامەزراوەی باج دروستبکرێ، ئەو دامەزراوەیە زۆر بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و ڕێکخراوو شەفاف و دادپەرور کاربکا، ئەتوانی دەستەیەکیش لەشارەزایانی بیانی وەکو راوێژکار، کاریان لەگەڵ بکا . ٥: خەڵکانی خوار ھێڵی ھەژاریی و دەرامەت کەم ،نەک نابێ باج بدەن ، بەڵکو بەھۆی سیاسەتی باجەوە پێویستە ھاوکاری کۆمەڵاتی لەلایەن حکومەتەوە بکرێن، بەم ھۆیەوە دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدەستئەھێنرێ. ئەم سیاسەتە دەوری باش ئەگێڕێ لە لەکەمکردنەوەی ھەژاری. لە کۆتاییا؛ سیاسەتی باج ، مەسەلەیەکی دارایی گرنگەو بە پلەیەکی نایاب پەیوەندی بە فەلسەفەی دەوڵەتەوە ھەیە، بەھۆی سیاسەتی باجەوە روون ئەبێتەوە ؟ئایا حکومەت ئەیەوێ ، دەوڵەمەند، دەوڵەمەندتر بکاو ھەژار ھەژارتر؟ یان بە پێچەوانەوە ھەژاری کەم بکاتەوەو داھاتی دەوڵەمەند ،کەمتر بکاتەوە؟ خەڵکی کوردستان بەدڵی ترس و گومانەوە چاوەرێی رێککاری تازەی حکومەتن لەسەر باج .


چۆمان محەمەد  سەرۆك وەزیرانی عێراق بریاریدا رۆژی ٦/٦/٢٠٢١ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی بۆ یٔەنجومەنی نوێنەران لە عێراق یٔەنجام بدرێت,هەرچەندە كۆمیسیۆنی هەلبژادنەكانی عێراق هەنگاوی كرداری بۆ ئەم پرسە ناوە و چەندین ڕێنمای و رێكاری گرتۆتەبەر ،بەلام ئەم هەلبژارنی پێشوەختە چەندین گرفت و لەمپەری لەرێیە لە دیارترینیان یەكەم:  بەپێی دەستوری هەمیشەی عێراق مەرجی بەڕێوەچوونی هەلبژاردنی پێشوەخت، بەر لە هەر شتێك هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانە. لە دەستوری عێراقدا رێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەركردنی حاڵەتی لەكارخستنی حكومەت‌و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان‌و سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریكراوە. ماددەی (64)ی دەستوری عێراق رێوشوێنی سازدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دیاریكردووە بەجۆریك پەرلەمانی عێراق بە دەنگدانی زۆرینەی رەها (50+1)ی دەنگی یٔەندامەكانی هەڵدەوەشێتەوە، واتە لە كۆی (329) یٔەندام (165) یٔەندام دەنگی (بەڵێ) بدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان،ئەمەش بۆ دۆخی ئێستای پەرلەمانی عیراق ئاسان نیە گەر رێكەوتنی سیاسی  نێوان لایەنە سیاسیەكان نەبیت ،بەدەستهێنانی ئەو ژمارە دەنگە،بەتایبەت  پیشبینی دەكرێت پەرلەمانتاران بەرژەوەندی خۆیان پێشبخەن   ویستیان نەبیت كۆتای بە موچەی مانگانەو نەسرەیەی زەبەلاحەی خۆیان بهێننن. دووەم: ئەو وادەیەی دیاریكراوە لەلایەن سەرۆكی حكومەت بۆ هەلبژاردنی پێشوەختە  گرفتی دەستوری  هەیە چونکە دیاریكردنی وادەی هەلبژاردنی پێشوەختە لە دەسەلاتی سەرۆكی  كۆماری عێراقە پاش هەلوەشانەوەی پەرلەمانی عێراق. سێیەم: كێشەی دادگای الاتحادی بالا یەكێكی ترە لە گرفتەكان و رێگرەكانی پرۆسەی هەلبژاردن چونکە بەگوێرەی دەستوری هەمیشەی عێراق، تاكە لایەنە تەماشای تانەكانی هەڵبژاردن دەكات‌و یٔەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان پەسەند دەكات، دادگای فیدرالی خۆی یٔێستا لە كێشەدایە چونكە دادگای فیداڵی لە (9) دادوەر پێكدەهات، یەكێك لە دادوەرەكان خانەنشین بوو،  ئەندامیكی تریان كۆچیی دوایكردوە،بەهۆی یٔەوەی میكانیزمێكی دیاریكراو لەبەردەستدا نییە یٔێستا نازانرێت شوێنی یٔەو  دوو دادوەرە چۆن پڕبكرێتەوە، یٔەمە لەكاتێكدایە بەپێی یاسای دادگاكە، كە لەڕووی یٔیدارییەوە سەربە یٔەنجومەنی باڵای دادوەرییە، نیسابی یاسایی دادگای فیدراڵی بە یٔامادەبوونی سەرۆك‌و (8) یٔەندامی دادگاكە پێكدێت‌و بەبێ یٔامادەبوونی كەسێكیان دانیشتن‌و كۆبونەوەكانیان بە نادروست یٔەژماردەكرێت‌و هەر بڕیارێك لەو كۆبونەوانەدا دەربچێت لایەنی جێبەجێكار پابەند ناكات بە جێبەجێكردنیەوە. بۆیە  تەواوكردنی هەلبژاردن پێویستی بە ئامادەگی دادگای فیدرالی. چوارەم: سەرباری ئەوەی كۆمیسیۆن هەنگاوی ناوە بۆ پرۆسەی هەلبژاردنی پیشوەختە و چەندین سیستەم و بریاری دەركردوە بۆ پرۆسەكە،بەڵام كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان نەیشاردۆتەوە كە یٔامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە  كات و كار و هەنگاوی زیاتری پێوییستە، ،لەروی هونەری و لۆجستی وئەزمونەوە ئەم كۆمیسێۆنە تازەیە و شارەزای و خیبرەی هەلبژادنیان نیە ،بۆیە ئەمەش رێگریەك و كیشەیە. پێنجەم: بەشێكی  زۆری هێزە سیاسیە عێراقیەكان بە ئاشكرا داوای دواخستنی هەلبژاردنیان كردوە و ئامادەنین بۆ پرۆسەكە،ئەم سیستەمە تازەی هەلبژاردن فلتەرێكی ئاشكرایە بۆ لەقالبدانی هێزە بچوكەكان،لەدیارترین هێزەكانی عێراق بەسەرۆكایەتی مالكی داوای دواخستنی دەكات، هەلبژاردنی پێشوەخت پرۆسەیەكی قبوڵكراو  نیە و دژی زۆرە. پێشبینەكان بەو ئاراستەیەن هەلبژاردن لەوكاتەدا ئەستەم بێت،بەڵام پێی دەچیت لە ترسی شەقام و تەیاری صەدری نەتوانن رایبگەیەنن، زانیاریەك بڵاو بۆتەوە كە بۆ مانگی ۱٠ ئەمسال هەلبژاردن دوابخرێت،هەلبژاردنی ئەمجارە پێشبینی ناكرێت هەلبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەرێوە بچیت،بەهۆی پەیرەوكردنی سیستەمی ئەلیكترۆنی بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان.   * پارێزەری راوێژكار و رێكخەری ژوری یاسایی


عومەر عەلی ئەگەر سەیری زۆرینەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردوستان بکەین بە موچەخۆرو ئەوانەش کە موچەیان نیە .هەمویان ناڕازین لە دۆخی ژیان و گوزەران و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و حوکمڕانی.هەر هاوڵاتیەک بەجۆرێک سەیری دۆخەکە دەکات و چاوەڕێی چارەسەری ئەم دۆخە دەکات کەلە دەرەوەی ویست و ئیرادەی خۆیدایەتی.ئەم زۆرینەیە لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردوستان چاوەڕوانی گۆدۆیەکن  کە بێت و دۆخەکەیان بۆ چاک بکات و عەداڵەت بچەسپێنێت .ئەمەش وەک ئەوەیە چاوەڕێی ئیمامی مەهدی بکەن یان عیسا جارێکیتر داببەزێتەوەو لەدەست ئەم نەهامەتیانە ڕزگاریان بکات .بەشێکی زۆر لە باوەڕدارە موسوڵمانەکان و مامۆستایانی ئاینی پێنج فەڕزە نزادەکەن کە خوا ئەم زاڵمانەیان لەکۆڵ بکاتەوەو دۆخی ئەم گەلە مسوڵمانە چاک بکات .کە ئەمەش دیی گەلی جولەکە بوو کاتێک کەموسا پێغەمبەر داوای ڕوبەڕوبونەوەی لێ دەکردن بەرامبەر بە فیرعەون و دارو دەستەکەی . ئەوانەش کە بڕوایان بەم تێزەنیە .دەڵێن ئەگەر ئەمریکا نەیەتە سەرخەت هیچ شتێک نیە چارەسەری ئەم دۆخە بکات .ئەوکاتەش کە کازمی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی لە عێراق بەدەستەوە گرت هەمو هیوایەکیان لە سەر هەڵچنی و لەکاتی سەردانەکەشی بۆ کوردوستان وەک فریاد ڕەسێک سەیریان دەکردو زۆر بە پەرۆشەوە پەنایان بۆبرد بۆ چارەسەری گرفتەکانی خەڵکی کوردوستان .لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵێک پەرلەمانتار دەستیان دایە هەڵمەتێک بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردوستان بگوازرێتەوە بۆ سەر بەغداو ڕاستەوخۆ بەغدا موچەیان بۆ دابین بکات .دواجاریش شێخ نەهرۆ هاتە سەرخەت و بەڵێنی چارەسەری گرفتی دواکەوتنی موچەی داو بەمەش ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەران بڕوایان بەڵێنەکانی کرد. بەڵام لەدوای هەمو ئەو بەڵێن و قسەو هیوا هەڵچنینە بێ بنەمایانە.حکومەتی هەرێم ڕای دەگەیەنێت کە ڕۆژی 24ی مانگ دەست بەدابەش کردنی موچە دەکرێت.واتە هەموی بێسوودو بێ بنەمابوو، دۆخەکەش خراپتر بوو نەک چاکتر .لێرەوە دەبێت هاوڵاتیان بزانن کە تاکە ڕێگەی چارەسەر بۆ ڕێگرتن لە دواکەوتنی موچەو دزی و تاڵانچێتی لەم هەرێمە دا هاوڵاتی خودی خۆیەتی.ئەگەر خۆی بەبەرپرسیارزانی وزانی کە بەرپرسیارێتی حکومەت بەرامبەر بە هاوڵاتیان چیە .ئەوکاتە دەبێت بەرەو ڕوی بوەستێتەوەو لەڕێگەی ڕێکارە مەدەنیەکانە وە ناچاربە چەسپاندنی مافەکانی هاوڵاتیانی بکات. ئەگەر ئەمەشی نەکرد ناچار بەدەست لەکار کشانەوەی بکات.



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand