هۆیەکانی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتیە زۆرەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی
2021-01-08 20:49:11
د.ئاراس محەمەد
زۆرجار ئەو پرسیارە دەکرێت بۆچی کێشەو ناڕەزاییەکان لە زۆنی سەوز یان زۆنی سلێمانی زیاترە لە چاو هەولێر و دهۆکدا، بەبێ پاساو هێنانەوەو بۆ گەندەڵی و خراپی بەڕێوەبردن لە حکومڕانی کوردیدا، دەکرێت سەیرێکی ئەو هەموو وێرانکاری و کارەساتانە بکەین کە تووشی ناوچەی سلێمانی بووبوو لە سەردەمی بەعس و پێش ڕاپەڕیندا، بەبەراورد بە پارێزگاکانی تر، یان زۆنی زەرد وەکو ناوزەد دەکرێت.
پارێزگای سلێمانی لە ڕووی کارگێڕیەوە ڕوبەرێکی فراوانی هەیە، ئەم پارێزگایە لەگەڵ وڵاتی ئێراندا کە هەر لە کۆنەوە لەگەڵ عێراقدا لە شەڕو ناکۆکیدا بووە سنورێکی زۆر درێژی هەیە، لە ماوەی شۆڕشی کوردو هەشت ساڵی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا بەردەوام شوێنی شەڕو پەلامارو هێرش ڕوبەڕوبونەوەی سەخت بووە، هەر بەهۆی ئەو جەنگەو شۆڕشی کوردەوە چەندەها شارو شارۆچکەو گوندو ناوچەی وێرانکراوەو باخ و کشتوکاڵی سوتێنراوەو دانیشتوانەکەی ماڵوێران و سەرگەردان و ئاوارە بووە، هەموو ئەم کارەساتانەش هەتا ئێستا شوێنەواری گەورەیان لەسەر دۆخی دەرونی و کۆمەڵایەتی خەڵکی ناوچەکە ماوەتەوەو لەکات و ساتی جیاوازدا بە زۆر شێوە دەریئەبڕن.
لە ساڵانی (١٩٧٨)وە هەتا (١٩٨٨) ناوچەی شارباژێڕو قەزاکانی ماوەت و چوارتا بە سەرجەم ناحیەو گوندەکانیانەوە کەوتونەتە بەر شاڵاوی ڕاگواستن و پەلامارو هێرشی حکومەتی عێراقەوەو هەموو ناوچەکە وێرانکراوەو دانیشتوانەکەی چەند جارێک توشی ڕاگواستن و ماڵوێرانی بوونەتەوە.
لە ماوەی لە ساڵانی (١٩٨٢-١٩٨٣) شارۆچکەی پێنجوێن و هەموو ناحیەو گوندەکانی کەوتونەتە بەر شاڵاوی شەڕی ئێران و عێراق و خاپور کراون دانیشتوانەکەی بەناچاری بەرەو ئۆردوگای شانەدەری ڕەوی کردووە، جارێکی تر لە ساڵی ١٩٨٧-١٩٨٨ لەوێش کۆچیان کردووەو چوونەتە ئۆردوگای باریکەو شوێنەکانی تر.
لە ساڵی (١٩٨٨) شاری هەڵەبجەو هەموو قەزاو ناحیەو گوندەکانی کەوتوەتە بەرشاڵاو و هێرش و پەلامارو کیمیاباران و هەموو ناوچەکە لەگەڵ زەویدا تەخت و خاپورکراوە، لەو هێرش و پەلامارەدا زیاتر لە (٥٠٠٠) شەهیدو (١٠٠٠٠) برینداریان هەبووە، خەڵکەکەی بە دەستی بەتاڵ بەرەو ئێران و ناوچەکانی تر کۆچیان کردووە، دوای چەند ساڵێک لە ئاوارەیی و ژیانی سەختی کوێرەوەری گەڕاونەتەوە سەر وێرانەی شارێک.
لە ساڵی (١٩٨٧-١٩٨٨) قەزای سەید صادق و شارۆچکەی شانەدەریو سەرجەم گوندەکانی خاپورکراوەو دانیشتوانەکەی ڕاگوێزراوە، زۆرێک لە دانیشتوانی ئەم قەزایە پێشتر لە ناوچەکانی ترەوە بە ئاوارەیی ڕوویان لێرە کردوە، ئەمە جاری دووەم بووە کە ئاوارە بوونەتەوە.
لە ساڵی (١٩٨٨) شاری قەڵادزێ و سەرجەم گوندەکانی خاپورو وێران کراوەو دانیشتوانەکەی بەرەو ئۆردوگاکان ڕاگوێزراوە، ئەم ناوچەیەش ژمارەیەکی زۆر ناحیەو گوندو دانیشتوی هەبووە.
هەر لە ساڵی (١٩٨٨) قەزای دوکان و هەموو ناحیەو گوندەکانی لەگەڵ زەویدا تەخت کراوەو دانیشتوانەکەی ڕاگوێزراوە.
لە ساڵی (١٩٨٨) ناوچەی گەرمیان کەوتوەتە بەر شاڵاوی بەناو ئەنفال و گەورەترین کارەساتی مرۆیی لە سنوری قەزاکانی چەمچەماڵ و کەلارو کفریدا ڕوویداوەو بە هەزاران کەس ماڵی وێرانکراوەو لە بیابانەکاندا زیندەبەچاڵ کراوە، ئەم کارەساتە نامرۆڤانە لە هەر شوێنێکدا ڕووبدا دەیان ساڵ دوای خۆی کاریگەری کۆمەڵایەتی و دەروونی دەمێنێتەوە، لە هەمان کاتدا پێویستی بە دامودەزگای تایبەت هەیە خەڵکەکەی قەرەبوو بکاتەوەو لە ڕووی دەروونیەوە برینەکانیان ساڕێژ بکاتەوە، کە ئەمانە لای ئێمە هیچیان نە بوونیان هەیەو نە کاری بۆکراوە.
ئەگەر لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا سەیری کاردانەوەی خەڵکەکە بکرێت ئەوەندەی خەڵکی خەڵکی سەید صادق توندن، ئەوەندە خەڵکی کەلار توندنین، چونکە ئەوەندە ماڵوێرانی بەسەر خەڵکی سەید صادق هاتووە، ئەو کارەسانە بەسەر دانیشتوانی ناو سەنتەری شاری کەلاردا نەهاتووە، خەڵکی سەیدصادق لە دوای ڕاپەڕین گەڕاونەتەوە سەر وێرانەی شارێک کە هەمووی لەگەڵ زەویدا تەختکراوە.
بەهەمان شێوە توڕەیی خەڵکی قەڵادزێ زۆر زیاترە لە خەڵکی ناو شاری ڕانیە، چونکە ماڵوێرانی و کارەساتەکانی خەڵکی قەڵادزێ زۆر زیاتر بووە لە خەڵکی ڕانیە، قەڵادزێ چەند جارێک کەوتوەتە بەر هێرش و وێرانکردنەوە، لە ساڵی (١٩٨٨) بەتەواوەتی وێرانکراوەو لەگەڵ زەویدا تەختکراوەو دانیشتوانەکەی ڕاگوێزراوە.
ئەوەی تێبینی ئەکرێت لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا لە سەردەمی بەعس و پێش ڕاپەڕیندا (٦) قەزای گەورەی لەگەڵ زەویدا تەختکراوەو زیاتر لە ناحیەو ژمارەیەکی زۆر گوندی خاپور و سوتماک کراوە، هەرچەندە سەنتەری قەزای کفری و کەلار نەڕوخێنراوە، بەڵام گوندو ناحیەکانیان گەورەترین کارەساتی مرۆییان بەسەردا هاتووە، ئەو رەشەکوژی و وێرانکارەیەی لەڕۆژگاری بەعسدا توشی سنوری پارێزگای سلێمانی بووەو لە هیچ شوێنێکی دنیادا نمونەی نەبووە، ڕاستە گوندەکانی سنوری هەولێرو دهۆک ڕوخێنراوە، بەڵام لەسەر ئاستی قەزا هیچ شارۆچکەیەکی ئەو دوو پارێزگا خاپور نەکراوە، مەرگەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەو ئەو کارەساتەی بەسەر ناوچەی گەمیان هاتووە لە شوێنەکانی تر کەمتر بووە.
ئەم بابەتە پێویستی بە توێژینەوەی زانستی مەیدانی هەیە لەڕووەکانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوریو زۆر ڕووی ترەوە، کە دەبوو زانکۆکانی کوردستان دەیان لێکۆڵینەوەی زانستیان لەمبارەیەوە بکردایە، بەڵام مەخابن هەتا ئێستا ئەو کارە زانستیە نەکراوە، کاتێکیش خەڵکی دێتە سەرشەقام و هەستی خۆی دەرئەبڕێت و داوای داواکاری و مافە سەرەتاییەکانی دەکات، بە گوللەو زمانێکی دواکەوتووی دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆیی و هاوڵاتیبوون وەڵامی ئەدرێتەوەو لەسەر شەقامەکان شەهید ئەکرێت.