Draw Media

چۆن عێراق دەڕوخێت !

چۆن عێراق دەڕوخێت !

2021-01-09 13:23:47


هونەر تۆفیق 
دروستبوونی دەوڵەتی عێراق هەر لەسەرەتاوە ، پێکهاتەیەکی پێکەوە نەگونجاوە کە زەحمەتە ئومەتی عێراقی لەو پێکهاتە جیاوازانە دروستبکرێت . هەمان مۆزایکی عێراقی لە تورکیا و ئێرانیشدا هەیە ، بەڵام ئیمتدادی دەوڵەتی ئێرانی و تورکی ڕەگی لە سەدان ساڵی ڕابردووەوە هێناوە . بەهەر جۆرێک بووە کە لەدەرەوەی ئەم باسەدایە ، ئەوان پێشینەیەکی جیاوازیان لەگەڵ پێکهاتەکاندا هەیە بەهەموو زۆر و ستەمەکانیانەوە لەناو مێژووی هاوبەشیانەوە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا بەمیتۆدێکی جیاواز لە دروستبوونی عێراق کێشەی پێکهاتەکانیان داپۆشیووە . 
لەعێراقدا هەر لەسەرەتاوە شیعە و سونە و کورد بەسێ مەرجی تائیفی بەسەر یەکەوە رێککەوتوون . ئایدیۆلۆژیای تائیفی مەرجدارە بەرێککەوتنی هەر تائیفەیەک لەناوخۆیدا بەیەکگرتن و یەکبۆچوونی هاوبەش بۆ بەدوژمن زانینی ئەوی تر. هەرکاتێک ئەو هەستە دەستەجەمعیەی ناوخۆ بۆ بەدوژمن ناساندنی ئەوتر لەبەین بچێت ، ئایدیۆلۆژیاکەش کۆتایی پێدێت و یەکگرتنەکە هەڵدەوەشێتەوە . سەرەوەختی پێکدادانی ناوخۆیی دەستپێدەکات .  دەپەرژێنە سەر ناکۆک بوون لەناو خۆدا . بۆیە هەمیشە پێکهاتەکانی عێراق ئامادەیی دژبەیەک بوونیان تیادایە ، ئایا دژایەتی تائیفەیەک دژ بە تائیفەیەکی تر ، یان لەناوخۆی تائیفەیەک خۆیدا . 
ئەم جۆرە دروستبوونە ئیجباریە هەندێکجار ئابووریەکی هاوبەش رێککەوتنی پێکردوون ، هەندێکجاری تر باڵادەستی تائیفەیەکیان بەسەر ئەوانی ترەوە ناچاری کردوون دامرکێنەوە . بەڵام دژبوونەکە ئەگەر سڕکرابێت هێشتاکە لەبەین نەچووە . بۆیە لەناو ئەو بێ متمانەیەیدا هیچ تائیفەیەکیان ئامادەنیە چەک دابنێت تا ئەوی دیکەیان چەکی بەدەستەوەبێت . 
لەناو ئەو ئالۆزیانەی تائیفەکاندا کۆماری سێهەم لەپاش خستنی سەدام لە ٢٠٠٣دا دامەزرا . شەڕی نێوان تائیفەکان بووە جەنگێکی هەرێمی لەنێوان هەرسێ لایەنەکە ، شیعە و سونە و کورد . ئەگەرچی لە ڕەواڵەتدا دەستەڵاتیان دابەشکردووە و حکومەتێکی هاوبەشیان هەیە ، بەڵام لە ڕاستیدا لە جەنگێکی پروکێنەردان .  داهاتی نەوت ، ساڵانی ڕابردوو نەیهێشتووە لە حەجمی کارەساتی ئەوجەنگە تێبگەن . تا دابەزینی نرخی نەوت . ئینجا کە کار لەکار ترازاوە ئێستا ئاسەوارەکانی ئەو جەنگەیان بۆ دەردەکەوێت . 
بەهۆی موحاسەسەی تائیفی و هەرکەس بۆخۆی و حیزبە چەکدارەکانیانەوە لە سەرتاسەری عێراقدا ،  نەتوانراوە لە ئابووری نەوت زیاتر هیچ داهاتێکی تر لەوڵاتدا دروست بکرێت . لە %59 ی داهاتی نەوتیش بۆ موچەی ئەو لایەنگرانە تەرخان دەکرێت کەلەپێناو زیادکردنی دەنگی هەڵبژاردنەکاندا لە دەزگا حکومی و سەربازیەکاندا دامەزرێنراون . لە شەش مانگی ڕابردووەوە حکومەتە کاتیەکەی کازمی بڕی 120 ملیارد دۆلاری قەرزکردووە ، هەروەها لەبەشەکەی تری عێراقدا ( هەرێمی کوردستان ) بڕی 30 ملیارد دۆلاری تر قەرزکراوە . پێکەوە تا ئێستا بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی ساڵی ڕابردوو   2020 نزیکەی 150 ملیارد دۆلار قەرزدارن . لە بودجەی ئەمساڵیشدا  2021 نزیکەی 70ملیارد دۆلاری تر نوقسانی هەیە کە بەنیازن ئەویش بە قەرز پڕبکەنەوە . ئەوساکە کۆی قەرزەکانی سەر عێراق دەگاتە 220 ملیارد دۆلار . زیاتر لە %60 ئەو قەرزانەش دەرەکەین ، واتە دەبێت قازانجی بخرێتە سەر بە ڕێژەیەکی زۆر کە نزیک دەبێتەوە لە %20 ی کۆی قەرزەکە . 
ئەم ژمارانە ترسناکن ، زۆریش ترسناک ! ، مەگەر حکومەتێکی چاونەترسی بێ خەیاڵی وەکو سیاسیەکانی عێراق لەبەردەم ئەم ژمارە قەبانەدا ڕاوەستن . ئەگینا هیچ دەوڵەتێکی تر ناتوانێت لەم ژمارە قەرزە گەورانەی تەنیا بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچەکراون نەتۆقێت . هیچ هیوایەکیش بۆ چارەسەری نیە ، ئەم پڕکردنەوانەش لەپێناو هەستانەوەی ئابووری و وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت نین ، بەڵکە تەنیا بۆ دابینکردنی موچەی ساڵ و نیوی 2020 - 20212 کراون . 
ئەم تەڵەیە مسەوگەر تەقیوە بە ئابووری عێراقدا ، تا شەش مانگی داهاتوو وڵاتەکە بەهەموو تائیفەکانیەوە دەخاتە بەردەم ئیفلاسی سەرتاسەریەوە . هیچ دەوڵەتێکیش نیە بە ئەمریکاشەوە بوێرێت بەهانای ئەو ئیفلاسەوە بێت ، چونکە قەبارەی ئەوەندە گەورەیە ، پێدانەوەی ، یان ئەوەیە نەوتی عێراقی بۆ ڕەهن بکرێت ، ئەوکاتە میللەتێکی بێ دەرەتان و ماڵوێرانی پێوە جێدەمێنێت کە ئامادەیە لەپێناو تێرکردنی برسیەتیەکەیدا هەموو جەنگێک بەرپابکات ، یان ئەوەیە کۆی دەوڵەتەکە بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەڵوەشێنێتەوە و هێزێکی سیاسی - جەماوەری تر پەیداببێت ، سەرلەنوێ دەوڵەت بە شێوازەکەی خۆی بینابکاتەوە . ئەمەش لەمساڵدا 2021 ڕووئەدات .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand